Skip to Content

Wednesday, December 4th, 2024
له‌ باره‌ى میدیاوه‌…محه‌مه‌د حاجى كه‌ریم

له‌ باره‌ى میدیاوه‌…محه‌مه‌د حاجى كه‌ریم

Closed
by March 28, 2009 گشتی

له‌ باره‌ى میدیاوه‌… رۆژنامه‌ و ئینتیما

      (13)

محه‌مه‌د حاجى كه‌ریم

كاتێك رۆژنامه‌نووس په‌رده‌ له‌سه‌ر كه‌موكوڕییه‌كان لاده‌دات، ماناى ئه‌وه‌ نییه‌ وڵاته‌كه‌ى سه‌ره‌و ژێر ده‌كات، یان دوژمنایه‌تى كه‌س ده‌كات، به‌ڵكو ئه‌و مه‌به‌ستیه‌تى ئه‌ركى رۆژنامه‌وانى خۆى به‌جێ بگه‌یه‌نێت. رۆژنامه‌نووس به‌كارى خۆى ده‌زانێ به‌دواى بێ دادى و ناته‌واوى و خراپیه‌كاندا بگه‌ڕێ و به‌دواداچوون له‌سه‌ر دیارده‌كان بكات. رۆژنامه‌وان كاتێك ره‌خنه‌ له‌ سیاسه‌تى هه‌ڵه‌ى حكومه‌ت ده‌گرێت بۆ ئه‌وه‌ى نییه‌ دوژمنى بۆ په‌یدا بكات، یان ئینتیماى تاك بۆ نیشتمانه‌كه‌ى لاواز بكات. ئه‌و كاته‌ش كه‌ له‌سه‌ر وه‌زیر، یان كاربه‌ده‌ستێكى باڵاى حكومه‌ت ده‌نووسێت، ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت رقى لێده‌بێته‌وه‌، به‌ڵكو ماناى ئه‌وه‌یه‌ به‌ئاگاى بێنێته‌وه‌ و هه‌ڵه‌كانى بخاته‌ به‌ر تیشكى سه‌رنجى ده‌وروبه‌ر، ئه‌مه‌ش مافى خۆیه‌تى. به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌مان له‌بیر بچێ زۆرجار رۆژنامه‌وان حورمه‌تى پیشه‌كه‌ى ناگرێ و له‌م لاو ئه‌ولا ئاراسته‌ ده‌كرێ و به‌ دیدى سیاسى و ئایدیۆلۆژیا ده‌جولێته‌وه‌، یان له‌ روانگه‌ى به‌رژه‌وه‌ندیى شه‌خسی سه‌یرى شته‌كان ده‌كات، ئه‌مه‌ش رێك زیان به‌ ناوبانگى پیشه‌كه‌ى ده‌گه‌یه‌نێ و ره‌نگه‌ دواجاریش متمانه‌ بدۆڕێنێت.
 رۆژنامه‌وان ئه‌ركێكى گرنگى له‌ ئه‌ستۆدایه‌، ئه‌ویش پاراستنى ئه‌مانه‌تى پیشه‌یى و راستگۆییه‌. مادامه‌كێ ئامانجى كارى رۆژنامه‌وانى پێشخستنى كۆمه‌ڵگاو پاراستنى كه‌ڕامه‌تى مرۆڤه‌، ده‌بێ به‌ هه‌ستیارى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رووداو  و پرسه‌كان بكات، كارێك نه‌كات ببێته‌ مایه‌ى په‌شێوى و پاشاگه‌ردانى وڵات. جه‌ماوه‌ر مافى خۆیه‌تى راستییه‌كان بزانێ، میدیاش له‌و نێوه‌نده‌دا به‌ كارى خۆى ده‌زانێ خه‌ڵكى له‌ بێ دادى و گه‌نده‌ڵى و نه‌بوونى پێداویستییه‌كانى ژیان ئاگادار بكاته‌وه‌، به‌ڵام هه‌رگیز میدیا مافى ئه‌وه‌ى نییه‌ كار بۆ لاوازكردنى ئینتمایى نیشتمانى بكات، یان ده‌ست بخاته‌ كاروبارى شه‌خسى تاك.
 میدیاى كوردى تا هه‌نوكه‌ خاوه‌ن په‌یامێكى روون نییه‌، یان ئه‌وه‌تا به‌رگرییه‌كى كوێرانه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌كات و  هه‌موو كارى خۆى له‌ ستایش و پێداهه‌ڵدان ده‌بینێته‌وه‌. یان ئه‌وه‌تا به‌چاوى دوژمن له‌ ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه‌كانى حكومه‌ت ده‌ڕوانێت و سه‌نگه‌ر ده‌گرێت. ئه‌ركى رۆژنامه‌وان شه‌ڕكردن نییه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌ت، ئه‌ركى ئه‌و چاودێریكردنى كاره‌كانیه‌تى. ده‌كرێ میدیا هه‌وڵى لادانى وه‌زیر، یان به‌ڕێوه‌به‌رێك بدات كه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى بۆ خزمه‌تى به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌ت ده‌قۆزێته‌وه‌، به‌ڵام ناكرێت به‌هۆى هه‌ڵه‌، یان مامه‌ڵه‌ى خراپى كاربه‌ده‌ستێك، هه‌موو جوانییه‌كانى نیشتمان بسڕێته‌وه‌و حه‌ز بكات  وڵاته‌كه‌ت ته‌فروتونا بێت.
