ته‌وه‌رێك ده‌رباره‌ی پێگه‌ی چه‌پی كوردستانی له‌قۆناغی نوێ‌دا..
ته‌وه‌رێك ده‌رباره‌ی پێگه‌ی چه‌پی كوردستانی له‌قۆناغی نوێ‌دا.. (1)
جه‌لال ده‌باغ – نووسه‌رو كه‌سایه‌تی سیاسیی چه‌پ:
بزووتنه‌وه‌ی چه‌پی كوردستان رووی له‌گه‌شانه‌وه‌و زیندوبوونه‌وه‌یه به‌ڵام سه‌ره‌تاكه‌ی له‌ئاستی پێویستدا نییهدیمانه:ستیڤان ئه‌حمه‌د "شه‌مزینانی"
دوای هه‌ره‌سی سۆڤێت وكۆتاییهاتنی جه‌نگی سارد،جێگه‌ورێگه‌ی چه‌پ له‌به‌شێكی به‌رچاوی دنیادا پاشه‌كشه‌ی به‌خۆوه بینی، بێگومان له‌كوردستانیش چه‌پ به‌خێرایی رۆڵیان به‌ره‌و پووكانه‌وه چوو، ئه‌گه‌رچی لایه‌نگرانی سه‌رمایه‌داریی هاوچه‌رخ ئه‌م پاشه‌كشه‌یه‌یان به‌مه‌رگی چه‌پی سۆسیالیستیی بۆ هه‌میشه ناوزه‌دكرد، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ده‌بینین به‌تایبه‌ت دوای بیست ساڵ له‌كۆتایی جه‌نگی سارد‌و قه‌یرانی دارایی سه‌رمایه‌داریی نوێ، رۆڵی چه‌پی سۆسیالیستیی به‌ره‌و گه‌شانه‌وه وكاریگه‌ریی زۆرتر ده‌ڕوات. بۆ قسه‌وباسكردن له‌مه‌ڕ دۆزی چه‌پ وهۆكاره‌كانی لاوازبوون وپه‌ڕاوێزبوونی ئه‌م ره‌وته سیاسییه له‌كوردستان وئه‌گه‌ری ژیاندنه‌وه‌ی بۆ جارێكی تر‌و بۆ قۆناغێكی نوێ، به‌پێویستمانزانی ته‌وه‌رێك بۆ دایه‌لۆگكردن له‌مه‌ڕ ئه‌و واره زۆر گرنگه ئاماده بكه‌ین. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته "جه‌لال ده‌باغ"ی نووسه‌رو كه‌سایه‌تیی سیاسیی ناسراوی چه‌پی كوردستان وه‌ڵامی پرسیاره‌كانمان ده‌داته‌وه.
ستیڤان:وه‌ك بینیمان له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ وسۆسیالیستیی له‌كوردستان به‌ته‌واوه‌تی پاشه‌كشه‌ی كردووه‌و مه‌یدانه‌كه‌ی بۆ بزووتنه‌وه نه‌ته‌وه‌یی وئاینییه‌كان به‌جێهێشتووه، له‌كاتێكدا له‌رابردوودا چه‌پ له‌كوردستان خاوه‌نی هێزێكی تارادده‌یه‌ك حیساب بۆكراو بوو، ئایا هۆكاری سه‌ره‌كیی ئه‌م پاشه‌كشه‌یه‌ی بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ له‌چیدا ده‌بیننه‌وه؟ ئاخۆ گرێدراوه به‌پاشه‌كشه‌ی جیهانیی بزووتنه‌وه‌كه‌و هه‌ره‌سی سۆڤێته‌وه یاخود په‌یوه‌سته بۆ ناواقیعبینی چه‌پ وبارودۆخی نه‌ڕه‌خساوی ناوخۆی كوردستانه‌وه؟. به‌كورتی ئه‌و فاكتۆره سترۆكتۆرییانه چین ره‌وتی چه‌پیان له‌كوردستان سست وپه‌ڕاوێزخستووه؟.