Skip to Content

Friday, October 4th, 2024
پاسکیل…..شێرزاد هه‌ینی

پاسکیل…..شێرزاد هه‌ینی

Closed
by May 4, 2009 گشتی

پاسکیل

له‌و رۆژانه‌ ئه‌وه‌م خوێنده‌وه‌ که‌وا سه‌رۆک وه‌زیرانی ئێستای دانیمارک لارس لۆک راسموسینی ته‌مه‌ن 44 ساڵ بڕیاری داوه‌ ئه‌و هاوینه‌ به‌ سوار پاسکیلی له‌ دانیمارکه‌وه‌ بچێته‌ لای بورجه‌که‌ی ئیڤل، که‌ ده‌کاته‌ 1250 کیلۆمه‌تر، له‌وه‌ش شانسی هه‌یه‌ ره‌نگه‌ وه‌رزی هاوینی ئیمساڵی ئه‌وروپا زۆر خۆشیش بێت. دیاره‌ ئه‌و رێگاکه‌و کاروانه‌که‌ به‌ حه‌وت رۆژ ده‌بڕیت و له‌و کاروانه‌شدا کوڕه‌ ته‌مه‌ن‌ 19 ساڵییه‌که‌شی له‌گه‌ڵدایه‌، ئه‌و چالاکییه‌شی بۆ ئه‌نجامدانی پرۆژه‌یه‌که‌ بۆ کۆکردنه‌وه‌ی یارمه‌تی و کۆمه‌ک بۆ ئه‌و مناڵانه‌ی نه‌خۆشی کانسه‌ریان هه‌یه‌.
ئه‌و پیاوه‌ سه‌رۆکه‌ فێره‌ ئه‌و سوار پاسکیلییه‌‌ ده‌کات، ئه‌و که‌ زووتر وه‌زیری ته‌ندروستی و داراییش بووه‌ چه‌ند جاری تر ئه‌و کارانه‌ی کردووه‌و ئه‌و رێگا دووره‌ی بڕیوه‌، له‌و سه‌فه‌رانه‌شدا ژنه‌که‌شی به‌ ئوتومبێل هاوشانی بووه‌و له‌ هه‌موو پێویستییه‌کانی رێگاکه‌ هاوکاری کردووه.
که‌ من هه‌واڵه‌که‌م خوێنده‌وه‌، ئه‌وکیژه‌ جوانه‌م به‌بیر هاته‌وه‌ که‌ به‌ قه‌د سیحری گۆشه‌ی چاوه‌کانی شانازی به‌ باوکی ده‌هات، که‌وا دوو ساڵ پێشتر باوکی به‌ سواری پاسکیل له‌ شاری ستۆکهۆلمه‌وه‌ چووه‌ته‌ پاریس. ئه‌و وتبووی من باوکم رۆژنامه‌نووسه‌و ماوه‌یه‌کی زۆریشه‌ له‌ دایکم جیابوویته‌وه‌و له‌گه‌ڵ ژنێکی تر ده‌ژیت که‌ من نایناسم، به‌ڵام من به‌رده‌وام هه‌واڵه‌کانی باوکم ده‌زانم.
کیژه‌که ئه‌و رۆژه‌ دوو بۆنه‌ی خۆشی هه‌بووه، بۆیه‌ش زۆر جوانترو ته‌ڕترو کراوه‌تربوو، یه‌کێکیان باوکی له‌ رێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ پاریسه‌وه‌‌ له‌ شاره‌که‌مان بۆ دیتنی ئه‌و به‌ پاسکیله‌وه‌ لای دابوو، له‌ رۆژی بوونی ئه‌و کیژه‌ نازداره‌دا سه‌د کرۆنیشی پێشکه‌ش کردبوو، ئه‌و به‌و دیارییه‌و به‌ سه‌ڵامه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی باوکی دڵی خۆش بوو. بۆیه‌ش مژێکی له‌ جگه‌ره‌ باریکه‌که‌داو پێده‌که‌نی و ده‌یووت، بزانن باوکم چه‌ند ئازایه‌و چه‌ند وره‌ی به‌رزه‌، ئه‌و رێگا دووره‌ی به‌ پاسکیل بڕیوه‌، له‌و چالاکییه‌ دوورو درێژه‌دا منیشی له‌بیربووه‌و له رۆژی له‌ دایکبوونمدا دیاریشی پێشکه‌شکردم، ئه‌و ماچێکی له‌ ئاسمانه‌ روونه‌که‌ کردو پێزانینی بۆ ئازایه‌تی باوکی و بۆ دیارییه‌ سه‌د کرۆنه‌که‌شی نارد، که‌ پاره‌که‌ ده‌کاته‌ ته‌نها ده‌ دۆلارێک و به‌س، بۆ ئه‌و ته‌نها به‌شی یه‌ک قاوه‌ خواردنه‌وه‌ (فیکه)‌یه‌کی له‌ کافتیریایه‌ک ده‌کرد.
هه‌ر له‌و رۆژانه‌شدا له وڵاتاو له‌ رۆژی ژینگه‌ی کوردستانیش ده‌سته‌یه‌ک له‌ کارمه‌ندانی حکومه‌تی هه‌رێم، له‌وانه‌ وه‌زیرێکیشیان له‌ گه‌ڵدا بوو، بۆ چاوی کامیراو هه‌واڵی بایه‌خدان به‌ رۆژی ژینگه‌ سواری پاسکیل بوون، منیش دڵم خۆشه‌ که‌وا ئه‌و بیرو رامانه‌ هه‌یه‌و هیواشمان زۆره‌ سوار پاسکیلی بۆ هه‌موو لایه‌ک ئاسانکاریی زۆری بۆ سازبکرێت. دیاره‌ که‌وا ناتوانن وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیرانه‌که‌ی دانیمارک به‌ پاسکیل به ‌یه‌ک هه‌فته‌ بچنه‌ شاری سنه‌و بگه‌ڕینه‌وه‌.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.