
جه‌مال عه‌بدول – نووسه‌رو كه‌سایه‌تی سیاسیی:
جه‌مال عه‌بدول – نووسه‌رو كه‌سایه‌تی سیاسیی:
ئه‌گه‌ر هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاته‌كه سه‌ربه‌خۆ بوون وبه‌پێی ده‌ستوورو یاسا پارێزراوبوون ئه‌وكاته پێویست به‌دانان و پێكهێنانی ده‌زگای خاوێنی ناكات
دیمانه: ئاسۆ عوسمان – ستیڤان شهمزینانیجهمال عه‌بدول پارێزگای پێشووتری سلێمانی، وه‌زیری رۆشنبیریی پێشووتری ئیداره‌ی سلێمانی، یه‌كێكه له‌كه‌سایه‌تییه ناسراوه‌كانی ئیداره‌ی یه‌كه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وئیداره‌ی كۆنی سلێمانی، له‌رێگه‌ی ئه‌م دیمانه‌یه‌وه رایده‌گه‌یه‌نێت پێویسته هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مان ببێته هۆكاری كارابوونی په‌رله‌مانی كوردستان وكورتكردنه‌وه‌ی ده‌ستی حیزب له‌نێو ئه‌و دامه‌زراوه ده‌ستووریی ویاساییهدا، هاوكات رایده‌گه‌یه‌نێت پێویسته پارته‌كانی كوردستان به‌خۆیاندا بچنه‌وه‌و وقبووڵی ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات بكه‌ن، پاشان دێته سه‌ر باسی ئه‌گه‌ری كاركردنی له‌ده‌زگای خاوێنی وپێیوایه هێشتا له‌م زه‌مینه‌یه‌دا بواری كاركردن بۆ ئه‌و ده‌زگایه گران وقورس نییه، دواتر جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه تاكوو ئێستا هیچ لیست وقه‌واره‌یه‌ك داویان لێنه‌كردووه له‌گه‌ڵیان به‌شداریی بكات بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی باشووری كوردستان.
پرسیار:به‌گوێره‌ی بۆچوونی چاودێرانی رامیاریی، ئه‌مڕۆی بارودۆخی كوردستان به‌ره‌و ئاڵۆزیی وپشێوییهكی زۆر هه‌نگاو ده‌نێت، پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه له‌كاتی ئاڵۆزبوون وپشێویی زێتردا به‌تایبه‌ت له‌پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستاندا، چاره‌نووسی سیاسیی باشووری كوردستان به‌ره‌و كوێ ملده‌نێت؟ پێتوایه ئه‌و فه‌زا نائارامه ده‌بێته هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی سامناك له‌سه‌ر ئایندهی كورد وه‌ك میلله‌تێك؟.
جه‌مال عه‌بدول:به‌باوه‌ڕی من، زۆر ده‌مێكه كاتی ئه‌وه هاتووه كهحیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان به‌خۆیاندا بچنه‌وه‌و په‌ند له‌و هه‌موو ئه‌زموون ومهینهتیی وكاره‌ساتانه‌ی هه‌ژده ساڵی خۆ به‌ڕێوه‌بردن وه‌ربگرن وله‌جیاتی درێژه‌دان به‌ئه‌زموونی په‌رله‌مانێكی ئیفلیجكراوی دهسهڵاتپێنهدراو وبه‌فه‌رمانی حیزب به‌ڕێوه‌چوو، بابهبڕیارێكی بوێرانه‌ی سیاسیی و ره‌چاوكردنی ئه‌و بارودۆخه پڕ بێزراویی وناڕه‌زایی وبه‌ره‌و ئاڵۆزیی چووه‌ی كوردستان ولهروانگهی به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای نه‌ته‌وه‌و نیشتمان وهه‌ستكردن بهبهرپرسیی مێژووییه‌وه هه‌ڵقووڵاو وباوه‌ڕبوون بهدهسهڵاتگۆڕكێ "ده‌ستاوده‌ستی" دیمۆكراسییانهی ده‌سه‌ڵاته‌وه، واز لهپاوانكردنی نادیمۆكراسییانهی په‌رله‌مان وبوارنهدانی لیست وهزری جیاواز بهێنرێت وپێكهاته‌ی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مان، له‌م كاته ناسك وچارهنووسسازهدا، به‌خواست و ویستی هه‌مووان بێت وببێته هێزی گۆڕدران بۆ هه‌موو بواره‌كانی ژیان و وه‌رچه‌رخانێكی مێژوویی، له‌چاره‌نووس وره‌وتی سیاسیی باشووری كوردستان وهێنانه به‌رهه‌می په‌رله‌مانێكی دروست وبوێرو كارا‌و نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی گه‌ل وخاوه‌ن هه‌ڵوێست وبڕیار وده‌سه‌ڵات له‌گه‌ل وه‌رگرتوو "نه‌ك فه‌رمانی حیزب" كه‌ببێته مه‌یانی گفتوگۆ‌و مشتومڕی دیمۆكراسیی وشارستانییانهی لیست وهزری جیاواز، كه‌نیشانه‌ی باوه‌ڕبوونه به‌خۆو میلله‌ت ورێزگرتنی خواستی خه‌ڵك وپرس پێكردن وبه‌شداریی پێكردنێتی له‌به‌ڕێوه‌بردنی كاروبار ودیاریكردنی چاره‌نووسی خۆیدا!.
