گه‌نج، گه‌نجی رێخراو، رێکخراوی گه‌نجان…..عه‌تا جهمالَى
پرسی گه‌نج:
گه‌نج، گه‌نجی رێخراو، رێکخراوی گهنجانعةتا جةمالَى
Ata_jamali2002@yahoo.comراسته گه‌نج، رێکخراوی گه‌نجان و ئامانج و مه‌به‌ستی دامه‌زراوه‌کانیان و ئاراسته‌ی کارکردنیان و ئه‌و هه‌موو هیوا و ئومێد و پشت گه‌رمییانه‌ی به‌خشیویانه به گه‌نجان، کۆمه‌ڵێک باسی رۆژه‌ڤ و جێی سه‌رنجی رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ر و سیاسی و پارلمانتار و بازاڕ و زانکۆ و ئاپۆڕه‌ی ناڕازییان و…ن به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه گرنگ و شایانی سه‌رنجه بان ره‌وایه‌تێکه سه‌باره‌ت به‌و وشه و چه‌مک و واتایانه که هزری هه‌موو ئه‌و توێژانه‌ی ناوم هێنان لێی به‌تاڵه چونکه هێنده‌ی خووگر و گوێرایه‌ڵی ره‌وایه‌ته باوهکانین هیچکات خۆ له قه‌ره‌ی بان ره‌وایه‌ته‌کان ناده‌ین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بان ره‌وایه‌ت پێویستی به ره‌خنه‌گر و رۆچنهبینه. بۆچی گه‌نج؟ بۆچی پرسی گه‌نج؟ بۆچی رێکخراوی گه‌نجان؟ سه‌ره‌نجام بۆچی گه‌نج و رێکخراوی گه‌نج پرسن؟
به‌ر له هه‌موو شت پێویسته بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر چۆنیه‌تیی سه‌رهه‌ڵدان و زه‌رووره‌ت په‌یداکردنی ئه‌م پرسه که له‌راستیدا بۆته ته‌وه‌ری باسی زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری ناوه‌نده حزبی و حکوومه‌تی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و له‌په‌ناشه‌وه بۆته سه‌رچاوه‌یه‌کی داهات بۆ هه‌ندێ رێکخراوی مه‌ده‌نی و هاوکات وه‌زاره‌ت و به‌ڕێوبه‌رایه‌تی و ناوه‌نده ده‌وڵه‌تییه‌کان و جگه له‌وه‌ش ره‌نگه له‌ئێستادا نزیکهدهستترین و هاسانترین بابه‌ته بۆ رۆژنامه‌نووس و رۆژنامه هه‌ژاره‌کانی کوردستان.
بۆ شرۆڤه‌ی چۆنیه‌تیی زه‌رووره‌ت په‌یداکردنی ئه‌م پرسه پێویسته دابه‌شکارییه‌کی کاته‌کی له‌ئارادا هه‌بێت بۆ زیاتر رۆچوون به بنج و بناوانیدا و له‌به‌ر ئه‌وه‌ش من ئاماژه به دوو قۆناغ ده‌که‌م که راسته‌وخۆ سیاسین و به‌و پێیه‌ش ئه‌م قۆناغه سیاسییانهم دیاری کردووه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ر له‌هه‌موو شت له کۆمه‌ڵگه‌ی سیاسهتلێدراوی ئێمه‌دا پێودانگ و پێوه‌ری هه‌موو هه‌ڵسوکه‌وت و ته‌نانه‌ت پرۆسه‌کانی گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رهه‌می جووڵه سیاسییه‌کانن و ئه‌وه سیاسه‌ت و گۆڕانی سیاسییه که ده‌بێته هۆی ئه‌گه‌ری گۆڕان له دیارده و ئاکار و جووڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا، واته سیاسه‌ت پاشخانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانه له‌حاڵێکدا سیاسه‌ت خۆی چه‌مکێکه ده‌رهاویشته‌ی کۆمه‌ڵگه و دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تییه.
قۆناغی یه‌که‌م له راپه‌ڕینی ساڵی 1991 ده‌ستپێده‌کات و له ساڵی 2003دا و به رووخانی سه‌دام کۆتایی دێت.
