په‌یڕه‌وکردنی لیستی داخراو لادانێکی زه‌قه له پرۆسه‌ی دیموکراسی
په‌یڕه‌وکردنی لیستی داخراو لادانێکی زه‌قه له پرۆسه‌ی دیموکراسی
د. سه‌ڵاحی گه‌رمیان
له دیمانه‌یه‌کی (ئاڵای ئازادی)* سه‌باره‌ت به ڕه‌هه‌نده جواراوجۆره‌کانی هه‌ڵبژاردن و گرنگی هه‌ڵبژاردن و هۆشیاری خه‌ڵک و کارسگه‌رییه ده‌ره‌کییه‌کان و پێگه‌ی گه‌نج و ژنان له پرۆسه‌که‌دا.
سازدانی: شه‌نکار عه‌بدوڵا
به‌شی یهکهمئاڵای ئازادی: گرنگیی به‌شداریكردن له‌هه‌ڵبژاردندا چییه؟ ئایا هاووڵاتییان ده‌توانن هه‌ڵبژاردن بكه‌نه سه‌كۆیه‌ك بۆ گۆڕانكاری، ئه‌گه‌ر هاووڵاتییان به‌شداربن گۆڕانكاری دروست ده‌بێت؟
بۆ باسکردن له گرنگێتی به‌شداربوون له هه‌ڵبژاردندا پێویسته سه‌ره‌تا پێناسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ڕاسته‌قینه بکه‌ین و بزانین چۆن هه‌ڵبژاردنێک پێویسته به‌ڕێوه‌بچێت تا به پێی ئه‌وه باس له گرنگێتی بکه‌ین. دیاره هه‌ڵبژاردن هه‌روه‌کو له ووشه‌که‌دا ده‌رئه‌که‌وێت به واتای په‌سه‌ندکردنی باشترین ئه‌لته‌رنه‌تیڤ دێت. ئه‌وه‌ش ئه‌وه ئه‌گه‌یه‌نێت له‌ناو ئه‌و شتانه‌ی هه‌ن باشترینیان به‌گه‌ن بکه‌ین. سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانه‌وه، گرنگێتی له‌وه‌دایه که بوارێکه بۆ به‌شداربوون وبه‌رپرسێتی و هاوڵاتیبوون. کاتێکیش هه‌ڵبژاردنی دیموکراسی ئازاد ئه‌نجامئه‌درێت، هاوڵاتیان ئه‌خرێنه ئاستی به‌رپرسیارێتی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ لایه‌نه فه‌رمییه‌کان و به‌پێی ئه‌وه‌ش به‌شداریکردنی له قه‌راردان و به‌ڕێوه‌بردنی داموده‌زگاکاندا فراوانتر ئه‌کرێته‌وه.
هه‌ڵبژاردن واتا په‌یڕه‌وکردنی دیموکراسی، دیموکراسیش واتا حکومڕانی گه‌ل له‌پێناوی گه‌لدا، بۆیه هه‌ڵبژاردن به باشترین ئامراز دائه‌نرێت بۆ گه‌یشتن به ئامانجی حکومڕانی گه‌ل به ده‌ستنیشانکردنی که‌سانی خاوه‌ن توانا و دڵسۆز به به‌رژه‌وه‌ندێکانی گه‌ل و نیشتمان. کاتێک هاوڵاتی به‌ئازادانه ئه‌توانێت ئه‌و کاندیدکراوه که جێی متمانه‌یه‌تی وه‌ک نوێنه‌ری خۆی هه‌لبژێریت، به دڵنیاییه‌وه چاوه‌ڕیی ئه‌وه‌ی لێئه‌کات ڕۆڵی خۆی بگێڕێت له گۆڕانکاریدا بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی گه‌ل و نیشتمان و دابینکردنی ژیانێکی باشتر بۆ هاوڵاتیان له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه. ئه‌وه‌ش به دڵنیاییه‌وه پێویست به گۆڕانکاری ئه‌کات به دانانی یاسا و چاودێریکردنی ئه‌دای داموده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت و ڕێگرتن له پێشیلکردنی یاسا له‌لایه‌ن به‌رپرسانه‌وه. مه‌رجی سه‌ره‌کی دروستبوونی گۆڕانکاری له په‌یڕه‌وکردنی دیموکراسی ڕاسته‌قینه‌دایه و له ڕێگا خۆشکردن به خاوه‌ن بیروبۆچوونی جیاواز و لایه‌نه سیاسییه جۆراوجۆره‌کان بۆ خۆکاندید کردن و په‌یڕه‌وکردنی هه‌ڵبژاردنێکی ئازاد دور له ده‌ستیوه‌ردانی لایه‌نه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان. هه‌روه‌ها به ڕێگاگرتن له دیارده‌ی دزێو و بازدان به سه‌ر یاسا له هه‌ڵبژاردندا، وه‌ک کڕینی ده‌نگ و هه‌ڕه‌شه‌کردن و گوشارخستنه سه‌ر ده‌نگده‌ران له پێناو کۆکردنه‌وه‌ی ده‌نگ.