Skip to Content

Tuesday, October 8th, 2024
شیعری كه‌مخوێ

شیعری كه‌مخوێ

Closed
by March 28, 2009 ئەدەب

شیعری كه‌مخوێ
      
           هۆنراوه‌ی : ته‌یب جه‌بار
  بۆ: له‌تیف هه‌ڵمه‌ت

من دێمه‌وه‌ بۆ لات ،                               
دێمه‌وه‌ بۆ سایه‌ی ساباتی تریفه‌ .
ئاشت ده‌بمه‌وه‌ له‌گه‌ڵ زایه‌ڵه‌ی ته‌م.
له‌گه‌ڵ تینوێتیی ئاو .
له‌گه‌ڵ برسیتیی نان .
له‌گه‌ڵ كپێتیی چه‌م .
ئاشت ده‌بمه‌وه‌..
له‌گه‌ڵ باوێشكی قرچه‌ی گه‌رما.
له‌گه‌ڵ  بلوێری با .
له‌گه‌ڵ وه‌ستانی هه‌ور .
له‌گه‌ڵ جولانی چیا .
له‌گه‌ڵ گلێنه‌ی گڵ .
له‌گه‌ڵ پژمینی كزه‌ی سه‌رما .
 ئاشت ده‌بمه‌وه‌ ..
له‌گه‌ڵ هه‌نسكی به‌رد .
له‌گه‌ڵ كروشكه‌ی شاخ .
له‌گه‌ڵ لایلایه‌ی ده‌شت .
له‌گه‌ڵ كه‌روێشكه‌ی هه‌رد .
له‌مه‌و دوا..
من قسه‌  له‌گه‌ڵ دژوێن ناكه‌م .
نابم به‌ هاوڕێ‌ی تریقه‌ی باو .
ناچم بۆ ماڵی قین .
ناچم بۆ ئاهه‌نگی كوده‌تا .
له‌مه‌و دوا ..
واز دێنم له‌ چاوبڕكیی مه‌راق.
واز دێنم له‌ شایی بێ په‌روا .
ده‌چمه‌وه‌ ژووری خۆم ،
ژووری پڕ له‌ داستانی ئه‌وین .
به‌ گزنگی واتا ، ده‌یشۆرم .
داده‌گیرسێنم مۆمی رسته‌ .
بۆنی ناونیشان له‌ خۆم ده‌ده‌م .
خۆره‌تاوێ‌ ده‌كه‌م به‌ ده‌فته‌ر .
شا دێڕی شانامه‌ ،
به‌ قه‌ڵه‌می نوسین .
له‌ پاڵ ره‌فه‌ی پڕ كتێبی هه‌تیو ،
ئاسوده‌ راده‌كشێم ..
له‌ ناو پێخه‌فی كۆپڵه‌ی وه‌ریو .
مه‌چه‌كی چوارینه‌ش ..
ده‌كه‌م به‌ سه‌رین 
    ***
من دێمه‌وه‌ بۆ لات ،
دێمه‌وه‌ بۆ سایه‌ی گومه‌زی جریوه‌ .
ده‌ده‌م له‌ شه‌قه‌ی باڵ ،
ده‌فڕم بۆ ئاسمان .
پێش خوا حافیزی باجی ( هه‌تاو ) ،
گیرفانم پڕ ده‌كه‌م ،
له‌ پیتی نارنجی برژاو .
له‌ ده‌شتی ( خه‌رمانه‌ ) ،
سه‌ردانی مانگ ده‌كه‌م .
به‌ مامه‌ڵه‌ی سه‌له‌م ، 
دوو قزناخ ..
دانی بزوێنی لێ وه‌رده‌گرم ،
بۆ كۆتری وشه‌م .
به‌ رێی كاكێشاندا ..
ده‌چم بۆ  شاری ( حه‌وته‌وانه‌ ) .
تا دره‌نگانی شه‌و ،
له‌گه‌ڵ ئه‌ستێرانی پرچ په‌خشان  ،
ده‌كه‌م گه‌مه‌ ویاری .
ده‌مه‌و به‌یان – به‌ دزییه‌وه‌ –
ده‌كشێم بۆ شوقه‌كه‌ی ( سیوه‌یل خان) ،
