Skip to Content

Sunday, September 8th, 2024
كولتوری هه‌ڕه‌شه‌كردن، كولتوری ژیاندۆستی

كولتوری هه‌ڕه‌شه‌كردن، كولتوری ژیاندۆستی

Closed
by May 8, 2009 گشتی

كولتوری هه‌ڕه‌شه‌كردن، كولتوری ژیاندۆستی
ئاسۆ جه‌بار

هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌میدیای ئازاد‌و هه‌ر گروپێكی جیاواز‌و سه‌ربه‌خۆ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات‌و به‌رپرسه‌ عه‌نته‌ره‌كانی حیزب‌و حكومه‌ته‌وه‌ له‌و شعوره‌ دیكتاتۆری‌و سته‌مكارییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت كه‌ ده‌یه‌وێت یه‌كڕیزی‌و یه‌كپارچه‌یی بخاته‌ خزمه‌تی خه‌ونی گه‌وره‌ی سته‌مكاری‌و ده‌ره‌به‌گخوازی‌و داگیركردن‌و خواردنی دنیا.
ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی پێیوایه‌ یاسا چه‌كێكی كوشنده‌یه‌ بۆ خه‌فه‌كردنی میدیای ئازاد‌و ره‌خنه‌‌و دنیابینییه‌ جیاوازه‌كان، بێگومان بێخه‌به‌ره‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی ده‌یانه‌وێت زه‌بری كوشنده‌ بده‌ن له‌میدیای ئازاد به‌ر له‌هه‌رشتێك زه‌برێكی كوشنده‌تر ده‌ده‌ن له‌خۆیان، چونكه‌ ئه‌گه‌ر سه‌د ساڵ هه‌ڵپه‌ركێ‌ بۆ دنیا په‌خش بكه‌ن ناتوانن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵتی‌و رایگشتی چه‌واشه‌بكه‌ن، پێكڕا ئه‌وانه‌ی ده‌بنه‌ كوشنده‌یه‌كی راسته‌قینه‌ بۆ كوشتنی میدیای ئازاد وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی هه‌مه‌جی‌و پۆلیسی‌و سته‌مكار له‌راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی مافی مرۆڤ‌و مافی رۆژنامه‌نوسان‌و راپۆرتی جیهانی له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی‌و ناعه‌داله‌تی تۆمار ده‌كرێن.
كولتوری ژیاندۆستی
به‌ڵام كولتوری ژیاندۆستی، هێزێكه‌ بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندیی شارستانی‌و فه‌رهه‌نگی له‌نێوان گروپ‌و روانین‌و دنیابینییه‌ جیاوازه‌كاندا، پێكڕا ئه‌م كولتوره‌ به‌رهه‌مهێنه‌ری دیالۆگ‌و هێشتنه‌وه‌ی جیاوازییه‌كانه‌ له‌نێوان گفتوگۆ‌و سه‌ربه‌خۆییدا، له‌نێوان رێز‌و یه‌كتر قبوڵكردندا، به‌ڵام كولتوری ژیاندۆستی به‌بێ‌ كۆمه‌ڵێك پرینسیپی گرنگ‌و متمانه‌ی شارستانی‌و فه‌رهه‌نگی نێوان ئینسانه‌كان وه‌ك دروشمێكی به‌تاڵ ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌و پرینسیپانه‌ش بریتین له‌سه‌روه‌ری یاسا‌و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و فه‌رهه‌نگی‌و كولتوری كراوه‌‌و شه‌فاف، كاڵبونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی داخراوی ترادسیۆنی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و روانین‌و دنیابینییه‌ كوشنده‌‌و توندڕه‌وه‌كان‌و حسابكردن بۆ سه‌روه‌ری ئینسان وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی شارستانی‌و فه‌رهه‌نگی‌و به‌شدار له‌كایه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی‌و فه‌رهه‌نگی‌و ئابوورییه‌كاندا.
