
تێکشکاندنی که‌مالیزم و ئیسلامی سوڵتانه‌کان له باکوری کوردستان
تێکشکاندنی که‌مالیزم و ئیسلامی سوڵتانه‌کان له باکوری کوردستان
له ماوه‌ی پتر له هه‌شتا ساڵه مێرده‌زمه‌ی که‌مالیزم سواری هۆش و هرزی گه‌لانی تورکیا بووه، که‌مالیزم هه‌روه‌ک نازیزم ئامانجی به هۆمۆجینهکردنی کۆمه‌ڵگه‌یه، هه‌وڵدانه بۆ به ڕۆبۆتکردنی هزری تاکه‌کان تاکو له چوارچێوه‌ی کۆمه‌ڵێ پرنسیپ و پرۆگرامی داڕێژکراو بیربکه‌نه‌وه. به سیسته‌مکردنی کۆمه‌ڵگایه له سه‌ر بنه‌مای یه‌ک نه‌ته‌وه، یه‌ک زمان. تاکه‌کان له کۆمه‌ڵگه‌ی که‌مالیزمدا، یه‌ک زمان، یه‌ک کلتور، یه‌ک بیرکردنه‌وه‌یان هه‌یه.
ئامانجی که‌مالیسته‌کان ئافراندنی نه‌ته‌وه‌یه‌کی تورکی بهکهمالیزمکراوه له‌سه‌ر ئێسک و پروسکی گه‌له ناتورکه‌کانی نێو خاکی تورکیا هه‌روه‌ک ئامانجی نازیسته‌کان ئافراندنی نه‌ته‌وه‌یه‌کی پاکژی ئاری و به نازیزمکراو بوو.
که‌مالیسته‌کان هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی کۆماره‌که‌یانه‌وه که ده‌ستیان کرد به پیاده کردنی سیاسه‌ته ڕهگهزپهرستانهکهیان تووشی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌لی کورد بوون. له چه‌ند ناوچه‌یه‌کی جوداوازی کوردستان له کاتی جودا جودادا چه‌ند ڕاپهڕنێکی کوردان له سه‌ره‌تای بیسته‌کانه‌وه تا کۆتایی سیییه‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو سه‌ری هه‌ڵدا. به‌ڵام له‌به‌ر گه‌لێ هۆی جودا ڕاپه‌رینه کوردییه‌کان یه‌ک له دوای یه‌ک تێکشکێندران.
له دوای تێکشکاندنی دوا ڕاپه‌ڕینی کورد تاکو ناوه‌ڕاستی حه‌فتاکان جۆره خامۆشییه‌ک باڵی به‌سه‌ر باکوری کوردستاندا کێشابوو هه‌ر ده‌ڵێی له‌و ماوه‌یه‌دا که‌مالیسته‌کان ئامانجه‌که‌یان پێکابوو له به تورکاندنی به‌شێکی زۆری کوردان. له راستیدا که‌مالیسته‌کان له شاره گه‌وره‌کانی باکوری کورستان و تورکیا تا ڕاده‌یه‌کی زۆر توانیبوویان هه‌ستی کوردبوون له نێو به‌شێکی زۆری خه‌ڵکی کورددا له بیر به‌رنه‌وه یاخود خامۆشی بکه‌ن.
دوای خامۆش کردنی گڕی ڕاپه‌ڕینی چیای ئاگری به سه‌رکردایه‌تی ئیحسان نوری پاشا، ڕۆژنامه‌یه‌کی تورکی ئه‌و ده‌مه ده‌نووسێ لێره‌دا خه‌ونی کوردستان گۆڕ کرا.
که‌مال ئه‌تاتورک پاش سه‌رکه‌وتنی به‌سه‌ر یۆنانیه‌کاندا و دامه‌زراندنی کۆماری تورک بۆ تاقه جارێکیش وشه‌ی کورد به‌سه‌ر زمانی‌دا نه‌هات.
