Skip to Content

Friday, November 8th, 2024
مانگرتنی سێ ملیوێنی له‌ فه‌ره‌نسا …‌هاوڕێ سیروان

مانگرتنی سێ ملیوێنی له‌ فه‌ره‌نسا …‌هاوڕێ سیروان

Closed
by March 23, 2009 گشتی

 مانگرتنی سێ ملیوێنی له‌ فه‌ره‌نسا

تاڵه‌کانی قژت په‌خشانن به‌سه‌ر شانتا خۆشه‌ویست        
وێنه‌ی بێکارییه‌ک که‌ هه‌موو فه‌ره‌نسای ته‌نیوه    ئاراگۆن

‌هاوڕێ سیروان

مێژووی مرۆڤایه‌تی بریتییه‌ له‌ ململانێ و شه‌ڕی چینه‌کان
ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ڕێکه‌وتی 18/4/2009 بۆ یه‌که‌م جار نوێنه‌ره‌ بیرۆکراته‌ بۆینباخله‌مله‌کانی سه‌ندیکا سپییه‌کان بڕیاریان دا به‌ پێشنیاره‌کانی ده‌وڵه‌ت و خاوه‌نکاران ڕازی نه‌بن و ڕه‌تیان بکه‌نه‌وه‌، بێگومان وه‌رگرتنی هه‌ڵوێستێکی وا به‌جه‌رگ له‌ژێر کاریگه‌ریی فشاری کرێکارانی خواره‌وه‌ و سه‌ندیکاکان و سه‌دان هه‌زار کرێکاری تردا بوو، ئه‌و پیاوه‌ بیرۆکراتانه‌ تا ئه‌وه‌نده‌ی تر بێسه‌نگ و چاره‌ڕه‌ش نه‌بن لای کارگه‌ران، ناچار بوون ئه‌و هه‌ڵویسته‌ وه‌رگرن.
تا له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ بن و هه‌وڵ بده‌ن سووره‌ی به‌ر له‌شكر بن، تاوه‌ک هه‌موو جارێکی تر خۆیان بکه‌نه‌ قاره‌مانی ده‌ستکه‌وته‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆ به‌یانیی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ کرێکاران به‌ شه‌پۆل ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و بزووتنه‌وه‌ خۆخۆییه‌که‌ی خۆیان ده‌رخست، به‌ جۆریک ئه‌و پیاوانه‌ نه‌ک هه‌ر ڕیزه‌کانی پێشووه‌یان ده‌ست نه‌که‌وت، به‌ڵکو له‌ ڕیزه‌کانی دواوه‌ی بزووتنه‌وه‌که‌شدا به‌ئاسانی جێگه‌یان ده‌ست نه‌ده‌که‌وت، سێ ملیۆن کرێکار له‌ 213 ڕێپێواندا له‌ هه‌موو فه‌ره‌نسا خۆیان پێشان دا، پۆلیس و میدیا هه‌وڵێکی زۆریان دا ژماره‌ی به‌شداربووان که‌م بکه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ گرنگ نییه‌ هێنده‌ی ئه‌وه‌ که‌ کرێکاران ده‌ریانخست که‌ ده‌توانن به‌بێ ده‌ستی بێگانه‌ خۆخۆیی و ئۆتۆنۆم خۆیان ڕێک بخه‌ن، ده‌سه‌ڵات و خاوه‌نکاران هه‌راسان بکه‌ن و هه‌ندێک داواکاریی خۆیان بسه‌پێنن، هه‌رچه‌نده‌ ده‌سه‌ڵات پێشوه‌خت بڕیاری دابوو که‌ ئیتر ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ هیچی تر نییه‌. هه‌ر ئێواره‌ له‌ژێر فشاری جه‌ماوه‌ردا پاشه‌کشه‌ی کرد و به‌ڵێنی دا هه‌ندێ چاره‌سه‌ر و ڕیفۆرم ده‌خاته‌ گه‌ڕ، به‌ڵام کرێکاران به‌ غه‌ریزه‌ی شۆڕشگێڕی خۆی و تاقیکردنه‌وه‌کانیاندا ده‌یانزانی که‌ هه‌موو چاره‌سه‌ر و ڕیفۆرمێک، چاره‌سه‌ر و ڕێفۆرمی بۆرژوازییه و‌ له‌ناو بازنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ بۆرژواکاندایه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش نه‌ چاره‌سه‌رن و نه‌ ڕیفۆرمن.
هه‌ربۆیه‌ کرێکاران بڕیاریان دا که‌ مانگرتنه‌کان له‌ زۆر جێگه‌ به‌رده‌وام بێت تا کۆتاییی مانگی مارس به‌رده‌وام بێت و کۆتاییی مانگیش مانگرتنی گشتی ده‌ست پێ بکرێته‌وه‌.
