Skip to Content

Friday, December 13th, 2024
نوێنه‌رانی کورد له مه‌جلیسی ئێراندا و ده‌فته‌ری ته‌حکیمی وه‌حده‌ت

نوێنه‌رانی کورد له مه‌جلیسی ئێراندا و ده‌فته‌ری ته‌حکیمی وه‌حده‌ت

Closed
by May 4, 2009 گشتی

نوێنه‌رانی کورد له مه‌جلیسی ئێراندا و ده‌فته‌ری ته‌حکیمی وه‌حده‌ت
کاوه ئاهه‌نگه‌ری

له‌م رۆژانه‌دا هه‌واڵێکم له ماڵپه‌ڕی ” به‌یان ئینفۆ”دا  خوێنده‌وه که به‌ڕێز دکتور محمد قسیمی عوسمانی نوێنه‌ری خه‌ڵکی بۆکان له ”مجلیسی شورای ئیسلامی ئێران”دا پیشتیوانی خۆی و باقی نوێنه‌رانی کورد و سووننه‌ی له موهه‌ندیس میر حوسێنی موسه‌وی کاندیدای ده‌یه‌مین خوولی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری راگه‌یاندووه، هه‌رچه‌‌ند ئه‌م هه‌واڵه له ماڵپه‌ڕی شه‌خسی به‌ڕێزیان بلاو نه‌کراوه‌ته‌وه، به‌ڵام به چاوخشاندنێک به ماڵپه‌ری دکتور عوسمانی‌دا بۆ خوێنه‌ر ده‌رده‌که‌وێ که دانان و بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کانی پێوه‌ندیدار به میرحوسێنی موسه‌وی، وێده‌چی که له‌مێژ بێ نوێنه‌ری شاری بۆکان به‌ ته‌مای پشتیوانی له ناوبراو بووبن. ئه‌وه‌ی که منی هاندا بۆ نووسینی ئه‌م بابه‌ته کورته به‌راوردێکی سه‌رپێی چۆنێتی هه‌ڵسووکه‌وتی گرووپێک له کورده‌کانی به ناو ئیسلاح‌خواز له ئێراندایه که جێی سرنج و وردبوونه‌وه‌یه‌.
نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه پێشتر له‌سه‌ر ده‌یه‌مین هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری له ئێراندا وتارێکم بڵاو کرده‌وه و به گشتی تێبینی و لێکدانه‌وه‌ی خۆم له‌سه‌ر نووسیوه، بۆیه پێویست نیه که زۆر شت لێره‌دا دووپات بکرێته‌وه. به‌گشتی هه‌ڵبژاردن و به‌شداریکردن یان به پێچه‌وانه‌که‌ی له لایه‌ن مرۆڤه‌وه کردارێکی سیاسی و ژیرمه‌ندانه‌یه بۆ ئه‌وانه‌ی به کاروباری سیاییه‌وه سه‌رقاڵن جێێ لێوردبوونه‌وه‌یه. هه‌ڵبژاردن، به تایبه‌ت بۆ ئێمه‌ی کورد، وه‌ک ده‌وره‌کانی رابردوو واتا و به‌رهه‌می تایبه‌ت به خۆی هه‌یه و به گشتی له‌ لایه‌نی جۆربه‌جۆره‌وه شی ده‌کرێته‌‌وه و په‌یامی خۆی به نه‌ته‌وه‌کانی نێو ئێران و ده‌سه‌ڵاتدارن و بگره جیهانی ده‌ره‌وه‌ش ده‌گه‌یه‌نێت. به باوه‌ڕی من هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره زیاتر له ده‌وره‌کانی پێشوو هه‌ستیاره و وڵاتانی ده‌ره‌و‌ه‌ش به دیققه‌ته‌وه ده‌ڕوانه هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی سه‌رۆک کۆماری له ئێران. ئه‌گه‌ر ئه‌م تێبینیه راست بێ، به واتایه‌کی دیکه به‌شداریکردن و نه‌کردنی کورد له هه‌ڵبژاردندا په‌یامێکی گرنگ به وڵاتانی ده‌ره‌وه به گشتی و ئه‌و وڵاتانه‌ی که به تایبه‌ت له رووی کێشه‌ی سیاسییه‌وه پێو‌ندی زیاتریان به ئێرانه‌وه هه‌یه، ده‌دات.
قه‌ده‌رێک پێش گرووپێکی دووسه‌د که‌سی له کورده‌کانی لایه‌نگری ره‌وتی به‌ناو ئیسلاح‌ته‌ڵه‌بی حکومی، دیدارێکیان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌ید موحه‌مه‌د خاتمی سه‌رۆک کۆماری پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێران و کاندیدای ئه‌م ده‌وره‌یه‌ش پێکهێنا که له‌وێدا له لایه‌ن کورده‌کان چه‌ند که‌سێک قسه‌یان کرد و له کۆتاییشدا موحه‌ممه‌د خاته‌می به نیسبه‌ت مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردن و سه‌رۆک کۆماری و کێشه‌و گرفته‌کانی به‌رده‌م خه‌ڵکی ئێران و…هتد قسه‌ی بۆ ئاماده‌بوان کردبوو. ئه‌وه‌ی جێگای سرنج بوو، ئاست، چه‌ند و چۆن و پانتای داواکانی قسه‌که‌رانی گرووپی کوردان بوو، که خاته‌می زۆر به زوویی به ده‌ست له کار کێشانه‌وه‌‌، ئاوی ساردی به‌سه‌ر ئه‌و نه‌خته داوایه‌ش داکرد که له لایه‌ن کورده‌کانی ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ هاتبوونه ئاراوه. به‌ڵام ئێستا وادیاره نه‌ک له ئاستی گرووپێکی رووناکبیری و رۆژنامه‌وانیی به‌ڵکوو نوێنه‌رانی مه‌جلیسی شوڕای ئیسلامیش وه‌خۆ که‌وتوون بۆ وه‌سه‌رخستنی موهه‌ندیس میرحوسێنی موسه‌وی!.
هه‌تا ئێستاکه نه‌‌ک ته‌نیا موهه‌‌ندیس موسه‌وی به‌ڵکوو هیچ کاندیدایه‌کی دیکه هیچ چه‌شنه ئاماژه‌یه‌کی فه‌رمی به بوونی کورد و بۆ کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک له پرۆگرامی کاری داهاتووی خۆیدا نه‌کردووه و به باوه‌ڕی من که‌سایه‌تی نێو لیستی ده‌رکه‌وته‌ی کاندیداکانی ئه‌م ده‌وره‌یه‌، هه‌ڵگری وه‌ها باوه‌ڕ و پرۆگرامێکیش نین و نابن، هه‌ڵبه‌ت به سرنج دان به رابردوویان. له‌به‌رامبه‌ریشدا هه‌تا ئێستاکه هیچ پێشنیار و داوایه‌کی کلاسه‌کراوم له لایه‌ن نوێنه‌رانی کوردی پاڕڵمانی ئێرانه‌وه نه‌بینیوه که وه‌ک به‌سته‌یه‌کی پێشنهادی به پالێوڕاوه‌کان و به‌دوای وه‌رگرتنی وڵامی ئه‌رێنی( وه‌ک کردار و مامڵه‌یه‌کی لۆژیکی سیاسی) بکه‌ونه پشتیوانیکردنی. له ماڵپه‌ڕی دکتور عوسمانی نوێنه‌ری خه‌ڵکی شاری بۆکان، له‌م باره‌یه‌وه هه‌تا نووسینی ئه‌م دێڕانه هیچ شتێک بڵاونه‌کراوه‌ته‌وه. ئه‌وه‌یکه لێره‌دا هه‌ندێک جێی‌لێخووربوونه‌وه‌یه شێوازی مامله‌ی نوێنه‌رانی کوردی مه‌جلیسی شورای ئیسلامی ئێران به نیسبه‌ت ده‌یه‌مین خوولی هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆمارییه که له‌م چه‌ند مانگه‌ی ڕابردوودا له لایه‌ن کورده‌کانه‌وه هاتو‌ه‌ته‌ئاراوه. دانیشتنی یه‌که‌می گرووپی کوردان له‌گه‌ڵ سه‌ید موحه‌مه‌د خاتمی و ئه‌مجاره‌ش پشتیوانی له میرحوسێنی موسه‌وی، هیچ یارمه‌تییه‌کی به هێنانه ئارای کێشه‌ی کورد له ئێراندا نه‌کردوه. هه‌رکه‌سێک ئازاده که هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا به‌شداری بکات یان به پێچه‌وانه‌که‌ی، به‌ڵام ته‌نیا تا ئه‌و کاته‌ی که وه‌ک تاکه‌ که‌س و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی یان بۆ پێشگیری له زیانی تاکه‌‌سی بێت. به‌ڵام کاتێک که‌س یان که‌سانێک خۆیان وه‌ک نوێنه‌ری گه‌لێک پێناسه ده‌که‌ن، چۆنێتی مامڵه کردن له‌گه‌ڵ ئه‌م موعادله‌یه گرانتر و قورستر ده‌نوێنێ. له ساناترین حاڵه‌تدا ده‌ڵێن نوێنه‌ری خه‌ڵکی فڵانه شار، که‌واته دکتور عوسمانی و هه‌موو نوێنه‌رانی به‌ڕێزی کوردی نێو مه‌جلیسی شورای ئیسلامی ئێران پێویسته نوێنه‌ری خه‌ڵک بمێننه‌وه نه‌ک هی کۆماری ئیسلامی ئێران و به‌رژه‌وه‌ندی نیزام، چوونکه نیزام له هه‌ر شارێک نوێنه‌ری خۆی به فراوانی هه‌یه. به واتایه‌کی دیکه هه‌موو دام و ده‌زگای سیاسی، ئیداری، ئه‌منییه‌تی و نیزامی حازر له هه‌ر شارێک نوێنه‌رایه‌تی کاروباری نیزام و ده‌وڵه‌ت ده‌که‌ن و به ڕواڵه‌ت نوێنه‌ری پاڕڵمان و شوراکانی شار و دێ تاکه نوێنه‌رانی خه‌ڵکن به‌رامبه‌ر