Skip to Content

Friday, December 13th, 2024
گفتووگۆی ئه‌ده‌بی له‌گه‌ڵ  شاعیر (نه‌به‌ز گۆران)…تێكۆشه‌ر خالید

گفتووگۆی ئه‌ده‌بی له‌گه‌ڵ شاعیر (نه‌به‌ز گۆران)…تێكۆشه‌ر خالید

Closed
by April 28, 2009 گشتی

گفتووگۆی ئه‌ده‌بی له‌گه‌ڵ  شاعیر (نه‌به‌ز گۆران)…
تێكۆشه‌ر خالید

ئه‌وه‌نده‌ی له‌ به‌هێزی زمانی (به‌ختیار عه‌لی) ده‌ترسم ئه‌وه‌نده‌ له‌ جه‌لادێك ناترسم پارچه‌پارچه‌م بكات

نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ زۆرێكیان بارگه‌یه‌ك داهێنانیان ناوه‌ته‌ بن هه‌نگڵ وه‌لێ‌ داخه‌كه‌م ئاوڕ لێ‌ نه‌دانه‌وه‌ی جدی و فه‌رامۆشكردنیان ئه‌و بارگه‌یان پێ‌ ده‌پێچنه‌وه‌ و ناچار له‌ناو ئه‌و به‌رهه‌ڵستییه‌ نادروستانه‌یه‌دا بزر ده‌بن،نووسین به‌گشتی پڕۆسه‌یه‌كی جددی و ماندووكه‌ره‌ ، به‌هه‌رحاڵ ده‌بێت لێره‌دا رووبكه‌ینه‌ نه‌وه‌ی نوێ‌ و گوێیان لێبگرین تا بزانین چیان له‌باردایه‌،ئایا ئه‌م نه‌وه‌یه‌ كارێكیان نه‌كردووه‌ كه‌ جێگای تاووتوێ‌ و هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ركردن بێت یان هه‌رنووسینه‌وه‌ی نه‌وه‌ی ڕابردوویان به‌خۆیان سپاردووه‌؟ هه‌روه‌ك ڕۆماننووسی گه‌وره‌ی كورد یوسف عیزه‌دین ده‌ڵێت: "ڕه‌نگه‌ بتوانین بڵێین به‌درێژایی سه‌ده‌یه‌ك له‌نووسینی كوردی ،ژماره‌ی هه‌ره‌ زۆری نووسراوه‌كان مه‌گه‌ر له‌ فۆرمدا گۆڕانكاری تێداببینرێته‌وه‌ ،ده‌نا له‌بنه‌ڕه‌تدا هه‌ركاوێژكردنه‌وه‌ی نه‌وه‌ی پێشووه‌ " به‌مه‌و چه‌ند پرسیارێكی تایبه‌تی له‌ سه‌ر دونیای شیعری  و ڕۆچوونه‌ ناو حه‌قیقه‌ته‌كانی خوودی خۆی و بۆچوون و دونیا بینی بۆ دونیای شیعر و نه‌وه‌ی دوێنێ‌ و ئه‌مڕۆ شاعیری لاو)نه‌به‌ز گۆران(مان  دوواند.