له ساڵه‌کانی چله‌کان و په‌نجاکان و شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو کوردانی باکوور له نێو ئاگری دۆزه‌خی مه‌ملکه‌تی که‌مالیسته‌کاندا تاریکترین ساڵه‌کانی ژیانیان ده‌برده سه‌ر، هاتنه ده‌ره‌وه‌ی تاکه یه‌ک په‌یڤی کوردی له زمانی ئاخێوهرهکانییهوه سزای یاسایی به دواوه بوو، زارۆکی کورد له قوتابخانه‌کان به سووک کردن و ههقارهتهوه دهتورکێندران، به ئایدۆلۆژییای که‌مالیزم مێشکیان ده‌شۆرایه‌وه و له ناسنامه و زمان و فه‌رهه‌نگ و مێژووی خۆیان نامۆ ده‌کران.
ته‌ونی جاڵجاڵۆکه‌ی که‌مالیزم سه‌رله‌بری کوردستانی گرتبۆوه چ به جه‌سته، چ به ڕوح و چ به هۆش ئه‌م ته‌ونه نه‌گریسه نێچیره‌کانی ههڵدهلوشی. تاکی کورد ده‌بوو له جیهانێکی پڕ له نکوڵی و زڕه درۆی شاخدار ژیانی ڕۆژانه‌ی به‌سه‌ر به‌رێت. هه‌ر ڕۆژ چه‌ندین جار نکوڵی له بوونی خۆی بکات.
له نێو شه‌وه‌زه‌نگی تاریکستانی که‌مالیسته‌کاندا جار جار لێره و له‌وێ ڕۆشنبیران و که‌سایه‌تییه خه‌مخۆره‌کانی کورده‌واری وه‌ک مۆمێک ده‌وروبه‌ری تاریکیان ڕووناک ده‌کرده‌وه لێ تیشکی ئه‌م مۆمانه هێنده کاریگه‌ر نه‌بوون تاکو ڕووناکیان بگاته به‌شێکی به‌رچاوی گه‌ل.
هه‌ڵبه‌ت ده‌رهێنانی گه‌ل له‌م گۆمه قوڵه‌ی خامۆشی و دواکه‌وتوویی و بێباوه‌ڕی کارێکی زه‌حمه‌ته. له لایه‌ک هێز و توانایه‌کی فکری مه‌زن و له لایه‌کی دی قوربانی و کار و خه‌باتێکی چالاک و به دسپلین و تۆکمه ڕێکخراوی گه‌ره‌که. خونچه‌ی ئه‌م جۆره ڕێکخراوه له ناوه‌ڕاستی حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو پشکوت، ئه‌و کۆمه‌ڵه شاگرده چه‌پڕۆیه‌ی که له ناوه‌ڕاستی حه‌فتاکاندا له ده‌وری یه‌کدی کۆبوونه‌وه به خه‌باتێکی مه‌زنی که‌م وێنه هێدی هێدی ده‌وروبه‌ری شه‌وه‌زه‌نگیان به بیری کوردایه‌تی و نه‌ته‌وه‌یی ڕوناک ده‌کرده‌وه.
کێ سی ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بڕوای ده‌کرد گروپێکی گچکه‌ی پێک هاتوو له کۆمه‌ڵێک لاوی خوێندکار، ده‌کارن به‌و جۆره کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ڕۆچوو له ناخی دواکه‌وتوویی و پاشخان خێڵه‌کی و هه‌ست لاوازی نه‌ته‌وه‌یی بگۆڕن بۆ کۆمه‌ڵگایه‌ک که به‌شێکی زۆری یه‌ک ده‌نگ به هه‌ستێکی نه‌ته‌وه‌یی به‌رز هه‌م مێردزمهی که‌مالیزمی هه‌شتا ساڵه و هه‌م ئیسلامی سوڵتانه‌کانی هه‌شت سه‌د ساڵه توڕ بده‌ن.
