ڕێکه‌وتنی پشتی کۆوالیس….حه‌مه غفور
ڕێکه‌وتنی پشتی کۆوالیس
سه‌نته‌ری ده‌سه‌ڵاته له کوردستان
نه‌ک پارلهمانحهمه غفور
hamaxafoer@yahoo.comشێواز‌و ڕێوشوێنی ئاماده‌کاریه‌کان‌و وه‌گه‌ڕخستنی سه‌ره‌تایی پرۆسێسی هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی کوردستان، تا ئه‌گا به هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن، خۆی له خۆیدا ناکۆک‌و دژه له‌گه‌ڵ هه‌ر ئه‌و بنه‌ماو بنچینه یاسایی‌و پره‌نسیپیانه‌ی که دیموکراسی پارله‌مانییان له‌سه‌ر دامه‌زراوه. دیموکراسیه‌ک وا لێره له کوردستان کۆپیه‌کی شێوێنراوی لێ چاپکراوه. چونکه له جیاتی ئه‌وه‌ی لانی که‌می که‌شێکی له‌بارو ژینگه‌یه‌کی ته‌ندرووستی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ جۆرێک له ئازادی بژارده‌و ئازادی تێفکرین بۆ بژارده‌کردنی لیست‌و قه‌واره سیاسیه‌کان له‌لایه‌ن تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگاوه وه‌کو مرۆڤی سه‌ربه‌خۆو ئازاد فه‌راهه‌م بکرێت، ئه‌بینین بۆمبارانی ته‌بلیغاتیی دام‌و ده‌زگای حیزبی‌و حکومیی، ڕاسته‌وخۆ مێشک‌و زه‌ین‌و هۆشیاری خه‌ڵکی کوردستانیان کردۆته ئامانج‌و له‌ڕێگای په‌خش‌و وه‌شاندنی بانگه‌شه‌ی پڕ له زانیاری شێوێنراو، ئیتیکی دوور له شێوازی مۆدێرنی دوواندنی کۆمه‌ڵ‌و ڕای گشتی، نه‌ریتی نامۆ له‌گه‌ڵ دیالۆگی شارستانی‌و سه‌رده‌م، یه‌کپارچه‌و بێ سڵه‌مینه‌وه سه‌ریان کردۆته مشت‌و مڕو کێبه‌رکێیه‌کی شه‌رماوه‌ر، که له‌ڕێگایه‌وه بێ گوێدان به هیچ پێودانگێکی مرۆیی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی، سه‌رو دڵی خه‌ڵک‌و کۆمه‌ڵیان داگیرکردووه‌و ئازادی بیرکردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریان پێشێلکردووه. به‌رده‌وام‌و بێوه‌ستان له هه‌موو لایه‌که‌وه‌و له‌لایه‌ن هه‌موو لیست‌و قه‌واره‌کانه‌وه، بڵاوکردنه‌وه‌ی په‌یام‌و بانگه‌شه‌و به‌ڵێنی هه‌ڕه‌مه‌کی‌و ته‌بلیغاتی کوێرانه، به هۆی ده‌زگا ئیعلامیه‌کانیانه‌وه ده‌رخواردی خه‌ڵک ئه‌درێ. هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر بنه‌مای، شه‌لم‌کوێرم له هیچ شتێک نابوێرم، ده‌ستیپێکردووه‌و له کارنه‌ڤاڵێکی نالایه‌ق‌و ناشایسته له‌گه‌ڵ به‌هاو چاوه‌ڕوانیه‌کانی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستاندا، ڕێگای به‌خۆی داوه ڕیتمی ئاسایی‌و ئارامیی ژیانی هاوڵاتیان وه‌کو بارمته به‌ده‌سته‌وه بگرێت.