Skip to Content

Tuesday, October 8th, 2024
مه‌ترسی ده‌ره‌کی‌…..حه‌مه‌ غفور

مه‌ترسی ده‌ره‌کی‌…..حه‌مه‌ غفور

Closed
by May 22, 2009 گشتی

مه‌ترسی ده‌ره‌کی‌
یان پاساوێک بۆ بێئاسۆیی ناسیونالیزمی کورد!

حه‌مه‌ غفور

له‌نێو فه‌رهه‌نگی سیاسی‌و لۆژیکی ده‌سه‌ڵاتدارێتی بۆرژوازیدا وه‌کو چینی باڵاده‌ستی کۆمه‌ڵ له‌ ڕووی سیاسی‌و ئابووری‌و ئایدیۆلۆژیه‌وه‌، هیچ شتێک له‌وه‌ ئاسانتر نیه‌ که‌ له‌ کاتی ئه‌زمه‌و قه‌یرانه‌کانیدا، له‌سه‌روبه‌ندی ته‌نگژه‌و ناکامیه‌کانیدا، وه‌ره‌قه‌ی "مه‌ترسی ده‌ره‌کی" ده‌رکێشێ‌و گوایا به‌ مه‌به‌ستی به‌رگری‌و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسیانه‌، زه‌رووره‌تی خستنه‌لاوه‌ی بوونی چینه‌کان‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ چینایه‌تیه‌ جیاوازه‌کان‌و پێداویستی یه‌کپارچه‌یی‌و یه‌کڕیزی سه‌رجه‌می پێکهاته‌کانی ووڵات نه‌خاته‌ ده‌ستووری سیاسیه‌وه‌، وه‌ داوا نه‌کات ڕه‌خنه‌و ناڕه‌زایه‌تی‌و ناکۆکیه‌ ده‌روونیه‌کانی جڤات‌و کۆمه‌ڵگاکه‌ی هه‌ڵبگیرێت بۆ کاتێکی دیکه‌، کارکردن بۆی نه‌کاته‌ ئه‌وله‌ویاتی خۆی‌و هاوڵاتیانی‌و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکیش بانگه‌واز نه‌کات بۆ هه‌ستیاری دۆخه‌که‌و درککردنی ئاکامه‌ پڕمه‌ترسیه‌کانی!

بزووتنه‌وه‌ی ناسیونالیستی کوردیش که‌ ئێستا به‌ره‌وڕووی قه‌یرانێکی سیاسی‌و ئایدیۆلۆژی‌و حوکڕانی بۆته‌وه‌و ته‌واوی ئاماژه‌کان ناکام مانه‌وه‌و ناکارامه‌یی سیاسی‌و حکومه‌تیی ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه‌ پشتڕاست ئه‌که‌نه‌وه‌، بۆیه‌ وه‌کو نه‌ریتێکی خێزانیی بۆرژواییانه‌ پرسی مه‌سه‌له‌ی "مه‌ترسی ده‌ره‌کی"یان هێناوه‌ته‌ پێشه‌وه‌. مه‌سعود به‌رزانی له‌ ووتاری دانیشتنی ڕۆژی 5/5/2009 پارله‌مانی کوردستاندا، که‌ ڕۆژی هه‌ڵبژاردنیشی تیادا دیاریکرد، به‌مجۆره‌ باس له‌ مه‌ترسی ده‌ره‌کی ئه‌کات: " له‌ناو خۆماندا زۆر ئاساییه‌ بۆچوونی جیاواز هه‌بیـَت، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر مه‌ترسییه‌كان، به‌رژه‌وه‌ندی ستراتیژی نه‌ته‌وه‌ییمان ده‌بێـت هه‌میشه‌ یه‌كڕیز و یه‌ك ده‌ست بین، كه ‌باسی مه‌ترسی ده‌ره‌كی ده‌كه‌ین مه‌به‌ستمان دۆزینه‌وه‌ی پاساو نییه‌ بۆ كه‌مووكوڕییه‌كان، ئێمه‌ زانیاری ته‌واومان هه‌یه‌ له‌و هه‌وڵه‌ ده‌ره‌كیانه‌ی ده‌یانه‌وێت ئه‌زموونه‌كه‌مان به‌شكستخوارده‌ پیشان بده‌ن و سووكی بكه‌ن، ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن مه‌ترسی ده‌ره‌كی نه‌ماوه‌ راست ناكه‌ن و هێشتا زۆر ماوه‌.". هه‌روه‌ها فازیل میرانیش، سه‌رۆکی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی، به‌وجۆره‌ له‌باره‌ی ترسی ده‌ره‌کیه‌وه‌ ئه‌دوێت له‌ دیمانه‌یه‌کی ته‌له‌فزیۆنی کوردستاندا: " له‌باره‌ی‌ ترسی ده‌ره‌كیش، فازیل میرانی‌ وتی‌، ئێمه‌ له‌ خۆمان ناترسین، پڕبه‌دڵ هیوام وایه‌ قسه‌ی‌ ئه‌وانه‌ ڕاست بێت كه‌ ده‌ڵێن ترسمان نه‌ماوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌و ترسانه‌ی‌ ماوه‌ بیكه‌ینه‌ بنه‌ما بۆ پێشكه‌وتن و كاری‌ باشتر بۆ میلله‌ته‌كه‌مان".

