تکایه ده‌نگ بده‌ن به لیستی سپی !…..دارا ئه‌حمه‌د
تکایه ده‌نگ بده‌ن به لیستی سپی !
دارا ئه‌حمه‌د
رامیاریی له‌مڕۆدا وه‌ک زانستێک له هه‌ردوو لایه‌نه تیۆریی و پراکتیکیه‌که‌ی هه‌موو کایه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگه‌ی به‌خۆوه خه‌ریک و په‌یوه‌ست کردووه.. به‌جۆرێک که هیچ بزاڤ و کرده‌یه‌کی مرۆڤه‌کان له ساده‌ترین ههڵسوکهوتهوهڕا تا ده‌گاته بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نووسی ئه‌و گۆی زه‌ویه‌مان به‌ده‌ر و دابڕاو نییه له کارتێکردنه‌کانی رامیاریی له هه‌ردوو لایه‌نه زانستیی و دیپلۆماسییه‌که‌یدا که زه‌قترین ده‌رکه‌وتنیشی تا ئێستا خۆی له دروستکردنی پارت و رێکخراوی رامیاریی ده‌بینێته‌وه بۆ به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵات که ئه‌ویش له رێگای گه‌یشتن به په‌رله‌مانه‌وه‌یه.
وه‌ک ده‌ریشکه‌وتووه ئێستا په‌رله‌مان وه‌ک میکانیزمێکی کارا بۆ سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت زۆر کۆن بووه و ئیدی ناتوانێ به شێوه‌یه‌کی گشتگیر و هه‌مه‌لایه‌نه وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی پێویستییه‌کانی ژیانی نوێی کۆمه‌ڵ و ئه‌و گشته په‌ره‌سه‌ندن و پێشکه‌وتنانه‌ی ئێستای جیهان بێ بۆیه وه‌ک دێته به‌رچاو جۆرێک له ناته‌بایی له نێوان رامیاریی و په‌رله‌مان دا دروست بووه و واپێده‌چێ چیتر رامیاریی بێخه‌م به‌دیار داهێزراویی و بڕست لهبهربڕاویی په‌رله‌مانه‌وه دانه‌نیشێ و له مرومۆی ئه‌وه‌دابێ که میکانیزمێکی نوێ ئافهرریده بکا، به‌گوێره‌ی هه‌موو داتاکانی به‌شدارییکردنی خه‌ڵک له رامیاریی و وابه‌سته‌بوونیان به کێبڕکێی په‌رله‌مانیش چ زوو یا دره‌نگ هه‌ر ده‌بێ و پێویسته میکانیزمێکی نوێ و له‌بار و شیاو جێگای په‌رله‌مان بگرێته‌وه به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی رامیاریی تا ئێستا به‌پێی پێویست به‌رخوردێکی چاڵاکی له ته‌ک کۆمه‌ڵ و تاکه‌کانی به‌شێوه‌یه‌کی کرده‌یی ئه‌نجام نه‌داوه نه‌یتوانیووه ئه‌ڵته‌رناتیفێکی باشتر له په‌رله‌مان بهێنێته ئارا ره‌نگه ماوه‌یه‌کی پتریشی بووێ تا ئه‌دگاره‌کانی ده‌ربکه‌ون و له‌نێو خه‌ڵک ده‌ستاوده‌ست بکه‌ن و له‌پڕۆسه‌یه‌کی شۆڕشگێڕانه‌دا زه‌مینه‌یه‌کی له‌باری بۆ بڕه‌خسێندرێ و وه‌ک فریادره‌سێک بۆ نوێبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات یان ده‌سه‌ڵاتێکی نوێ که خه‌ڵک به تاسه‌وه پێشوازیی لێ‌بکا خۆی رابگه‌یه‌نێ.
