
حه‌لاج و ئيرِادهى به‌ڕه‌ڵايى
حه‌لاج و ئيرِادهى به‌ڕه‌ڵايى*
وێنه‌كانى حه‌لاج
حه‌لاج له فۆرِمه باوهرِدارييهكهيدا، زهنديقييهكهيدا و بهڕهڵاكهيدا
هۆشه‌نگ شێخ محه‌مه‌د
تا ئێستا نووسين له‌سه‌ر حه‌لاج، به‌رده‌وام نووسينى بۆ دوو وێنه په‌لكێش كردووه، يه‌كه‌ميان، شه‌هيدێك كه ره‌مزه بۆ سته‌مى ده‌سه‌ڵات و پاوانكردنى هه‌قيقه‌ت و كوشتنى ده‌نگه‌كان و نه‌هێشتنى را دهربرِينى ئازاد و بهخشينى فۆرِمێك به ئيسلام وه‌كئه‌وه‌ى كه ده‌سه‌ڵاتێك له سه‌رده‌مێكى تايبه‌ت ده‌يه‌وێت ماناكانى خۆى به ئيسلام ببه‌خشێت له پێناو به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى خۆى به‌ناوى راستى و ماناى هه‌قيقه‌ت و هه‌قيقه‌تى ئيسلام.
وێنه‌يه‌كى ديكه وێنه‌ى كافرێكى زهنديقى بێباوهرِ و سيحربازێكى خه‌ڵك هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ر و مرۆڤێكى بێباوهرِ كه ئيديعاى حلول و خوايهتى ده‌كات و داواى په‌رستنى خۆى ده‌كات و خاوه‌ن مهسهلهيهكى فكرى و روحى و خه‌مى ئازادى و زانين و راستى و خواپهروهرى و دين و ئيسلامى نيه.
حه‌لاج وه‌ك زۆر له سۆفييه‌كانى ديكه يان نوێنه‌رانى ئيسلام له به‌رگى شيعرى و سۆفيگه‌ريدا، خاوه‌ن دوو وێنه‌ى ته‌واو دژ بهيهكه. دوو وێنه كه ده‌كرێت ببنه ره‌مز هه‌م بۆ سته‌مێكى مێژوويى و هه‌م بۆ شێوازى كوشتنێك كه له هه‌ناوى فۆرِمێكى ئيسلام‌دا پهيرِهو ده‌كرێت و به‌و پهرِى وهحشيگهرييانهوه موماره‌سه ده‌كرێت. له لايه‌كى ديكهوهش حه‌لاج ده‌كرێ وا ته‌ماشا بكرێت كه خاوه‌نى كۆمه‌ڵه پرسيارێكه سه‌باره‌ت به خوا و سۆفيگه‌رى و شه‌ريعه‌تى ئيسلامى و پيرۆزى و ئازادى و گهرِان به‌دووى هه‌قيقه‌ت و دهربرِينى بيره‌كان له سه‌رده‌مێكدا كه فۆرٍِمهكانى ديكه‌ى ئيسلام ناتوانن ئه‌و پرسيارانه وه‌ك گهرِان له هه‌قيقه‌ت يان له روانگه‌ى ئازادى فۆرِمێكى ديكه‌ى ئيسلامييه‌وه ته‌ماشاى بكه‌ن و قبوڵى بكه‌ن يان ته‌نانه‌ت بێده‌نگى لێبكه‌ن. به پێچه‌وانه‌وه ئه‌م پرسيارانه ده‌بنه ئه‌گه‌رى كوشتن و له‌ناوبردن و سووتاندن و بێده‌نگكردنى ئه‌و فۆرِمهى كه به سۆفيگه‌ريى ناسراوه.
به‌ڵام من پێموايه جگه له‌و دوو وێنه‌يه‌ش كه بۆ زۆربه‌ى سۆفييه‌كان دامه‌زراوه له‌وانه‌ش حه‌لاج، خاڵێكى ديكه‌ى گرنگى روحى ئه‌و عاريفانه هه‌يه كه ئه‌ويش وه‌ك كه‌سانێكى (به‌ڕه‌ڵا) ويستوويانه به دووى ئيرِادهى خۆيان‌دا نه‌وه‌ك بگهرِێن به‌ڵكو خۆيان بده‌نه ده‌ست ئه‌و ئيرِادهيه و ئه‌و ئيرِادهيه په‌لكێشى ناو ژيانييان بكات و جۆره ژيانێك بژين كه ته‌واو ئيرِادهييانه بێت ، ئيرِادهيهك كه ئيرِادهى گه‌يشتنه به‌و بهڕهڵاييهى ئه‌و كه‌سانه ويستوويانه سنوورى بيركردنه‌وه‌ى ئازاد ببرِن، واته نه‌وه‌ك ته‌نها سنوورى فۆرِمه ره‌سمييه‌كانى ئيسلام يان به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى ده‌سه‌ڵات و هه‌قيقه‌ته پاوانكراوهكان، به‌ڵكو سنوورى ئه‌و ئازادييهش ببرِن كه له‌رێى (ئه‌قڵ)ه‌وه به‌ده‌ستى ده‌هێنن و به‌دووى ئيرِادهى خۆيان بكه‌ون، ئه‌و ئيرِِادهيهى كه دواتر ده‌بێته نه‌وه‌ك ئاوێنه‌ى ژيان به‌ڵكو ژيان خۆى، كه ده‌بێته نه‌وه‌ك گهرِان له وجود به‌ڵكو ده‌بێته گهرِان به‌ناو وجوددا.
