ئه‌ده‌بی كوردی له ده‌ره‌وه‌ی زمانی كوردیی
ئه‌ده‌بی كوردی له ده‌ره‌وه‌ی زمانی كوردیی
دیدار له‌گه‌ڵ (ئه‌مجه‌د شاکه‌لی) دا
ئاماده‌کردنی: ڕه‌وشت موحهممهدـ چۆن قسه له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ده‌به كوردییه ده‌كه‌ن، كه تا ئێستا له‌نێو زمانه‌كانی تردا ئاماده‌یی هه‌یه؟
شاکه‌لی: ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت له‌و ئه‌ده‌به کوردییه بێت، که کراوه‌ته زمانی دیکه، ئه‌وا چمکێکی یه‌کجار که‌می ئه‌ده‌بی کوردی، له نێو زمانه‌کانی تردا ئاماده‌یی هه‌یه. ئاماده‌یی ئه‌ده‌بی کوردی له نێو زمانانی دیکه‌دا، ته‌نێ له ڕێگه‌ی وه‌رگێڕانه‌وه دێته دی، شتی زۆر که‌م له ئه‌ده‌بی کوردییه‌وه، وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانانی دیکه. وه‌رگێڕان له کوردییه‌وه بۆ زمانی دیکه، گه‌لێک لاوازه و هیچی وا نه‌کراوه. نه‌ک بۆ زمانه گه‌وره‌کانی جیهانی وه‌ک ئینگلیزی، فرانسی یا ئیسپانیۆلی و…، به‌ڵکه بۆ زمانی هاوسێکانی کوردیش وه‌ک عه‌ره‌بی، فارسی و تورکیش، کارێکی له‌به‌رچاو نه‌کراوه. له نێو باس و لێکۆڵینه‌وه و گوتاره فه‌رهه‌نگی و گوتوبێژه فه‌رهه‌نگییه‌کانی ڕووناکبیرێکی، نه‌ک هه‌ر ئه‌وروپایی و ئه‌مه‌ریکایی و ئهوسترالی و ئه‌فریقایی و لاتین ئهمهریکاییهکدا، به‌ڵکه له هی عه‌ره‌بێک، تورکێک یا فارسێکی هاوسێی کوردیش‌دا، به ده‌گمه‌نیش باس له ئه‌ده‌بی کوردی ناکرێت. ئه‌ده‌بی کوردی، به خوێنه‌رێکی ئاسایی چینی، فرانسی، برازیلی، کۆنگۆیی یا ته‌نانه‌ت عه‌ره‌ب و تورک و فارسێکیش، نامۆیه و به ده‌گمه‌ن به‌رچاوی که‌وتووه. له جوگرافیای خوێندنه‌وه‌ی جیهانیدا، ئه‌ده‌بی کوردی چ پانتایی و پێگه‌یه‌کی نییه و خه‌ڵک هێنده شاره‌زای نییه. ته‌واوی ئه‌و ناشاره‌زایی و نامۆییهش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لاوازیی وه‌رگێڕان له کوردییه بۆ زمانانی دیکه.ـ به‌ڕای تۆ كێشه‌كه ته‌نیا سستی پرۆسه‌ی وه‌رگێڕانه بۆ زمانه‌كانی تر، یاخود نه‌بوونی ده‌ق و ئهدهبێكیشه، كه له ئاست دنیادا بێت، به شێوه‌یه‌كی تر، ته‌نیا ڕێگا بۆ به جیهانكردنی ئه‌ده‌بێک وه‌رگێڕانه؟