ئه‌م قۆناغه‌ش ئه‌گه‌رچی خۆی بێبه‌ری نییه له دابه‌شکاریی کاته‌کیی تر و ده‌توانین ئاماژه به قۆناغی شه‌ڕی براکوژی و پاش ئه‌و بکه‌ین به‌ڵام لێره‌دا من به‌گشتی وه‌ک یه‌ک قۆناغ باسی لێوه‌ده‌که‌م و ده‌توانین وه‌ک هۆکاری کاریگه‌ر ئاماژه به‌م بن قۆناغه‌ش بده‌ین. وه‌ک باسم کرد کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک بووه که هه‌تا ئێستاش بڕیاره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و جۆری هزر و رای گشتی و ته‌نانه‌ت ئاکاری کۆمه‌ڵایه‌تیش له‌ژێر کاریگه‌ریی ئاراسته سیاسییه‌کاندایه، له‌و قۆناغه‌شدا که ململانێی حزبایه‌تی و سیاسه‌تی حزبی باڵی به‌سه‌ر هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌دا کێشابوو و ته‌نانه‌ت زۆرجار له زاری خه‌ڵکی ده‌بیسترێت که حزبایه‌تی خێزانه‌کانی هه‌ڵوه‌شاندبۆوه و متمانه‌ی له خێزانه‌کانیشدا نه‌هێشتبوو، زۆر به کرچوکاڵی ده‌توانین شوێن پێیه‌ک که چه‌مکی گه‌نج وه‌ک چه‌مکێکی کۆمه‌ڵناسانه یاخود فکری ده‌ستنیشان بکه‌ین. گه‌نج له‌م قۆناغه‌دا ته‌نیا له‌شولار و ته‌مه‌ن و توانایی جه‌سته‌یی و بوێری و به‌جه‌رگییه له مه‌یدانی شه‌ڕدا، گه‌نج هیچکات وه‌ک خۆی باسی لێنه‌کراوه، به‌ڵکوو وه‌ک گه‌نجی باش، گه‌نجی خراپ، گه‌نجی جاش، گه‌نجی نیشتمانپه‌رست، گه‌نجی خۆفرۆش و گه‌نجی پێشمه‌رگه باسی لێوه‌کراوه که هه‌رکام له‌و پاشگرانه که باس بکه‌ین واتایه‌کی ئایدیۆلۆژیکین که راسته‌وخۆ شوێنپه‌نجه‌ی ئاراسته ئایدیۆلۆژیکییه‌کانی پێوه دیاره، که‌واته گه‌نج ئامرازێک بووه بۆ پته‌وکردنی هێزی ئایدیۆلۆژیا یاخود عه‌ینی کردنه‌وه‌ی واتا ئایدیۆلۆژیکه‌کان. گه‌نج له‌و سه‌رده‌مه‌دا هێزێکی مه‌زنی به‌رگری بووه له پیر و به‌ساڵاچوان، ئه‌وانه‌ی پارێزه‌ری راسته‌قینه‌ی نه‌ریته باوه‌کانی کۆمه‌ڵ و سه‌رده‌می خۆیان بوون. له‌ڕاستیدا ناکرێ تاوانی ئه‌م به کهرهستهکردنهش ته‌نیا بخرێته ئه‌ستۆی پیر و ئایدیۆلۆژیا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گه‌نج به‌بێ ئاگا له خۆی و ماف و بایه‌خ و تواناکانی خۆی داوه‌ته به‌ر ئه‌و شه‌پۆلی بێماناییه.
له‌و قۆناغه‌دا که به‌شێکی راسته‌وخۆ به شه‌ڕی ره‌نگ و ناو ته‌واو ده‌بێت و ته‌نانه‌ت ده‌توانین به ئاماژه به گه‌نجه رهنگاڵهکانیش بکه‌ین، هیچکات باسێکی له‌م چه‌شنه‌ی ئێستا نه‌که‌وتۆته به‌رباس.
له بڕگه‌ی دووهه‌می قۆناغی یه‌که‌مدا گه‌نج که پێشتر که‌ره‌سته‌ی ده‌سته‌به‌رکردنی ده‌ستکه‌وت و شانازی بووه بۆ پیر و ئایدیۆلۆژیا و ئایدیۆلۆژیا پیره‌کان، له بڕگه‌ی دووهه‌مدا سه‌رله‌نوێ ده‌بێته‌وه که‌ره‌سته به‌ڵام ئه‌مجار که‌ره‌سته‌یه‌ک بۆ پاراستنی شانازی و ده‌ستکه‌وته‌کان، له‌م بڕگه‌یه‌دا ئایدیۆلۆژیا هه‌وڵ ده‌دات به زه‌قکردنه‌وه‌ی رووداوگه‌لی وه‌ک ئه‌نفال و کیمیاباران و و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا کارکردن له‌سه‌ر په‌ره‌دان به چه‌مکگه‌لی وه‌ک نه‌ته‌وه و ئاڵا و سروودی نه‌ته‌وه‌یی و خاک و نیشتمان و بیرهێنانه‌وه‌ی به‌رده‌وامی بیره‌وه‌رییه تاڵ و سه‌خته‌کان و نۆستالۆژیک کردنی کۆمه‌ڵگه و راهێنانیان له‌سه‌ر پارێزکاری و دروستکردنی فۆبیای داگیرکه‌ر و… ته‌نانه‌ت له سه‌رده‌می رزگاربوون له ده‌سه‌ڵاتی راسته‌وخۆی داگیرکه‌ریشدا هه‌وڵی ده‌دا گه‌نج له‌ناو ئه‌و چه‌مک و واتایانه‌دا بتوێنێته‌وه که له‌ڕاستیدا ته‌نیا تایبه‌ت بوون به‌وانه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له کوردستانی ئه‌و قۆناغه‌دا سیاسه‌ت ته‌نیا له چوارچێوه‌ی حزبایه‌تیدا مانای هه‌بووه و گه‌نج به‌دوور له ته‌نانه‌ت بیری سیاسیش ته‌نیا ئامرازێکی سیاسی بووه بۆ ده‌ستکه‌وت و پاراستنی ده‌ستکه‌وته سیاسییه‌کانی حزب.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌رچی من له‌سه‌ره‌وه مه‌به‌ستم شرۆڤه‌ی دۆخی سیاسیی ئه‌و قۆناغه نییه به‌ڵکوو ته‌نیا دیاریکردنی پێگه‌ی ئه‌و زینده‌واره دوو پێیه‌یه که له ئێستادا ناوی گه‌نجیان لێناوه و له‌و سه‌رده‌مه‌شدا هه‌ڵگری ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه بووه که ئاماژه‌م پێکردن.