به‌كورتى ئيرِادهيهك كه كه‌سه‌كان ده‌گه‌يه‌نێته پلهيهك كه بێ بيركردنه‌وه تيايدا ده‌ربازى خاڵى پرِشنگتر و رووناكتر ده‌بێت له‌وه‌ى كه به ئه‌قڵ و ئازادى بيركردنه‌وه به‌ده‌ست دێت، خاڵێك كه تيايدا له جياتى ئه‌وه‌ى عاريف بير له عه‌شق بكاته‌وه ، عاشقانه بير ده‌كاته‌وه، له جياتى ئه‌وه‌ى بير له خودا بكاته‌وه خوداييانه بير ده‌كاته‌وه، له جياتى ئه‌وه‌ى بير له وجود بكاته‌وه وجودييانه بير ده‌كاته‌وه، له جياتى ئه‌وه‌ى بير له ژيان بكاته‌وه ژيانهوهرييانه بيرده‌كاته‌وه، واته پرۆسه‌ى بيركردنه‌وه لێره‌دا ده‌گاته ئاستێك كه تيايدا ده‌كوژرێت يان فه‌نا ده‌بێت له ناو زاتى عاريفدا و عاريفيش زياتر له عاريفانه به‌ره‌و رووى هه‌بوون ده‌بێته‌وه.
ئه‌م جۆره ژيان و هه‌بوونه ره‌نگه وێنه‌يه‌كى ديكه‌ى په‌نهانى حه‌لاج بێت به‌وه‌ى كه تا ئێستاش نووسين له‌سه‌ر حه‌لاج هه‌ر له‌و وێنانه‌ى له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێدان خۆى نواندبێت. له‌م نووسينهدا هه‌وڵ ده‌ده‌ين كه شتێك له‌سه‌ر ئه‌م سێ وێنانه پێشكه‌ش بكه‌ين و دواتريش زياتر له‌سه‌ر وێنه‌ى سيێهمى حه‌لاج بوه‌ستين كه باشه له دواى حه‌لاج له فۆرِمى باوهرِداريدا و حه‌لاج له فۆرِمى زهنديقدا ناوى بنيێن حه‌لاج له فۆرِمه بهڕهڵاكهيدا. يان حه‌لاج و ئيرِادهى به‌ڕه‌ڵايى.
سه‌ره‌تاش بۆ ئه‌وه‌ى (به‌ڕه‌ڵايى) له مانا باو و بازارِييهكهى ده‌رباز بكه‌ين، ئه‌وه مه‌به‌ستمان لێى ئه‌و پلهيهيه كه مرۆڤێك دهيگاتێ له ئازادبوون له بيركردنه‌وه و په‌يداكردنى زانيارى و زانست و دواى به‌ده‌ستهێنانى شته‌كان و كۆنترۆل كردنيان له لايه‌ن بيركردنه‌وه يان له لايه‌ن عه‌قڵه‌وه، پهرِينهوه بۆ دواى ئه‌قڵ يان ميتا ئه‌قڵ به‌ماناى ده‌ربازبوون له ئه‌قڵ و گه‌يشتنه پله‌ى ئه‌وه‌ى چيدى مرۆڤ رێگه نه‌دات ئه‌و شتانه‌ى مرۆڤ پێى وايه له رێى ئه‌قڵه‌وه كۆنترۆڵى كردوون و دواتريش به ئاگايى يان بێئاگايى هه‌مان ئه‌و شتانه مرۆڤ كۆنترِۆڵ ده‌كه‌نه‌وه. به نمونه‌يه‌ك زياتر ئه‌وه روون كه‌مه‌وه.
له كاتێكدا كه حه‌لاج ده‌بێته سۆفى و له رێى سۆفيگه‌رييه‌وه ده‌يه‌وێ ببێته ئه‌و كه‌سه‌ى كه ئه‌و ده‌يه‌وێت تا پله‌ى (ئه‌نا ئه‌لحه‌ق) و حلولبوونى خودا له زاتى خۆي‌دا، ئه‌مه‌يان پله‌ى ئازادى حه‌لاجه، بيركردنه‌وه‌ى سۆفييانه له لاى حه‌لاجدا پله‌ى ئازادبوونييهتى له فۆرِمهكانى ديكه و كۆنترِۆڵى سۆفيگه‌رى و ژيانى سۆفييانهيه، به‌ڵام دواتر كه ئه‌گه‌ر حه‌لاج نه‌يه‌وێت له‌ناو ئه‌و قالبه‌دا كه سۆفيانهيه بمێنێته‌وه و بگاته پلهيهكى سه‌رووتر واته تێپهرِاندنى ئازادى سۆفييانهش ديسان به‌ماناى ئه‌وه‌ى سۆفيبوون به‌س نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى حه‌لاج بگه‌يه‌نێته يهقينێك به‌وه‌ى به بيركردنهوى سۆفييانه ده‌توانێت ببێته زاتى خوا و خوا له‌ناو خوێنى ئه‌ودا خۆى بنوێنێت. ئه‌وه پێويستى به تێپهرِاندنى سۆفيبوون و ئه‌و فۆرِمه ئيسلامييهش هه‌يه كه وێنهيهك له وێنه جۆراوجۆره‌كان به دين و پيرۆزى و خودا ده‌به‌خشێت. به‌ڕه‌ڵابوون لێره‌دا ئه‌وه‌يه كه حه‌لاج نايه‌ڵێت فۆرِمى سۆفيگه‌ريش ببێته رێگر له‌به‌رده‌م ئه‌وه‌ى فۆرِمێكى ديكه بداته خۆى و خوا. بداته هه‌بوون و ژيان، بيداته مرۆڤ و بوونى سه‌روه‌ر. لێره‌دا حه‌لاج كه كۆنترۆڵى سۆفيگهريێتى ده‌كات نايه‌ڵێت ئه‌مجاره به‌مانه‌وه له‌ناو ئه‌و فۆرِمهدا كۆنترِۆڵى ماناكانى خۆى و خوا بكات، تا ئه‌و كۆنترۆڵ كردنه نه‌بێته‌وه كۆنترِۆڵى خۆى له‌و سه‌ردا، وه‌كئه‌وه‌ى مرۆڤ به‌رده‌وام هه‌وڵده‌دات پاره كۆبكاته‌وه كه سامانێك لێكبنێ، كه سامانه‌كه لێكده‌نێ واده‌زانێ كۆنترۆڵى پاره‌ى كردووه، به‌ڵام دواتر ده‌بينێ ئه‌م سامانه له رێى خواستى به‌رده‌وام بۆ كهمنهكردنهوهى و زيادكردنى،كۆنترۆڵى ژيانى مرۆڤه‌كه ده‌كات، ئه‌گه‌ر حه‌لاجيش به‌م شێوه‌يه مامه‌ڵه‌ى له گه‌ڵ بيركردنه‌وه و ئازادى و سۆفيگه‌رييدا كردبا ئه‌وه دواتر دواى ئه‌وه‌ى ده‌بووه سۆفييه‌كى گه‌وره و پايهدار و په‌يداكردنى زانييارييهكانى دهيتوانى وه‌ك زۆرێك له سۆفييه‌كانى سه‌رده‌مه‌كه‌ى له‌و فۆرِمهدا خۆى بێده‌نگ كردبا و خۆى كۆنترۆڵ كردبا له‌و ئازادييه‌ى كه پێى گهيشتبوو، به‌ڵام دياره ئه‌مه‌يان ئه‌م كۆنترۆڵى بيركردنه‌وه و ئازادببونه له بيركردنهوهدا، له‌و سنووره ناوه‌ستێت كه ته‌نيا ئازادانه بيربكاتهوه و ئه‌و ئازادبوونه ئه‌مجاره‌يان كۆنترۆڵى حه‌لاج بكات و بيخاته ئه‌و قالبه‌وه و ته‌نيا خۆى دووباره بكاته‌وه،به‌ڵكو حه‌لاج دواى ئه‌و قۆناغه به‌رده‌وام ده‌بێت بێئه‌وه‌ى گوێ به‌و سامانه بدات و له خه‌مى زۆربوون يان كه‌مكردنه‌وه‌ى بێت ، به‌ڵكو ئه‌و پشت له‌و سامانه ده‌كات و رووده‌كاته ئيرِادهى خۆى ئيرِادهيهكى بێگه‌رد كه هيچ شتێك و ئازادييهك و بيركردنه‌وه‌يه‌ك به‌رزه‌فتى ناكات و به‌رده‌وام ده‌بێت له فرِين به به‌ڕه‌ڵايى، واته سنوورێك دانانێت و كۆتاييهك ده‌ستنيشان ناكات بۆ خۆى و خوا و گهرِان له هه‌قيقه‌ت و پيرۆزى و بالاَيى. ئيدى حه‌لاج له جياتى ئه‌وه‌ى بير له به‌ڕه‌ڵايى بكاته‌وه بهڕهڵايانه بير ده‌كاته‌وه. بهڕهڵاييانه ته‌ماشاى هه‌بوون و خودا و سۆفيگهريێتى و خۆيشى ده‌كات.
لێره‌دا له‌م باسه‌دا ويستم له‌گه‌ڵ ئه‌و فۆرِمهدا (ئيرِادهى به‌ڕه‌ڵايى) وێنه‌يه‌كى ديكه‌ى حه‌لاج پێشكه‌ش بكه‌م بۆ ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تا با هه‌ندێ زانيارى په‌روه‌رده‌يى له‌سه‌ر ئه‌و فۆرِمانه بخوێنينه‌وه.
هه‌ندێ فۆتۆ له وێنه‌كانى حه‌لاجدا:
يه‌كه‌م: وێنه‌ى زه‌نديق
1. ئين نه‌ديم له فههرهستدا 190-192ده‌ڵێ:(حه‌لاج پياوێكى ته‌ڵه‌كه‌باز و جادووگه‌ر بوو، رێبازى سۆفيگه‌رى گرتبوو وته‌كانى ئه‌وانى ده‌ووته‌وه و ده‌يگووت هه‌موو زانستێك ده‌زانێ ،به‌ڵام سفربوو له زانست‌دا هه‌ندێ شتى سه‌باره‌ت به پيشه‌سازى كيميا ده‌زانى. نه‌زانێك بوو دژى سوڵتانه‌كان هه‌ڵه‌ى گه‌وره‌ى ده‌كردن و ده‌يويست ولاَتهكان ههڵگهرِێنێتهوه له‌لاى هاورِێيانى ئيديعاى خوايهتى ده‌كرد و باسى حلولى ده‌كرد، مه‌زهه‌بى شيعهى نيشانى پاشا‌كان ده‌دا و مه‌زهه‌بى سۆفيگه‌ريش بۆ خه‌ڵكى. ده‌يووت كه خوا له‌و حلولى كردووه. (ئه‌و ئه‌وه- هو هو)خواى گه‌وره و پيرۆز زۆر له‌و شتانه گه‌وره‌تره كه ئه‌مانه ده‌يڵێن.(1)
