ئایا ده‌رکران و چه‌ک کرانمان له باشور باشتره یا….ئه‌یوب ڕه‌حمانی
ئایا ده‌رکران و چه‌ک کرانمان له باشور باشتره یا به سه‌ربه‌رزی گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان؟!
ئه‌یوب ڕه‌حمانی
rahmayub@yahoo.de
له هه‌مو قوژبنێکی ئه‌م جیهانه پان و به‌رینه‌دا جیاوازیی بیر و باوه‌ڕ و بۆچون، جیاوازیی ئایینی، جیاوازی ڕه‌نگی پێست، جیاوازی چین و توێژه‌کان، جیاوازی تاکتیکی و ستڕاتێژییه‌ت، جیاوازی دروشمه‌کان و ڕێگا چاره‌کان و هه‌تا ئاخر، ده‌یان و سه‌دان هه‌زار جۆر جیاوازی ده‌توانین په‌یدا بکه‌ین. له‌و قۆناخه‌وه‌ی که مرۆڤ توانیی بیر بکاته‌وه، شت هه‌ڵ سه‌نگێنێت و خراپه و چاکه لێک باته‌وه، جیاوازیش سه‌ری هه‌ڵدا و هه‌رگیز نابڕێته‌وه! ئه‌ساسه‌ن جیهان و مرۆڤایه‌تیش به جیاوازییه‌وه جوانه. یه‌کنه‌واختیی و یه‌ک ڕه‌نگ بونی کۆمه‌ڵگا، مرۆڤ ماندو ده‌کات. جوانیی له یه‌ک ڕه‌نگیی کۆمه‌ڵگادا نیه، به‌ڵکو ئه‌و کۆمه‌ڵگایه جوانه که هه‌مه‌ڕه‌نگه، هه‌مه بیره، هه‌مه بۆچونه، هه‌مه ڕه‌گه‌زه، هه‌مه ئایین و بێ ئایینیه! که‌واته کێشه‌ێک له جیاوازیدا به دی ناکرێت، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی کێشه‌یه، چه‌وساندنه‌وه و چه‌وسانه‌وه‌یه، ژێرده‌سته بون و ناسه‌ربه‌خۆییه! ئه‌مانه کێشه‌ن و گه‌لی کوردستان ده‌یان ساڵه به‌م ده‌رده‌وه ده‌ناڵێنێت! ده‌ردی ئێمه‌ی کوردستانیی به هه‌مو جیاوازیه‌کانمان له جیاوازیه سیاسیی و ئایینیه‌کاندا نیه، به‌ڵکو له ژێرده‌سته‌بون و له بنده‌سته‌بوندایه! ده‌ردی ئێمه‌ی کورد له دروشمدانه‌کاندا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه که دروشم ده‌ده‌ین، به‌ڵام به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وایه‌تیی ناپارێزین، به‌ڵکو ته‌نیا چاومان له به‌رژه‌وه‌ندی کاتیی و حیزبایه‌تیه، ئه‌مه‌ش ده‌رده و ئه‌مڕۆکه گه‌لی کوردستان ئاوێته‌ی ئه‌م ده‌رده گرانه‌ش به ده‌ست خۆمانه‌وه بووه! ده‌ردی چه‌وسانه‌وه، ده‌ردێکه که داگیرکه‌رانی کوردستان توشمانی کردووه، به‌ڵام ده‌ردی دروشمی هه‌ڵه، ده‌ردی دروشمی به‌په‌له، نه‌خۆشینێکه که خۆمان توش خۆمانمان کردووه و له به‌رژه‌وه‌ندی داگیرکه‌ردا و له خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵه سه‌رچاوه ده‌گرێت. ئه‌و حیزبه‌ی پێی وایه ده‌بێت به تاقی ته‌نیا ببێته حکومه‌ت و ئاوێته‌ی ده‌سه‌ڵات