هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌ركۆماری ده‌رفه‌تێك بۆ هێنانه ئارای داخوازییه‌كان
هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌ركۆماری ده‌رفه‌تێك بۆ هێنانه ئارای داخوازییه‌كان
حه‌سه‌ن شێخانی
هه‌ڵبژاردنه‌كان له ئێران‌دا له‌گه‌ڵ واتای باوی ئه‌م چه‌مكه له وڵاتانی دێموكراتیكدا جیاوازی هه‌یه. له راستیدا هه‌ڵبژاردن پڕۆسه‌یه‌كی ئاشتیخوازانه‌ی گواستنه‌وه‌و جێگۆڕكێی ده‌سه‌ڵاته كه له سه‌ر چۆنیه‌تی بڕیاردانی حكوومه‌ت كاریگه‌ری به‌رچاوی هه‌یه. به‌ڵام له ئێران‌دا به هۆی سترۆكتۆری ده‌سه‌ڵات و هاوكێشه‌كانی نێو سیستمی سیاسی، هه‌ڵبژاردنه‌كان و به‌تایبه‌ت هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌ركۆماری ره‌وشێكی تایبه‌تی هه‌یه. پێكهاته‌ی ده‌سه‌ڵات به شێوه‌یه‌ك داڕێژراوه كه سهركۆمار ده‌سه‌ڵاتێكی ئه‌وتۆی نیه. له به‌ر ئه‌وه بوو كه محه‌ممه‌د خاته‌می سه‌ركۆماری پێشوو رایده‌گه‌یاند كه ئه‌و له "تداركاتچی"یه‌كه‌ی نووسینگه‌ی وه‌لی فه‌قیه زیاتر نیه. پێویستی وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی دۆخی هه‌ڵبژاردنه‌كان له ئێران‌دا له‌وه‌دایه كه بزانرێ چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌م دیارده‌یه مامه‌ڵه بكرێ؟ گه‌لۆ ده‌كرێ له هه‌ڵبژاردنه‌كان وه‌ك ده‌رفه‌تێك بۆ خستنه رووی داخوازییه‌كان، به‌رۆژه‌ڤ كردنی پرسی كورد‌و له ئاكامدا رێگه خۆشكردن بۆ جێبه‌جێ بوونی به‌شێك له خواسته‌كانی كوردی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه‌ڵك لێ وه‌ربگیردرێ؟
به سه‌رنجدان به یاسای بنه‌ڕه‌تیی ئێران خواسته‌كانی كورد به دوو به‌ش دابه‌ش ده‌كرێن: 1) به‌شێك له خواسته‌كان له‌و یاسایه‌دا پێشبینی كراون به‌ڵام تا هه‌نووكه‌ش پراكتیزه نه‌كراون. وه‌كوو مادده‌ی 15ی یاسای بنه‌ڕه‌تی كه "كه‌ڵك وه‌رگرتن له زمانه لۆكاڵییه‌كان (زمانه بنده‌سته‌كان) و خوێندن به‌وانی له قوتابخانه‌كان له پاڵ زمانی فارسی‌دا ئازاد كردوه" یان مادده‌ی 19 كه به روونی باس له سوودمه‌ند بوون له مافی وه‌ك یه‌ك بۆ هه‌موو خه‌ڵكی ئێران (له هه‌ر گه‌ل و خێڵ یا هه‌ر ره‌نگ و ره‌گه‌زو زمانێك) ده‌كا. هه‌روه‌ها ماده‌ی بیست و شه‌شه‌م كه ئاماژه به ئازادیی پێكهێنانی حیزب، كۆڕ‌و ئه‌نجومه‌ن، NGOگه‌لی مه‌ده‌نی و سینفی و به‌شداری ئازادانه‌ی تاك له‌واندا ده‌كا. هێندێك مه‌سه‌له‌ش هه‌ن كه یاسای بنه‌ڕه‌تی قه‌ده‌غه‌ی نه‌كردوون به‌ڵام وه‌كوو نه‌ریتێكی سیاسی نه‌نووسراو له ته‌واوی ته‌مه‌نی كۆماری ئیسلامی‌دا به‌كار براون. له‌وانه كه‌ڵك وه‌رنه‌گرتن له بژارده سیاسی ـ به‌ڕێوه‌به‌رییه‌كانی كورد یا سوننییه‌كان له ئاسته به‌رزه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رێتیدا، وه‌كوو وه‌زاره‌ت، جێگری سهركۆمار یا سه‌رۆكایه‌تیی رێكخراوه‌كانی به فه‌رمانی سه‌ركۆماری. ئه‌وه‌ش به راشكاوی پێشێل كردنی مادده‌كانی 124، 133و 135ی یاسای بنه‌ڕه‌تییه.
