سه‌نته‌ریزمی سیاسی و ئایینی ده‌رچوون له‌ئایین
سه‌نته‌ریزمی سیاسی‌و
ئایینی ده‌رچوون لهئایینگفتوگۆ له‌گه‌ڵ مارسیل غوشیێ
وه‌رگێڕانی: بڕوا عه‌لادین
فهیلهسوفو مێژوونوسی فه‌ره‌نسی مارسیل غوشیێ سه‌رقاڵی وێنه‌كێشانی ژینالۆژیای مه‌رجی مۆدێرنه‌یه: هه‌ر له‌مێژووی سیاسی ئایینه‌كانه‌وه تاوه‌كو له‌دایكبوونی زانستی پزیشكی سایكۆلۆژی‌و پاشتریش سیما نوێكانی منداڵی‌و په‌روه‌رده. ئه‌و، وه‌ك شایهتحاڵێكو شیكه‌ره‌وه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ندی ژیانی سیاسی‌و دوور له‌داموده‌زگا باوه‌كان بوونی خۆی سه‌لماندوه. ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كیش ده‌نگی له‌نێو ده‌نگی ئه‌و فه‌یله‌سوفانه‌دا نه‌بیسترابێت كه ئامرازه‌كانی ڕاگه‌یاندن بانگه‌شه‌یان بۆ دهكهنو بایهخیانپێدهدهن، ئه‌وا له‌م ده ساڵه‌ی دواییدا بۆته یه‌كێك له‌و فه‌یله‌سوفانه‌ی كه زۆر گوێی لێده‌گیرێت. داواكارییه‌كانی جه‌ماوه‌ر له غوشیێ به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك بووه كه ناتوانین ژماره‌ی ئه‌و مێزگردو كۆڕ‌و سیمینار‌و كۆبوونه‌وانه بژمێرین كه ئه‌م فه‌یله‌سوفه تێیاندا تیشكده‌خاته سه‌ر سه‌رده‌می ئێستامان، ئه‌ویش به‌كاركردن به‌و تێزانه‌ی كه بۆماوه‌ی سی ساڵ ده‌بێت به‌رگرییان لێده‌كات، به‌تایبه‌تی ئه‌و تێزه‌یه‌ی كه ده‌ڵێت: نابێت ئێمه له‌جیاتی هاوڵاتی بیربكه‌ینه‌وه، به‌ڵكو ده‌بێت ئه‌و هه‌موو ئامراز‌و كه‌لوپه‌لێكی بۆ دابینبكرێت تاوه‌كو به‌شێوه‌یه‌كی ڕوون‌و به‌رچاو ڕای تایبه‌تی خۆی دروستبكات.
مارسیل غوشیێ ساڵی 1946 له‌ناوچه‌ی مانشی فه‌ره‌نسی لهباوكێك كه كرێكاری ڕێگاوبان‌و داێكێكی به‌رگدورو له‌دایكبووه. ئه‌و له‌خوێندنگه‌ی باڵای مامۆستایان ده‌ستی به خوێندن كردوه‌و بۆ ماوه‌یه‌ك لێیدابڕاوه، به‌رله‌وه‌ی له مانگی مای 1968 دا به‌چاودێری كلۆد لۆفۆر ده‌ستبكات به توێژینه‌وه‌ی فیكری سیاسی‌و هه‌ر له‌و كاته‌وه به‌رده‌وامبێت له‌سه‌ریان. هه‌موو دیداره فیكرییه‌كانی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی گلادیس سوین كه پزیشكی ده‌روونییه، هه‌روه‌ها پیار كلاستهرو فرانسۆ فۆریو بیار مانانتو ئه‌وانی دیكه وایكردوه كه بواری كاره‌كه‌ی بێئه‌ندازه به‌رفراوان بێت‌و به‌ئاڕاسته‌یه‌كی دیكه‌دا بڕوات، به‌ڵام وه‌كو خۆی كه‌سێكی بێئه‌ندازه ئینسایكلۆپیدییه. له‌ئێستادا غوشیێ به‌ڕێوه‌به‌ری توێژینه‌وه‌یه له‌خوێندنگه‌ی توێژینه‌وه‌ی باڵای زانسته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و سه‌نته‌ری (ریمۆن ئارۆن) بۆ توێژینه‌وه‌ی سیاسی، هه‌وره‌ها به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینی گۆڤاری (Le Débat) یشه. تائێستا غوشیێ نزیكه‌ی 21 كتێب‌و 59 وتاری بڵاوكردۆته‌وه. ئه‌مه‌ی خواره‌ش یه‌كێكه له‌تازه‌ترین دیالۆگه‌كانی كه مارتن لۆغرو و نیكۆلا تروینگ له‌گه‌ڵیدا سازیانكردوهو ، مانگی مارسی ساڵی 2007 له‌ژماره حه‌وتی گۆڤاری فه‌لسه‌فه‌ی فه‌ره‌نسیدا بڵاوكراوه‌ته‌وه.ـ ئایا به‌ڕای تۆ كورتكردنه‌وه‌ی سیاسه‌ت له‌مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیدا نیشانه‌یه‌ك نیه بۆ ئه‌و شته‌ی كه تۆ ناوی ده‌نێیت سه‌نته‌ریزمی سیاسی، یاخود به‌پێچه‌وانه‌وه شێواندن‌و لادانی سیاسه‌ته له‌ره‌وته ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خۆی له‌لایه‌ن ئامرازه‌كانی ڕاگه‌یاندنه‌وه؟