ببێت و له ڕه‌قیبه‌کانی خۆی وه‌پێش که‌وێت، خێرا گه‌ل توشی ئه‌م نه‌خۆشیه ده‌کات، به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وایه‌تیی له بیر خۆی ده‌باته‌وه و شوێن به‌رژه‌وه‌ندی حیزبیی خۆی ده‌که‌وێت. وه‌ها حیزبێک ناتوانێت و بۆی نیه که ڕێبه‌رایه‌تیی نه‌ته‌وه‌ێک وه‌ده‌ست بێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی له دواڕۆژدا نه‌ته‌وه‌ێک بۆ حیزبێک ده‌فڕۆشێت!! وه‌ها حیزبێک ئه‌گه‌ر دروشمیی دێمۆکڕاسیشی به‌رز کردبێته‌وه، ڕاست ناکات، بۆ ئه‌وه‌ی له دێمۆکڕاسیدا هه‌موان به‌شدارن و نه‌ک تاقه حیزبێک، چونکو تاقه حیزب دیکتاتۆڕی پێک دێنێت و هه‌رگیز ناتوانێت به تاقیی ته‌نیا نوێنه‌رایه‌تی هه‌مو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگا بکاتن. نوێنه‌رایه‌تی کۆمه‌ڵگاێک به هه‌مو چین و توێژه‌کانیه‌وه و به هه‌مو که‌مایه‌تیه ئایینی و نه‌ته‌وایه‌تیه‌کانیه‌وه، نوێنه‌ری که‌مایه‌تیه‌کان ده‌توانێت بی پارێزێت و نه‌ک حیزبێک به تاقی ته‌نیا.کوردستان ئه‌مڕۆکه و ڕێبه‌ره‌کانی!
گه‌لی کوردستان ئه‌مڕۆکه بۆ سه‌رکه‌وتن به سه‌ر کێشه‌کانیی خۆیدا و بۆ سه‌رکه‌وتن به سه‌ر دوژمنه‌کانیشیدا، له هه‌مو کاتێک زیاتر پێویستی به خه‌ڵکان و چالاکان و حیزبانی ناسیونالیستی نه‌ته‌وه‌یی و دڵسۆز هه‌یه. پێم وانیه هیچ کوردێکی دڵسۆز خۆشیی له چاره‌ی مسته‌فا که‌ماڵ پاشای ناسیۆنالیستی تورکیه بێت، به‌ڵام ئه‌و کابرایه، توانی تورکیه له گه‌وره‌ترین شکستی دوای شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی ڕزگار بکات و گه‌وره‌ترین به‌شی کوردستانیش بێنێته ژێر ڕه‌کیفی ده‌وڵه‌ته‌که‌ی خۆی!! کوردستان ئه‌مڕۆکه پێویستیی به ده‌یان و سه‌دان مسته‌فا که‌ماڵی کورد هه‌یه که هه‌مو شتێک ته‌نیا له به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆیان بکه‌ن و نه‌ک بۆ حیزبێک! ڕێبه‌ره ناسیۆنالیست و سوسیالیسته‌کانی ئه‌مڕۆی حیزبه‌کانی کوردستانی ئێمه یه‌کیان له به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه‌که‌ی شانازی به ئێرانی بوونی خۆیه‌وه ده‌کات و یه‌کی تریان له به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه‌که‌ی خۆی، پێێکی له تورکیه و ئێرانه و گۆڕی خومه‌ینی و ئه‌تا تورک ماچ ده‌کات و ڕومه‌تی عه‌بدوللا گول و ئه‌حمه‌دینه‌ژاد ماچ ده‌کات و پێێکی دیکه‌ی له به‌غدایه و خزمه‌تی بێ وێنه به به‌رژه‌وه‌ندی عه‌ڕه‌ب ده‌کات و ده‌وڵه‌تی کوردستان لای داگیرکه‌ران به خه‌ونی شاعیرانه وه‌سف ده‌کات! یه‌کی تریان به خاووخێزانه‌وه له گه‌ڵ فارسان به شوێن ڕزگار کردنی ته‌واویه‌تی ئه‌رزی ئێرانه‌وه‌یه و نوسخه‌ی فیدڕاڵی دیسانه‌وه ژێرده‌سته‌یی گه‌لی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات ئیمزا ده‌کات و گه‌ره‌کیه‌تی ئێران له دابه‌شبون به ده‌ست کورده‌کانه‌وه که خۆیشی پێ کورده، ڕزگار بکات! یه‌کی تریان له به‌رژه‌وه‌ندی کرێکاری ئێرانی، نه‌ته‌وه‌ێک به بنده‌سته‌یی دێڵێته‌وه و مافی چاره‌ی خۆنوسین و مافی مرۆڤی ئه‌م گه‌له چه‌وساوه به فشه ده‌زانێت و باسی ئه‌مه ناکات که کرێکارانی کوردستان چه‌وساوه ترین قیشری ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ن که ئه‌و گه‌ره‌کیه‌تی مه‌رزه‌کانی له دابه‌شبون بپارێزێت! یه‌کی تریان به ته‌مایه کوردستان بخاته‌وه ژێر سه‌یته‌ره‌ی ئیسلامی سونیی و عه‌ڕه‌به‌وه و یه‌کی تریان به ناوی پارێزگاری له مافی مرۆڤ، کورد به تاوانبار ده‌زانێت و داوا له دیکتاتۆڕێک ده‌کات کورد عه‌فو بکات و یه‌کی تریشیان چاو له هه‌مو ڕابردووی پڕ له زوڵم و زۆری داگیر که‌ر ده‌نوقێنێت و خه‌ڵک بۆ به‌شداری گه‌رم و گوڕ له شانۆی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆمارێکی فارسی کوردناخۆشه‌ویست بانگ هێشتن ده‌کات و ئه‌م سیاسه‌ته به تاکتیکی کاتیی دروست له قه‌ڵه‌م ده‌دات، ته‌نیا له به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ند ڕۆژنامه‌ێک باسی ئه‌م کاپیتولاسیۆنه‌یانیان کردووه! پشتیوانیه‌کانی خۆیانیان له خاته‌می له بیر چۆته‌وه!! خولاسه ئه‌م ڕێبه‌رایه‌تیانه و زۆر ڕێبه‌رایتیی دیکه‌ش که باس کردنیان ته‌نیا وتاره‌که درێژ ده‌کاته‌وه و خۆیان لێ ده‌بوێرم، هیچکامیان به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی کوردستانیان بۆ درێژ ماوه و بۆ ڕزگاری یه‌ک جاره‌کی له بنده‌سته‌یی له به‌ر چاو نه‌گرتووه و ته‌نیا و ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندییه کورت ماوه‌کان و به‌رژه‌وه‌ندی حیزبایه‌تییان له پشت خه‌وتووه! که‌واته ڕێگا چاره‌ی ده‌رد و نه‌خۆشیی کوردستان به هیچکام له‌م ڕه‌وشتانه چاره‌سه‌رییان نایات و ته‌نیا ژێرده‌سته بوون و ناسه‌ربه‌ستیی و ناسه‌ربه‌خۆیی ئه‌م گه‌له دور و درێژتر و سه‌قامگیرتر ده‌که‌نه‌وه!