2) ئه‌و داخوازییانه‌ی كه وه‌دیهاتنیان گرێدراوی گۆڕینی یاسای بنه‌ڕتییه. به سه‌رنجدان به‌وه كه چۆنیه‌تیی پێداچوونه‌وه‌و گۆڕینی یاسای بنه‌ڕه‌تی له مادده‌ی 177ی ئه‌م یاسایه‌دا پێشبینی كرواه، به‌م پێیه وه‌دیهاتنی زۆربه‌ی مافه‌كانی نه‌ته‌وه بن-ده‌سته‌كان گرێدراوی ئه‌و پرسه‌یه. وه‌كوو گۆڕینی مه‌رجه‌كانی پاڵێوراوانی سه‌ركۆماری به چه‌شنێك كه كه‌سانی غه‌یره شیعه‌و ژنانیش بتوانن خۆیان بۆ ئه‌و پۆسته كاندیدا بكه‌ن. یا ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه پێوه‌ندییان به سترۆكتۆری به‌ڕێوه‌به‌ریی سیاسیی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كانه‌وه هه‌یه كه ده‌تواندرێ له چوارچێوه‌ی چه‌مك گه‌لێكی وه‌ك ئۆتۆنۆمی یا فیدرالیزمدا تاوتوێ بكرێ. هه‌روه‌ها ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه له یاسای بنه‌ڕه‌تیدا به شێوه‌یه‌كی لاواز‌و ناته‌واو ئاماژه‌یان پێكراوه. له‌وانه مادده‌ی 15 كه ته‌نیا زمانی فارسی وه‌ك زمانی فه‌رمی له‌قه‌ڵه‌م داوه. ئه‌وه له حاڵێكدایه كه له وڵاتانی فره‌نه‌ته‌وه‌و فرهزماندا هیچ رێگرییه‌ك بۆ كه‌ڵك وه‌رگرتن له چه‌ند زمانی ره‌سمی نیه‌و له بنه‌ڕه‌تدا بۆیه ده‌بێ ئه‌م مادده‌یه ده‌ستكاری بكرێ.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و واقیعه سیاسییه‌ی ئێران كه له سه‌ره‌وه ئاماژه‌ی پێكرا به‌شێكی زۆر له بژارده‌كانی كورد ده‌یانه‌وێ وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی شوناسیی سهربهخۆو له گۆشه نیگای خواسته‌كانی تایبه‌تی كورده‌وه له مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان بڕوانن و به ئاوایه‌كی پلانمهندو مه‌رجدار له‌گه‌ڵ ئه‌م دیارده‌یه مامه‌ڵه بكه‌ن.
له به‌ره‌به‌ری ده‌یه‌مین خولی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌ركۆماری له ئێران‌دا، چه‌ندین داخویانی له لایه‌ن چالاكانی سیاسی، كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه بڵاوكرانهوهو به شێوه‌یه‌كی گشتی له هه‌ر كامیاندا راستینه‌ی فره‌چه‌شن بوونی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانیان وه‌بیر هێناوه‌ته‌وه‌و له پێناو نه‌هێشتنی به‌شخوراویی و سته‌مێك كه به نیسبه‌ت نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كان ده‌كرێ ئاماژه‌یان به به‌شێك له خواسته‌كانی كورد كردوه. ئه‌وان به‌م چه‌شنه ویستوویانه به دانانی هێندێك رێچكه له بواره جۆراوجۆره‌كاندا به ئاوایه‌كی ئه‌كتیڤتر ده‌ر بكه‌ون و چه‌شنێك یه‌كگرتوویی و هاوئاهه‌نگی له نێوان چالاكانی سه‌ربه‌خۆ بۆ كارتێكه‌ری زیاتر له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بێنه ئاراوه. له‌و راگهیاندراوانهدا حكوومه‌تی ناوه‌ندی ئاگادار كراوه‌ته‌وه كه ئه‌گه‌ر پاڵێوراوانی سه‌ركۆماری ناحه‌قی و زوڵمێك كه به‌رانبه‌ر كوردان ده‌كرێ به فه‌رمی نه‌ناسن و بۆ قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی، رێكاری گونجاو پێشكه‌ش نه‌كه‌ن ناتوانن به پانتومیمی پڕۆپاگه‌نده‌یی چاوه‌ڕوانی به‌شداری به‌ربڵاوی خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بن.
