بێمتمانه‌ی و نیگه‌رانییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان له‌به‌رامبه‌ر لیسته‌که‌ی نه‌وشێروان مسته‌فادا
بێمتمانه‌ی و نیگه‌رانییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان له‌به‌رامبه‌ر لیسته‌که‌ی نه‌وشێروان مسته‌فادا
سه‌ره‌تا پێویسته ئه‌وه بڵێین که زۆری لیسته‌کان و بوونی ده‌نگی جیاواز ئه‌و سه‌ره‌تا پرشنگدارهیه که ده‌بێته هه‌وێنی گۆڕان له ئایندهی ژیانی سیاسی خه‌ڵکی کوردستاندا. به‌خۆشحاڵییه‌وه ئه‌وانه‌ی که‌تاکو دوێنی پێیان وابوو خه‌ڵکانی ناڕازی گێره‌شێوێن و ناحاڵیین سه‌باره‌ت به هه‌ستیار بوونی بارودۆخی کوردستان و هه‌میشه ڕه‌خنه له‌ده‌سته‌ڵات ده‌گرن، ئه‌مڕۆ بانگێشه‌ی ئۆپۆسزیۆن بوون ده‌که‌ن و ده‌یانه‌وێت نیۆنهرایهتی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان بکه‌ن. به‌خۆشحاڵییه‌وه، ئه‌و ڕه‌خنه و ناڕه‌زاییه‌تییانه‌ی که‌زۆر جار به‌زیندانی و سه‌رکوتکردن وهڵامدهدرانهوه، ئه‌مڕۆ بوونه‌ته ڕه‌خنه‌و گازنده‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که به‌شێکیان به‌شداربوون له‌و هێڕشکردنانه بۆ متکردنی ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی خه‌ڵک. ئه‌م ئاڵوگۆره له‌هه‌ڵوێستی سیاسی ئه‌م جۆره که‌سانه‌دا ئه‌گه‌رچی زۆر درنگ ڕوویاندا، مایه‌ی دڵخۆشی و ده‌ستخۆشی لێکردنه. هاوکاتیش ئه‌م ئاڵوگۆڕه پێویسته ببێته هۆکارێک بۆ له‌دایکبوونی ئۆپۆسزیۆنی چالاک و کارا. له‌گشتدا سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م جۆره ناڕه‌زاییه‌تییانه باشتروایه هانده‌رێک بێت بۆ بنیاتنانی فه‌رهه‌نگێکی دهیمۆکراسی سه‌راپاگیر که تیایدا به‌شێوازێکی ئازاد و سه‌رده‌مییانه خه‌ڵکی به‌گشت ڕه‌نگه جیاوازه‌کانیانه‌وه ڕه‌خنه و هه‌ڵوێسته‌کانی خۆیان به‌یان بکه‌ن. بۆ هه‌مووان ئاشکرایه که ناڕه‌زایه‌تی و ڕه‌خنه‌کانی نه‌وشێروان مسته‌فا له‌ده‌سته‌ڵاتدارانی کوردستان له‌دوا عاقیبهتدا لیستێکی هه‌ڵبژاردنی لێ درووست بوو، وا بڕیاریشه له‌ڕێگه‌ی سه‌رۆکایه‌تیکردنی ئه‌و لیسته‌شه‌وه که ناوی"گۆڕان"ه نه‌وشێروان مسته‌فا بچێته ململانێکانی هه‌ڵبژاردنه‌وه له هه‌رێمی کوردستاندا. له‌م بابه‌ته‌دا باس له لیستی ناوبراو ده‌که‌م که تاکو ئێستا نه‌یتوانییوه به‌شێوه‌یه‌کی شه‌فاف و ڕۆشن نیازه‌کانی خۆی بۆ خه‌ڵکی کوردستان ڕۆشنتر بکاته‌وه، وه‌ئه‌م ئاڵۆزییه بوه‌ته مایه‌ی درووستبوونی نیگه‌رانی و بیمتمانهیکی زۆر له‌لایه‌ن به‌شێک له خه‌ڵکی کوردستان سه‌باره‌ت به لیستی ناوبراو.
