با هه‌موومان چه‌ك نه‌فره‌ت بكه‌ین!! …..حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ
با هه‌موومان چه‌ك نه‌فره‌ت بكه‌ین!!
(بانگه‌وازێك بۆ ده‌سه‌ڵات و هاووڵاتی)
حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ
ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیاواز بووین، به‌رامبه‌ره دڕنده‌كانمان هه‌لاهه‌لای كردووین، گشت كه‌ره‌سته‌كانی زهبروزهنگو توندوتیژی بۆ قهڵاچۆكردنمان به‌كارهاتوون.. ئاسووده‌و دڵنیا نه‌بووین له ژیانمان..چونكه مێژوویه‌كی درێژمان له‌گه‌ڵ مه‌ترسی فهنابوونو مه‌رگدا هه‌یه، چركه‌كانی حه‌وانه‌وه‌و پشوومان هێند كه‌مبوون، متمانه‌مان به ده‌وروبه‌رو كه‌سی به‌رامبه‌ر كه‌مبووه.. له‌به‌رئه‌وه‌ی دوژمنه‌كانمان هه‌میشه چه‌كیان به‌ده‌سته‌وه بووه، گه‌ره‌نتیمان بۆ مانه‌وه زۆر كزبووه.. له په‌رچه‌كرداردا و به ناچاری په‌نامان بۆ چه‌ك بردۆته‌وه‌و مێژووی نه‌گریس چه‌كی نه‌فره‌تی لێكردوینهته هاوهڵو یاوه‌ر! ئه‌م نیشتمانه‌ی ئێمه بێنمونهیه له دیمه‌نه پڕ له خوێن و سه‌ربڕینی مرۆڤه‌كانی خۆیدا.. ئه‌م كۆمه‌ڵگایه، سیخناخه له دیرۆكی كوشتار‌و قڕكردنی تاكه‌كانی خۆیدا، ئاره‌زووی چه‌ك هه‌ڵگرتن لای هه‌ر تاكێكمان بۆته هۆكار و پاڵنه‌رێك كه به یه‌كسانی هه‌ر ماڵه‌و چه‌كێك یان زیاتری به‌ربكه‌وێت..
بۆیه ئیگۆیEgo كورد بكه‌ر بووه، له داپۆشینی ئه‌و حاڵه‌ته كێماسییهدا كه به‌ده‌مانچه‌وه ڕۆڵی خۆبهزلزانو خۆگیڤردنهوه له كۆڵان و شه‌قامدا بگێڕێت‌و رۆحی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌و قاره‌مانێتی ببێته خه‌سڵه‌تی سه‌ره‌كی تاكی كورد.. بۆ سه‌لماندنی ئه‌م بۆچوونه‌مان، بڕوانه له هه‌موو خێزانێكدا ده‌مانچه ده‌ده‌ینه ده‌ست كوڕ‌و بوكه‌شووشه بۆ كچه بێنازهكانمان ئاماده‌یه.. كه له ئێستادا كوڕه‌كان به زه‌بری په‌روه‌رده‌ی چه‌واشه‌مان به‌و چه‌كه دایك‌و خوشك‌و خێزانی خۆیان ده‌كوژنه‌وه!
جه‌رگبڕ ئه‌وه‌یه وه‌كو حكومه‌ت، بێپلان و بێبهرنامهین بۆیه بازرگانه‌كانمان كه ده‌چنه ده‌ره‌وه‌ی وڵات، چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیان بۆ منداڵ‌و گه‌نجی ئه‌م وڵاته هه‌ناسه‌سارده بیرناچێت.. ته‌نانه‌ت وایلێهاتووه كه نێو خوێندنگه‌و تاكسی و نه‌خۆشخانه‌و چاخانه‌و ماڵه‌كانمان جمه‌یاندێت له چه‌كی ههمهجۆر..!
به‌كاریگه‌ری لاسابیكردنهوه ئه‌م حه‌زو ئاره‌زووه لای منداڵی كورد گه‌وره بووه‌و له‌نێو گه‌نجانیشدا به رێژه‌یه‌كی به‌ربڵاو زیادی كردوه‌و له ته‌شه‌نه‌كردندایه، رێژه‌یه‌كی زۆر له‌گه‌نج.. له پیاوان هه‌ڵگری چه‌كن.. بۆیه لێره‌وله‌وێ كاره‌ساتی دڵته‌زێن رووده‌ده‌ن.. فاكته‌ریش ئاشكرایه: زۆرجار له‌سه‌ر شتێكی زۆر بێماناو بێ‌نرخ، له‌به‌ر قسه‌یه‌كی رهقو جنێوێك، له‌به‌ر بێ حه‌وسه‌ڵه‌یی و بێ‌ئارامی و یه‌كتر قبوڵنهكردنمان رۆژانه چه‌ندان قوربانی پێشكه‌ش به گۆڕستانه‌كان ده‌كه‌ین. مه‌ڵبه‌ندو بنكه‌كانی پۆلیس.. لووره‌ی نهجدهو ئیسعاف، نێو به‌ندیخانه‌كان: شاهیدو گه‌واهی ئه‌وه ده‌ده‌ن كه ئه‌م دیارده‌یه زۆر خراپ زیادیكردوه‌و په‌تاكه‌ی ئه‌مه‌ریكا گه‌یشتۆته لامان، چونكه رۆژ نییه كه‌سێك بریندار یان كوژراو نه‌بێت.