هه‌رچه‌ند له خوله‌كانی پێشووشدا جووڵه‌ی له‌م چه‌شنه به‌دی ده‌كرا، بۆ نموونه ریفۆرمخوازانی كورد له هه‌ڵبژاردنه‌كانی خولی پێشووی سهركۆماریدا داخوازینامهیهكی 15 خاڵییان نووسی و به قبووڵ كردنی له لایه‌ن موسته‌فا موعینهوه (پاڵێوراوی ریفۆرمخوازانی پێشڕه‌و) پشتیوانیان له ناوبراو كرد. به‌ڵام چالاكییه‌كانی ئه‌مجاره رهههندو ئاستێكی بهربڵاوترو به‌رزتری به‌خۆیه‌وه گرتووه. بۆیه گرینگییه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌و ده‌كرێ به یه‌كێك له هێماكانی ده‌ستپێكی پڕۆسه‌ی خه‌باتی لێگاڵ له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌قه‌ڵه‌م بدرێ. به خوێندنه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و به‌یاننامانه‌ی تا هه‌نووكه بڵاو كراونه‌وه ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ش شایانی ئاماژه و گرینگی پێدانن:
1) پێویسته چالاكانی بواری لێگاڵ و گرووپ و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به هاوئاهه‌نگی و یه‌كگرتوویی زیاتره‌وه داخوازییه‌كانیان بێنه ئاراوه. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن پتانسیه‌لی كورده‌كانی رۆژهه‌ڵات ئه‌كتیڤ و كانالیزه بكه‌ن و به ئاوایه‌كی كاریگه‌ر له هه‌مبه‌ر ناوه‌ند ده‌ربكه‌ون. بێ گومان تا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه نه‌یه‌ته ئاراوه ئه‌م جموجۆڵانه ناتوانن خاوه‌ن قورساییه‌كی ئه‌وتۆ بن كه ده‌سه‌ڵات به چۆك دابێنن.
2) هێندێك له چالاكانی مه‌ده‌نی و گرووپه لێگاڵهكان، له دۆزی كورد وه‌ك پرسێكی ئیتنیكیی قووڵ ناڕوانن و به‌رنامه‌یه‌كی چڕوپڕیشیان بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م پرسه پێ نیه. داخوازییه‌كان به شێوه‌یه‌كی گشتی دێنه ئارا‌و چوارچێوه‌یه‌كی پێناسهكراوو دیاریكراوی مافناسییان نیه. هێندێك جار داخوازی كوردان بۆ چه‌مكی "مافه‌كانی شارۆمه‌ندی" كه‌م ده‌كرێته‌وه. پڕ ئاشكرایه كه چه‌مكی ناوبراو ته‌نیا مافه‌كانی ئێمه وه‌ك تاك ده‌سته‌به‌ر ده‌كا به‌ڵام پرسی كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی بنده‌ست چاره‌سه‌ر ناكا.
3) به‌كار بردنی چه‌مكگه‌لێكی وه‌كوو "نه‌ته‌وه‌ی ئێران" و "كه‌مه نه‌ته‌وه‌ی كورد" له ئه‌ده‌بیات و گوتاری به‌شێك له‌و به‌یاننامه‌و راگهیاندراوانهدا نیشانده‌ری نزمی ئاستی هوشیاریی نه‌ته‌وه‌یی به‌شێك له بژارده‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه. هه‌ر دوو چه‌مكی باسكرا‌و له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی‌دا خاوه‌ن واتایه‌كی دیاریكراون. ئێران وڵاتێكی فره‌نه‌ته‌وه‌یه‌و به‌كاربردنی ده‌سته‌واژه‌ی "نه‌ته‌وه‌ی ئێران" له جێ‌دا هه‌ڵه‌یه. له لایه‌كی دیكه كورد "كه‌مه نه‌ته‌وه" نیه‌و كورده‌كانی رۆژهه‌ڵات خاوه‌ن جوگرافیایه‌كی دیاریكراو‌و حه‌شیمه‌تێكی زیاتر له 10 میلیۆن كه‌سین.