گرفتی یه‌که‌م لهبێمتمانهی به‌لیستی ناوبراو ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چوونه ده‌ره‌وه و گه‌ڕانه‌وه‌کانی نه‌وشێروان مسته‌فا له یه‌کێتی نیشتمانی کوردستاندا. ئه‌م به‌شه له مێژووی سیاسی که‌سایه‌تی ناوبراو زۆر جار له بابه‌ته‌کاندا باسکراوه و ڕه‌نگه ووردکردنه‌وه‌ی زۆر نه‌خوازێت ته‌نیا چه‌ند تێبینییه‌کی کورت نه‌بێت. بۆ نمونه، سه‌رباری ڕاستی و درووستبوونی قسه‌و باس و ڕه‌خنه توونده‌کانی نه‌وشێروان مسته‌فا له یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و ده‌سته‌ڵاتی کوردی که خۆی به‌شێکی دانه‌بڕاو بوو لێی له ڕابردوودا، که‌م نین ئه‌وانه‌ی که‌پێیان وایه نه‌وشێروان مسته‌فا له دوا ساته‌کاندا هه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه نێو ڕیزه‌کانی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان. هۆی سه‌رچاوه‌گرتنی ئه‌م بێمتمانه‌ییه به نه‌وشێروان مسته‌فا ده‌گڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که بێجگه لههندێ ده‌ربڕینی گشتی، تاکو ئێستا ئه‌و به‌شێویه‌کی شه‌فاف باسی چۆنێتی به‌بنبه‌ست گه‌یشتنه‌که‌ی و بێئومێدبوونهکهی له ئه‌گه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ نێو یه‌کێتی نه‌کردووه. ئه‌م جۆره بێتمانهییه دیارده‌یه‌کی زیندووه له گۆڕه‌پانی سیاسی کوردستاندا، چونکه خه‌ڵکی کوردستان شایه‌تحاڵی گه‌لێک ئاڵوگۆڕن له هه‌ڵوێستی که‌سایه‌تییه سیاسیه‌کاندا که هێنده شاراوه و ئاڵۆز هه‌ڵده‌سوڕێن بۆی هه‌یه شته‌کان لهشهوڕۆژێکدا ئاڵوگۆڕ بکه‌ن به‌هه‌ڵوێسته‌کانی نه‌وشێروان مسته‌فاشه‌وه. نمونه‌یه‌کی تر ئه‌وه‌یه که ته‌نانه‌ت ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، هه‌ست ده‌کرێت هه‌ر باسێک که نه‌وشێروان مسته‌فا ده‌یکات له‌سه‌ر ئه‌گه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ناو یه‌كێتی هێشتا ئه‌وه له‌قسه‌کانیدا به‌دی ناکرێت که بۆ ئه‌و بڕیارێکی بڕاوه بێت. ڕاسته نه‌وشێروان مسته‌فا زیاتر له نیوه‌ی ته‌مه‌نی له‌ناو یه‌کێتیدا به‌سه‌ربرد و ماندووبوونێکی زۆری چه‌شت له‌پێناو سه‌رخستنی ئامانجه‌کانی یه‌کێتیدا، به‌لام ئاشکرایه کاتێک که‌سێک به‌و باوڕه ده‌گات که مانه‌وه له‌ڕیزه‌کانی ڕێکخراوێکی سیاسی‌دا بێسووده، ئیتر به‌بێ هیچ دوودڵییه‌ک قسه‌کانی خۆی له‌مه‌ڕ بێکه‌ڵکبوونی ئه‌و ڕێکخراوه‌یه ده‌کات و هیچ ناڕۆشنییه‌ک له‌سه‌ر بڕیاری به‌جێهێشتنی ڕیزه‌کانی ئه‌و حزبه ناهێڵێته‌وه. به‌ڵام هه‌روه‌ک لهدهزگاکانهوه ڕاگه‌یاندرا له چه‌ند مانگی داهاتوودا کۆنگره‌ی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان ده‌به‌سترێت و وه‌یه‌کێک له ئامانجه‌کانی کۆنگره گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و کادرانهیه که‌ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌کانیان بوون له‌ناو یه‌کێتیدا، وه زۆربه‌ی بۆچوونه‌کانیش ئه‌وه ده‌ڵێن که ئه‌گه‌ر نه‌وشێروان مسته‌فا ببێت به سکرتێر ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نێو یه‌كێتی و درێژه به‌کاری سیاسی ده‌دات. بۆیه بۆ خه‌ڵکی تاکو ئێستا ڕۆشن نییه که کێشه‌ی نه‌وشێروان مسته‌فا پۆستی سکرتێریه، یاخوود ناڕازی بوونی ئه‌وه له‌به‌رنامه‌ی سیاسی حزبه‌که‌ی پێشووی.
