Skip to Content

Wednesday, December 4th, 2024
هێزی ڕاسته‌قینه‌ی گۆڕان…..حه‌مه‌ غفور

هێزی ڕاسته‌قینه‌ی گۆڕان…..حه‌مه‌ غفور

Closed
by May 4, 2009 گشتی

هێزی ڕاسته‌قینه‌ی گۆڕان
ئیراده‌ی ڕاسته‌وخۆی خه‌ڵکه‌
له‌ په‌یوه‌ند به‌ سیناریۆی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستانه‌وه‌

حه‌مه‌ غفور

ئه‌گه‌ر ڕژێمی هارو تاوانکارو فاشیستی به‌عسی توانیبووی بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ سێ ده‌یه‌ به‌ ئاگرو ئاسن‌، به‌ گرتن‌و ڕاونان، به‌ ئیعدام‌و ئه‌نفال‌و کیمیاباران، له‌ ڕێگه‌ی ته‌رحیل‌و ته‌عریبه‌وه‌،  ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌هاو نه‌گریسی خۆی بسه‌پێنێ به‌سه‌ر خه‌ڵکی عێراقداو کوردستان‌و خه‌ڵکه‌که‌شی وه‌کو میلله‌تی ژێرده‌سته‌و پله‌دوو هاویشتبووه‌ ژێر ڕکێفی قه‌ترانی خۆیه‌وه‌و له‌ سه‌ره‌تایی ترین ماف‌و ئازادیه‌ ئینسانیه‌کان بێبه‌شی کردبوون. ئه‌گه‌ر حکومه‌ت‌و ده‌وڵه‌تی دژه‌ خه‌ڵکی‌و نوێنه‌ری سه‌رمایه‌داران‌و چینه‌ داراکان‌و ده‌وڵه‌مه‌ندانی ووڵات، یانی ڕژێمی به‌عسی سه‌رمایه‌، به‌ هاوکاری ڕۆژئاواو له‌ دووتوێی جیهانی دووقوتبیدا، له‌ ڕێگای زنجیره‌یه‌کی دوورودرێژو نه‌بڕاوه‌ له‌ به‌رپاکردنی کاره‌سات‌، سازکردن‌و بردنه‌پێشی سیاسه‌تی فاشیستی‌و ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌و پاکسازی قه‌ومی‌و هه‌ڵاواردن‌و کوشتاری هه‌مه‌ڕۆژه‌و گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کانه‌وه، بڕست‌و ئیراده‌ی له‌ ملیۆن ملیۆن جه‌ماوه‌رو خه‌ڵکی سڤیلی عێراق به‌ کوردستانیشه‌وه‌ بڕیبوو، ووڵاتی گۆڕیبوو بۆ زیندانێکی گه‌وره‌ی ژیانی ڕۆژانه‌ی هاوڵاتیان‌و دانیشتوانه‌که‌ی، ئه‌وا بۆ هه‌ژده‌ ساڵی ڕه‌به‌ق ئه‌چێت، زۆر به‌ زیادو به‌سه‌رباریشه‌وه‌، خه‌ڵکی مه‌زڵوم‌و سته‌ملێچووی کوردستان باجی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ ئه‌ده‌نه‌وه‌ که‌ ساڵی 992 فریوی هه‌راوزه‌نای حیزبه‌کانی جووڵانه‌وه‌ی ناسیونالیستی کوردیان خوارد که‌ به‌ ناوی ده‌سپێکردنی ئه‌زموونی دیموکراسی‌و به‌ڕێخستنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئازادانه‌ی دامه‌زراندنی پارله‌مان‌و به‌شداریپێکردنی نوێنه‌رانی خه‌ڵک به‌رپایان کردبوو.