ئاڵای ئازادی: زیانه‌كانی به‌شدارینه‌كردنی خه‌ڵك له‌هه‌ڵبژاردندا چۆن ده‌بینیت، ئایا به‌شدارینه‌كردنی خه‌ڵك له‌هه‌ڵبژاردندا درێژه‌دان نییه به‌و دۆخه‌ی ئێستا له‌كوردستان؟
من پێموانیه زیانه‌کانی خه‌ڵک په‌یوه‌ند بێت به به‌شداریکردن یان بهشدارینهکردنهوه له هه‌ڵبژاردندا. له‌هه‌ردوو حاڵه‌ته‌که‌دا ئه‌گه‌ری زیان هه‌یه بۆ خه‌ڵک. له حاڵه‌تی به‌شداریکردنی خه‌ڵک له هه‌ڵبژاردنێک که دووربێت له پره‌نسیپه‌کانی دیموکراسی و تیایدا ڕێز له ده‌نگی خه‌ڵک نه‌گیرێت و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن دور له‌خواستی خه‌ڵک به‌ڕێوه‌بچێت، به ڕێگانه‌دان به لایه‌ن و که‌سێتی سه‌ربه‌خۆ و دروستبوونی ڕه‌وتی ئۆپۆزیسیۆن وپه‌نابردن بۆ دیارده‌ی دزێو وه‌ک ته‌زویرکردن و کڕینی ده‌نگه‌کان و چاوسوورکردنه‌وه و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌رکردن له‌سه‌رکار و مووچه‌بڕین. ئه‌وا خه‌ڵکه‌که خۆی زیانئهگهیهنێت به خۆی به به‌شداریکردنی له‌و جۆره هه‌ڵبژاردنه‌دا و ڕێگا خۆشئه‌کات بۆ لادان له دیموکراتی و شێواندنی بنه‌ماکانی و به‌شداریکردن له‌سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی نادیموکراسی. به‌ڵام به‌شدارینه‌کردن له‌و جۆره هه‌ڵبژاردنانه که ته‌نیا بۆ خۆڵکردنه چاوی خه‌ڵکه و به‌مه‌به‌ستی شه‌رعییه‌تدان به ده‌سه‌ڵات به‌ڕێوه‌ئه‌چێت، ئه‌وا هۆشیاری خه‌ڵک ئه‌خاته‌ڕوو و په‌یامێکی ڕوون ئه‌گه‌یه‌نێت به ده‌سه‌ڵات که خه‌ڵک چیتر پێشێلکاری قه‌بووڵناکات و به‌و جۆره شانۆگه‌رییانه ههڵناخهڵتێت که ته‌نیا بۆ به‌رده‌وامبوون له ده‌سه‌ڵات ئه‌نجامئه‌درێت و بێڕێزی به خواست و هیوای کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک ئه‌کرێت. بۆ وه‌ڵام به‌و پرسیاره‌ی که ئایا به‌شدارینه‌كردنی خه‌ڵک له‌هه‌ڵبژاردندا درێژه‌دان نییه به‌و دۆخه‌ی ئێستای كوردستان؟ من به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌یبینم گه‌ر هاتوو هه‌ڵبژاردن به‌هه‌مان شێوه‌ی ڕابوردوو به‌ڕێوه بچێت. به‌شداریکردن له هه‌ڵبژاردنێکی له‌و شێوه‌یه به دابه‌شکردنی کورسییه‌کانی په‌رله‌مان له نیوان هه‌دوو حیزبی باڵاده‌ست و نه‌بوونی ده‌نگی ئازاد تیایدا، که هۆکاری سه‌ره‌کی بوو له ئیفلیجکردنی په‌رله‌مان و گۆڕینی بۆ په‌رله‌مانێکی حیزبی له‌بری ئه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک بکات. ئه‌و بهشداریکرنه ئه‌بێته هۆی درێژه‌دان به دۆخی ئێستا و به‌رده‌وامبوونی ده‌سه‌ڵاتی سه‌پێنراو و پێشیلکرنی دیموکراسی و کپکردنی ده‌نگی خه‌ڵک.ئاڵای ئازادی: كاریگه‌ریی هۆشیاریی هاووڵاتییان له‌ئاست گرنگیی دهنگدانو به‌كار هێنانی سندوقی هه‌ڵبژاردن بۆ گۆڕانكاری چۆن ده‌بینیت؟
