
له ترسی خوا نه‌بوایه ده‌بوومه…؟…..كه‌ریم سمكۆ
له ترسی خوا نه‌بوایه ده‌بوومه…؟؟
كه‌ریم سمكۆ – چۆمان
Kerim_smko@yahoo.com
ئاخر ئه‌و ناحه‌قی نه‌بوو، كه له‌م سه‌رده‌مه‌دا ویژدان ته‌نیا لای هه‌ندێ له دوكاندارانه‌وه ماوه، ئه‌م گۆتنه جوانه‌و به‌نرخه، كه‌هه‌مووی فه‌لسه‌فه بوو، خۆی له‌خۆیدا جێگای تێڕامان و هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر كردنه، چوون هه‌موومان نه‌هامه‌تیه‌كانی دونیا‌و گرانی كاڵا‌و نه‌بوونی هه‌لی دامه‌زراندن و ..هتد، بوه‌ته سێبه‌ر بهدوامانهوهو لێمان جیا نابێته‌وه، ببوورن خۆتانم پێنهناساندن..ئێمه دووهاوڕێ بووین لهژێردارێك له ئێواره‌یه‌كدا دووبه‌دوو گفتوگۆیه‌كی خۆشمان بوو لهمهڕئهو خه‌م و ئازارانه‌ی كه ڕۆژانه یه‌خه‌ی ئێمه‌ی لاو ئه‌گرێ و به‌شی هه‌ره زۆری لاوانی ئه‌م سه‌رده‌مه به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنن، له‌م نێوه‌دا بووین پیره پیاوێك هاته لامان و دیار بوو دانیشتنه‌كه‌ی ئێمه‌ی زۆر به‌دڵ بوو، بۆیه له‌گه‌ڵ خه‌م و نه‌هامه‌تیه‌كانی قه‌ده‌ر مۆم ئاسا ده‌سووتاین و ڕۆژگاریش دهیتواندینهوه، كاتێك هاوڕێكه‌م درێژه‌ی ئه‌دایه قسه‌كانی مشتێ خه‌می له دڵدا جێئهماو حه‌زو ئاره‌زوه‌كانی به ڕاشكاوی بۆ نهئهگوترا و له قوڕگی گیری ئه‌خوارد. ئیتر له‌دوای نه‌دۆزینه‌وه‌ی ئه‌نجامێك بۆ ئومێده‌كانی دواڕۆژی، به‌ناچاری به هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵه‌وه ده‌یگوت:((ده‌ڵێم ده‌ست له‌م كاره‌ی خۆم هه‌ڵگرم..!!))،((مه‌به‌ستی كاری فه‌رمانگه بوو)) ده‌مناده‌میش ڕه‌نگی په‌شیمانی به ڕوخساریا دیار ئه‌كه‌وت و ده‌یگوت:(( له‌ترسی ئه‌وخودایه نه‌بوایه ده‌بوومه دوكاندار.!!)) وه‌لێ كههێور ده‌بوه‌وه، خۆی به‌رسڤی خۆی ئهدایهوهو ده‌یگوت:((نا..نا، بێ ویژدان ده‌بم و سۆز‌و خۆشه‌ویستی له‌ده‌ست ئه‌ده‌م)) پیره پیاویش له كه‌شێكی ڕۆمانسی دا گوێی شل كردبوو له قسه‌كانی ئێمه‌و جاربه‌جاریش به‌سه‌ر له‌قانێك حاڵی بوونی خۆی پێڕائهگهیاندین، دوای گفتوگۆ كردنێكی زۆر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه، دیاربوو پیره پیاویش هه‌ر ته‌كانی خۆی ئه‌دا بۆ قسه‌یه‌ك و هه‌ندێ جاریش تفی له‌قوڕگی وشك ده‌بوو هه‌تاكو نۆره‌ی ده‌گاتێ بۆ گفتوگۆكردن، چوون ئێمه ئه‌وه‌نده به گه‌رمی چووبوینه نێو ناخی مه‌سه‌له‌كه، ئه‌وه‌نده هه‌ستمان نه‌ده‌كرد میوانمان هه‌یه‌و كورد گوته‌نی ئه‌ویش ((شه‌كرێك بشكێنێ)) ئیدی پیره پیاویش قسه‌كانی به‌ئێمه بڕی و وتی:((ڕۆڵه‌ینه ئه‌م دوكاندارانه‌ی ئێوه باسی لێوه ده‌كه‌ن ڕۆژێك دادێ وه‌كو حاجی دوكانداری جارانیان لێدێت .!))ئێمه‌ش وتمان حاجی جاران كێیه ؟ ئه‌ویش وتی:((ده‌گێڕنه‌وه له‌ساڵانی پێشوو حاجیه‌ك هه‌بوو دوكانی قوماشی هه‌بوو، ئه‌وكاته‌ی له ماڵی خودا هاته‌وه‌و بوه (حاجی)، ڕۆژانه خه‌ڵك زیاتر ده‌چوونه دوكانه‌كه‌ی و بازاڕی خۆشتر ده‌بوو، تۆمه‌ز حاجی دوكانداریش فێڵێكی له‌ژێر سه‌ردابوو، خولاسه.. حاجی(نیو فلوس)یه‌كی له‌نێو كه‌شیده‌كه‌ی خۆی حه‌شاردابوو، هه‌ركه مشتهریهكی ده‌هاته لای بۆسوێند خواردن له‌سه‌ر نرخی قوماشه‌كه‌ی، حاجی دوكاندار ده‌یگوت:((به‌سه‌ری تۆ نا به‌سه‌ری خۆم، به‌م كهشیدهیه مومبارهكه، نیو فلوسی تێدایه))كڕیاریش به قازانجه‌كه‌ی تێده‌گه‌یشت و نه‌یده‌زانی حاجی مه‌به‌ستی نیو فلوسهكهی نێو كهشیدهكهیهتی، ئیدی به‌م جۆره خۆی زه‌نگین كرد، تاكو ڕۆژێك حاجی لهپیرهژنهكهی خۆی زیز ده‌بێت و ناكۆكیان ده‌كه‌وێته نێوان، ئیدی له یه‌كتری جیا ده‌بنه‌وه، سه‌ره‌نجام پیره‌ژنیش بۆ تۆڵه سه‌ندنه‌وه له حاجی له‌نێو بازاردا، فێڵه‌كه‌ی حاجی مێرده‌كه‌ی ئاشكرا ده‌كات و خه‌ڵكی ئاواییش شار به‌ده‌ری ده‌كه‌ن ، ئینجا ئه‌م دوكانداره بێویژدانانه‌ی لای خۆشمان ڕۆژێك دادێ به ده‌ردی حاجی دوكاندار بچن)).له‌م قسانه دا بووین تاریكایی باڵی بهسهرداكێشاین و به‌ناچاری گه‌ڕاینه‌وه ماڵه‌وه. ئه‌گینا قسه‌كانی پیره پیاو ئه‌وه‌نده خۆش بوون ئه‌گه‌ر تا به‌ره‌به‌یان له‌لای دانیشتباین نه‌ده‌گه‌ڕاینه‌وه.