مام جه‌لال ڕاستی فه‌رموو…..موحسين جوامێر
مام جه‌لال ڕاستی فه‌رموو
موحسين جوامێر
له لێدوانێکیدا به‌ر له‌وه‌ی بگاته تورکیا، مام جه‌لال وتی : ده‌وڵه‌تی کوردی، خه‌ياڵه.. پاشان له تورکیا به ڕۆژنامه‌ی ( سه‌باح ) ی تورکیی ڕاگه‌ياند : ئێمه‌مانان ناتوانین له خه‌ونگه‌لی دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی کوردی‌دا به‌رده‌وام بین.. واقيع پێمان ده‌ڵێ : تورکیا، عێراق و ئێران هه‌رگیز دابه‌ش نابن.
هه‌ڵبه‌ت قسه‌کانی مام جه‌لال تازه نین، نه له ئه‌نقه‌ره و نه له هیران و نازه‌نین، به‌ڵکوو چه‌ند باره‌ن چ بۆ مهم ياخود زين، چه‌ندين جار له‌لايه‌ن خه‌ڵکی و نووسه‌رانه‌وه ده‌نگی ناڕه‌زایی به‌رز بووه‌ته‌وه. پياو نازانێ ئايا که‌سێ پێی ڕاگه‌ياندووه، ياخود پێشتر پرسی به‌هیچ ڕاوێژکارێک کردووه، به‌وه‌ی ئاخۆ ئه‌م قسانه ئه‌گه‌ر بیانکات هیچ بهروبۆيهکیان بۆ کورد و هیچ زيانێکیان بۆ نه‌ياران هه‌يه، يان به‌پێچه‌وانه‌وه.! ئه‌گه‌ر سه‌رنج بدرێته هه‌ڵوێسته‌کانی مام جه‌لال، پێ ناچێت نه پرسێکی ئه‌وتۆ بکا و نه ڕهخنهيهکی ئه‌وتۆی لێ بگیرێت، به‌تايبه‌تی له‌و ژینگهيهی ئه‌و تێیدا ده‌خولێته‌وه.
هه‌موومان له‌بیرمانه، کاتێ مام جه‌لال سه‌رۆکی مه‌جلیسی حوکمی عێراق بوو، سه‌فه‌ری بۆ ئوستڕاڵیا کرد و خه‌ڵکی له‌وێ به ئاڵای کوردستانه‌وه پێشوازيیان لێ کرد، چۆن ده‌ردێکی پێ کردن و ئه‌وانیش چۆن ده‌ستی بیئومێدييان خسته ژێر چه‌نه‌ی خه‌فه‌ت و به‌داماوی گه‌ڕانه‌وه. وا ئه‌مڕۆش چه‌ند مانگێکی ماوه بۆ ئه‌وه‌ی يه‌کجاری ماڵئاوايی له کورسیی بێوه‌فای حوکمڕانی بکات، ده‌فه‌رمێت : ده‌وڵه‌تی کوردی، خه‌ياڵه ! من له‌و بڕوايه‌دام نه مالیکی و نه ئه‌وانه‌ی له‌دوای ئه‌و دێن، زاتی ئه‌وه ناکه‌ن قسه‌ی له‌م جۆره بکه‌ن، هه‌ر هیچ نه‌بێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌بادا هه‌ڕمێن و بره‌ويان له‌ده‌ست بده‌ن، چونکه ئه‌گه‌ر کورد ئه‌مڕۆش په‌نايان بۆ نه‌به‌ن، که‌س ناتوانێ گه‌ره‌نتیی ئه‌وه بدا که به‌یانی ـ ئه‌گه‌ر هه‌مبانه له‌خۆی زێتر پڕ بوو و په‌ستێورا ـ له کوێخاکانی ئه‌مڕۆيان هه‌ڵنه‌گه‌ڕێنه‌وه. پياو ئه‌وه‌شی به فکردا دێت، داخوڵا سبه‌ی ئه‌گه‌ر سه‌رۆکی داهاتووی غهيرهکوردی عێراق قسه‌يه‌کی له‌م بابه‌ته کرد، مامه کاردانه‌وه‌ی چی ده‌بێت. زاته‌ن بڕوا ناکرێ تا ڕۆژی قالوبهلايێ، جارێکی ديکه بازی سه‌رکۆماری بنیشێته سه‌ری کوردانه‌وه.