پ1/وه‌ك ده‌زانین دونیای شیعر دوونیایه‌كی جیاوازه‌ و دووره‌ له‌ ژاوه‌ژاوو جه‌نجاڵی ئێره‌،تۆ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ده‌نووسیت كه‌به‌تاڵ ببیته‌وه‌ له‌و ژاوه‌ژاوه‌ ،واته‌ به‌مه‌به‌ستی ڕاكردن له‌م دونیاو چوونه‌ نێو دونیایه‌كی دی ده‌نووسیت كه‌ ئیدی خۆمان دروستكه‌ری هه‌موو كه‌ره‌سته‌و مادده‌كان ده‌بین؟یاخوود هۆكاری تر هه‌ن ،ئه‌وه‌ چییه‌ وات لێده‌كات بنووسیت؟
نه‌به‌ز گۆران: ئه‌گه‌ر قسه‌كردن له‌سه‌ر دنیای شیعربێت ده‌بێت به‌رله‌ هه‌مووشتێك ببمه‌ داوه‌ری شیعرو به‌ده‌نگی به‌رز هاواربكه‌م من شاعیرنیم، ئه‌وه‌شی ده‌ینووسم ڕه‌نگه‌ زمانی شیعربێت چوزانم له‌وانه‌شه‌ خۆی شیعربێت به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌ینووسێت كه‌منم شاعیرنیم، له‌به‌رچی ئه‌م قسه‌یه‌ده‌كه‌م چونكه‌ پێم وایه‌ شیعر لای من ته‌نها گه‌مه‌كردن نیه‌ به‌وشه‌ودروستكردنی مانانیه‌، به‌ڵكو شیعر به‌شێكی ژیانی ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ ده‌ینووسێت، خۆره‌نگه‌ خه‌ڵكانێك هه‌بن شیعری زۆرباش و جوان بنووسن، به‌ڵام شاعیرنه‌بن، كه‌سانێكیش هه‌ن به‌ئه‌خلاق به‌سروشت شاعیرن و ناشتوانن شیعربنووسن، من ئه‌وانه‌م پێ شاعیره‌ ئه‌خلاقی شاعیرانه‌یان هه‌یه‌ نه‌ك ئه‌وانه‌ی شیعر ده‌نووسن، ئه‌شێ‌ ئه‌م ته‌فسیره‌ی من بۆشاعیر ته‌فسیرێكی هه‌ڵه‌ش بێت وه‌لێ‌ ئه‌مه‌ تێگه‌یشتنی منه‌ بۆئه‌ودنیاییه‌ی شیعری تێداده‌ژی، له‌وانه‌شه‌ كه‌سانێك ته‌نها خوێنه‌ری ده‌ق بن و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ده‌قدابكه‌ن و گرنگ نه‌بێت به‌لایانه‌وه‌ شاعیره‌كه‌ی چیه‌و كێ‌ یه‌؟ به‌س بۆمنێكی خوێنه‌ری شیعر جوانتره‌ بڵێم شیعرلای من ته‌نها وتن نیه‌، به‌ڵكو بێده‌نگی بۆخۆی ده‌قێكی گه‌وره‌یه‌، ئه‌وانه‌ی بێده‌نگن و له‌سوچێكی ماڵه‌كه‌ی خۆیانه‌وه‌ دانیشتوون و سه‌یری ئه‌م جیهانه‌ جه‌نجاڵه‌ده‌كه‌ن باشترین شاعیره‌كانی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ن، كاتێك منیش شتێك ده‌نووسم له‌لای كه‌سانێك وه‌ك شیعر ته‌ماشاده‌كرێت ئه‌مه‌ ته‌نها ده‌رخستی به‌شێكی ژیانی خۆمه‌، راستیه‌كه‌ی پێت بڵێم من خۆم ده‌نوسمه‌وه‌، هه‌ڵبه‌ت جیاواز له‌پیشه‌كه‌ی خۆم كه‌رۆژنامه‌نووسیه‌، چونكه‌ من ده‌مه‌وێت به‌پیشه‌ رۆژنامه‌نووس بم، هه‌رگیز ئه‌م پیشه‌یه‌شم تێكه‌ڵ ناكه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌و نووسینانه‌ی كه‌ بۆخۆمیان ده‌نووسم به‌زمانی شیعریه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ش ده‌نووسم كه‌سێك هه‌یه‌ له‌م دنیایه‌دا گرنگه‌ بۆی بنووسم، ده‌مه‌وێت گوێی له‌ ئاوازه‌كانی ناوه‌وه‌م بێت، ئه‌ونووسینانه‌ی من له‌پانتای ئه‌ده‌بدا ده‌رده‌كه‌ون و ناومان ناون شیعر ته‌نها بۆیه‌ك كه‌سن، ئه‌ویش كه‌سێكه‌ دوورله‌من سه‌رقاڵی عاده‌ته‌كانی ژیانی خۆیه‌تی و پێم خۆشه‌ وه‌ك كۆكه‌نێك به‌رده‌وام له‌سه‌ر نه‌خشه‌كانی سه‌رته‌وێڵم سكێچی ئه‌و بكشێم، چونكه‌ ده‌زانم ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌و سه‌نگینه‌ ده‌بێت بۆی بنووسم و پێی بڵێم هێشتا من لێره‌م له‌به‌رده‌م ده‌رگاكه‌ی ماڵی خۆم و چاوه‌رێتم كه‌ تۆ هه‌رگیز نه‌گه‌رێیته‌وه‌.