بۆیه من وایده‌بینم هێشتا په‌رله‌مان بۆ ئه‌و خوله‌ی ئێستا که جیهان له‌نێو ده‌رکه‌وته‌ی رووداوه‌کانی قه‌یرانی ئابووریی ئێستای سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی نووقم بووه و تا ده‌رکه‌وتنی ده‌ره‌نجامه‌کانیشی ووزه‌یه‌کی تێدا ماوه و به‌بێ هاتنه ئارای تیۆرێکی نوێ – که ئه‌گه‌ر رووبدا وێده‌چێ هه‌ر درێژکراوه‌ی تیۆری چه‌پگه‌ریی بێ – به ئاسانی له‌کار ناکه‌وێ و جێگای خۆی چۆل ناکا.. هه‌ربۆیه‌شه من هێشتا و تا گه‌یشتنی ئه‌و پێشاهاته مهزندهبۆکراوانهش پرۆسه‌ی ده‌نگدان و په‌رله‌مان بۆ سه‌رده‌می ئێستا ره‌ت ناکه‌مه‌وه و به نامۆی نابینم چونکه ئێستاش ده‌کرێ که‌سانێکی پێشکه‌وتووخواز بتوانن رۆڵێکی به‌رچاو له‌نێو په‌رله‌مان به په‌رله‌مان بگێڕن بۆ خزمه‌تکردنی ره‌وتی پێشکه‌وتن ئه‌گه‌رچی لاوازیش بن به به‌رواورد له‌گه‌ڵ رؤڵی زۆرینه‌ی په‌رله‌مان که ئێستا هه‌رده‌م له‌ده‌ست هێزه راستڕه‌وه‌کانه، چونکه کۆششی مرۆڤ ته‌نیا له‌سه‌ر زه‌مینه‌یه‌کی به‌رجه‌سته و به‌رده‌ست ئه‌نجام ده‌درێ و هه‌رگیز ناتوانرێ و هیچ زانست و تیۆرێکیش پشتگیرییت لێناکا ئه‌گه‌ر تۆ بته‌وێ له ئاسمانان و له‌نێو هه‌وادا پێێ خۆت بچه‌قێنی و هه‌نگاو بنێی.
من له یه‌که‌م پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان ده‌نگم به هیچ لیستێک نه‌دا چونکه به‌پێی ئه‌زموونی دوازده ساڵ رێخکراوبوونم و هه‌فت ساڵ پێشمه‌رگایه‌تییم له‌پێش راپه‌ڕین له نێو هێز و لایه‌نه‌کانی کوردستان گه‌یشتبوومه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که ئه‌و لیستانه‌ی که له ساڵی ١٩٩٢ خۆیان کاندید کردبوو بۆ په‌رله‌مان هیچیان ناتوانن ببنه نوێنه‌ری گه‌ل، له‌راستییشدا هه‌ر وا ده‌رچوو.. ئه‌وانه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌که سه‌رکه‌وتن به‌وانه‌شه‌وه که سه‌رنه‌که‌وتن به‌ڵام به‌شدارییان پێکردن له په‌رله‌مان و دوایش به هه‌موویان که یه‌که‌م حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیان دروست کرد نه‌ک هه‌ر نه‌یانتوانی ببنه نوێنه‌ری گه‌ل به‌ڵکه کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانیان تووشی چه‌ندین کاره‌ساتی جهگبڕ کرد وه‌ک: شه‌ڕی کۆنه‌په‌رستانه‌ی ناوخۆ و دروسبوونی دوو حکومه‌تی ناوچه‌گه‌ر و پاوانخواز ، داگیرکردن و تاڵان‌کردنی سامانی خه‌ڵک و وێرانکردنی داموده‌زگا مه‌ده‌نییه‌کان ، برسیکردن و دروستکردنی گرانیی و قاتوقڕییه‌کی لهرادهبهدهبهدهر ، پێشێلکردنی یاسا مه‌ده‌نییه‌کان- هه‌رچه‌نده پێشکهوتووخوازانهش نه‌بوون- و خستنه‌گه‌ڕی یاسایه‌کی چه‌ته‌گه‌ریی، نه‌بوونی ئاسایش و سه‌رکوتکردنی ئازادیی سیاسیی و راده‌ربڕین و ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ریی و هه‌ر ده‌نگێکی ناڕازیی و به‌رفراوانکردنی کاری تیرۆریستیی له لایه‌ن پارته‌کان ، ژیاندنه‌وه‌ی دین و پیاوسالاریی و دابوونه‌ریتی ده‌ره‌به‌گیی و دواکه‌وتووانه و کوشتنی هه‌زاران ژن و تێکدانی په‌روه‌رده‌ی منداڵان و په‌راوێزخستنیان، له‌باربردنی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی کورد بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، به‌کورتیی جگه له‌و ده‌ستکه‌وته نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی له راپه‌ڕین وهدهستهاتن که ده‌ستیان به‌سه‌ر ئه‌وانیش داگرت هه‌رچی ماف و ئازادییه‌کانی خه‌ڵک هه‌یه به‌ره و خراپتر و خراپتریان بردن.