‌ئه‌م خه‌ڵکه‌ هه‌ر ئه‌و خه‌ڵکه‌ن، ئه‌م حیزبانه‌و ده‌ورو دوکانیان هه‌ر ئه‌و حیزبانه‌ی ساڵی 992ن. ئه‌گه‌ر ئاڵوگۆڕێک له‌ فۆرمی گشتی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی کوردستاندا پێشهاتبێت به‌ ته‌واوی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان‌و به‌رپرسانی باڵاو خوارترو که‌مایه‌تیه‌کی مشه‌خۆری ده‌وروبه‌ری ئه‌م حیزبانه‌و حکومه‌ت‌و وه‌زاره‌تخانه‌کانیاندایه‌و هیچی تر. خه‌ڵکی کوردستان دوای هه‌ژده‌ ساڵ ده‌سه‌ڵات‌و حوکمڕانی خۆماڵی هێشتا به‌ ده‌ست هه‌ژاری، بێکاری، گرانی، بێخانه‌ولانه‌یی‌و ده‌یان گرفتی تری ئابووری‌و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ ده‌ناڵێنن. چاره‌نووسی سیاسی کوردستان نادیاره‌و پارتی‌و یه‌کێتی کردویانه‌ته‌ قوربانی چه‌ند کورسیه‌کی ده‌سه‌ڵات له‌ حکومه‌تی ناوه‌ندیدا. ئه‌م دوو حیزبه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی خواستی گشتی‌و سه‌راسه‌ری خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌ که‌ خوازیاری جیابوونه‌وه‌و پێکهێنانی ده‌وڵه‌ت بوون، کوردستانیان لکانده‌وه‌ به‌ عێراقی ئیسلامی- عه‌روبیه‌وه‌. ئه‌م حیزبانه‌ هه‌موو که‌ناڵه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیان قۆرغ‌و پاوان کردووه‌و خه‌ڵکیشیان موحتاجی ژیانێکی مه‌مره‌ومه‌ژی کردووه‌. ئه‌مه‌ به‌ره‌نجام‌و ئاکامی سیناریۆی یه‌که‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان بوو دوای هه‌ژده‌ ساڵ.

ئێستا دووباره‌ به‌ نیازن ڕه‌سمییه‌ت بده‌نه‌وه‌ له‌ سیاسه‌ته‌کانیان‌و شه‌رعییه‌ت له‌ په‌نجه‌مۆرو ده‌نگی جه‌ماوه‌ری کوردستان وه‌ربگرنه‌وه‌. ئه‌وان ته‌نانه‌ت بۆشیان گرنگ‌و مه‌سه‌له‌ نیه‌ هه‌ڵبژاردن چۆن ده‌ڕواته‌ به‌ره‌وه‌! بۆ ئه‌وان گرنگ ئه‌وه‌یه‌ سیناریۆیه‌که‌ به‌رپابکرێت، له‌و سه‌ره‌وه‌ ئۆتۆماتیکی به‌ ساخته‌کاری‌و ده‌ست تێوه‌ردان‌و هه‌ڕه‌شه‌و نانبڕین‌و له‌سه‌ر کارو وه‌زیفه‌ ده‌رکردنی خه‌ڵکه‌وه‌، زۆربه‌ی موتڵه‌قی ده‌نگه‌کان بۆ خۆیان دائه‌نێن!