به‌بێ‌ كولتوری ژیاندۆستی‌و سه‌روری یاسا‌و دادگاكان‌و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و رێزگرتنی له‌مافی شارستانی‌و حسابكردن بۆ رایگشتی‌و رێزگرتن له‌ئازادی راده‌ربڕین‌و ئازادی گروپ‌و پێكهاته‌ فه‌رهه‌نگی‌و رۆشنبیرییه‌كان، مه‌حاڵه‌ باس له‌دیموكراسی‌و ژیانێكی شارستانی شیاو بكه‌ین بۆ كۆمه‌ڵگه‌‌و تاكه‌كه‌س، وه‌كچۆن دیكتاتۆر‌و سته‌مكار‌و ده‌سه‌ڵاته‌ هه‌مه‌جییه‌كان بۆ داپڵۆسین‌و سه‌ركوتكردنی ئینسان پێویستیان به‌ كولتوری سته‌مكاری‌و هه‌ڕه‌شه‌كردن‌و مه‌رگدۆستییه‌، هاوكات كولتوری ژیاندۆستیش وه‌ستاوه‌ له‌سه‌ر چه‌سپاندنی یاسایه‌ك كه‌ توانای قبوڵكردنی جیاوازی‌و ستاندارده‌ جیهانییه‌كانی مافی مرۆڤ‌و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و تاكه‌كه‌سی هه‌بێت.
یه‌كێك له‌و میراته‌ گه‌ورانه‌ی كه‌ له‌دیكتاتۆره‌ گه‌وره‌كان به‌جێده‌مێنێ كولتوری هه‌ڕه‌شه‌كردن‌و بێده‌نگكردنه‌، ده‌سه‌ڵاته‌ سته‌مكاره‌كان به‌رله‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ كۆنترۆڵ بكه‌ن، به‌رله‌وه‌ی وڵات بكه‌ن به‌ گرتوخانه‌یه‌كی گه‌وره‌، به‌رله‌وه‌ی میكانیزمی كوشتنی ئۆپۆزیسیۆن‌و رایگشتی‌و میدیای ئازاد بگرنه‌به‌ر، هه‌ڕه‌شه‌ی سیاسی‌و ئابوری له‌ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌‌و گروپه‌ رۆشنبیری‌و فه‌رهه‌نگیی‌و ده‌نگه‌ جیاوازه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌پشت ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌‌و چاوسوركردنه‌وه‌یه‌وه‌ هێزێكی گه‌وره‌ی سه‌ربازی‌و میلیشیایی‌و ده‌زگای نهێنی به‌ناوی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی‌و خه‌ڵكه‌وه‌ ئاماده‌باشكراوه‌ بۆ چاودێریكردنی تاكه‌كه‌س‌و رۆژنامه‌نوس‌و رۆشنبیران‌و سه‌رله‌به‌ری كایه‌‌و ده‌زگا فه‌رهه‌نگی‌و میدیای‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ئه‌م هێزانه‌ ته‌نها هێزه‌گه‌لێكی چاودێركارو ورده‌كار نین، به‌ڵكه‌ هێزگه‌لێكی ئاماده‌باشن بۆ سازدان‌و كۆنترۆڵكردن‌و خامۆشكردن‌و هێزكن بۆسازكردی پانتاییه‌كی گه‌وره‌ی داگیركراو ‌و بێده‌نگكراو.
هه‌ڕه‌شه‌كردن ته‌نها بریتییه‌ له‌كرده‌یه‌كی توندوتیژ‌و ده‌مارگیری، به‌ڵكه‌ ئه‌م كولتوره‌ زاده‌ی ئه‌و دنیابینییه‌ مه‌ترسیامێزه‌یه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت سه‌رله‌به‌ری جیاوازییه‌كان له‌خۆیدا بكوژێت‌و پێكڕا رێگرێكی راسته‌قینه‌نه‌ن له‌به‌رده‌م گه‌شه‌پێدانی شارستانی‌و گۆِڕانكاری‌و پڕۆژه‌ی جیدی.