بێگومان قسه‌و ڕه‌خنه‌ سه‌باره‌ت به‌ گه‌وهه‌ری ئه‌م لێدوانانه‌ی ڕابه‌رانی پارتی دیموکرات له‌ زۆر لایه‌ن‌و گۆشه‌وه‌ ئه‌کرێ نیشانبدرێ. به‌ڵام لێره‌دا من ئه‌مه‌وێ ناکۆکیه‌کی گه‌وره‌و زه‌قی ئه‌م لێدوانانه‌ له‌گه‌ڵ ئیدیعاو بانگه‌شه‌کانی دیکه‌ی ڕابه‌رانی جووڵانه‌وه‌ی کوردایه‌تیدا بۆ خه‌ڵکی کوردستان بخه‌مه‌ڕوو. ئه‌م ده‌ربڕینه‌ شمولی‌و گشتیانه‌ی وه‌کو؛ مه‌ترسیه‌کان، به‌رژه‌وه‌ندی ستراتیژی نه‌ته‌وه‌ییمان، هیچ کاتێک ناوه‌رۆکێکی ڕۆشن‌و پوخته‌و به‌رجه‌سته‌ی لێ ناده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌. ته‌نانه‌ت خۆشیان ناتوانن پێناسه‌یه‌کی ووردیان بۆ بکه‌ن‌، وه‌ ئه‌م ته‌لیسمه‌ به‌سه‌ر سه‌ری خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌ هه‌ڵگرن. له‌ بنه‌ڕه‌تدا خۆیان گه‌ره‌کیانه‌ هه‌روا وه‌کو کارتێکی ئیحتیات له‌به‌ر ده‌ستیاندا بمێنێته‌وه‌، تا وه‌کو پاساوێک یان به‌هانه‌یه‌ک بۆ په‌لاماردانی موخالیفه‌ سیاسیه‌کان‌و داپڵۆسینی به‌رهه‌ڵستکاری‌و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌و ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ریش له‌ به‌رامبه‌ر به‌ سیاسه‌ت‌و هه‌ڵسوکه‌وتی نامه‌سئولانه‌یان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی گرفت‌و کێشه‌و مه‌سه‌له‌کانی خه‌ڵک‌و کۆمه‌ڵگا له‌ کاتی پێویستدا ده‌ستی بۆ ببه‌ن.

