Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
ئۆپۆزسیۆنی رۆشنبیریی

ئۆپۆزسیۆنی رۆشنبیریی

Closed
by April 26, 2009 گشتی

ئۆپۆزسیۆنی رۆشنبیریی
ئاسۆ جه‌بار

 

ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی كه‌ خاڵین له‌ناوه‌ند‌و ده‌زگای رۆشنبیری‌و فه‌رهه‌نگی‌و هونه‌ری سه‌ربه‌خۆ، پێكڕا ده‌بنه‌ كۆمه‌ڵگه‌لێكی هه‌ژار‌و وێران له‌ڕووی شارستانی‌و فه‌رهه‌نگییه‌وه‌. ئه‌و نیشتیمانه‌ی پڕه‌ له‌ده‌زگا‌و كۆمپانیای حیزبی‌و حكومی‌و خاڵیه‌ له‌دامه‌زراوه‌ی سه‌ربه‌خۆ‌و ئازاد، بێگومان هێنده‌ی نیشتیمانێكی وه‌همییه‌ له‌سه‌ر نه‌خشه‌یه‌كی حیزبی هیچی دیكه‌ نییه‌. ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی رێگرێكی راسته‌قینه‌ن له‌به‌رده‌م نێوه‌ند‌و دامه‌زراوه‌ی رۆشنبیری‌و فه‌رهه‌نگی‌و هونه‌ری‌و چاپ‌و بڵاوكراوه‌ سه‌ربه‌خۆكان، پێكرا ده‌سه‌ڵاتگه‌لێكی كوشنده‌ن بۆ كوشتنی جیاوازی‌و هه‌مه‌ڕه‌نگییه‌كان، ده‌ره‌نجام ده‌بنه‌ خولقێنه‌ری فه‌وزایه‌كی گه‌وره‌ی جه‌هل‌و نادنیابینی. 
هه‌موو ئۆپۆزسیۆنێكی سیاسی‌و حیزبی‌و فه‌رهه‌نگی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی زاده‌ی ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ رۆشنبیری‌و ره‌خنه‌یی‌و مه‌عریفیی‌و ئه‌ده‌بییه‌ كه‌ به‌ر له‌هه‌ر سه‌ره‌تایه‌كی ره‌خنه‌یی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و شارستانی‌و ئابوری ره‌خنه‌ی رۆشنبیری‌و مه‌عریفی ئاماده‌یه‌.
ئۆپۆزسیۆنی رۆشنبیری بریتی نییه‌ له‌حیزب یان ره‌وت‌و بزوتنه‌وه‌یه‌كی ئایدۆلۆژی، نه‌خێر ئه‌مجۆره‌ له‌ئۆپۆزسیۆن ته‌واو پێچه‌وانه‌ی حیزبه‌، كه‌ پێكڕا زۆر به‌ ساده‌یی بریتین له‌نێوه‌ند‌و دامه‌زراوه‌ی رۆشنبیری‌و فه‌رهه‌نگی یان هونه‌ری‌و فیكری سه‌ربه‌خۆ‌و ئازاد، ره‌نگه‌ رێكخراوگه‌لێكی ناحكومی‌و ناحیزبی سه‌ربه‌خۆ بن، له‌وانه‌یه‌ ده‌زگای چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆ‌و ئازاد بن، هه‌رچه‌ند ئه‌م ناوه‌ندانه‌ توانای فشاری مه‌عریفی‌و ئه‌كادیمیان هه‌بێت، ده‌ره‌نجام ده‌توانن به‌رهه‌مهێنه‌ری هێزێكی گه‌وره‌ی ره‌خنه‌یی‌و دیالۆگساز بن. دواجار ئه‌وه‌ رۆشنبیر‌و ره‌خنه‌گره‌ سه‌ربه‌خۆكانن ده‌توانن حه‌قیقه‌ت له‌جه‌هل جیابكه‌نه‌وه‌، ده‌ره‌بگخوازی له‌سه‌ربه‌خۆیی جیابكه‌نه‌وه‌، نوسینی زیندو ‌و له‌نوسینی مردوو جیابكه‌نه‌وه‌.