پ2/هه‌ندێك له‌شاعیرانی نه‌وه‌ی رابردوو  بۆمانه‌وه‌ی خۆیان له‌مڕۆدا بوونیه‌تی شاعیریی گه‌نج ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌،له‌كاتێكدا كۆمه‌ڵێك هه‌ن هێنده‌ ئه‌كتیڤن كه‌وا ده‌توانین له‌ ئێستاوه‌ گه‌شبین بین به‌وه‌ی ئه‌ده‌ب له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م نه‌وه‌یه‌ له‌ ئاینده‌دا شۆڕشێك و ژیانێكی تر ده‌خوڵقێنێت؟تۆ بۆ ئه‌مه‌ ده‌ڵێیت چی؟
نه‌به‌ز گۆران: زۆر ئاساییه‌ گه‌رباوكێك ئه‌خلاقی كوره‌كه‌ی خۆی به‌دڵ نه‌بێت، یان پێی وابێت كوره‌كه‌ی ده‌بێت وه‌ك خۆی بیربكاته‌وه‌، كاری ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌گونده‌كانه‌وه‌ بێین بۆشاره‌كان تاڵ تاڵی ریشی سه‌له‌فیه‌كان راكێشین و چه‌كوشێك بگرین به‌ده‌ستمانه‌وه‌ چی بت هه‌یه‌ تێكی بشكێنین و ئه‌سڵێك دروست بكه‌ین كه‌ خۆمان ده‌مانه‌وێت، بیریشت نه‌چێت دنیای رۆشنبیری كوردی هه‌میشه‌ به‌شه‌ڕ ده‌ستی پێكردوه‌و به‌شه‌ر گرده‌كان گیراون، كاتێك نه‌وه‌یه‌كی نوێ‌ دێت ده‌بێت ئه‌وه‌نده‌ ئاستی خوێندنه‌وه‌ی به‌هێزبێت بتوانێت ئه‌و گرده‌ی كه‌نه‌وه‌ی كۆنه‌و له‌به‌رده‌میدایه‌ بخوینێته‌وه‌ تێی په‌رێنێت، به‌بێ‌ شه‌ڕێكی سه‌خت زه‌حمه‌ته‌ نه‌وه‌ی كۆن رێ"ه‌ی هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی تۆبدات، تۆسه‌یری كلاسیك و تازه‌گه‌ری بكه‌، سه‌یری روانه‌گه‌یاكان و ره‌هه‌ندیه‌كان بكه‌، هه‌مووی به‌شه‌ڕ یه‌كتریان كاڵكردوه‌ته‌وه‌، كه‌ئه‌مه‌ش ڕوویدا شه‌ڕی نه‌وه‌كان ده‌ست پێده‌كات، به‌ڵام خۆشبه‌ختی له‌وه‌دایه‌ شه‌ڕه‌كان له‌سه‌ر ئاستی وشه‌و خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق بكرێن تاكو بتوانرێت دنیایه‌كی نوێترو جیهان بینیه‌كی تر بێته‌ به‌رده‌مان، كاری ئێمه‌ش ئه‌وه‌یه‌ ڕوناكی بخه‌ینه‌ سه‌ر ئه‌و دیوه‌تارێكانه‌ی نه‌وه‌كانی پێش خۆمان تاهه‌رشوێنێكی تاریك بوونی هه‌بوو ڕوناكی بكه‌ینه‌وه‌و پانتای به‌رده‌می خۆمان ببینین، گه‌رتوانیمان ئه‌مه‌بكه‌ین كه‌واته‌ توانیومانه‌ ئه‌م دوو جیهانه‌ لێك جیابكه‌ینه‌وه‌ ڕێگه‌كه‌ بگه‌یه‌نینه‌ ئه‌و شوێنه‌ی نه‌وه‌یه‌كی تر دێت ئێمه‌ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ ململانێی رۆشنبیریه‌ ئه‌مه‌ میرات نیه‌ باوك بۆكوڕی به‌جێ‌ بهێڵێت، ده‌بێت ڕه‌فه‌به‌ڕه‌فه‌ كتێبه‌كان بخوێنینه‌وه‌ تا جیهانێكی تازه‌تردورست بكه‌ین له‌وه‌ی پێشومان نه‌چێت.