به‌داخه‌وه‌ وه‌ك چۆن هه‌ندێك رۆژنامه‌وانى ئێمه‌ بوونه‌ته‌ ده‌مبكچى ده‌سه‌ڵات، ئاوهاش هه‌ندێكیان بوونه‌ته‌ دوژمنى سه‌رسه‌ختى حكومه‌ت. میدیاى كوردى تا ئێستا نه‌یتوانیووه‌ مامه‌ڵه‌یه‌كى پیشه‌یی و بێ لایه‌نانه‌ له‌گه‌ڵ رووداوه‌كان بكات. هه‌رچى میدیاى وابه‌سته‌یه‌ به‌گوێره‌ى به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌و لایه‌نه‌ى ته‌مویلى ده‌كات، زانیاریه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت، میدیاى ئه‌هلیش له‌بیرى ده‌چێت ئه‌ركى ئه‌و گه‌یاندنى زانیارییه‌كانه‌ وه‌ك خۆى، بۆیه‌ له‌ روماڵكردنى هه‌واڵ و به‌دواداچوونه‌كاندا خۆى ده‌كاته‌ لایه‌ن و وه‌زیفه‌ى پیشه‌ییانه‌ى خۆى پێ ناپارێزرێت. رۆژنامه‌گه‌رى كوردى به‌ هه‌ردوو جۆره‌كه‌یه‌وه‌، یان ئه‌وه‌تا ته‌نها جوانى و كاره‌ باشه‌كان ده‌بینێ، یان ئه‌وه‌تا ته‌نها خراپى و ناته‌واوییه‌كان پیشان ده‌دات. من له‌گه‌ڵ هه‌ردوو بۆچوون دانیم، به‌ڵكو بڕوام وایه‌ كارى رۆژنامه‌نووس گه‌یاندنى زانیاریه‌كانه‌ به‌ جه‌ماوه‌ر، خستنه‌ رووى خه‌وش و كه‌موكوڕیه‌كانه‌، ده‌بێ به‌وپه‌ڕى بێ لایه‌نییه‌وه‌ هه‌واڵه‌كان بگوازێته‌وه‌و به‌دواداچوون له‌سه‌ر پرسه‌كان بكات.
ئه‌ركى رۆژنامه‌وانه‌ ببێته‌ چاودێر به‌سه‌ر حكومه‌ت و راستییه‌كان وه‌ك خۆى بخاته‌ روو، وه‌لێ نابێ كارێك بكات له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌قیقه‌ت بێت، نابێ متمانه‌ى خۆى له‌ده‌ست بدات، بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆى، یان كه‌سانى ده‌وروبه‌ر هه‌قیقه‌ت بزر بكات، مادام  رۆژنامه‌وان له‌خه‌مى ئینسان دایه‌و داكۆكى له‌ مافى هاوڵاتى ده‌كات، بێگومان وه‌ك چۆن ئه‌ركى پیشه‌یى به‌جێ ده‌گه‌یه‌نێت، ئاواش رۆڵى نیشتیمانی ده‌بینێت، كه‌واته‌ ئه‌ركه‌كه‌ى ته‌نها له‌ سیاقى رۆژنامه‌وانى نامێنێته‌وه‌، به‌ڵكو ده‌چێته‌ خانه‌ى وڵاتپارێزیش. مێژوو پێمان ده‌ڵێت، زۆر رۆژنامه‌نووس له‌ پێناو گه‌یاندنى راستى بوونه‌ته‌ قوربانى، خاكى ئێمه‌ش نموونه‌ى قوربانیدانى گادگرۆس و لیزا شمیس به‌خۆوه‌ ده‌گرێت.  دیسان رۆژنامه‌وانى كورد له‌ پاڵ كارى سه‌ره‌كی له‌ خه‌باتى رزگاریخوازى نه‌ته‌وه‌یشدا رۆڵ و به‌شدارى به‌هه‌بووه‌و له‌و پێناوه‌شدا قوربانى زۆرى داوه‌.
ئه‌مڕۆش كه‌ رۆڵى چاودێریكردن به‌سه‌ر كایه‌ جیا جیاكانى ده‌سه‌ڵات و سیسته‌مى سیاسى وڵات ده‌بینێت، ماناى ئه‌وه‌ نییه‌ ئینتیماى بۆ نیشتمان له‌ده‌ست دابێ، یان كار له‌سه‌ر كاڵكردنه‌وه‌ى ئینتیماى تاكى كوردى ده‌كات.
كاتێك تۆ به‌دواى ده‌رخستنى هه‌قیقه‌تێكدا ده‌گه‌ڕێیت، به‌ حكومه‌ته‌كه‌ت ده‌ڵێیت ئه‌و هه‌موو بێ سه‌روبه‌رى و بێ پلانییه‌ به‌سه‌، ماناى ئیعلانكردنى شه‌ڕ و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ نییه‌ له‌حكومه‌ت. خستنه‌ رووى خه‌وش و ناته‌واوییه‌كانى حكومه‌ت، ماناى ریفۆرم ده‌گه‌یه‌نێ، ئه‌مه‌ش جۆرێكه‌ له‌ خۆشه‌ویستى بۆ نیشتیمان.
 چونكه‌ رۆژنامه‌وانى راسته‌قینه‌ له‌خه‌مى به‌رژه‌وه‌ندى گشتى دایه‌ و مه‌به‌ستى نه‌هێشتنى گه‌نده‌ڵی و نابه‌رابه‌رى و دیارده‌ ناشیرنه‌كانه‌، نه‌ك ته‌نها ناكرێ به‌بێ (ئینتیما) بزانرێت، به‌ڵكو ناڕاسته‌وخۆ رۆڵى ده‌بێت له‌ تۆخكردنه‌وه‌ى ئینتیماى تاك بۆ نیشتمانه‌كه‌ى.
 
mehemedkerim@gmail.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.