2. ئيبن حه‌جه‌ر له (لسان الميزان) دا ده‌ڵێ: حوسێنى كورِى مه‌نسور، كه له‌سه‌ر زه‌نده‌قه كوژراوه، سوپاس بۆ خوا شتێكى ئه‌وتۆى له زانست باس نه‌كردووه، سه‌ره‌تاكه‌ى باش بووه بۆته خواگه‌ر و سۆفى دواتر پشتى له دين كردووه و فێره سحر بووه و جادووى كردووه. زاناكان خوێنييان حه‌ڵاڵ كردووه.زۆر بيرو را له‌سه‌ر حه‌لاج هه‌ن به‌ڵام زۆربه‌ى زاناكان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن كه حه‌لاج زه‌نديق بووه. محه‌مه‌د بن يهحياى رازى گووتوويه‌تى گوێم لێ‌بوو عمر و بن يهحياى مه‌كى نه‌فره‌ت له حه‌لاج ده‌كات و ده‌ڵێ : ئه‌گه‌ر بمتوانيبا به ده‌ستى خۆم دهمكوشت. گووتم بۆ شێخ چيت لێديووه؟ گووتى : ئايه‌تێكى قورئانم خوێنده‌وه، گووتى ده‌توانم وه‌ك ئه‌وه بنووسم يان بڵێم. ئه‌بو به‌كر بن مهمشاز ده‌ڵێ: پياوێك هاته لامان جۆرِكێكى پێ‌بوو هه‌ميشه به شه‌و و رۆژ له لاى بوو كه جۆرِكهكهيان پشكنى په‌رتووكێكى حه‌لاجيان تێدا ديتهوه كه ناونيشانهكهى ئه‌مه بوو ( له ره‌حمانى رهحيمهوه بۆ فلاَن كورِى فلاَن) حه‌لاجيان هێنا به‌غدا و پهرتووكهكهيان نيشاندا . گووتى دهسخهتى خۆمه و من نووسيوومه.پێيان گووت تۆ ئيديعاى پێغهمبهرايهتيت ده‌كرد ئێستاش ئيديعاى خوايهتى. حه‌لاج ده‌ڵێ من ئيديعاى خوايهتى ناكه‌م به‌ڵام ئه‌مه (عين الجمع)ه. بكه‌ر هه‌ر خوايه من و ده‌ستم ئامرازين. پێيان گووت: كه‌ست له‌گه‌ڵه. گووتى به‌ڵێ ئه‌بو عه‌باس بن عه‌تا و ئه‌بو محه‌مه‌د جهريرى و ئه‌بو به‌كر شبلى، جهريريان هێنا و پرسياريان لێ‌كرد و گووتى: ئه‌وه كافره پێويسته بكوژرێ. پرسياريان له شبلى كرد گووتى:ئه‌وه‌ى شتى وا بڵێ رێى لێدهگيرێ. پرسيارى ئيبن عهتايان كرد سه‌باره‌ت به (مه‌قاله‌ى) حه‌لاج ئه‌ويش به (مه‌قاله‌ى) گووت. ئه‌مه‌ش بووه هۆى كوشتنى حه‌لاج. ئه‌بو عومه‌ر بن حهيهويه ده‌ڵێ: كاتێك حه‌لاجيان هێنا بۆ ئه‌وه‌ى بيكوژن له‌ناو ئاپۆرِاى خه‌ڵكيدا بينيم گووتى مه‌ترسن من دواى سى رۆژى ديكه دێمه‌وه لاتان ئينجا كوشتيان.كه‌س پشتگيرى له حه‌لاج نه‌كردووه ته‌نيا ئه‌و كه‌سانه نه‌بن كه وه‌ك ئه‌و برِوايان به (عين الجمع) هه‌بووه، كه ئه‌مه‌ش وته‌ى ئه‌هلى (وه‌حده‌ى موتڵه‌قه) يه‌كتايى ره‌هايى. بۆيه ئيبن عه‌ره‌بى حه‌لاجى زۆر به‌رزكردۆته‌وه.(2)
3. ئيبن ئه‌سير له مێژووهكهيدا ده‌ڵێ:
حامد بن عه‌باس كه وه‌زير بوو، حه‌لاجى ده‌هێنايه مه‌جليسى خۆى و قسه‌ى پێده‌كرد. هيچ شتێكى ئه‌وتۆى نه‌ده‌ووت كه دژى شه‌ريعه‌تى پاك بێت. زۆر قسه‌و باسيان له نێواندا هه‌بووه، تا له كۆتاييدا وه‌زير په‌رتووكێكى حه‌لاج ده‌بينێته‌وه تيايدا نووسراوه كه ئه‌گه‌ر مرۆڤ ويستى بچێته حه‌ج و نه‌يتوانى، با له ماڵى خۆي‌دا شوێنێك دروست بكات كه هيچ پيسييهكى نه‌گاتێ كه‌سيش نه‌چێته ناوى، له كاتى هاتنى رۆژانى حه‌جكردندا ئه‌و كه‌سه ته‌واف به‌ده‌ورى ژووره‌كه‌دا بكات ئه‌و شتانه بكات كه حاجييه‌كان له مه‌كه ده‌يكه‌ن. ئينجا سى هه‌تيم بێنێت و باش‌ترين خواردنيان بداتێ و به‌خۆى خزمه‌تيان بكات و ئينجا جلوبه‌رگيان به‌به‌ردا بكات.ههريهكهشيان هه‌فت درهه‌مى بداتێ. ئه‌گه‌ر وايكرد وه‌ك ئه‌وه وايه حه‌جى كردبێ. كاتێك ئه‌مه‌يان بۆ وه‌زير خوێنده‌وه قازى ئه‌بو عمرو به حه‌لاجى گووت: ئه‌مه‌ت له كوێ هێنا؟ گووتى: له په‌رتووكى (الاخلاص) ى حه‌سه‌ن بهسرى. گووتى درۆ ده‌كه‌ى هه‌ى خوێن حه‌ڵال! له‌م مه‌جليسه‌دا خوێنى حه‌ڵاڵ ده‌كه‌ن. حه‌لاجيش ده‌ڵێ: خوێنى منتان پێ حه‌ڵاڵ ناكرێ باوهرِم ئيسلامه و مه‌زهه‌بم سونهيه، په‌رتووكم له‌باره‌وه نووسيوون، خوا خوايه و له خوێنمدايه! وه‌زيريش نامه بۆ خهليفه ده‌نووسێت تا رێى پێ‌بدا بيكوژێت، ئه‌ويش رێى پێده‌دا. ده‌يگرن و هه‌زار جه‌لده‌ى لێده‌ده‌ن و ئاهێكيش هه‌ڵناكێشێت. ده‌ستێكى دهبرِنهوه ئينجا پێيه‌كى جا ده‌سته‌كه‌ى تر و پێييهكهى تر. ده‌يكوژن و ده‌يسووتێنن كه ده‌بێته مشكيش مشكييهكه ده‌خه‌نه دجله‌وه. سه‌ره‌كه‌ى له به‌غدا هه‌ڵده‌واسن دواتريش دهينێرنه خوراسان چونكه چه‌ند هاورِيێهكى له‌وێنده‌رن(3)
ئه‌مه‌ى سه‌ره‌وه شه‌ند وته‌يه‌كى كورتن سه‌باره‌ت به زهنديقبوون و كافربوون و خوێن حه‌ڵاڵكردنى حه‌لاجه‌وه گووتراون، دياره گهرِان به‌ناو سه‌رچاوه‌كاندا زۆر وته‌ى تريش له‌باره‌ى حه‌لاجمان پێده‌ڵێن كه به كابرايه‌كى بێكهڵك و لهدين لاده‌ر وه‌سف ده‌كات و ئيديعاى خوايهتى كردووه و چه‌ندين نووسينى حه‌لاجيش به نموونه و به‌ڵگه ده‌هێننه‌وه بۆ كفرهكانى و خوێن حه‌ڵاڵكردنى. به‌وه‌ى ئيديعاى پێغه‌مبه‌رايه‌تى كردووه،دواتريش ئيديعاى خوايهتى، ده‌ڵێن حه‌لاج گووتوويه‌تى : ( من خودام، و فرمانى به ژنه‌كه‌ى داوه كه سوژده‌ى بۆ ببات، ژنه‌كه‌ى گووتوويه‌تى ئايا سوژده بۆ غه‌يرى خوا ده‌برێت ؟ حه‌لاجيش وا وه‌ڵامى داوه‌ته‌وه: خوايهك له ئاسمان و خوايهك له سه‌ر زه‌وى.) هه‌روه‌ها حه‌لاج گووتوويه‌تى كه خوا له‌و حلولى كردووه ئه‌و و خوا بوونه‌ته يه‌ك شت. هه‌ر ئه‌مه‌ش وايكردووه كه حه‌لاج له‌لايه‌ن رۆژهه‌ڵاتناسه نهسارِهكانهوه بايه‌خى پێبدرێت چونكه ئه‌وان برِوايان وايه خوا له (عيسا) شدا حلولى كردووه. بۆيه حه‌لاج به لاهوت و ناسوت قسه‌ى كردووه وه‌ك له‌م دێره شعرهيدا:
سوبحان كه ناسوتى خۆى و نهێنى لاهوتى تيژى دياردا
ئينجا له وێنه‌ى نانهخۆر و ئاوخۆره‌وه خهلقى خۆى نيشاندا
(ئيبن خهفيف) كه ئه‌م دێرانه‌ى گوێ لێبوون،گووتوويه‌تى: نه‌فره‌ت له‌وه‌ى ئه‌م دێرانه‌ى گووتوون، پێيانگووتووه ئه‌وه شعرى حه‌لاجه، گووتوويه‌تى ئه‌گه‌ر ئه‌مه باوهرِييهتى ئه‌وه كافره.
هه‌روه‌ها ديسان شعرێكى ديكه‌ى حه‌لاج هه‌يه سه‌باره‌ت به باوهرِيبوونى به مه‌سيح له شعرێكيدا ده‌ڵێ:
بههاورِێيانم رادهگهينم كه من
سوارى ده‌ريا بووم و به‌له‌م شكا
مردنم له‌سه‌ر دينى خاچ ده‌بێت
نهمهدينهم ده‌وێت و نه به‌تحا (4)
ديسان ده‌ڵێن حه‌لاج گوێى له قورئان بووه و گووتوويه‌تى منيش ده‌توانم وه‌ك ئه‌وه بنووسم، حه‌لاج قسه‌ى له‌سه‌ر روكنه‌كانى ئيسلام كردووه و به‌تاڵى كردوونه‌ته‌وه. هه‌روه‌ك ئه‌و نموونهيهى سه‌ره‌وه كه له‌باره‌ى حه‌جه‌وه كردوويه‌تى. جگه له‌مه‌ش له تاوانه‌كانى ديكه‌ى حه‌لاج ئه‌وه‌يه برِواى وابووه گيانى پێغهمبهركان گهرِاوهتهوه جه‌سته‌ى هاورِێ و خوێندكاره‌كانى، بۆيه به‌ناوى نوح و مو‌سا و موحه‌مه‌د بانگى كردوون. به‌م وته‌و قسانه‌ى حه‌لاج زۆربه‌ى زانايانى سه‌رده‌مه‌كه‌ى ته‌بابوونه له‌سه‌ر كفر و زهنديقبوونى و كوشتنيشى، زۆر له سۆفييه‌كان زهميان كردووه و ته‌نانه‌ت به سۆفيشييان نهزانيوه. يه‌كێك له‌وكه‌سانه‌ى كه هه‌وڵيداوه حه‌لاج بكوژرێت و حوكميشى له‌سه‌رداوه قازى ئه‌بو عومر و محه‌مه‌د بن يوسف مالكييه، كه ئيبن كهسيريش زۆر په‌سنى داوه و گووتوويه‌تى راستترين برِيارى ئه‌و حاكمه كوشتنى حه‌لاج بووه!