پرسیار:ئه‌مڕۆ له‌هه‌موو كات زیاتر باس لهفهرامۆشیی شاری سلێمانی ده‌كرێ، پرسیار ده‌كه‌م: فه‌رامۆشكردنی سلێمانی بۆ كه‌مته‌رخه‌میی ئیداره‌ی شار ده‌گه‌ڕێته‌وه یاخود پابه‌نده به‌هه‌ڵوێستێكی سیاسییه‌وه كه‌ده‌یه‌وێ سلێمانی بخاته په‌ڕاوێزه؟.جه‌مال عه‌بدول:هه‌رچه‌نده وه‌ڵامی ئه‌و پرسه، روون وئاشكرایه لای هه‌مووان، به‌ڵام من له‌و باوه‌ڕه‌دام، ئه‌گه‌ر رۆڵه‌كانی شار، خه‌مخۆرو دڵسۆزی شار‌و دانیشتووانی شار بن وبهئهمهك بن بۆیان، هه‌ڵوێستێكی سیاسیش هه‌بێت بۆ فه‌رامۆشكردن وپهڕاوێزخستنی "كه‌ئه‌وه‌نده‌ی دیاربێت له‌وه‌ناچێ هه‌بێت"، هیچ هێزێك ناتوانێت رێگربێت له‌پێشكه‌وتن وگه‌شه‌كردنی.
پرسیار:رۆشنبیران،رۆژنامه‌وانان،هونه‌رمه‌ندان،باس له‌كه‌موكوڕیی وگه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن له‌نێو وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی، با وا پرسیار بكه‌ین، گه‌نده‌ڵیی وكه‌موكوڕییه‌كانی وه‌زاره‌ت په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه كه‌سی شیاو له‌شوێنی شیاو نییه؟.
جه‌مال عه‌بدول:ئه‌و پرسه،له‌رۆشنبیران،رۆژنامه‌وانان، هونه‌رمه‌ندان بكه‌ن، منیش له‌ئێوه ده‌پرسم، ئاخۆ گه‌نده‌ڵی هه‌ر ئه‌وێی گرتۆنهوه؟! به‌ڕای من به‌نیسبه‌ت وه‌زاره‌تی رۆشنبیرییه‌وه، په‌یوه‌ندیی به"كه‌سی شیاو له‌شوێنی شیاو"ه‌وه نییه‌و بێگومان وه‌زیر كه‌سێكی شیاوه، به‌ڵام كام وه‌زیر ده‌توانێ به‌ویستی خۆی گۆڕانكاریی لهوهزارهتهكهیدا بكات وتائێستا كێ توانیوویه‌تی به‌رهه‌ڵستیی ئه‌و لافاوی گه‌نده‌ڵییه بكات ولهگهندهڵ بپرسێته‌وه؟!.
پرسیار:له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئێوه له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه دوو پۆستی باڵای حكومییتان هه‌بووه "پارێزگاری سلێمانی و وه‌زیری رۆشنبیریی"، به‌ڵام تائێستا به‌شێوه‌یه‌كی شه‌فافانه باستان له‌وه نه‌كردووه بۆچی له‌و پۆستانه وازتان هێناو دووره‌په‌رێزن تاوه‌كوو ئێستا؟.