جه‌لال ده‌باغ:راسته له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ وسۆسیالیستیی له‌كوردستان تارادده‌یه‌ك پاشه‌كشه‌ی كردووه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ مه‌یدانه‌كه بۆ بزووتنه‌وه نه‌ته‌وه‌یی وئاینییه‌كانیش هێشتا له‌باره وهه‌لومه‌رجی پێشوو ئێستا له‌م قۆناغه‌دا هه‌ندێ ئاڵوگۆڕی كاتیی به‌سه‌ردا هاتووه. پێموایه ئه‌و هۆكاره بنه‌ڕه‌تییانه‌ی ره‌وتی چه‌پیان له‌كوردستان خستۆته ئه‌م باره‌ی ئێستایه‌وه ده‌كرێ وه‌ك دووبه‌ش ته‌ماشایان بكرێت:
یه‌كه‌م هۆكاره ده‌ره‌كییه‌كان:وه‌ك به‌ڕێزتان ئاماژه‌تان بۆ كردووه، ژێركه‌وتنی ئه‌زموونه‌كه‌ی سۆڤێت وهه‌ندێك له‌وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ئه‌وروپا كاریگه‌رییه‌كی زۆریان كرده سه‌ر ته‌واوی ره‌وشی چه‌پ وسۆسیالیستیی، نه‌ك ته‌نیا له‌كوردستاندا، به‌ڵكو له‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا. ئه‌مه وێڕای باڵاده‌ستیی گڵۆبالیزمی سه‌رمایه‌داریی دڕنده كه تارادده‌یه‌كی زۆر سوودی له‌و بارودۆخه‌و له‌و به‌سه‌رهاته‌ی ئه‌زموونه‌كه وه‌رگرت. بێگومان وه‌ك چۆن به‌رپابوونی شۆڕشی سۆسیالیستیی مه‌زنی ئۆكتۆبه‌ر كارێكی گه‌وره‌ی پۆزه‌تیڤی كرده سه‌ر بوژاندنه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ وسۆسیالیستیی له‌جیهان وله‌كوردستانیشدا، هه‌ر ئاوا شكستهێنانی ئه‌زموونه‌كه كارێكی گه‌وره‌ی نێگاتیڤی له‌سه‌ر ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه هه‌بوو. به‌ڵام ئه‌مه كارێكی وای نییه كه‌چه‌پ وسۆسیالیسته‌كان ده‌سته‌وستان دابنیشن.
راسته هۆكاری خودیی وبابه‌تیش هه‌ن كه‌یه‌كه‌میان پێوه‌ندیی به‌خواست وئیراده‌ی خه‌ڵكه‌وه هه‌یه‌و دووه‌میان له‌ده‌ره‌وه‌ی خواست وئیراده‌ی خه‌ڵكه. به‌ڵام هه‌ر یه‌كه‌شیان كار ده‌كاته سه‌ر ئه‌ویتریان. هه‌ندێ له‌توێژه‌ره‌وه‌كان، هاتنه‌وه سه‌ر بای به‌ڕه‌كۆن ودیسان چاوگێڕانه‌وه به‌تێۆری ماركسیزم- لێنینیزم دا‌و باسكردنه‌وه‌ی هه‌ندێ تێز كه‌كاتی خۆی لێنین زانستییانه به‌رپه‌رچی دابوونه‌وه، وه‌ك تێئۆری ماركسیزم بیروڕایه‌كی وشك وبرینگ وكۆمه‌ڵه دۆگمێك بێت. پێموایه له‌و بواره‌دا هه‌ڵه‌كان له‌پڕاكتیك وپه‌یڕه‌وكردندابوون نه‌ك له تێئۆریدا، ئه‌گه‌رچی له‌وه‌شدا هه‌ندێ دواكه‌وتن هه‌بوون.