غوشیێ: ده‌بێت هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه جیاوازی له‌نێوان دوو شت‌دا بكه‌ین: سروشتێكی كۆمه‌ڵایه‌تیمان هه‌یه كه ئامانجی تێكشكاندنی وشكییو ڕۆتینهو خوازیاری په‌خشكردنه‌وه‌ی جموجۆڵه له‌ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، له‌هه‌مانكاتیشدا ناتوانین روداوی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی كورتبكه‌ینه‌وه بۆ كۆمیدیایه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ڕووت، چونكه خه‌ڵكی چاوه‌ڕوانییه‌كی زۆریان لێی هه‌یه. فه‌ره‌نسییه‌كان (كه ئه‌مه یه‌كێك لهتایبهتمهندێتیهكانیانه) ناتوانن هه‌روا به‌ئاسانی له‌به‌رده‌م ئه‌م شه‌پۆله لیبراڵییه گه‌وره‌یه‌ی ئێستادا بێدهسهڵاتو ده‌سته‌پاچه بوه‌ستن. پاش تێپه‌ڕبوونی نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م له‌ژێر دروشمی باوه‌ڕبوون به رزگاربوونی كۆمه‌ڵگه‌كان له‌ڕێگه‌ی سیاسه‌ته‌وه، ئه‌مێستا بارودۆخێك ده‌گوزه‌رێنین كه ته‌واو گۆڕاوه به‌ئاڕاسته‌ی رزگاربوون له‌سیاسه‌ت، به‌قازانجی كۆمه‌ڵگه‌و تاكه سه‌ربه‌خۆكان. به‌حوكمی مێژووه‌كه‌یان، وادیاره فه‌ره‌نسیه‌كان باوه‌ڕیان به‌وه هه‌یه كه سیاسه‌ت بتوانێت روبه‌ڕوی ئه‌و ئاڕاسته لیبراڵییه ببێته‌وه. ئه‌وان تا ئێستاش هه‌ر بڕوایان به سه‌روه‌ریی كۆگهلیی هه‌یه. دیاره ده‌شێت ئایدیای دیموكراتی تایبه‌ت به ئۆتۆنۆمی به‌دوو ئاڕاسته‌ی ته‌واو لێكدژو ناكۆك شرۆڤهبكرێت: یان له‌سه‌ر رێچكه‌ی ئه‌نگلۆساكسۆنی كه بریتیه له‌ئازادی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی لهڕێكخستنێكی خۆییدا، یان له‌سه‌ر رێچكه‌ی فه‌ره‌نسی به‌و مانایه‌ی وابه‌سته‌ی بوونی میكانیزمێكی سیاسی ئه‌وتۆیه كه له‌ڕێگه‌یه‌وه توانای هه‌ڵبژاردنی كۆگه‌لی دروستده‌بێت. ئه‌مه شتێكه كه هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی گه‌واهی لێده‌دات: ئێمه تا ئێستاش هه‌ر پابه‌ندین به‌و وێناكردنه‌وه، جا لهقازانجمان بێت یان به زیان به‌سه‌رماندا بشكێته‌وه، ئه‌وه‌یان شتێكی تره.
ـ ئه‌ی ئایا ئه‌و باوه‌ڕه فه‌ره‌نسییه به سیاسه‌ت شتێكی ڕه‌وایه یان وه‌همییه؟
غوشیێ: باوه‌ڕبوون به بوونی هێزێكی مه‌زنی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر وههم بوو، به‌ڵام ئه‌م شه‌پۆله لیبراڵییه‌ی ئێستا كه‌وتۆته ژێر كاریگه‌ری وه‌همێكی پێچه‌وانه‌وه: وه‌همی دهستهپاچهییو بێده‌سه‌ڵاتیی، یان وه‌همی پێواری سیاسی. چونكه ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی خودئاسایی (ژاتی) ڕێكخرابێت، ناتوانێت كاربكات‌و به‌رده‌وامبێت، كه ئه‌وه‌ش دیسان ده‌بێته هۆی جۆرێك لێكداماڵین كه تاكه‌كان ناتوانن قبوڵیبكهن. كۆمه‌ڵگه لیبراڵه‌كانیش مه‌رامیان بڕینه‌وه‌ی لقی ئه‌و دره‌خته‌یه كه له‌سه‌ری دانیشتوه، چونكه بڕوایان وایه دهكرێتو ده‌شێت چاو له بوونی سیاسی* بپۆشرێت، له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ی ڕێگه كاركردنی ده‌دات بوونی ئه‌و سیاسیه‌یه.