ئه‌م به‌ڕێزانه‌ له‌کاتێکدا ڕووه‌و خه‌ڵک‌و کۆمه‌ڵی کوردی‌و به‌رهه‌ڵستکارانی سیاسیان له‌ ناوخۆدا، مه‌ترسی ده‌ره‌کی وه‌کو هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی گه‌وره‌و خه‌ته‌رناک بۆ سه‌ر ئه‌زموونه‌که‌یان وه‌فس ئه‌که‌ن، به‌ بێ ئه‌وه‌ی خاڵ له‌سه‌ر پیته‌کان دابنێن، موخالیفه‌ سیاسیه‌کانیان به‌ نامه‌سئول‌و زۆر جاریش به‌ تابووری پێنج‌و ده‌ست تێکه‌ڵکردن له‌گه‌ڵ سه‌رچاوه‌ی ئه‌و مه‌ترسیه‌ ده‌ره‌کیانه‌ تۆمه‌تبار ئه‌که‌ن، به‌ڵام به‌کرده‌وه‌ خۆیان له‌گه‌ڵ چاوگی ئه‌و مه‌ترسیانه‌دا له‌ هاوپه‌یمانێتیدان. له‌گه‌ڵ هێزو لایه‌نه‌ ناسیونال-ئیسلامیه‌کانی عێراقدا له‌ پرۆسه‌ی به‌ناو ئاشته‌وایی نیشتمانی‌و بنیاتنانه‌وه‌ی عێراقدا هاوبه‌ش‌و ئه‌کتیڤن. له‌گه‌ڵ ڕژێمی ئیسلامی ئێران‌و تورکیادا په‌یوه‌ندیان له‌ ئاستی دیبلۆماسی‌و کۆنسوڵخانه‌و هه‌ڵسووڕانی ده‌زگای ئیتلاعات‌و میت‌دایه‌ له‌ کوردستان. له‌ هه‌مان کاتدا به‌ چه‌ندین شێوازو به‌ زمانێکی تر شانازی به‌ سه‌رکه‌وتنی ئه‌زموونه‌که‌وه‌ ئه‌که‌ن‌و فه‌زڵفرۆشی به‌سه‌ر خه‌ڵکیدا ئه‌که‌ن.

ئه‌گه‌ر که‌مێک ئه‌ولاتر بچین‌و ئه‌م ته‌م‌و مژه‌ تێپه‌ڕێنین، ئه‌وسا ئه‌م پرسیاره‌ گه‌وره‌یه‌ به‌ره‌وڕووی ڕابه‌رانی جووڵانه‌وه‌ی ناسیونالیستی کوردی ئه‌بێته‌وه، زۆر باشه‌ وادانێن خه‌ڵکی کوردستان ئه‌م پاساوه‌تان لێوه‌ربگرێ وه‌کو مه‌ترسی، ئه‌ی ئێوه‌ که‌ خۆتان ناو ناوه‌ نوێنه‌ری خه‌ڵک‌و خاوه‌نی کۆمه‌ڵ‌و ده‌سه‌ڵاتداری کوردستانن، سیاسه‌تتان کامه‌یه‌ بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسیانه‌!؟ ئایا وه‌کو سیاسه‌تی تائێستاتان، به‌ سازش‌و مه‌ماڵه‌و سه‌ودا کردن‌ له‌گه‌ڵیاندا درێژه‌ به‌ دۆخی هه‌ڵپه‌سێردراوی چاره‌نووسی کوردستان ئه‌ده‌ن، یاخود سیاسه‌تێکی کارسازی جه‌ماوه‌ری که‌ سه‌رتاپای خه‌ڵکی کوردستان پشتیوانی لێبکات، له‌ چه‌شنی هه‌وڵدان بۆ سازکردنی ڕیفراندۆمێکی ئازاد بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نووسی سیاسی کوردستان پشتیوانی لێئه‌که‌ن!؟ ‌