كولتوری هه‌ره‌شه‌كردن سه‌رباری ئه‌وه‌ی كولتورێكی دیكتاتۆری‌و سته‌مكارییه‌، به‌ڵام كولتورێكی كۆنی سه‌ره‌تاییه‌ له‌مێژه‌وه‌ هێزه‌ جیاوازه‌كان بۆ كوشتن‌و سڕینه‌وه‌ی یه‌كتری به‌كارینهێناوه‌، مرۆڤه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانیش به‌رله‌وه‌ی به‌شه‌ربێن سه‌ره‌تا هاوارده‌كه‌ن به‌سه‌ر یه‌كتردا‌و جوێن به‌یه‌كتر ده‌ده‌ن‌و چاوله‌یه‌كتر سورده‌كه‌نه‌وه‌‌و خۆیان گیڤده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌واته‌ ئه‌م كولتوره‌ زۆر كۆنه‌، دواتر ئه‌م كولتوره‌ بووه‌ته‌ میراتێكی بۆماوه‌ كه‌ له‌ئاژه‌ڵه‌كانه‌وه‌ بۆ مرۆڤه‌ دڕنده‌كان ماوه‌ته‌وه‌‌و له‌و مرۆڤانه‌شه‌وه‌ بۆ سته‌مكارو چه‌وسێنه‌ر‌و ئیمپراتۆرو جه‌نه‌راڵ‌و پیاوكوژ‌و دیكتاتۆر‌و شۆرشگێر‌و حیزب‌و تیرۆیسته‌كان ماوه‌ته‌وه‌. ئه‌م كولتوره‌ به‌رله‌وه‌ی كولتورێك بێت بۆ خۆزاڵكردن‌و باڵاده‌ستی هێز، كولتورێكه‌ بۆ بێده‌نگكردنی تاكه‌كه‌س‌و كۆمه‌ڵگه‌‌و ده‌زگا‌و كایه‌و پێكهاته‌ فه‌رهه‌نگییه‌كان.
كولتوری هه‌ڕه‌شه‌كردن خوێناویترین كولتور‌و بكوژترین میكانیزمه‌ بۆ بێده‌نگكردن، هه‌ڵبه‌ت لێره‌دا ته‌نها باس له‌وده‌سه‌ڵاته‌ سته‌مكار‌و زۆردارو دیكتاتۆرانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ بۆ بیده‌نگكردنی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ڕێی به‌كارهێنانی كۆمه‌ڵێك میكانیزمی هه‌مه‌جی‌و شه‌ڕانگێزی‌و توندوتیژیی هه‌ڕه‌شه‌ئامێزه‌وه‌ هه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌‌و به‌پێی تواناو توانستی ئیراده‌ی هێز‌و هه‌ژمونی باڵاده‌ستی خۆی كارله‌سه‌ر بێده‌نگكردنی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كات، بۆنمونه‌ سه‌ره‌تا كۆمۆنیسته‌كانی روسیای به‌لشه‌فی هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی شۆرشگێرانه‌ بوون بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئیمپراتۆریه‌تی روسیای گه‌وره‌، به‌ڵام دوابه‌دوای ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ده‌ست هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ بۆرژوازیه‌ت‌و جیاوازییه‌كان‌و ئاین ده‌كرد، ده‌ره‌نجام پاش مه‌رگی لینین‌و هاتنی ده‌سه‌ڵاتی ستالین بوونبه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی تۆتالیتار‌و سته‌مكار بۆ بیده‌نگكردنی كۆمه‌ڵگه‌‌و كوشتنی رایگشتی‌و میدیای ئازاد‌و ئۆپۆزیسیۆن‌و رۆشنبیرو ئه‌ده‌ب. به‌ڵام نازییه‌كان له‌رێی