ـ تۆ هه‌میشه جه‌خت له‌وه ده‌كه‌یته‌وه كه پێویسته جیاكاری له‌نێوان سیاسی‌و سیاسه‌تدا بكرێت، ده‌كرێت بزانین جیاوازییه‌كه‌یان چیه؟
غوشیێَ: سیاسه‌ت شتێكی داهێنه‌رو تازهكهرهوهیه، ته‌واوی ئه‌و چالاكیانه ده‌گرێته‌وه كه له‌چوارده‌وری ده‌سه‌ڵاتی نوێنه‌رایه‌تی، واته ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌وا لهكۆمهڵگهكاندا ئه‌نجامده‌درێن، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه دێته‌ئاراوه‌و پێویستی به ڕستێك هه‌لومه‌رج هه‌یه (هه‌ر له‌ئازادی رۆژنامه‌گه‌رییه‌وه بیگره تاوه‌كو بوونی حیزبه‌كان‌و گفتوگۆی گشتی). به‌ڵام كۆمه‌ڵگه لیبراڵه‌كان ده‌یانه‌وێت هه‌موو شتێك بگه‌ڕێننه‌وه بۆ سیاسه‌ت. له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه ئازادییه تاكه‌كه‌سیه‌كان ده‌سه‌ڵاتێك به‌رهه‌مده‌هێنن كه نوێنه‌رایه‌تییان بكات، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتێكی دیاریكراوه‌و تایبه‌ته به ئازادییه سه‌ره‌كییه‌كان. لێره‌دا ئه‌وه‌ی كه سه‌ره‌كیه ئازادییه تاكهكهسیهكانه، له‌كاتێكدا رۆڵی ده‌سه‌ڵات كورتده‌بێته‌وه بۆ پاراستنی هه‌لومه‌رجه‌كانی ئه‌گه‌ری ئیشكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی بازاڕ، كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه زاده‌ی یه‌كگرتن‌و پێكهاتنی ئازادی بكهرهكانه.
به‌ڵام سیاسی (یاخود ئه‌و شته‌ی كه سیاسییه) ته‌واو جیاوازه. سیاسی بریتیه له‌و شته‌ی كه وا ده‌كات هه‌ماهه‌نگی كۆمه‌ڵگه پارێزراو بێت، شتێكه هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ژیانه‌وه هه‌یه. ئه‌ركی سیاسی بریتیه له‌به‌رهه‌مهێنانی بوون‌و هه‌بوونی كۆمه‌ڵگه مرۆییه‌كان، چونكه به‌پێچه‌وانه‌ی كۆمه‌ڵگه ئاژهڵییهكانهوه خاوه‌نی كهینونهیهكی سروشتی نیه. بۆ نمونه مێروله یان گیانه‌وه‌رێكی وه‌ك گۆڕهه‌ڵكه‌نه ـ تا ئه‌وه‌نده‌ی من بیزانم ـ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك گفتوگۆ له‌سه‌ر چۆنێتی ڕێكخستنه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌یان ناكه‌ن،. یه‌كێك له‌دیارترین خاسیه‌ته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی بریتیه له‌توانای سه‌رله‌نوێ خۆبه‌رهه‌مهێنانه‌وه له‌ڕێگه‌ی ئه‌و شته‌وه كه سیاسییه، چونكه ته‌نها ئه‌وه گه‌ره‌نتییه بۆ دهسهڵاتو كۆنترۆڵی كۆمه‌ڵگه‌كان به‌سه‌ر خۆیاندا. پرسیاره‌كه لێره‌دا ناسین‌و زانینی چاره‌نوسی ئه‌و (سیاسی) یه‌یه لهكۆمهڵگهكهنماندا كه تێیاندا سیاسه‌ت هه‌موو گۆڕه‌پانه دیار‌و بینراوه‌كانی داگیركردوه.
