حه‌وت و هه‌شت…….هه‌ژێن
حه‌وت و هه‌شت*
ههژێنشوێن: سه‌رشه‌قامێك ( جار جاره ده‌نگی ئۆتۆمۆبێل، هاواری عه‌ره‌بانه‌چی و مناڵانی ده‌سفرۆش). له لای ڕاسته‌وه مێزیك، کچێکی جوان، پۆشاکی جۆری پوله‌که‌یی زه‌ردی کوردی پۆشیوه، جامه‌دانییه‌کی سوور له پشت سه‌ری هه‌ڵاواسراوه و به سپی له سه‌ری نووسراوه "ئۆتۆنۆمی ….". له‌لای چه‌په‌وه میزێك، کچێکی باریك ئه‌ندام، پۆشاکی له جۆری ڕیشی مامه‌ی پۆشیوه و پشتوێنێکی سه‌قزی له که‌مه‌ری به‌ستووه، جامه‌دانییه‌کی سه‌وز له پشت سه‌ری هه‌ڵواسراوه و له ناوه‌ڕاستیدا به سوور نوسراوه " مافی چاره‌ی خونووس…".
پیاوێکی ته‌مه‌ن مامناوه‌ندی، سه‌ر و ڕیشی ماشوبرنجی، پۆشاکێکی کۆنه و دڕا‌و پۆشیوه، له کچه پۆشاك زه‌رده‌که نزیك ده‌بێته‌وه و به وردی سه‌رنجی کچه‌که ده‌دات و له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌دوێت:
ڕێبواره‌که: ئای که پۆشاکه‌که‌ی چه‌نده جوانه، ئاخۆ گه‌ر مژده بیان پۆشێت، چه‌ندی لێ بوه‌شێته‌وه وچه‌ند خانومان بێت؟ ئه‌ویش وه‌ك هاوه‌ڵه‌کانی له ئاهه‌نگه‌کانی فێرگه‌دا خۆی بڕازێنێت، ئای له‌م ڕۆژگاره لۆ هه‌مووان ناتوانن پۆشاکی جوانیان هه‌بێت؟ ( له پڕ ده‌نگێکی ناسك دایدهچڵهکێنێت)
کچه‌که به‌رگ زه‌رده‌که: مامۆستا، یاخوا به‌خێر بێیت، هاتووی ده‌نگ به لیستی خۆت بده‌ی، لیستی زه‌رد لیستی برسییان، ده‌نگ به ئاشتی بده!
ڕێبواره‌که: (وه‌ك ئه‌وه‌ی که گوێی له قسه‌کانی کچه‌که نه‌بووبێت، له‌به‌ر خۆیه‌وه) ئای له‌م داستانه چه‌نده کۆنه، وا ده‌زانێت، که نهم بیستووه! (ڕوو له کچه‌که ده‌پرسێت) بابت کاری چییه؟
کچه‌که: به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانییه، پیشمه‌رگه‌ی ئه‌یلووله!
ڕێبواره‌که: (به توانجه‌وه) ئا.. ده‌یناسم، چاکی ده‌ناسم چ قاره‌مانێکه. کاتی خۆی پاش حه‌فتاکان لای من پیشمه‌رگه بوو، کاڵا شایسته‌ی باڵا، ئم … ئم…
کچه‌که: ده‌ی که‌واته هاتووی ده‌نگ به پارتی خۆت بده‌ی؟
ڕێبواره‌که: نا کچی خۆم، به هه‌ڵه‌دا چوویت، من کۆنه مسته‌شار نیم، خوا بازارتان بدات.
(پاش که‌مێك ئه‌وجار به‌ره‌و کچه به‌رگ سه‌وزه‌که ده‌ڕوات و زۆر سه‌رنجی راده‌کێشێت، له‌به‌ر خۆیه‌وه:
– نا ئه‌مه‌یان جوانتره، ئه‌و پشتوێنه کاتێ که خاتوون ده‌زگیرانم بوو، داوای لێ کردم و وتی "توخوا جه‌مال بۆم بکڕه". منیش وتم: کچێ ئاخر به چی؟ نیمه، مه‌گه‌ر خۆم بفرۆشم". ئای خاتوونه‌که‌م زۆر ده‌ترسم ئه‌و ئاواته به‌ریته ژێر گڵ، به‌ڵام نا، بروا ناکه‌م تاسه‌ر دونیا هه‌روا بێت. ئه‌م شه‌وه‌زه‌نگه‌ی برسییه‌کان، هه‌ر ده‌بێت کۆتاییه‌کی هه‌بێت. دڵنیام له‌ته‌ك گزنگی ئه‌و به‌یانه، ئه‌م چارشێوه ڕه‌شه‌ی سه‌روه‌ران له‌سه‌ر بیر و هۆشی مرۆڤایه‌تی لا ده‌درێت. خاتوونه‌که‌م ئه‌گه‌ر من و تۆش نه‌یبینین، ئه‌وا دڵنیام که نه‌وه‌کانمان ده‌یبینین.