شێخى ئيسلاميش ئيبن تهيميه سه‌باره‌ت به حه‌لاج گووتوويه‌تى: ئه‌وه‌ى وه‌ك حه‌لاج برِواى به مه‌قالات ببێت كه حه‌لاج له‌سه‌رى كوژرا، ئه‌وه كافر و ههڵگهرِاوهيه به ئيتفاقى موسڵمانان، موسڵمانه‌كان حه‌لاجيان له‌سه‌ر حلول بوون و ئيتحاد و ئه‌و جۆره مهقالاتانهى ئه‌هلى زه‌نده‌قه و ئيلحاد كوشت.كه گووتوويه‌تى من خودام .. يان خوايهك له ئاسمان و خوايهك له زه‌وى…. جگه له‌مه‌ش حه‌لاج جادووى ده‌كرد و سحرى هه‌بوو و له‌م باره‌يه‌وه پهرتووكيشى هه‌نه. به گشتى خيلاف له نێوان موسڵمانان دا نيه كه كه‌سێك ئيديعاى حلولبوونى خوا له مرۆڤدا بكات و له‌گه‌ڵى يه‌ك بێت و مرۆڤيش ببێته خودا ئه‌وه‌يان كفره و خوێنى له‌سه‌ر حه‌ڵاڵ ده‌كرێت، حه‌لاجيش له‌سه‌ر ئه‌مه كوژرا.(4)
وێنه‌ى دووه‌م: حه‌لاجى شه‌هيد.
به‌ڵام له لايه‌كى ديكه‌وه ده‌يان راى تر هه‌ن كه پێچه‌وانه‌ى رايه‌كانى پێشوون و حه‌لاج به شههيدى خۆشه‌ويستى خودايى و شههيدى سۆفيگه‌ريى و شههيدى ئازادى و وه‌ك سۆفييه‌كى له خواترس و ئيماندارێكى گه‌وره‌ى گشت سه‌رده‌مه‌كانى ده‌بينن.بۆيه‌شه به پێى سه‌رده‌مه‌كان له لايه‌ن سۆفييه گه‌وره‌كانى ئيسلامه‌وه حه‌لاج باسى كراوه و سه‌ره‌تا زۆرێك له سه‌رچاوه‌كان به ئاشكرا ئاماژه‌يان به ناوى نه‌داوه وه‌ك (ابى بكر محمد كلاباذي) و( سراج الطوسى) له كتێبه‌كه‌يدا (اللمع) له زياتر له په‌نچا شوێن شايه‌دى به وته‌كانى حه‌لاج داوه.دواى سه‌ده‌ى پێنچه‌م و دواتر ناوى حه‌لاج به ئاشكرا هاتووه له لاى سۆفييه‌كاندا و باسى نووسراوهكانى و چاكهكارييهكانى و زيرهكييهكهى كراوه. ئه‌بو حاميدى غه‌زالى و ئيبن عه‌ره‌بى له سه‌ده‌ى پێنچهمدا باسيان كردووه، له سه‌رده‌مى نوێشدا زۆر كتێب و نووسراو له‌باره‌ى حه‌لاجه‌وه نووسراون.(6) ئيبن ئه‌بى نه‌سر گووتوويه‌تى : ( دواى پێغه‌مبه‌ران و سهديقهكان يهكتاپهرستێك بێت ئه‌وه حه‌لاجه). (شبلى) ش ده‌ڵێت من و حه‌لاج يه‌ك شت بووين به‌ڵام ئه‌و خۆى ده‌رخست و من بێده‌نگ بووم.(7) نووسه‌رێك ده‌ڵێت: رۆژى كوشتنى حه‌لاج رۆژێكى ره‌شه له مێژووى ئيسلام‌دا، ئه‌و رۆژه‌يه كه كۆنه‌په‌رسته‌كان تۆڵه‌يان له مرۆڤ كرده‌وه له مافى دهربرِين و هزردا. ئه‌و رۆژه كفرترين رۆژه به هيدايه‌تى خودايى كه له قورئاندا له ئايهتێكيدا ده‌ڵێ ( لا اكراه في الدين) دواى ئه‌و هه‌موو ماوه‌يه له‌سه‌ر كوشتنى حه‌لاجدا ئايا برِيارى كوشتنى حه‌لاج له‌لايه‌ن موقتهدهرى عهباسييهوه برِيارێكى راست بوو؟ ئايا برِيارى ئه‌و كۆمه‌ڵه سهركوتكهرهى له‌ده‌ورى موقته‌ده‌ر بوون برِيارێكى پاك بوو؟ ئه‌و روحه شۆرِشگێرِه له خاچ درا چونكه نه‌يتوانى بێده‌نگ بێت دواى ئه‌وه‌ى رووناكييهكانى سه‌روه‌رى بۆ هاتن؟(8)
دياره له‌و سه‌رچاوانه‌ى له‌سه‌ر حه‌لاجه‌وه نووسراون و زۆرێك له شعره‌كانى دهربرِين له‌و راستييه ده‌كه‌ن كه حه‌لاج به روحى سۆفييه‌كى كاشيفهوه خوداى له هه‌موو بوونێكدا ديوه و جگه لهويش هه‌موو هه‌بوونێكى پێ عه‌ده‌م بووه، حه‌لاج له يه‌كێك له شعره‌كانيدا ده‌ڵێ:
گيانت ئاوێته‌بوو له گيانمدا ، وه‌كچۆن عه‌نبه‌ر له مسكدا
ئه‌گه‌ر شتێكت گهيشتێ ده‌گاته منيش، كه تۆ منى و جيانابينهوه.