پرۆسه‌ی دیموکراسی له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ناهۆشیاردا هیچ مانایه‌کی نییه. هه‌ر بۆیه ده‌سه‌ڵاتی نادیموکراتی به‌رده‌وام له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه که خه‌ڵکی چه‌واشه بکات و ده‌زگای ڕاگه‌یاندنی ئه‌خاته گڕ بۆ شوشتنه‌وه‌ی مێشکی خه‌ڵک و شیواندنی ڕاستییه‌کان و مێگه‌ڵ ئاسا سه‌یری خه‌ڵک ئه‌کات. بۆیه من لاموایه هۆشیاری هاوڵاتییان به‌تایبه‌ت هوشیاری سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی و ڕۆڵی خه‌ڵک تیایدا فاکته‌رێکی گرنگه بۆ گۆڕان و ڕیگرتن له دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌زموونی نادروست و شێوه‌ی سه‌قه‌تی ڕابوردوو. پێویسته که‌سانی ڕۆشنبیر و به ئاگا‌و و هۆشیاری نه‌و کۆمه‌ڵ ده‌نگ هه‌ڵبڕن دژ به‌و دیارده نادیموکراسی و ناشارستانییانه که په‌یڕه‌وئه‌کرێت و هه‌وڵی سه‌پاندنی ئه‌درێت، داوا به‌رزکه‌نه‌وه بۆ به‌شداریکردن له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن چ به دروستکردنی لێستی سه‌ربه‌خۆ به‌خۆیانه‌وه و چ وه‌ک چاو‌دێر به‌سه‌ر سندوقه‌کانی ده‌نگدان و یه‌کلاکردنه‌وه‌ی ده‌نگی ده‌نگده‌ران بۆ ڕێگرتن له تاکڕه‌وی و سه‌پاندنی بۆچوونی نادیموکراسیانه له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا.ئاڵای ئازادی: رۆڵی رێكخراوه مه‌ده‌نیه‌كان بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن‌و دواجاریش پرۆسه‌ی گۆڕان‌و بڕیار چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟ هه‌ندیكجار رێكخراوه مه‌ده‌نیه‌كان په‌نا ده‌به‌نه به‌ر بایكۆتكردن، ئایا له‌م قۆناغه‌دا په‌نا بردنه به‌ر بایكۆت كاریگه‌ریی ده‌بێت بۆ گۆڕانكاریی سیاسی؟
ڕێکخراوه مه‌ده‌نییه‌کان ئه‌توانن ڕۆڵی به‌رچاو بگێڕن له هۆشیارکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک سه‌باره‌ت به دیموکراسی و ئامانج له هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌ی گۆڕاندا، چونکه ئه‌و ڕێکخراوانه تا ڕاده‌یه‌ک سه‌ربه‌خۆن له ده‌سه‌ڵات. پێوسته کار بکه‌ن بۆ هۆشیارکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک له باره‌ی بهرهژهوهندییهکانیان و خستنه‌ڕووی به‌هاو و نۆرمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ڕیزلێگرتن و یه‌کتری قه‌بوولکردن و پیکه‌وه ژیان و هه‌ماهه‌نگی و ناساندنی کولتووری دیالۆگ، که بنچینه‌ن بۆ کۆمه‌لگه‌یه‌کی دیموکراسی ته‌ندروست، به به‌ئاگاهێنانه‌وه‌ی خه‌ڵک سه‌باره‌ت به پێوێستی سه‌روه‌ری یاسا و سه‌ربه‌خۆیی داموده‌زگاکانی په‌یڕه‌وکردنی یاسا و ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری و ڕاده‌ربڕین و یه‌کسانی له کۆمه‌ڵدا و چۆنێتی وه‌ستانه‌وه دژ به کرده‌وه‌ی نابه‌جێ و دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی. ئه‌وانه‌ش ئه‌بنه هۆی لاوازکردنی ده‌سه‌ڵاتی حیزب و ڕێگرتن له تاکڕه‌وی و قۆرخکردنی ده‌سه‌ڵات. که باس له‌دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ئه‌کرێت، پێویسته پێش هه‌موو شتێک ڕێکخراوه مه‌ده‌نییه‌کان هانبدرێن بۆ هه‌ڵسان به ڕۆلگێران له ڕێکخستنی په‌یوه‌ندی له نێوان کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و داموده‌زگا فه‌رمییه‌کان، وه‌ک لایه‌نی چاو‌دێر به‌سه‌ر لایه‌نه حکومییه‌کانه‌وه له‌پێناو جیبه‌چیکردنی یاسا و ڕێگرتن له پێشێلکاری مافه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک.ئاڵای ئازادی: بێدهنگیو خه‌مساردی له‌به‌رانبه‌ر رووداوه‌كان‌و له ئه‌نجامیشدا به‌شدارینه‌كردن لهرووداوهو پێشهاته‌كاندا چه‌ند ده‌توانێت ببێتههێزی گۆڕان؟ واته له رۆژهه‌ڵاتی ناوهڕاستو كوردستان به‌شدارینه‌كردن گۆڕان دروست ده‌كات؟
له هه‌ر هه‌نگاوێک که ئه‌نرێت زۆر گرنگه بزانین به‌چی مهبهستێکهوهیه و به‌ره‌و کوێمان ئه‌بات. ئه‌زموونی ساڵانی ڕابوردووی ده‌سه‌ڵات و ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی دران به ڕیکه‌وتن له‌سه‌ر یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئیداره و پاشان هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ساڵی 2005 له دابه‌شکردنی کورسییه‌کان و دیارده‌ی ته‌زویرکردن و ڕێگانه‌دان به خه‌ڵکی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد بۆ به‌شداریکردن، نائومێدی و ڕه‌شبینی له ناخی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستاندا چاند و بێمتمانه‌یی لای خه‌ڵکی کوردستان دروست بوو به ده‌سه‌ڵاتی هه‌ردوو حیزبی باڵاده‌ست له دوای ئه‌وه‌ی بۆ خه‌ڵک ده‌رکه‌وت که قۆرخکردنی هه‌موو شتێک له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی حیزب و سه‌رکرده و بنهمهڵهکانیان، خراوه‌ته ڕیزی پێشه‌وه‌ی ئامه‌نجه‌کان و ته‌نانه‌ت پێش دابینکردنی پێداویستییه سه‌رتاییه‌کانی خه‌ڵکیش که ته‌نانه‌ت ڕژێمه دیکتاتۆرییه‌کانیش ڕه‌چاوی ئه‌که‌ن و ناتوانن پشتگوێی خه‌ن. من وای ئه‌بینم بێده‌نگی و قه‌بوولکردنی ئه‌و واقیعه نادروست و گه‌نده‌ڵه، لاری نه‌بوونه له‌وه‌ی مێگه‌ل ئاسا سه‌یری خه‌ڵک بکرێت و چۆنیان بوێت بیده‌ن له‌به‌ر. ئه‌گه‌ر نا ئه‌بێت به ووشه‌ی ( نا) وه‌ڵام بدرێته‌وه و پێویسته ئه‌و ووشه‌یه فێری خه‌ڵکی بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕان دروست ببێت. بۆیه له‌کاتێکدا ئه‌بینین ئه‌زموونی هه‌ڵبژاردنی ڕابوردوو له ڕێگرتن له لایه‌ن و که‌سانی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ و گوێنه‌دان به خواسته‌کانی خه‌ڵک دووباره ئه‌کرێته‌وه. به‌شدارینه‌کردن باشترین ڕێگایه بۆ ده‌ربڕین و گه‌یاندنی په‌یامی خه‌ڵک به ووشه‌ی (نا) و ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر به پلان و ڕێکه‌وتن ته‌نیا بۆ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵات و پشتگوێخستنی خواسته‌کانی خه‌ڵک.