بۆ ئاگادارى….ئاوارە وڵات
"بۆ ئاگادارى"
ئەوەى ئەمڕۆ
ئاسمانى شینى من و تۆ دەفرۆشێ
سەرى پووتى گەورەمان خۆش
ئەگەر سبەى
خاک و داک و
ئاو و ئابڕووشمان بفرۆشێ.
*
لوورلوور.. مڕمڕ
هارهار.. دڕدڕ
دانەچیڕەى گورگەبۆزە
کەفى لیکاوى لمبۆزە
چنگوڕکە و لە پشتا
قەپاڵە و لە گۆشتا
لێرانەیە یاخود دوورە
هەمان مڕڕە و لوورەلوورە
مڕمڕ.. لوورلوور
دانى تیژ.. چاوى سوورسووربەشە.. باڕەباڕ
رەشبەشە.. باڕەباڕ
کوڕوچە.. گوێ بەلە
کوێشتیر و کاریلە
چى لە نێو مێگەلە
کاڕکاڕ.. باڕباڕ
لە گۆشتا بووە سوور
تیسکنە و خورى سوور
لەوەڕ خۆش.. خۆش لەوەڕ
گوانى پڕ.. گوانى تەڕ
لە لایێ
مێگەل و لەوەڕِى
لە لایێ
سەگەل و وەڕوەڕى
بۆ یەکیان یان هەر دوان
مام گورگ، کاکى شوان.
*
بۆ ئاگادارى .. بۆ ئاگادارى!
دوو تابڵۆ هاتوون لە نادیارى
دوو دەستوورى نوێ بۆ سەر و خوارى
یەکیان بۆ ئاسمان
لەوێ ئاوێزان
یەکیان زۆر نەوى
لەبۆ سەرزەوى
ئەمە دەستوورى ئاسمان و بەرزى:
(چۆلەکە مافى فڕینى نیە!)
ئەمەش پرسیارى دەستوورى عەرزى:
(چۆلەکە کارى لە زەوى چیە؟!)
*
بۆ ئاگادارى .. بۆ ئاگادارى!
گەلى چۆلەکەى کووچە و پاسارى
لە گوند و شارى
پۆلى پەڕیوەى دەشت و کۆسارى
لە لێڕەوارى!
پشیلەکانى دە ماڵى خۆمان
مانەوە بۆمان
بەڵان سەد ئامان وریا بن وریا!
ئەو مامەى لە سەر تەرمى چۆلەکە هۆن هۆن دەگریا
لێمان نەبانە و ئەویش وەک زۆران
بۆتە ماڵخێوى چۆلەکەخۆران
چۆلەکەخۆرى سەر خوانى مامە
کتکى باڵدارن
"هورەیرە" یان "کەت"
"گۆربێ" یان "کەدى"ش
هەمان پشیلە و گورپەى سامدارن
چۆلەکەى فڕیو لە بان و ئاسمان بەشى ئەوانە
چۆلەکەى نیشتووى سەر هەرد و بەردیش
بۆ سەنگەسیرى مامەى ورگن و کتکى خۆمانە.
*
چەقۆم لێبدەن خوێنم لێ نایە
هێندە لە قینم
کوڵ و کۆى دەردى هەزاران ساڵەم لە دەروونایە
چیاى ئاگرینم
گوایە پشیلەش بە هاوسێ نادەى
ئەدى چۆن برا و خوشکى هاوخوێنت
دا بەر فڕۆکە و شاڵاوى جوێنت؟
تۆ شەرم ناکەى؟
دەبێ دەریایەک بکەى بە زەمزەم
بە خۆتى داکەى
یان دەبێ کلکت لە گەڵۆزت نێی
لێرانە راکەی.2008 رێبەندان
ئاوارە وڵات