دووه‌م هۆكاره ناوخۆییه‌كان:راسته ئه‌م هۆكاره په‌یوه‌سته به‌ناواقیعبینی چه‌پ وبارودۆخی نه‌ڕه‌خساوی ناوخۆی كوردستانه‌وه. ناواقعبینی چه‌پ له‌وه‌دا ره‌نگده‌داته‌وه كه‌هه‌ندێ له‌هێزو رێكخراوه چه‌په‌كان وه‌ك هێزی توندڕه‌و دێنه به‌رچاو وره‌فتار ده‌كه‌ن. به‌چاكی له‌وه ناگه‌ن رێگه‌چاره‌ی ناكۆكییه‌كانی گه‌ل كامه‌یه، كه‌ی راسته ناكۆكییه سه‌ره‌كییه‌كان وناكۆكییه دووه‌مینه‌كان ولاوه‌كییه‌كان تێكه‌ڵ بكرێن. له‌بواری ده‌ستنیشانكردنی هاوپه‌یمانه‌كانی چینی كرێكاران وجوتیاران وسیاسه‌تی په‌یوه‌ندییه نیشتمانییه‌كاندا هه‌ڵه‌ی كوشنده ده‌كه‌ن. له‌شكری سیاسیی قۆناغه‌كه زانستانه ده‌ستنیشان ناكه‌ن، هه‌رگوێش ناده‌نه هاوپه‌یمانیی كرێكاران وجوتیاران. هیچ نه‌خش و به‌رنه‌مه‌یه‌كیان نییه بۆ ده‌سه‌ڵاتگرتنه‌ده‌ست له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانیاندا.
راستیش نییه به‌بیانووی "بارو‌دۆخی نه‌ڕه‌خساوی ناوخۆی كوردستانه‌وه" ئه‌ركه‌كانی تێكۆشانی قۆناغه‌كه وه‌لابنرێت وناكۆكیی له‌باره‌ی ئاینه‌وه‌و له‌بواریی ئازادیی ژناندا بكرێنه مه‌سه‌له‌ی پله یه‌ك، له‌كاتێكدا یه‌كه‌میان له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌و زانست وته‌كنه‌لۆژیدا به‌ره‌و چاره‌سه‌ر ده‌چێت وده‌بێ رێزی باوه‌ڕو ئاینی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك بگیرێت تا توانای كارتێكردنیان به‌باره باشه‌كه‌دا زۆرتر بێت. هه‌روا له‌باره‌ی دووه‌میانه‌وه، مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌كی له‌خه‌باتی چه‌پدا كێشه‌ی چینایه‌تییه به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن له‌خه‌باتدا بۆ نه‌هێشتنی چه‌وسانه‌وه‌ی مرۆڤ له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه، بۆ ریسواكردنی سیاسه‌تی بۆرژوای وابه‌سته‌ی مۆنۆپۆل. ئه‌وده‌م به‌ره‌به‌ره هه‌لومه‌رج و بارو‌دۆخی رزگاربوونی ژنان وئافره‌تان به‌گشتیی پێده‌گات. هه‌ندێ لاباڵی چه‌پ به‌چه‌شنێكی میكانیكی و گواستنه‌وه ده‌ڕواننه مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی، هه‌ست به‌جیاوازیی بزاڤی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست له‌چاو ناسیۆنالیستیی ئه‌وروپاو شۆڤێنیزمی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌سته ناكه‌ن، ئه‌و بۆچوونه راسته‌ی ماركسیزم ــ لێنینیزم فه‌رامۆشده‌كه‌ن كه ده‌ڵێت:بزاڤی نه‌ته‌وه‌ی چه‌وساوه‌و ژێرده‌سته له‌ناوه‌ڕۆكدا دیموكراسییه. دواجار پێموایه هه‌ر ده‌بێ گروپ و ده‌سته‌به‌ش ولاباڵ وحزبه چه‌په‌كان به‌ره به‌ره لێكنزیك ببنه‌وه‌و حزبی چه‌پ، یان به‌ره‌ی چه‌پ به‌هێزبكه‌ن، تا له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه واقیعبینه‌كانیاندا جڵه‌وی فه‌رمانڕه‌وایی بگرنه ده‌ست به‌ره‌و بنیاتنانی تاقه سیستمی سه‌ركه‌وتوو بۆ به‌خته‌وه‌ریی گه‌ل، واته سۆسیالیزم.
