Skip to Content

Friday, December 13th, 2024
منیش عیراقی نیم!…..شێرزاد هه‌ینی

منیش عیراقی نیم!…..شێرزاد هه‌ینی

Closed
by March 30, 2009 چیرۆک

منیش عیراقی نیم!

کوڕه‌ گه‌نجه‌که‌ پاش ئه‌وه‌ی خوێندنی هونه‌ری به‌پله‌ی به‌رز ته‌واوکردبوو، پاش ئه‌وه‌ی له‌چه‌ند سه‌نته‌رو ستۆدیوو پیشانگاو ۆورک شۆپ و سیمینارو بڵاوکراوه‌ به‌هره‌ هونه‌رییه‌که‌و چه‌شه‌ به‌ سه‌لیقه‌که‌ی تاقیده‌کاته‌وه‌و ده‌بێته‌ هونه‌رمه‌ند، ماوه‌یه‌ک سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ی له‌که‌لله‌ده‌دات، به‌بڕێ پاره‌و به‌رێگایه‌کی ئاسان و به‌فڕۆکه‌و به‌چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک ده‌گاته‌ سوید، ماوه‌یه‌ک له‌ که‌مپه‌ دووره‌کان ده‌مینێته‌وه‌و زمانه‌که‌ی باش ده‌بێت و خوێندنه‌که‌ی سازده‌بێت، له‌کۆتایی ده‌گاته‌ ستۆکهۆلم، بۆ په‌یداکردنی پاره‌ی رۆژانه‌و شه‌وانه‌و ئاره‌زووانه‌‌، کارێکی سه‌رپێی له‌گه‌ڕه‌که‌ بێگانه‌نشینه‌کان ده‌دۆزێته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی کاره‌که‌ زه‌حمه‌ت و گران بوو، ئه‌گه‌رچی کاره‌که‌ شایسته‌ی ده‌ستوفلچه‌که‌و خوێندن و خه‌ونه‌که‌ی ئه‌و نه‌بوو، به‌ڵام کوڕی شه‌ریف بۆ ژیان ده‌بێ کاربکات، به‌یانییان هه‌ر شه‌وه‌و به‌فرو سه‌رمایه‌و ده‌ڕوات، ئێوارانیش هه‌ر ‌شه‌وه‌و هه‌ر ‌سه‌رمایه‌و دێته‌وه‌ شوقه‌که‌‌ی، به‌ڵام دڵی خۆشه‌و چاوه‌روانه‌و به‌رده‌وامه‌!
له‌رۆژێکی ساردو له‌ده‌مێکی ماندووبوونێکی زۆردا، بیری ئه‌و به‌ره‌و پێشانگاو مۆزه‌و ته‌واوکردنی خویندنه‌که‌ی بوو، چاوی ئه‌و له‌ کۆکردنه‌وه‌ی  تابلۆکانی بوو، تا رۆژێکیان له‌ ساڵۆنێکدا نمایشیان بکات. له‌وده‌مانه‌ پیاوێکی عه‌ره‌بی پێچراوی ناو پاڵتۆو ملپێچ و ده‌ستکێش و چه‌کمه‌و پۆستاڵ، به‌ کوڕه‌ هونه‌رمه‌نده‌که‌ ده‌ڵێت، تۆ زمانی عه‌ره‌بی ده‌زانیت، ئه‌ویش تا یارمه‌تی بکات و له‌سه‌رداوای وه‌ستا یونانییه‌کی قسه‌ی له‌گه‌ڵ کڕیاره‌کان خۆش بێت و روویان کراوه‌و ساده‌بێت، وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌، ده‌ڵی که‌مێک عه‌ره‌بی ده‌زانم، کابرای عه‌ره‌ب که‌ ده‌زانی عه‌ره‌بییه‌که‌ی خواره‌، یه‌کسه‌ر ده‌زانی کورده‌، بۆیه‌ به‌نازه‌وه‌ به‌ کوڕه‌که‌ ده‌ڵێت، کاکه‌ دیاره‌ جه‌نابت عێراقییت، ئه‌ویش دیاره‌ نیازی نه‌بووه‌ زۆر له‌گه‌ڵییدا پێدابچێت زوو له‌کۆڵی خۆی ده‌کاته‌وه‌و ده‌ڵێ به‌ڵێ من … هێشتا ئه‌و وشه‌ی عێراقه‌که‌ی باش له‌ ده‌مو له‌هزرو له‌نه‌فوس و له‌ناسنامه‌که‌ی ده‌رنه‌چووبوو، کابرای عه‌ره‌ب هه‌ردوو عه‌ڵاگه‌ ته‌ژییه‌که‌ی له‌ماست و له‌شیرو نان و .. داده‌نێته‌ سه‌ر ئه‌رزه‌ سارده‌ ته‌ڕه‌که‌و به‌گه‌رمی ده‌ستی به‌رزده‌کاته‌وه‌و رووه‌ شاراوه‌که‌ی له‌ئاسمانی کراوه‌یی به‌رینی خودا ده‌کات و ده‌ڵێ:
زۆر سوپاس خودای گه‌وره‌، به‌رزکه‌ره‌وه‌ی هه‌ر حه‌وت ته‌به‌قه‌ دووره‌که‌، ئه‌وه‌ی ره‌زق و سه‌ڵامه‌تی و  ئارامی له‌ تۆوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، سوپاس خودای کردگار ئه‌وه‌ من یه‌که‌م گه‌نجی کوردی عێراقی ببینم به‌ڵی من عێراقییم، نه‌ڵێ من کوردستانییم، شانازی به‌ رافیدین و حامورابی و شێره‌که‌ی بابل بکات، له‌وه‌تی من ده‌چمه‌ سه‌نته‌ره‌کان، ده‌چمه‌ ناو نۆره‌ی درێژه‌که‌ی میگراشوون (ده‌زگای کاروباری په‌ناخوازو بێگانه‌کان)، له‌ کۆرسه‌کان ده‌وام ده‌که‌م، له‌ شیستاو له‌ شارلهۆلم، له‌لای سه‌رتاشه‌کان..! کوڕه‌که‌ سه‌رسام بۆ پیاوه‌که‌ ده‌وه‌ستێت، ئه‌ویش به‌تووڕه‌ییه‌وه‌ به‌ کابرای عه‌ره‌ب ده‌ڵێت، باش بزانه‌ منیش عێراقی نیم، منیش سۆزو دڵ و ناوو رووم هه‌رگیز له‌و عێراقه‌نه‌بووه‌و نییه‌و نابێت‌، منیش عێراقی نیم، منیش کوردستانییم.

 

Previous
Next