Skip to Content

Sunday, November 10th, 2024
گه‌نده‌لّی و مۆراڵ له‌ده‌زگای  ….فایه‌ق سه‌عید

گه‌نده‌لّی و مۆراڵ له‌ده‌زگای ….فایه‌ق سه‌عید

Closed
by April 26, 2009 گشتی

گه‌نده‌لّی و مۆراڵ له‌ده‌زگای 
توێژینه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی موكریانی
فایه‌ق سه‌عید

شتێكی زۆر نامۆ نیه‌ ئه‌گه‌ر ده‌زگاكانی چاپ گرفتی نه‌بوونی كه‌ره‌سته‌كانی چاپكردنیان هه‌بێت به‌تایبه‌ت نه‌بوونی كاغه‌ز. به‌ڵام ئه‌م گرفته‌ ئه‌گه‌ر هه‌شبێت نابێت ببێته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی ده‌زگاكانی چاپ به‌ساڵ پرۆگرامیان نه‌بێت و نه‌زانن كه‌ی كتێبێك به‌چاپ ده‌گه‌یه‌نن. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌موو ده‌زگاكانی چاپ له‌وه‌دا سه‌ركه‌وتوو نین كه‌بتوانن مانگێكی دیاریكراو دیاری بكه‌ن و به‌نووسه‌ره‌كه‌ بلێن له‌م مانگه‌ یا دوو مانگه‌دا كتێبه‌كه‌ت چاپ ده‌بێت. ئه‌گه‌ر كێشه‌كانی چاپ ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كتێبێك دوو یا سێ مانگ دوا بكه‌وێت ره‌نگه‌ ئاسایی بێت به‌ڵام كاتێك كتێبێك چه‌ندین مانگ یا چه‌ند ساڵ له‌چاپكردن دوا ده‌كه‌وێت ئه‌وه‌ مانای وایه‌ یا بێ مۆراڵی و گه‌نده‌لی له‌و ده‌زگایه‌دا هه‌یه‌ یا ئه‌و ده‌زگایه‌ هێنده‌ بێسه‌رو به‌ره‌ توانای ئه‌وه‌ی نیه‌ هیچ پلانێكی رێكوپێك بۆ خۆی دابنێت. خالێكی دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌ زۆرجار ده‌زگاكانی چاپ په‌یمانێك به‌نووسه‌ر ده‌ده‌ن كه‌به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانن به‌جێی بگه‌یه‌نن. سه‌یر له‌وه‌دایه‌ زۆرێك له‌و كه‌سانه‌ی له‌و ده‌زگایانه‌دا كار ده‌كه‌ن و خۆیان نووسه‌رو ئه‌دیبی ناودارن زۆرجار باسی مۆراڵ راستی و خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن.
به‌شێك یا هه‌موو ئه‌و هۆكارانه‌ له‌ده‌زگای چاپی موكریاندا كۆبوونه‌ته‌وه‌ به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ له‌حاله‌تی مندا. به‌ر له‌دوو سالی رێك كتێبێكم گه‌یانده‌ نووسه‌ری ناودار كاك موسلیح ئیروانی  به‌و پێیه‌ی له‌ده‌زگاكه‌دا به‌رپرسی به‌شی كتێب بوو. له‌سه‌ره‌تادا بریار وابوو كتێبه‌كه‌ به‌شه‌ش مانگ چاپ بكرێت و تاوه‌كو ئێستاش چاپ نه‌بووه‌، به‌مه‌رجێك دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و كتێبه‌م به‌موكریان داوه‌ من دوو كتێبی دیكه‌م له‌ده‌زگایه‌كی دیكه‌ چاپ كردووه‌. له‌نێوان ئه‌م دوو ساله‌دا من زیاتر له‌ 15 ئیمه‌یلم بۆ به‌رپرسی به‌شی كتێب و سه‌رۆكی ده‌زگای موكریان كاك ئاسۆكه‌ریم و كارمه‌نده‌كانی دیكه‌ ناردووه‌و چه‌ندین ته‌له‌فۆنم كردووه‌و به‌لایه‌نی كه‌میشه‌وه‌ 5 جار ته‌له‌فۆنم بۆ به‌رپرسی ئێستای به‌شی كتێب كردووه‌. زۆر جار روحیشم ده‌رچووه‌ تا وه‌ڵامێكم ده‌ست كه‌وتووه‌. سه‌یر له‌وه‌دایه‌ هه‌ر یه‌كه‌و ئیمه‌یلێكی له‌سه‌ر سایته‌كه‌ی خۆیان نووسیوه‌، من سه‌ر ده‌رناكه‌م كه‌مرۆڤ نه‌زانێت ئیمه‌یل به‌كار بهێنێت یا وه‌لامی ئیمه‌یله‌كانی خه‌لك نه‌داته‌وه‌ ئیدی بۆ ئه‌و عه‌زێته‌ ده‌كێشێت و ئیمه‌یلی خۆی بڵاوده‌كاته‌وه‌. هه‌موو ئه‌و جارانه‌ی په‌یوه‌ندیم پێیانه‌وه‌ كردووه‌ په‌یمانیان داوه‌و درۆیان له‌گه‌لّ كردووم. دواجار ناچار بووم چه‌ندین جار ته‌له‌فۆن بۆ به‌رێز كاك ئه‌بوبه‌كر سالح بكه‌م كه‌به‌رپرسی ئێستای به‌شی كتێبه‌ له‌ده‌زگای موكریان. له‌هه‌موو جارێكدا په‌یمانی داوه‌ كه‌قسه‌ له‌گه‌لّ ئه‌وانی دیكه‌دا بكات و دواجار كتێبه‌كه‌م بۆ چاپ بكات. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو گفته‌كانی ده‌زگای موكریان درۆ ده‌رچوون بۆیه‌ دواجار له‌سه‌ره‌تای ئه‌مسالدا به‌رووونی به‌كاك ئه‌بوبه‌كرم گووت(( من زۆرم له‌سه‌رتان نیه‌، ئه‌گه‌ر له‌به‌ر هه‌ر هۆكارێك ناتوانن بۆم چاپ بكه‌ن راست و دروست پێم بلێن تا له‌شوێنێكی دیكه‌ چاپی بكه‌م)). به‌ڵام پاش راوێژی نێو خۆیان  په‌یمانی ئه‌وه‌ی دامێ كه‌به‌ر له‌نه‌ورۆز چاپ ببێت و ئه‌گه‌ر زۆریش دوا بكه‌وێت ئه‌وه‌ له‌نه‌ورۆزدا ته‌واو ده‌بێت.
منیش تا ئه‌و كاته‌ چاوه‌رێم كرد و دوو ئیمه‌یل و كورته‌ نامه‌یه‌كم بۆ به‌رپرسی به‌شی كتێب نارد. كورته‌ی نامه‌كه‌م ئه‌وه‌بوو من تا یه‌ك هه‌فته‌ی دیكه‌ چاوه‌رێ ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر وه‌ڵامتان نه‌بوو ئه‌وه‌ من وتارێك له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌نووسم و كتێبه‌كه‌شم له‌به‌ر درۆكردنی به‌رده‌وام له‌ده‌زگای موكریان راده‌كێشمه‌وه‌. تا نووسینی ئه‌م وتاره‌ له‌بری هه‌فته‌یه‌ك نزیكه‌ی چوار هه‌فته‌ به‌سه‌ر نامه‌كه‌م و كورته‌ نامه‌كه‌مدا تێپه‌ر بوون و هیچ وه‌ڵامێكم پێنه‌گه‌یشتووه‌. بۆیه‌ كتێبه‌كه‌ی خۆم راده‌كێشمه‌وه‌و ده‌زگای موكریان بۆیان نیه‌ كتێبه‌كه‌ی من كه‌به‌ناوی خۆكوژی منداڵانه‌وه‌یه‌ چاپ بكه‌ن و تا مۆراڵ له‌ده‌زگای موكریان به‌رقه‌رار نه‌بێت من كتێب به‌وان ناده‌م.
گه‌نده‌لی ته‌نها دزینی پاره‌ ناگرێته‌وه‌ به‌لكو نادادپه‌روه‌ری و به‌كارهێنانی خراپی ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌شێكی دانه‌براوه‌ له‌گه‌نده‌لی كه‌له‌ده‌زگای موكریاندا من به‌روونی ده‌یبینم. ئه‌گه‌ر زه‌ره‌یه‌ك مۆرال له‌ده‌زگای موكریاندا هه‌بوایه‌ وه‌ڵامێكیان ده‌بوو، یا ئه‌و نۆره‌بأی و نادادپه‌روه‌رییه‌ له‌كتێب چاپكردندا نه‌ده‌بوو. موكریان چه‌ندین كتێبیان دوای كتێبه‌كه‌ی من به‌ده‌ست گه‌شتووه‌و زۆر به‌ر له‌ئێستاش چاپكراون. نووسه‌ری واهه‌یه‌ دوو یا سێ كتێبیان له‌سالێكدا بۆ چاپكرد كه‌بێگومان له‌سه‌ر حیسابی نووسه‌ره‌كانی دیكه‌ بووه‌. سه‌یر له‌وه‌دایه‌ به‌رپرسی به‌شی كاك ئه‌بو به‌كر به‌حوكمی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ته‌نها له‌سالی 2008 دا  5 دانه‌ كتێبی بۆ خۆی چاپكردووه‌و له‌سه‌ر سایتی موكریان دایناوه‌، جا نازانم چه‌ندی دیكه‌شی بۆ خۆی چاپ كردووه‌ كه‌له‌سه‌ر تۆری ئینته‌رنێته‌ نیه‌.
ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ش یاداشت بكه‌م كه‌ئه‌مه‌ كارێكی زۆر خراپه‌ كه‌مرۆڤ به‌تایبه‌ت نووسه‌ر قسه‌ی راستی نه‌بێت و هه‌رجاره‌ی به‌یانوویه‌ك په‌یمانێكی درۆ بدات و له‌پشت ئه‌مه‌شه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌خراپی به‌كار بهێنن. من پێم وایه‌ هه‌موو ده‌زگایه‌ك مافی خۆیه‌تی كه‌ی كتێبێك چاپ ده‌كات چونكه‌ ده‌زانم ئه‌وانیش گرفتیان هه‌یه‌، به‌ڵام گرینگ ئه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌وه‌ به‌نووسه‌ره‌كه‌ رابگه‌یه‌نن و له‌وه‌ش باشتر كۆنتراكتێك بنووسن. چونكه‌ هه‌ندێك جار دره‌نگ چاپكردنی كتێبێك كار له‌ناوه‌رۆكه‌كه‌ی ده‌كات.  كتێبه‌كه‌ی من له‌سه‌ر خۆكوژی منداڵانه‌و له‌و كاته‌دا كه‌من ته‌واوم كرد گرفتی خۆكوژی هه‌ندێك خوێندكارو منداڵ له‌كوردستان قسه‌ی زۆری له‌سه‌ر ده‌كراو پێم خۆش بوو به‌زووترین كات چاپ بكرێت.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.