تواناکانی(پۆتانسێلی) چینی کرێکار….وه‌رگێڕانی له فارسییه‌وه، حه‌مه غفور
تواناکانی(پۆتانسێلی) چینی کرێکار
له په‌راوێزی ئه‌و ڕووداوه گه‌وره‌یه‌ی که
"باسی نه‌کرا"کورش مدرسی
March 22, 2009 11:08 PM
وه‌رگێڕانی له فارسییه‌وه، حه‌مه غفورحیزبهکان، ڕێکخراوهکانو ماس میدیای ئۆپۆزیسیۆن ئه‌و جۆره له ڕووداوه‌کان به "گرنگ- مهم" له قه‌ڵه‌م ئه‌ده‌ن، که ئه‌گه‌ر چی شتێک له بازنه‌ی مشتومڕو سه‌رقاڵیه ناوخۆییه‌کانی سیاسه‌تمه‌دارانی تاراوگه به‌ولاوه‌تریش بڕوات، ئه‌وا چوارچێوه‌ی هاتوهاوارو "جه‌نجاڵی"یه کرێکاریه‌کان تێناپه‌ڕێنێت. یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی چه‌پی وورده‌بۆرژوازی ئه‌مه‌یه که میکانیزمی قودرهتو پۆتانسێلی چینی کرێکار له‌گه‌ڵ میکانیزمی شلوقیو جه‌نجاڵیه جه‌ماوه‌ریه‌کانی وورده‌بۆرژوازی به یه‌ک شت دائه‌نێت. وا تێئه‌گات که قودره‌تی چینی کرێکار هه‌میشه له شهقامو له ئاکسیۆنو له نێو خۆپیشاندانهکانایه. هه‌ر به‌م ده‌لیله ئه‌م چه‌په جووڵانه‌وه‌ی کرێکاری ته‌نها وه‌کو به‌شێک له بزووتنه‌وه‌ی سه‌رنگوونی لێکئهداتهوهو کرێکار وه‌کو خهباتکارترین به‌شی "خه‌ڵک" یان "جه‌ماوه‌ر" دائه‌نێت. نه‌ک وه‌کو چینێک که ئامانجی ته‌واو جیاوازی له سه‌رجه‌م چینه‌کانی دیکه هه‌یه. وه هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌وه‌یه کرێکار کاتێک سه‌رنجی ئه‌م چه‌په ڕائه‌کێشێت که مان ئه‌گرێت یاخود ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی به‌رز ئه‌کاته‌وه.
به‌ڵام له واقعییه‌تی ژیانی کۆمه‌ڵگای مۆدێرندا، پۆتانسێلی چینی کرێکار نه له چه‌ندایه‌تی ئه‌ودایه، نه له قاره‌مانیه فهردیهکانیدایهو نه له "بازووی پاڵه‌وانی"و مشتی گرمۆڵه‌کراوی وێنای خه‌یاڵی چه‌پی ووردهبۆرژوازیدایه. به‌ڵکو قودره‌تی ئه‌م چینه له نه‌خشی ئه‌ودایه له به‌رهه‌مهێناندا. ڕاستی‌و واقعییه‌ته هه‌ر ڕۆژه‌ییه‌کانی ژیان‌و گوزه‌رانی ئه‌م چینه که له نێو ناڕه‌زایه‌تی تاوێک به پهنهانو تاوێک به ئاشکرای، به‌ڵام هه‌ر ڕۆژه‌و هه‌ر ساته له ئارادای، خۆی نیشانئهداو وه هه‌ر ئان‌و ساتێک ئه‌وه قودرهتو لاوازی ئه‌م چینه ئه‌خاته‌ڕوو، به‌زۆری له جومله‌ی ئه‌و واقعیاته "بێبایه‌خ-غیر مهم"انهدایه که ڕێیان ناکه‌وێته ناو ماڵپه‌ڕه‌کان، بڵاوکراوهکانو میدیاکان‌و دڵ سه‌رقاڵیه‌کانی ئێمه‌وه.
یه‌کێک له‌م ڕاستیانه داستانی کرێکارانی به‌نده‌ری به‌سره‌و کرێکارانی یه‌ک که‌شتی بارهه‌ڵگری فلیپینیه. هاوڕێیهک له حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق که تازه له به‌سره‌وه گه‌ڕابۆوه، له دامێنی قسه‌وباسه‌کانیدا سه‌باره‌ت به هه‌ڵسوورانی یه‌کێتی کرێکارانی به‌نده‌ری به‌سره، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه کرد که ماوه‌یه‌ک به‌ر له ئێستا که‌شتیه‌کی بارهه‌ڵگر که زۆربه‌ی کرێکاران‌و مه‌له‌وانه‌کانی فلیپینی بوون، بۆ بار بارکردن، پێماوبێ بۆ نه‌وت هاتبێ، له به‌سره له‌نگه‌ر ده‌گرێت. له قسه‌و باسی نێوان کرێکارانی که‌شتیو کرێکارانی باری به‌نده‌ری به‌سره ڕوونئه‌بێته‌وه که کرێکارانی که‌شتی فلیپینی 6 شه‌ش مانگه کرێیان وه‌رنه‌گرتووه‌و له ترسی ئه‌وه‌ی که نه‌بادا هه‌م هه‌قی شه‌ش مانگه‌یان له ده‌ست بده‌ن هه‌م به ته‌واوی بێکار بکرێن ناچاربوون که له‌خۆ ببوێرنو سازش بکه‌ن.