ڕێگا چاره‌ی بنه‌ڕه‌تی چیه؟
کوردستان پێویستیی به ڕێگا چاره‌ی بنه‌ڕه‌تی، جددی و شۆڕشگێڕانه هه‌یه. له بواری مافیی مرۆڤییه‌وه، کوردستان موسته‌حه‌قیی سه‌ربه‌ستیی و سه‌ربه‌خۆییه، وه‌ک هه‌مو گه‌لانی جیهان، وه‌ک هه‌مو مرۆڤه‌کانی سه‌ر ئه‌م ئه‌رزه. ئه‌و که‌سانه‌ی که پێیان وایه و ئه‌م به‌هانه‌یه ده‌گرن که کورد ده‌بێت، پله به پلله بڕواته پێش، ته‌نیا ته‌وجیهی سیاسه‌ته هه‌ڵه‌کانی خۆیان له به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه‌که‌یان ده‌که‌ن. چ گه‌لێک پله به پلله بۆته حکومه‌ت؟ وڵام ئه‌مه‌یه که هیچ گه‌لێک، پله به پلله سه‌ربه‌خۆیی وه‌رنه‌گرتووه، به‌ڵکو هه‌مو دروشمه‌کانیان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه و له بنه‌ڕه‌ته‌وه، سه‌ربه‌خۆیی بۆ گه‌له‌که‌یان بووه. تامیله‌کان له تامیلستانی بنده‌ستی سریلانکا که 2.8 واته نیزیکه‌ی 3 میلیون حه‌شیمه‌تییان هه‌یه، ده‌یان ساڵه بۆ سه‌ربه‌خۆیی شه‌ڕ ده‌که‌ن و دروشمه‌که‌شیان دروست بوونی ده‌وڵه‌تی تامیله، ئه‌گه‌ر چی ئه‌م ڕۆژانه به کوژرانی سه‌رۆکه‌که‌یان، سه‌رۆکی به‌بره‌کانی تامیل، شۆڕشه‌که‌یان شکستی هێناوه، به‌ڵام ئه‌و ژیله‌مۆیه دوای ئاولێپژانیش هه‌ر دیسانه‌وه گڕ ده‌هاوێته‌وه و سه‌ر هه‌ڵ ده‌داته‌وه و دیسانه‌وه داوای سه‌ربه‌خۆیی به‌رز ده‌که‌نه‌وه، زه‌مانه پێمان ده‌سه‌لمێنێت! ئه‌وان هه‌رگیز یه‌ک بست له داواکاریه‌که‌یان نه‌هاتوونه‌ته خواره‌وه و هه‌رگیز نه‌یان وتووه ئه‌وه‌ڵ خودموختاری و ئه‌وجار فیدڕاڵی و دواتر سه‌ربه‌خۆیی! ئه‌م نوسخه نه‌خۆش و ناقیسه، ته‌نیا له کوردستان هه‌بووه و هه‌یه و به‌ڕاستیش جێگای ڕه‌خنه‌ی زۆر توونده! کۆسۆڤۆ، ماتێدۆنی، بۆسنی و هێڕزێگۆڤین، که ئه‌وانیش چه‌ند گه‌لی بچکۆله‌ن، هه‌رگیز به قه‌ده‌ر ده ده‌رسه‌دی کورد شه‌ڕیان نه‌کردووه و ئێستا سه‌ربه‌خۆن. من تێ ناگه‌م بۆ ئێمه ڕێگای خۆمان به ده‌ست خۆمان هێنده دور و درێژ ده‌که‌ینه‌وه؟ بۆ ئێمه به ده‌ست خۆمان دروشم به قازانجی داگیرکه‌ر ده‌ده‌ین؟ گه‌لی فه‌ڵه‌ستین هه‌رگیز دروشمی فیدڕاڵی و خودموختاری له گه‌ڵ ئیسڕائیل به‌رز نه‌کردۆته‌وه، به‌ڵکو ده‌وڵه‌تی فه‌ڵه‌ستینی داواکاریه‌کانیانه، ئێمه‌ی کوردیش به درێژایی کێشه‌ی ئه‌و دو نه‌ته‌وه، پشتیوانیمان له سه‌ربه‌خۆیی فه‌ڵه‌ستین کردووه، به‌ڵام خۆمان له سه‌ربه‌خۆ بوون نامۆین و پێمان شه‌رمه دروشمی سه‌ربه‌خۆیی به‌رز بکه‌ینه‌وه، هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌ڕاستیی تاوانبار بین!! ئایا ئێوه ئه‌و که‌سه‌ی که هه‌ر ئێستاکه ئه‌م وتاره ده‌خوێننه‌وه، ئایا هه‌رگیز بیرتان له‌مه کردۆته‌وه که بۆچی ئێمه ئاوایین؟ بۆ خۆمان له باری سیاسیه‌وه به که‌م ده‌زانین؟ بۆ بچوکین؟ ئه‌م هه‌مو ڕۆڵه‌مان بۆچی تا ئێستا به کوشت چون؟ ئه‌م هه‌مو بنه‌ماڵه و دایک و باوکانه‌مان داغدار و جه‌رگ سوتاو بون، له پێناو چیدا؟ خودموختاری؟ فیدڕاڵی؟ ئه‌مانه خۆبه‌ده‌سته‌وه دانن، ئه‌مانه کاپیتولاسیۆنن!!