گرنگ نیه‌ له‌م هه‌ژده‌ ساڵه‌دا چه‌ند هه‌زار که‌س له‌ به‌رپرسه‌ باڵاکانی یه‌کێتی‌و پارتی بوونه‌ته‌ ملیۆنێرو کێرڤی سه‌روه‌ت‌و سامانی سه‌رۆک بارزانی‌و مام جه‌لال چه‌ند ملیارد دۆلار نیشانئه‌دات، هه‌رچه‌ند بێگومان ئه‌مه‌ یه‌کێکه‌ له‌ ده‌سکه‌وته‌کانی سیناریۆی به‌رپاکردنی ده‌سه‌ڵاتی کوردی‌و خۆماڵی بۆ ناسیونالیزمی کوردی، ئه‌وه‌ی که‌ گرنگه‌‌ وه‌ڵام بدرێته‌وه‌ ئه‌مه‌یه‌؛ بۆچی له‌ سایه‌ی ئه‌م ده‌سه‌لات‌و ده‌ورو دوکانه‌ خۆجێییه‌دا زیاد له‌ پازده‌ هه‌زار ژن له‌ژێر به‌هانه‌ی پووچ‌و پیسی پاککردنه‌وه‌ی شه‌ره‌فدا کوژراون‌و به‌رده‌وامیش ئه‌نفال‌و ڕه‌شه‌کوژی ژنان ڕووله‌ هه‌ڵکشانه‌!؟ ئایا به‌ ته‌نها ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌یانی ئه‌و راستیه‌ ناکات که‌ حیزبه‌کان‌و ده‌سه‌ڵاتیان بایی پووشێک نرخ‌و به‌ها بۆ ماف‌و ئازادی‌و حورمه‌تی ئینسانیی خه‌ڵکی کوردستان‌و له‌ پێشیانه‌وه‌ ژنان قایل نین؟ یان بۆچی له‌م هه‌ژده‌ ساڵه‌داو ئێستاشی له‌سه‌ر بیت به‌ لێشاو لاوان هه‌ڵدێن‌و ئاواره‌ی هه‌نده‌ران ئه‌بن!؟ ئه‌وه‌ زۆر گرنگ نیه‌ که‌ ده‌یان‌و بگره‌ سه‌دان پرۆژه‌ی پاره‌ دزین‌و پایماڵکردنی سه‌روه‌ت‌و داهات‌و بودجه‌ی وولات لێدراوه‌و به‌ کواڵیتی زۆر خراپ‌و سه‌قه‌ت هه‌ندێ ڕوخساری ئاوه‌دانی‌و ڕێگاوبان‌و بیناسازی له‌ ته‌له‌فیزیۆنه‌کانه‌وه‌ نیشان ئه‌درێن، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ سه‌کته‌ری پرۆژه‌ی ئاو و ئاوه‌ڕۆو ڕووناکی‌و ئینێرژی‌و سووته‌مه‌نی‌و خزمه‌تگوزاریه‌کان چییان به‌سه‌ر هاتووه‌!؟ ئایا دوای هه‌ژده‌ ساڵ خه‌ڵکی کوردستان له‌ خه‌می ئاوی خواردنه‌وه‌و کاره‌باو سووته‌مه‌نی ڕزگاریان بووه‌!؟ ئایا بارو دۆخی ژیانی خه‌ڵکی کوردستان شتێکی ئه‌وتۆی فه‌رق کردووه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عسدا!؟ ئایا که‌سایه‌تی‌و ڕێزو حورمه‌تی خه‌ڵکی کوردستان له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵات‌و فه‌رمانڕه‌وایی کوردی‌و خۆجێییدا زیاتره‌ له‌ ڕابردوو!؟ ئایا خه‌ڵکی ماف‌و ئازادی‌و چاوه‌ڕوانیه‌کانیان زیاتر بووه‌، یان زه‌مانه‌ت‌و دابین بوون!؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌و ده‌یانی تریش هه‌ژده‌ ساڵه‌ له‌لایه‌ن پارتی‌و یه‌کێتیه‌وه‌ به‌ ده‌سیده‌سی پێکردن‌و فریودان‌و ئه‌مڕۆ به‌ سبه‌ی گه‌یاندن حه‌واڵه‌ی عه‌ده‌م کراون، یان وه‌کو بارمته‌ بۆ درێژه‌و سه‌پاندنی سیاسه‌ته‌کانیان سوودیان لێوه‌رگرتووه‌.

ئه‌گه‌ر جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان ئاوڕێک له‌ دواوه‌ بده‌نه‌وه‌و چاوێک به‌ سیناریۆی هه‌ڵبژاردنی یه‌که‌می په‌رله‌مانی کوردستاندا بگێڕنه‌وه‌و سه‌ریرێکی حاڵ‌و وه‌زعی خۆیان‌و زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان بکه‌ن، دیقه‌تێک له‌ خواست‌و ماف‌و ئاوات‌و ئازادیه‌کانیان بده‌ن، بۆیان ئاشکرائه‌بێت که‌ دوای هه‌ژده‌ ساڵ به‌سه‌ر هاتنه‌کایه‌ی یه‌که‌م په‌رله‌مانی کوردی‌و یه‌که‌م ده‌سه‌ڵات‌و حوکم‌و فه‌رمانڕه‌وایی خۆماڵیدا به‌ له‌ سه‌دا چه‌ندی‌ ماف‌و خواست‌و ئازادیه‌کانیان شاد بوون!؟ چه‌نده‌ له‌ هیواو ئاوات‌و خواسته‌ سیاسی‌و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیان نزیکبوونه‌ته‌وه‌!؟ ئه‌مه‌ پرسیارێکه‌و له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌رو خه‌ڵک‌و کۆمه‌ڵگای کوردیدایه‌و به‌ تایبه‌تی‌و ڕاسته‌وخۆ پێویسته‌ بخریته‌ سه‌ر مێزی بڕیاردان له‌سه‌ر به‌رپاکردنی سیناریۆیه‌کی دیکه‌ی هه‌ڵبژاردن که‌ کۆمه‌ڵی کوردستان خه‌ریکه‌ کوێرانه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌ ڕائه‌کێشرێته‌ ناویه‌وه‌!

