Skip to Content

Monday, November 4th, 2024
بیره‌وه‌ریه‌ تاڵه‌کانم له‌ کیمیابارانی  هه‌ڵه‌بجه‌ و سێوسوێناندا!…….محه‌مه‌د قه‌رداخی

بیره‌وه‌ریه‌ تاڵه‌کانم له‌ کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ و سێوسوێناندا!…….محه‌مه‌د قه‌رداخی

Closed
by March 22, 2009 گشتی
بیره‌وه‌ریه‌ تاڵه‌کانم له‌ کیمیابارانی  هه‌ڵه‌بجه‌ و سێوسوێناندا!

 
                                                                 
       
له‌ ڕۆژێکی وه‌ک ئه‌مڕۆدا یادی کاره‌ساتێک ده‌که‌ینه‌وه‌، که‌ مێژووی مرۆڤایه‌تی که‌م کاره‌ساتی وای به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌. له‌م ڕۆژه‌دا هه‌ڵه‌بجه‌یان خنکاند، کوردستانیان کرده‌ تاریکستان، وه‌رزی به‌هاری وڵاتیان هه‌ڵپروکاند، ژیانیان وه‌ستاند، ئه‌و  ده‌ڤه‌ره‌یان سیخناخکرد له‌ ژه‌هر، منداڵانیان خه‌ڵه‌تاند به‌ بۆنی سێوی ژه‌هراوی، کونوو قوژبنی  کۆڵانی شاره‌که‌میان  پرکرد له‌ لاشه‌ی تاسێنراوان.
له‌سه‌ر زاری ئه‌و ڕۆژنامه‌ نوسانه‌ی‌ که‌ دلێرانه‌ خۆیان کرد به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی مردودا، ئه‌وان گێرایه‌نه‌وه‌، وتیان: ئێستا ئێمه‌ له‌ جه‌هه‌نمداین، هیچ نابینین ته‌نها مردو نه‌بێت هیچ نابیستین، نه‌ ده‌نگی مرۆڤ، نه‌ زیکه‌ی باڵنده‌، نه‌ باره‌ و باعه‌ی ئاژاڵ، ئه‌وان وتیان، ژیان وه‌ستا، جیهان مرد، ڕاسته‌ مردومان زۆر بینیوه‌‌، به‌ڵام له‌گه‌ل لاشه‌ی مردوکانی به‌ره‌ی جه‌نگدا، خوێنیشمان بینی، ده‌نگی تفه‌نگیشمان گوێ لێوبوو، که‌چی ئێستا له‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا هیچ، هیچ، هیج نابینین، هیچ نابیستین، ته‌نها مردونه‌بێت!!. ئه‌وان دیاری گه‌وه‌ریان بۆ ئێمه‌ و بۆ سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی هێنایه‌وه‌، وێنه‌ی مردوه‌کان، وێنه‌ی خنکێنراوه‌کان، وێنه‌ی تاسێنراوه‌کان، وێنه‌ی کوژراوه‌ بێ ‌برینه‌کان. ئه‌و وێنانه‌ی که‌ مۆری ڕه‌شی دڕنده‌یی و نامرۆڤانه‌یی‌ به‌ نێوچه‌وانی دیکتاتۆره‌کان و فاشیه‌کانی جارانی به‌غداوه بۆ هه‌تا هه‌تایی داکوتا‌، بۆیه‌ ده‌ڵیم نابێت، ناکرێت، ناشێت ڕێگه‌ بده‌ین به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و دڕندانه‌ له‌ ژیر پاساوی ئاشتی و ئاشته‌واتیدا.

مردوپه‌رستی ناکه‌م، بۆ مردویه‌ک ناگریم که‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌، له‌ پێناوی زیندوه‌کاندا گوڵبارانی مردوه‌کان ده‌که‌م، له‌ پێناوی ڕێزلێنان له‌ زیندوه‌کان، سه‌ری ڕێز و نه‌وازش بۆ مردوکان بۆ شه‌هیدان بۆ قوربانیان داده‌نه‌وێنم، له‌ پێناوی زیندوه‌کاندا و بۆ ڕاگرتنی حورمه‌تی زیندوه‌کان پڕ به‌ده‌نگم هاوار ده‌که‌م نابێت، نابێت، نابێت چه‌کی کیمیای له‌ جیهاندا باکار بهێنرێت.

سه‌مای مه‌رگێکی ناوه‌خت له‌ سێوسوێناندا!