خه‌ڵکی بێمتمانه‌یه به نه‌وشێروان مسته‌فا و لیسته‌که‌ی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ست ده‌کرێت ئه‌و بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌جینداکانی ئێستاش چاوی له‌وه‌یه که به‌شێکی به‌رچاو له کادره‌کانی سه‌رکردایه‌تی ناو یه‌کێتی دوای بکه‌ون. من پێم وانییه چاوه‌ڕوانی له هاوڕێی سیاسی بۆ وه‌رگرتنی هه‌ڵوێستی درووست و ڕاپه‌ڕاندی باوه‌ڕه سیاسییه‌کان کارێکی هه‌ڵه بێت له سیاسه‌تکردندا. به‌ڵام وه‌ک بڵێی ئه‌و نه‌یه‌وێت ئه‌و ڕاستییه بسه‌لمێنێت که که‌ڵه‌که بوون و چاندنی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی که‌یه‌کێک له ڕه‌خنه هه‌ره تونده‌کانی ناوبراو خۆیه‌تی له کوردستاندا به‌ته‌نیا هۆکاره‌که‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی نه‌بوو که یه‌که به‌یه‌که و خشت له‌سه‌ر خشت ههڵیچنیبێت، بۆیه پێویسته ئه‌وه به‌بیری که‌سایه‌تی ناوبراو بهێنینه‌وه که زۆرینه‌ی ئه‌و کادرانه‌ی کهڕیزهکانی یه‌کێتیان به‌جێهێشتووه و ناوه ناوه موجامه‌له‌ی باسه سیاسییه‌کانی ئه‌و ده‌که‌ن به‌شێکن له هه‌لومه‌رجه نه‌خوازراوه و هیچیان له‌به‌شی شێر که‌متریان به‌ر ناکه‌وێت له بوونی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی له‌کوردستاندا. بڕوا ناکه‌م نه‌وشێروان مسته‌فا بتوانێت نکۆڵی له‌م ڕاستییه بکات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر کردیشی ئه‌وه ده‌توانین پرسیارێکی خۆی وه‌بیر بهێنینه‌وه و ڕووبه‌ڕووی ئه‌و کادرانه‌ی بکه‌ینه‌وه که‌له‌ده‌وری ئه‌و کۆبوونهتهو بۆ ئه‌و سه‌روه‌ت و سامانه‌ی که هه‌یانه. نه‌وشێروان مسته‌فا له‌یه‌کێک له چاوپێکه‌وتنه‌کانیدا ده‌ڵێت " له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌کوردستاندا هیچ جۆره سیسته‌مێکی بانکی نییه تابتوانین داهات و سه‌رمایه‌ی به‌شێک له‌سه‌رکرده‌کان بزانین." ئه‌و درێژه به قسه‌کانی ده‌دات و ده‌ڵێت ، به‌ڵام ئه‌توانین به پرسیارێک له‌چه‌شنی " من آین لك هذا" ڕووبه‌ڕوویان ببینه‌وه لێیان بپرسین ئه‌و سه‌روه‌ت و سامانه‌ی که‌هه‌ته له کوێت بوو. بۆیه بێجگه له‌وه‌ی له‌چه‌ند شوێنێکدا نه‌وشێروان مسته‌فا به‌شێوه‌یه‌کی گشتی ده‌ڵێت "که‌سانی ده‌ستپاک و پۆسپۆریان له‌گه‌ڵه"، تاکو ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت خه‌ڵکی