بنچینه‌و پایه‌کانی دیموکراسی‌و ڕژێمی پارله‌مانی‌و ته‌نانه‌ت پرۆسێسی مه‌یدانیی هه‌ڵبژاردنیش له‌ ڕێگای میکانیزمێکی ناڕاسته‌وخۆی به‌شداری‌و ده‌خاله‌تی خه‌ڵکه‌وه‌ شکڵئه‌گرێ‌و سه‌ره‌نجام له‌ مه‌ودایه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی وادا به‌رجه‌سته‌و پراکتیزه‌ ده‌بێت، که‌ له‌ ڕاستیدا "خه‌ڵک" له‌م نێوه‌دا به‌ ته‌نها وه‌کو فۆرمێکی کڵێشه‌یی‌ چه‌مکێکی لاوه‌کی‌و ئامڕازێکی ته‌بلیغاتی له‌ پێناو ڕه‌سمییه‌تدان به‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن سوودی لێ‌وه‌رده‌گیرێ، له‌ هه‌مان کاتدا وه‌کو چه‌مک‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌کی ڕێلێوونکه‌رو هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ر به‌کارده‌برێ‌و به‌مانای کایه‌یه‌کی نوێ‌و باوی سیسته‌می دیموکراسی بۆ تێپه‌ڕاندنی شه‌رعییه‌ت‌و یاسایی بوونی ده‌سه‌ڵات‌و حکومه‌ته‌که‌ی‌ ده‌رخواردی کۆمه‌ڵگا ئه‌درێت. چونکه‌ له‌ واقعدا بڕیار وایه‌ ئه‌م ڕژێم‌و پرۆسێسه‌ی هه‌ڵبژاردن نه‌ک خه‌ڵک، به‌ڵکو که‌سانێک به‌ نوێنه‌رایه‌تی ئه‌وان له‌ کاروباری حوکمڕانی‌و ده‌سه‌لاتدا بۆ ده‌خاله‌تکردن شه‌رعیه‌تیان پێبدرێت. یان ڕاستتره‌ بڵێین؛ که‌سانێک که‌ به‌ناوی نوێنه‌رایه‌تی جه‌ماوه‌ره‌وه‌ له‌ پرۆسێسی هه‌ڵبژاردندا ده‌بنه‌ جێنشینی خه‌ڵک له‌ په‌رله‌مانداو بڕیار له‌سه‌ر ئێستاو ئایینده‌ی سیاسه‌ت‌و ئابووری‌و ده‌سه‌لات‌و هه‌موو شتێک له‌ڕێگای ئه‌وانه‌وه‌ ده‌درێت. به‌ڵام ئه‌م نوێنه‌رانه‌ له‌ ڕژێمی پارله‌مانیدا "نوێنه‌ری پابه‌ندکراو"نین به‌ هیچ یه‌کێک له‌و به‌هایانه‌و له‌و پێودانگانه‌ی که‌ سیسته‌م‌و رژێمی دیمکرسی گوایا بڕیاره‌ پێیانه‌وه‌ پابه‌ند بێت. له‌ کوردستان‌و له‌ فه‌زای باڵاده‌ستی دوو حیزبی ناسیونال-عه‌شیره‌یی کوردیدا وه‌ک بینیمان په‌رله‌مان ته‌نها کڵێشه‌یه‌کی کارتۆنیه‌ بۆ به‌کاربردنی وه‌کو ئامرازێکی بانگه‌شه‌و ڕاگه‌یاندن‌و به‌س. ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ڵ‌و ئاخر ده‌سه‌لاتی ئه‌حزابی میلیشییاییه‌و ئه‌وان سیاسه‌ت‌و یاساو به‌ڕێوه‌بردن دائه‌ڕێژن‌و هه‌ر خۆشیان سوڵته‌ی جێبه‌جێکردنیشی بۆ دائه‌نێن.