قۆناغی دووهه‌م واته قۆناغی پاش رووخانی سه‌دام و درستبوونی چوارچێوه‌یه‌کی یاسایی به‌ناوی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌بێته سه‌ره‌تایه‌ک بۆ ده‌سپێکی قۆناغێکی نوێی ژیانی سیاسی و دوابه‌دوای ئه‌وه‌ش ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی، له ماوه‌یه‌کی که‌مدا بارانێکی به‌ڕێژنه‌ی وشه و چه‌مک و واتای تازه و نائاشنا له‌ئاسمانی نامۆی دۆخی تازه‌وه ده‌بارێت به‌سه‌ر چین و توێژه جیاجیاکانی ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا. گه‌نج و گه‌نج بوون و گه‌نجایه‌تی و گه‌نجانه هه‌رکام له زاری لایه‌نێک و به مانایه‌کی جیاواز ده‌رده‌بڕدرێت و هه‌رکام به‌گوێره‌ی خۆی پێناسه‌یان ده‌که‌ن. گه‌نج له‌لای پیر و کلتوور و کۆمه‌ڵگه هاوکاته له‌گه‌ڵ هه‌رزه‌کار و چاوله‌ده‌ست و گه‌نجانه به‌واتای ئه‌وه‌ی به‌لای ئه‌وانه‌وه عه‌یبه سه‌رچاوه له کاری هه‌رزه و بێشه‌رمانه ده‌گرێت و گه‌نجایه‌تی واته بێئهرکی و نه‌بانی له داهاتووی خۆی. له‌لایه‌کی تره‌وه ئه‌و چه‌مکانه له‌لای حزبه کورسی نشین و دهسهڵاتگرتهکان هه‌ڵگری دوو ره‌هه‌ندی لێکدژ و دژهۆنن که به‌لایه‌کدا به بزه‌یه‌کی ئاوس به به‌زه‌یی و باوکانه‌وه لێیان بڕوانن و قوژبنی قامووسهکانیانی پێ ره‌ش که‌نه‌وه و له‌لایه‌کی تریشه‌وه به ترسێکی زه‌یستان به په‌لاپیتکه له نێوچاوانی ئه‌و خشۆکه ژه‌هرداره سیله بگرن، به‌ڵام باشترین هه‌ڵوێست ئه‌وه‌یه که له جوانترین پیاڵه‌دا شیرین‌ترین ژه‌هری پێ بنۆشێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش گه‌نج له‌لای ده‌سه‌ڵات ئه‌و کۆرپه خۆشه‌ویسته‌یه که نابێ گه‌وره بێت نه‌با له شیرینییه‌که‌ی که‌م کات، ده‌بێ فێری ئه‌خلاقی نمه‌کگیری بکات و سفره‌یه‌کی فره‌ی بۆ واڵا کات پڕ له نمه‌ک[ نمه‌کی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر سیوشکاوت پێههڵدێنێت، ره‌نگه هه‌رچه‌نده ئاو بخۆیه‌وه تێراو نه‌بیت، بێگومان ئاویش به له‌به‌ر ده‌ستی ده‌سه‌ڵاته] که‌واته گه‌نج واته تینوو، گه‌نجایه‌تی: تینوێتی و گه‌نجانه: سیوشکاوی پێناسه ده‌کرێت و چاره‌سه‌ر …
به‌ڵام، سه‌ره‌ڕای ئه‌و دوو جۆره تێڕوانینه شاعیرانه و خێڵه‌کی و خۆماڵییانه‌یه، سۆنگه‌یه‌کی نوێ له‌م قۆناغه تازه‌یه‌دا دێته کایه‌وه که به‌رهه‌می سیستمی نوێ و مزگێنی نوێ و دیارییه‌کی نوێیه له هاوڕێه‌کی تازه‌وه. چه‌مکی رێکخرای کۆمه‌ڵگه مه‌ده‌نی ئه‌و ره‌هه‌نده سێهه‌مه‌یه که ئاوێته‌یه‌که له کۆمه‌ڵگه و ده‌سه‌ڵات به‌ڵام هیچکامیشیان نییه، زهبهڵاحێکی نوێ که به‌رهه‌می موتوربه‌ی دوو زه‌به‌ڵاحی پێش خۆیه‌تی. ئه‌م زه‌به‌ڵاحه نوێیه له گه‌ده‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌خوا و له هه‌ناسه‌ی کۆمه‌ڵگه هه‌ڵده‌مژێت چونکه هه‌م رێکخراو و سیاستماتیک و خاوه‌نی چوارچێوه‌یه‌کی رێسایی و سه‌روخوار و پلهبهندیکراوی سه‌رۆک و بن سه‌رۆک و لق و ئه‌ندامه له‌لایه‌کی تریشه‌وه کار له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه ده‌که‌ن هه‌وڵی جێگیرکردن و په‌ره‌دان به پڕه‌نسیپ و ئایدیاکانی خۆیان له کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌ده‌ن[هه‌مان ئه‌و کاره‌ی ده‌وڵه‌ت یان به واتا گشتگیرترهکهی واته ده‌سه‌ڵات ده‌یکات]. له ناو ئه‌و رێکخراوه مهدهنییانهشدا رێکخراوی گه‌نجان به‌هه‌مان شێوه کارده‌کات و بۆ ده‌سپێکی کاره‌که‌شی پێویسته پێناسه‌یه‌کی جیاواز و تایبه‌ت به‌خۆی هه‌ڵگرێت، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ک ره‌هه‌ندی سێهه‌م هاتۆته کایه پێویسته پێناسه‌که‌شی هه‌ڵگری ئه‌و ره‌هه‌ندی سێهه‌م بوونه‌ی ببێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ش هه‌وڵی داتاشینی به‌های تازه و پڕۆژه‌ی تازه و ئامانجی تازه ده‌دات[به‌ڵام مه‌رج نییه هه‌رشتێکی تازه باش بێت، زۆر جار سێهه‌م بوون به‌مانای زیاده بوونه و هه‌ندێ جاریش پێویسته چواره‌م و پێنجه‌میش هه‌بن].