عه‌لی حه‌رب ده‌ڵێت: "ڕۆشنبیر بوونه‌وه‌رێكه‌ له‌نێو قه‌یرانه‌كاندا ده‌ژی، له‌به‌رئه‌وه‌ی بایه‌خ به‌ مه‌سه‌له‌ی ڕاستی‌و ئازدی‌و دادپه‌روه‌ری‌و به‌ها گشتییه‌كان ده‌دات، ده‌بینین به‌نانه‌وه‌ی گیروگرفت‌و ڕیسواكردن‌و ئاشكراكردنی لایه‌نه‌ خراپه‌كان، ده‌گه‌شێته‌وه‌، ئه‌و پتر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌ژی كه‌ قسه‌ له‌سه‌ر خراپ به‌كارهێنانی ماف‌و ئازادییه‌كان بكات" دواتر درێژه‌ ده‌دات به‌ ڕاڤه‌كردنه‌كه‌ی‌و ده‌ڵێت: "به‌ڵام ئه‌مڕۆ له‌سه‌رده‌می ئێستادا بارودۆخه‌كان گۆڕان‌و وه‌ك پێشدان نین : ئه‌و ڕۆشنبیره‌ی قه‌یران دروستده‌كات‌و گرفت ده‌نێته‌وه‌، ئێستاكه‌ خۆی له‌قه‌یراندایه‌، به‌ تایبه‌تی پاش ئه‌وه‌ی تیۆر‌و پرنسیپه‌كان عه‌یب‌و كاره‌كانی ئه‌ویان ئاشكراكردوه‌ له‌وه‌ی ڕۆشنبیر له‌به‌رامبه‌ر ئاڵوگۆڕو گۆڕانكارییه‌ گه‌وره‌كانی دنیادا كه‌ پتر له‌ ئاستێكدا ده‌سته‌وه‌سان‌و لاوازه‌، ئه‌مه‌ش ڕۆشنبیری له‌ڕاستگۆی‌و له‌چه‌كه‌كانی داماڵی، ئێمه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌و شتانه‌ ده‌بینین كه‌: ئه‌و به‌هاگه‌ورانه‌ی ڕۆشنبیر داكۆكی لێده‌كرد، له‌ژێر كوته‌كی ڕووداوه‌ گه‌رمه‌كاندا ده‌ڕوخێن، ئێستا ڕووداوه‌ گه‌وره‌كانی دنیا گاڵته‌ به‌ساكاری دروشم‌و پڕۆژه‌كان ده‌كه‌ن، ده‌ریده‌خه‌ن به‌رنامه‌و تیۆره‌كان چه‌ند كه‌مده‌ست‌و لاوازن"
چه‌ند گرنگه‌ نیشتیمان پڕبێت له‌ملانێی سیاسی‌و كارگێری‌و بازرگانی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی هێنده‌ش گرنگه‌ لێوڕێژ بێت له‌ململانێی مه‌عریفی‌و رۆشنبیری، چه‌ند گرنگه‌ شه‌ڕی سیاسی هێنده‌ش گرنگه‌ شه‌ڕی مه‌عریفی‌و رۆشنبیری، كۆمه‌ڵگه‌ چه‌ند پێویستی به‌ جه‌نگاوه‌ری سه‌ربازی هه‌یه‌، سه‌د ئه‌وه‌نده‌ پێویستی به‌ جه‌نگاوه‌ری مه‌عریفی‌و رۆشنبیری‌و ره‌خنه‌یی هه‌یه‌، پێویستی ئه‌م مللانێ‌‌و جه‌نگه‌ مه‌عریفییه‌ له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ده‌گرێت كه‌ پێكڕا كۆمه‌ڵگه‌ چه‌ند پێویستی به‌ خواردن‌و خواردنه‌وه‌ هه‌یه‌، سه‌د ئه‌وه‌نده‌ش گرنگه‌ مافی هه‌بێت، مافه‌ شارستانی‌و فه‌رهه‌نگی‌و ئازادییه‌ سروشتیییه‌كانی ئینسان وه‌ك ئۆكسجین ده‌توانێت خانه‌‌و شانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و فه‌رهه‌نی‌و تاكه‌سییه‌كان ببوژێنێته‌وه‌‌و گه‌شه‌یان پێبدات. كه‌واته‌ كێن ئه‌وانه‌ی به‌رگری‌و پشتیوانی له‌مافه‌ شارستانی‌و فه‌رهه‌نگی‌و مرۆییه‌كانی هاوڵاتیان‌و كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كه‌ن، كێن ئه‌وانه‌ی به‌ شێوازێكی زانستی‌و مه‌عریفی‌و ره‌خنه‌گرانه‌ ده‌بنه‌ ئه‌و ئاوێنه‌ روونه‌ی كه‌ گه‌نده‌ڵی روخساری خۆی تیادا ده‌بینێته‌وه‌‌و هاوكات كێن ئه‌وانه‌ی ده‌بن به‌و مایكرۆسكۆپه‌ی كه‌ خانه‌‌و پێكهاته‌‌و ته‌ونه‌ جاڵجاڵۆكه‌ییه‌كانی ناعه‌داله‌تی ده‌دۆزنه‌وه‌، بێگومان ته‌نها ئه‌و ره‌خنه‌گر‌و رۆژنامه‌نوس‌و رۆژنامه‌ سه‌ربه‌خۆ‌و نوسه‌ره‌ جیدییانه‌ ده‌توانن‌و ده‌بن به‌و ئاوێنه‌‌و مایكرۆسكۆپه‌ پشكنه‌ره‌ی كه‌ راستییه‌كان ده‌دۆزنه‌وه‌‌و كه‌موكوڕی‌و راوڕوت‌و ناحه‌قییه‌كان ئاشكراده‌كه‌ن.