روحت له‌گه‌ڵ روحم تێكه‌ڵ بووه وه‌ك چۆن ئاوى زه‌ڵاڵ له‌گه‌ڵ مهيدا
ئه‌گه‌ر شتێكت گهيشتێ ده‌گاته منيش كه تۆ منيت له هه‌ر حاڵێكدا
زۆرانى ديكه‌ش حه‌لاج وه‌ك سۆفييه‌كى شۆرِشگێرِ و سهرپهرِ ده‌بيننه‌وه و هۆكارى كوشتنه‌كه‌شى يان شه‌هيدبوونى ده‌ده‌نه پاڵ بانگه‌وازه‌كانى حه‌لاج بۆ چاكسازى كۆمه‌ڵايه‌تى و سياسى له ولاَتدا، بۆيه هه‌ندێ له سهانى ولاَت هێرِشيان كرده سه‌رى و خستيانه زيندانه‌وه،شكايهتى حاشييهى خهليفه و پشتگيرى وه‌زير حاميد و هه‌ندێ له شێخه‌كانى و فهقيههكانى به‌غدا به هۆكارى ئێرهيى له حه‌لاج و تاوانباركردنى به (قهرمهته) و كفركردنى بووه هۆى كوشتنى.(9)
عه‌بدولره‌حمان به‌ده‌وى له كتێبه‌كه‌يدا ( شطحات الصوفيه) ده‌ڵێ : سۆفيگه‌ريى تا پێش حه‌لاج به ئاشكرا و بێ له روودامان شهتحاتهكانيان دهدركاندن چونكه هێشتا كاريگه‌ريى هيچ ده‌سه‌ڵاتێكى ده‌ره‌كييان له‌سه‌ر نه‌بوو، به‌ڵام دواى حه‌لاج سۆفييه‌كان بۆيان ده‌ركه‌وت كه ئاكامى وتهزاكانييان چى ده‌بێت. ده‌بوايه هه‌موويان هه‌زار حساب بۆ ئه‌وه بكه‌ن) (10)
هه‌روه‌ها له كتێبى (شخصيات قلقه في الاسلام ) حه‌لاج به شههيدى سۆفيگه‌ريى وه‌سف ده‌كات.(11)
ئه‌بو حاميدى غه‌زالى سه‌باره‌ت به شه‌تحه‌كانى حه‌لاج (ئه‌نا ئه‌لحه‌ق)ده‌ڵێ : (ئه‌وه له زۆرى خۆشه‌ويستى و توندى وه‌جده‌وه بووه) هه‌روه‌ها (عه‌بدولقادرى گه‌يلانى) سه‌باره‌ت به شه‌تحه‌ى حه‌لاج ده‌ڵێ: ( حه‌لاج هه‌ڵخليسكا و كه‌س نه‌بوو ده‌ستى بگرێ،ئه‌گه‌ر زه‌مانى خۆى ناسيبا ده‌ستى ده‌گرت) (ئه‌بو عه‌باسى مرسى ئه‌سكه‌نده‌رى) ده‌ڵێ: (رقم له دوو سفه‌تى فوقههاكانه، كافركردنى حه‌لاج و مردنى خدر سلاَوى خواى لێ بێت)(12)
دياره حه‌لاج زۆى له‌سه‌ر نووسراوه و ره‌نگه نووسينه‌كانى (لويس ماسينيۆن) رۆژهه‌ڵاتناسى فهرِهنسى به بايه‌خترين نووسين بن سه‌باره‌ت به حه‌لاج،هه‌تا ناويان لێناوه (برادهى حه‌لاج) دياره ئه‌م زاته چه‌ندين لێكۆڵينه‌وه‌ى سه‌باره‌ت به حه‌لاج نووسيووه و سه‌ره‌تاى نووسينهكانيشى دهگهرِێتهوه ساڵى 1909 به‌ناوى (ئازاره‌كانى حه‌لاج و تهريقهى حه‌لاج) له ساڵى 1911 لێكۆڵينه‌وه‌يه‌كى ديكه‌ى نووسى به‌ناوى(حه‌لاج شه‌به‌حى له‌خاچدراو و شه‌يتان له‌لاى ئێزيدييه‌كان) كه هه‌وڵيداوه ئه‌و په‌يوه‌ندييه نهێنييه دياركات له نێوان هزرى حه‌لاج و يهزيدييهكاندا. ماسينيۆن زۆێك له‌و ده‌ستنووسه فارسييانه‌ى ديوون كه له مۆزه‌خانه‌كانى ئه‌سته‌نبۆل و له‌نده‌نه‌وه پاێزراون و باسى حهلاجييان كردووه.له‌م سه‌رچاوانه‌دا له‌ساڵى 1913دا لێكۆڵينه‌وه‌يه‌كى به‌رفراوانى كرد و دواى ئه‌وه‌ش برِيارى دا نامه‌ى دكتۆراكه‌ى له‌سه‌ر حه‌لاج بێت، له ساڵى 1914دا ماسينيۆن بوو به سه‌رباز و جه‌نگى جيهانى يه‌كه‌م ده‌ستى پێ كرد.نامه‌ى دكتۆراكه‌ى له چاپخانهيهكى به‌لجيكى بوو بۆ ئه‌وه‌ى بۆى چاپ بكات، به‌ڵام له‌جه‌نگدا چاپخانه‌كه بۆردوومان ده‌كرێت و دهستنووسهكهى ده‌فه‌وتێ، لێ ماسينيۆن دواى ئه‌وه ده‌توانێ بابه‌ته‌كانى نامه‌كه‌ى كۆبكاته‌وه و له كتابێكى هه‌زار لاپهرِهيى به‌ناوى (ئازارى حه‌لاج شههيدى سۆفيگه‌ريى له ئيسلام‌دا) نامه‌كه‌ى ئاماده‌كردو داواى كرد له رۆژى (24/3/1922) واته رێك هه‌زار ساڵ دواى كوشتنى حه‌لاج موناقه‌شه‌ى نامه‌كه‌ى بكات.ماسينيۆن سه‌باره‌ت به حه‌لاج پێيوايه حه‌لاج هه‌وڵيداوه خۆى ئازاد بكات له ده‌ره‌وه‌ى جه‌ماعه‌تى سونييه‌كان به گهرِانى له خاچ داندا.كه له كۆتاييدا پێيبرِا.(13)