هه‌رچه‌نده ئه‌وکات به‌هۆی دڕنده‌یی رژێمی گۆڕبه‌گۆڕ و سه‌رکوتکردنی خه‌ڵک له هه‌موو روویه‌که‌وه هێشتا جه‌ماوه‌ر هێنده چاوکراوه یان هۆشیارییه‌کی پێویستی نه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی بارودۆخه‌که به ڕاستیی و دروستیی بخوێنێته‌وه و دواییش یه‌که‌مین پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنیش بوو که گوایه بۆ خۆبه‌ڕێوبردنی خۆیان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن جگه له خه‌ڵکێکی که‌می وه‌ک ئێمه‌مانان تێکڕایان ده‌نگیان به‌و حیزب و لایه‌نانه دا و ته‌نانه‌ت ئێمه‌یان به تۆمه‌تی دژه شۆڕش و (تابووری پێنج) و ده‌ستی ده‌ره‌کیی و شتی له‌و بابه‌تانه تاوانبار ده‌کرد چونکه ده‌نگمان به لیستی حیزبه‌کان نه‌دا و ده‌نگمان به لیستی سپی دا ، به‌ڵام ئه‌و خه‌ڵکه که‌مه به پێداگرتنیان له سه‌ر ئه‌و جۆره خه‌باته و کارکردنیان له‌سه‌ر هۆشیارترکردنهوهی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ توانییان هوورده هورده پانتاییه‌کی گه‌وره له‌نێو جه‌ماوه‌ر په‌یدا بکه‌ن به‌جۆرێک که تا هاتووه ژماره‌ی ده‌نگده‌ران که‌متر ده‌بێته‌وه و ئێستاش که بڕیاره له‌و ماوانه‌دا هه‌ڵبژاردن بۆ په‌رله‌مان ئه‌نجام بدرێ خه‌ڵکێکی یه‌کجار زۆر ئاماده نین ده‌نگ به‌و پارت و لایه‌نانه بده‌ن که ئێستا خۆیان کاندید کردووه.