له‌م هه‌ژده‌ ساڵه‌دا خه‌ڵکی کوردستان به‌ ته‌جروبه‌و به‌ ئێسک‌و پروسکیانه‌وه‌ سیاسه‌ت‌و بانگه‌شه‌و په‌یمان‌و به‌ڵێنی به‌لێشاوی ئه‌م حیزبانه‌و سه‌رانی ناسیونالیستی کوردیان تێپه‌ڕاندووه‌. هه‌ژده‌ ساڵه‌ ئه‌م خه‌ڵکه‌ ڕۆژانه‌و به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتێکی گه‌نده‌ڵ، پاوانخواز، سه‌روخه‌ڵکی‌و نوێنه‌ری سه‌رمایه‌داران‌و ده‌وڵه‌مه‌ندانی کوردیدا ده‌ست‌و په‌نجه‌ نه‌رم ئه‌که‌ن‌و له‌ جه‌نگێکی به‌رده‌وامدان. هه‌ژده‌ ساڵه‌ ئه‌م حیزبانه‌و ده‌سه‌ڵاتیان له‌ ئاست داخوازی‌و ناڕه‌زایه‌تی‌و پێداویستیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستاندا گوێیان که‌ڕه‌و نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ش ته‌نانه‌ت به‌ ده‌سڕێژی گوله‌ وه‌ڵامیان داونه‌ته‌وه‌. هه‌ژده‌ ساڵه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان ناکۆکی‌و نێوانیان گه‌وره‌و فراوانتر ئه‌بێته‌وه‌. هه‌راو زه‌نای به‌ڕێخستنی هه‌ڵبژاردن بۆ سڕینه‌وه‌ی ئه‌م ناکۆکی‌و لێکدابرانه‌ی خه‌ڵک‌و ناسیونالیستی کوردیه‌.

ئێستا که‌ نێوانی ئه‌م حیزبانه‌و ده‌سه‌ڵات‌ له‌لایه‌ک‌و خه‌ڵکی ناڕازی له‌لایه‌کی تره‌وه‌ له‌ ڕاده‌ به‌ده‌ر قووڵ‌و به‌رفراوان بۆته‌وه‌و ڕه‌سمییه‌ت‌و شه‌رعیه‌تی حوکمڕانییان چۆته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، بۆیه‌ ده‌ستیان داوه‌ته‌ سیناریۆیه‌کی دیکه‌ی فریودانی جه‌ماوه‌ر به‌ناوی دیموکراسی‌و هه‌ڵبژردن‌ له‌پێناو گۆڕان‌و چاکسازیدا! ئێستا که‌ نه‌فره‌ت‌و ناڕه‌زایه‌تی‌و بێزاری خه‌ڵک‌و جه‌ماوه‌ر له‌م حیزبانه‌و له‌ ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ‌و سیاسه‌تی دژی ئینسانی‌و دژی جه‌ماوه‌ریان گه‌شتۆته‌ لوتکه‌و زه‌مینه‌و شه‌رعیه‌تی ده‌ورو دوکانی ناسیونالیزمی کوردیان هێناوه‌ته‌ له‌رزه‌، بۆیه‌ بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی‌و سه‌رجه‌می حیزب‌و لیست‌و قه‌واره‌ سیاسیه‌کانی ئه‌و جووڵانه‌وه‌یه‌ به‌ هه‌موو توانایانه‌وه‌ له‌ یه‌ک په‌یمانی چینایه‌تیدا له‌دژی خه‌ڵک‌و جه‌ماوه‌ر یه‌کیان گرتووه‌و یه‌کپارچه‌ خه‌ریکی پیاهه‌ڵدانن به‌ باڵای هه‌ڵبژاردندا.