شاکه‌لی: بێگومان کێشه‌که به پله‌ی یه‌که‌م سستیی کرده‌ی وه‌رگێڕانه بۆ زمانه‌کانی تر، چونکه ده‌ق و ئه‌ده‌بێک هه‌ن، شایسته‌ی ئه‌وه بن وه‌ربگێڕدرێن. هیچ ئه‌ده‌بێک نییه له ئاستی جیهاندا نه‌بێت. ئه‌ده‌ب به هه‌ر زمانێک نووسرابێت و بنووسرێت، چه‌نده ئه‌و زمانه هی خه‌ڵکێکی زۆر به‌جێماویش بن له ڕه‌وتی شارستانییه‌ت و هی خه‌ڵکێکی ئهشکهوتنشینیش بن، مه‌گه‌ر له ڕووی داهێنان و بهدهوکارییهوه، ده‌نا چ جیاوازییه‌کی له‌گه‌ڵ باڵاترین ئه‌ده‌بی جیهانیدا نییه. ئه‌ده‌ب ئه‌ده‌به، ڕووسی، ئینگلیزی، فرانسی، ئه‌ڵمانی، ئیسپانیۆلی، ئیتالی، چینی، فارسی، هیندی، عه‌ره‌بی بێت، یا ئێریتریایی، کوردی، به‌لووچی، سامیی، تاجیکی یا ڕۆمانی(زمانی قه‌ره‌چان). ئه‌ده‌ب، که ئاوێنه و ده‌ربڕی هه‌ست و ئه‌ندێشه و خه‌ون و سۆز و ئازاری مرۆڤ بێت و هه‌ڵگری په‌یامێک بێت، هه‌موو مرۆڤه‌کانی جیهان تێیدا به‌شدارن و بۆ هه‌موو مرۆڤه و زمانی هه‌موو مرۆڤه، بێ جیاوازی ڕه‌نگ، ئایین، نه‌ته‌وه، خاک، ڕه‌گه‌ز. بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤه‌کان، که خاوه‌نی زمانی جیاوازن، یه‌کتر بخوێننه‌وه و له‌یه‌کتر تێبگه‌ن، دیاره وه‌رگێڕان، تاکه ئامرازێکه بۆ په‌خشکردنی ئه‌ده‌ب و ناساندنی به جیهان، چونکه هه‌موو مرۆڤ به یه‌ک زمان ناخوێننه‌وه و ناهزرێن، ئاسانترین ڕێگه بۆ تێگه‌یشتن و ناسینی به‌رانبه‌ر و تێگه‌یشتن له فه‌رهه‌نگ و هه‌ست و ئه‌ندێشه‌کانی وی، وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و فهرههنگهیهتی بۆ زمانی خۆ و به پێچه‌وانه‌یشه‌وه خۆدانهناسین به‌وی دی، هه‌ر له ڕێگه‌ی وه‌رگێڕانه‌وه دێته دی. له ده‌لاقه‌ی وه‌رگێڕانه‌وه خه‌ڵکی سه‌ر به فه‌رهه‌نگی جیاواز، یه‌کتر ده‌خوێننه‌وه و ده‌ناسن و تێکه‌ڵاویی زیاتر له نێوانیاندا دروست ده‌بێت. هه‌رچه‌نده وه‌ک نووسه‌ری ئیتالی ئیمبێرتۆ ئێکۆ، ده‌ڵێ"وه‌رگێڕان له زمانێکه‌وه بۆ زمانێکی دیکه و به شێوه‌یه‌کی زۆر ڕێکۆپێک و ڕه‌وان، کارێکی هه‌رگیز نه‌کرده‌یه"، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌بی کوردی بۆ زمانانی دیکه و به تایبه‌ت بۆ زمانانی هاوسێیه‌کانی، واته: تورک، عه‌ره‌ب و فارس، کارێکی ئه‌رێنی و گه‌لێک گرنگه، چونکه به وه‌ها کارێک، ئه‌ده‌بی کوردی، مێژووی کورد، فه‌رهه‌نگی کوردی، هونه‌ری کوردی، هزر و جیهانبینی کورد، ده‌چنه نێو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌وه و بڕێک کار ده‌کاته سه‌ر دیدی ئه‌وان به‌رانبه‌ر کورد و کێشه‌که‌ی و بڕێک ڕوونتر و کراوه‌تر ده‌نۆڕنه نه‌ته‌وه‌ی کورد و تا ڕاده‌یه‌کیش پتر له مرۆڤی کورد تێده‌گه‌ن.ـ ئه‌وه‌ی كه ئه‌ده‌بی كوردی له ده‌ره‌وه‌ی زمانی كوردیدا نییه و پرۆسه‌یه‌كی سسته، به پله‌ی یه‌ک كه‌موكورتییه‌كه له ئه‌ستۆی كێیه: ڕۆشنبیران، ده‌زگا رۆشنبیرییه‌كان، یاخود حوكوومه‌ت؟