هۆكاره‌كانی چه‌كهه‌ڵگرتن و په‌ره‌سه‌ندنی تاوان‌و كوشت وبڕین فره هۆكارن و بریتین له نهزانیو نهخوێندهواریو ههژاریو بێكاری‌و دواكه‌وتوویی‌و ڕێز له یاسانهنان و پاشاگه‌ردانیی په‌روه‌رده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ركێفی دابونه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆنهپارێزو وتاری ئاینیی په‌ڕگیر و دواجار فه‌رهه‌نگی توندوتیژی ورۆحی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ش به‌ركه‌ماڵه.
چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م دیارده‌یه ئاسان نییه به تایبه‌تی كه چه‌ك بۆته هاوه‌ڵ و برای زۆرینه‌مان، وه‌كو گه‌نمێكی پڕژاوی نێو دڕكی لێهاتوه و كۆناكرێته‌وه.. به‌ڵام ئه‌ركی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته كه پێویسته یاسا سه‌روه‌ر و سه‌ردار بكات و سزا‌و غه‌رامه پته‌وو سهقامگیتر بكات.. رێكخراو‌و سه‌نته‌ری ئههلیو مهدهنیو حكومیی ئاكتیڤ‌و خه‌مخۆرتر بكات به‌تایبه‌ت له شارۆچكه‌و گونده‌كانی كوردستاندا، میدیاكان چالاكتر بن له هۆشیاركردنهوهداو كولتووری ئاشتیخوازیو ته‌بایی و برایه‌تی بكه‌نه ڕێسا‌و یاسا، چه‌ك نه‌فره‌ت بكرێت و هه‌ڵگرتنی نایاسایی ئه‌م به‌ڵا نه‌گریسه بكرێته تاوان.. سزا‌و غه‌رامه‌ی توند بخرێته سه‌ر سه‌رپێچیكاران و ئاشقانی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی..
كۆمه‌ڵگاكه‌مان له‌قۆناغی وهرچهرخانو بوژاندنه‌وه‌ی ئابووریدایه، كه ده‌بێت باجه‌كه‌ی ئه‌م دیاردانه بێت: رێژه‌ی تاوان‌و دزی‌و ژنكوشتنو تهڵاقو درۆكردن‌و لهشفرۆشیو لهشكڕینو قوماركردنو ئالوده‌بوون به خواردنه‌وه‌ی كحولییاتو حه‌شیشه‌و تریاك كێشان‌و روو لهههڵكشانن..
به‌نده پازده ساڵان له ئه‌وروپا ژیاوم و بۆیه ده‌زانم كه له‌وێش حكومه‌ت و پۆلیس زۆر توندن له هه‌مبه‌ر چهكبهدهستاندا.. چهقۆو ده‌مانچه‌ی شه‌خسی نایاسایی وه‌كو كوفرێك ده‌رهه‌ق به مرۆڤایه‌تی حسێبی بۆ ده‌كرێت!
بۆیه حكومه‌ت و حیزب و ده‌سه‌ڵاتی كوردی ده‌بێت وشیارترو دڵسۆزتر‌و كاراتربن بۆ قه‌لاچۆكردنی چه‌ك، به‌ڕاستی ئیدی ناكرێت باسی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی بكه‌ین و به كه‌مته‌رخه‌میه‌وه حوكمڕانبین.. تاكی كورد‌و هاوڵاتیش ببنه گورگه‌كه‌ی هۆبز دژ به‌یه‌ك. ده‌بێت دروشمی حكومه‌ت ئه‌مه بێت: با هه‌موومان چه‌ك نه‌فره‌ت بكه‌ین و لاسایی گاندیی مه‌زن بكه‌ینه‌وه كه هیندستانێكی زه‌به‌لاحی به‌بێ چه‌ك ئازادكرد..ئه‌گه‌ر هه‌قبێژ وراستگۆبین ده‌ڵێین: له داماڵینی چه‌كدا یه‌كگرتووی ئیسلامی پێشه‌نگه.