Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
بۆچی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ له‌وانی تر جیاوازه‌؟

بۆچی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ له‌وانی تر جیاوازه‌؟

Closed

 

له‌ماوه‌ی هه‌ژده‌ساڵی ئه‌زموونی حوکمرانی کوردا ، ته‌نها دووجار هه‌ڵبژاردن کراوه‌. وابۆجاری سێهه‌م هه‌ڵبژاردن ده‌کرێته‌وه‌. دیاره‌ ئه‌و دووهه‌ڵبژاردنه‌ی پێشوو ، هه‌ریه‌که‌و له‌وه‌زعێکی تایبه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی جیاوازداکراوه‌. ئه‌وه‌ی ساڵی 1992 ، یه‌که‌مین ئه‌زموونی کوردبوو له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردن. دیاره‌ ئه‌مه‌ش، پاش ڕاپه‌ڕین و کۆڕه‌و هات. که‌هێشتا سۆزێکی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌یی به‌سه‌ر خه‌یاڵ و هۆشی خه‌ڵکیدا زاڵبوو. له‌هه‌مانکاتیشدا خه‌ڵکی به‌ کۆمه‌ڵێک هیوای گه‌وره‌وه‌ ده‌نگیان به‌ پارتی ویه‌کێتی ده‌دا. لێ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ هه‌موو هیواوئاواته‌کانی خه‌ڵکی کرده‌ قووربانی ده‌سه‌ڵاتی ( فیفتی به‌فیفتی) و جه‌نگی ناوخۆ. پاش 13 ساڵ جارێکی تر گه‌لی کورد خۆی له‌به‌رده‌م سندووقه‌کانی هه‌ڵبژاردن بینیه‌وه‌. ئه‌مجاره‌شیان هه‌لوومه‌رجێکی تایبه‌تی هه‌بوو. له‌لایه‌که‌وه‌ کۆتایی به‌رژێمی سه‌دام هاتبوو، ئه‌مه‌ریکا هه‌موو عێراقی داگیرکردبوو،  سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نوێی عێراق بوو. هه‌ربۆیه‌ خه‌ڵکی زیاتر له‌ژێر سۆزی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ ده‌نگیان به‌ یه‌کێتی وپارتی دا، به‌هیوای ئه‌وه‌ی له‌به‌غدا به‌رگری لێبکه‌ن و که‌رکووک و ناوچه ‌دابڕاوه‌کانی تر بگه‌ڕێننه‌وه‌. وه‌لێ به‌داخه‌وه‌ دیسانه‌وه‌ هه‌ردوولا ، هه‌موو هیواکانی کوردیان کرده‌ قووربانی ده‌ستکه‌وتی تایبه‌تی خۆیان. وابۆجارێ سێهه‌م کورد خۆی له‌به‌رده‌م سندووقی هه‌ڵبژاردن ده‌بینێته‌وه‌. به‌بڕوای من ئه‌مجاره‌یان جیاوازیه‌کی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا هه‌یه‌. چۆن؟. ئه‌مڕۆ له‌ڕووی ناوخۆییه‌وه‌ ، هه‌موو تاکێکی کورد به‌ده‌ست ( گه‌نده‌ڵی ، خراپی خزمه‌تگووزه‌رانی،نه‌بوونی یاسا، نه‌بوونی ئازادی سیاسی ، نه‌بوونی ده‌زگاکانی لێپرسینه‌وه‌و کۆنتڕۆڵ )،ده‌ناڵێنێت و ئه‌مه‌ش بۆته‌‌یه‌که‌مین شتی گرنگ که‌ هاوڵاتیان بیری لێده‌که‌نه‌وه‌. بگره‌ بوونه‌ته‌ پێوه‌ری سه‌ره‌کی لای هه‌موو که‌سێک . خاڵێکی تر زیادبوونی ده‌نگی ناڕه‌زایی خه‌ڵکی له‌ده‌سه‌ڵاتی کوردیه‌. له‌ساڵی 1992 ته‌نها کۆمۆنیسته‌رادیکاڵه‌کان ، دژی گه‌نده‌ڵی وخراپی ئیراده‌ی کوردی قسه‌یان ده‌کرد. بگره‌ ئه‌وکاتانه‌ هه‌رکه‌س دژی ده‌سه‌ڵاتی کوردی ناڕه‌زایی ده‌رببرایه‌، یه‌کسه‌ر به‌ ناپاک و جاش وه‌سفیان ده‌کرد. به‌ڵام ئه‌مڕۆ هه‌موو خه‌ڵکی ده‌نگی ناڕه‌زایی به‌رزده‌کاته‌وه‌. چه‌ندین ده‌زگای میدیا سه‌ربه‌خۆش دروستبووه‌، ده‌نگی ناره‌زایی خه‌ڵکی بڵاوده‌کاته‌وه‌. به‌بڕوای من زۆربوونی ده‌نگی ناڕه‌زایی خه‌ڵکی ، یه‌کێکه‌ له‌خاڵه‌ جیاوازه‌کانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌. خاڵێکی تر ، بوونی مۆزایکێکی سیاسیه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا. پێشتر ته‌نها یه‌ک ده‌نگ و یه‌ک ڕه‌نگ هه‌بوو، که‌ هیوای خه‌ڵکی بۆخۆی قۆستبوه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌مجاره‌ چه‌ندین لیستی جیاواز ، جێگای هیوای خه‌ڵکانێکی زۆرن . دیاره‌ گه‌رسه‌یربکه‌ین ئه‌مرۆ له‌ناویه‌کێتیدا ده‌نگێکی ناره‌زایی زۆرهه‌یه‌، به‌شی زۆری ئه‌م ده‌نگانه‌ش ناچێته‌ هه‌گبه‌ی پارتیه‌وه‌، به‌ڵکه‌ ده‌چنه‌ ناوهه‌گبه‌ی لیسته‌که‌ی نه‌شیروانه‌وه‌. هه‌رئه‌مه‌ش واده‌کات ، که‌ئه‌ولیسته‌ به‌هیوایه‌کی زۆره‌وه‌ رووبه‌ڕوی سندوقی ده‌نگدان بێته‌وه‌، چونکه‌ باوه‌رێکی زۆری به‌خۆی هه‌یه‌. دیاره‌ جگه‌له‌م لیسته‌ش ، چه‌ندین لیستی تریش به‌هیوایه‌کی زۆره‌وه‌ چاویان له‌ده‌نگی خه‌ڵکیه‌. ئه‌مڕۆ جگه‌ له‌لیستی گۆڕان ، لیستی چوارحیزبه‌که‌هه‌یه‌، که‌تاراده‌یه‌کی باش ئه‌مانیش هیوای باشیان هه‌یه‌. له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ بۆیه‌که‌مجار لیستێک هه‌موو چه‌په‌کانی کوردستان کۆده‌کاته‌وه‌، که‌ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێکی باشی سیاسیه‌. خاڵیکی گرنگی تری ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ئه‌وه‌یه‌، که‌ئه‌مجاره‌یان خه‌ڵکی باوه‌رێکی زۆریان به‌وه‌هه‌یه‌، که‌ ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن  گۆڕانی سیاسی دروستبکات. به‌لایه‌نی که‌مه‌وه‌ په‌رله‌مان به‌و‌ شێوه‌یه‌ی جارانی نابێت. بگره‌ چه‌ندین لیستی جیاواز به‌شدارده‌بن ، به‌مه‌ش هه‌ندێک ده‌نگی ناره‌زایی خه‌ڵکی ده‌گاته‌ ناوپه‌رله‌مان . به‌داخه‌وه‌ چ په‌رله‌مان چ حکومه‌ته‌کانی پێشوو تر ، هیچ کاتێک گوێیان بۆ ناره‌زایی خه‌ڵکی نه‌گرتووه‌. بوونی لیستی جیاواز له‌ناوپه‌رله‌مان ده‌توانێت حکومه‌ته‌که‌ش گورجوگۆڵ تر بکاته‌وه‌. زیاتر خۆی هیلاک بکات و خزمه‌تگووزه‌رای باشتر پێشکه‌ش به‌هاوڵاتیان بکات . له‌ڕووی نێوده‌وڵه‌تیشه‌وه‌ ، ئه‌مڕۆ مه‌سه‌له‌ی گه‌نده‌ڵی وپێشلێکردنی ماڤی مرۆڤ وئازادی سیاسی ورۆژنامه‌نووسی له‌هه‌رێمی کوردستاندا، بۆته‌ باسی میدیاو ده‌ز‌گانێوده‌وڵه‌تیه‌کانی جیهان . چه‌ندین ووتار وراپۆرتی رۆژنامه‌نووسی له‌میدیاکانی جیهانه‌وه‌ ، دژی گه‌نده‌ڵی و خراپی ده‌سه‌ڵاتی کوردی بڵاوکراوه‌ته‌وه‌. جگه‌ له‌ڕاپۆرتی رێکخراوه‌کانی ماڤی مرۆڤ و رۆژنامه‌نووسانی جیهانی ، که‌ چه‌ندینجار دژی پێشێلکاری ماڤی مرۆڤ  له‌کوردستاندا ، ده‌نگی ناره‌زایی خۆیان ده‌ربڕیوه‌.  ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا پاڵپشتیه‌کی باشه‌ بۆ ده‌نگی ناره‌زایی خه‌ڵکی کوردستان . له‌لایه‌ن کێشه‌کانی کورد له‌به‌غداش ، ئه‌م چوارساڵه‌ ده‌ریخست ، که‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی زۆرکه‌مته‌رخه‌می له‌به‌غداکردووه‌. هه‌تاوه‌کوو ئه‌مرۆش پرسه‌کانی ( که‌رکووک و ناوچه‌کانی تر، پێشمه‌رگه‌،نه‌وت ، بودجه‌) به‌هه‌ڵواسراوی ماوه‌ته‌وه‌. له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌، رۆژانه‌ توورکیاو ئێران په‌لاماری کوردستان ده‌ده‌ن و خه‌ڵکی گونده‌کان ئاواره‌ ده‌که‌ن ، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ش هیچی پێ ناکرێت و بێ ده‌نگه‌.   من له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا چرۆی دروسبوونی ئۆ‌پۆزسیۆنێکی چالاک ده‌بینیم ، که‌ له‌داهاتوویه‌کی نزیکدا ده‌کرێت خه‌ڵکی پشتی پێببه‌ستێت و گۆڕان دروستبکات . هه‌ربۆیه‌ ده‌ڵێم ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی ئه‌مجاره‌  له‌وانی تر جیاوازه‌.

Ardellen2@yahoo.de

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.