شاکه‌لی: له ئه‌ستۆی هه‌موویانه، ڕۆشنبیر، ده‌سگا فه‌رهه‌نگییه‌کان و حوکوومه‌تیش به پله‌ی یه‌که‌م. که وه‌رگێڕان له لایه‌ن ڕۆشنبیرانه‌وه هێنده گرنگیی پێ نادرێت، زۆرجاران به هۆی ئه‌وه‌وه‌یه، هه‌ندێ نووسه‌ر و ئه‌وانه‌ی سه‌رقاڵی کاری فه‌رهه‌نگیین، به پله‌یه‌کی نزمتری له نووسینی خۆیانی داده‌نێن. واته: پێیانوایه، ئه‌گه‌ر خه‌ریکی وه‌رگێڕان بن، پێی که‌م ده‌بنه‌وه و "پایه و ئاستی" ئه‌ده‌بییان داده‌به‌زێت و خه‌ڵک به چاوێکی نه‌ویتر، تێ‌یان ده‌نواڕێت، یا خه‌ڵک به گوێره‌ی تیۆرییه هه‌ڵه‌که‌ی "هه‌موو ڕێژیسیۆرێک، ئه‌کته‌رێکی سه‌رنه‌که‌وتووه و هه‌موو ئاوازدانه‌رێک، سترانبێژێکی سه‌رنه‌که‌وتووه و هه‌موو وه‌رگێڕێک، نووسه‌رێکی سه‌رنه‌که‌وتووه"پێیانوایه، ئه‌وه‌ی خه‌ریکی وه‌رگێڕان بێت، بۆ خۆی توانستی نووسین و ده‌ربڕینی نییه. دیاره ئه‌مه‌ی من ده‌یڵێم هه‌ردوو لایه‌نی وه‌رگێڕان ده‌گرێته‌وه هه‌م له کوردییه‌وه بۆ زمانی دیکه و هه‌م له زمانی دیکه‌وه بۆ کوردی. ئیدوارد سه‌عید ده‌ڵێ: "چوونه نێو زمانێکی دیکه‌وه، هه‌میشه و له هه‌موو حاڵ و بارێک‌دا، سه‌رکه‌وتنه بۆ نووسه‌ر"، مه‌به‌ستی ئه‌و له وه‌رگێڕانه. ئه‌گه‌ر نووسه‌ری کورد له‌وه تێبگات و پێڕۆی ئه‌وه بکات، ئه‌وا بێجگه له سه‌رکه‌وتنی نووسه‌ر، پێشکه‌وتن و سه‌رکه‌وتنی ئه‌ده‌ب و فه‌رهه‌نگی کوردییشه. ده‌سگا فه‌رهه‌نگییه‌کانی کوردستان، کاری وه‌رگێڕان ده‌که‌ن، لێ پتر له زمانی دیکه‌وه، به تایبه‌ت عه‌ره‌بی، فارسی بۆ کوردی. وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌بی کوردی بۆ زمانانی دیکه ناکه‌ن. هه‌رچی حوکوومه‌ته، ئه‌گه‌ر به‌ته‌نگ ئه‌وه‌وه هاتبا، کورد و فه‌رهه‌نگی کوردی به جیهان ناساندبا و بناسێنێت، ده‌بوو بۆ وه‌رگێڕان ده‌سگایه‌کی تایبه‌تی تژی وه‌رگێڕی کارامه و زمان‌زان و سه‌دان کۆمپیووته‌ر و سه‌دان ئامێری پێشکه‌وتووی دیکه و سه‌دان فه‌رهه‌نگی زمان و پارهوپووڵێکی زۆر و جێگه و شوێنی له‌بار و ته‌واوی پێویستییه‌کانی وه‌رگێڕانی دابین کردبا و نه‌خشه و به‌رنامه‌ڕێژی کردبا بۆ کاره‌کانیان و هه‌رچی ئه‌ده‌بی کوردییه له کلاسیکه‌وه تا ده‌گاته ئه‌ده‌بی نوێ و هاوچه‌رخی کوردی هه‌مووی وهرگێردرابا بۆ کۆمه‌ڵێک زمانی ئه‌م جیهانه. کورد چه‌ند نموونه‌یه‌کی پرشنگداری له بواری وه‌رگێڕاندا هه‌بوو، زانای هێژا مامۆستا "شوکور مسته‌فا"، که شاکاره‌کانی یه‌شار که‌مالی