کوردستان نازانن ئه‌و کادره چالاک و ده‌ستپاکانه کێن که ده‌یانه‌وێت نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵکی کوردستان بکه‌ن له‌ڕێگه‌ی لیستی ناوبراوه‌وه. ئایا زۆرێک له‌کادره‌کانی لیستی ناوبراو له‌ڕیزه‌کانی ناو یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانه‌وه نه‌هاتنه‌ده‌ر؟ یاخوود ئه‌گه‌ر وا نییه، نه‌وشێروان مسته‌فا چۆن خه‌ڵکی کوردستان دڵنیا ده‌کاته‌وه له‌وه‌ی کادرانی لیسته‌که‌ی ئه‌ویش تووشی هه‌مان ده‌ردی کادره‌کانی حزبه‌که‌ی پێشووی نه‌بوون که به‌ڕێزیان جێگری سکرتێر و که‌سی دووه‌می بوو. ئه‌و تاکو ئێستا پێمان ناڵێت ئاخۆ ئه‌و سیحره چییه که هاوڕێکانی ئه‌وی دوور ڕاگرتووه له نه‌خۆشی گه‌نده‌ڵی، که‌له‌کاتێکدا خه‌ڵکی کوردستان شایه‌تحاڵی ئه‌وه‌ن که ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت ئه‌ندامێکی ئاسای هه‌ریه‌کێک له‌دوو حزبه ده‌سته‌ڵاتداره‌که‌ی کوردستان بووبێت به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان سوودمه‌ندبووه له‌ده‌وڵه‌ت.
هۆکارێکی تری ئه‌م بێمتمانه‌ییه ئه‌وه‌یه که له‌بری ئه‌وه‌ی کاریزما بوونی نه‌وشێروان مسته‌فا بخرێته خزمه‌ت سیاسه‌تێکی ڕۆشن و درووسته‌وه که له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستاندا بێت، زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی که سه‌پۆرتی هه‌ڵوێسته‌کانی ئه‌و ده‌که‌ن، زیاتر به‌ده‌وری کاریزما بوون و مێژووی ڕابردووی نه‌وشێروان مسته‌فاوه کۆبوونه‌ته‌وه. به‌واتایه‌کی تر هه‌ست به‌بوونی باڵانسێک ناکریت له نێوان کاریزما و به‌رنامه‌ی سیاسی‌دا. هه‌ست ناکرێت ئه‌م هه‌وڵه‌ی لیستی گۆڕان هه‌وڵێکه له‌به‌ری کۆبوونه‌وه له که‌سایه‌تی پیرۆز، به‌رنامه‌و ڕێگه‌چاره‌ی سیاسی به‌خه‌ڵکی کوردستان ده‌ناسێنێت. ئاشکرایه بۆ هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌ک کهبییهوێت متمانه‌ی خه‌ڵک به‌ده‌ست بهێنێت، پێویسته هه‌ڵوێستی ڕۆشنی سیاسی هه‌بێت له‌سه‌ر مه‌سه‌له جۆراوجۆره‌کان ، پێویسته ئه‌و ئامانجانه ڕابگه‌یه‌نێت که ئه‌و له‌پێناویاندا تێده‌کۆشێت. هه‌روه‌ک له‌سه‌ره‌تاوه ووتم ئه‌و باسانه‌ی نه‌وشێروان مستهفاو لیستی گۆڕان ووروژاندوویانه باسی زۆر گرنگ و پێویستن بۆ کۆمه‌ڵگای کوردستان و ڕه‌وشه سیاسییه‌که‌ی. بۆ نمونه، بنیاتنانی هه‌رسێ کوچکه سه‌ره‌کییه‌که " ده‌سته‌ڵاتێکی کارای یاسادانان، ئیداره‌یه‌کی چالاکی جیبهجێکهر و سیسته‌مێکی قه‌زائی سه‌ربه‌خۆ"، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م لیسته بڕیاره له‌م پیناواندهدا تێبکۆشێت، ئه‌وه ووردکردنه‌وه و ڕۆشنکردنه‌وه‌ی ئه‌و باسانه و به‌به‌رنامه داڕشتن بۆیان ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه که ناوبراو و لیسته‌که‌ی له‌وانی تر جیا ده‌کاته‌وه. ڕۆشنکردنه‌وه‌ی ئه‌و سیاسه‌تانه بۆیه گرنگه چونکه ئه‌و کات بۆ خه‌ڵکی ده‌رده‌که‌وێت لیستی گۆڕان ده‌یه‌وێت چی بکات. باسکردن و دیاری کردنی به‌رنامه‌ی سیاسی گرنگتره له‌پاڵ کاریزمادا چونکه ئه‌وکات بۆ خه‌ڵکی ئاشکرا ده‌بیت ئه‌و کادر و که‌سه پرۆفیشناڵانه هه‌ڵگڕی چی بیر‌و باوهڕێکن که‌ده‌بنه چاوساغی ئه‌و پرۆسه‌یه له ڕیفۆرمی سیاسی له کوردستاندا.
بێمتمانه‌ییه‌کی تری خه‌ڵک له‌به‌رامبه‌ر درووست بوونی لیستی گۆڕاندا بریتییه له‌وه‌ی که ئایا نه‌وشێروان مستهفاو لیسته‌کی له‌گه‌ڵ چی جۆره هێزو لایه‌نێکدا هاوپه‌یمانی ده‌به‌ستن. دیاره درووستبوونی هێزێک که توانای نوێنه‌رایه‌تی کردنی خه‌ڵکی هه‌بێت و بتوانێت بچێته ململانێه‌وه له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌کێتیدا بۆ دابینکردنی خزمه‌تگوزاری باشتر و ڕاستکردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕه‌وشه نه‌خوازراوه چه‌وته‌ی کوردستان خه‌ونی زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستانه. به‌ڵام هاوکاتیش خه‌ڵکی ئه‌وه‌شی زۆر به‌لاوه گرنگه که هه‌ندێ تایبه‌تمه‌ندی هه‌یه که پێویسته ئه‌و هێزه جیا بکاته‌وه له‌وانه‌ی پێشووی خۆی. بۆ نمونه به‌رفراوانکردنه‌وه‌ی سنووری ئازادییه‌کان له‌گشت بواره‌کاندا، چاندنی گیانی ته‌بای و پێکه‌وه ژیان و قبووڵکردنی جیاوازی و که‌م کردنه‌وه‌ی نایه‌کسانییه‌کان لانی که‌می ئه‌و تایبه‌تمه‌ندی و مه‌رجانه‌ن بۆ هه‌ر هێزێکی سیاسی که بییه‌وێت سه‌پۆرتی زۆرینه‌ی خه‌ڵک به‌ده‌ست بهێنێت. به‌لام دیسانه‌وه ئه‌مه بووه‌ته مایه‌ی نیگه‌رانی خه‌ڵک چونکه تاکو ئێستا بێجگه له‌ده‌نگۆی ئه‌وه‌ی که گوایه لیسته‌که‌ی نه‌وشێروان مسته‌فا هه‌ندێ هه‌وڵ و ته‌قه‌لای کردووه بۆ قسه‌و باس له‌گه‌ڵ هه‌ندێ لایه‌ندا که ئه‌ویش هێشتا ناڕۆشنه ئه‌و هه‌وڵانه له‌گه‌ڵ کێدا دراوه، نازانێرێت لیستی ناوبراو له‌گه‌ڵ چی