ده‌ركه‌وتنی عه‌ده‌می وێناكراو
ده‌ركه‌وتنی "عه‌ده‌م"ی وێناكراو
ده‌رنه‌كه‌وتنی خوێنه‌ری "عه‌ده‌می"
(به‌شی دووه‌م)
عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا
بێكه‌س منم كه‌سێ له زوبانم بگات نییه
هه‌رده‌م خودا نه‌ناس و ده‌م پڕ له یاخودا
"مه‌حوی"
ئه‌گه‌رچی قسه‌كردن له (عه‌ده‌م-نه‌هلیستی) به‌ره‌و كۆمه‌ڵێك ئیشكالیه‌تی فیكری و فه‌لسه‌فیمان ده‌كاته‌وه، به‌ڵام به‌گشتی هه‌وڵده‌ده‌ین لێره‌دا بكه‌وینه سه‌ر ریتمێكی (نیچه)ییانه، نه‌ك به‌مانای نه‌بوون به‌رانبه‌ر بوون.. چونكه (نیچه) ده‌ڵێت: ئه‌وه ناكاملی مرۆڤه‌كانه كه بیانه‌وێت بوونی خۆیان بكه‌نه مانا و پێوه‌ری هه‌موو شتێك، بڕواكردن به گوته‌زای عه‌قڵیش هۆی سه‌ره‌كی نه‌هلیزمه. به‌و مانایه‌ش نه‌هلیزم كار له‌سه‌ر تپێه‌ڕاندنی به‌هاكان ده‌كات و هه‌موو حه‌قیقه‌تێكی جێگیر ره‌تده‌كاته‌وه.
هه‌ڵبه‌ته عه‌ده‌میه‌ت به‌ر له (سوقرات)ه‌وه بۆ (گۆرگیاس)و(بووزیهت) ده‌گه‌ڕێته‌وه، هه‌روه‌ها وشه‌ی نه‌هلیستییه‌ت (تۆرگینێف)ی رووسی دایهێناوه، گوزارشت له حاڵه‌تی گومانی ره‌ها دهكاتو وه‌ك به‌رزترین ئامانج پشت بهوێرانكردنی بهرفراوانو ته‌واو ده‌به‌ستێ، له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌دا ئاینزایی كۆمه‌ڵێك شۆڕشگێڕی رووسیایی بووه به دژی (قه‌یسه‌ر)و هه‌وڵیانداوه ته‌واوی داموده‌زگاكان له‌رێگه‌ی هه‌وڵی تیرۆرستانه‌وه وێران بكه‌ن.
لێره‌دا له پرسیاری ئایا نه‌فیكردن و (نا) ئه‌و دیاریكردنه باڵایه‌ن كه (عه‌ده‌م) وه‌ك جۆرێكی تایبه‌تی ده‌خه‌نه روو، یان به پێچه‌وانه‌وه نه‌فیكردن و نا له‌سه‌ر عه‌ده‌م وه‌ستاون؟ به‌لای (هایدگه‌ر) عه‌ده‌م زۆر له نه‌فیكردن و نا ره‌سه‌نتره. كه‌واته توانای نه‌فیكردن به‌و پێیه‌ی به‌رهه‌می تێگه‌یشتنه و خودی تواناكانی تێگه‌یشتن، به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان له‌سه‌ر عه‌ده‌م راده‌وه‌ستن. به‌ڵام ئایا پرسیاركردن له عه‌ده‌م له‌كۆی ئه‌و ئاوێته‌بوون و نێودژییه و به‌بێ پێشبینیكردن و وێناكردنێكی پێشوه‌ختانه چۆن ده‌نووسینه‌وه؟ هه‌ڵبه‌ته له‌باشترین باردا بۆ ده‌رككردن به عه‌ده‌م ده‌توانین وه‌ك بیرۆكه‌یه‌ك وێنای ههمهكییهتی مه‌وجود بكه‌ین و پاشان هه‌ر له بیركردنه‌وه‌ماندا ئه‌وه‌ی كه وه‌ك ههمهكییهتی مه‌وجود وێنامان كردووه نه‌فی بكه‌ین و وه‌ك نه‌فیكراوێك بیخه‌ینه روو، لێره‌دا ده‌گه‌ینه چه‌مكێكی شكلی (عه‌ده‌م)ی وێناكراو، نه‌ك خودی عه‌ده‌م، چونكه هه‌رگیز ناگه‌ینه خودی عه‌ده‌م.. ئێمه له ده‌ره‌وه‌ی خۆماندا بۆ عه‌ده‌م ده‌گه‌ڕێین و ده‌مانه‌وێت له ده‌ره‌وه ده‌ركی پێبكه‌ین و بزانین چییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا پێیده‌گه‌ین عهدهمێكه له‌نێو خۆماندایه. به مانایه‌كی دیكه ده‌شێ وه‌ك حاڵه‌تێك ته‌ماشای ئه‌و ده‌رككردنه