له‌م قۆناغه‌دا چه‌مکی گه‌نج ده‌بێته گوتاری زاڵ و ده‌بێته ته‌وه‌رێک بۆ پاساودانه‌وه‌ی نه‌زانکاری و ئه‌و بێدادییه گه‌وره‌یه‌ی سیاسیبوونی شڕۆڤه و شیکاری و پێشبینی و بڕیاره گرووپی و تاکییه‌کانی سیستمی ناسه‌قامگیری پێشوو خستبوویه سه‌ر دۆخی کۆمه‌ڵگه و کلتوور و ناسنامه و به چه‌ند سووکه هه‌نگاوێک ده‌رگا به‌ڕووی کۆمه‌ڵێک دروشمی مۆدێرن و مه‌ده‌نیدا ئاوه‌ڵا ده‌کرێت و لێشاوی په‌یتاپه‌یتای داموده‌زگا و رێکخراوه ناحکوومییه‌کان دێنه ناو بازاڕی کۆمه‌ڵایه‌تیی کوردستانه‌وه.
ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین گۆڕان و په‌ڕینه‌وه له قۆناغه‌کان هێنده له کوتوپڕ روویانداوه که هیچ ئاماده‌ییه‌کی بنچینه‌یی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ فاکته‌ر و ره‌هه‌ند و لایه‌نه‌کانی قۆناغه نوێێه‌کان به‌دی ناکرێت، ئه‌وه‌ش راسته‌وخۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ناخۆماڵی بوون و هاوردهبوونی چوارچێوه و پێناسه‌کانی ئه‌و قۆناغانه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕانی قۆناغه‌کان به‌ره‌نجامی شۆرشی بنچینه‌یی و گۆڕانخوازیی رادیکاڵی نه‌بووه و هه‌میشه دیاریی فهرهنگ بووه و نامۆبوون به بنچینه و بناغه‌کانی کارکردی ئه‌و قۆناغانه وێرانکاری و ئاژاوه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی لێکه‌وتۆته‌وه. بۆ وێنه ئه‌گه‌رچی له راپه‌ڕینی 1991دا له‌مێژساڵ بوو بزاڤی رزگاریخوازیی کوردستان ده‌ستی پێ‌کردبوو به‌ڵام به‌داخه‌وه هیچکات بزاڤی رزگاریخوازی جێگه‌ی خۆی به بزاڤی سه‌ربه‌ستیخوازی و چاره‌ی خۆنووسین نه‌دا و ئه‌مه‌یه نهێنیی شکسته په‌یتاپه‌یتا سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی کوردستان له به‌رانبه‌ر گۆڕان و هه‌له‌کانی گۆڕاندا، رزگاریخوازی ته‌نیا هه‌وڵێکه بۆ ده‌رچوون له کۆتوبه‌ند به‌ڵام گرنگ قۆناغی پاش ده‌رچوون و رزگارییه که نه‌بوونی به‌رنامه و پڕۆژه‌ی سهربهستیخوازانه دۆخی کوردستانی به ئاقارێکدا برد که راکردن له ئازادی ببێته تیۆرییه‌کی ده‌قاوده‌ق چه‌سپیو به‌سه‌ر ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا چونکه هه‌میشه ئه‌ویتر ده‌بێته هانده‌ر و پشتیوان و هیوای داهاتوو. راپه‌ڕینی 1991 ته‌قینه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه بوو به په‌لاپیتکه‌ی ئه‌ویتر، ره‌نگه ئه‌گه‌ر عیراقی ئه‌وکات سه‌رقاڵ و گرفتاری شه‌ڕی کوێت نه‌بوایه و رووبه‌ڕووی ئه‌مریکا نه‌بوایه‌ته‌وه و رۆژاوا ئه‌ندازیاری نه‌خشه‌ی خۆرهه‌ڵات نه‌بوایه ره‌نگه کورد هیچکات مه‌داری 36 پله‌ی نه‌ناسیبایه و ئۆتۆنۆمی نه‌ده‌بووه چوارچێوه‌ی یاسایی خاکه‌که‌ی. ئۆتۆنۆمی بۆ ده‌سه‌ڵاته حوکمڕانه‌کان و توانه‌وه‌ی ئه‌ندامه‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه له‌ناو دروشمه‌کانیاندا. له قۆناغی دواتردا واته 2003 ، قۆناغێکی گه‌لێک تازه‌تر و نامۆتر بوو بۆ کوردستان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رووخانی لهکوتوپڕی دوژمنێکی چه‌ندین ده ساڵه ده‌توانێت شۆکێکی قورس بێت له‌سه‌ر رۆح و جه‌سته‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه، ره‌نگه هه‌ر ئه‌م شۆکه بێت که رێبه‌ری بزاڤێکی نه‌ته‌وه‌یی کوردستانی له‌به‌رانبه‌ر پێشنیاری سه‌رۆکایه‌تی کۆماریی وڵاتێک‌دا که گه‌له‌که‌ی خۆی تیایدا که‌مینه‌یه‌کی لاوازه هیچ په‌رچه‌کردارێکی نیگه‌تیڤ نیشان نادات، چونکه ئه‌م قۆناغه وه‌رچه‌رخانێکی سه‌یر بوو له گه‌لێک به‌ها و ناسنامه و ئاماجهکاندا، ئه‌گه‌ر به‌ر له 2003 رۆژێ ئاڵایه‌کی عیراق ده‌سووتێنرا له‌پاش 2003 رۆژی چه‌ندین ئاڵای تازه و به باشترین قۆماش و له‌سه‌ر به‌رزترین بیناکان هه‌ڵده‌کرێت. بایه‌خی ئه‌و شتانه‌ی باسم کردن لێره‌دایه که گۆڕانی لهکوتوپڕ و ناخۆماڵی بوونی بناغه‌کانی ئه‌و گۆڕانانه و به‌واتایه‌ک هاورده بوونی چه‌شنی گۆڕان یه‌که‌م کارێک که ده‌یکاته سه‌ر کۆمه‌ڵ شێواندنی به‌هاکان و چه‌واشه‌کردنی ناسنامه‌یه. به‌ڵێ، مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه ئـێمه شه‌یدای ته‌قینه‌وه‌ی قارچک بووین، ته‌قینه‌وه دۆخ ده‌گۆڕێت، به‌ڵام قارچک ئاسا واته به‌بێ ره‌گ و بێ توخم.