هه‌ر له‌ به‌ر ده‌رگاوه‌ ،
ده‌كه‌ومه‌ ماچ باران ،
له‌گه‌ڵ مه‌مك گوشین .
له‌ ژووری پڕ پرشنگ ،
ده‌ست ده‌كه‌م به‌ به‌زمی دڵداری ،
له‌ سه‌ر سیسه‌می دوو سه‌رین .
تاكو بكه‌وێته‌ زگ و زا ،
مناڵدانی ته‌ڕی پڕ شیعره‌ پاساری .
        ****
من دێمه‌وه‌ بۆ لات ،
دێمه‌وه‌ بۆ سایه‌ی ده‌واری زه‌رده‌ په‌ڕ .
به‌ نه‌رمی .. بازده‌ده‌م بۆ سه‌ربان .
به‌ په‌یژه‌ی وشه‌دا سه‌رده‌كه‌وم ،
ده‌چم بۆ ماڵی هه‌ور ،
وه‌كو جاری جاران ،
له‌گه‌ڵی داده‌نیشم ،
ده‌كه‌ومه‌ دانوسان .
تاكو رازی ده‌كه‌م ..
بۆ كیڵگه‌ی وشكه‌ ساڵی دیوان ، 
ده‌ست كاته‌وه‌ به‌ بارانی خزانی زمان  .
   ***
من دێمه‌وه‌ بۆ لات ،
دێمه‌وه‌ بۆ  سایه‌ی ره‌شماڵی زریوه‌ .
خۆم ده‌كه‌م به‌ هاوڕیی گه‌رده‌لول ،
وه‌ك دوو یار ..
ده‌س له‌ ملانی ده‌بم .
بۆ زه‌ماوه‌ندی كێش  وسه‌روا ،
تیژتر له‌و ..
ده‌كه‌ومه‌ خولان و له‌نجه‌ و لار .
بۆ پێشوازی بوكی رسته‌ی فره‌ مه‌ودا ،
جوانتر له‌و ..
ده‌كه‌ومه‌ خۆبادان و سه‌ما .
   ***
من دێمه‌وه‌ بۆ لات ،
دێمه‌وه‌ بۆ ژێر چه‌تری ئاونگ ، 
ده‌ست ده‌كه‌م به‌ راوه‌ چه‌خماخه‌ .
كلك و ملی ده‌گرم ،
ده‌یبه‌مه‌وه‌ بۆ ماڵ ،
مه‌شقی پێ ده‌كه‌م ، تا فێر ده‌بێ ،
چۆن له‌ سه‌ر خۆ شریخه‌ بدات .
رایدێنم ،چۆن ببێ به‌ په‌رچه‌م ..
بۆ دار قه‌دی ئاڵات .
   ***
دێمه‌وه‌ .. هاوڕی گیان دێمه‌وه‌ ،
من دێمه‌وه‌ بۆ لات ،
دێمه‌وه‌ بۆ ژێر كه‌پری قاسپه‌ .
ساڵانی دوور بووم لێت ،
له‌ ئه‌شكه‌وتێ ده‌ژیام ،
پڕ له‌ كێچ و ئه‌سپێ .
دێوێك هاته‌ رێم ،
یاخوا ، قه‌تاو قه‌ت نه‌یه‌ته‌ رێت .
له‌مه‌و دوا ..
به‌ رۆژ له‌گه‌ڵ خۆمدا ..
ده‌كه‌ومه‌ ورته‌ ورت .
شه‌وانیش ، من ناچم بۆ هیچ كوێ .
پێكه‌وه‌ ..
له‌ باخچه‌ی باریكی ئیلهامدا ،
دیسان خوانی ختوكه‌ی ئیشراق ،
ده‌رازێنینه‌وه‌ .
له‌گه‌ڵ باده‌ی خرمه‌ی خه‌یاڵدا ،
تۆ هۆنراوه‌ی زۆر شیرین بخۆ .
منیش شیعری كه‌م خوێ‌ .

       سلێمانی / كانونی یه‌كه‌می 2008

 

• له‌ ژماره‌ (37/ ئازاری 2009 )ی گۆڤاری هه‌نار بڵاوبۆته‌وه‌ .

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.