21 به‌هاری له‌مه‌وبه‌ر، به‌ڵی ئه‌مڕۆ یادی ئه‌و مه‌رگی که‌سوکارو هاوڕێ و هاودێ و خزم وخوێشی گونده‌که‌م و شاره‌که‌م و کوردستانه‌که‌م ده‌که‌مه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ناردنی هازارن سڵاوی جوان بۆ مه‌رگیان، هه‌زارن تفی نه‌فره‌تیش له‌ تاوانباران ده‌که‌م. ئای چ یاده‌وه‌ریه‌کی دڵته‌زێنه‌، له‌ ئێواره‌یه‌کی وه‌رزی به‌هاردابوو، له‌ کاتی ژیانه‌وه‌ی خاک و خۆڵی وڵاته‌کامدا بوو، هێشتا به‌فری قه‌دپاڵه‌کان رووی به‌رزایی و لوتکه‌کانیان سپی داپۆشی بوو، به‌ڵی له‌ و ئێواره‌ دره‌نگ وه‌خته‌دا بوو که‌ هه‌تاو ده‌یویست ماڵئاواییمان لێبکات و ئێمه‌ش به‌خێرهاتنی تاریکی ده‌مه‌وئێواره‌ بکه‌ین. له‌ کاتیكدا جوتیاره‌کان به‌روماڵ ده‌گرانه‌وه‌، جریوه‌ی چۆله‌که‌ هه‌ڵنیشتوه‌کانی گوێسوانه‌کان و سه‌ر داره‌ به‌رزه‌که‌ی به‌رده‌می مزگه‌وتی دێ، ئاوازی به‌هاریان ده‌چری، کابانه‌کان خه‌ریکی ئاماده‌کردنی شێوی ئێوا‌ره‌ و تاقه‌تکردنی ئاژاڵه‌کان بوون، له‌ پڕ ده‌نگێکی نه‌ساز و تووند هات! ده‌نگی وامان نه‌بیستبوو… له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی گوێمان به‌ ده‌نگی تۆپ و ته‌یاره‌ و بۆمبارانکردن ئاشانا بوو، وه‌لێ ئه‌م ده‌نگه‌ یه‌جگار ترسناک بوو.
له‌ هه‌یوانه‌که‌ی خۆمانه‌وه‌ سه‌یری ده‌ره‌وه‌م ده‌کرد، جارێکی دی ده‌نگ دووباره‌ بووه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م جاره‌ ده‌نگ به‌رده‌وامی کێشا، ئای له‌و ده‌نگه‌ی که‌ هیچ کات له‌بیرم ناچێته‌وه‌، که‌ هه‌موومانی شپرزه‌کرد، هه‌رکه‌س بۆ لایه‌ک ڕامانده‌کرد به‌ره‌و ئه‌و کونه‌ ته‌یارانه‌ی بۆ خۆحه‌شاردان دروستمان کردبوون، ده‌نگێک ده‌هات و هاواری ده‌کرد بۆمبارانه‌، ده‌نگێکی تر ده‌هاتو ته‌یاره‌یه‌ ته‌یاره‌، ده‌نگێکی تری هاوسێکانمان ده‌هات و هاواری ده‌کرد، خزمینه‌ فریاکه‌ون کیمیابارانه‌، ئا بۆنی سێوی لێدێت!،  خۆیه‌تی بۆنی سێو دێت! خۆیه‌تی!، زوتر ئامۆژگاریان کردبووین تامی سێوبکه‌ین به‌ڵام بۆنی نه‌که‌ین!! دوكه‌ڵیکی سپی به‌ری ئاسامانی گوندی گرتو ورد ورد داده‌کشا بۆ سه‌رمان.
گوێم له‌ دایکم بوو وتی: که‌ستان نه‌یه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌، خاولی ته‌ڕکه‌ن و بیده‌ن به‌سه‌روچاوتاندا! باوکم به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌یوت: ڕابکه‌ن ڕابه‌که‌ن بۆ ده‌ره‌وه‌! له‌و کاته‌دا سه‌یری باوکم کرد خه‌ریکبوو ده‌تاسا، خوشکه‌ هه‌شت مانگا‌نه‌که‌م به‌ باوشی دایکمه‌وه‌ بوو، ئه‌وه‌ دواجاری بینینی دایک و  خوشکه‌که‌م بوو!