بكه‌ین و له بارگه‌یه‌كی هه‌ستی هه‌ڵیگرینه‌وه، ئه‌و بارگه هه‌ستییه له‌بنه‌ڕه‌تدا به (قه‌له‌ق)ه‌وه به‌نده، به‌ڵام بێگومان لێره‌دا قه‌له‌ق ئه‌و شڵه‌ژانه ئاساییه نییه كه له‌رێگه‌ی ترسه‌وه باڵ به‌سه‌رماندا ده‌كێشێت، به‌ڵكو زۆر به قوڵی له ترس جیاوازه، چونكه ترس هۆی دیاریكراوی خۆی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌سته‌مه سه‌رچاوه‌ی قه‌له‌ق دیاری بكه‌ین. له قه‌له‌قدا مرۆڤ لهبارێكدایه هه‌ست به ته‌نگ پێهه‌ڵچنین ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی له بۆشاییدا بین و له هیچ لایه‌ك شتێك نه‌ما بێت ده‌ستی پێبگرین.
به‌مجۆره ئه‌گه‌رچی قه‌له‌ق پرۆسه‌ی وێناكردنی عه‌ده‌م نییه، به‌ڵام قه‌له‌ق وا له ههمهكییهتی مه‌وجود ده‌كات بكشێته‌وه‌و له ده‌ستمان ده‌رچێت. واته ده‌مانخاته به‌رانبه‌ر دازاینی ره‌سه‌نی خۆمانه‌وه‌و (دازاین)مان بۆ ئاشكرا ده‌كات. به‌مجۆره قه‌له‌ق عه‌ده‌م ئاشكرا ده‌كات، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه بۆ گوتهزاكهی (بارت) بگه‌ڕێینه‌وه به‌وه‌ی كه بوونی ده‌ق بایی مه‌رگی دانه‌ره. ئه‌وه ده‌شێ بڵێین ده‌ق ئه‌و قه‌له‌قه‌یه كه نه‌بوونی دانه‌ر ئاشكرا ده‌كات، كاتێكیش ده‌ق به قه‌له‌ق یه‌كسان ده‌كه‌ین به‌و مانایه دێ كه له حاڵه‌تی نووسینی ده‌ق جۆره ئارامییه‌كی تایبه‌ت دامانده‌گرێت، له‌لایه‌كی دیكه هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه وه‌ك چۆن سه‌رچاوه‌ی قه‌له‌ق دیار نییه، ده‌قی ئیبداعیش ئه‌و ده‌قه‌یه كه ئه‌سته‌مه بتوانین به ته‌واوی سه‌رچاوه‌كانی دیاری بكه‌ین، نه‌ك به‌و مانایه‌ی كه ده‌قی ئیبداعی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سه‌رچاوه‌كان ده‌پچڕێنێ، به‌ڵكو به‌و مانایه‌ی كه په‌یوه‌ندییه‌كی نوێ داده‌مه‌زرێنێ و له‌و شتانه ده‌كشێته‌وه كه توانای په‌یڕه‌وكردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌یان نییه.
ئه‌گه‌ر ده‌قی ئیبداعی هه‌ستی ته‌نگ پێهه‌ڵچنین ئاشكرا بكات و ئه‌و هه‌سته‌ش به‌مانا (بارت)ییه‌كه‌ی نه‌بوونی دانه‌ر بگه‌یه‌نێت. كه‌واته ده‌قی ئیبداعی عه‌ده‌م ئاشكرا ده‌كات، به‌و مانایه‌ش بوونێكه له میانی مه‌وجودی به‌رچاو ده‌رده‌كه‌وێت، له‌كۆی ئه‌و قسه‌كردنه‌ش ده‌شێ بڵێین به‌بێ ئیبداع ناشێ قسه له‌و بوونه بكه‌ین، واته ئه‌گه‌ر مێژووی بوونی مرۆیی وه‌ك "هایدگه‌ر" ده‌ڵێ له‌و كاته‌وه ده‌ستپێبكات كه قه‌له‌ق ده‌بێت و قه‌له‌قیش عه‌ده‌م ئاشكرا بكات، ئه‌وه عه‌ده‌مییه‌ت ئه‌و داهێنانه‌یه كه ته‌عبیر له وزه‌و چالاكییه خودییه‌كانی تاكی ویستگه‌را ده‌كات، واته كۆمه‌ڵێك رووتكردنه‌وه‌و ره‌تكردنه‌وه‌ی نێگه‌تیفه و داوای ئاماده‌گییه‌كی نێگه‌تیفانه له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و مه‌وجوده به‌رچاوه ده‌كات.