به ده‌وڵه‌ت و نیزام. نوێنه‌رایه‌تی هه‌ر یه‌ک له به‌ڕێزانی کورد ته‌نیا بۆ هه‌ندێک که‌ل و په‌ل و پێداویستی سه‌ره‌تایی نیه، به‌رێز عوسمانی و هه‌موو هاوکارانی له مه‌جلیسدا، نوێنه‌ری ویست و داوای سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، کولتووری و ئابووری و …هتد گه‌لی کورد له مه‌جلیسی ئێراندان. به‌ وه‌ها تێگه‌شتنێک له بوونی نوێنه‌ر(ته‌نانه‌ت به له‌به‌ر چاوگرتنی هه‌موو که‌ند کۆسپه‌کانی سه‌ر ڕێی نوێنه‌ران و داخراوه‌یی نیزام) پێموایه که به‌شداریکردن یان پشتیوانیکردن له هه‌ر کاندیدایه نابێ به داکشانی ئاستی ویستی گه‌لی کورد یان ونکردن یا شێواندی پێشینه‌ی داوا و که‌م و که‌یفی مافی ڕه‌وای گه‌لی کورد له ئێران بگات.
به چاوخشاندن و به‌راوردێک له نیوان به‌یانییه‌ی بڵاوکراوه‌ی ” دفتر تحیکم وحدت”  و ئه‌وه‌یکه له لایه‌ن کورده‌کانه‌وه هاتوه‌ته ئاراوه، پێموایه که داوا و ناوه‌ڕۆکی راگه‌یه‌ندراوی ده‌فته‌ری ته‌حکیمی وه‌حده‌تی زیاتر له داخواز و ویستی گه‌لی کورد نیزیکه هه‌تا هی نوێنه‌رانی گه‌لی کورد له ئێران. به باوه‌ڕی من هه‌ڵوێستی ده‌فته‌ری ته‌حکیم سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماری له ئێراندا ‌زیاتر ده‌توانێ هاپێوه‌ندی و یه‌کێتی(وه‌حده‌ت) نێوان خه‌ڵکی کورد و رێکخراوه‌که‌ی بخوڵقێنێت هه‌تا نوێنه‌رانی کورد له مه‌جلیسی شورای ئیسلامی ئێراندا.
باسکردن له دابه‌شکردنی ده‌سته‌ڵات، دێسانتڕالکردنی ده‌سته‌ڵات و سیسته‌می فیدڕاڵی، لابردنی یاساگه‌لێک له یاسای بنچینه‌یی ئێراندا که بوونه‌ته هۆی پیکهاتنی جیاوازی و نابه‌رابه‌ری، خوێندن به زمانی زگماکی، نه‌هێشتنی سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی، لابردنی نیگای ئه‌منییه‌تی له‌سه‌ر ئیتنیک و مه‌زه‌به‌کانی دیکه، ئازادی حیزب و رێکخراوه‌ و NGO کان، پێداچوونه‌وه به دابه‌شکاری هه‌نووکه‌یی ئوستان‌‌کان و داڕژتنه‌وه‌ی ئێران له‌سه‌ر ئه‌ساسی ئه‌یاله‌ته و به له‌به‌ر چاوگرتنی تایبه‌تمه‌ندی ئیتنیکی و مه‌زه‌بی، دروستکردنی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئامریکا له‌سه‌ر ئه‌ساسی به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵک، یه‌کلایی کردنه‌وه‌ی په‌روه‌ندی ناوه‌کی ئێران به قازانجی خه‌ڵک،….هتد و  زۆر داوا و رێکار و پێشنیار که له به‌یاننامه‌ی ده‌فته‌ری ته‌حکیمی وه‌حده‌ت هاتوونه‌ته ئاراوه.
دیاره له نێوان به‌رپرسایه‌تی رێکخراوێکی خوێندکاری و نوێنه‌رایه‌تی پاڕڵمان جیاوازی هه‌یه، نوێنه‌رانی پاڕڵمان بۆخۆیان یاسادانه‌ر‌ن و ده‌توانن رۆڵی خۆیان له پێکهێنانی گۆرانکاریدا بگێڕن زۆر زیاتر له حیزب یان رێکخراوێک، بۆیه چاوه‌ڕوانی له‌ نوێنه‌رانی کورد ده‌کرێ زیاتر له خه‌ڵک نزیک ببنه‌وه و به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵک فیدای به‌رژه‌وه‌ندی نیزام نه‌که‌ن، چوونکه له ئه‌ساسدا ئه‌وان نێونه‌ری خه‌ڵکن.

کاوه ئاهه‌نگه‌ری
بانه‌مه‌ڕی 2709

——————————————

1-  نووسینی ئه‌م کورته نووسراوه‌یه به مانای پشتیوانی کردن یان ره‌دکردنه‌وه‌ی هیچکه‌س یان که‌سانێک و رێکخراوێکی‌تر نیه
2-  http://www.beyan.info/Direje.aspx?C=Hewal&J=161
3-  http://www.iranglobal.info/I-G.php?mid=2-50476

Previous
Next