ئازادیی نووسه‌ر، نووسه‌ری ئازاد….سه‌لام عارف
ئازادیی نووسه‌ر، نووسه‌ری ئازاد
سه‌لام عارف
که‌س ناتوانێت نکۆڵی له‌وه بکات که خه‌باتی نووسه‌ران بۆ به ئازادی نووسین، خه‌باتێکی شۆڕشگێڕانه‌ی ئازادیخوازه و توندوتۆڵ به کۆی خه‌باتی شۆڕشگێڕانه‌ی ئازادیخوازی ڕادیکاله‌وه گرێدراوه، جا ئه‌و خه‌باته دژی ده‌سه‌ڵات به هه‌ردوو شێوه‌که‌یه‌وه؛ شێوه‌ی تۆتالیتاری یا شێوه‌ی به ناو دیموکراتی، هه‌ر هه‌مان خه‌باته و هه‌ڵگری یه‌ک ماهیه‌ته و به‌شێکیشه له خه‌بات و بزووتنه‌وه‌ی خه‌ڵک له پێناوی به‌دیهێنانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئازاد‌دا که دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی تیایدا سه‌قامگیره.
که‌م نین ئه‌و نووسه‌رانه‌ی بڕوایان وایه که نه‌ک نابێت چاوه‌ڕێی ئازادی له ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت بکرێت، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵات خۆی مایه‌ی هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌که که دووچاری بواری بیر و نووسین بووه. به واتایه‌کی تر، بڕوایان وایه که ده‌سه‌ڵات بکوژی هه‌موو ده‌ستپێشخه‌ری و داهێنانێکه. ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت له به‌رژه‌وه‌ندی نییه ته‌نانه‌ت تاکه قه‌ڵه‌مێکیش هه‌بێت دژ به‌و بێت و ده‌یه‌وێت نووسین و نووسه‌ران، نووسین و نووسه‌رانی له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه بن، نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه. ئه‌مه‌یه خواست و ویستی ده‌سه‌ڵات.
له فه‌ره‌نسا، سه‌ره‌تای هه‌شتاکان، حزبی سۆسیالیستی فه‌ره‌نسی، به یارمه‌تیی حزبی شیوعیی فه‌ره‌نسی که ئه‌وده‌مه له سه‌دا هه‌ژده‌ی ده‌نگه‌کانی ده‌هێنا، حوکمڕانییان گرته ده‌ست و فرانسۆ مێتێران؛ سکرتێری حزبی سۆسیالیست، بوو به سه‌رۆککۆمار. مێتێران، سه‌ره‌تا، مه‌ودای ئازادی تا ڕاده‌یه‌ک به‌رفراوان کرد و ئه‌مه‌ش به‌شێک بوو له پرۆگرامه چهواشهکهرهکهی بۆ پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی ڕقوکینه‌ی که‌ڵه‌که‌بووی جه‌ماوه‌رێکی به‌رفراوان دژی ده‌سه‌ڵات. به‌ڵام هێنده‌ی نه‌برد که ده‌سه‌ڵات له لایه‌کی تره‌وه به نه‌خشه و پلانێکی تری سۆسیالیسته‌وه که‌وته هێرشكردنه سه‌ر بواری نووسین و کاری ڕۆژنامه‌گه‌ری و نه‌ک هه‌ر گهراندنیهوه بۆ دۆخی سه‌رده‌می حوکمڕانیی به‌ره‌ی ڕاستره‌وه‌کان، به‌ڵکو کۆڵهوارتریشی کرد. ئه‌وده‌مه وایلێهاتبوو هه‌رچی له پێستی خۆیدا بجووڵایه‌ته‌وه، به‌تایبه‌ت بواری نووسین و ڕۆژنامه‌گه‌ری، به خراپه‌کار و گێره‌شێوێن ده‌درایه قه‌ڵه‌م و نه‌ده‌بوو نووسین نووسینی له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه نه‌بێت. ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی که هه‌موو جۆره‌کانی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری ناو جاده و کارگه‌کان به ئاژاوه‌نانه‌وه و گێره‌شێوێنی ناو ده‌بران، کتومت وه‌ک ئێستای لای خۆمان! هه‌موو که‌سێک یا کارێکی به پێچه‌وانه‌وه، کاری تێرۆریستی بوو لای ده‌سه‌ڵات و وشه‌ی تێرۆر له میدیاکاندا به کار ده‌هێنرا. مناڵی شیره‌خۆره‌ش ده‌یزانی مه‌به‌ست له چییه! هه‌موو که‌س کرابووه تێرۆریست له هه‌موو که‌سێکی تر، تا وایلێهاتبوو که‌س نه‌یده‌وێرا له پێستی خۆیدا بجووڵێته‌وه، چونکه هه‌موو جووڵانه‌وه‌یه‌ک به پێوانه‌که‌ی ده‌وڵه‌ت