کچه پۆشاك سه‌وزه‌که: به‌خێر بێیت خاره گیان، دیاره خه‌رکی زه‌حمه‌تکێش، خاوه‌نی خۆی دهناسیتن. ( به په‌نجه کێشان بۆ کچه پۆشاك زه‌رده‌که) کۆنه‌په‌رست و به‌کرێگیراون. ئاغا و ئاغاوات له خۆ ده‌گرن. ناوی به‌ڕێزتان چی بوو؟ به دڵنیاییه‌وه پاش ئه‌مه یارمه‌تیتان ده‌درێت و سه‌ره‌نجامه‌که‌ی به‌دڵی ئه‌نگۆ ده‌بیتن!
ڕێبواره‌که: به‌ته‌مان چی لۆ ئێمه بکه‌ن؟
کچه‌که: کوردستان ڕزگار ده‌که‌ین، کارگه‌ران ده‌خه‌ینه‌وه گه‌ڕ، گونده‌کان ئاوه‌دان ده‌که‌ینه‌وه، بارزگانی له‌ته‌ك ده‌رودراوسێیان و موچه دواکه‌وتووه‌کانیش ده‌درێنه‌وه!
ڕێبواره‌که: واته بۆ من هیچ.
کچه‌که: چۆن هیچ، لۆ ئه‌وانه هیچن؟
ڕێبواره‌که: ئه‌وه‌ی تۆ وتت، هیچی لۆ ئێمه نییه، به‌ڵکو لۆ بازرگان و خاوه‌نکار و خاوهنزهوییهکانه. کاتی خۆشی که به‌عس فه‌رمانڕه‌وا بوو، بارزگانی هه‌بوو، کارگه‌کان له‌گه‌ڕدا بوون، ولات ئاوه‌دان بوو، موچه هه‌بوو، به‌ڵام مناڵه‌کانی ئێمه هه‌ر له ژیان بێبه‌ش بوون!
کچه‌که: خاره وه‌ره تاقی بکه‌ره‌وه، بزانه هه‌ر وایه، چۆن له خۆته‌وه ئه‌و بڕیار بۆ سبه‌ی ده‌ده‌ی؟
ڕێبواره‌که: نا کچی خاره‌ی، له سه‌رده‌می باپیرانمانه‌وه تا ئێستا هه‌ر تاقیده‌که‌ینه‌وه، یه‌ك له یه‌ك خراپتر، هه‌مووان زالووئاسا له گه‌رووی مار و مندارماندا ئاوسان. به‌ڵام ئێمه ڕه‌نگ زه‌ردتر و برسیتر بووین. کچم ئه‌و قسانه لۆ گێل و نه‌فامان به‌جێژن، خوا ڕزقتان بدات.
(له‌م کاته‌دا عهرهبانهچییهك به‌ده‌م ڕاکێشانی ئهرهبانهکهیهوه تێده‌په‌ڕێت)
ئه‌ره‌بانه‌چی: وه‌ره خاره گیان، وه‌ره لۆ سرقی جوان، سرقی قودسی کوردستان، لۆ نیوه‌ڕۆی ئه‌م به‌هاره، له‌گه‌ر پیازهتهڕهی، خواردنی خه‌رکی هه‌ژاره. ئای که چه‌ند خۆشه …..
(له کاته‌دا کچه سه‌وزپۆشه‌که چه‌پڵه‌یه‌کی بۆ لێده‌دات و قسه‌که‌ی پێ ده‌برێت)
ڕێبواره‌که: کوڕم مه‌لا …. فتوای داوه، سرقی قودس حه‌رامه، چونکه جوله‌که تێیدا ده‌سه‌ڵاتداره!
ئه‌ره‌بانه‌چی: خاره، جوله‌که‌ی چی، که‌رکوکی قودسی کوردستان.