دكتۆر محه‌مه‌د ئه‌مین عه‌بدوڵڵا له‌باره‌ی سه‌یركردنی "مه‌حوی" بۆ دنیا ده‌ڵێت: مه‌حوی پێیوایه ئه‌گه‌ر مرۆڤ له‌بوونی ره‌سه‌ن و مرۆڤانه‌ی خۆی دابڕێ، ئه‌وه روو له دنیا و به‌ده‌ستهێنانی شتی دنیایی ده‌كات، لای مه‌حوی دنیا هیچه، له‌و هیچتریش ئیمه‌ین كه له‌سه‌ر هیچ شه‌ڕ ده‌كه‌ین.. به‌ڵام وه‌ك گوتمان ئه‌ركی مرۆڤی داهێنه‌ر ئه‌وه‌یه له پێناو پارچه پارچه‌كردن و راماڵینی ته‌واوی داموده‌زگا ته‌قلیدی و به‌ها له‌كاركه‌وتوو و بێزاركه‌رو بۆگه‌نه‌كان رابێته‌وه، به‌و مانایه‌ش ئیبداع له عه‌ده‌مێكه‌وه به‌ره‌و عه‌ده‌مێكی دیكه هه‌نگاو ده‌نێ و هه‌ر له‌وێشه‌وه زنجیره‌ی وشه‌كان له‌یه‌ك ده‌ترازێن و به‌خاوه‌نبوون بوونی نامێنێ، ته‌نها ئیبداع ده‌مێنێته‌وه.. هه‌میشه ئه‌وه ئیبداعه ته‌واوی جیاوازییه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش په‌یوه‌ندی ده‌قی ئیبداعی به خوێنه‌رانه‌وه له‌سه‌ر قبوڵكردنی خوێندنه‌وه‌ی جیاواز خۆی نمایان ده‌كات.
كه‌واته خوێندنه‌وه جێبه‌جێكردنی كرده‌یه‌كی دیكه‌ی ئیبداعییانهیهو به‌پێی توانای خوێنه‌ری جیاواز و زه‌مه‌نی جیاواز گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، هه‌ر له‌به‌ر هه‌ندێش (ئیكۆ) پێویستی به خوێنه‌رێكه كه به هه‌مان ئه‌زموونی نووسه‌ردا بڕوات، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وتنی عه‌ده‌می وێناكراو لای مه‌حوی ئیبداع بنوێنێ ئه‌وه پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه ده‌كه‌وێتـه نێوان ده‌ق و خوێنه‌ر پێویستی به‌و پرده نییه كه به رابردوومان ده‌به‌ستێته‌وه، به‌ڵكو ئه‌وه ته‌نگ پێهه‌ڵچنینی ده‌قه كه ئاراسته‌كانی خوێندنه‌وه دیاری ده‌كات، ئه‌و ته‌نگ پێهه‌ڵچنینه كه خه‌یاڵی خوێنه‌ری له‌سه‌ر داده‌مه‌زرێ و له‌وێوه په‌نجه‌ره‌یه‌كی دیكه به‌رووی ده‌قدا ده‌كاته‌وه، به‌و مانایه‌ش خوێندنه‌وه پێویستی به قه‌له‌قی خوێنه‌ره‌وه هه‌یه. ئه‌وه‌ش لهسهرتێكهڵبوونی ساته‌وه‌ختی خوێندنه‌وه دێته ئاراوه، یان له‌سه‌ر توانای تێگه‌یشتن كه‌وا ده‌كات نه‌فیكردن و "نا" هه‌بن، (ئه‌و نهفیكردنهی له‌ساته‌وه‌ختی خوێندنه‌وه‌دا دێته دی، تێگه‌یشتنه). به مانایه‌كی دیكه خوێنه‌ری داهێنه‌ر ئه‌و خوێنه‌ره‌یه كه له‌ساته‌وه‌ختی خوێندنه‌وه‌دا وامان لێده‌كات مۆڵه‌ق بین، یان ته‌نگمان پێهه‌ڵده‌چنێ.. هه‌ڵبه‌ته ئه‌وه ره‌تكردنه‌وه‌ی ههمهكییهتی مه‌وجود نییه، به‌ڵكو كردارێكی ئیبداعییه. كه‌واته ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر له به‌رانبه‌ر ده‌قی ئیبداعی دووچاری قه‌له‌ق نه‌بێ ناتوانێت به‌شداری له كرده‌ی ئیبداعی ده‌قدا بكات. به مانایه‌كی دیكه ناتوانێ له بواری به پاشكۆبوونی ده‌ق به‌ره‌و بواری كه‌شفكردن و داهێنان هه‌نگاو بنێت. ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌وه‌ی (د. محه‌مه‌د ئه‌مین عه‌بدوڵڵا) له‌و خوێندنه‌وه‌یه‌دا به ئه‌نجامی گه‌یاندووه جگه له‌وه‌ی به‌پێی جیاوازی قۆناغه‌كانی پێشوو هه‌وڵی به جولهخستنی مانای له ده‌ره‌وه‌ی شاعیر داوه‌و توانیوویه‌تی بوارێكی دیكه بۆ تێگه‌یشتن بكاته‌وه، یان جوله‌یه‌ك له‌نێوان ته‌فسیر و تێگه‌یشتن به ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت، هه‌ر له‌وێوه‌ش ته‌عبیر له مێژووی ئه‌ده‌ب بكات. واته توانیوویه‌تی پرۆسه‌یه‌كی دیالۆگئامێزانه له‌نێوان ده‌ق و وه‌رگر درووست بكات و جۆرێك بێ له پڕكردنه‌وه‌ی مه‌سافه‌ی نێوان مه‌عریفه‌ی ئیستێتیكی و مه‌عریفه‌ی مێژوویی.. له‌وێشه‌وه راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به باكگراوه‌ندی رۆشنبیریی خوێنه‌ره‌وه بكات و ئاسۆی تێگه‌یشتنی پێشووی دابڕژێته‌وه و له‌سه‌ر چاوه‌ڕوانییه‌كانی خوێنه‌ر راست بێته‌وه.
به‌ڵام ده‌مه‌وێ له‌لایه‌كی دیكه بڵێم نه‌یتوانییوه سپێتی ده‌ق و وسبه‌لێكراوه‌كانی به شێوه‌یه‌ك پڕ بكاته‌وه، شێوه‌یه‌ك كه له‌ساته‌وه‌ختی به‌ریه‌ككه‌وتندا دێته ئاراوه، به مانایه‌كی دیكه له پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌ی "مه‌حوی"دا ده‌ق دووچاری قه‌له‌قی نه‌كردووه، به‌ڵكو ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه ته‌نها هۆیه‌كه بۆ به‌بیرهێنانه‌وه.. ئه‌گه‌ر به‌شێكی ئه‌و پهیوهندیگرتنهی دكتۆر بۆ كۆی ئه‌و پێناسانه‌ی پێشوو بگه‌ڕێته‌وه كه ده‌وروبه‌ری "مه‌حوی" داوه، ئه‌وه به‌شێكی راسته‌وخۆ ته‌عبیر له باكگراوه‌ندی رۆشنبیریی خوێنه‌ر ده‌كات، له‌نێوان باكگراوه‌ندی رۆشنبیریی ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌و پێناسه داڕێژراوه‌كانی پێشوو ده‌قی "مه‌حوی" وه‌ك لایه‌نه ئیستێتكی و هونه‌رییه‌كه‌ی ونبووه، به‌و مانایه‌ش ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ی دكتۆر ئه‌وه‌نده‌ی له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی مانا‌و مه‌دلوول كار ده‌كات، ئه‌وه‌نده له هونه‌ری جوانگوتن و چێژ و به‌رزڕاگرتنی ئاستی زمان و خزینی مانا‌و وسبه‌لێكراوه‌كان دوور ده‌كه‌وێته‌وه. ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌وه‌نده‌ی پێناسه‌كانی پێشوو.. تهرهسوباتهكانی ده‌وروبه‌ری ده‌قی مه‌حوی، مه‌عریفه‌ی مێژوویی.. ئاراسته‌ی خوێندنه‌وه‌كه‌ی دكتۆر دیاری ده‌كات، ئه‌وه‌نده دكتۆر له‌ساته‌وه‌ختی خوێندنه‌وه‌و ته‌نگ پێهه‌ڵچنینی ده‌ق دوور ده‌كه‌وێـته‌وه.سه‌رچاوه‌و په‌راوێزه‌كان:
– شایگان، داریوش، ئاسیا له به‌رانبه‌ر خۆرئاوادا، وه‌رگێڕانی له فارسییه‌وه: شۆڕش جوانرۆیی و مامه‌ند رۆژه، چ1، وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی بهرێوهیبهرایهتی خانه‌ی وه‌رگێڕان، سلێمانی 2004، ل31.