وه‌همی لیبراڵی باوه‌ڕبوونه به به‌ته‌واوه‌تی توانه‌وه‌ی سیاسی له‌ناو سیاسه‌تدا، ئه‌مه له‌كاتێكدا سیاسی به‌شێوه‌یه‌كی شاراوه‌و په‌نهان هه‌ر بوونی هه‌یه: سیاسی گوێزراوه‌ته‌وه بۆ ناو ژێرخانی ره‌مزیی كۆمه‌ڵگه‌كان. سیاسی پاش ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر وه‌ك رێَكخهری كۆمه‌ڵگه‌كان له‌سه‌ره‌وه ده‌رده‌كه‌وت، ئه‌وه‌تا ئێستا له‌ژێره‌وه ههماههنگیو هارمۆنی خۆی به‌رهه‌مده‌هێنێته‌وه. سیاسی بریتیه له‌و ده‌فره نادیار‌و نه‌بینراوه‌ی كه رێ بۆ كرداری ئازادیه تاكه‌كه‌سیه‌كان خۆشده‌كات، به‌بێئه‌وه‌ی بپرسێت كه داخۆ چ شتێكه پێكه‌وه كۆیانده‌كاته‌وه. دیاره باشترین به‌ڵگه‌ش بۆ بوونی ئه‌و فه‌رمانه شاراوه‌یه‌ی سیاسی بریتیه له‌و كێش‌و قه‌واره‌یه‌ی كه ده‌وڵه‌ت هه‌یه‌تی. له‌كاتێكدا وا گریمانهدهكرێت كه ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هیچ شتێك‌دا نه‌بێت، كه‌چی ده‌بینین هه‌مووان له‌ژێر زه‌بری چه‌پۆكی ئهودانو ناتوان له‌ده‌ستی رزگاربن! ته‌نانه‌ت له‌ئه‌مریكادا، سه‌رباری توانای دیاریكراوی رۆڵی ده‌وڵه‌ت به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌وروپا، كه‌چی له % 36 ی دارایی‌و سه‌روه‌توسامانی نیشتمانی بۆخۆی دهباتو به‌كاریده‌هێنێت. به‌ڕاستیش هه‌روایه، ئه‌وه سیاسییه كه ڕێگه بهئیشكردنی سیاسه‌ت ده‌دات.ـ ئایا له‌ئێستادا ئاڕاسته‌ی فیكری 68 بوونی هه‌یه، ئه‌ی ئایا تۆ به‌شێكیت لێی؟
غوشیێ: شتێك هه‌یه كه ده‌شێت به ئاڕاسته‌ی فیكری 68 ناوبنرێت، ئه‌گه‌رچی خۆی له‌خۆیدا ئه‌و نازناوه وه‌ك شتێكی بێ‌مانا ده‌رده‌كه‌وێت، چونكه نوێنه‌ره‌كانی ئه‌و ئاڕاسته‌یه سه‌ر به نه‌وه‌ی پێشوون. به‌ڵام داخۆ راستی‌و هه‌قیقه‌تی پشت ئه‌و ناونانه زل‌و قه‌بانه‌ی وه‌ك (پۆست ـ بونیادگه‌ری، لێكشیتاڵگهرییو پۆستمۆدێرنهو ئه‌و جۆره شتانه) چی بێت؟
هه‌موو ئه‌وانه بریتین له بیرۆكه‌و ئایدیای لێكنزیكردنهوهیهكی تیۆری نێوان ته‌واوی ئه‌و ده‌سكه‌وت‌و داهێنانانه‌ی له‌بواره‌كانی زمانناسیو ئهنسۆلۆژیاو ده‌روونشیكاریدا ـ بێگومان له‌ژێر سایه‌و چه‌تری فه‌لسه‌فه‌دا ـ به‌دیهاتون. من وه‌كو خۆم پابه‌ندم به‌و ئاڕاسته‌یه‌وه، وه زۆر بهئهمهكیشم بۆی. من پێموایه به‌رنامه‌ی دروست بریتیه له‌وه‌ی كه ئێمه له‌به‌ر رۆشنایی داهێنانو ده‌سكه‌وته‌كانی زانسته مرۆییه‌كاندا هێنده ره‌گه‌زی دهستهبهرو ئاماده‌كراومان له‌به‌رده‌ستدایه كه ببنه گه‌ره‌نتی بۆ سه‌رله‌نوێ چاوخشاندنه‌وه‌یه‌كی ڕه‌گوڕیشه‌یی به چۆنایه‌تی مرۆیی‌دا، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی مێژوو‌و كاركردنه فیكری‌و سایكۆلۆژی‌و سۆزدارییهكهیهوه….