خۆم ده‌زانم درێژدادڕیم زۆر کرد به‌ڵام هه‌ر ئه‌م خه‌سڵه‌تی درێژ دادڕییه یه‌کێکه له به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌و گۆڕانه کوتووپڕه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر لاڵێک له‌پڕ زمانی بکرێته‌وه چیها قسه‌ی پێیه بۆ وتن. ئێستاش به سه‌رنجدان به‌و باسانه‌ی له‌سه‌ره‌وه هاتن ده‌مه‌وێ له‌سه‌ر رۆڵ و کارکردی ئه‌و رێکخراوانه بدوێم که به‌ناوی رێکخراوی گه‌نجانه‌وه کار ده‌که‌ن و هه‌ڵبه‌ت ده‌کرێ له‌و ده‌لاقه‌یه‌شه‌وه له رۆڵ و کاردکری هه‌موو ئه‌و چوارچێوانه بڕوانین و بدوێین که به هه‌ر ناوێکی مه‌ده‌نیی تره‌وه کارده‌که‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پێویسته سه‌ره‌تا له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێک بوه‌ستین.
***
یه‌که‌م ئه‌وه‌ی رێکخراوه چییه و پێناسه‌ی گه‌نج و رێکخراوی گه‌نجان به چ مانایه‌که و مه‌به‌ست له هه‌بوونی ئه‌و چه‌شنه رێکخراوانه چییه و له په‌نا ئه‌وه‌شدا چ جۆره رێکخراوگه‌لێک له چ جۆره چوارچێوه‌گه‌لێکی یاسایی سیاسی‌دا دروست ده‌بن و ئاراسته‌یان به چ شێوه‌یه‌ک ده‌بێت. له کوردستاندا سه‌رچه‌شنی رێکخراوکان چین و ئاویان به چ ئاقارێکدا ده‌ڕوا و دیسانه‌وه‌ش داخوازییه‌کان گه‌نجی کورد ده‌بێ چ بن که بۆ مه‌به‌ستی ده‌سته‌به‌ر بوونیان پێویسته رێکخراو دابمه‌زرێت.
ئه‌و شته‌ی که به‌ناوی رێکخراوی گه‌نجان ناوی ده‌هێنن و من وه‌ک خۆم نه‌ک به‌و چه‌شنه رێکخراوانه به‌ڵکوو به هیچ چه‌شنه رێکخراوێک بڕوام نییه و ته‌نیا به ههنگاوێکی سووکهسهرانه و خۆڕازیکهرانهی کۆمه‌ڵگه‌ی ده‌زانم که هه‌موو چین و توێژه‌کانی پۆلێن کردووه و پێناسه‌ی خۆی خستوونه‌ته پاڵ و به جۆرێک له جۆره‌کان بازنه‌که‌یان بچووک ده‌کاته‌وه بۆ زیاتر‌و زیاتر خه‌ساندن و ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنیان.
فۆکۆ له مێژووی شێتی‌دا باس له‌وه ده‌کات که چۆن له سه‌رده‌مانی ده‌سه‌ڵاتی کڵێسادا سه‌ره‌تا گوله‌کان و دواتر به‌ناو شێته‌کانیان له کۆمه‌ڵ جیا ده‌کرده‌وه و ته‌نانه‌ت دووریان ده‌خستنه‌وه بۆ شوێنێک که هه‌م ئه‌ندامانی تری کۆمه‌ڵ به ده‌ردی ئه‌وان تووش نه‌بن و هه‌م ئه‌وانیش بێ ئه‌وه‌ی که‌س پێیان بزانێت له ناشوێندا کۆتایی به ژیانیانی گولی و شێتییان بێت که هه‌ندێجار ئه‌و ناشوێنه ناوه‌ڕاستی زه‌ریاکان بووون. یاخود ئه‌و که‌سانه‌ی به تێگه‌یشتنی کڵێسا شێت بوون و دوور بوون له ئه‌قڵی گوێرایه‌ڵ و کۆمه‌ڵایه‌تی چۆن له قه‌ڵپه‌زه ئاسنینه‌کاندا دهچهپێنران و راده‌گوێزران نه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی بێئه‌قڵن به‌ڵکوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گوێرایه‌ڵ نین.