نه‌مر پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د کۆماری دێمۆکڕاتی سه‌ربه‌خۆی کوردستانی دامه‌زراند و حکومه‌تی سه‌ربه‌خۆی ڕاگه‌یاند و یازده مانگ دێمۆکڕاتیک ترین حکومه‌ت له هه‌مو ناوچه‌که‌دا، حکومه‌تی کوردستانی سه‌ربه‌خۆ، پاشاگه‌ردانی کرد. به‌ڵام به دوا شه‌هید کرانی ئه‌زمونه پڕ له شانازییه‌که و پێشه‌وا و هه‌ڤاڵانی سه‌ر به‌رزی به ده‌ستانی چه‌په‌ڵی په‌هله‌وی، هه‌ر خۆمان دروشمی سه‌ربه‌خۆییمان به فیتی حیزبی توده‌ی نامه‌رد له بیر خۆمان برده‌وه و شوێن دروشمی خودموختاری که‌وتین؟ ئێستاش که ئێستایه به‌م هه‌مو ئه‌زمونه سیاسیانه‌وه که هه‌مانه و به‌م هه‌مو ڕێژه‌ی گیانبه‌ختکردووانه‌وه که چ له ڕێگای خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تیدا و چ له ڕێگای جێنۆسایدی گه‌له‌که‌ماندا، داومانه، نایه‌ین ڕێک و ڕاست و دروست دروشمی سه‌ربه‌خۆیی، که دنیاش ئیعتێڕافمان پێ ده‌که‌ن، به‌رز بکه‌ینه‌وه، هاتوین شوێن خودموختاری و فیدڕاڵی که‌وتوین؟ ئاخر بۆ خۆمان ڕێگای خۆمان درێژ ده‌که‌ینه‌وه؟ له ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌ک گرتووه‌کان له ژنێڤ له کاتی خۆپیشاندانی دژی بڕیاری لۆزان پێمان ده‌ڵێن، ئێمه ئاماده‌ین سه‌ربه‌خۆیی کوردستان به ڕه‌سمی بناسین و خێرا پشتیوانی لێده‌که‌ین، به‌ڵام ئێوه ده‌بێت خۆتان دروشمه‌که‌ی به‌رز که‌نه‌وه و هه‌وڵی بۆ بده‌ن، به‌ڵام کورد خۆی و هێندێک له حیزبه‌کانی شه‌رم له سه‌ربه‌خۆیی ده‌کات؟
بابه ئه‌گه‌ر هێندێکتان پیر بوون و به شوێن دروشمی "قسه‌ی پیاو یه‌که"، که‌وتون، لێگه‌ڕێن با لاوه‌کان بێنه پێشه‌وه، خۆ ئه‌وان پێشتر دروشمی خودموختارییان نه‌داوه و له گه‌ڵ فیدڕاڵیش نامۆن، با ئه‌وان ڕێبه‌رایه‌تییه‌کان وه ئه‌ستۆ گرن، با ژنان بێنه پێشه‌وه، با تازه لاوان مه‌یدانیان بۆ چۆڵ بکرێت. با منداڵانی ئه‌مڕۆ و داهاتووسازانی سبه‌ینێ به دروشمی سه‌ربه‌خۆیی ئاشنا بکه‌ین و نه‌ک ئه‌وانیش وشه‌ی بنده‌سته‌یی بچێته گوێیان، ئه‌گینا له دواڕۆژدا نامان به‌خشن!