ڕێبواره‌که: ببوره کوڕم، وام زانی سرقی قودسه‌که‌ی تر ده‌رێیت، بروابکه برنج و ڕۆنمان نییه، تا بیکه‌ینه دۆرمه، خۆزگه به‌وه‌ی که ده‌یخواتن.
ئه‌ره‌بانه‌چی: وام زانی هه‌ر ئێمه بێ برنج و ڕۆنین، هه‌ی! (ئهرهبانهچییهکه به وردی سه‌رنجێکی کچه‌که ده‌دات و ئاهێك هه‌ڵده‌کێشێت، له پر ده‌نگی ئهرهبانهچییهکی تر ڕای ده‌چڵه‌کێنێت)
ئه‌ره‌بانه‌چی دووه‌م: گندۆره، گندۆره‌ی ئێرانێ، شیرینه وه‌کی شه‌کری. وه‌ره خاره بیرت نه‌چی، لۆ مندارهکانت ئه‌و شه‌مامه جوانه‌ی (به لاچاوێك سه‌ریری کچه زه‌ردپۆشه‌که ده‌کات) هه‌ر ده‌رێی گێمهڕه، ئای چه‌نده نه‌رم و خۆشه. (ڕوو له ئه‌ره‌بانه‌چی یه‌که‌م) خۆت لاده حه‌لۆ، با ده‌رکه‌وێت مانگی چوارده!
ئه‌ره‌بانه‌چی یه‌که‌م: باشه هه‌تیم خۆ نه‌تکڕیوه! (تێده‌په‌ڕێ)
ئه‌ره‌بانه‌چی دووه‌م: ده‌ی خاره لێم بکڕه،گوندۆرهی ئیرانێ، خۆزگه‌م به‌وه‌ی ده‌یخواتن.
ڕێبواره‌که: خاره گیان، منداره‌کانم له به‌دخۆراکیدا تووشی سکچوون بوون، گوندۆره خراپه بۆیان.
ئه‌ره‌بانه‌چی: ئاخر خاره، هی ئێرانه، بۆ سکچوون، باشترین ده‌رمانه. گوێم له ته‌له‌فزیۆنی «گوران» بوو، وتی "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که له نه‌خۆشخانه‌کاندا داووده‌رمان نییه، بۆ سکچوون گوندۆره بخۆن، باشترین ده‌رمانه”، به‌تامه، نه‌رمه، شیرینه، شیرین!
ڕێبواره‌که: ها.. ها..ها(به‌ده‌نگێکی به‌رز) کوڕی خۆم، خه‌تای تۆ نییه، دونیاکه پێچه‌وانه‌یه، بۆیه ژه‌هری ماریش ده‌بێته هه‌توان. ته‌مه‌ڵ و ته‌وه‌زه‌ڵ پۆشته و ئێمه‌ش برسی و بێ سه‌رپه‌نا.
(ڕێبواره‌که ملی رێ ده‌گرێ و ئهرهبانهچییهکه هاوار ده‌کات ..
– وه‌رن لۆ گندۆره‌ی، خڕه، نه‌رمه، شیرینه، خۆ حه‌رام نه‌کرایه، ئای که خۆشه، لۆی بمرم!نۆڤه‌مبه‌ری 1997**
* پێشتر به‌ناوی دوو تاکی یه‌ك جووت پیڵاو، بڵاو بووه‌ته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که پێڵاو لای خه‌ڵکی کورد واتای نیگه‌تیڤی هه‌یه و ناڕۆشنی لای خوێنه‌ر دروست نه‌کات، له‌م بڵاوکردنه‌وه‌یه‌دا گۆڕیم به (حه‌وت و هه‌شت) که وه‌ك (6 ، 9) ی ئینگلیزی وان و هه‌مان مه‌به‌ستی پێشوو ده‌گه‌یێنێت و له هیچ بارێکیاندا ئامانجم گه‌یاندنی تێڕوانینی خێڵه‌کیی و ده‌ره‌به‌گیی نییه بۆ پێڵاو.
** پێشتر له ژماره (2)ی دێسه‌مبه‌ری 1997ی گۆڤاری «ژیله‌مۆ»دا بڵاو کراوه‌ته‌وه. لێره‌دا به که‌مێك ده‌ستکاری له دارشتن و ڕێنووسدا دووباره بڵاوی ده‌که‌مه‌وه.