راگرتنی لیستی هیوا .. …..دیار غه‌ریب
راگرتنی لیستی هیوا ده‌بێته په‌ڵه‌یه‌كی ڕه‌ش بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستان
رۆژی 31-5-2009 ژماره‌ی لیسته به‌شداربووه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرا كرا، به‌ڵام ژماره‌ی لیستی هیوا ئاشكرا نه‌كرا. دوای به‌دواداچوونی یاسایی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاشكرای كرد به‌هۆی بوونی سكاڵایه‌ك كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ئاسایشی نیشتمانییه‌وه پێشكه‌شی كۆمیسیۆن كراوه‌و لیستی هیوا به‌وه تاوانبار ده‌كات كه به‌شێك له‌كاندیداكانی كادیری پارتی چاره‌سه‌ری دیموكراتی كوردستانن و ئه‌م پارته‌ش نوێنه‌رایه‌تی په‌كه‌كه ده‌كات له‌ئێراقداو له‌به‌ر ئه‌مه پێویسته رێگه‌یان پێ نه‌درێت به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بكه‌ن، كۆمیسیۆن بڕیاری داوه لیستی هیوا رابگرێت. ئێمه له‌كاتێكدا ئه‌م بڕیاره به‌بڕیارێكی نایاسایی و نادیموكراتی ده‌زانین، له‌هه‌مان كاتدا ئه‌مه به‌زه‌نگێكی مه‌ترسیدار ده‌بینین بۆ ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كیشه بۆ هه‌ر ده‌نگێك كه باس له‌نه‌ته‌وه‌ییبوونی كورد و دیموكراتیه‌تی راسته‌قینه بكات. هه‌روه‌ها ئه‌م بڕیاره ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستان به‌یاسا به‌ڕێوه ناچێت به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه ده‌بات ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه. چونكه كۆمیسیۆن به‌پێی یاساكانی هه‌ڵبژاردن مۆڵه‌تی فه‌رمی دایه لیستی هیوا كه تاكه لیسته سه‌رۆكه‌كه‌ی ژن بێت، به‌ڵام به‌هۆی بڕیارێكی سیاسی یاخود ده‌ستێوه‌ردانێكی سیاسییه‌وه مۆڵه‌ته‌كه‌ی راگیرا، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێ كه بڕیاری سیاسی زاڵه به‌سه‌ر یاسادا، گومانی تێدا نییه كه‌سه‌روه‌ر نه‌بوونی یاساش گه‌وره‌ترین مه‌ترسیه بۆسه‌ر سیسته‌می دیموكراتی و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن.
ئێمه وه‌كو پارتی چاره‌سه‌ری دیموكراتی كوردستان هیچ بیانوویه‌ك به‌ڕه‌وا نابینین بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی لیستێك ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌كاندیداكانی ئه‌ندامی پارتی چاره‌سه‌ری دیموكراتی كوردستانن. چونكه ئێمه پارتییه‌كی ڕه‌واین به‌شێكین له راستی گه‌له‌كه‌مان و كۆمیسیۆن خۆی مۆڵه‌تی ژماره 36 ی له 13-11-2004 دا دایه ئێمه و به‌شداریمان له‌هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنی رابردووی 31-1-2005 و 15-12-2005 دا كردووه. جێگه‌ی بیر هێنانه‌وه‌یه له‌كاتی هه‌ڵبژاردنی 31-1-2005 یشدا توركیا و هه‌ندێك هێز داوای ئه‌وه‌یان كرد كه ڕێگه نه‌درێت پارتی ئێمه به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكات، به‌ڵام كۆمیسیۆن ئه‌و كاته ئه‌و ده‌ستێوه‌ردانه‌ی په‌سند نه‌كردو داواكه‌یانی ره‌تكرده‌وه. به‌ڵام جێگه‌ی داخه كه كۆمیسیۆن دوای پێنج ساڵا له‌تێكۆشان و بانگه‌شه‌ی دیموكراتی داوایه‌كی به‌مڕه‌نگه په‌سند ده‌كات. له‌هه‌مان كاتدا پێمان وایه كه بڕیارێكی به‌وڕه‌نگه سه‌روه‌ری هه‌رێم و ئه‌زمونی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌خاته ژێر گومانه‌وه. واته ئه‌م بڕیاره هه‌م بۆ كۆمیسیۆن كه ئه‌مڕۆ كوردێك سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، هه‌م بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌بێته نه‌نگی و پێویسته هه‌رچی زووه به‌م بڕیاره‌دا بچنه‌وه. هه‌ر بۆیه ئێمه داوا له‌كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ین كه به‌بڕیاری خۆیاندا بچنه‌وه و داوا له‌سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان و ده‌سته‌ی هه‌رێمی كوردستانی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ین فشار بخه‌نه سه‌ر كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان كه به‌پێی یاسا بڕیار بدات و ئه‌و هه‌ڵه یاسایی و سیاسییه راست بكه‌نه‌وه.
ئێمه وه‌كو پارتی چاره‌سه‌ری دیموكراتی كوردستان وه‌كو لایه‌نێك كه به‌شدارین له‌لیستی هیوادا هه‌تا دوایی تێكۆشانی یاسایی، سیاسی و دیموكراتی خۆمان به‌ڕێوه ده‌به‌ین بۆ ئه‌وه‌ی په‌رده له‌سه‌ر راستیه‌كان لابده‌ین و بێگومانین كه تێكۆشانی دیموكراتی زه‌حمه‌ته به‌تایبه‌تی له بار‌و دۆخێكی به‌مڕه‌نگه‌دا. له‌هه‌مان كاتدا داوا له سه‌رجه‌م ئه‌ندامان و دۆستان و لایه‌نگرانی پارتیمان و هه‌موو ئه‌و لایه‌ن و كه‌سێتیه به‌ڕێزانه‌ی به‌شدارن له‌م لیسته‌دا یاخود پشتیوانی ده‌كه‌ن ده‌كه‌ین كه گوڕ به‌تێكۆشانی دیموكراتی خۆیان بده‌ن و ئه‌و هه‌ڵوێسته نایاسایی و نادیموكراتیه زیاتر سووریا‌ن بكات له‌سه‌ر تێكۆشان.دیار غه‌ریب
سه‌رۆكی پارتی چاره‌سه‌ری دیموكراتی كوردستان
1-6-2009