پ3/دوو دونیای جیاواز له‌تۆ دا بوونی هه‌یه‌ ،ڕۆژنامه‌ نووسێكی  بوێر و ده‌ستبه‌ر بۆ هه‌موو ته‌نانه‌ت قه‌ده‌غه‌كراوه‌كانیش..دواتر ڕۆچوونه‌ نێو دونیای  ئه‌ده‌ب  (شیعر)ه‌وه‌ به‌ گشت ماناكانییه‌وه‌؟ئه‌م دوو دوونیا جودایه‌ چۆن له‌تۆدا  جێی بووه‌ته‌وه‌؟
نه‌به‌ز گۆران: وه‌ك پێشتر ووتم رۆژنامه‌نووسی لای من پیشه‌یه‌، من به‌پیشه‌ ڕۆژنامه‌نووسم و ده‌شمه‌وێت رۆژنامه‌نووسێكی زۆر باشبم تائه‌و كاته‌ی له‌م پیشه‌یه‌دا كارده‌كه‌م، به‌ڵام ئه‌و دنیایه‌ی تۆ باسی ده‌كه‌یت دنیای ناو منه‌، ئه‌وه‌جیهانێكه‌ له‌رێگه‌ی كاری رۆژنامه‌نووسیه‌وه‌ ده‌رناكه‌وێت، به‌ڵكو ده‌بێت كه‌سێك بێت عه‌زیه‌تی رۆحت بدات تاتۆكه‌شفكات له‌پشت پیشه‌ جه‌نجاڵه‌كه‌ی تۆوه‌ هه‌ستكردن به‌ته‌نیایه‌ك بوونی هه‌یه‌، پێمخۆشه‌ هه‌میشه‌ كه‌سێك هه‌بێت ئه‌وه‌نده‌ به‌جورئه‌ت بێت بتوانێ‌ ده‌سكاری ژیانم بكات و وێنه‌راسته‌قینه‌كه‌ی خۆم ده‌ربخات، من له‌دیوێكداوه‌ك جه‌نگاوه‌رێك وام له‌گه‌ڵ ناعه‌داله‌تیه‌كاندا له‌زۆران بازیدام، به‌ڵام دیوه‌كه‌ی تری من پڕه‌ له‌ته‌نیای و هه‌ستكردن به‌ نائومێدی، ئه‌وه‌ی گرنگیشه‌ به‌لامه‌وه‌ ئه‌ودیوه‌ راسته‌قینه‌یه‌ كه‌ بۆنی شاٍعیربوونی لێوه‌دێت، هه‌مشیه‌ش وێڵێ‌ ئه‌ودیوه‌ی خۆمم، بۆیه‌شه‌ ده‌ستی لێهه‌ڵناگرم چونكه‌ ده‌زانم رۆژێك له‌پیشه‌كه‌ی خۆم كه‌ رۆژنامه‌نووسیه‌ دورده‌كه‌ومه‌وه‌و خۆم خانه‌نشین ده‌كه‌م، ئه‌وه‌ی بۆم ئه‌مێنێتـه‌وه‌ دیوه‌ شیعریه‌كه‌ی ژیانمه‌، ئه‌وكاته‌ی كه‌خانه‌نشین ده‌بم له‌رۆژنامه‌نووسی دڵنیام وه‌ك دره‌ختێكم لێدێـت ده‌بمه‌ سێبه‌ر بۆهه‌مووكه‌سێك و منه‌تیش به‌سه‌ر كه‌سداناكه‌م.

