پاراستنى ئەزموونی کوردستان…..کارمەند بەکر
بەردەوام پێمان دەوترێت دەبێت ئەم ئەزمونەى هەرێمى کوردستان بپارێزین ، وەک ئەوەى ئێمەى هاوڵاتى نەمانویستووە ئەم ئەزمونە بەردەوام بێت و هەوڵى تێکدانیمان دابێت .
چەندێک دەبیستین لە کوردستان ئازادى و دیموکراسى و مافى مرۆڤ هەیە و یاسا سەروەرە و بێکارى رێژەکەى نزیکە لە نەبوون وەک ئەوەى لە زیاد بوندا بووبێت ، گۆرانکارى گەورەو لەبەرچار ڕوویداوە و کێشەى کارەبا و ئاو نیە ، دوو هێندەى ئەو دەنگانە قەڵسین و بونەتە دەنگێکى بێزراوى هەمیشە دووبارەى بێ رستە گۆراوى لەبەر کراو و وتنەوەى توتى ئاسا .
لەبەر ئەوە پاراستنى ئەزمون و دەستکەوتەکانى راپەرین و حکومەت و پەرلەمان و تەواوى بەدەست هاتوەکان و ئەوانەى بەدەست نەهاتوون و بەدەست دێن ، خاوەنى راستەقینەى گەلە نەک دوو هێزى سیاسى ، راستە هێزە سیاسیەکانى کوردستان و بەشداربوانى بەرەى کوردستانى نیوەى دووهەمى چارەکى کۆتاى سەدەى رابردوو خەباتکەر و دوژمنى سەرسەختى دوژمنەکەى گەلى کورد بوون ، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ، تەواوى دەستکەوتەکان و پاراستنى ئەم ئەزمونەى کوردستان تەنها دوو هێز خاوەنى بن .
خۆ بە خاوەن کردنى دوو هێز بۆ کوردستان و گوتنى تەنها ئێمە دەتوانین ئەم ئەزمونە بپارێزین ، وەک چۆن پاراستومانە و خزمەتێکى باشى هاوڵاتیانمان کردووە ، ئەگەر لە لایەکەوە ئەمە پەیوەندى بە خۆبەزل زانین و کەمتر تەماشا کردنى حزبە سیاسیەکانى دیکەوە بێت ، ئەوا لایەنێکى دیکەى جگە لە خۆ فەرزکردن و بەرەو ستەمکارى رۆیشتن ، حاشا کردنى دەورو بەشدارى کاریگەرانەى گەلە لە بەرهەمهێنانى ئەزموون و ئەنجامدانى راپەرین و هەوێنى سەرکەوتنەکان ، ئەم ئەزمونەى هەرێمى کوردستان بە تەنها بە دوو هێز ناپارێزرێت بەڵام بە دوو هێز تێک دەدرێت .
ئەگەر چى پێوست نیە ئەو قەوانەى پاراستنى ئەزمون لێ بدرێتەوە ، چونکە ئەوەى کە هەرەشە لەم ئەزمونە دەکات جگە لە دوژمنەکانى دەرەکى ، پەرلەمان و حکومەتى هەرێمى کوردستان و دەسەڵاتە سیاسیەکەیەتى بەوەى ئەگەر ئەوان کە بەرپرسیارى یەکەمى بڕیاردان و جێبەجێکردن و هەموو شتێک خۆیانن ، دەبێت کەشێکى لەبار بێننە ئاراوە بۆ هاوڵاتیان و پێداویستیەکانى ژیانیان ، ترسى گەلیش جیاوازە لە ترسى دەرەکى ، ئەگەر گەل هوشیار بێت و پێشرەو و رێنیشاندەرى نیشتیمانى هەبێت ، بەرپرسان دەگۆرێت و رووبەروى دادگایان دەکاتەوە و دەرەوەش دوژمنى سەرسەختى هەردووکیانە .ئەوانەى چەندین رستەى دوبارە بووەوەى تۆمار کراومان پێدەڵێن و سیخناخمان دەکەن پێى ، بەڵام پێمان ناڵێن !موچە و نەسریە و پاسەوان و سەروەت و سامانەکانى خۆیان چەندە ؟ لە چەند شوێن کۆشک و تەلاریان هەیە و پوڵى ئەو هەموو سەفەر و گەرانى وڵاتانەیان لە کوێوە هێناوە ؟ بۆچى ئەو شوقە و باڵەخانە زۆرانە دروست دەکرێت و تا دێت کرێچێتى زیاد دەبێت ؟ ئەوان ئەوەندەى لە شوێنە گەشتیارى و ئوتێلە گرابەهاکانن نیو ئەوەندە لە گەرەکە هەژارنشینەکان نین ؟سیحرى نەبونى خزمەتگوزاریمان پێناڵێن و بەڵام بارگەى خۆیان لە کوێ بێ لەوێندەرێ کارەبا و ئاو و رێگاوبانیشى لێیە ؟ خواردن و خواردنەوە بە نرخەکان بۆ ئەوانە و ئێمەش خواردەمەنیە کات بەسەر چووەکان ! پاراستنى ئەزمون بە یەکڕیزى و تەبایى و ئاشتى دەپارێزرێ یان کارکردن بە بیرى تەسکى حزبایەتى و ………………. پاراستنى ئەم ئەزمونە ئەوەندەى بەندە بەو بەڵێنانەى کە دەدرێن بە جەماوەر و جێ بەجێ ناکرێن نیو هێندە بەند نیە بە دوژمنانى گەلەکەمان .