جگه له‌وه‌ی ئێستا خه‌ڵک له ته‌واوی جیهان زۆر بێزار بوونه له جێبه‌جێنه‌کردنی ئه‌و په‌یمانانه‌ی که پێش هه‌ڵبژاردن ده‌درێن و پاشانیش هیچ گۆڕانێکی ئه‌وتۆ نایێته ئارا بۆیه بۆیان گرنگ نییه که ده‌نگ بده‌ن یان نه‌ده‌ن.. له هه‌مان کاتیش‌دا ئێستا خه‌ڵک ئه‌و ده‌نگنه‌دان یاخود ده‌نگدانه به لیستی سپی وه‌ک جۆرێک له خه‌بات ئه‌نجام ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و پارته‌کان ناچار بکه‌ن خزمه‌تگوزاریی زیاتر ئه‌نجام بده‌ن و ماف و ئازادییه‌کان به‌رفراوانتر بکه‌ن چونکه باش له‌وه گه‌یشتوون که ئه‌گه‌ر هه‌رهه‌موویان یان خه‌لکێکی زۆر ده‌نگ به باشترین حیزبیش – که باشیان تێدا نییه – بده‌ن ئه‌وا ئه‌و حیزبه له کاتی سه‌رکه‌وتنی به‌رامبه‌ر به جه‌ماوه‌ر و به لایهنهکانتر به‌خۆی ده‌نازێ و له‌به‌رئه‌وه‌ش که هه‌ر له بنچینه‌دا حیزبێک نییه که له هه‌ناوی خه‌ڵکی نه‌دار و زه‌حمه‌تکێش و بۆ ئامانجه‌کانی ئه‌وان له‌دایک بووبێ و ته‌نیا به هۆی ده‌نگ کڕین و ناچارکردنی خه‌ڵک بۆ ده‌نگدان سه‌رکه‌وتنی وه‌ده‌ستهێناوه هه‌رگیز ناتوانێ په‌یمانه‌کانی جێبه‌جێ بکا و ئیدی به فه‌رامۆشکردن و رووتاندنه‌وه‌ی خه‌ڵک خه‌ریکی دروستکردنی ژیانێکی شاهانه ده‌بێ بۆ ده‌سته‌بژێره‌کانی حیزب و حکومه‌ت.
له‌که‌س شاراوه نییه که خه‌ڵک به ده‌نگ پرۆسه‌یه‌کی ده‌نگدانه‌وه ده‌چن ئه‌گه‌ر هه‌ست بکه‌ن کڕینی ده‌نگ و ناچارکردن بۆ ده‌نگدانی تێدا نه‌بێ و خۆکاندیدکردن به شێوه‌ی تاک یان کۆمه‌ڵ له‌سه‌ر بنچینه‌یه‌کی ئازادانه بێ و ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌موو زاراوه و رێوشوێنه بیرۆکراسییانه‌ی وه‌ک ( دانانی پاره‌یه‌ک وه‌ک بارمته بۆ به‌شداربوون ، دهرفهتنهدانی تاک وه‌ک تاکێک خۆی کاندید بکا ، پێشهکهکردنی ژماره‌یه‌ک ناو تا رێگای به‌شدارییکردن بدرێ، دیاریکردنی ژماره‌ی کاندیدکراون بۆ هه‌ر لیستێک، خۆکاندیکردن له‌سه‌ر ئاستی وڵات و په‌یڕه‌ونه‌کردنی خۆکاندیدکردن له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌یی، لیستی کراوه و داخراو و کراوه‌ی ئاستدار و رێژه‌یی و بازنه‌یی و چه‌ندین زاراوه‌ی تری بێ واتا که ده‌بنه رێگر له‌به‌رده‌م ده‌نگده‌ر و ئه‌و که‌سانه‌ی خۆیان کاندید ده‌که‌ن، و … هتد) که له پڕۆسه‌که‌دا وه‌ک کۆمه‌ڵه یاسا و رێسایه‌ک بۆ خزمه‌تکردن به حیزبه خۆسه‌پێنه‌ره‌کان ده‌خرێنه‌کار هه‌ڵبوه‌شێندرێنه‌وه و جگه له هه‌ندێک مه‌رجی وه‌ک ته‌مه‌ن و پێشینه‌یه‌کی پاکی که‌سی خۆکاندیدکهر که هیچ کارێکی دژه‌مرۆیی و دژه به کۆمه‌ڵی ئه‌نجام نه‌دابێ که‌س ناچار نه‌کرێ ملکه‌چی هیچ مهرجێکیتر بێ بۆ خۆکاندیدکردن. به‌ڵام وه‌ک له ئه‌زموونی ئه‌و هه‌ژده ساڵه‌ی په‌رله‌مانی رابردوو بینیمان جگه له‌وه‌ی هیچ یه‌کێک له‌و به‌ربه‌ستانه‌ی