پ4/چۆن وه‌ڵامی ئه‌وانه‌ ده‌ده‌یته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێن(نه‌به‌زگۆران)،(به‌ختیار عه‌لی) ده‌نووسێته‌وه‌؟به‌ڕاستی به‌ختیار عه‌لی كاریگه‌ری له‌سه‌رت هه‌یه‌؟یاخوود ته‌نها وه‌كو خوێنه‌رێك پێی سه‌رسامیت؟پێناسه‌ت بۆ به‌ختیارعه‌لی چییه‌؟
نه‌به‌ز گۆران: كاك به‌ختیار وه‌ك باخێك وایه‌ هه‌ركه‌سێك رێی تێبكه‌وێت حه‌تمه‌ن ده‌بێت شتێكی لێ‌ تامبكات، كاك به‌ختیار له‌رۆمانه‌كانیدا به‌شێكی رۆحی كورده‌ به‌تایبه‌تی رۆمانی دواهه‌مین هه‌ناری دونیا، ده‌رگایه‌كه‌ ده‌توانی لێیه‌وه‌ بچیته‌ ناو دنیای كورد، كاتێك كاك به‌ختیار ده‌خوێنمه‌وه‌ هه‌ست ده‌كه‌م زیندانیه‌كه‌م و كه‌یفم به‌ زیندانه‌وانه‌كه‌م دێت، مه‌ترسیدارتین نووسه‌ری كورد كاك به‌ختیاره‌ چونكه‌ هوشیارنه‌بیت داگیرت ده‌كات، كاتێك ده‌یخوێنیته‌وه‌ ئاگات له‌خۆت نه‌بێت ده‌ست و قاچت ده‌به‌ستێتت، هه‌رهیچت لێنه‌كات سیحری زمانه‌كه‌ی ده‌تكوژێت، من جدیترین خوێنه‌ری كاك به‌خیتارم كه‌ تائێسته‌ش قسه‌م له‌سه‌رنه‌كردوه‌ ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ش قسه‌م نه‌كردوه‌ هه‌سته‌ده‌كه‌م ره‌خنه‌گرێكی باشی ئه‌ده‌بی نیم، به‌ڵام ده‌توانم زۆرشتی كاك به‌ختیاركه‌شفبكه‌م له‌نووسینه‌كانیدا و ده‌شتوانم ده‌ست بخه‌مه‌ سه‌ر سه‌رچاوه‌ی كانیه‌كه‌ش و لێڵیشی نه‌كه‌م، بیرت نه‌چێت من خوێنه‌ری ئازیز نیم چونكه‌ خوێنه‌ری ئازیز له‌لای من تۆپی و له‌ساڵانی حه‌فتاكانه‌وه‌ له‌ناو روانگه‌یه‌كاندا گۆڕه‌كه‌یان شارده‌وه‌، من خوێنه‌ری كاك به‌ختیارو به‌شێكی ره‌هه‌ندیه‌كانم، زۆر زه‌حمه‌ته‌ وشه‌یه‌كی كاك به‌ختیار بڵاوبوبێـته‌وه‌و من نه‌م خوێندبێـته‌وه‌، هه‌رله‌سه‌رده‌می گۆڤاری ئازادیه‌وه‌ بیگره‌ تاكو دواهه‌مین رۆمانی و دواهه‌مین دیداری، به‌ڵام هه‌میشه‌ كه‌ده‌یخونێمه‌وه‌ دوای چه‌ند رۆژێك و دوای خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند كتێبێكی دی جورئه‌ت ده‌كه‌م ده‌ست بده‌م به‌نووسینی شیعریك یان كارێكی ئه‌ده‌بی له‌به‌ر هیچ نا له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌كا كاریگه‌ری زمانه‌كه‌ی له‌سه‌ر م هه‌بێت، چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ی له‌زمانه‌ به‌هێزه‌كه‌ی كاك به‌ختیار ده‌ترسم داگیرم بكات ئه‌وه‌نده‌ له‌جه‌لادێك ناترسم پارچه‌پارچه‌م بكات، ئه‌گه‌ر كه‌م تازۆر شته‌كانی منت بینی بێت زۆر جیاوازن له‌ دنیابینی كاك به‌ختیار و له‌ زمانی كاك به‌ختیار، زمانی من زمانی گوندیانه‌یه‌، زمانێكه‌ شعوره‌ كوره‌گوندیه‌ك دروستی كردوه‌،  هه‌میشه‌ش ده‌مه‌وێـت وه‌ك مندالێكی گوندی قسه‌بكه‌م، زمانێكه‌ هێنده‌ی شنه‌شنی په‌له‌یه‌ك گه‌نم نه‌رمه‌، به‌ڵام زمانی كاك به‌ختیار تیژه‌، له‌موسێك ده‌چێت ئه‌گه‌ر وریا نه‌بیت ده‌تبڕێت، له‌تیری كه‌وانێك ده‌چێت به‌خێرایی به‌ره‌و روت دێت و توانای خۆلادانت نیه‌ تائه‌مدیو ئه‌ودیو ده‌ت سمێت، له‌گه‌ڵ تیژیه‌كه‌شیدا قوڵه‌ تائه‌و راده‌یه‌ی هه‌ست ده‌كه‌یت تاقه‌زمانه‌ له‌ناو دنیای رۆشنبیری كوردیدا ناچارت بكات بیربكه‌یته‌وه‌، به‌ڵام ده‌بێت ڕیگه‌م بده‌یت لێره‌دا دورم بخه‌یته‌وه‌ له‌و زمانه‌ی له‌رۆژنامه‌دا به‌كاری ده‌هێنم، چونكه‌ من شته‌كان به‌ئاگایه‌وه‌ ده‌كه‌م نه‌ك خورتو خۆرایی، له‌پیشه‌كه‌ی خۆمدا وه‌ك به‌رپرسی تۆپخانه‌یه‌ك وام هه‌میشه‌ زۆر به‌خه‌ستی به‌وشه‌ تۆپارانی ئه‌و شوێنه‌ده‌كه‌م خاڵێ‌ مه‌به‌ستمه‌، رۆژنامه‌نووسی ره‌خنه‌گریش هه‌روایه‌ بۆیه‌ له‌كاری رۆژنامه‌دا زمانه‌كه‌م جه‌رگ بڕانه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی واش ده‌نووسم چونكه‌ كاره‌كته‌ری كوردی تاتیره‌كه‌ نه‌ده‌ی له‌دڵی به‌ئاگانایه‌ته‌وه‌ و سه‌یری ده‌وروبه‌ری خۆی ناكات، به‌ڵام دیوه‌ ئه‌ده‌بیه‌كه‌ جۆرێكی دییه‌، ده‌شمه‌وێـت خۆم بنووسمه‌وه‌ نه‌ك كه‌سێكی دی، ئه‌گه‌ر بشزانم له‌كاك به‌ختیارده‌چم چیدی نانووسم چونكه‌ ئه‌و له‌بری من به‌باشتریش ده‌سنووێت، وه‌لێ‌ دڵنیام به‌س له‌خۆم ده‌چم بۆیه‌ ده‌نووسم.