جه‌مال عه‌بدول:دانان ولابردنی خه‌ڵك بۆ هه‌ر پۆستێك لای ئێمه، ره‌وت وشێوازێكی تایبه‌تیی خۆی هه‌بووه‌و هه‌یه، لاچوون ولابردنی منیش به‌شێكه له‌و ره‌وته‌و شتێكی ئه‌وتۆ نییه تاوه‌كوو به‌شێوه‌یه‌كی "شه‌فافانه" باسم نه‌كردبێ، گرنگ ئه‌وه‌یه له‌و كاتانه‌دا بارودۆخه سیاسیی وئابوورییهكهی كوردستان ئه‌وه‌نده سه‌خت وئاڵۆزو قات وقڕی بوو، كهزهمینهی خزمه‌تكردن بۆ كه‌س ساز نه‌بوو تاكوو مرۆڤ بتوانێ به‌خواستی خۆی خزمه‌ت بكات، ئه‌وه‌ی پێمكراو بواردرام كردم ودرێغیم نهكردو وه‌ك ئه‌رك وبه‌رپرسیی نه‌ته‌وه‌یی سه‌رشانم تادوا هه‌ناسه خزمه‌تكاری چه‌وساوه‌و ره‌شورووتی ئه‌و میلله‌ته‌م وهه‌رگیز دووره‌په‌رێز نه‌بووم ونابم.
پرسیار:ده‌زانین وبریاڕیشه ئه‌نجوومه‌نێكی پاكژیی "النزاهه" له‌كوردستان پێكبهێنرێت، ئێوه له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بۆ ئه‌و كاره ده‌ستنیشانكراون، پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئایا له‌م بارودۆخه نوێیه‌دا ئه‌و لیژنه‌یه چه‌ند ده‌توانێت رۆڵ بگێڕێت؟ ئایا لیژنه نه‌زاهه ده‌توانێ له‌زۆرترین كاربه‌ده‌ستی حكومیی وحیزبیی بپرسێته‌وه؟ ئایا لیژنه‌ی پاكژیی توانای هه‌یه له‌ژینگه‌یه‌كی وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه سه‌ركه‌وتن له‌كاره‌كانیدا به‌ده‌ستبهێنێ؟.
جه‌مال عه‌بدول:من له‌و باوه‌ڕه‌دام، ئه‌گه‌ر توانیمان هه‌ڵبژاردنێكی خاوێن وبهخواستی میلله‌ت بكه‌ین وپه‌رله‌مان وحكومه‌تێكی وه‌ك پێشتر باسمانكرد پێكبهێنرێت وهه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاته‌كه سه‌ربه‌خۆ بوون وبه‌پێی ده‌ستوورو یاسا پارێزراوبوون له‌ده‌ستتێوه‌ردانی تێكدهرو نابه‌رپرسانه‌ی حیزبه‌كان، هه‌ریه‌كه‌یان به‌رپرسانه‌و به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای گه‌ل ونه‌ته‌وه ره‌فتاری كرد، ئه‌وكاته پێویست به‌دانان وپێكهێنانی ده‌زگای خاوێنی ناكات وهه‌موو كه‌س ناچاره خاوێن وده‌ستپاك بێت وكاری تیابكات "موماره‌سه‌ی بكات"، ئه‌وه‌یش كارێكه بهههرهوهزو هاوكاریی له‌خۆبردوو ودڵسۆزانه‌ی هه‌مووان دێته‌دی وبهتهنیا بهدهزگاو ده‌سه‌ڵات وحكومه‌ت ولایه‌نێك نایه‌ته‌دی وكاری رۆژ ودوو رۆژ نییه، به‌ڵكو كار تیاكردن وكارپێكردنێكی دوورودرێژو به‌رده‌وامه. به‌دڵنیاییشه‌وه ده‌ڵێم، ده‌سته‌ی "یان ده‌زگای" خاوێنی ده‌توانێت "له‌ژینگه‌یه‌كی وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه سه‌ركه‌وتن له‌كاره‌كانیدا به‌ده‌ستبهێنێ" ئه‌گه‌ر دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌و ده‌زگایه، به‌راستیان بێت وله‌ناخه‌وه به‌زه‌ییان به‌بارودۆخی گه‌له‌كه‌یاندا بێته‌وه‌و هه‌موو لایه‌ن وده‌زگاو دامه‌زراوه ره‌سمیی ونارهسمیی وته‌نانه‌ت هه‌موو تاكه‌كه‌سێكی ئه‌م كۆمه‌ڵه، به‌رپرسانه به‌هی خۆیانی بزانن وهاوكاریی بكه‌ن وهه‌موو كه‌س ملكه‌چی یاسا‌و لێپرسینه‌وه‌و بێت بێ هیچ جیاوازیی ودهستهبژێریی وههڵاوێردنێك وكۆمه‌ڵه هه‌نگاوێكی ئاگربڕو زه‌مینه‌سازیی هه‌یه پێشه‌كی جێبه‌جێ بكرێت وئامانجی هه‌مووان پاراستنی سامانی میلله‌ت ورێگرتن بێت لهتاڵانكردن وبهفیڕۆدان وناپاكیی لێكردنی.