ئاڵای ئازادی: له‌و بڕوایه‌دایه كه به‌شدارینه‌كردن ئه‌نجامی هۆشیاریی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی بێت، یان بۆ بێزاریی هاووڵاتیان له‌گۆڕان ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
زیاتر من ئه‌یبه‌ستمه‌وه به ده‌ڕبڕینی بیزاریی و نائومێدی و نامتمانه‌یی خه‌ڵک به دواڕۆژ و به په‌رله‌مانێک که ته‌نیا له خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی حیزبدایه و نوێنه‌رایه‌تی کۆمه‌ڵانی کوردستان ناکات. بێگوومان به‌شێکشی ئه‌گه‌ڕیته‌وه بۆ هۆشیاری خه‌ڵک به ڕێژه‌یه‌کی که‌متر. چونکه من پێموایه هێشتا به‌ده‌ر له توێژی ڕۆشنبیران زۆرینه‌ی خه‌ڵک ئاگای ته‌واوه‌تیان نیه له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌ی دیموکراسی ڕاسته‌قینه و زۆرێکییان باوه‌ڕیان به‌وه‌یه که خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات براوه‌یه و به‌شداریکردن و نه‌کرد هیچ له بارودۆخه‌که ناگۆڕێت.ئاڵای ئازادی: یه‌كێك له‌كاره‌كته‌ره‌كانی كۆمه‌ڵگایه‌كی زیندوو به‌شداریی هاووڵاتییانه له‌چاره‌نوسی خۆیاندا، ئایا زیندوویی كۆمه‌ڵگای كوردستان ئاماده‌یه به‌شداری له‌چاره‌نووسی خۆیدا نه‌كات؟
به‌ڵی من پێموایه ، چونکه کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان خاوه‌ن ئه‌زموونێکی گه‌وره‌ی خه‌بات و تێکۆشانن و ئێستاش بزاڤێکی ڕۆشنبیری باش هه‌یه له کوردستاندا له‌گه‌ڵ بوونی ڕۆژنامه‌گه‌ری و ده‌نگی جۆراوجۆری ئازاد له ناو خه‌ڵک به گشتی و گه‌نجاندا به تایبه‌تی، بناغه‌یه‌کی گرنگی داناوه بۆ بره‌وپێدانی به‌شداری له دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆیدا بکات. ده‌نگدانی خه‌ڵک له ڕیفراندۆمێکی ئازادا له کاتی هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2005 دا بۆ سه‌ربه‌خۆی و کۆمه‌ڵێک خۆپێشاندانی جۆراوجۆر دژ به گه‌نده‌ڵی و سیاسه‌تی هه‌دروو حێزبی ده‌سه‌ڵاتدار و ڕژێمه‌کانی ناوچه‌که له پێشێلکردن و ڕێزلێنهگرتنی ماف و خواسته‌کانی خه‌ڵکی کوردستان، هه‌موو ئه‌وه ئه‌سه‌لمێنن که ئه‌و ئاماده‌ییه هه‌یه و بارودۆخه‌که‌ش تادێت له‌بارتر ئه‌بێت بۆ به‌شداریکردن له دیاریکردنی چاره‌نووسی خه‌ڵکی کوردستان. ئاڵای ئازادی: گه‌نجان زۆرترین رێژه‌ی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان پێكده‌هێنن، هۆشیاریی گه‌نجان بۆ به‌شداریكردن لهدهستاودهستكردنی ده‌سه‌ڵات له‌چ ئاستێكدا ده‌بینیت؟