خراپه‌کاری و تێرۆریزم بوو. بۆ پای نه‌گبه‌تیش، له‌وده‌مه‌دا بوو که سێ چوار چه‌وره و چڵیت به ناوی کاری ڕاسته‌وخۆوه و گوایه بۆ به‌رگریکردن له کرێکارانی کارگه‌ی ئۆتۆمۆبیلی ڕینۆ که به لێشاو ده‌رده‌کران و فڕێ ده‌درانه مه‌یدانی بێکارانه‌وه، هه‌ڵسان به تێرۆرکردنی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی کارگه‌ی ڕینۆ و ئه‌وه بۆ ده‌وڵه‌ت بوو به جه‌ژن تا خۆشتر سه‌ما بکات و هێرشێکی به‌تینتر بکاته سه‌ر هه‌موو لایه‌ک، به تایبه‌ت سه‌ر نووسه‌ران و تاوانبار و سه‌رزه‌نشتیان بکات به‌وه‌ی که گوایه ڕۆڵی خۆیان له پاڵپشتیکردنی ده‌وڵه‌تدا دژی تێرۆریستان نابینن. نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسی به‌ناوبانگی ئه‌وده‌مه؛ بێرنار میشهلۆن، که به‌رده‌وام له میدیاکاندا ده‌نگ و ڕه‌نگی ئاماده بوو، له نووسینێکدا دژی هێرشی ده‌سه‌ڵات نووسینێکی به ناوی "که‌س تیرۆرست نییه، ده‌وڵه‌ت نه‌بێت" بڵاو کرده‌وه. له نووسینهکهشیدا، ئه‌گه‌رچی هه‌ر ناوی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل، ئه‌رجه‌نتین، شیلی بردبوو، هیچ ده‌وڵه‌تێکی بێ به‌ش نه‌کردبوو. سه‌رئه‌نجام، ئه‌و نووسه‌ره چاونه‌ترس و قهڵهمنهفرۆشه، نه ده‌نگی ما و نه ڕه‌نگ و ئێستا و ئه‌وساش كه‌س نه‌یزانی و نازانێت سه‌ریان کرد به چ گۆمێکدا. که هه‌واڵیشی له پیاوانی ده‌وڵه‌ت ده‌پرسرێت، ده‌ڵێن: "پاره‌ی دزیوه و هه‌ڵهاتووه بۆ به‌رازیل و کار بۆ تێرۆریستان ده‌کات." وه‌ک ئه‌وه‌ی زۆر زه‌حمه‌ت بێت بۆیان، که به بیانووی پارهدزینهوه، یا به هه‌ر بیانوویه‌کی تره‌وه، بیگرن و په‌لکێشی بکه‌نه‌وه بۆ فه‌ره‌نسا!
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ مێژوو و سه‌رنج بده‌ین، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که له هه‌ر جێیه‌ک ئازادییه‌ک ده پله له خوار لانی که‌می ئازادی هه‌بووبێت بۆ له‌ناوبردنی ئه‌و ده پله‌یه‌ش به هێرشکردنه سه‌ر نووسین و نووسه‌رانی خاوه‌ن قه‌ڵه‌می خۆنه‌فرۆش ده‌ستی پێکردووه. تهڕوبڕترین نموونه‌ش، به‌ر له ده‌سه‌ڵاتی به‌عسییه‌کان، له عیراق، نموونه‌که‌ی کوده‌تا خۆیناوییهکهی قاسمه که دوای داگیرکردنی ده‌سه‌ڵات به ساڵێک که‌وته گیانی نووسه‌رانی ئازادیخواز و شکاندنی قه‌ڵه‌مه نهفرۆشراوهکانیان، وا ئه‌مڕۆش له‌سه‌ر ئاستی عیراق و کوردستان هه‌مان هێرش ده‌ستی پێکردووه‌ته‌وه؛ به‌ڵام دهستپێكردنێکی خشکه‌یی. به‌و مانایه‌ی تۆ ئازادیت هه‌موو قسه‌یه‌ک بکه‌یت، به‌ڵام به‌بێ له سنوورلادان. به واتایه‌کی تر، چی ده‌ڵێێت بیڵێ، به‌بێ هێرشكردنه سه‌ر ده‌سه‌ڵات و ئه‌و مه‌رگه‌ساته‌ی بازاڕی ئازاد خوڵقاندویه‌تی. وه‌کو وتمان خه‌باتی نووسه‌ران له پێناوی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی نووسیندا، به‌شێكه له‌و خه‌باته شۆڕشگێڕییه که بۆ فشارخستنه سه‌ر ده‌سه‌ڵات ده‌کرێت. ڕاسته ده‌بێت فشار جه‌ماوه‌ری هه‌بێت و ده‌سه‌ڵات هه‌راسان بکات تا زه‌مینه‌یه‌کی له‌بار بۆ له‌دایکبوونی نووسینی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ دابین بکات، به‌ڵام ئاوها کارێک به هه‌راوهۆریای ئه‌و قه‌ڵه‌مانه ناکرێت که له مه‌زادخانه‌ی حزبه‌کاندا خۆیان و قه‌ڵه‌مه‌کانیان هه‌ڕاج کردووه، به‌ڵکو ئه‌و خه‌باته خه‌باتی نووسه‌رانی ئازادیخوازی سه‌ربه‌خۆی شۆڕشگێره، هی ئه‌وانه‌یه که قه‌ڵه‌مه‌کانیان له که‌شکۆڵی ئه‌م حزب و ئه‌و حزبدا سووک و ڕسوا نه‌کردووه.