پرسیار:هه‌ندێك له‌چاودێران وشاره‌زایانی سیاسیی له‌و بڕوایه‌دان: هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره سه‌باره‌ت به‌داهاتووی سیاسیی وسیستمی ده‌سه‌ڵاتدارێتی له‌باشووری كوردستان زۆر ههستیارو چاره‌نووسساز ده‌بێت. به‌تێگه‌یشتنی ئێوه گرنگترین ئه‌و گۆڕان وئاڵوگۆڕانه چین ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ده‌یهێنێته ئاراوه، تاكو ئه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌و بڕوایه‌دان هه‌ڵبژاردنی داهاتووی كوردستان رووداوێكی دانسقه‌و مێژووییه؟.جه‌مال عه‌بدول:من له‌و باوه‌ڕه‌دام، ئه‌گه‌ر به‌گیانێكی كوردانه‌و به‌رپرسانه‌و دیمۆكراسییانهو له‌به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای نه‌ته‌وه‌و نیشتمانه‌وه بڕوانینه مه‌سه‌له‌كه‌و هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌مان، راستگۆیانه‌و خاوێن وئازادو دیمۆكراسییانه وكراوهو بێ فڕوفێڵ بێت، بێگومان په‌رله‌مانێكی دروست ونوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك وده‌سه‌ڵات له‌گه‌ل وه‌رگرتوو ده‌بێت وبه‌و پێیه‌ش حكومه‌تێكی خنجیله‌و ده دوانزه وه‌زیریی زانا‌و ته‌كنۆكرات وهه‌موو شت پاك ولهخهڵكی پسپۆر‌و دوور لهنیواونیو وبه‌شبه‌شێنه‌ی حیزب، بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئاشتی وئارامی وخۆشگوزه‌رانی ودادوهریی ویه‌كسانی له‌سایه‌ی ده‌ستوورو یاسا‌و رێزگرتنی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ ودووره گه‌نده‌ڵی ده‌بێت، كه‌بێگومان وه‌رچه‌رخانێكی مێژوویی ودانسقه ده‌بێت له‌سیستمی ده‌سه‌ڵاتدارێتی وفه‌رمانڕه‌وایی باشووری كوردستاندا، چونكه گه‌وهه‌ری ئه‌و گۆڕانكارییه سیاسییه‌ی دیموكراسی ده‌یهێنێته‌دی ئه‌وه‌یه: هه‌ڵبژاردن بكرێته سروشتی به‌شداریی ته‌واوی هێزه سیاسییه‌كان وگرۆو ده‌سته‌كانی تر لهبهرپرسییه نیشتمانییه‌كان وبڕیاردان وژیانی سیاسیداو بێ ئه‌وه، كه‌س ناتوانێت نوێنه‌رانی راسته‌قینه‌ی گه‌ل دیاری بكات.
پرسیار:پێتوانییه ئه‌گه‌ر هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵاتداری كوردستان بزانن لیستیهكانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان ده‌بنه هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیی بۆ سه‌ر ئه‌و مۆدیله‌ی ئه‌وان له‌فه‌رمانڕه‌وایی موماره‌سه‌یان كردووه، ئایا ئه‌وان به‌هه‌ڕه‌شه‌و په‌رچه‌كرداری توندوتیژانه وه‌ڵامی لیسته‌كان ناده‌نه‌وه؟ ئایا پێشبینی ئه‌وه ناكه‌یت ئه‌و دوو حیزبه سه‌ره‌كییه‌ی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی توندوتیژ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ لیسته نوێیه‌كان بكه‌ن؟.جه‌مال عه‌بدول:نه‌خێر، پێموانییه، هیچ نه‌بێ ئێستا‌و دوای ئه‌زموونی هه‌ژده ساڵی خۆبه‌ڕێوه‌بردن وئه‌و هه‌موو مه‌ینه‌تی وكاره‌ساتانه‌ی ململانێی نادروستی لایهنبازیی وپاوانكاریی ورووداوه تاڵه‌كانی ئه‌و رۆژگاره تاریك و ره‌شانه، به‌هه‌ڕه‌شه‌و په‌رچه‌كرداری توندوتیژانه وه‌ڵامی لیسته‌كان بده‌نه‌وه، بڵێی هێشتا نهگهییبنه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كهدیمۆكراسی، له‌كۆمه‌ڵێكی دروستدا