كێن ئه‌وانه‌ی ده‌بنه‌ پێكهێنه‌ره‌ گرنگه‌كانی فه‌رهه‌نگی كۆمه‌ڵگه‌‌و نیشتیمان، كێن ئه‌وانه‌ی ده‌بنه‌ كۆڵه‌كه‌ رۆشنبیری‌و هونه‌رییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك، فه‌رهه‌نگی زیندوو واته‌ ئه‌و پاشخانه‌ رۆشنبیری‌و مه‌عریفی‌و هونه‌رییه‌ی كه‌ رابردوو ‌و ئێستا‌و ئاینده‌ی فه‌رهه‌نگی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك دیاریده‌كات، له‌كاتێكدا پێوانه‌كردنی ئاستی شارستانی‌و هونه‌ری‌و مه‌عریفی نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌ ژماره‌ی حیزب‌و ده‌زگا حیزبی‌و هه‌واڵگیری‌و جاسوسییه‌كانی پێوانه‌ ناكرێت، وه‌كچۆن ئاستی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك به‌ ژماره‌ی ئۆتۆمبیله‌ ئاخر مۆدێله‌كان‌و به‌رزكردنه‌وه‌ی كۆشك‌و ته‌لاره‌كان‌و پڕكردنه‌وه‌ی بانكه‌كان پێوانه‌ ناكرێت، له‌ڕاستیدا ئاستی پێشكه‌وتنی شارستانی‌و فه‌رهه‌نگی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك وه‌ستاوه‌ له‌سه‌ر ئاستی پێشكه‌وتنی هونه‌ری مۆزیك‌و شێوه‌كاری‌و سه‌ما‌و ده‌زگا رۆشنبیرییه‌كانی، چه‌ند گرنگه‌ نیشتیمانێك پڕبێت له‌دامه‌زراوه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و فه‌رهه‌نگی هێنده‌ش گرنگه‌ نیشتیمانێك پڕ بێت له‌ده‌زگای رۆشنبیریی سه‌ربه‌خۆ.
چه‌ند ئازادی راده‌ربڕین‌و ئازادی نوسین‌و بڵاوكردنه‌وه‌ گرنگه‌ بۆ بوژاندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌‌و خولقاندنی فه‌رهه‌نگێكی زیندووی په‌یوه‌ندیامێز، سه‌د ئه‌وه‌نده‌ش گرنگه‌ له‌پشت ئه‌و ده‌زگا‌و ناوه‌ند‌و میدیایانه‌وه‌ ده‌زگاگه‌لێكی سه‌ربه‌خۆ‌و كارا هه‌بن بۆ سیستیماتیزه‌كردنی فه‌رهه‌نگێكی مۆدێرن‌و عه‌قڵیه‌تێكی كراوه‌ی په‌یوه‌ندیامێز‌و دیالۆگساز. 