سه‌ره‌ڕای هه‌وڵدان به شیوازی جۆراوجۆر بۆ ناچارکردنی گه‌نجان بۆ په‌یوه‌ستبوون به سیاسه‌تی حیزبه‌وه و کارکردنی میدیای حیزبی له‌سه‌ر مێشکی گه‌نجان، هۆشیاری له ناو خه‌ڵکدا و به تایبه‌تی له‌ناو گه‌نجاندا له‌بره‌ودایه. له هه‌موو سه‌رده‌مێکدا و له ناو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵك له گشت وڵاتانی جیهاندا، گه‌نجان هه‌ڵگری ئالای گۆڕان بوونه، به پێی ئه‌و وزه و توانا و بیرکراوهییهی هه‌یانه و تێڕوانینیان بۆ ئاسۆییه‌کی ڕوونتر و په‌یوه‌ندی به دونیای ده‌ره‌وه و به‌دواداچوونیان بۆ ڕووداوه‌کان له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا. گومان هه‌ڵناگرێت گه‌نجان ئه‌توانن و له‌هه‌وڵی ئهوشدان ڕۆڵبگێڕن له ده‌ستاوده‌ستکردنی ده‌سه‌ڵاتدا، به‌ڵام بارودۆخی کوردستان و هه‌ڕه‌شه‌ی ناوه‌کی و ده‌ره‌کی و ناڕۆشنی سیاسه‌تی ئه‌مریکا له ناوچه‌که، به‌واتایه‌کی تر نادیاری دواڕۆژی سیاسی کوردستان، چه‌ند فاکته‌رێکن بۆ دڵه‌ڕاوکێی گه‌نجان له هه‌وڵدان له به‌شداری له ده‌ستاوده‌ستکردنی ده‌سه‌ڵات به‌شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ و کاریگه‌ر.ئاڵای ئازادی: ژنان نیوه‌ی كۆمه‌ڵگا پێكده‌هێنن قورسایی سیاسی ژنان بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن چ ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی ده‌بێت له‌سه‌ر داهاتووی بڕیار له‌كوردستان‌و به‌تایبه‌تی په‌رله‌ماندا؟
به‌شداربوونی ژنان نه‌ک هه‌ر له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ڵکو له پرۆسه‌ی بڕیاردان له هه‌موو بوارێکی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابوری و پێوستییه‌کی سهردمییانهیه. په‌رله‌مان وه‌ک ده‌سه‌ڵاتێک بۆ یاسادانان و بڕیاردان له‌سه‌ر پرسه گرنگه‌کان ناکرێت به بێ بوونی ژنان به شێوه‌یه‌کی دروست و پێویست به‌کاره‌کانی هه‌ڵسێت. باشترین به‌ڵگه سه‌پاندنی یاسای فره‌ژنی بوو که به هۆی که‌می ئه‌ندام په‌رله‌مانی ژن پرۆژه یاساکه به‌و شیوه‌یه که بینیمان له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه به زۆرینه‌ی ده‌نگ که ده‌نگی پیاوان بوو بڕیاری له‌سه‌ردرا.
ژنان ڕۆڵی سه‌ره‌کی ئه‌گێڕن له کۆمه‌ڵدا، نه‌ک نێوه‌ی کۆمه‌ڵن بگره نیوه‌که‌ی تری کۆمه‌ڵیش په‌یوه‌ستن و له‌ژێر کاردانه‌وه‌ی ڕۆڵی ئه‌وانن. ژنانن به‌رپرسی سه‌ره‌کی له په‌روه‌رده‌کردنی نه‌وه‌کانی داهاتوو به کوڕ و کچه‌وه، هه‌ر ژنانیشن که له پشت سه‌رکه‌وتن پیاواندا له به‌ڕێوه‌بردنی کار‌و بار له ناو کۆمه‌ڵدا. بۆیه پشتگوێخستنی ڕۆڵی ژنان، ناته‌واوی پرۆسه‌ی پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵ ئه‌گه‌یه‌نێت و هه‌ر بڕیاڕێکیش ده‌رچێت له بواره جۆراوجۆره‌کاندا به تایبه‌تیش له بواره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ئه‌گه‌ری زۆر هه‌یه که ناته‌واو بێت.
