''ناوه‌ندێتیی دیموکراسیی'' نا ، ئه‌دی چی !؟
”ناوه‌ندێتیی دیموکراسیی” نا ، ئه‌دی چی !؟
دارا ئه‌حمه‌د
زۆربه‌ی ئه‌و حیزب و رێکخراوه رامیارییانه‌ی که تا ئێستا باسیان له دیموکراسیی کردووه یان خۆیان به به‌شێک له بزاڤی کۆمۆنیستیی زانیووه.. په‌یڕه‌وی پرانسیپی ” ناوه‌ندێتیی دیموکراسیی”یان کردووه .. بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی نێوخۆی حیزب و کار و چاڵاکییه‌کانی سه‌رکردایه‌تیی و ته‌واوی ئه‌ندامان و یه‌که رێکخراوییهکانیان پێرێکبخهن که پێکدێ له ناوه‌ندێکی به‌هێز و بڕیارده‌ر بۆ یهکێتیبوونی حیزب و گونجاندنی به چه‌مکی دیموکراسیی و رهفتارپێکردنی.. تا هه‌ر ئه‌ندامێک به پێی توانا و سه‌نگایی خۆی و له جێی شیاوی خۆی به‌شداریی داڕشتنی رامیاریی حیزب بکا و ئه‌رک و چاڵاکییه‌کانی تێدا ئه‌نجام بدا و مافه‌کانی خۆشی تێدا وه‌ده‌ستبهێنێ، به‌و پێیه‌ی که ئه‌و پرانسیپه کۆمه‌ڵێک رێسای وه‌ک ” سه‌رکردایه‌تی به‌کۆمه‌ڵ، یه‌کێتیی هزر و رامیاریی و رێکخراوبوون، ره‌خنه و ره‌خنه‌له‌خۆگرتن، ملکه‌چی که‌مینه بۆ زۆرینه، ئازادیی گفتوگۆ و راده‌ربڕین، و چه‌ندانیتر ” ی هه‌یه حیزب له هه‌ردوو دیارده‌ی لیبرالیی و دیکتاتۆریی ده‌پارێزێ و ده‌توانێ به شێوه‌یه‌کی رێکوپێک کاری رێکخراوبوون و چاڵاکییه‌کانی حیزب جێبه‌جێ بکا.
دیاره ” ناوه‌ندێتیی دیموکراسیی ” له گۆڕه‌پانی رامیارییدا به‌بێ بوونی ده‌زگه‌یه‌کی وه‌ک حیزب رهفتارپێکردن و جێبه‌جێکردنێکی له‌باری بۆ ناڕه‌خسێ و حیزب و حیزبایه‌تییش به‌بێ ئه‌و وه‌ک سه‌نگه‌رێکی بێ قه‌ڵایه.. بۆیه شایانی هێنده له‌سه‌روه‌ستان نییه.. هه‌ر ئه‌وه‌نده نه‌بێ بگوترێ که وه‌ک رێوشوێنێکی ساخته‌کاریی نێو حیزب جگه له‌وه‌ی دیارده‌یه‌کی ناسروشتیی په‌ره‌سه‌ندن و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی رامیارییه له رووی رێکخراوهییشهوه له‌سه‌ر بنچینه‌یه‌کی بابه‌تیی و زانستییانه دروست نه‌بووه بۆیه ناتوانێ له ههڵسوکهوتپێکردنی په‌یوه‌ندییه رێکخراوییهکان له ره‌خساندنی بارودۆخی له‌بار و ئافه‌ریده‌کردنی ووزه و تواناکان و به‌کارهێنانیان ده‌رئه‌نجامێکی پوخت بۆ رهوتپێگرتنی رێکخراوبوون و به کۆمهڵایهتییکردنی رێکخستن بێنێته‌دی و دیسان به خستنه‌کاری ده‌ره‌نجامه‌کان له چه‌ندباره‌کردنه‌وه‌ی پڕۆسێسهکان به به‌رده‌وامیی به‌ره‌پێشه‌وه هه‌نگاو بنێ.. به‌ڵکه به پێچه‌وانه زیندانێک بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه رێکخراوهییانه دروستده‌کا که ده‌رکه‌کانی له‌سه‌رپشت بن به‌ڵام به شووره‌یه‌کی پته‌و چوارده‌وریان گیرابێ ، هه‌ڵبه‌ته ئه‌و ره‌فتاره‌شی هه‌روا خۆبه‌خۆ دروست نه‌بووه به‌ڵکه له ئه‌نجامی سروشتی پێکهاته‌که‌ی سه‌رچاوه‌ی گرتووه.. که له به‌زۆر به‌یه‌که‌وه‌لکانی دوو ده‌سته‌واژه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی سه‌ر به دوو بۆچوونی جواێزی نێو دوو که‌لتووری سه‌رمایه‌داریی پێکهاتووه که له رووه ناوهندێتییهکهی واتای فه‌رمانره‌وایی تاکڕه‌ویی و له رووه دیموکراسییه‌که‌شی واتای سه‌پاندنی رایه رێبۆخۆشکراوهکانی زۆرینه ده‌گه‌یه‌نێ .. ئه‌و دووه‌ش له ره‌فتارکردندا ناتوانن ببنه ته‌واوکه‌ری یه‌کدی و ته‌نانه‌ت پێکه‌وه‌ش هه‌ڵناکه‌ن و له فه‌رهه‌نگی کۆمۆنیستییش جێگایان نابێته‌وه.. چونکه کاری کۆمۆنیستیی کارێکی هاوبه‌ش و به کۆمه‌ڵه و سه‌ره‌تا و به‌ر له هه‌ر شتێک به‌شێوه‌یه‌کی زانستییانه پشت به بابه‌تییبوونی رایه‌کان ده‌به‌ستێ ئه‌وجا تێڕوانینی خودیی و چه‌ندایه‌تیی رایه‌کان.