له تورکێڕا کردبوونه کوردی، که یه‌کجار وه‌ستایانه، بلیمه‌تانه و زانایانه، کردوونی به کوردی و چ کوردییه‌کیش، مه‌گه‌ر هه‌ر له‌و هێژایه بوه‌شێته‌وه و له زاری وی بێته ده‌ر و له‌و بڕوایه‌شدام – من بۆ خۆم تورکی نازانم- له تورکییه‌که‌ی "یه‌شار که‌مال"یشی تێپه‌ڕاندبێت، هه‌روه‌ها مامۆستا هه‌ژاری موکریانی. مامۆستا شوکور مسته‌فا و مامۆستا هه‌ژار، ده‌قیان، له زمانانی دیکه‌وه ده‌کرده کوردی، بریا یه‌ک دوو شوکور مسته‌فا و هه‌ژاری موکریانی دیکه‌ش هه‌بووایه‌ن، ده‌قی کوردی‌یان کردبایه‌ته زمانانی دیکه. موحه‌ممه‌دی قازیی، که کوردی مه‌هابادی ڕۆژه‌هه‌ڵاتی کوردستانه، نزیکه‌ی شێست حه‌فتا شاکاره ڕۆمانی جیهانی وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی فارسی، به‌ڵێ کاری جوان و چاکی کردووه، به‌ڵام ئه‌وه بۆ ئه‌ده‌بی کوردی هیچ که‌ڵکی نییه و هیچ ناگه‌یه‌نێت. به‌شێکی زۆری ئه‌و خه‌ڵکه کورده‌ی کاری وه‌رگێڕانی له کوردییه‌وه بۆ زمانانی دیکه پێ ده‌کرێ، ئه‌مڕۆ دانیشتووی هه‌نده‌رانن، به تایبه‌ت ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا، لێ ئه‌مانه چه‌ندێکیان له ئه‌ده‌بی کوردییه‌وه کردووه‌ته زمانانی ئه‌و وڵاتانه‌ی تێیدا ده‌ژین! ڕه‌نگه دیارترین کارێکی وه‌رگێڕانی ده‌قی کوردی، ئه‌وانه بێت، که له بواری شیعر و چیرۆکدا، له سوێد، کراونه‌ته سوێدی. ده‌سپێکی ئه‌و بزاڤه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ، گۆڤاری سوێدی- کوردی(Svensk-Kurdisk Journal)، که کۆمه‌ڵه‌ی فه‌رهه‌نگیی سوێد- کوردستان، له 1985ه‌وه ده‌ری ده‌کرد و 16 ژماره‌ی لێ ده‌رچوو و بۆ فه‌رهاد شاکه‌لی و چه‌ند که‌سیکی تر، که چالاکانه کۆمه‌لێک به‌رهه‌میان وه‌رگێڕا. له سوێد بێجگه له دیوانی شیعریی فه‌رهاد شاکه‌لی، دیوانی گۆران، شێرکۆ بێکه‌س و ڕه‌فیق سابیریش کراونه‌ته سوێدی. شیعری شیرکۆ بێکه‌س و فه‌رهاد شاکه‌لی، کراونه عه‌ره‌بی و فارسی و هه‌ندێک زمانی دیکه و ڕۆمانی به‌ختیار عه‌لی، کراوه‌ته فارسی و دیاره له‌م وڵات و ئه‌و وڵاتی ئه‌وروپایش ورده کاری وه‌رگێڕان کراوه، لێ به گوێره‌ی پێویست و به گوێره‌ی ژماره‌ی کورد له هه‌نده‌ران و به گوێره‌ی پێشڤه‌چوونی کاری فه‌رهه‌نگیی له ئاستی جیهانیدا نییه. شوێنگه و گرنگیی هه‌ر نه‌ته‌وه و وڵات و گه‌ل و زمانێکیش، له نه‌خشه و دیدی جیهاندا، به‌نده به پایه و گرنگیی سیاسی و ئابووری و فه‌رهه‌نگیی ئه‌و نه‌ته‌وه و گه‌ل و وڵات و