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌وانه‌ش چاوپۆشی بکه‌ین‌و بۆ چه‌ند ساتێک خۆمان ڕزگارکه‌ین له‌م جاڕوجه‌نجاڵه‌ی له‌ژێر نێوی پرۆسه‌ی به‌شداری‌و ده‌خاله‌تی هاوڵاتیان له‌ڕێگای هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی خۆیانه‌وه له ده‌سه‌ڵات‌و له حکومه‌ت‌و پارله‌مانی داهاتوودا، به‌رپاکراوه، سه‌رنج بده‌ینه خشته‌ی ڕیزبه‌ندی هێزو قه‌واره سیاسیه‌کانی مه‌یدانی سیاسی کوردستان، بۆمان ده‌رئه‌که‌وێت که، ڕێکه‌وتنی پشتی په‌رده‌ی نێوان زلهێزه کوردیه‌کان‌و زلحیزبه فه‌رمانڕه‌واکان، واته ڕێکه‌وتنی نێوان پارتی‌و یه‌کێتی، سایه‌ی خستۆته سه‌ر ڕه‌وتی سه‌ره‌کی جووڵه‌ی سیاسی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی‌و ته‌نانه‌ت هه‌ڵمه‌ته‌کانی هه‌ڵبژاردنیش له کوردستان. خه‌ڵکی کوردستان مادام ئه‌زانن که گۆڕانی واقعیی‌و ڕیشه‌یی له‌ڕێی پارله‌مان‌و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه به‌دی نایه‌ت، مادام لایان ڕۆشنه ده‌سه‌ڵاتی ڕاسته‌قینه له ده‌ستی پارتی‌و یه‌کێتیدایه‌و سه‌ره‌نجام بڕیاری کۆتایی‌و یه‌کاڵاکه‌ره‌وه له‌م سیناریۆیه‌ی هه‌ڵبژاردنیشدا هه‌ر ئه‌وان خۆیان ئه‌یده‌ن، مادام ئه‌بینن ڕێکه‌وتنی ستراتیژی ئه‌و دوو زلحیزبه که‌مه‌ری هه‌ر جۆره گۆڕان‌و ڕیفۆرم‌و چاکسازیه‌کی شکاندووه، وه ئه‌م دوو حیزبه ئه‌وه‌ی خۆیان پێیان باشه هه‌ر ئه‌وه ئه‌نجام ئه‌ده‌ن، نه پێش پارله‌مان‌و نه‌دوای ئه‌ویش، گوێیان به ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی‌و خواستی هاوڵاتیان نه‌داوه، نه وه‌ڵامدانه‌وه‌ش به خه‌ڵکی کوردستان مه‌سه‌له‌و مه‌شغه‌ڵه‌یان بووه، بۆیه به نیگه‌رانی‌و نائومێدیه‌کی زۆره‌وه ئه‌ڕواننه ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌و ئاکامه‌کانیشی.
جاڕوجه‌نجاڵی هه‌ڵبژاردن سیناریۆیه‌که بۆ شه‌رعییه‌ت دانه‌وه به‌ده‌سه‌ڵات‌و باڵاده‌ستیی ئه‌م جووتحیزبه. چونکه ئه‌م حیزبانه خۆیان له پشتی کۆوالیسه‌کانه‌وه له‌سه‌ر هه‌موو شتێک ڕێکه‌وتنیان ئه‌نجامداوه، وه ئه‌و ڕێکه‌وتنانه‌ش سه‌نته‌ری ده‌سه‌ڵات‌و سه‌نته‌ری بڕیاردانه نه‌ک پارله‌مان‌و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن. هه‌ر ئێستا ئه‌م دوو حیزبه بیانه‌وێ ئه‌توانن ئه‌م پرۆسه‌یه‌ی هه‌ڵبژاردن ڕابگرن. هه‌روه‌ها له کۆتاییشدا وه‌کو ساڵی 992 ئه‌توانن کاره‌ساتێک بخولقێنن‌و خه‌ڵکی تووشی نائومێدی‌و شۆک بکه‌ن. ئه‌م حیزبانه پابه‌ند نین به‌هیچ پێودانگێکی ئینسانیه‌وه، به‌ڵکو پابه‌ندن به ڕێکه‌وتن له‌سه‌ر