هه‌رچه‌نده کۆمۆنیسته‌کان ” ناوه‌ندێتیی دیموکراسیی ”یان وه‌ک پرانسیپێکی گشتگیر به رێگه‌چاره‌ی هه‌موو گرفت و قه‌یرانێکی حیزب و حیزبایه‌تیی ده‌زانی.. به‌ڵام مێژوو ده‌ره‌نجامه‌کانی ئه‌و ده‌سته‌واژه نامۆیه‌ی به راشکاویی وه‌ده‌رخست که نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ی بۆ نه‌کرا به‌ڵکه هه‌روه‌ک ئاشکرایه خودی خۆی بووه کۆشکی کۆنترۆڵی نێو ته‌لاری حیزب که تا پتر بۆ لووتکه‌که‌ی بڕۆی پتر په‌یڕه‌وکردنی دیکتاتۆریی لێوهدیدهکهی.. یان راستتر بڵێین به واتای ووشه ”حیزب”ی کرده ”حیزب!” که تێیدا به به‌ره‌واژیی و به شێوه‌یه‌کی رووکه‌شانه جۆری هه‌ڵسوکه‌وتی حیزبایه‌تیی و شێوه رێکخراوبوونێکی نه‌شیاو و نامۆی به رامیارییکردنی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان هێنایه ئارا.
هه‌ر له‌ژێر ئه‌و تێڕوانینانه‌ی سه‌ره‌وه هزری نوێی کۆمۆنیستیی ” ناوه‌ندێتیی دیموکراسیی ” وه‌ک پرانسیپێکی نادروست ره‌ت ده‌کاته‌وه و به شێوێنه‌ری خه‌باتی چینایه‌تیی و رێکخراوبوونی و پێشێلکه‌ری هه‌موو جۆره ئازادییه‌ک و قووڵکه‌ره‌وه‌ی بیرۆکراسیی و دیکتاتۆریی ده‌زانێ.. نه‌ک له‌جێی ئه‌و به‌ڵکه به‌بێ ئه‌وه‌ی پێویستی به پرانسیپێکی له‌و بابه‌ته هه‌بێ بۆ رێکخراوبوونی خۆی شێوه‌ی ( ده‌سته‌به‌ندیی کۆمه‌ڵایه‌تیی ) ده‌کاته بنچینه‌ی کار و چاڵاکییه‌کانی خۆی.. که شێوازێکی ره‌سه‌نی بزووتنی کۆمۆنیستییه و گشت که‌سێک ده‌توانێ به‌وپه‌ڕی ئازادیی و پڕ به پێستی خۆی ووزه و تواناکانی خۆی تێدا بخاته‌گه‌ر، ده‌سته‌به‌ندیی کۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌ر خودی واتا ناوه‌کییه‌که‌ی خۆی شێوازی هه‌ڵسووڕێنه‌ر و پێکهاته‌ی خۆیه‌تی و.. سه‌رجه‌می هۆیه‌کانی بوون و جۆر و رێکخستنی بزووتنیشی بۆ جێبه‌جێکردنی کار و چاڵاکییه‌کان و به‌کارهێنانی ده‌ره‌نجامه‌کانی زاده‌ی هه‌ستانه‌سه‌رپێ و ده‌ستبه‌کاربوونی خۆیه‌تی که له‌سه‌ر بنچینهنهی بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانی چه‌مکی کۆمۆنه‌یی سه‌رچاوه‌ی گرتووه، بۆیه جۆری هه‌ڵسوکه‌وت و په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوخۆشی له‌سه‌ر هه‌مان بنچینه خۆی رێکده‌خا و به‌ڕێوه‌ده‌چێ .. به‌پێی ره‌وشتی شێوازه کۆمۆنهییهکهشی سه‌رله‌به‌ری ئه‌ندامانی به‌بێ هاوێرکردن هه‌ریه‌که‌ی کارێکی مادیی بۆ ژیان و گوزه‌ران ئه‌نجام ده‌دا – کارێک دژه‌مرۆیی نه‌بێ و زیان به هزری کۆمۆنیستیی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان نه‌گه‌یه‌نێ – ، تێکڕای ئه‌ندامانی دهستهبهندییهکانیش به پێچه‌وانه‌ی ئه‌ندامێتیی له حیزبه کۆمۆنیستیی و کرێکارییه‌کانی بزاڤی کۆمۆنیستیی رابردوو.. له مافه‌کانی رێکخراوبوون و مافه‌کانی ژیانی رۆژانه‌یان به‌تایبه‌تییش له رووی مادییه‌وه یه‌کسانن.
٢\۴\٢٠٠٩
dara@emrro.com