Skip to Content

Friday, December 6th, 2024
سه‌فه‌رێك بۆ ده‌سپێكردنه‌وه‌…..هاوڕێ‌ خالید

سه‌فه‌رێك بۆ ده‌سپێكردنه‌وه‌…..هاوڕێ‌ خالید

Closed
by March 30, 2009 هۆنراوە

سه‌فه‌رێك بۆ ده‌سپێكردنه‌وه‌
ترسێك له‌ كۆتایی
     هاوڕێ‌ خالید

   
گوێم لێیه‌
له‌وسه‌ری كۆڵانه‌وه‌ بانگم ده‌كه‌یت
بۆ دوا ئاوڕدانه‌وه‌
له‌رزی خواحافیزیم لێدێ‌و،
تای ته‌نهاییه‌كی ناوه‌خت ورده‌ ورده‌ ئه‌مسوتێنێ‌
من په‌له‌مه‌و ئه‌ڕۆم
ئه‌ڕۆم‌و په‌له‌مه‌
تا فریای ئه‌و ته‌مه‌نایانه‌ بكه‌وم
كه‌ ده‌بوو پێشتر به‌دویاندا رامبكردایه‌.
گوێم لێیه‌، بانگم ده‌كه‌یت
من په‌له‌مه‌‌و خێراترم له‌ نه‌وه‌ستانی با له‌سه‌فه‌ردا
په‌له‌مه‌‌و ده‌بێ‌ فریابكه‌وم
به‌ كه‌سێك بڵێم: هاوڕێم به‌یانیت باش
تا ته‌نهایی نه‌مكوژێت
تا فریای پیاسه‌ی ژێر هه‌ورێك بكه‌وم
كه‌ له‌ مێژه‌ ئه‌گریو كه‌س له‌ ژێریا ته‌ڕنابێت
بۆ گوێگرتن له‌ مۆسیقایه‌ك
كه‌ ده‌مێكه‌ كه‌س مۆسیقاره‌كه‌ی ناناسێته‌وه‌
تا فریا بكه‌وم‌و پێی بڵێم:
گوێیه‌كانم سوپاست ده‌كه‌ن…
ره‌نگه‌ هه‌ر له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ من
كوڕه‌ شیعری سه‌فه‌ر بوبێتم‌و
به‌ هه‌ڵه‌ رێمكه‌وتبێته‌ ئه‌م وجوده‌
هێند وه‌ستام تا هه‌نگاوم بیرچۆیه‌وه‌و
بۆنی باران‌و، گوێیه‌ك بۆ مۆسیقاو،
زمانێك بۆ سڵاوكردن له‌ چۆله‌كه‌یه‌كی غه‌مگینم ونكرد
من ده‌مه‌وێ‌ به‌ته‌نها سه‌فه‌ركه‌م
به‌ ته‌نها خۆم‌و كه‌سیترنا
تۆ بانگم ده‌كه‌یت‌و من ئه‌زانم
ته‌مه‌ن به‌شی چوونه‌ ژووره‌وه‌ له‌ ده‌رگایه‌ك ناكات
په‌له‌مه‌و ده‌بێت فریابكه‌وم
ئاوی ئنجانه‌ رێحانه‌كه‌ی سه‌ر په‌نجه‌ره‌كه‌ بده‌م
نامه‌یه‌كی ته‌ڕ به‌ ناوی مانگه‌وه‌
بۆ ده‌ریا بنوسم
بۆنی نه‌عنایه‌كی ته‌نها بكه‌م‌و
فێنك ببمه‌وه‌
په‌له‌مه‌و ده‌بێت بڕۆم
له‌ خێرایی خۆما شانم به‌ر بایه‌كی عاشق ده‌كه‌وێ‌‌و
رایده‌چه‌ڵه‌كێنم‌و پێی ده‌ڵێم:
خێراكه‌ ده‌نا فریا ناكه‌ویت
به‌م عومره‌ په‌ژمورده‌یه‌ته‌وه‌
حۆرییه‌كی خوات چنگبكه‌وێ‌
مناڵێك دێته‌ سه‌ر رێم‌و
داوام لێده‌كات یاری له‌گه‌ڵكه‌م
من پێی ده‌ڵێم: ببوره‌ هاوڕێم
دره‌نگه‌و ده‌ڕۆم
ده‌ڕۆم‌و دره‌نگه‌
ده‌بێت فریا بكه‌وم تامی به‌رسیله‌یه‌ك بكه‌م
به‌رله‌وه‌ی قه‌یره‌یی له‌ ده‌رگاكانی مردنی پێبدات