پ5/هه‌ست به‌وه‌ده‌كه‌یت شتێكت بۆ ئه‌ده‌ب كردبێت؟
نه‌به‌ز گۆران: نا هه‌رگیز، ده‌بێت تۆ ئه‌م پرسیاره‌ له‌كاك بٍه‌ختیار بكه‌یت، له‌كاك شێركۆبكه‌یت، له‌ كاك ئازاد سوپحی بكه‌یت، ئه‌وانه‌ گردی گه‌وه‌رن له‌ناو ئه‌ده‌بدا، ئێمه‌ رێبوارێكین له‌ته‌نیشت ئه‌و گردانه‌وه‌ له‌ئێواره‌یه‌یكی دره‌نگ وه‌ختا گوزه‌رده‌كه‌ین، هه‌ندێك كه‌س ده‌مان بینن و هه‌ندێكیش قه‌ت نامان بیینن، كه‌رۆیشتیشین ئیدی ناگه‌رێینه‌وه‌.

پ6/له‌ كۆتاییدا و له‌ ئێستادا چی به‌ (یه‌سنا)ده‌بێژیت؟ئه‌و كیژی خه‌ون و خه‌یاڵه‌ بۆ تۆ یان له‌ واقیعدا ئاماده‌گی هه‌یه‌؟
نه‌به‌ز گۆران: ئه‌و رۆیی، نه‌خه‌یاڵه‌ و نه‌ئه‌فسانه‌یه‌، ئه‌و نزیكترین كه‌سه‌ له‌منه‌وه‌، ئه‌و خه‌زێنه‌ی نهێنیه‌كانی ژیانی منه‌، برینێكه‌ مه‌گه‌ر خۆی چاره‌سه‌ری بكات، جادوبازێكه‌ ده‌ستێكی خسته‌ناوژیانم و تێكی داو رۆیی، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ پێمخۆشه‌ هه‌میشه‌ وه‌ك داوه‌رێك به‌رگری لێ بكه‌م.

Tekoshar.khaled@gmail.com

Previous
Next