به‌رهه‌م دێت وكاری پێده‌كرێت، بۆیه هه‌رگیز ناتوانین به‌ئومێدی ئایندهی دیمۆكراسی بین له‌كۆمه‌ڵی كورده‌واریماندا، بێئه‌وه‌ی خودی دیمۆكراسی بگۆڕین بۆ دۆزێكی میللی، واته بۆ بزاڤێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی فراوان كهلهسنووری ده‌سته‌بژێریی ده‌ربچێت، بۆیه هێنانه‌دی ئه‌و ئامانجه به‌رپرسییه‌كی مێژووییه له‌ئه‌ستۆی حیزبه زۆرینه كاربه‌ده‌سته‌كان وهه‌موو ئه‌و هێزو ته‌وژمه سیاسییانه‌ی به‌هاو چه‌مكه‌كانی دیمۆكراسی له‌ناو ده‌زگاو دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵی شارستانی وسیاسیدا وله‌ناو رێكخستن وتهوژمه سیاسیی وكۆمهڵایهتییهكانی ناو خێزان وقوتابخانه‌و زانستگا‌و ناوه‌نده‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌و كۆمه‌ڵه‌و یه‌كێتی ورێكخراوه هه‌مه‌جۆره‌كان وداموده‌زگا حكومه‌تی وناحكومه‌تییه‌كان و..تاد، ده‌چێنن، هه‌ر ده‌بێت كار بۆ دروستكردن وپهروهردهكردنی دیمۆكراسی بكه‌ین له‌ناو خه‌ڵك وكۆمهڵداو فێریان بكه‌ین چۆن كاری تێدا بكه‌ن "موماره‌سه‌ی بكه‌ن"و هانیان بده‌ین چۆن به‌شداریی بكه‌ن له‌هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد‌دا، كهبهرپرسییهكی گشتییه بۆ گه‌شه‌و پێشخستنی كرده‌ی دیمۆكراسی له‌باشووری كوردستاندا، به‌مه‌رجێك، شه‌فافییه‌ت هه‌بێ له‌حیزبه ده‌سه‌ڵاتدارو بێ دهسهڵاتهكانیشداو له‌گه‌ڵ میلله‌ت راستگۆ‌و راست رهفتاربن ورێزی رای گشتیی بگرن له‌هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ره‌كانیاندا، نه‌ك به‌ناچاركردنی خه‌ڵكی وپاساوی ئاڵۆزیی وترسناكی بارودۆخه سیاسییه‌كه، خه‌ڵكی ناشایسته‌یان به‌سه‌ردا بسه‌پێنین.
پرسیار:ئه‌گه‌ر داواتان لێبكرێت یه‌كێك له‌و پۆستانه‌ی پێشووتان وه‌ربگرنه‌وه، وه‌ڵامی ئێوه چی ده‌بێت؟.
جه‌مال عه‌بدول:ئه‌گه‌ر له‌سایه‌ی راستگۆیانه‌ی ده‌ستوورو سه‌روه‌ریی یاسا‌و په‌رله‌مان وحكومه‌تێكی خاوێن وكارا وئازاد هه‌ڵبژێردراو وسه‌ربه‌خۆ وخاوه‌ن ده‌سه‌ڵات وبه‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی ههڵسووڕاودا بێت، به‌شانازییه‌وه تادوا هه‌ناسه خزمه‌تكاریی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی چه‌وساوه‌و زه‌حمه‌تكێش ورهشورووتی كوردستان ده‌كه‌م.
پرسیار:بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان هیچ لیست ولایه‌نێك داوایان لێنه‌كردوویت به‌شداربیت له‌گه‌ڵیاندا؟.
جه‌مال عه‌بدول:له‌په‌رله‌مانێكی نوێباو ودروست وخاوه‌ن بڕیار‌و كارا‌و نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكدا نه‌بێت، كهنهخشێكی جیاواز‌و دوور لهپاوانكاریی وده‌ست به‌سه‌راگرتن بێت وببێته بنه‌مای گۆڕانی هه‌موو بواره‌كانی ژیانی تاك وكۆمه‌ڵ ورێزگرتنی یاسا‌و بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ، به‌شداریی ناكه‌م ونه‌خێر تائێستا هیچ لیست ولایه‌نێك داوایان لێنه‌كردووم له‌گه‌ڵیاندا به‌شداربم!.
پرسیار:له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی ئێستا به‌ڕێوه‌یه وه‌ك خۆت ده‌نگ به‌كام لیست ده‌ده‌یت، كام لیست به‌شایسته ده‌زانیت ده‌نگی خۆتی پێبده‌یت؟.
جه‌مال عه‌بدول: ئه‌و وه‌ڵامه داده‌نێین بۆ كاتی خۆی!.