تێپه‌راندنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیانه‌وه. ته‌نانه‌ت یه‌کێک له‌ئامانجه‌کانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌م حیزبانه، ئیحتیواکردنی ناڕه‌زایه‌تی گشتی‌و جه‌ماوه‌ری کوردستانه که له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا به‌ره‌وڕووی ئه‌م حیزبانه‌یان کردۆته‌وه، نه‌ک وه‌ڵام دانه‌وه پێیان وه‌کو ئیدیعای ده‌که‌ن. بۆ هه‌ژده ساڵ ئه‌چێت ئه‌م دوو حیزبه دام‌و ده‌زگایه‌کی حکومه‌تی‌و فه‌رمانڕه‌وایه‌تیه‌کی پشتئه‌ستوور به باڵاده‌ستیی حیزب‌و هه‌ژمووونی شێوازی چه‌کدارییان به‌ناوی حکومه‌تی هه‌رێمه‌وه دامه‌زراندووه، منه‌تیان به‌که‌س نیه‌و گوێ بۆ هیچ ده‌نگێک ڕانادێرن، کام ڕێکه‌وتن‌و کام سیاسه‌ت له به‌رژه‌وه‌ندیان بێت ئه‌نجامی ئه‌ده‌ن بێ پرس‌و ڕاکردن به خه‌ڵکی. وه ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارێتیه گه‌نده‌ڵ‌و سه‌رووخه‌ڵکیه‌شیان ڕۆژی سه‌د جار وه‌کو ده‌سکه‌و‌ت‌و ئه‌زموونی دیموکراسی‌و به‌رقه‌رارکردنی ئازادی بۆ خه‌ڵکی، ئه‌ده‌نه‌وه به‌چاوی جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش‌و سته‌مدیده‌ی کوردستاندا.
ڕێکه‌وتنی نهێنی‌و پشتی په‌رده‌ی نێوان پارتی‌و یه‌کێتی، که خۆی له شکڵ‌و فۆرمی یه‌کلیستیدا گه‌ڵاڵه‌کردووه، که به گوێره‌ی لۆژیک‌و پێودانگی کۆمه‌ڵگایه‌کی نائاسایی‌و ناموته‌عاریف به‌ڕێوه‌چووه، چاوگه‌و سه‌نته‌ری هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێکه له‌مڕۆی کوردستاندا. ئه‌مه ڕاستیه‌و هه‌موو که‌س ئه‌یزانێت. ململانێی خه‌باتی پارله‌مانی‌و بانگه‌شه‌ی لیسته‌کان، خۆیان گۆشه‌یه‌کی دیکه‌ن له پرۆسێسی خۆڵکردنه چاوی خه‌ڵکی‌و شه‌رعیه‌تدان به‌م ده‌ورو دوکانه‌ی ئێستا. کۆمه‌ڵگایه‌ک که له‌ژێر هه‌ژموونی میلیشیادایه‌و به‌زۆری زۆرداری گه‌ره‌کیانه له سیناریۆیه‌کی گاڵته‌جاڕی هه‌ڵبژاردندا کراسی دیموکراسی ببڕن به باڵایدا، هه‌رگیز ناتوانێت له‌ڕێگای پرۆسه‌یه‌کی هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی له‌م جۆره‌وه لانی که‌می مانای دیموکراسی‌و مانای ئازادی‌و ماف‌و خواسته‌کانی خه‌ڵکی به‌دی بێنێت. بانگه‌شه‌ی لیست‌و قه‌واره‌کانی تریش بۆ گۆران‌و چاکسازی، مانۆڕێکه بۆ شه‌ریکبوون له ده‌سه‌ڵاتدارێتی به‌سه‌ر ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ی کوردستاندا، نه‌ک جێبه‌جێکردنی شیعاره بریقه‌داره‌کانیان. ڕێگای ئه‌و گۆڕان‌و چاوه‌ڕوانیانه له به‌رامبه‌ر ئه‌م پرۆسێسه‌دایه، نه‌ک له هاوشانیدا.
21ئایار2009