کارێکی ئاسان نییه‌ که‌ هه‌موو داواکارییه‌کانی کرێکاران له‌ مانگرتنه‌که‌دا به‌ درێژی بخرێته‌ ڕوو.
هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌ گشتی له‌ داوا سه‌ره‌کییه‌کان و گرنگه‌کان بدوێین، ده‌رکردنی یاسایه‌ک بۆ قه‌ده‌غه‌کردنی ده‌رکردنی کرێکاران، به‌تایبه‌ت له‌و کارگه‌ و کۆمپانیانه‌دا که‌ قازانج ده‌که‌ن، بۆ نموونه‌ کۆمپانیای پیترۆڵ ـ تۆتاڵ که‌ 18 ملیار دۆلار بووه‌، کارگه‌کانی ئوتۆمۆبیل که‌ زیاتر له‌ 11 ملیار یۆرۆ یارمه‌تی وه‌رگرتووه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی یۆرۆیه‌کی خه‌رج کرابێت بۆ دامه‌زراندنی کرێکاران؛ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌زاران کرێکارانیان خستۆته‌ سه‌ر بێکاری. گرنگیدان به‌ گه‌ڕه‌که‌ هه‌ژارنشینه‌کانی ده‌وروبه‌ری پاریس و ته‌رخانکردنی خه‌رجییه‌کی زۆرتر بۆیان. ئه‌وه‌ی زیاتر گرنگی پێ درابوو و هاواری زیاتر بۆ ده‌کرا، به‌رزکردنه‌وه‌ی هێزی کڕین بوو، ڕزگارکردنی زیاتر له‌ 5 ملیۆن خێزان که‌ له‌ پله‌ی خوار مه‌مره‌ومه‌ژیوه‌ ده‌ژین. هه‌روه‌ها سڕینه‌وه‌ی هه‌تاهه‌تایی یاسای سڕینه‌وه، که‌ ئه‌میش بریتییه‌ له‌وه‌ که‌ هه‌رکه‌سێک دووجار کار ڕه‌فز بکات، ئه‌گه‌ر بیانووه‌یه‌که‌شی ماقوڵ بێت، ناوی له‌سه‌ر لیستی کار ده‌سڕێته‌وه‌ و ئیتر مافی مووچه‌ی بێکاری نامێنیت.‌
هه‌روه‌ها ده‌رکردنی یاسایه‌ک که‌ قه‌ده‌غه‌ بکرێت، ده‌ستکاری ده‌ستکه‌وته‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بکرێت به‌ مه‌به‌ستی پاشه‌کشێ، به‌تایبه‌ت له‌ بواری ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ و خوێندندا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ده‌ستکارینه‌کردنی کاتی 35 سه‌عاتی کارکردن.
مه‌گه‌ر که‌سێک زۆر ده‌به‌نگ بێت، یا ده‌ماغی فکری ــ ده‌ستبژێری پێشڕه‌وی هۆشمه‌ند ــ ژه‌نگی پێ هه‌ڵهێنابێت و وایلێکردبێت که‌ خه‌باتی بزووتنه‌وه‌ی خۆخۆیی کارگه‌ران وا ببینێت که‌ بزووتنه‌وه‌ی خۆخۆیی کرێکاران به‌ره‌و خه‌باتی سه‌ندیکایی ده‌بات و له‌ خه‌باتی سیاسی ــ حزبی؟ ــ دوور ده‌خاته‌وه‌، لێنین واته‌نی. مه‌گه‌ر هه‌ر لێنین خۆی نه‌بوو، دوای به‌باوکردنی ژیانی حزبایه‌تی، هه‌موو به‌لشه‌فییه‌کانی بانگ ده‌کرد و هانی ده‌دان بۆ کارکردن له‌ سه‌ندیکاکاندا هه‌تا له‌ناو کۆنه‌په‌رستترین سه‌ندیکاشدا، ئێستاش هه‌ر ئه‌وانه‌ن له‌ کاتێکدا دژی بزووتنه‌وه‌ی خۆخۆیی سه‌ربه‌خۆی کرێکارانن، هه‌موو ئه‌ندامی سه‌ندیکا باوه‌کانن و به‌ هیچ کلۆجێک له‌ مه‌یدانی جه‌نگی ده‌سته‌ویه‌خه‌دا نایانبینیت، ئه‌و جێگایانه‌ی ئه‌وانی تێدا ده‌بینرێن هۆڵی گفتوگۆکردنی ده‌ستله‌ملان و ئاشتیی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و خاوه‌نکاره‌کاندا و شه‌رم نایانگرێت له‌وه‌ی که‌ خۆیان ماڵیان له‌ شووشه‌یه‌، که‌چی به‌رد ده‌گرنه‌ ماڵی خه‌ڵکی.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.