ستیڤان:دوای ئه‌م قه‌یرانه داراییه‌ی له‌ئه‌مه‌ریكاوه جیهانی گرته‌وه،یان راستتر بڵێین سیستمی سه‌رمایه‌داریی هاوچه‌رخی گرته‌وه، وا باس ده‌كرێت ره‌نگبێ رووكردنه‌وه سیستمی سۆسیالیستی په‌ره‌سه‌ندن به‌خۆوه ببینێ، ئایا پێتوایه له‌كوردستان بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ له‌دۆخێكدایه بتوانێت له‌سه‌ر ئاستێكی به‌رین وله‌سه‌ر شانۆی سه‌ره‌كیی سیاسه‌تی كۆمه‌ڵگه رۆڵێكی كارا‌و دیار بگێڕێت؟ئایا ئاسۆی بزووتنه‌وه‌كه له‌كوردستان رووی له‌كوێیه، ئاخۆ تووشی پاشه‌كشه‌ی زیاتر ده‌بێت یانژی له‌م بارودۆخه پڕ قه‌یرانه‌ی سیستمی كاپیتالیستی جیهانیی وشكستی سه‌رمایه‌داریی لۆكاڵیی، بزووتنه‌وه‌ی چه‌پی كوردستان رووی له‌گه‌شانه‌وه‌و زیندووبوونه‌وه‌یه؟.
جه‌لال ده‌باغ:راسته قه‌یرانه‌ئابووری وداراییه‌كه جیهانی گرتۆته‌وه،به‌ڵام به‌شێوه‌ی تایبه‌تی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كه‌ده‌یه‌وێ ده‌سه‌ڵاتی مۆنۆپۆله زه‌به‌لاحه‌كانی به‌سه‌ر هه‌موو دنیادا بسه‌پێنێ. له‌راستیدا ئه‌م قه‌یرانه ئابووری وداراییه‌ی ئێستا قه‌یرانێكی ئاسایی سیستمی سه‌رمایه‌داریی نییه كه‌بتوانێ به‌ئاسانی لێی ده‌ربازبێت، به‌ڵكو قه‌یرانێكی گشتییه‌و ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ریكاش به‌و 700ملیار دۆلاره‌ی ته‌رخانی كردووه ناتوانێ قه‌یرانه‌كه‌ی چاره‌سه‌ر بكات. ئه‌م قه‌یرانه زۆر له‌وی 1929 به‌رینترو كاریگه‌رتره‌و دیسان مه‌ترسیی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگێكی جیهانیی لێده‌كرێت. بۆیه له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا پێموایه سیستمی سۆسیالیستی په‌ره‌سه‌ندن به‌خۆوه ده‌بینێ، ئه‌مڕۆ له‌سایه‌ی ئه‌م قه‌یرانه‌دا نزیكه‌ی 800 ملیۆن كه‌س له‌دنیادا له‌برسێتیدا ده‌ژین وئه‌م برسێتییه وڵاته یه‌كگرتووه‌كانیشی گرتۆته‌وه‌و له‌وێش پتر له 12 ملیۆن منداڵ به‌ده‌ست كه‌میی خواردنه‌وه ده‌ناڵێنن، چ جای ملیۆنان كه‌سی گه‌وره. بۆیه ئه‌مه‌ریكا دیسان له‌كۆششدایه بۆ ته‌نگ هه‌ڵچنین به‌سۆسیالیزمی ئه‌م سه‌رده‌مه‌و ده‌یه‌وێ پێگه‌ی سه‌رمایه‌داریی له‌چیندا به‌هێزبكات به‌ڵام بۆی ناچێته سه‌ر، هه‌روا درێژه به‌كۆششه‌كانی بۆ تێسره‌واندنی كۆریای باكوور‌و كوباو ڤه‌نزوێلاو ئه‌وانه ده‌دات. شه‌ڕه‌كانیشی له‌ملاولای دنیادا قه‌یرانه‌كه‌یان پتر قوڵكرده‌وه. ئاسۆی بزووتنه‌وه‌كه له‌كوردستان رووی له‌به‌ره‌وپێشچوون وگه‌شه‌سه‌ندن وبه‌خۆداهاتنه، به‌ڵام جارێ به‌رێژه‌یه‌كی نزم وله‌سه‌رخۆ، نه‌ك به‌خێرایی وبه‌باز، پێموایه تووشی پاشه‌كشه‌ی زیاتر نابێت. پێده‌چێ چین تا رادده‌یه‌ك رێگه له‌ئه‌مه‌ریكا ببه‌ستێته‌وه‌و له‌كاریگه‌ریی سه‌ختی قه‌یرانه‌كه دووربێ وئابوورییه‌كه‌شی به‌رێژه‌یه‌كی به‌رز پێده‌گات. لێره‌وه ئه‌گه‌ر بێینه‌وه سه‌ر