فشارخستنه سه‌ر ده‌سه‌ڵات و داواکردنی ئازادیی نووسین گرنگیی مێژوویی خۆی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت و نووسه‌ران هه‌ر چاوه‌ڕێی تلیسانهوهی سۆز و به‌زه‌یی ده‌سه‌ڵات بن، کورد واته‌نی: "بێ شێو سه‌ر ده‌نێنه‌وه!"
که‌س ناتوانێت له گرنگی مێژوویی و به‌های خه‌باتی نووسه‌رانی ڕزگاریخواز که‌م بکاته‌وه بۆ به ده‌ستخستنی فرسه‌تی نووسینی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ، هه‌ر که‌سێکیش له گرنگیی ئه‌و خه‌باتکردنه که‌م بکاته‌وه، له زوڵمکردن زیاتر له بیری نوێ هیچی تر ناکات. به بیروبۆچوونی من، نووسه‌ری چاونه‌ترس به هیچ جۆرێک نابێت به‌ته‌مای شاباشی ئازادیی ده‌سه‌ڵات بێت. مه‌به‌ستم ئامۆژگاریکردنی که‌س نییه، به‌ڵام نووسه‌ران ده‌بێت گرنگی به‌م دوو خاڵه‌ی خواره‌وه بده‌ن:
یه‌که‌م: هه‌وڵ بده‌ن ئایدیۆلۆژیا و فه‌لسه‌فه‌یه‌کی له‌قاڵبدراو نه‌که‌ن به مه‌زهه‌بێک بۆ خۆیان و نه‌یانکه‌ن به "شتێکی پیرۆز!" و بێ وچان له ده‌وری بگه‌ڕێن و به سه‌ده‌قه و قوربانی بن.
دووه‌م: ئه‌و نووسه‌رانه‌ی، له هه‌لومه‌رجێکی تایبه‌تدا و له زه‌مه‌نیکی تردا، بیروبۆچوونێک و فه‌لسه‌فه‌یه‌کی دیاریکراویان کردووه به مۆته‌که به‌سه‌ر ئه‌قڵی ئێستا و داهاتووی خۆیانه‌وه، خه‌بات بکه‌ن ئه‌و مۆته‌که مردووه له ئه‌قڵی زیندووی خۆیان دوور بخه‌نه‌وه.
نووسه‌ران، شانبه‌شانی داواکردنی ئازادی، پێویسته داوای ئازادی له خودی خۆیان بکه‌ن، له‌گه‌ڵ خودی خۆیاندا له شه‌ڕدا بن بۆ دهستخسنی ئازادی بۆ خۆیان. به واته‌یه‌کی تر، نابێت ئهقڵبهندی مه‌زهه‌بێک یا نه‌ریتێک بن، چ زیندوو یا مردوو، نابێت له "بێده‌نگکردن"ی قه‌ڵه‌مه‌کانیان له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه سڵ بکه‌نه‌وه، به‌ڵکو ڕێک به پێچه‌وانه‌وه ده‌بێت له‌و کاته‌دا له هه‌موو کاتێک زیاتر "به ده‌نگ بێن". مه‌زهه‌ب و خوونهریتیش ده‌بێت به هه‌مان چاو سه‌یر بکرێن، چونکه له ته‌سکردنه‌وه‌ی ئه‌قڵ و کولکردنی قه‌ڵه‌مدا هێزی ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی‌یان پێیه.
کارل مارکس وتویه‌تی: "خووونهریتی نه‌وه‌کانی ڕابوردوو، وه‌ک مۆته‌که‌یه‌ک وایه به‌سه‌ر ئه‌قڵی زیندووه‌کانه‌وه." نووسه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی چاونه‌ترس بێت و کون له جگه‌ریدا نه‌بێت، ده‌بێت به‌ر له هه‌موو کارێک بکوژی ئه‌و مۆته‌که‌یه بێت، ئه‌گه‌رنا ناتوانێت ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی خۆی له خودی خۆی بسه‌نێت و بیخاته گه‌ڕ!