ڕابه‌رانی یه‌کێتی کرێکارانی به‌نده‌ری به‌سره، دوای ئاگا‌داربوو‌نیان له‌م واقعییه‌ته، بڕیارئه‌ده‌ن که هه‌تا ههقو کرێی کرێکارانی که‌شتی به ته‌واوی نه‌درێت که‌شتیه‌که بارنهکرێت وه ئه‌م بڕیاره‌یان جێبه‌جێ ئه‌که‌ن. سه‌ره‌ڕای هه‌وڵی "ده‌سه‌ڵاتدارانی" به‌نده‌ری به‌سره، نه ئه‌و که‌شتیه بارئه‌کرێت وه نه ڕێگاشی پێئه‌ده‌ن که له ئه‌سکه‌له‌ی له‌نگه‌ر جیاببێته‌وه. که‌شتیه‌که به کرده‌وه له‌لایه‌ن یه‌کێتی کرێکارانی به‌نده‌ری به‌سره‌وه به ته‌واوی ده‌ستبه‌سه‌ر ئه‌کرێت.
سه‌ره‌نجامی ئه‌م خه‌باته‌و ئه‌م ململانێیه ئاشکرایه. دوای ماوه‌یه‌ک ئه‌م دهستو ئه‌و ده‌ست پێکردن‌و په‌نابردن بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقی، کۆمپانیای خاوه‌نی که‌شتیه‌که‌و ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ش ملئهدهنو ته‌واوی ههقو داوای کرێکاران هه‌ر له‌وێدا ئه‌درێت.
ئه‌م ڕووداوه نه له نێو شه‌قام بوو، نه له پێناویدا مشتێک گرمۆڵه کرابوو، نه "ئاکسیۆن"یشی له‌گه‌ڵدا بوو، له‌وانه‌یه ته‌نانه‌ت ته‌نها یه‌ک هاواریشی بۆ نه‌کرابێت. سه‌ره‌نجام لانیکه‌م له‌لایه‌ن ئێمه‌وه ڕاپۆرته‌که‌ی نه‌دراو باسی لێوه نه‌کرا. به‌ڵام ئه‌م ڕووداوه یه‌کێکه له ڕووداوه هه‌ره گرنگه‌کانی ناوچه‌ی ئێمه. ئه‌م ڕووداوه پۆتانسێلی چینی ئێمه به هه‌ر کرێکارێکو به هه‌ر که‌سێک له کۆمه‌ڵگادا نیشان ئه‌دات. ئه‌م ڕووداوه جارێکی تر نیشانی ئه‌دات که قودره‌تی ئێمه نه‌ک ته‌نها له هوتافکێشانو له ڕژانه سه‌ر شه‌قامدایه، به‌لکو له بنچینه‌دا توانا‌و قابلییه‌تی ئێمه له خه‌واندنی کار، له نێو توانایی ئێمه بۆ ڕاگرتنی بهرههمهێنانو له یهکێتیو یه‌کگرتوویی چینایه‌تی نێوان کرێکاراندایه.
ئه‌وه‌ی که له به‌سره ڕوویدا پێویسته ببێته مانیفێستی کرێکارانی به‌نده‌ری به‌سره وه به هه‌موو ئه‌و که‌شتیانه ڕابگه‌یه‌نرێت که له‌م به‌نده‌ره له‌نگه‌ر ئه‌گرێت. ده‌بێ به هه‌مووان ڕابگه‌یه‌نرێ که حوکم‌و بڕیاری کرێکارانی به‌نده‌ری به‌سره ئه‌مه‌یه: "ئه‌گه‌ر حقوق‌و کرێی کرێکارانی که‌شتیتان نه‌داوه، که‌شتی ئێوه له‌م به‌نده‌ره‌وه بۆ هیچ جێگایه‌کی تر ناتوانێ بڕوات". ئه‌وه‌ی له به‌سره ڕوویدا ده‌بێ ببێته مانیفێستو حوکمی کرێکارانی هه‌موو به‌نده‌ره‌کانی جیهان. ئێمه پێویسته ههوڵدهینو کۆمه‌ک بکه‌ین که ئه‌م هه‌واڵه بگاته گوێی هه‌موو کرێکاران‌و سه‌رنجی چینی کرێکار بۆ ئه‌وه ڕابکێشرێت که قودره‌تی چینی کرێکار له یه‌کێتی چینایهتیو له توانایی ئه‌ودایه بۆ بهستنو قفڵکردنی شاده‌ماره‌کانی ژیانی بۆرژوازی له کۆمه‌ڵگای مۆدێرنی ئێمه‌دا وه ئه‌م قودرهتو تواناییه جێبه‌جێبکات. ئه‌م حوکمه ده‌بێ ببێته بڕیاری کرێکارانی هه‌موو به‌نده‌ره‌کانی ئێرانیش.
ئه‌وه‌ی له به‌سره ڕوویدا ته‌نها گۆشه‌یه‌کی بچووکه له قودرهتو توانایی ئه‌م چینه.
بژی یه‌کێتی چینایه‌تی کرێکاران
بژی کرێکارانی به‌سره
————————————————————————–
لینکی ئه‌م بابه‌ته به فارسی: http://www.hekmatist.com/partow63-koorosh.html