له‌لايه‌کی ديکه‌وه، ئه‌گه‌ر له گۆشه‌نیگای خۆنه‌خه‌ڵه‌تاندن و واقيعبینی و ئه‌و خۆڵه‌ی ئه‌مڕۆ کورد به‌سه‌ر خۆیدا ده‌کات، سه‌يری مه‌سه‌له‌که بکه‌ين، ئه‌وا ده‌بێ بڵێین مام جه‌لال ڕاست ده‌فه‌رمێ، ده‌وڵه‌تی کوردی نه‌ک هه‌ر خه‌ونه، بگره شايه‌نی ئه‌وه نییه بێته خه‌ونیشمان، دێوهزمهيه. ئێمه هاوکات هێشتا هه‌رێمێکمان به‌ته‌واوی دانه‌مه‌زراندووه و له‌زگه به ده‌ردی قانگه‌لاشک بچێ، کاتێ لێیان پرسی بۆ کوێ ده‌چیت ؟ ئه‌ويش وتی : با ده‌زانێت.! ئه‌رێ، هاتووين به‌ده‌ستی خۆمان، زمانمان ـ که تازه خه‌ریکی گه‌شان و نهشان و هه‌ڵتۆقین بوو ـ کرده دوو که‌رت و پاش چه‌ند ساڵی ديکه ده‌بێ ههولێریيهک و بادينییهک به زمانی نوجهيفیی موسڵاوی له‌يه‌کدی فام بکه‌ن، له خانهقينییهک و کرمانجێکی دياربهکريش گه‌ڕێ. له کاتێکدا ده‌مانتوانی، ئێسته‌شی له‌گه‌ڵدا بێت، له کوردستانی فيدڕاڵهوه بڕياری ئه‌وه دهربکهين که ( ئه‌مه ) يان زمانی کوردييه و ( باقی ) يهکهش هه‌موو له‌هجه‌ی ده‌سته‌خوشکن، باجیی گه‌وره ده‌خه‌مڵێنن و تاسولووسی ده‌که‌ن و له‌هه‌موو شتێکیشدا خودان پشکن.
ئه‌وانه‌ی له‌ژێر داری ڕزيودا ده‌فه‌لسه‌فێنن، هه‌ژده‌هه‌ژده ده‌گرمێنن و بێی هه‌دادان ده‌ڵێن با جارێ ده‌وڵه‌تی کوردی دابمه‌زرێنین، ئه‌وجا مه‌سه‌له‌ی زمان حه‌ل ده‌که‌ين، ئه‌وا وه‌کوو ئه‌و که‌سه‌ن له‌دواوه وڵاغ ناڵ ده‌کا و به بێژنگ ئاوان ده‌گوازێته‌وه. بۆيه، ئه‌مڕۆ بۆ کورد، خه‌باتکردن بۆ بڕياردان له‌سه‌ر يه‌ک زمانی يه‌کگرتوو و يه‌ک ئه‌لفوبێی که هه‌مانه، زۆر پڕبايهختره له بانگه‌شه‌ی ده‌وڵه‌تی کورد که مام جه‌لال له قه‌وچه‌ی ده‌داته‌وه. ده‌ڵێن، کچێکی هێڕوگێژ تازه شووی کردبوو، بۆ ڕۆژی دووه‌م که له په‌رده ده‌رچوو، هه‌ستا گه‌سک له‌ماڵ بدات، له‌کاتی گهسکلێداندا بايه‌کی لێ به‌ربوو، خه‌سووه‌که‌ش گوێی لێ بوو، بۆ ئه‌وه‌ی کچه بهسهرخۆيدا نه‌شکێته‌وه، پێی وت : قهيناکه کچم، ئیشاڵڵا کوڕێکت ده‌بێت ! کچه‌ش وتی : ئامۆژن، يه‌کێکی ديکه‌ش به‌رده‌م ؟ خه‌سوو فه‌رمووی : نا کچم، جارێ ئه‌مه‌يان گه‌وره بکه، خوا گه‌وره‌يه بۆ ئه‌ويديکه !.
به‌ر له‌وه‌ی مام جه‌لال ڕاستی فه‌رمووبێت، ياخود ڕۆژگارێکمان لێ بێته پێشێ، تێیدا کوردێکی که‌رکووک باشتر له تورکمانێکی ئه‌وێ بگات وه‌ک له کوردێکی قامشلوو، ئه‌وا ده‌بێ خۆمان له‌و ڕاستینهيه نه‌بوێرین که ده‌ڵێت : ئه‌وه‌ی له‌م سه‌روبه‌ندی ئێسته‌دا بۆ کورد بۆمبای ئه‌تۆم و سه‌ره‌خۆره، ته‌نیاوته‌نیا قانگدانی خوێندنه به دوو ديالێکت و نووسينه به دوو ئه‌لفوبێ له‌سه‌ر شاشه‌ی تهلهفزيۆنه کوردييه‌کاندا و هیچی ديکه.02/04/2009