كۆمه‌ڵگه‌ی ئازاد به‌رهه‌مهێنه‌ری زانكۆ‌و ده‌زگای رۆشنبیری‌و فه‌رهه‌نگی‌و ئابوری‌و سیاسی ئازاده‌، به‌هه‌مانشێوه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كیشه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنه‌ری تاكه‌كه‌سی ئازاد‌و فێرخوازی به‌ ئیراده‌‌و خاوه‌ن خه‌ونی گۆڕان، به‌ڵام تێگه‌یشتن له‌چه‌مكی ئازادی‌و تێگه‌یشتن له‌مانا كردارییه‌كانی ئازادی خاوه‌نی هێزێكه‌ بۆ دروستكردنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مۆدێرن‌و ئازاد، چه‌ند دیكتاتۆره‌كان پێویستیان به‌ حیزبی سه‌ركوتكار‌و ‌و جه‌لادی سته‌مكار هه‌یه‌، هاوكات ئازادیش پێویستی به‌ جه‌نگاوه‌ری مه‌عریفی‌و فه‌رهه‌نگیی‌و ئیراده‌گه‌ر هه‌یه‌.

گرنگی ئۆپۆزسیۆنی رۆشنبیری‌و ره‌خنه‌یی‌و میدیایی لێره‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، له‌ڕاستیدا چه‌ند میدیای سه‌ربه‌خۆ له‌ئارادا بن ئه‌وه‌نده‌ ده‌بنه‌ رێگر له‌به‌رده‌م دیكتاتۆریه‌تی جه‌هل‌و دیكتاتۆریه‌تی گه‌نده‌ڵی‌و دیكتاتۆریه‌تی حیزبی پێكڕا ده‌بنبه‌ مه‌ترسییه‌كی شارستانی بۆ ئه‌و دامه‌زراوه‌ چه‌واشه‌كار‌و كۆنپارێز‌و حزیبپارێزانه‌ كه‌ سه‌رسه‌ختانه‌ بوونه‌ته‌ به‌رگریكارێكی راسته‌قینه‌ له‌جه‌هل‌و ناشارستانیه‌ت، پێكرا بوونه‌ته‌ ده‌زگاگه‌لێكی داگیركار‌و ده‌سته‌گه‌را بۆ مۆنۆپلكردنی حه‌قیقه‌ت‌و كوشتنی دنیابینییه‌ جیاوازه‌كان‌و سڕینه‌وه‌ی هه‌ر هه‌مه‌ڕه‌نگێیه‌كی رۆشنبیری‌و فه‌رهه‌نگی زیندوو.
بوونی ده‌زگاگه‌لێكی رۆشنبیری‌و هونه‌ری ناحیزبی‌و نائایدۆلۆژی‌و ناده‌سته‌گه‌رایی‌و ناحكومی‌و نائاینی یه‌كێكه‌ له‌پێویسته‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانی وه‌رچه‌رخانی رۆشنبیری‌و فه‌رهه‌نگی‌و شارستانی كۆمه‌ڵگه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ به‌بێ‌ ده‌زگاگه‌لێكی رۆشنبیری‌و فه‌رهه‌نگی سه‌ربه‌خۆ نابێته‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی زیندوو، بوونی دامه‌زراوه‌ی چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆ سه‌ره‌تایه‌كی گرنگن بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌، هاوكات نه‌بوونی ئه‌و دامه‌زراوانه‌ زه‌ربه‌یه‌كی كوشنده‌ ده‌ده‌ن له‌كۆمه‌ڵگه‌‌و ئاستی شارستانی‌و فه‌رهه‌نگی.
هه‌ڵاوسانی حیزبگه‌رایی‌و ده‌سه‌ڵاتی موتڵقی حكومه‌ت‌و حیزب به‌سه‌ر داموده‌زگا‌و دامه‌زراوه‌ حیزبی‌و كارتۆنییه‌كانیه‌وه‌ پێكڕا به‌رهه‌مهێنه‌ری جه‌هلێكی كوشنده‌‌و سه‌رتاسه‌رین بۆ كۆمه‌ڵگه‌‌و سه‌رجه‌م چین‌و توێژه‌كان، هه‌رچه‌ند ئه‌م هه‌ڵاوسانه‌ رێخۆشكارێكی به‌هێزه‌ بۆ دروستبوونی دامه‌زراوه‌ی رۆشنبیری‌و میدیای سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵام ئه‌ركێكی قورسه‌‌و پێویستی به‌و جه‌نگاوه‌ر مه‌عریفی‌و رۆشنبیرانه‌ هه‌یه‌ تا ببنه‌ داڕێژه‌ری ئه‌و ستراكچه‌ره‌ جیاوازه‌ بۆ به‌رپاكردنی دنیابینییه‌كی جیاواز‌و روانینێكی دیكه‌ی مه‌عریفی‌و شارستانی. وه‌كچۆن چه‌ند گرنگه‌ رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ سه‌ربه‌خۆ‌و ئازاد بن، هێنده‌ش گرنگه‌ ده‌زگا رۆشنبیری‌و فه‌رهه‌نگییه‌كان سه‌ربه‌خۆ بن.