هتد. به‌ڵام كێشه‌كه له‌ده‌ربڕینی ئه‌وه‌دایه وه‌ك پێویست. له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه من ڕه‌خنه‌ی زۆر توندم له‌ده‌ستكه‌وته فیكرییه‌كانی ئه‌و قۆناغه هه‌یه (لاكان، لیڤی شتراوس، دێرێدا، فۆكۆ). به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌دان به ده‌ره‌نجامه به‌ده‌ستهاتوه‌كانی هه‌وڵه شكستخواردوهكانیاندا ده‌نێم، هێشتا هه‌ر پێموایه كه كاره‌كانیان له‌دوو توێی خۆیاندا هه‌ڵگری تۆوی نوێكردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیین.ـ ئایا له‌م ڕوانگه‌یه‌وه بوو كه بایه‌خدانی تۆ به ئه‌نترۆپۆلۆژیا ده‌ستیپێكرد؟ تۆ ده‌تویست ئه‌نجامه فه‌لسه‌فیه‌كانی كه‌شفه‌كانی بواری ئهنترۆپۆلۆژیات چنگبكهوێت، له‌وانه‌ش كاره‌كانی پیار كلاسته‌ر سه‌باره‌ت بهكۆمهڵگه دژهدهوڵهتهكان. ئایا ئه‌و وانه‌یه‌ی كه لهكێوییهكانهوه فێری بوون چییه؟
غوشیێ: ته‌واوی فه‌لسه‌فه‌كانی مێژوو فهلسهفهس پێشكه‌وتنن: ئێ خۆ مرۆڤایه‌تیش بریتیه له‌پێشكه‌وتن، ئه‌مه شتێك بوو كه تاوه‌كو ساڵانی 1900 یش هه‌ر به‌ڕاستمان ده‌زانی، چونكه هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه ده‌رباره‌ی مێژوو ده‌مانزانی پشتیان به‌و دیكۆمێنته نوسراوانه به‌ستبوو كه په‌یوه‌ندییان به ده‌وڵه‌ته‌وه هه‌یه. ئه‌گه‌رچی لهایكبوونی مێژوو به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌و كاته‌وه فێری بووین، شتێكی نوێیه: ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پێنج هه‌زار ساڵ. به‌ڵام كه‌شفه ئهنترۆپۆلۆژییهكان ته‌مه‌نیان هێنده‌ی ته‌مه‌نی مێژووی مرۆییه‌و زهمینهسازكهرن بۆ ئه‌وه‌ی به‌وپه‌ڕی دڵنیایی‌و متمانه‌وه لێكچوونێك له‌گه‌ڵ ئه‌و شتانه بكه‌ین كه تاوه‌كو ئه‌وكاته ته‌نها رستێك مه‌سه‌له‌ی گوماناوی بوون‌و هیچی تر. چونكه ئه‌گه‌ر له‌و لێكچوونه بچكۆله، وه‌لێ به‌هێزو پتهوانهوه سه‌یربكه‌ین، سه‌ره‌تاكانی مرۆڤایه‌تی زۆر له‌وه جیاوازتره كه ئێمه بۆیچوبووین. ڕه‌نگه له‌هه‌مووشیان سه‌رسوڕهێنه‌رتر ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی به‌ر له‌ده‌وڵه‌ت بن كه پییار كلاسته‌ر رۆشنایی خستۆته سه‌ریان، ئه‌وانه گروپگه‌لێكی به‌دبه‌ختی ئه‌وتۆ نین كه خوازیار‌و تامه‌زرۆی پاشه‌ڕۆژێكی دهوڵهتئامێزی باشتر بن.
ـ به‌پێی داڕشتنێك كه ده‌شێت ساكارترو ڕونتر بێت، ئه‌وه كۆمه‌ڵگه "دژ بهدهوڵهتهكانن". ئه‌ی چۆن ده‌كرێت له‌دژی شتێك بین كه ته‌واو نایناسین؟
غوشیێ: ئه‌وانه گروپگه‌لێكی خۆڕێكخهری ئه‌وتۆ نین كه به‌ڕێگه‌ی ده‌ستهه‌ڵبڕین (دهنگدانو هه‌ڵبژاردن) ده‌نگیان له‌دژی ده‌وڵه‌ت دابێت، به‌ڵكو كۆمهڵگهگهلێكن به‌شێوه‌یه‌ك ڕێكخراون كه واده‌كات دروستبوونی ده‌زگای ده‌وڵه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو جودا لێیان، شتێكی شیاو نهبێتو مه‌حاڵ بێت، كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆمهڵگهگهلی سیاسین. كه‌واته ده‌بێت په‌یوه‌ندی نێوان سیاسی‌و ده‌وڵه‌ت جیابكه‌ینه‌وه.