پێویستی ئاماژه كردن به‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه له‌وه‌دایه كه گفتگۆیه‌كی ره‌خنه‌گرانه له‌گه‌ڵ گۆڕه‌پانی خه‌باتی لێگاڵ بێته ئاراوه. بۆ ئه‌وه‌ی چالاكانی ئه‌م بواره به له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌و خاڵانه باشتر بتوانن له پێناو پرسی نه‌ته‌وه‌ییدا چالاكی بنوێنن.
تا هه‌نووكه هیچكام له پاڵێوراوانی سه‌ركۆماری بێجگه له پانتومیمی پڕۆپاگه‌نده‌یی، ددانیان به‌و زوڵمه‌دا نه‌ناوه كه ده‌رهه‌ق به كوردان ده‌كرێ. بۆ نموونه مه‌هدی كه‌ڕڕوبی یه‌كێك له پاڵێوراوانی ریفۆرمخوازان گوتوویه‌تی كه "به‌ڵێنی ناده‌م به‌ڵام ئه‌گه‌ر بتوانم له بژاردنه‌كانی خۆجێیی كه‌ڵك وه‌رده‌گرم". ئه‌م وته‌یه ده‌شێت نیشانده‌ری راستوێژیی ناوبراو بێ، چونكه ئه‌گه‌ر له داهاتوودا پاڵێوراوێك بۆ نه‌هێشتنی سته‌م و بێعه‌داڵه‌تیی ئارایی هێندێك به‌ڵێنیش بدا گه‌ره‌نتییه‌كی ئه‌وتۆی بۆ جێبه‌جێ كردنی ئه‌و به‌ڵێنانه له ئارادا نیه. به‌تایبه‌ت كه له سیستمی سیاسیی ئێران‌دا سهركۆمار ده‌سه‌ڵاتێكی ئه‌وتۆ نیه‌و به پێی یاسا به‌شێكی زۆری ده‌سه‌ڵاته‌كان له ده‌ستی وه‌لی فه‌قیهی "مادام العمر"دا مۆنۆپۆل كراوه. له لایه‌كی دیكه‌ش به‌شێكی سه‌ره‌كیی مافه‌كانی نه‌ته‌وه بن¬ده‌سته‌كان له یاسای بنه‌ڕه‌تیدا نه‌گونجێندراون و سه‌ركۆماریش ئه‌وپه‌ڕه‌كه‌ی ده‌توانێ جێبه‌جێكه‌ری ئه‌م یاسایه بێ. به‌م پێیه ئاكامی هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌ر چییه‌ك بێ له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رج و بڕیاره‌كانی هه‌نووكه‌یی حكوومه‌تی ناوه‌ندی به‌تایبه‌ت به نیسبه‌ت دۆزی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كان جیاوازییه‌كی زۆری نابێ.