لایه‌نێکدا ڕێکده‌که‌وێت. به‌کوردی و به‌کورتی نیگه‌رانی خه‌ڵک به‌شێویه‌کی سه‌ره‌کی له‌م به‌شه ئه‌وه‌یه که ئایه نه‌وشێروان مسته‌فا و لیسته‌که‌ی په‌نا ده‌به‌نه به‌ر نفوز و ده‌نگی ئیسلامیه‌کان له کوردستاندا که له‌م ڕۆژانه‌دا باسی گه‌رمی میدیاکانه. خه‌ڵکی نیگه‌رانن له‌وه‌ی که لیستی ناوبرا بۆ زیاترکردنی کورسیه‌کانی بچێته هاوپه‌یمانیی له‌و بابه‌ته‌وه چونکه تاڵاوی ئه‌وه‌یان چێشتووه کاتێک که ئیسلامییه‌کان به‌هێزبن چی به‌رنامه‌یه‌کی تاریکیان پێیه بۆ خه‌ڵک له‌کوردستاندا. خه‌ڵکی هێشتا ئه‌و بیره‌وه‌ریه تاڵانه‌یان بیر نه‌چووه‌ته‌وه که چۆن مزگه‌وت و گه‌ره‌که هه‌ژار نشینه‌کان ببوون به حوجره و جیگای له‌خشته‌بردنی لاوان، خه‌ڵکی ئه‌وه‌ی بیر نه‌چووه‌ته‌وه که چۆن ژنان نه‌یانده‌توانی بهئازادای له‌شوێنه گشتییه‌کاندا ده‌رکه‌ون و به ئاره‌زووی خۆیان و ئازادانه جل و پۆشاک له‌به‌ر بکه‌ن، بۆیه هه‌روه‌ک ووتمان سه‌رباری درووستی زۆرێک له ڕخنه‌کانی نه‌وشێروان مسته‌فا له‌ده‌سته‌ڵاتی پارتی و یه‌کێتی، که‌چی خۆشبه‌ختانه ئه‌مڕۆ کۆمه‌ڵگا ئه‌و دیارده دواکه‌وتوانه‌ی تاکو ڕاده‌یه‌کی باش به‌جێهێشتووه و نایه‌وێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ک شانس بدرێت به‌و هێزانه که بانگێشه و کار بۆ دووباره‌کردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره هه‌لومه‌رجه بکه‌ن که له ساڵانی نه‌وه‌ته‌کاندا هه‌مومان بینیمان. ئه‌و هه‌لومه‌رجه ئارام و ئازادییه سنوورداره‌ی که فه‌راهه‌م بووه له‌کوردستاندا خێرپێکردنی پارتی و یه‌کێتی نییه به‌خه‌لکی کوردستانیان کردبێت ، به‌ڵکو ئه‌وه له‌ئاکامی خه‌بات و قوربانیدانی خه‌ڵک فه‌راهه‌م بووه. به‌ڵام به دووبار چانسدانهوه به هێزه ئیسلامییه‌کان و به‌ستنی هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵیاندا ڕه‌نگه زۆرشت ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا بێت و پاشه‌کشه به‌و چه‌مکانه بکریت که گوزارش له مۆدرێن بوون و شارستانی بوونی خه‌ڵکی کوردستان ده‌که‌ن. له‌چه‌ند مانگی ڕابردوودا خه‌ڵکانێکی جۆراو جۆر و سه‌ر به بیروباوه‌ڕی جیا جیا ده‌نگی خۆیان خسته پاڵ ڕه‌خنه و بانگێشه‌کانی نه‌وشێروان مسته‌فا. دیاره لیستی ناوبراو مافی خۆیه‌تی دڵخۆش ببێت به‌ئه‌م جۆره پاڵپشتی و پێشوازیکردنه که لێی کراوه. به‌ڵام نیگه‌رانییه‌کانی