تاوه‌كو ئێستاش یه‌كێك له‌و پرسیارانه‌ی كه له‌كاره‌كانی پییار كلاستهردا به هه‌ڵپه‌سێردراوی ماوه‌ته‌وه بریتیه لهناسینو زانینی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی كه واده‌كات كۆمه‌ڵگه‌گه‌لێك هه‌بن بتوانن سه‌رباری سیاسیبوونیان، لهپێواری ده‌وڵه‌تدا بژین‌و هه‌بن؟ به‌لای منه‌وه وه‌ڵامه‌كه خۆی له‌فاكته‌ری ئایینی‌دا ده‌بینێته‌وه. پێشنیاری من تێگه‌یشتنه له‌ئایینی میلله‌ته كێوییه‌كان له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌و فه‌رمانه كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسیه‌دا كه دهیگوزهرێنێو ئابڵوقه‌ی داوه، ئه‌وه ڕادیكاڵیترین فۆرمی ئایینیه كه ده‌شێت وێنابكرێت. هه‌موو ئایینه‌كان باوه‌ڕیان به‌بوونی پره‌نسیپێكی باڵا هه‌یه كه له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆیانه‌و ده‌توانێت جڵه‌وی كاروباری مرۆیی بكات. وه‌كچۆن ئه‌و ئایینه سه‌ره‌تاییانه له‌چوارده‌وری توندترینی شێوه‌كانی پره‌نسیپی ده‌ره‌كی باڵا، كه شایانی وێناكردن بێت، خۆیان ڕێكده‌خه‌ن: مه‌به‌ستم لهپێشوهختیی زه‌مه‌نییه. له‌م چه‌شنه بۆچوون‌و وێناكردنهدا هه‌موو شتێك زاده‌ی شتێكی پێش‌و بهرلهخۆیهتی. به‌مانایه‌كی دی، ئه‌وه بنچینه، یاخود چركه‌ساتی ڕێكخستنی شته‌كانه ئه‌و چۆنێتیه ده‌ستنیشانده‌كات كه ئێمه به‌هۆیه‌وه ده‌ژین. دیاره ئه‌مه‌ش ده‌ره‌نجامی سیاسی خۆی هه‌بووه: كه‌س بۆی نیه خۆی به هاوشانو هاوتای پره‌نسیپی دامه‌زرێنه‌ر بزانێت، هه‌مووان له‌به‌رده‌م كات‌و زه‌مه‌نی پێشینه‌كاندا یه‌كسانن، ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی كه وه‌كو میراتی بۆمان ماوه‌ته‌وه‌و پێویسته هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ههتاههتاییبكهین كه لێوه‌ی فێریبووین. كه‌واته له‌بواری زانستی غهیبو غهیبناسیدا كه‌س بۆی نیه له‌پله‌وپایه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا بێت.ـ ئایا به‌ڕای تۆ ئایینه مێژووییه مه‌زنه‌كان له‌كوێدا بهرجیهانی غه‌یب له‌لای مرۆڤ، ده‌كه‌ون؟
غۆشیێ: به هێنانو دانانی ئه‌و شته‌ی كه یه‌زدانییه لهههنوكهدا، كه به‌م كاره‌ش مه‌سه‌له‌ی یهزدانو یهزدانییبوون ده‌كاته بابه‌تی ئه‌زمونێكی ڕاسته‌وخۆی مرۆڤ، به‌چاوپۆشین لهدهرهنجامه ترسناكه‌كانی ئه‌م كێشه‌یه كه ئه‌ویش بریتیه له: بوونی نێوانگریی یه‌زدانیی له‌نێو جیهانی مرۆڤه‌كاندا. ئه‌وه‌ی له‌كۆمه‌ڵگه سهرهتاییهكانداو به‌سه‌ر باوباپیره دامهزرێنهرهكاندا هاتوه‌و ڕویداوه شتێكه كه‌س پێیناگات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ئێستاشدا بمانه‌وێت پهندیلێوهرگرینو شتی لێوه‌فێربین، دواجار سه‌رده‌می موقه‌ده‌س تێپهڕیو تازه ناگه‌ڕێته‌وه.
له‌گه‌ڵ بوونی خواوهندێكدا بنچینه ده‌بێته هه‌نوكه‌و ئێستا، ئه‌و كه‌سه‌ش كه بیه‌وێت شه‌ریعه‌ت دابنێت، ئه‌وا هه‌ر خه‌ریكی سه‌پاندنی ده‌بێت به‌سه‌ر مرۆڤدا، دیاره ده‌كرێت به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ (به‌هۆی سۆفیزمه‌وه) یان ناڕاسته‌وخۆ (له‌ڕێگه‌ی په‌رستنه‌وه) په‌یوه‌ندی پێوه‌بكرێت.ـ له‌ناو ئایینه یهكتاپهرستییهكاندا به‌ڕای تۆ مه‌سیحیه‌ت ئایینێكی ڕه‌سه‌نه: "ئایینی ده‌رچوونه له‌ئایین". مه‌به‌ستت له‌م ده‌سته‌واژه‌یه چییه؟