به‌ر له‌وه‌ی باسه‌که‌م له‌م چوارچێوه‌یه‌دا تیۆریزه بکه‌م پێویسته ئاماژه‌یه‌ک به‌وه بکه‌م که له‌پاش رووخانی سه‌دام و تۆکمه‌تر بوونی پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی حکوومه‌تی هه‌رێم به پاڵپشتیی رۆژاوا، یه‌کێک له هه‌نگاوه قورس و گرانه‌کانی حکوومه‌تی هه‌رێم هه‌وڵی سیستماتیک کردنی ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵگه بوو که نامه‌وێ بڕیار له‌سه‌ر سه‌رکه‌وتوو یان نه‌بوو بوونی ئه‌وه بده‌م به‌ڵام یه‌کێک له‌و مزگێنییانهی دیموکراسیی رۆژاوایی له‌گه‌ڵ خۆی هێنای چه‌مکی رێکخراوی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی بووه که به‌پێی پێناسه‌ی دیموکراسیی رۆژاوایی و نیۆلیبراله‌کان ته‌شقی مه‌ده‌نی بوون و دیموکراتیک بوونی کۆمه‌ڵگه‌یه و به پێی پێناسه‌ی من پۆلێنبهدنییهکی زیره‌کانه‌یه بۆ تاوتوێ و هه‌ڵخڕاندنی ئاستی توانای گرووپه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه بۆ ئه‌وه‌ی هێزێکی گه‌وره‌تر به‌ناوی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی یا هه‌مان رێکخراوی ده‌وڵه‌ت ده‌ستیان به‌سه‌ردا بگرێت و یا نه هێنده به‌رته‌سکیان بکاته‌وه که ده‌نگیان سنووره‌کانی خۆشیان نه‌بڕێت.
خاڵێکی تر که پێویسته له‌سه‌ری بوه‌ستم، گه‌نجه. گه‌نج واته چی؟ ئه‌گه‌ر پێناسه‌یه‌کی فیزیۆلۆژیکییه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ته‌مه‌ن و له‌ش و لار، ئه‌وا ره‌نگه پێویستییه‌کانی بگه‌ڕێته‌وه بۆ جۆری خواردن و ئاو هه‌وا و شوێنی وشک و نانی ته‌ڕ که ئه‌وانه‌ش پێویستیی گه‌نج نین به‌ڵکوو پێویستیی ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ن که له قامووسه‌کاندا پێی ده‌ڵێن مرۆڤ که ئه‌وه‌ش به‌ڕای من هه‌ڵه‌یه چونکا چه‌مکی مرۆڤ ته‌نیا گۆشه نیگای ئه‌خلاقیی روانینه بۆ ئه‌و زینده‌واره دوو پێیه. ئه‌گه‌ریش پێویستییه‌کانی گه‌نج پێویستیی کۆمه‌ڵایه‌تین که بریتی بن له خوێندن و کار کردن و پاره په‌یدا کردن و ژن هێنان و وه‌چه خستنه‌وه و دواتر پیر بوون و ئینجا مردن ئه‌وا دیسان من لێی تێناگه‌م و نازانم ئایا هه‌بوونی ریکخراوێک به‌ناوی گه‌نجان ده‌توانێت چ تۆزێکیان لێ بته‌کێنێت.
لێره‌دا به‌بێ ئه‌وه‌ی دیموکراسیی کوردستان سه‌نگ و سووک بکه‌م ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ پێناسه نه‌یاره‌که‌ی ریمۆن ئارۆن بۆ ئه‌و چه‌مکه و ده‌ڵێم نه‌ک بڵێین دیموکراسی به‌ڵکوو باشتره بڵێین سیستمی فره پارت و فره ده‌سته و گرووپ که له‌وێدا پارت و ده‌سته‌ی گه‌وره‌تر پارت و ده‌سته بچووکتره‌کان هه‌ڵمه‌قووت ده‌که‌ن و بۆ ئه‌وه‌ی نه‌با ئه‌وان به‌سه‌ر بچووکترترهکاندا زاڵ بن (هۆبز: لێڤیاتان). ئه‌مه ده‌توانێت پێناسه‌یه‌کی باش بێت بۆ دیمکراسییهکی سیاسی به‌بێ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دیموکراتیک له‌ئارادا هه‌بێت. تۆکڤیل، مافناسی فه‌ڕه‌نسیی نووسه‌ری دیموکراسی له ئه‌مریکا ترسی هه‌ره گه‌وره‌ی له‌مه بوو که ده‌وڵه‌تی دیموکراتیک دروست بێت به‌بێ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه دیموکراسی درک پێکردبێت. نه‌بوونی وشیاریی تاکی و ئابلۆقه درانی ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگه به نه‌ریت و هێزه نه‌ریتییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له کوردستاندا یاری دیموکراسی نییه و هه‌ر ئێستاکه‌ش هێزی ده‌زگا عه‌شیره‌تی و خێڵه‌کییه‌کان گه‌لێک به‌رینتر و فراوانتره له هێزی ته‌نانه‌ت ده‌زگا دهڵهتییهکانیش. که‌واته له ململانێی دوو پێناسه‌ی نه‌یاردا بۆ گه‌نج که یه‌کیان پێناسه‌یه‌کی مۆدێرن بێت و به‌پێی هه‌م لایه‌نه فیزیۆلۆژیکییهکهی و هه‌م لایه‌نه کلتووری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی بونیاد نرابێت له‌گه‌ڵ پێناسه خێڵه‌کی و نه‌ریتییه‌که‌ی کامیان گونجاوتر و له‌بارترن بۆ ئه‌و تیپه زهندهوهره دوو پێیه‌ی ئێوه پێی ده‌ڵێن گه‌نج؟ وه‌ڵامی هم پرسیاره ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و تیپه کام پێناسه زووتر قبووڵ ده‌که‌ن و له‌گه‌ڵی رێکده‌که‌ون که به‌دڵنیایی به پێی ئه‌و به‌ڵگه‌یه که بنه‌چه‌ی یاسا مۆدێرنه‌که‌ی وڵاته‌که‌مان هێشتا هه‌ر نه‌ریته نه‌ک به‌ها مۆدێرنه‌کان، ئه‌وا پێناسه‌ی یه‌که‌م گه‌لێک گونجاوتره. ئینجا ئه‌گه‌ر گه‌نج له‌و چوارچێوه‌یه‌دا هه‌ڵسووکه‌وت بکات و په‌روه‌رده بێت، ئه‌وا خواست و ویسته‌کانیشی له‌و چوارچێوه‌یه تێنارپهڕێت چونکه ده‌سه‌ڵات و هێزێک نییه له‌سه‌روویه‌وه که له ره‌وته خێراکه‌ی خۆی بوه‌ستێنێت. که‌واته ئه‌ی ئه‌م هه‌موو رێکخراوه له‌پێناو چی هه‌ن و ده‌بن؟
لویس کۆزێر، کۆمه‌ڵناسی ئه‌مریکی خاوه‌نی دوازده تیۆرییه له بابه‌ت ململانێ یان کۆنفلێکتدا که هه‌رکام له تیۆرییه‌کان باس له جۆرێک و ئاستێک له ململانێ ده‌که‌ن له‌نێوان دوو به‌ره‌ی نه‌یار یان دژواز یان به‌رانبه‌ردا که به دوو نموونه ده‌مه‌وێت یه‌کێک له‌و تیۆرییانه شی بکه‌مه‌وه که یه‌کیان پهڕاوێزییه و ئه‌ویتر له ده‌قی بابهتهکهمانی ده‌رده‌کێشم.