به‌ڵام ته‌جروبه‌ی هه‌ژده‌ ساڵی ڕابردوو هێنده‌ی بۆ خه‌ڵکی کوردستان تێدا بووه‌ که‌ لانیکه‌م به‌ ئاسانی په‌لکێش نه‌بنه‌وه‌ بۆ ناو گاڵته‌جاڕی هه‌ڵبژاردن. چونکه‌ گۆڕان‌و چاکسازیه‌ک که‌ سه‌رجه‌می لیست‌و قه‌واره‌کان بانگه‌شه‌ی بۆ ئه‌که‌ن، جگه‌ له‌ ئامڕازێکی ته‌بلیغاتی بۆ فریودانی خه‌ڵکی بۆ ڕاکێشانیان بۆ نێو سیناریۆی هه‌ڵبژاردن هیچی تر نییه‌. له‌م هه‌ژده‌ ساڵه‌دا بۆچی گۆڕان‌و ڕیفۆرمیان نه‌خسته‌ به‌رنامه‌یانه‌وه‌؟ بۆچی به‌ تایبه‌تی له‌م سه‌رو به‌نده‌دا باسه‌که‌ی گه‌رم ئه‌که‌ن‌و گه‌رم ڕایده‌گرن!؟ سه‌رله‌به‌ری سیناریۆکه‌ به‌ حیزبه‌کانیشه‌وه‌، به‌ ده‌سه‌ڵات‌و حکومه‌ت‌و داموده‌زگاکانیشه‌وه‌، به‌ میدیاو به‌ بابه‌ت‌و ناوه‌رۆکی پڕوپاگه‌نداکانیشیانه‌وه‌ به‌بێ به‌شداری خه‌ڵک‌و جه‌ماوه‌ر ئه‌بێته‌ بڵقی سه‌ر ئاو. بۆیه‌ ده‌بینین له‌ کاتی هه‌ڵبژاردندا ته‌نانه‌ت له‌ ووڵاتانی ئه‌وروپاییشدا بودجه‌و ئیمکانیاتێکی بێئه‌ژمار بۆ بانگه‌شه‌کانی هه‌ڵبژاردن ته‌رخان ده‌کرێ. بۆ هه‌مه‌گیر کردنی هه‌ڵبژاردن له‌ زه‌ینی گشتی خه‌ڵک‌و کۆمه‌ڵگادا. ئه‌گه‌ر ماسمیدیای ده‌سه‌لات به‌ ئه‌رکی خۆی هه‌ڵنه‌سێت، یانی فریوی جه‌ماوه‌ر نه‌دات‌و ڕایاننه‌کێشێته‌ نێو بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، کایه‌که‌ خۆی له‌ خۆیدا ئه‌پووکێته‌وه‌.

خه‌ڵکی کوردستان کۆڵی ئه‌م حیزبانه‌و ده‌سه‌ڵاتیانی کوتاوه‌. کوله‌که‌ی ڕۆحی ئه‌م حیزبانه‌و ده‌سه‌ڵات‌و مان‌و نه‌مانیان له‌ ده‌ستی خه‌ڵکدایه‌. هه‌ر بۆیه‌ بارزانی‌و تاڵه‌بانی‌و سه‌رۆکی لیستی گۆڕانیش، یانی نه‌وشیروان مسته‌فا خۆیان سه‌رپه‌رشتی لیست‌و بانگه‌شه‌کانیان ده‌که‌ن. خه‌ڵک به‌ بایکۆتکردنی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ گاڵته‌جاڕیه‌ ئه‌توانن هاوکێشه‌ی سیاسی کوردستان به‌ خێرایی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان‌و خواست‌و داواکانیان بگۆڕن. یانی ئه‌گه‌ر خه‌ڵک به‌ گشتی ئه‌م هه‌ڵبژارنده‌ ڕیسواو بایکۆت بکه‌ن، داری ده‌ستی ئه‌م حیزبانه‌ ئه‌که‌وێته‌ خواره‌وه‌و ده‌رگا واڵا ده‌بێت بۆ ئیراده‌ی ڕاسته‌وخۆی جه‌ماوه‌ری پێبنێته‌ مه‌یدان‌و ئه‌وسا ئه‌توانێ به‌ خێرایی هه‌موو وه‌زعه‌که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی هه‌ڵگێڕێته‌وه‌. خه‌ڵک ده‌توانن به‌ کۆبونه‌وه‌ له‌ ده‌وری خواستی جیابوونه‌وه‌ی کوردستان‌و پێکهێنانی ده‌وڵه‌تێکی سکۆلارو ناقه‌ومی‌ ئه‌م سیناریۆ گاڵته‌جاڕیه‌ په‌ک بخه‌ن. ئه‌مه‌ ته‌نیا وه‌ڵامێکه‌ که‌ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان زۆر به‌ سانایی ئه‌توانن له‌م سه‌رده‌می قه‌یرانی شه‌رعیه‌ت‌و ڕه‌سمییه‌تی ده‌سه‌ڵات‌و حکومه‌تی گه‌نده‌ڵکارانه‌دا به‌ کرده‌وه‌ بیداته‌وه‌ به‌ هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری کوردی‌و سه‌رجه‌می قه‌واره‌ سیاسیه‌کانی تریش.
3ئایار2009

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.