غوشیێ: له‌ئایینه یهكتاپهرستیهكاندا پرسیاره سه‌ره‌كیه‌كه په‌یوه‌ندی بهڕێچكهكانی سروشو وه‌حییه‌وه هه‌یه. ئێمه له‌مه‌سیحییه‌تدا بڕبڕه‌پشتی ڕه‌سه‌نایه‌تی مه‌سیحیه‌ت ده‌بینین، چونكه یه‌زدان نه له‌زاری خۆیه‌وه قسه‌ده‌كات‌و نه شه‌ریعه‌تیش داده‌نێت، به‌ڵكو كوڕه‌كه‌ی ده‌نێرێت، كه له‌یه‌ك كاتدا هه‌م خودایه‌و هه‌م مرۆڤ. ئه‌م ڕاستیه ده‌لاله‌تێكی هه‌یه كه ناكرێت هه‌روا به‌ئاسانی به‌سه‌ریدا تێپهڕینو فه‌رامۆشی بكه‌ین، ئه‌ویش بریتیه له‌وه‌ی بواری مرۆیی ره‌سه‌نایه‌تییه‌كی بێكه‌موكوڕی هه‌یه. چونكه بۆئه‌وه‌ی قسه له‌گه‌ڵ مرۆڤ بكه‌یت، ده‌بێت زمانێكی مرۆیی بزانیت‌و پێیبدوێت، ئه‌وه‌یشی كه خودایی‌و یه‌زدانییه شتێكه له‌شوێنێكی دیكه‌وه دێت. ئالێره‌وه فه‌زایه‌كی شرۆڤهئامێزو هێرمۆنۆتیكی ئه‌وتۆ خۆیمان له‌به‌رده‌مدا ده‌كاته‌وه بۆ ڕاڤه‌كردنی ئه‌و شته‌ی كه ده‌شێت یه‌زدانیی بێت، به به‌راورد به‌وه‌ی كه په‌یامبه‌ره‌كه‌ی خۆی ناردوه. ئه‌ڵبه‌ته ئه‌م ڕاڤهكردنهش ڕاسته‌وخۆ وامانلێده‌كات پشت به غهیبو غه‌یبانیه‌ت ببه‌ستین. ئه‌مه واده‌كات ژیانی دنیایی‌و سه‌ربه‌خۆییه تایبه‌تیه‌كه‌ی له‌جیهانی غه‌یب جیابكه‌ینه‌وه، كه ئه‌وه‌ش بۆ خۆی ده‌بێته مایه‌ی دروستبوونی بزاوتێكی جیاكه‌ره‌وه له‌نێوان ئه‌و دوو بواره‌دا بۆ واقیع، شتێك كه له‌مێژووی مه‌سیحیه‌تدا نه‌بێت، له‌مێژووی هیچ كام لهئایینهكانی دیكه‌دا ڕوینه‌داوه. ئه‌مه دراوه لۆژیكیهكهیه. به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وه‌ش ده‌بوو مێژوو ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ی ده‌ربخستایه كه له‌نێویدا تۆماركراون، شتێك كه هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ساڵی 1000 ه‌وه له‌ئه‌وروپای خۆرئاواییدا كراوه، له‌كاتێكدا مه‌سیحیه‌تی خۆرهه‌ڵاتی شتی وای به‌خۆیه‌وه نه‌بینیوه.
ـ كه باس لهپوچهڵكردنهوهی جیهان لهئهفسون ده‌كه‌یت، مه‌به‌ستت له‌فه‌رمانه سیاسییه‌كه‌ی ئایینه. به‌ڵام ئایا ناكرێت ئه‌زموونی ئایینی ژیانی خۆی بژی‌و ئه‌و دۆخه تێبپه‌ڕێنێت؟
غوشیێ: من نامه‌وێت ئایین له‌فه‌رمانه سیاسییه‌كه‌یدا كورتبكه‌مه‌وه، ئه‌وه‌یان مێژووییه‌كی دیكه‌یه. ئێمه له‌ئه‌وروپادا ده‌بینین كه رۆڵی ئایین له‌ڕێكخستنی كۆگهلییدا ته‌واو كز بووه، به‌ڵام دیاره ئه‌مه ناكاته خاڵی كۆتایی مێژووی ئایین. ئێمه ته‌نها ئه‌وه‌نده‌مان له‌سه‌ره كه مێژووی ئهنترۆپۆلۆیی ئایین بنوسینه‌وه، به‌ڵام وه‌ك رۆڵی ئایین له‌شاردا نا، به‌ڵكو وه‌ك سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌نترۆپۆلۆژیانه‌ی دۆگما ئایینییه‌كان. مرۆڤ ته‌نها ئاژه‌ڵێكه توانای ئایینییبوونی هه‌بێت، با ئه‌مه وا لێكنه‌درێته‌وه كه من مه‌به‌ستمه بڵێم مرۆڤ هه‌ر به سروشتی خۆی‌و زگماكی ئایینییه، نه‌خێر، به‌ڵكو جه‌وهه‌ری وایه كه له‌باربێت بۆ ئایینییبوون. هه‌ر ئه‌و لهباربوونهشی بۆ ئایینییبوون زۆر به‌چڕوپڕی له‌مێژووی خۆیدا به‌سه‌ریدا زاڵبووه. به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه مانای ئه‌وه ناگه‌یه‌نن كه ئایینییبوونی مرۆڤ قه‌ده‌رێك بێت‌و نه‌توانێت لهكۆتوپێوهندهكانی ده‌ربازبێت، چونكه ده‌توانێت بوار بۆ شتێكی دیكه بڕه‌خسێنێت. به‌ئاڕاسته‌یه‌كی دیكه‌شدا ئه‌مه مانای وایه كه هاوكات مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌ندی به هه‌لومه‌رجی ئایینییه‌وه هه‌یه. كاتێك مرۆڤ له‌وه ده‌وه‌ستێت ئایینیی‌و ئایینپه‌روه‌ر بێت، ئه‌وا وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه، له‌كاتێكدا هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی دیكه كه ئایین داوای ده‌كه‌ن، نێوه‌ندی دیكه بۆ ده‌ربڕین ده‌دۆزنه‌وه، ئه‌مه‌ش ئه‌و گۆڕانه شكستخواردوهیه كه ئێمه ته‌مای گوزهراندنین. تائێستاش ئه‌نترۆپۆلۆژیای ئه‌گه‌ری ئایینی (یاخود لهباردابوونی ئایینی) باشترین ئامرازه بۆ تێگه‌یشتن له‌مرۆڤایه‌تی هاوچه‌رخ كه واده‌رده‌كه‌وێت دووربێت له‌و مه‌ترسیانه. ته‌نانه‌ت له‌ترۆپكی ماتهریالیزمو ئه‌وپه‌ڕی چێژپهرستیشدا شتێكی دیكه هه‌یه خه‌ریكی ئیشكردنه.