باسی كوردستان ناتوانم جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌مه‌وه بڵێم پێموایه له‌كوردستان بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ له‌دۆخێكدایه بتوانێت له‌سه‌ر ئاستێكی به‌رین وله‌سه‌ر شانۆی سه‌ره‌كیی كۆمه‌ڵگه له‌م قۆناغه‌دا رۆڵێكی كارا‌و دیار بگێڕێت، ناشتوانرێ بگوترێ ئه‌م بارودۆخه له‌سه‌ر هه‌ردوو شانۆی ده‌ره‌وه‌و ناوخۆ كاریگه‌ریی نابێت. له‌وباوه‌ڕه‌دام له‌م بارودۆخه پڕ قه‌یرانه‌ی سیستمی كاپیتالیستی جیهانیی و شكستی سه‌رمایه‌داریی لۆكاڵیی، بزووتنه‌وه‌ی چه‌پی كوردستان رووی له‌گه‌شانه‌وه‌و زیندوبوونه‌وه‌یه، به‌ڵام جارێ سه‌ره‌تایه‌كه‌ی له‌ئاستی پێویستدا نییه. چه‌پی كوردستانی رێگه‌یه‌كی سه‌خت وپڕ له‌كۆسپ وته‌گه‌ره‌و ئاڵۆزی له‌پێشه، به‌ڵام سیاسه‌تێكی نه‌رم ونۆڵی زانستانه‌و دوور له‌هه‌ڵچوون و"چه‌پڕه‌ویی منداڵكارانه"و دوور له‌سه‌رچڵی وزێده‌ڕۆیی وله‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كگرتنی هه‌موو باڵ ولاباڵه‌كان وحزبه چه‌په‌كان، كه‌حزبی شیوعیش بێته مه‌یدانیانه‌وه‌و رۆڵی كاریگه‌ری خۆی بگێڕێت، ده‌كرێ به‌پێی به‌رنامه‌یه‌كی چڕ‌و پڕی تێكۆشان، گشت كۆسپ وته‌گه‌ره‌كان ته‌خت بكرێن وخێراتر وه‌ك به‌ره‌یه‌كی ئۆپۆزیسیۆن وبه‌پشت به‌ستن به‌كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان وبه‌تایبه‌تی كرێكاران وجوتیاران وزه‌حمه‌تكێشان زیاتر روو له‌گه‌شانه‌وه‌و رابوون بێت.جه‌لال ده‌باغ
له‌دایكبووی شاری سلێمانی، ساڵی 1939.
خوێندن:ده‌رچووی خانه‌ی مامۆستایانی سلێمانی1959، ده‌رچووی په‌یمانگه‌ی زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌بوخارست – رۆمانیا 1964، ده‌رچووی په‌یمانگه‌ی زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌مۆسكۆ 1976.
ئه‌ندامی حزبی شیوعی عێراق له1956، ئه‌ندامی پێشووی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حشع ومه‌كته‌بی سه‌ركردایه‌تی حزب له‌ناو عێراقدا به‌نهێنی وبه‌رپرسی راگه‌یاندنی حزب وئه‌ندامی پێشووی مه‌كته‌بی سیاسیی وكۆمیته‌ی ناوه‌ندیی وپه‌یوه‌ندییه‌كان وبه‌رپرسی كۆمیته‌ی چاودێریی ناوه‌ندیی له حشك دا.
ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد له‌یه‌كه‌م كۆنگره‌وه له‌شوباتی 1970دا، پاشان سكرتێری به‌ڕێوه‌بردنی یه‌كێتیی له سێ كۆنگره‌دا.
جێگری سه‌رنووسه‌ری (بیری نوێ ــ الفكر الجدید)و ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی (گریق الشعب). سكرتێری نووسینی گۆڤاری (رێگای ئاشتی وسۆسیالیزم). ئه‌ندامی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان.
ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه دێرینه‌كانی كوردستان وئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی گۆڤاری (چیا).