پیره‌مێردێك رامده‌گرێ‌و پێمه‌ڵێت:
مناڵیم لێ ونبووه‌
چۆن ده‌توانم بچمه‌وه‌ سه‌ر یه‌كه‌م كۆڵانی چاوشاركێ‌‌و
یه‌كه‌م خه‌وی ناو باوه‌شی دایكم
من پێیه‌ڵێم: ببووره‌ ئه‌ی دۆست
من كاتم نییه‌ بۆ حونجه‌كردنی مناڵی‌و
له‌بیرچونه‌وه‌ی میحنه‌ته‌كانی ته‌مه‌ن
من په‌له‌مه‌و به‌م ئێواره‌ ته‌نهایه‌مه‌وه‌
كه‌ هه‌ر چنگێك شاعیر بوون‌و
چارۆكه‌یه‌ك عاشق بوونم ماوه‌ته‌وه‌
ده‌بێ‌ فریا بكه‌وم په‌ڕه‌سێلكه‌یه‌ك له‌ ده‌می پشیله‌یه‌كی ئه‌نانی رزگاربكه‌م
 بتوانم بێوه‌ژنێك
له‌و تاوانانه‌ پاكبكه‌مه‌وه‌ كه‌ نه‌یكردون
گوێم لێیه‌ بانگم ده‌كه‌یت‌و
به‌دوامدا راده‌كه‌یت
هێند خێرام فریای هه‌نگاوه‌كانم ناكه‌وی
مردنیش به‌ده‌م هاوار كردنه‌وه‌ پێم ده‌ڵێت:
له‌و سه‌ری دنیاش بێت ئه‌تدۆزمه‌وه‌
له‌ ده‌ستم ده‌رناچیت ئه‌ی ئینسان
من ده‌ڕۆم‌و مه‌گه‌ر جار جار
ته‌نهایی شاعیرێك ئاوڕم پێبداته‌وه‌
كه‌ وشه‌كانیان لی َ دزیوه‌
دره‌ختێك پێمه‌ڵێت:
بۆ كوێ‌، ئه‌ی رێبواره‌ غه‌ریبه‌كه‌؟ بۆ كوێ‌؟
له‌وێش شه‌قامێك بۆ ده‌سپێكردنه‌وه‌ نییه‌
من پێیه‌ڵێم: بۆ شاعیر بوونی خۆم ده‌گه‌ڕێم
ئه‌و ده‌ڵێت: سه‌د مه‌ترێك له‌ پێشتره‌وه‌
خۆپشاندانی كه‌روێشكه‌كانه‌ بۆ پاروویه‌ك گێزه‌ر
من ده‌ڵێم: دوای ئینسان بوونی خۆم كه‌وتووم
ئه‌و ده‌ڵێت: له‌وێ‌ هه‌ژاره‌كان
رۆژنامه‌یان لێبووه‌ به‌نانی هه‌ورامی
من ده‌ڵێم: ئه‌وانی من لێیانبووه‌ به‌ كلینس
پیسییه‌كانی ناوگه‌ڵیانی پێ پاكده‌كه‌نه‌وه‌
من ده‌ڕۆم‌و تۆش،
 وه‌ك ئاسكێكی راونراوی ناو دارستان
هه‌ر راده‌كه‌یت‌و نامگریته‌وه‌
 ئاوڕ ده‌ده‌مه‌وه‌و بێئه‌وه‌ی بزانم گوێت لێمه‌، یان نا
ده‌ڵێم: دوای چی كه‌وتوی
بڕۆ خه‌یاڵه‌ راڕاكانی خۆت بژی
بۆ سوراوكردنێك بڕۆ به‌رده‌م ئاوێنه‌كه‌و پێی بڵێ‌:
ئه‌مڕۆ جوانترم یان دوێنێ‌
به‌ وریاییه‌وه‌ جله‌كانت بۆ له‌به‌ركردن هه‌ڵبژێره‌
نه‌وه‌ك پێت بڵێن، جارێكیتر ئه‌م جلانه‌ی له‌به‌ركردۆته‌وه‌…
كۆتایی، شه‌ڕی خۆیم پێ ده‌فرۆشێ‌‌و من نایكڕم
بۆ ده‌سپێكردنه‌وه‌ ده‌ست بۆ ترسناكترین تاریكی ده‌به‌م
بێ‌ پشوودان هه‌ر ده‌ڕۆم‌و ناوه‌ستم
تا گومان هه‌بێ‌ سه‌فه‌ر
تا خه‌یاڵ هه‌بێ‌ شاعیربوون
ده‌ڕۆم‌و ده‌رۆِم‌و ناوه‌ستم
تا ئه‌و كاته‌ی
مردن شه‌ڕی خۆیم لێ ده‌باته‌وه‌…

hawre_xalid20@hotmail.co

 

 

Previous
Next