میكانیزمی هێزی سه‌ربازی‌و ده‌زگا نهێنیه‌كانه‌وه‌، له‌رێی جه‌نگه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو هێزه‌ جیاوازه‌زییه‌كاندا هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌و جیهان ده‌كرد بۆ بێده‌نگكردنی كۆمه‌ڵگه‌و شارستانیه‌كانی دیكه‌، هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتی سیستمی دیكتاتۆرو فاشیزم له‌عێراقی سه‌روه‌ختی سه‌دام حسێندا له‌كۆلێكشنێكی سیستماتیزه‌كراوه‌وه‌ بوونبه‌ ده‌زگاگه‌لێكی به‌هێز بۆ هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌و خه‌ساندنی هه‌موو جیاوازییه‌ك‌و ده‌سته‌مۆكردنی تاكه‌كه‌س‌و بێده‌نگكردنی سه‌رله‌به‌ری رۆژنامه‌نوسان‌و رۆشنبیران‌و رایگشتی‌و ده‌زگا رۆشنبیرییه‌كان له‌رێی كونترۆڵكردن‌و به‌حیزبیكردنی سه‌رله‌به‌ری ده‌زگاو مه‌ڵبه‌ند‌و ناوه‌نده‌ فه‌رهه‌نگی‌و رۆشنبیری‌و ئابوری‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و سازكردنی ده‌زگاگه‌لێكی نهێنی وه‌ك گرتوخانه‌و ته‌عزیبخانه‌و كوشتنخانه‌و ترسخانه‌و ئیفلیجخانه‌. ئه‌م ده‌زگایانه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی ده‌زگاگه‌لێك بوون بۆ پیشاندانی هێزو خۆگیڤكردنه‌وه‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌‌و تاكه‌كه‌س‌و دروستكردنی مه‌ترسییه‌كی هه‌نوكه‌یی هه‌ڕه‌شه‌ئامێز، هاوكات سه‌رزه‌مینێكی گه‌وره‌ش بوون بۆ بێده‌نگكردن‌و ده‌سته‌مۆكردن‌و غه‌مگینكردنی كۆمه‌ڵگه‌‌و هاوڵاتیان.
له‌ڕاستیدا هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك ئه‌م میكانیزمانه‌ به‌كاربه‌رێت بۆ كۆنترۆڵكردنی كۆمه‌ڵگه‌و ده‌زگا رۆشنبیری‌و فه‌رهه‌نگییه‌كان ده‌بێت به‌ ده‌سه‌ڵاتێكی مه‌ترسیدار‌و سته‌مكارو زۆردار.
كوشنده‌كانی ئه‌وڕۆ ته‌نها بریتی نیین له‌و جه‌لادانه‌ی گرتوخانه‌كان دروستده‌كه‌ن‌و پڕیان ده‌كه‌ن له‌رۆح‌و جه‌سته‌ی زیندوو، زیدانه‌كان گه‌وره‌ ده‌كه‌ن‌و دیواره‌كانیان به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌‌و پڕیانده‌كه‌ن له‌نه‌یار‌و ره‌خنه‌گر‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ سیاسی‌و فه‌رهه‌نگی‌و مرۆییه‌كان، كوشنده‌كان ته‌نها ئه‌وانه‌ نین له‌كاتی خۆپیشاندان‌و ناڕه‌زاییه‌كاندا شه‌قامه‌كان‌و كۆڵانه‌كانی شار خه‌ڵتانی خوێن ده‌كه‌ن‌و به‌ زریپۆشی پڕ له‌چه‌ك‌و تفاقی بێده‌نگكردن خۆیان ده‌كه‌ن به‌ خه‌ون‌و خه‌یاڵی مرۆڤه‌كاندا. به‌ڵكه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌ نوێیه‌دا كوشنده‌كان به‌ كوڵا‌وجامانه‌ی گه‌نده‌ڵیه‌وه‌، به‌ كه‌واوسه‌ڵته‌ی مه‌زهه‌بگه‌رایی‌و سه‌له‌فیه‌تگه‌راییه‌وه‌، به‌ چاكه‌ت‌و پانتۆڵی ناعه‌داله‌تی‌و حیزبخوایی‌و عه‌نته‌ریاتخۆرییه‌وه‌ ده‌بنه‌ هێزگه‌لێكی كوشنده‌ به‌ئه‌ندازه‌یك كوشنده‌تر له‌هه‌ر هێزێكی دنیا، ئه‌گه‌ر دیكتاتۆره‌كان كوشنده‌یه‌كی راسته‌قینه‌ی جه‌سته‌ی مرۆڤ‌و كۆمه‌ڵگه‌‌و فه‌رهه‌نگ بووبن، ئه‌وا كوشنده‌كانی ئه‌مرۆ بكوژێكی به‌زه‌بر‌و راسته‌قینه‌ی روح‌و خه‌یاڵ‌و خه‌ون‌و دنیابینییه‌ جیاوازه‌كانن له‌ڕێی داگیركردن‌و چه‌واشه‌كردن‌و ناعه‌داله‌تی‌و كوشتنی حه‌قیقه‌ته‌ ساده‌كان‌وكڕینی دنیا، له‌ڕێی كۆنترۆڵكردنی بازاڕ‌و سه‌رله‌به‌ری سه‌رچاوه‌ رۆشنبیری‌و میدیایی‌و ئابوری‌و فه‌رهه‌نگی‌و سیاسییه‌كان.
كوشنده‌كانی دنیای هاوچه‌رخ سه‌ربازی راسته‌قینه‌ نیین، به‌ڵكه‌ كۆمه‌ڵێك بكوژی وه‌همیین له‌سه‌رزه‌مینێكی ته‌واو واقیعیدا، كۆمه‌ڵێك مافیای راسته‌قینه‌ن بۆ سازكردنی رووبه‌رێكی گه‌وره‌ی تاڵانخۆری‌و ئه‌خلاقخۆری‌و حیكایه‌تخۆری‌و سه‌روه‌ریخۆری‌و كۆمه‌ڵگه‌خۆری، رۆشنبیرخۆری‌و هونه‌رخۆری‌و فه‌رهه‌نگخۆری.
دواجار كولتوری ژیاندۆستی رێگرێكی راسته‌قینه‌‌و شارستانییه‌ له‌به‌رده‌م داگیركردن‌و مۆنۆپۆلكردن‌و ده‌ره‌به‌گخوازی، رێگرێكی زیندووه‌ له‌به‌رده‌م كوشتنی جیاوازی‌و هه‌مه‌جیه‌ت‌و به‌ربه‌ڕیه‌تی حیزبی‌و میلیشیایی‌و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ‌و ناعه‌داله‌تی. ئه‌م كولتوره‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی هه‌ڵگری سه‌رچاوه‌گه‌لێكی په‌یوه‌ندیامێز‌و به‌رهه‌مهێنه‌ری فه‌رهه‌نگی جیاوازه‌، كولتورێكی ئه‌كتیڤ‌و زیندووه‌، بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی ئاسته‌ جیاوازه‌كانی شارستانیه‌ت‌و به‌ زیندوهێشتنه‌وه‌ی هه‌ر فه‌رهه‌نگ‌و كولتورێك كه‌ توانای به‌رهه‌مهێنان‌و دنیابینی هه‌بێت، هاوكات كولتوری ژیاندۆستی خولقێنه‌ری جیهانبینییه‌كی كراوه‌‌و گفتوگۆامێز‌و په‌یوه‌ندیامێزه‌‌و پێكڕا جیهانبینییه‌كی مۆدێرنه‌ بۆ به‌ڕه‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی‌و هه‌ڕه‌شه‌ی شارستانی‌و فه‌رهه‌نگی‌و نه‌ته‌وه‌یی‌و حیزبی‌و ناعه‌داله‌تی‌و نادادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سته‌مكاری‌و سه‌ركوتكردنی رۆشنبیری‌و فه‌رهه‌نگی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی‌و ئابوری.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.