یه‌که‌م که هه‌مان نموونه پهڕاوێزییهکهیه، چه‌مکی سیستمی نوێی جیهانییه که له‌سه‌ر دروشمی گڵۆبالیزه‌یشن هه‌وڵی یه‌کده‌ست کردنی هه‌موو وڵاتانی جیهان و دروستکردنی گوندێکی جیهانی ده‌دات و ئه‌وه‌ش له دیدی یه‌که‌مدا به‌و مانایه‌یه که سنووری ده‌وڵه‌تان له‌ناو ده‌چن و نموونه هه‌ره زه‌قه‌که‌ی سیاسه‌توانه هه‌ڵخه‌ڵه‌تاوه رۆژههڵاتییهکانیش یه‌کێتیی ئه‌ورووپایه، به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌وه واته هه‌ڵکه‌نرانی سنوور هه‌نگاوی دواتره و و به‌مانای تره و هه‌نگاوی یه‌که‌م دروستکردنی سنووری زیاتر و زیاتر له جارانه، بۆیه ئیمپڕاتۆرییه‌کان هه‌ڵده‌وه‌شێن و ده‌وڵه‌ته گچکه‌کان هه‌ڵده‌تۆقێن و بلۆکه‌کان ده‌چڕژێن و له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا 15 وڵات سه‌ربه‌خۆیی وه‌رده‌گرن. له‌م رێگه‌یه‌وه سنووری زیاتر دروست ده‌بێت به‌ڵام هێزه‌کان بچووکتر ده‌بنه‌وه واته له‌ڕێگه‌ی تیۆریی ململانێوه ئامانجی سه‌ره‌کی ده‌پێکرێت. دوو ئامانجی دژ به یه‌ک رووبه‌ڕووی یه‌ک ده‌بنه‌وه. یه‌که‌م داوای سه‌ربه‌خۆیی ده‌کات و ئه‌ویدی داوای سه‌ربه‌وی. هێزی ئیمپریست ئاڵایه‌کی بۆ هه‌ڵده‌کات و دواتر له‌ڕێگه‌ی نفووزی کلتووری و سیاسییه‌وه ئاڵاکه‌ی خۆی ده‌خاته سه‌روویه‌وه، به‌شه‌ڕی ده‌دا و دواتر ده‌یپارێزێت و هه‌میشه جۆرێک له وابه‌سته‌یی و قه‌رزداریی لا دروست ده‌کات. به‌م چه‌شنه سیستمی نوێی جیهانی هه‌نگاوه‌کانی خۆی هه‌ڵده‌گرێت.
نموونه‌ی ناودهقهکهشمان، ململانێێه له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتی زاڵ و ئه‌و زیندهوارانهی وه‌یلانی شوناسی تاکیی خۆیانن. ئه‌وان عه‌وداڵی شوناسێکن بۆ ئه‌وه‌ی خۆیانی پێبناسنه‌وه و ده‌سه‌ڵاتیش هه‌وڵی دروستکردنی ئامرازێک ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری دروست بوونی ناسنامه‌کان له خشته به‌رێت. به‌مشێوه‌یه له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵدانی کۆمه‌ڵێک دروشمه‌وه هه‌وڵی یه‌کده‌ست کردنی هه‌موان ده‌دات و بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی یه‌کده‌ستکردن [ له نموونه‌ی پێشووشدا به دروشمی گوندی جیهانی هه‌وڵی یه‌کده‌ستکردن ده‌درا] که یه‌که‌م هه‌نگاوه‌که‌ی له‌بیربردنه‌وه‌ی شوناس و ناسنامه‌یه، تێده‌کۆشێ له‌ڕێگه‌ی تیۆریی ململانێوه ئاستی خواسته‌کان دابه‌زێنێت و بیانگونجێنێت له‌گه‌ڵ ستراتیژییه تایبه‌ته‌که‌ی خۆیدا. دامه‌زراندن یان رێگه‌دان به دامه‌زراندنی رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی که رێکخراوه‌کانی گه‌نجانیش یه‌کێکه له‌وان، تاکتیکی سه‌ره‌کیی ئه‌م ئۆپێراسیۆنه گه‌وره‌یه‌ی له‌خشته بردنه.