باسمانکردن چاکنهکران و بگره به‌ربه‌ستی سه‌رباریشی هاتۆته‌سه‌ر و هیچ دهستاودهستێکی ده‌سه‌ڵاتیش نه‌کراوه و ئێستاش هه‌ر ئه‌و ده‌موچاوانه‌ن که هه‌ژده‌ساڵ پێش ئێستا ده‌سه‌ڵاتیان گرته ده‌ست و ئه‌وانه‌ی خۆ به لیستی نوێش داده‌نێن زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان هه‌ر ئه‌و ده‌موچاوانه‌ن که جگه له‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ به‌شدارییان له ده‌سه‌ڵات کردووه هه‌ندێکیان به توندترین شێوه‌ش دژ به ماف و ئازادییه‌کانی خه‌ڵک وه‌ستانه‌ته‌وه و ئه‌وانیتریش له‌به‌ر لاوازیی خۆیان توانای ئه‌نجامدانی خراپه‌کارییان نه‌بووه ده‌نا بێگومان ئه‌وانیش باشتر نه‌ده‌بوون.. که‌چی ئێستا له پڕوپاگه‌نده‌ی پێش هه‌ڵبژاردن بانگه‌شه‌ی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیی و چاکسازیی و گۆڕان و ده‌وڵه‌تی یاسا ئه‌و زاراوانه ده‌که‌ن که هه‌موو که‌سێک به قسه پێێان ده‌وێرێ و بۆته مۆدیلێکی بێزه‌وه‌ر و وای لێهاتووه مرۆڤ بێز له زاراوه‌کانیش بکاته‌وه.
من گه‌لله‌ک ره‌شبینم به‌و پڕۆسه‌ی ئه‌و خوله‌ی ئێستای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و وا هه‌ست ناکه‌م جگه له گۆڕانی هه‌ندێک ده‌مووچاو یان گۆڕان به‌ره‌و خراپتر هیچ گۆڕانێکی ریشه‌یی ئه‌وتۆی تێدا بێته ئارا که بتوانێ وه‌ک سه‌ره‌تایه‌ک چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشانه بکا که له سه‌ره‌وه باسمانکردن ، هه‌ربۆیه من خوازیارم ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی به په‌رۆشی ئه‌وه‌یه که بهرهوپێشهوهچوونێک له بواره‌کانی ژیان و ئازادییه‌کانی خه‌ڵک و به‌رده‌وامبوونی ره‌وتی سه‌ربه‌خۆخوازیی کوردستان بێته دی با ده‌نگ بده‌ن به لیستی سپی و هیچ لیستێک له‌و لیستانه هه‌ڵنه‌بژێرن که هه‌رکه‌یان به جۆرێک له جۆره‌کان ساڵانێکی دووروو درێژه به به‌راورد به خه‌بات و قوربانیدانی خه‌ڵک و به به‌راورد به ژیان و سه‌رده‌می ئیستای جیهان چه‌قیان به کوردساتن به‌ستووه.
که‌س گرێنتی ئه‌وه‌ی پێ نییه که به سه‌رکه‌وتنی کۆمه‌ڵێک له‌و لیستانه ساده‌ترین ئامانجه‌کانی گه‌ل بێنه دی، که‌چی زۆر له‌گینه ده‌یان کارهساتیتری له بابه‌تی ئه‌وانه‌ی که‌له‌سه‌روه باسمانکردن به‌سه‌ر ئه‌و میلله‌ته به‌شمه‌ینه‌ته بهێننه‌وه.
به‌ڵام سه‌رکه‌وتنی لیستی سپی گرێنتی ئه‌وه ده‌دا که ده‌سه‌ڵات سه‌ر له دیوار بدا و به‌ناچاریی بۆ لای میلله‌ت بگه‌ڕێته‌وه و بۆ له‌سه‌رپێوه‌ستانی خۆی و له‌ده‌ستنه‌دانی کورسیه‌کانیشی کۆمه‌ڵێک له ویست و ئامانجه‌کانی گه‌ل دابین بکا.
که‌واته بۆ ئه‌وه‌ی بتوانی سه‌ربه‌رزانه به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی ره‌ش رابوه‌ستی
ده‌نگ بده به لیستی سپی.٣٠\٤\٢٠٠٩