-ه.س.پ. ل32
-لێره‌دا عه‌ده‌م بریتییه له نهفیكردنێكی ته‌واوی ههمهكییهتی مه‌وجود.. هه‌ڵبه‌ته ده‌بێ ههمهكییهتی مه‌وجود پێدراوێك بێت تا بتوانین رووبه‌رووی نه‌فیكردن بكرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌م نهفیكردنهدا خودی خۆی ده‌ربخات واته به‌پێی ئه‌و پێناسه گشتییه‌ی عه‌ده‌م مرۆڤ هه‌موو شته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی به مرۆڤه‌كانی تر و گیاندارو به‌ردو زه‌وی و ئاسمان ته‌نانه‌ت هه‌موو گه‌ردوونیش نهفیدهكات و به‌مه ده‌گاته عه‌ده‌م. بێگومان ئه‌سته‌مه بتوانرێت ئه‌و نهفیكردنهی ههمهكییهتی مه‌وجود ئه‌نجام بدرێت چونكه ئێمه‌ی مرۆڤ به‌و پێیه‌ی كائنێكی كۆتاییدارین، چۆن ده‌توانین به ههمهكییهتی مه‌وجود بگه‌ین و پاشان نه‌فیی بكه‌ین؟ .. گومان له‌وه‌دا نییه كه ئێمه هه‌رگیز ناتوانین به‌شێوه‌یه‌كی ره‌ها ده‌رك به ههمهكییهتی مه‌وجود بكه‌ین له‌خۆیدا، هه‌روه‌ها له‌وه‌ش دڵنیاین به جۆرێك له جۆره‌كان له ناو جه‌رگه‌ی (ههمهكییهتی مه‌وجود)داین. لێره‌دا جیاوازییه‌كی ریشه‌یی هه‌یه له‌نێوان ئه‌وه‌ی ده‌رك به (ههمهكییهتی مه‌وجود) بكه‌ین له خۆیدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌رك به خۆمان بكه‌ین له ناو (ههمهكییهتی مه‌وجود)دا. حاڵه‌تی یه‌كه‌م به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی ئه‌سته‌مه، به‌ڵام حاڵه‌تی دووه‌م رووداوێكی به‌رده‌وامی رۆژانه‌یی (دازاین)مانه. واته ئێمه‌ی مرۆڤ له چاو زه‌مین و ئاسمان و گه‌ردووندا پنتێكی زۆر بچوك و سنووردارین، بۆیه به‌م بچوكی و سنووردارییه‌ی خۆمانه‌وه كه له به‌شێكی ئه‌م گه‌ردوونه‌داین و به‌و به‌شه‌وه حهریكبووین و تێیدا رۆچووین، هه‌رگیز ناتوانین په‌ی به ههمهكییهتی مه‌وجود، واته په‌ی به دنیا‌و گه‌ردوون ببه‌ین، چ جای ئه‌وه‌ی بێین نه‌فی بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی به (عه‌ده‌م) بگه‌ین، واته له واقیعدا و له‌رووی پراكتیكییه‌وه نه‌فیكردنی (ههمهكییهتی مه‌وجود) كارێكی ئه‌سته‌مه و مرۆڤ ناتوانێت ئه‌نجامی بدات. بڕوانه : د. محه‌مه‌د ئه‌مین عه‌بدوڵڵا، بوون له شیعری "مه‌حوی"دا، چاپخانه‌ی تیشك-سلێمانی، چ1، ل130.
–دازاین واته (بوون-لێره) یان بوون له عاله‌مدا، ئه‌و زاراوه‌یه لای "هایدگه‌ر" واتایه‌كی دوو لایه‌نه ده‌گه‌یه‌نێت: له لایه‌ك به‌مانای مه‌وجودی مرۆیی به‌رچاو دێت، له‌لایه‌كی دیكه‌وه به مانای ئه‌و بوونه‌ی مرۆڤ دێت كه له میانه‌ی ئه‌و مه‌وجوده به‌رچاو ده‌كه‌وێت و ده‌بینرێت. بڕوانه : د. محه‌مه‌د ئه‌مین عه‌بدوڵڵا، بوون له شیعری… ل15،16.