زمانه‌وه. کورد، که نۆره‌یه‌کی کاریگه‌ر و ئه‌وتۆی له سیاسه‌ت و ئابووری و فه‌رهه‌نگی جیهانیدا نییه، زمانه‌که‌یشی، له لایه‌ن خه‌ڵکانی ناکورد و ئه‌وروپاییه‌وه، هه‌رگیز ئه‌و گرنگییه‌ی پێ‌نادرێت. بۆیه ئه‌وروپاییه‌کانیش هێنده‌یان بایه‌خ به وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌بی کوردی بۆ زمانه‌کانی خۆیان نه‌داوه، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی و فارسی و تورکی، که وه‌رگێڕی ئه‌وروپایی بۆ خۆی به شوێنیان‌دا ده‌گه‌ڕێت و ده‌یانکاته زمانانی ئه‌وروپایی. هه‌رچه‌نده ڕه‌وشی وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌بی فارسی و عه‌ره‌بی و تورکی بۆ زمانانی ئه‌وروپایی له ڕه‌وشی زمانی کوردی گه‌لێک باشتر و له پێشتره و به‌راورد ناکرێت، لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گرنگییه‌کی ئه‌وروپاییان به زمانانی ئه‌وروپایی و زمانانی گه‌ل و وڵات و نه‌ته‌وه‌یانی نائیسلامی ده‌یده‌ن، گه‌لێک له‌به‌رچاوتر و زیاتره، له‌وه‌ی به وڵات و نه‌ته‌وه‌یانی ئیسلامی و ئه‌فه‌ریقایی و جیهانی سێیه‌م و چواره‌م ده‌یده‌ن. ـ به‌ڕای تۆ كێشه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی كێشه‌ی نه بوونی بازار نییه ؟ یانی ئه‌ده‌بێكی گه‌وره بازاڕێكی گه‌وره‌شی ناوێت؟
شاکه‌لی: کێشه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی، کێشه‌ی ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وه‌یه‌کی بێقه‌واره و بێهێز و نه‌ناسراو و نۆرهلاواز و سستی بواری فه‌رهه‌نگ و سیاسه‌ت و ئابووری جیهانه. کورد نه زمانه‌که‌ی، زمانێکه، له ڕیزی زمانه گه‌وره‌کانی جیهاندا بێت و نه فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌به‌که‌یشی، شاکاری زۆر مه‌زن و گه‌وره‌ی پێ نووسراوه‌ته‌وه، تا بچێته ڕێزی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بێکی له‌به‌رچاو و ناسراوی جیهان. زۆرینه‌ی کوردیش خه‌ڵکێکی بێسه‌وادن. ئه‌ده‌ب له نێو خه‌ڵکی خوێندوودا بره‌وی هه‌یه و گه‌شه ده‌کات و خۆی ده‌داته ناسین. تۆ بنۆڕه ئێرانی هاوسێی کوردستان، کتێبێکی ئه‌مڕۆ له پاریس یا له‌نده‌ن یا برازیل ده‌رده‌چێت، پاش مانگێک له تاران ده‌کرێته فارسی. بێجگه له‌وه‌یش هه‌رچی شاکاری فارسی هه‌یه، کراونه‌ته زمانانی زیندووی جیهان. وه‌رگێڕان ڕایه‌ڵه‌یه‌که گه‌ل و نه‌ته‌وه و زمان و شارستانییه جیاوازه‌کانی جیهان پێکه‌و ده‌به‌ستێت و گرێ ده‌دات و