ئه‌نجام:
هه‌رچه‌ند له سه‌رده‌می مه‌حموودی ئهحمهدینژاددا هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌ره‌وه‌ی یاسا له‌گه‌ڵ چالاكانی مه‌ده‌نی، سیاسی، بزووتنه‌وه‌ی ژنان و خوێندكاری و رۆژنامه‌نووسان زیاتر په‌ره‌ی سه‌ندوه. كه‌مته‌رخه‌می به نیسبه‌ت حوكمی زیندانه درێژماوهكان، له سێداره‌دان و ته‌نانه‌ت مه‌رگی گوماناوی له زیندانه‌كاندا زیاتر بووه. به‌گشتی له ژێر سایه‌ی باڵی كۆنسێرتیڤ و ئه‌و سیاسه‌ته تۆقێنهرو نادێموكراتیكهی ئهحمهدینژادو كابینه‌كه‌ی پێڕه‌وی ده‌كه‌ن ده‌رفه‌تی كار‌و چالاكیی مه‌ده‌نی و لێگاڵ له به‌رده‌م هه‌موو نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كان و ته‌نانه‌ت باڵی ریفۆرمخوازیش زۆر به‌رته‌سك بۆته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ش به‌و مانایه نیه كه ته‌نیا به لۆژیكی "له نێوان خراپ و خراپتردا ده‌نگ به خراپ بده‌ین" و به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ین. به‌ڵكوو پێویسته رێكار‌و هه‌ڵویستێك له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا بگیرێته به‌ر كه قورساییه‌كی واتادارو كاریگه‌رییه‌كی به‌رچاوی هه‌بێ. نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كان و له‌م نێوه‌شدا كورده‌كانی رۆژهه‌ڵات ده‌توانن به ئاوایه‌كی ئه‌كتیڤ له‌گه‌ڵ ئه‌م دیارده مامه‌ڵه بكه‌ن و داخوازییه‌كانیان له فۆرمێكی پێناسهكراوو دیاریكراوی مافناسیدا بخه‌نه روو. یه‌كه‌م: خوازیاری جێبه‌جێ كردنی دروست و بێ جیاوازی یاسای بنه‌ڕتیی هه‌نووكه‌یی بن كه هێندێك مادده‌ی (هه‌رچه‌ند به شێوه‌یه‌كی ناته‌واویش بێ) سه‌باره‌ت به مافی نه‌ته‌وه بهشخواروهكان له‌خۆ گرتوه. دووه‌م: پێداچوونه‌وه به یاسای بنه‌ڕه‌تی له سه‌ره‌وه‌ی لیستی داخوازییه‌كانیان باوێژن. چونكه به‌شێكی زۆری مافه‌كان له یاسای بنه‌ڕه‌تیدا نه‌گونجێندراون. ئه‌م یاسایه شوناسی نه‌ته‌وه سته‌م لێكراوه‌كان ته‌نیا وه‌ك "كه‌مه نه‌ته‌وه" كه ده‌سته‌واژه‌یه‌كی كولتوورییه به فه‌رمی ده‌ناسێ. به‌م پێیه شوناسی نه‌ته‌وه‌یی كورد كه پێشمه‌رجی مافه‌كانی سیاسی و سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌ییه حاشای لێ ده‌كرێ و له بنه‌ڕه‌تدا جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ به‌عسیزم و كه‌مالیزمدا نیه.
به له‌به‌رچاو گرتنی كه‌موكوڕییه‌كانی ته‌ڤگه‌ری لێگاڵ و ئیلێگاڵ و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌میان، تا راده‌یه‌ك ده‌توانرێ له هه‌ڵبژاردنه‌كان وه‌ك ئامرازێك بۆ به‌رۆژه‌ڤ كردنی پرسی كورد، رێكخستنی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه له پێناو خواسته‌كانیان و بردنه سه‌ری ئاستی هوشیاری نه‌ته‌وه‌یی خه‌ڵك كه‌ڵكی لێ وه‌ربگیردرێ. هه‌ر تهڤگهرێك كاتێك ده‌توانێ په‌ره بستێنێ كه له هه‌موو ده‌رفه‌ته‌كان بۆ باسكردنی خواسته‌كان و جێبه‌جێ كردنیان كه‌ڵك وه‌ربگرێ، ته‌نانه‌ت بچووكترین ده‌رفه‌تیش له‌م پێناوه‌دا له كیس نه‌دا.
هه‌رچه‌ند ماوه‌یه‌كی زۆر تا به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌ركۆماری نه‌ماوه به‌ڵام ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له راگه‌یاندنه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی كورددا به شێوه‌یه‌كی ئه‌وتۆ ره‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه تا له رێگه‌ی پڕۆگرامگهلێكی رۆشنگه‌رانه‌وه خه‌ڵك بۆ وه‌رگرتنی هه‌ڵوێستی كاریگه‌ر موبیلیزه بكه‌ن. ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه كه هه‌وڵێكی جیددی بۆ كه‌ڵك وه‌رگرتن له ده‌رفه‌ته‌كان (ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تێكی بچو‌وكیش) له ئارادا نیه.