كولتوری زیندوو، واته‌ كولتوری په‌یوه‌ندی‌و گۆڕان‌و كاریگه‌ری‌و تازه‌بوونه‌وه‌، چه‌ند كولتورێكی په‌یوه‌ندیامێزه‌ هێنده‌ش كولتورێكی راسته‌قینه‌یه‌. كولتوری مردووش چه‌ند كولتورێكی داخراو ‌و هه‌ژاره‌ له‌ڕووی شارستانی‌و فه‌رهه‌نگییه‌وه‌، هێنده‌ش كولتورێكی راسته‌قینه‌یه‌ بۆ كوشتنی گۆڕانكاری‌و سڕینه‌وه‌ی جیاوازی‌و روانینه‌كان.
جیهانبینی مۆدێرن كار له‌سه‌ر دوو ئاستی جیاواز ده‌كات، به‌واتایه‌ك بزوێنه‌ری دوو ئاستی بیركردنه‌وه‌یه‌، ئاستی یه‌كه‌م هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی داخرانی كولتوری‌و فه‌ره‌هه‌نگییه‌، ئاستی دووه‌میش په‌یوه‌ندییه‌. دنیای داخراوی كۆمه‌ڵگه‌ داخراوه‌كان دنیایه‌كه‌ بۆ بچوكردنه‌وه‌ی ژیان‌و كولتور‌و هزر‌و فه‌رهه‌نگ‌و په‌یوه‌ندییه‌كان، دنیای لۆكاڵ كار ده‌كات بۆ بچوكردنه‌وه‌ی ئینسان‌و بچوكردنه‌وه‌ی خه‌ونه‌كان، ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ی له‌پشتییه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك خه‌ونی گه‌وره‌ ئاماده‌گی نه‌بێت كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی بچوكه‌‌و خاوه‌نی كولتور‌و فه‌رهه‌نگێكی هه‌ژاره‌.
ره‌نگه‌ ئۆپۆزسیۆنی سیاسی بتوانێت ئه‌و ململانێ‌ سیاسی‌و ده‌سه‌ڵاتگه‌راییه‌ بگه‌یه‌نێته‌ ئاستێكی پێشكه‌وتوی دبلۆماسی‌و گۆڕان‌و وه‌چه‌رخانی زیندوو دروستبكات، به‌ڵام ئۆپۆزسیۆنی رۆشنبیری‌و فه‌رهه‌نگی ده‌بێته‌ خولقێنه‌ری دنیابینییه‌كی جیاواز‌و دروستكاری روانینگه‌لێكی هه‌مه‌ڕه‌نگ‌و په‌یوه‌ندیامێز‌و ره‌خنه‌ئامێز‌و به‌رپاكردنی فه‌زایه‌كی به‌رپرسیارامێز‌و توێژینه‌وه‌‌و لێپێچینه‌وه‌ی مه‌عریفی‌و رۆشنبیری له‌ئاستێكی شارستانی مۆدێرن‌و هاوچه‌رخدا.
 ڕۆشنبیری نوێخواز به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ كاریزمیه‌ی كه‌ جیاوازیه‌كان‌و ڕوتبونه‌وه‌و شه‌فافیه‌ت قبوڵناكات ته‌نها ڕاڤه‌كردنی ئه‌و بارودۆخه‌ ڕاناگه‌یه‌نێت، به‌ڵكه‌ كار بۆ گه‌ڵاڵه‌كردنی هزرێكی ڕه‌خنه‌یی ده‌كات، تا له‌ڕێیه‌وه‌ ئه‌و ستراكتۆره‌ كۆنكرێتیه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ كه‌ وێنه‌كانی ده‌سه‌ڵات‌و وێناكراوه‌ وه‌همی‌و كاریزمییه‌كانی له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌‌و تیایدا به‌رجه‌سته‌بووه‌، ئه‌و ڕۆشنبیره‌ی خوازیاری هه‌ڵكۆڵین‌و له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی كڵێشه‌سازییه‌ وه‌همیه‌كانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ كاریزمیه‌یه‌، هێزێكی مه‌عریفیشه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی ره‌خنه‌‌و راڤه‌كردنی جیاواز.