په‌نجه‌ره و ده‌لاقه‌یه‌که، لێیه‌وه دهنۆڕدرێته جیهان و فه‌رهه‌نگه جیاوازه‌کان ده‌بێنرێن و وه‌رگێڕیش په‌یامبه‌ر و نوێنه‌ری شارستانی و فهرههنگهکانن. وه‌رگێڕان زیندوویه‌تی گه‌لان و زمانه‌کانیان پێشان ده‌دات. وه‌رگێڕان هۆیه‌کی سه‌ره‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی فه‌رهه‌نگ و هزره و کرانه‌وه‌یه به سه‌ر جیهانێکی گه‌لێک فراوان و به‌ریندا. مه‌روه یا مرووه کرێدییه(مروة کریدیة)، له گوتارێکیدا له 6/11/2008 و له ماڵپه‌ڕی ئیلاف(www.elaph.com) دا، ئاماژه به‌وه ده‌کات، که ده‌وڵه‌تێکی گچکه‌ی وه‌ک ئیسرائیل ساڵانه 15000 کتێب وه‌رده‌گێڕێت، به‌ڵام گشت وڵاتانی عه‌ره‌ب وێکڕا 330 کتێب وه‌رده‌گێڕن. به گوێره‌ی ئامارێکی نوێی کۆمه‌ڵه‌ی ده‌وڵه‌تانی یه‌کگرتوو(UN)، له سه‌رده‌می خه‌لیفه‌ی عه‌بباسی مه‌ئموون کوڕی هاروون ئه‌ڕڕه‌شید(مأمون بن الرشید)ه‌وه تا ئه‌مڕۆ ته‌واوی ئه‌وه‌ی وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی به‌رانبه‌ر به‌وه‌یه، که له ماوه‌ی چوار ساڵدا، کراوه‌ته زمانی عیبری یا له ماوه‌ی یه‌ک ساڵدا کراوه‌ته زمانی ئیسپانیۆلی. ته‌واوی ئه‌و کاغه‌زه‌ی عه‌ره‌ب له ماوه‌ی یه‌ک ساڵدا به‌کاری ده‌به‌ن، به‌رانبه‌ر به‌وه‌یه، که یه‌ک په‌خشخانه‌ی فرانسی به‌کاری ده‌بات. ئه‌گه‌ر ئه‌وه حاڵی عه‌ره‌ب بێت، به‌و هه‌موو ده‌وڵه‌مه‌ندی و ده‌وڵه‌ت و به‌زمه‌وه، که هه‌یانه، ده‌بێ کورد له کوێی ئه‌و هاوکێشه‌یه‌دا خۆی ببینێته‌وه!
ـ تۆ ئومێدێكی وات هه‌یه، ڕۆژێک له ڕۆژان ئه‌ده‌بی كوردیش له پاڵ ئه‌ده‌به گه‌وره‌كانی دونیادا قسه‌و باسی له‌سه‌ر بكرێت؟
شاکه‌لی: ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی کوردستان و ده‌سگا فه‌رهه‌نگییه‌کانی، سیاسه‌تێکی فه‌رهه‌نگیی درێژخایه‌ن و نه‌خشه‌یه‌کی دوورودرێژ و تۆکمه و بهتهنگهوههاتوویان هه‌بێت و پارهوپووڵێکی باش و توانستی دارایی و هه‌موو کۆمه‌کێکی دیکه بۆ وه‌رگێڕان دابین بکه‌ن و گرنگیی پێ بده‌ن و هه‌موو توانستێک بخه‌نه به‌رده‌ست وه‌رگێڕ، ئه‌وا بێگومان کاری وه‌رگێڕان په‌ره‌ی پێ ده‌درێت و ئه‌ده‌بی کوردی به زمانانی جیهان ئاشنا ده‌کرێت و ئه‌وده‌می، ئه‌ده‌بی باش، به‌رهه‌می باش، خۆی ده‌سه‌پێنێت و جێی خۆی ده‌کاته‌وه. من گومانیشم له‌وه‌دا نییه، که له نێو ده‌قی کوردی‌دا، ده‌قی زۆر باش و نایاب هه‌ن، که ده‌چنه نێو ده‌قه ئه‌ده‌بییه مه‌زنه‌کانی جیهانه‌وه و ده‌شێ قسهوباسیشیان له سه‌ر بکرێت.