ئاڵای ئازادی: بوونی لیستی داخراو پێویسته؟ ئایا لیستی داخراو گه‌مه‌یه‌كی سیاسیی داخراو نییه كه هاووڵاتیان نازانن كام كه‌س به‌چ پرۆژه‌یه‌كه، چ باكگراوندێكی سیاسی، به چ ئاستێكی خوێندهواریو هۆشیاری له‌پاش ته‌واوبوونی پرۆسه‌كه ده‌بێت بهنوێنهریان؟
هیچ گومان هه‌ڵناگرێت که په‌یڕه‌وکردنی شێوازی لیستی داخراو لادانێکی زه‌قه له پرۆسه‌ی دیموکراسی و ڕێگاخۆشکه‌ره بۆ دانانی که‌سانێک له‌په‌رله‌مان له‌سه‌ر لیستی حزب، نه‌ک له‌وانه‌یه هێچ قورساییه‌کیان له‌ناو کۆمه‌ڵدا نه‌بێت به‌ڵکو دوور نیه ڕابروویهکی ناپاکی هه‌بوبێت و بوونیان له په‌رله‌مان جێگای ناره‌زایه‌تی خه‌ڵک بێت و ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌سانێکی گوێڕایه‌ڵن بۆ حیزب و ئه‌رکی سه‌ره‌کییان پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌و حیزبه یه که ده‌ستنیشانی کردوون. هه‌ر وه‌ک چۆن له هه‌ڵبژاردنی پێشوودا کۆمـه‌ڵێک که‌سی پاشه‌ل پێس له لایه‌ن حێزبهکانهوه کران به ئه‌ندام په‌رله‌مان سه‌ره‌ڕای ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵک دژ به بوونیان له په‌رله‌مان. له‌هه‌مووشی سه‌یرتر ئه‌وه‌یه له هه‌موو بۆنه‌یه‌کدا ئه‌ڵێن ئه‌ندامانی په‌رله‌مان نوێنه‌ری خه‌ڵکن (به‌و جۆره که‌سانه‌شه‌وه) ، چونکه خه‌ڵک له هه‌ڵبژاردندا ده‌نگی بۆ داون. به‌هه‌مان شێوازی پێشوو هه‌ردوو حیزبی باڵاده‌ستی ناو په‌رله‌مان، ئه‌یانه‌وێت هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت سه‌ره‌ڕای ده‌نگی ناڕه‌زایی خه‌ڵک له‌سه‌ر ئه‌و شێواز و پێشێلکاریانه‌ی له هه‌ڵبژاردنی ڕابوردوو ڕوویدا. ئه‌وه‌ی پێویسته بخرێته به‌رچاو ئه‌وه‌یه، دیاریکردنی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌لایه‌ن ئه‌و حیزبانه‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای توانا و لێهاتووی و دڵسۆزی و خزمه‌تگه‌یاندن به خه‌ڵک نییه، به‌ڵکو ته‌نیا بۆ خه‌ڵات و پاداشتکردن ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبه‌یه به‌و ئیمتیازانه‌ی وه‌ک ئه‌ندام په‌رله‌مان پێی ئه‌درێت.ئاڵای ئازادی: ئایا لیستی داخراو ده‌توانێت نوێنه‌ری راسته‌وخۆی خه‌ڵك بێت، ئه‌وه له كاتێكدایه كه دواجار حیزب نوێنه‌ره‌كان دیاری ده‌كات، واته حیزب كێی پێ خۆش بێت ئه‌وه داده‌نێت به‌ناوی خه‌ڵكه‌وه؟
لیستی داخراو لیستی حیزبه و به بڕیاری حیزب ئه‌ندامانه‌کانی دائه‌نرێن. که وابوو هێچ که‌س له‌وانه‌ی ئه‌خرێنه لیستی داخراوه‌وه له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه ده‌ستنیشان ناکرێن بۆ ئه‌ندامێتی په‌رله‌مان و ته‌نیا نوێنه‌رایه‌تی حیزبه‌که‌یان ئه‌که‌ن. واتا لیسته‌که به داخراوی ئه‌مێنێته‌وه تا ده‌رکه‌وتنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن و نه له دوور و نه له نزیکه‌وه نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵک ناکه‌ن چونکه په‌یوه‌ندییان به ده‌نگدانی خه‌ڵک له هه‌لبژاردنیان وه‌ک که‌سانێکی کاندیدکراو نیه. په‌یڕه‌کردنی لیستی داخراو، له‌باربردنی دیموکراسی و پرۆسه‌ی هه‌لبژاردنی ئازاد و ریزلێنهگرتنه له مافه‌کانی خه‌ڵک.………………………………………………………………………………………………….
* ئاڵای ئازادی ژماره (803) ڕۆژی 22/4/2009