رۆشنبیری مۆدێرن هێزێكه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی جیاوازی‌و دۆزینه‌وه‌ی رووبه‌رێكی دیكه‌ی بیركردنه‌وه‌‌و روانین له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ترادسیۆنه‌ داخراوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌‌و ئایدولۆژیا‌و خه‌یاڵگه‌ نه‌ریتییه‌كان، ئه‌و كارده‌كات بۆ به‌رپاكردنی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی دیكه‌ی روانین له‌ده‌ره‌وه‌ی رامكردن‌و ماڵیكردنی ئینسان له‌كایه‌كی ئاینی‌و ئایدۆلۆژیی‌و ترادسیۆنیدا.
دواجار دنیابینی كوشنده‌، چه‌ند دنیابینییه‌كی وه‌همییه‌، هێنده‌ش دنیابینی‌و روانینێكی كرداری‌و به‌رجه‌سته‌یه‌، به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك كرده‌یه‌كی پراكتیكییه‌ بۆ جڵه‌وكردن‌و ته‌یاركردن‌و داگیركردنی رووبه‌ره‌كانی ژیان، پلانی كاركردنی ئه‌م ته‌رزه‌ له‌دنیابینی روون‌و ئاشكرایه‌، بۆنمونه‌ له‌بری ئه‌وه‌ی خاوه‌نی یه‌كدوو ئۆرگانی كاركردن بێت، سه‌دان ئۆرگان‌و رێكخراوی وه‌همیی پیشه‌یی‌و فه‌رهه‌نگی‌و حیزبی‌و سه‌ندیكایی ده‌كاته‌وه‌ بۆ قوتدانی قه‌باره‌یه‌كی گه‌وره‌تر له‌خۆی. له‌بری یه‌ك ده‌زگای رۆشنبیری یان فه‌رهه‌نگی ده‌یان ده‌زگا‌و دامه‌زراوه‌ی به‌حساب رۆشنبیریت بۆ دروستده‌كات‌و پڕیان ده‌كات له‌دیكتاتۆری بچوك‌و دۆست‌و ئه‌حبابی حیزب. له‌بری یه‌ك مزگه‌وت سه‌دان مزگه‌وت‌و ته‌عزێخانه‌‌و دیوه‌خان خانه‌‌و یانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و یانه‌ی عه‌شایه‌ری‌و خێڵه‌كی‌و كردنه‌وه‌ی سه‌دان باره‌گای كارتۆنی‌و وێران له‌ڕووی مه‌عریفی‌و شارستانی‌و رۆشنبیرییه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌.
سه‌ره‌نجام ئۆپۆزسیۆنی رۆشنبیری سه‌رباری ئه‌وه‌ی هه‌وڵێكی شارستانی هاوچه‌رخ‌و مۆدێرنه‌ بۆ به‌رپاكردنی ناوه‌ندێكی ره‌خنه‌ئامێز‌و گفتگۆامێز، پێكڕا پڕۆژه‌گه‌لێكی رۆشنبیری‌و مه‌عریفی‌و هونه‌ریین بۆ خولقاندنی دنیابینییه‌كی پراكتیكی‌و روانینگه‌لێكی په‌یوه‌ندیامێز بۆ به‌رهه‌مهێنانی به‌رپرسیارێتی رۆشنبیری‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئیعتیبار بۆ پڕۆژه‌ی جیدی‌و مۆدێرن‌و جیاكردنه‌وه‌ی مه‌عریفه‌ له‌جه‌هل، روناكبیری له‌تاریكبیری، كۆنخوازی له‌نوێخوازی‌و جیاكردنه‌وه‌ی رۆشنحیزب له‌رۆشنبیر‌و شاعیرحیزب له‌شاعیر، جیاكردنه‌وه‌ی فیستیڤاڵی حیزبی له‌كه‌رنه‌ڤاڵ‌و فیستیڤاڵی‌و ئه‌ده‌بی‌و رۆشنبیریی جیدی.

  

Previous
Next