کورتی که‌مه‌وه، ئێمه‌ی کورد پێویسته که له گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی گه‌له‌که‌مان ئاشت بینه‌وه و هه‌مو ستڕاتێژییه‌کانمان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته یه‌ک خه‌ین. من پێم وایه هه‌ر ئه‌مڕۆکه هه‌مو ستڕاتێژیه‌کان بۆ سه‌ربه‌خۆیی به ڕاشکاوانه بکوترێن و ئه‌مه بکرێته دروشمی سه‌ر زاری هه‌مو کوردێک. ئه‌گه‌ر هێندێک حیزب ئه‌مڕۆکه دروشمی فیدڕاڵیه‌ت و یا خودموختاریان به‌رز کردۆته‌وه و به کرده‌وه‌ش حه‌ولی بۆ ده‌ده‌ن، با له هه‌مو کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌کانیان له گه‌ڵ حیزبه هاوپه‌یمانه فارس و ئازه‌ری و عه‌ڕه‌ب و به‌لوچه‌کانیان به ڕاشکاوانه دیان به سه‌ربه‌خۆیی گه‌له‌که‌یاندا بێنن، با ئه‌م تابووه لای ئه‌وانیش بشکێنن، با بیکه‌نه وشه‌ی سه‌ر زاری هه‌مویان، با ورده ورده ئه‌وانیش خۆی بۆ ئاماده بکه‌ن و با سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ببێته ئه‌مری واقیع لای داگیر که‌رانیش.
وشیاری نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌مڕۆکه له هه‌میشه پێویست تره بۆ گه‌لی کوردستان. تاقه یه‌ک هه‌نگاو به‌ره‌و خۆبه‌ده‌سته‌وه دانی کورد، خه‌ڵک له داوای به‌رحه‌قیان سارد ده‌کاته‌وه. کاتێک حیزبێکی به ئه‌زمون پشتیوانی له مه‌لاێکی فارس ده‌کات، که بۆ فریودان هه‌ر وه‌ک خاته‌می، ته‌نیا دروشم ده‌دات و هیچی دیکه بۆ ئه‌وه‌ی له به‌رانبه‌ر ڕه‌قیبه‌کانی خۆی ده‌نگ بێنێته‌وه، به میلیۆن خه‌ڵک له داوای مافی به‌ر حه‌قی خۆیان سارد دبنه‌وه و هه‌شت ساڵی دیکه‌ش ته‌مه‌نی کۆماری ئیسلامی به هاتنی مه‌لا که‌ڕوبیێک درێژ ده‌بێته‌وه. من پێم وایه تاکتیکی دروستی کورد ئه‌مڕۆکه ئه‌وه‌یه که باشتره کورد نه‌چنه سندوقی ده‌نگدان و به ته‌واوی ته‌حریمی بکه‌ن. به‌م کاره کورد دوو خاڵی گرنگ ده‌پێکێت. یه‌ک ئه‌وه‌ی که دیسانه‌وه ناێکی گه‌وره و به هێز به کۆماری ئیسلامی ده‌ڵێنه‌وه و دووهه‌م ئه‌وه‌ی که دووباره ئه‌حمه‌دینه‌ژاد هه‌ڵ ده‌بژێردرێته‌وه و به دڵنیاییه‌وه هاتنه‌وه سه‌ر کاری ئه‌حمه‌دینه‌ژاد به مانای بۆمبارانی وزه‌گا ناوه‌کیه‌کانی ئێرانه له لایه‌ن ئیسڕائیله‌وه و ئه‌مه‌ش به‌مانای کز و لاواز بوونی کۆماری ئیسلامی و ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و