خه‌ڵک زیاتر بوونه سه‌باره‌ت به‌م مه‌سه‌له‌یه چونکه له‌نێو ئه‌و ده‌نگانه‌شدا بینیمان خه‌ڵکانێکی تێدایه که به‌ئاشکراو له‌زۆربه‌ی میدیاکانه‌وه بانگێشه‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ ژیانی سه‌رده‌می ئه‌شکه‌وت و تاریکترین سیسته‌م ده‌که‌ن. که‌سانێک که به‌بێ هیچ دوودڵییه‌ک بانگێشه‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن که خۆ ته‌قاندنه‌وه باشترین ڕێگه‌چاره‌یه بۆ به‌رگری کردن. خه‌ڵکانێک به‌ئاشکرا ده‌ڵێن پیاو کوژ بوونه و خوێن ساردانه باس له کوشتنی به‌شه‌ر ده‌که‌ن له میدیاکانه‌وه. ڕاسته لیستی ناوبراو ناتوانێت به به‌خه‌ڵکی بڵێت ئێوه پاڵپشتی له ئێمه مه‌که‌ن، به‌ڵام گرنگه لیستی ناوبرا له‌ڕێگه‌ی داڕشتنی سیاسه‌ته‌کانییه‌وه، که‌هێشتا زۆر ناڕۆشنن، هێڵێک بکێشێت له‌نێوان خۆی و ئه‌و هێز و که‌ساندا ئه‌گه‌ر به‌نیازه خۆی لێیان جودا بکاته‌وه. دیاره ئه‌مه به‌و مانایه نییه که تۆ بێیت هه‌ر له‌ئێستاوه شهر ڕاگه‌یه‌نیت له‌گه‌ڵ هه‌ندێ لایه‌ندا، به‌ڵام زۆر گرنگه خه‌ڵکی له‌وه دڵنیا بکه‌یته‌وه که بۆ گرتنی هێز لیستی ناوبراو ئاماده نییه یاری به‌و ده‌ستکه‌وتانه بکات که خه‌ڵکی کوردستان قوربانی زۆریان دا له پێناویدا، ئاماده نییه به‌شێوه‌ی ڕابردووی حزبه ده‌سته‌ڵاتداره‌کان باوه‌شێنی کۆنه‌په‌رستی و چاو پۆشی له‌خه‌ڵکانی تاوانبار بکات به‌مه‌به‌ستی مسۆگه‌رکردنی پاڵپشتی زیاتر. له‌کۆتایدا خه‌ڵکی کوردستان به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئاماده نین بچنه پاڵ هێزێک، یاخوود ده‌نگی خۆیان بده‌ن به لیستێک که ڕۆشن نییه چۆن ده‌ستکه‌وته‌کانی خه‌ڵک ناخاته مه‌ترسییه‌وه بۆ زیادکردنی کورسییه‌کانی له په‌رله‌ماندا. خه‌ڵکی حه‌قی خۆیانه نیگه‌ران و بێمتمانه بن چونکه سه‌ره‌تای ته‌قه‌لاو مه‌یله سیاسییه‌کانی ئه‌و لیسته له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه‌دا نییه که باس له‌که‌مکردنه‌وه‌ی هه‌ژاری و دابینکردنی ئازادیه‌کی سنوور فراوان و به‌سزاگه‌یاندنی تاوانباران و چه‌ندین داخوازی تری گرنگ ده‌که‌ن، به‌ڵکو پێشبینیه‌کان سه‌باره‌ت به‌هه‌وڵه‌کانی لیستی ناوبرا ڕوو و هێز و که‌سانێکه که له‌ڕابردوودا به‌شێک بوون له گرفت و ئه‌و تاوانانه‌ی که له‌دژی خه‌ڵکی کوردستان ئه‌نجامدراوه.کاوه حه‌سه‌ن
ڤانکۆڤه‌ر کۆتای نیسانی 2009