ئه‌و زینده‌واره دوو پێیانه‌ی هه‌وڵی گه‌یشتن به تاکێتی ده‌ده‌ن له‌سه‌ره‌تادا جارێک له‌ژێر دروشمی مرۆڤایه‌تیدا به‌کۆ ده‌کرێن و ئه‌خلاق ده‌بێته دارده‌ستێک بۆ سواندنی خواسته‌کانیان و له قۆناغێکی تردا پڕه‌نسیپه‌کانی خاک و نیشتمان و نه‌ته‌وه جارێکی تر له بازنه‌یه‌کی بچووکتردا رایاندهکوشێ [ بێ ئه‌وه‌ی باس له‌و ئێتیکێته ئه‌خلاقییانه‌ی وه‌ک جاش و باش و خۆیی و ئه‌ویتر، بکه‌م که هه‌رکام جۆرێکی ترن له پۆلێن به‌ندی]، به‌ڵام ئه‌و خاڵه‌ی مه‌به‌ستی ئێمه‌یه رێکخراوه‌کانن که له‌قۆناغی دواتردا ده‌رده‌که‌ون و له‌ڕاستیدا به‌ڕای من گورزی سه‌ره‌کی له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه ده‌وه‌شێنرێت. بۆ؟ چۆن؟
ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری رێکخراوه‌کان کێن؟ پاڵپشتی داراییان کێێه یان کوێێه؟ پڕه‌نسیپه‌کان چین؟ ئامانجه‌کان چین؟ تاکتیک و ستراتیژییه‌کان چین؟ ئه‌مانه ئه‌و پرسیارانه‌ن که ئاراسته رێکخراوه‌کانی گه‌نجان و ئه‌وانی تریش ده‌کرێت. ئه‌وان له هه‌نگاوی یه‌که‌مدا پێناسه‌یه‌کی نوێ له گه‌نج ده‌خه‌نه به‌ر ده‌ست [به‌بێ ئه‌وه‌ی پێناسه کهسانهکان گرنگ بن] هه‌نگاوی دووهه‌م سوودوه‌رگرتنه له ده‌زگا و که‌ناڵ و میتۆده‌کانی راگه‌یاندن و ئاگادار کردنه‌وه که هه‌رکام له‌وانه خۆیان ئامرازی یه‌کده‌ست کردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ن، هه‌نگاوی دواتر ئه‌ندامگیرییه [ لێره‌شدا به‌گه‌ڕانه‌وه بۆ سیستمی کۆمه‌ڵایه‌تی جۆری ئه‌ندامگیری و به ئهندامبوونهکهش له‌ژێر نیشانه‌ی پرسیاردایه چونکا به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان ده‌وری سه‌ره‌کی ده‌گێڕن]، دواتر دابهشکرددنی پۆسته‌کان و سه‌ره‌نجام که‌وتنه واری پراتیکه که هه‌تا ئه‌م قۆناغه‌ش ده‌سه‌ڵات له‌ژێر دروشمی دیموکراسیدا خۆیان لێ نه‌بان ده‌کات.
بێگومان ده‌وڵه‌ت و سیستمی ده‌سه‌ڵات هێزی مه‌زنی کۆمه‌ڵگه‌یه که هاوکات خاوه‌نی هێزی زه‌بر و هه‌ڕه‌شه و یاسا و جێبه‌جێکردنی یاساشه به‌ڵام رێکخراوه‌کان که له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵدانی دروشمی تایبه‌تی و دیاریکردنی ستراتیژیی تایبه‌تییه‌وه خۆیان له گرووپ و تیپه‌کانی تر جیا کردۆته‌وه [ له‌م رێگه‌یه‌وه ههنگاوێکی قورس بۆ لاواز بوون به‌رز ده‌که‌نه‌وه]، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نیا که‌ناڵن بۆ پێشنیار و له‌وپه‌ڕی خۆشی‌دا هه‌نگاونانه بۆ نافه‌رمانی مه‌ده‌نی، ئه‌وپه‌ڕی لاوازیی خۆیان ده‌نوێنن و لێره‌دایه که ده‌سه‌ڵات نه‌ک راسته‌وخۆ له‌ڕێگه‌ی زه‌بروزه‌نگه‌وه[ ره‌نگه هه‌ندێجاریش با] به‌ڵکوو له‌ڕێگه‌ی مه‌ده‌نییانه و نه‌رم و نیانه‌وه له خشته‌یان ده‌بات. بۆ وێنه مۆڵه‌تی دامه‌زرانی رێکخراوێک له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه ده‌درێت که ئاساییه وه‌ربگیرێته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش رێکخراوه‌کان ناچارن بۆ مانه‌وه هه‌وڵ بده‌ن و له‌م قۆناغه‌شدا شه‌ڕی مانه‌وه چ نییه جگه له شکستێکی گه‌وره له په‌یکه‌ره‌ی دروشماوییان.
ره‌مزی نهشکێنیی ده‌وڵه‌ت و بناغه سستیی رێکخراوه‌کان له سنووره‌کاندایه. هه‌تا سنوور مه‌ودای فراوانتر بێت ئه‌وا هێژمۆنیی زیاتر به‌دی ده‌کرێت، تیایدا کاریزما دروست ده‌بێت، هێزی تۆکمه‌تر له‌ئارادا ده‌بێت، به‌ڵام سنووری بچووکتر هه‌میشه له چڕژانهوه نزیکه. ئۆتۆنۆمیی تاک یان گرووپ و رێکخراو چه‌نده دڵخۆشکه‌ره بۆ ئۆتۆنۆمه‌کان چه‌ند هێنده دڵخۆشکه‌رتره بۆ هێزه مهزنترهکان چونکه واری تاکتیکی ده‌فع و جه‌زب له‌بار ده‌بێت بۆ به‌خۆیی کردن.