ڕژیمه‌یه و ئه‌مه‌ش ته‌نیا ده‌توانێت قازانج به گه‌لی کوردستان بگه‌ێنێت و به مانای گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه بۆ ناوه‌وه‌ی شاره‌کانی کوردستان، که وا خه‌ریکه له باشور چه‌ک ده‌کرێن، بێت! به‌ڵام ده‌نگ هێنانه‌وه‌ی که‌ڕوبی و ئیسڵاحخوازه‌کان ته‌نیا به مانای درێژتر کردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی کۆماری ئیسلامیه!ئایا کام ئاڵته‌رناتیڤه بۆ گه‌لی کوردستان و بۆ حیزبه‌کانیش که وا خه‌ریکه له باشور ده‌ریان ده‌که‌ن و به ته‌مان چه‌کیان که‌ن، باشتره؟ ئایا به سه‌ربه‌رزی گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و به ده‌سته‌وه گرتنه‌وه‌ی کوردستان سه‌ربه‌رزانه‌یه، یا خۆ له باشور له ئوردوگاکان کڕ که‌وتن؟ که واته بۆ وه‌ده‌ست هاتنی ئاڵته‌رناتیڤی دووهه‌م، باشتره یه‌که‌م کورد ده‌نگ نه‌ده‌ن و نا به کۆماری ئیسلامی بڵێن و دووهه‌م ئه‌حمه‌دینه‌ژاد دووباره هه‌ڵبژێردرێته‌وه و سێهه‌م ته‌مه‌نی کۆماری ئیسلامی هه‌ر چی خێراتر کورت بکرێته‌وه و نه‌ک ئیسلاحخواه‌کان ته‌مه‌نی بۆ درێژ بکه‌نه‌وه!
که‌واته حیزبه‌کانیش پێویسته که بیر له به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وایه‌تی درێژماوه بکه‌نه‌وه و نه‌ک به ته‌نیا ڕه‌قابه‌تی حیزبایه‌تی و خۆ نواندن و به تاقی ته‌نیا و یه‌ک لایه‌نه بڕیار ده‌رکردن. حیزبه کوردیه‌کان هێشتا فێری سیاسه نه‌بون، ئه‌گینا ده‌بو هه‌مو له‌مه‌ڕ "هه‌ڵبژاردن" له گه‌ڵ یه‌کتر کۆ ببونایه‌وه و دوو تا چه‌ند ڕۆژ وت‌ووێژیان پێکه‌وه له کۆبونه‌وه‌ێکی به‌ریندا پێکه‌وه بکردایه و له ئاکامدا یه‌ک بڕیارنامه که ده‌نگی هه‌مو حیزبه کوردیه‌کانه، واته ده‌نگی کوردی ڕۆژهه‌ڵات ده‌بو، بدرایه‌ته ده‌ره‌وه، ته‌نیا به‌م شێوه یه‌ک ده‌نگیه کورد ده‌یبرده‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که ئێستا هه‌ر حیزبه و بۆ خۆی به‌ییاننامه‌ی خۆی ده‌ر ده‌کات و هه‌ر یه‌که و له هه‌واێک ده‌خوێنێت، ئه‌مه ته‌نیا پڕژ و بڵاوی ئوپۆزیسیۆنی کوردی ڕۆژهه‌ڵات نیشان ده‌دات و به دڵنیاییه‌وه داگیر که‌ران به دزییه‌وه پێمان پێ ده‌که‌نن و به هیچمان نازانن و ئه‌وان باش ده‌زانن که ئۆپۆزیسیۆنه‌که‌یان له کوردستان نرخیان چه‌نده!29ی بانه‌مه‌ڕی 2709