هه‌ستم ده‌کرد سنگم تووند بووه‌، فرمێسک به‌ چاومدا ده‌هاته‌ خواره‌وه‌، له‌ ده‌رگای ماڵه‌وه‌ هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌مزانی باوکم بۆ کوێ ڕۆیشت، چه‌ند هه‌نگاوێک دوورکه‌وتمه‌وه‌ به‌ره‌و ماڵی هاوسێکانمان، ماڵی هه‌رکه‌سێک ده‌چوم ته‌نها ڕۆشنایی چراکانم ده‌بینی، وام هه‌ستکرد ئه‌مه‌ کۆتای ژیانه‌، ڕووم له‌ هه‌رکوێ ده‌کرد لاشه‌ی خزمه‌کانم بوو، لاکی ئاژاڵه‌کان و مه‌روماڵات و باڵنده‌کان بوو، شه‌وێکی درێژ بوو نه‌ده‌بڕایه‌وه‌، سه‌مای ئه‌م مه‌رگه‌ ناوه‌خته‌ نه‌ده‌بڕایه‌وه‌، مه‌رگ میوانێکی ڕه‌زاقورس بوو، به‌عسیه‌کانی به‌غداد به‌ دیاری بۆیان ناردبووین به‌ زۆر کردبوویان به‌ میوانمان.
هه‌وڵی ئه‌وه‌مده‌دا به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی گونده‌که‌مان بڕۆم، هه‌تا ده‌هات سنگم تووندتر ده‌بوو، چاوه‌کانم لێڵتر ده‌بوو، ده‌مزانی سه‌مای مه‌رگه‌ و له‌کۆڵم نابێته‌وه‌.  
له‌و ڕۆژه‌دا ژیانیان وه‌ستانین، به‌هاریان تاسانین، ئاهه‌نگی نه‌ورۆزیان پڕکردین له‌ بۆنی سێو و دوکه‌ڵی خه‌رده‌ل و سیانید، سه‌مای مه‌رگیان به‌سه‌ردا سه‌پاندین، 21 ساڵ تێپه‌ڕی و خاکه‌که‌م بۆنی سێوی لێدێت.. بۆنی چۆڵه‌وانی لێدێت.. 21 سال تێپه‌ڕی و نه‌مانتوانی نه‌وه‌کانمان فێری ئه‌وه‌ بکه‌ین که‌ چۆن خۆیان بپارێزن له‌ سه‌مای مه‌رگی به‌عسیه‌کان، چۆن بتوانن خۆیان بپارێزن تا جارێکی دی بۆ ئه‌وان دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌، نه‌مانتوانی فێریان بکه‌ین چۆن داوای مافی له‌ده‌ستانی ژیانی هه‌موو که‌س و کاریان بکه‌ن، نه‌مانتوانی چۆن فیربین و چۆن نه‌وه‌کانمان فێرکه‌ین که‌ تاوانبارانی ئه‌م تراژیدیایه‌ بده‌ین به‌ دادگاو داوای لێپێچینه‌وه‌یان لێبکه‌ین.
ئه‌وه‌تا 21 ساڵ تێپه‌ڕی تاوانباران خه‌ڵات ده‌کرێن! ته‌سکێ ده‌کرێن ، ستایش ده‌کرێن، ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌کرێن، له‌ زیندان ئازاد ده‌کرێن.
ئای له‌م ڕه‌شبینیه‌ی توشمان بووه‌ و ده‌ڵێین خۆزگه‌ ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌واندا شه‌هید ده‌بووین.
تاوانباران هه‌رچیانکرد به‌رامبه‌رمان، تاوانیان که‌متربوو له‌و سه‌رۆک و دۆست و خاوه‌نانه‌مان! که‌ جینۆسایدی گه‌له‌که‌مانیان کردوه‌ به‌ بازرگانێتی بۆ خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردن و به‌خته‌وه‌ری بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵیان و خزم و خوێشیان، ئه‌وه‌تا له‌ کاتی دیمانه‌ی فرۆکه‌وانێکی تاوانباردا، تاوانبار ده‌ڵیت من هه‌رگیز له‌ خۆم خۆشنابم، من هه‌میشه‌ ده‌رونم ئاسوده‌ نیه‌، من به‌ فه‌رمان ئه‌و تاوانه‌م کرد، که‌واته‌ ئه‌م تاوانباره‌ به‌ ویژدانتره‌ له‌ وتاوانبا‌ره‌ی که‌ ده‌رگای ئازادی به‌ ناڕه‌وا‌ و بێ دادگاییکردن ده‌خاته‌ سه‌رپشت بۆ تاوانباران، یان په‌ساپۆرتی دیبلۆماسی ده‌به‌خشی به‌ تاوانباران و ده‌ستی ئافه‌رین و سوپاسگوزاری ده‌دا به‌ پشتی وه‌فیق سامه‌ڕاییدا.

محه‌مه‌د قه‌رداخی
ئۆسلۆ
16.03.2009

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.