جگه له ماسينيۆن رۆژهه‌ڵاتناسێكى ديكه‌ى سويدى (تور ئهندرێيه)له كتێبێكيدا (سۆفيگه‌ريى ئيسلامى)دا ده‌ڵێ: (حه‌لاج به ئيديعاى خواگه‌ريى و تواناى خه‌لق كردنى موجيزهدا تاوانباركرا، هه‌رچه‌نده بێگوناهييهكهشى راگه‌ياندرا،به‌ڵام برِيارى كوشتنه‌كه‌ى شتێك بوو پێش ئه‌وه‌ى دادگهكهى كۆببێته‌وه درابوو) (14)
به‌كورتى ئه‌م دوو وێنه‌يه، دوو وێنه‌ى باوى حهلاجن و به‌ده‌يان و بگره سه‌دان سه‌رچاوه ئاماژه به‌م دوو فۆرِمهى حه‌لاج ده‌كه‌ن، هه‌تا حه‌لاج خۆيشى ئاماژه‌ى به‌و دوو وێنه‌يه‌ى خۆى داوه: به (شێخ عه‌لى بن مهدهويه) ده‌ڵێ:( به گوێره‌ى زانينى خۆت قسه‌كانى من وه‌رگره، ئه‌وه‌ى زانياريت ئينكارى ده‌كات خۆتى لێبگره، په‌يوه‌ست مه‌به.. با رێگا بزرنهكهيت) هه‌روه‌ها به (ئيبراهيم بن قاتهكى ) گووتووه: (رۆڵه‌كه‌م هه‌ندێ كه‌س من به كافر ده‌بينن، هه‌ندێكيش به وه‌لى، ئه‌وانه‌ى به كافرم ده‌بينن له لاى خوادا خۆشهويستترن له‌وانه‌ى كه بهوهليم ده‌بينن، چونكه ئه‌وانه‌ى به وهليم ده‌بينن باوهرِيان به منه، ئه‌وانه‌يش كه به كافرم ده‌بينن دينپهرستن ، له‌لاى خودا كه‌سى دينپهرست خۆشه‌ويستتره له‌وه‌ى كه برِواى به منه)(15)
به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئێمه ده‌مانه‌وێ له‌م باسه‌دا نيشانى بده‌ين وێنه‌يه‌كى ديكه‌ى حه‌لاجه، فۆتۆيه‌كى ديكه‌يه كه من به ناوى (ئيرِادهى به‌ڕه‌ڵايى) ناوى ده‌به‌م.
لێره‌شدا هه‌وڵ ده‌ده‌م له رێى هه‌بوون و نه‌مان و نووسينه‌كانى حه‌لاجه‌وه سه‌ره‌تايه‌ك ده‌ست نيشان بكه‌ين بۆ ئه‌م باسه‌مان.
*ئه‌مه پێشهكييهكه بۆ لێكۆڵينه‌وه‌يه‌كى درێژتر له سه‌ر حه‌لاج.
سه‌رچاوه‌كانى ئه‌م پێشه‌كييه:
تێبينى:سه‌رچاوه‌كانى ژماره 1- 8 له ماڵپهرِى www.Almuada.4umer.com وه‌رگيراون كه فايلێكى تايبه‌تى سه‌باره‌ت به حه‌لاج تێدايه هه‌روه‌ها بۆ پێزانين زۆر له زانيارييه‌كانى ئه‌م سه‌رچاوانه له نووسينه‌كانى عه‌بدولره‌حمان به‌ده‌وى و عه‌لى خه‌تيب وه‌رگيراون يان دووباره‌كردنه‌وه‌ى زانيارييه‌كانى نووسينه‌كانى ئه‌وانن، گهرِانهوه بۆ ئه‌و ماڵپهرِه و سه‌رچاوه‌كانى ديكه سوودى زياتر به‌ده‌سته‌وه ده‌دات:
1. خالد المنصورى قصه قتل الصوفي الحلولي الحسين بن منصور بن الحلاج(المخذول). شبكه السحاب السلفيه.
2. هه‌مان سه‌رچاوه.
3. هه‌مان سه‌رچاوه.
4. حبيب، منتديات الشبكه الارژوكسيه العربيه الانطاكيه، القديس منصور الحلاج
5. الاسلام سؤال وجواب، التاريخ و السيره.
6. رساله شهيد التصوف كاشف الحب الالهي، الحلاج رضي الله عنه
7. محه‌مه‌د حه‌به‌ش، الحلاج على خشبه الصلب.
8. هه‌مان سه‌رچاوه.
9. د.علي الپوينى، الحسين الحلاج..بين خيال الشعر وشطحات التصوف ومآرب الأستشراق.
10. عبدالرحمن بدوي شطحات صوفيه.دراسات اسلاميه،وكاله المطبوعات.الجز‌ء الاول ابويزيد البسطامي.الكويت
11. عبدالرحمن بدوي شخصيات قلقه في الاسلام،الطبعه الپانيه،دار النهضه العربيه 1964
12. د.علي الثوينى، الحسين الحلاج..بين خيال الشعر وشطحات التصوف ومآرب الأستشراق.
13. هه‌مان سه‌رچاوه.
14. مستشرق سويدى يعيد الاعتبار لمتصوف صلب منذ 11 قرنا.
15. الدكتور على الخطيب، اتجاهات الادب الصوفي بين الحلاج وابن عربي. دار المعارف 1404 هـ. ص 187