به‌ڵام کارنامه‌ی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی به‌ باشی ئه‌و ڕاستیه‌ی نیشانداوه‌ که‌ نه‌ ئه‌توانێ‌و نه‌ له‌ به‌رنامه‌شیدایه‌ پشتیوانی له‌ ڕێگاچاره‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری‌و کارساز بکات بۆ یه‌کاڵاکردنه‌وه‌ی بارودۆخی هه‌ڵواسراوی سیاسی کوردستان. یه‌کێتی‌و پارتی‌و ڕابه‌رانیان له‌ کاتێکدا %98 نه‌وه‌دو هه‌شت له‌ سه‌دای خه‌ڵکی کوردستان ده‌نگیان دا بۆ جیابوونه‌وه‌ی کوردستان‌و سه‌ربه‌خۆیی، ئه‌وان وه‌کو کارتێکی گوشار بۆ شه‌ریکبوون له‌ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌نددا به‌ناوی فیدڕاڵیه‌تێکی کارتۆنیه‌وه‌ به‌لاڕێیاندا بردو که‌ڵکیان لێوه‌رگرت. فیدڕالیه‌تیش جگه‌ له‌ هێزه‌ کورده‌کان که‌س نرخ‌و به‌هایه‌کی بۆ دانانێت. هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ سه‌رچاوه‌ی ته‌نگژه‌و قه‌یرانه‌کانی جوولانه‌وه‌ی ناسیونالیستی کوردی. چونکه‌ کۆمه‌ڵگایه‌ک چاره‌نووسی سیاسیه‌کی هه‌ڵواسرابێت‌و هێزه‌کان‌و حیزبه‌کانی خاوه‌ن بڕیار تیایدا خۆیان به‌شێک بن له‌و هه‌ڵواسراویه‌، نوقمی قه‌یران ده‌بێ‌و به‌ ناچاری ده‌بێ ڕوو بکاته‌ ڕێگاچاره‌یه‌کی هه‌مه‌گیرو کارساز.

سه‌ره‌نجام به‌ پێچه‌وانه‌ی تێڕوانینی به‌رزانی‌و میرانی‌و تاڵه‌بانیه‌وه‌ بۆ لوغزی "مه‌ترسی ده‌ره‌کی"، واقعییه‌تی ڕووداوه‌کانی سه‌ر ساحه‌ی کوردستان‌و ناوچه‌که‌ش ئه‌وه‌ به‌یان ئه‌که‌ن، که‌ ئه‌و چه‌مک‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ ته‌نها پاساوێکه‌ بۆ خۆدزینه‌وه‌ له‌ بێ ئاسۆیی‌و ناکارامه‌یی‌و ناکامیه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی له‌به‌رامبه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ کێشه‌و مه‌سه‌له‌ی کورددا. وه‌ به‌هانه‌یه‌که‌ بۆ خۆ سه‌پاندن‌و ملهوڕی‌و داپڵۆسین‌و ڕاگرتنی ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی پارتی‌و یه‌کێتی به‌سه‌ر چاره‌نووسی کۆمه‌ڵگای کوردستانه‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شی به‌داخه‌وه‌ بۆرژوازی کوردی توانیویه‌تی به‌ ڕاکێشانی ئه‌م وه‌ره‌قه‌یه‌ی مه‌ترسی ده‌ره‌کی، جۆرێک خۆشباوه‌ڕیی به‌ ته‌وه‌هوماتی قه‌ومی بره‌و پێبدات، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانێت وه‌کو پاساوێک ناکامی‌و سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌کانی خۆی له‌ پشتیه‌وه‌ بشارێته‌وه‌. ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌ به‌ قووڵی چاوه‌ڕێی وه‌ڵامێکی سیاسی‌و عه‌مه‌لی‌و ڕۆشنه‌ بۆ به‌لاداخستنی چاره‌نووسی سیاسیه‌که‌ی‌و ده‌رکێشانی له‌م دۆخی سه‌رگه‌ردانی‌و هه‌ڵواسراویه‌ی ئێستای. خواستی ڕیفراندۆمێکی ئازاد بۆ جێبه‌جێبوونی به‌کرده‌وه‌ی ئه‌م مافه‌و ئه‌م خواسته‌ ملیۆنیه‌ ئه‌و وه‌ڵامه‌ سیاسی‌و عه‌مه‌لیه‌یه‌و خه‌ڵکیش به‌ درووست یه‌کپارچه‌ ده‌نگیان پێیدا. نه‌ک هه‌ڵبژاردنێکی گاڵه‌جاڕیی بۆ درێژه‌دان به‌ هه‌لومه‌رجی ئێستا.
22ئایار2009

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.