ئایا كۆتایی فه‌رمانی سیاسییانه‌ی ئایین له‌نرخی باوه‌ڕی ئایینی تاكه‌كه‌س كه‌مناكاته‌وه؟
غوشیێ: ئێمه له‌كیشوه‌ری پیردا، له‌به‌رده‌م گوزه‌راندنی كۆتایی ئایینی سۆسیۆلۆژیداین، واته ئه‌و ئایینه‌ی تا ماوه‌یه‌كی زۆر كورت له‌مه‌وبه‌ریش وه‌ك فاكته‌رێكی پێكهوهلكێنهر وابوو له‌نێو كۆمه‌ڵگه بچكۆله‌كاندا (گه‌ڕه‌كه‌كانی شار، ره‌عیه‌تی كه‌نیسه، كۆمه‌ڵگه‌ی جوتیاران…). به‌لای ئه‌وانه‌وه سوڕی ژیان له‌لایه‌ن سروته ئایینییه‌كانه‌وه ڕێكخرابوو (سروته‌كانی خه‌ته‌نه‌كردن، له‌دایكبوون، قوربانیدان، هاوسه‌رگیری، مه‌راسیمه‌كانی تهرمناشتنو به‌خاكسپاردن) كه تاوه‌كو ئێستاش هه‌ر كۆتاییان نه‌هاتوه، چونكه خه‌ڵكی ته‌نانه‌ت له‌گه‌رمه‌ی كوفركردنو بێباوهڕیشیاندا به‌هه‌موو شته‌كان هه‌ر نیگه‌ران ده‌بن له‌وه‌ی كه به‌بێ سروت‌و مه‌راسیم به‌خاكبسپێردرێن. هه‌موو ئه‌مانه‌ش ما‌نایان وایه ئه‌گه‌ر مرۆڤ بوونهوهرهێكی ئایینییش نه‌بێت، ئه‌وا بوونه‌وه‌رێكی سروتئامێزه. به‌ڵام سه‌رباری هه‌موو ئه‌و شتانه‌ش، له‌ناوبردنی ئایینی كامڵبوونی كۆمه‌ڵایه‌تی كاریگه‌رییه‌كی به‌رچاوی له‌سه‌ر پله‌وپایه‌ی باوه‌ڕدارێتی هه‌بووه، كه به‌هۆی ئه‌وه‌شه‌وه باوه‌ڕداره‌كان به‌پێی نهریتو خووهكانیان دورخراونه‌ته‌وه، واته ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ئاماده‌ی سروته ئایینییه‌كان ده‌بن بۆئه‌وه‌ی وه‌كو ئه‌وانی دیكه بن. به‌ڵام به‌و دیویشدا وای له‌دوا باوه‌ڕدار كردووه ببێته دهمارگیرترین كه‌س كه پێ له‌سه‌ر دۆگماكهی داده‌گرێت، كه زۆربه‌ی كات نمایشی ناڕه‌زایه‌تی ده‌كات دژ به به‌هاو نۆرمه باوه‌كانی كۆمه‌ڵگه. دۆگمای ئایینی ده‌خوازێت ببێته ئامرازێكی ره‌خنه‌یی دژ بهسادهكردنهوهی جیهان، هه‌تاوه‌كو ئه‌و دابڕان‌و جیابوونه‌وه‌یه‌ش له‌نێوان ئایین‌و نمایشی كۆمه‌ڵایه‌تیدا زیادبكات، پابهندییو لایه‌نگیری ئایینی ده‌بێته هه‌ڵبژاردنێكی مانادار، دیاره ئه‌و كه‌میینه كارایهش له‌هه‌ناوی خۆیدا چه‌ندین شتی چاوه‌ڕواننه‌كراوی بۆ ههڵگرتوین.
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی .www. alawan.org