ـ ئه‌و ئه‌ده‌به‌ی، كه نووسه‌رانی كورد به زمانه‌كانی تر نووسیویانه وه‌ک زمانه‌كانی (عه‌ره‌بی فارسی توركی…هتد)، ئه‌مانه ده‌توانن ببنه سه‌فیری ئه‌ده‌بی كوردی له دنیادا؟
شاکه‌لی: ئه‌ده‌بێکی کوردی ئه‌گه‌ر به زمانی کوردی نه‌نووسرابێت یا له ده‌قێکی کوردی و زمانی کوردییه‌وه وهرنهگێڕدرابێته سه‌ر زمانێکی دیکه، ناکرێ به ئه‌ده‌بی کوردی بژمێردرێت. ئه‌ده‌ب، پێش هه‌ر شتێکی دیکه، زمانه‌که‌یه‌تی. نووسینه‌کانی تاهیر بین جه‌للوون(الطاهر بن جلون)، موحه‌ممه‌د شوکری(محمد شوکري)، فرانسین، به‌ڵێ باس له وڵاتی مه‌غریب و وڵاتی عه‌ره‌ب ده‌که‌ن و ده‌ربڕی هه‌ستی عه‌ره‌بن، به‌ڵام ناکرێ به ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی بژمێردرێن، چونکه زمانه‌که‌یان عه‌ره‌بی نییه. تیۆدۆر کالیفاتیدس، نووسه‌رێکی به ڕه‌چه‌ڵه‌ک یۆنانی، دانیشتووی سوێده و به زمانی سوێدی ڕۆمان ده‌نووسێت و زۆرجارانیش یۆنان و کۆمه‌ڵگه‌ی یۆنانی، هه‌وێنی باسهکانین، لێ ئه‌و ئه‌ده‌به‌ی ئه‌و به ئه‌ده‌بی یۆنانی ناژمێردرێ. فیلمه‌کانی یلماز گوینای، که ڕێژیسۆریکی کورد بوو، هه‌رچه‌نده کێشه‌ی کورد پێشانی بینه‌ر ده‌ده‌ن، لێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زمانه‌که‌یان کوردی نییه، ناکرێ به فیلمی کوردی بژمێردرێن. سترانه‌کانی جه‌عفه‌ر حه‌سه‌ن، ئه‌حمه‌د ئه‌لخه‌لیل، ڕه‌زا عه‌لی و شانۆییه‌کانی ئیبراهیم جه‌لال و جعفر عه‌لی، هه‌رچه‌نده بۆ خۆیان کوردن، ناچنه خانه‌ی فه‌رهه‌نگی کوردییه‌وه، چونکه زمانه‌که‌یان عه‌ره‌بییه. یه‌شار که‌مال، سه‌لیم به‌ره‌کات، عه‌لی ئه‌شره‌فی ده‌روێشیان، ئیبراهیمی یوونسی، هه‌یفاء زه‌نگه‌نه، عه‌بدولمه‌جید لوتفی، موحیه‌ددین زه‌نگه‌نه، زوهدی داوودی، هه‌ر هه‌موویان کوردن و نووسه‌ری مه‌زنن و شاکاری جوانیان نووسیووه و هه‌مووشیان باس له کورد، مرۆڤی کورد، کوردستان، جڤاکی کوردستان، هه‌ست و ئازار و ئێش و سۆز و خۆشی و ناخۆشی و کێشه و خواست و جیهانبینی و مێژووی مرۆڤی کورد، ده‌که‌ن و ده‌رده‌خه‌ن و ده‌رده‌بڕن، لێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کانیان به زمانانی دیکه(تورکی، فارسی و عه‌ره‌بی) نووسیوه، تۆ نا‌توانیت به ئه‌ده‌بی کوردی بیانژمێریت. سوێدییه‌ک یا فرانسییهک یا ئیسپانیۆلییهک، ڕۆمانه‌کانی یه‌شار که‌مال، به سوێدی یا فرانسی یا ئیسپانیۆلی، بخوێنێته‌وه، ڕه‌نگه بزانێت، یه‌شار که‌مال به بنجوبناوان کورده، لێ ئه‌و یه‌شار که‌مال، وه‌ک نووسه‌رێکی تورک ده‌ناسێت، چونکه زمانه‌که‌ی تورکییه. هه‌مان دیتن و خوێندنه‌وه بۆ سه‌لیم به‌ره‌کات و دهروێشیانیش ده‌کرێت. ئه‌ده‌بێک، که نووسه‌رێکی به ڕه‌گه‌ز کورد، به زمانێکی دیکه‌ی ناکوردی ده‌ینووسێت، هه‌ر زمانێک بێت، زۆرجاران وه‌ک هه‌تیوێکی بێ باوک و بێ دایکه، نه ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی، نه ئه‌ده‌بی تورکی، نه ئه‌ده‌بی فارسی یا ئه‌ده‌بێکی دیکه، ده‌یگرێته خۆ و به هی خۆی ده‌زانێت و نه ده‌شکه‌وێته چوارچێوه‌ی ئه‌ده‌بی کوردییه‌وه.
20/1/2009
* ئه‌م دیداره له لاپه‌ڕه 7ی ژماره 159ی ڕۆژی 6/4/2009ی ڕه‌خنه‌ی چاودێردا، که پاشکۆیه‌کی فه‌رهه‌نگیی ڕۆژانه‌مه‌ی چاودێره، بڵاو کراوه‌ته‌وه.