ئیراده‌ی کوردی بۆ یه‌که‌مینجار له سه‌رانسه‌ری باکوری کوردستان له هه‌ڵبژاردنه شاره‌وانیه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی تورکیادا به‌وپه‌ڕی یه‌ککگرتوویی و یه‌کده‌نگی له پارتی کۆمه‌ڵگه‌ی دیمۆکراتی خۆی نواند و به‌رجه‌سته بوو. بۆ یه‌که‌مین جار دوای چه‌ندین سه‌ده له مێردزهمهی که‌ڵه‌گایی تورکان به‌سه‌ر کوردانه‌وه به‌شێکی به‌رچاوی کورد ده‌نگیان به نوێنه‌رانی خۆیان دا‌و به ئیسلامی تورکان نهخاپێندران، سه‌رانی که‌مالیزمی ده‌وڵه‌تی تورک و دۆسته ئه‌وروپی و هه‌رێمی و ته‌نانه‌ت دۆسته کورده‌کانیشیان زۆر گره‌ویان له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کرد که ئیسلامی سوڵتانه‌کان له جیاتی که‌مالیزم ئیراده‌ی کوردی تێک‌بشکێنێ.
هه‌وری ڕه‌شی که‌مالیزم که ده‌مێک ساڵه له ئاکامی خه‌باتی چالاکانه‌ی کوردان رۆژ له دوای ڕۆژ ڕووی له ته‌نکی کردووه، له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌م دواییه مرۆڤ ده‌کارێ بڵێ به ته‌واوی ڕه‌وییه‌وه، ئه‌نجامی هه‌ڵبژارده‌نه‌کانی شاره‌کانی باکوری کوردستان پیشانی دا ئه‌و هێزانه‌ی که نوێنه‌ری ته‌قلیدی بیری که‌مالیزم بوون ته‌واو بێهێز و په‌که‌وته بوون و له جێی نه‌بوو بوون. تاکه هێزێک که جۆره ئاهێکی تێدا بوو به‌رانبه‌ر ئیراده‌ی کوردی، ئیسلامی سوڵتانه‌کان بوو، به‌شێکی ئه‌و هێزه‌ش که هه‌یان بوو له‌به‌ر چه‌ند هۆکارێکی وه‌ک نه‌بوونی ئاوهه‌وایه‌کی پاکژی دیمۆکراتی له ناوچه کوردییه‌کان، ڕه‌گوڕیشه‌ی سه‌دان ساڵه و هێزی دینی ئیسلام له نێو کوردان‌دا، ته‌یار کردنی هه‌موو داموده‌زگای ده‌وڵه‌تی تورک به که‌مالیست و ئیسلامییه‌وه دژی ئیراده‌ی کوردان ئه‌مه جگه له هه‌ڕه‌شه و ده‌م چه‌ورکردن و سوود وه‌رگرتن له هه‌ژاری کوردان به به‌خشینی پاره و که‌لوپه‌ل به‌سه‌ریاندا بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنیان. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا هه‌ست و ئیراده‌ی کوردبوون سه‌رکه‌وتنێکی مه‌زنی به ده‌ست هێنا. ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌ی کوردان سه‌رکه‌وتنێکی کلاسیکی پارتێک نییه به‌ڵکو پێویستی به خوێندنه‌وه‌یه‌کی قوڵ و ورد هه‌یه. مرۆڤ ده‌توانێ بڵێ ئاکامی خه‌باتی بێوچانی سی ساڵه‌ی گه‌لی کورده له باکوری کوردستان، ئاکامی گۆڕانکارییه‌کی مه‌زنه له هزر و بیرکردنه‌وه‌ی گه‌لێکی پاشخان خێڵکهکی به‌ره‌و هزری نه‌ته‌وه بوون.
کۆمه‌ڵگه کاتێ به‌ره‌و نه‌ته‌وه بوون هه‌نگاو ده‌نێ، چه‌ند بنهمابههایهک ده‌کات به خاڵی هاوبه‌ش و تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه به یه‌که‌وه ده‌به‌ستێت و هاوسۆزی و هاوخه‌می و هه‌ستی خۆبهبهشێک له نه‌ته‌وه له تاکه‌کاندا ده‌ئافرێنێ. هه‌ڵبه‌ت له کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واریدا زۆر گرنگه ئه‌و بنهمابههایانهی که جێگه‌ی به‌هاکانی عه‌شیره‌تی و خێڵکهکی ده‌گرنه‌وه ده‌بێ گه‌لێک زیاتر هه‌ستی گرێدان له نێو تاکه‌کاندا به نه‌ته‌وه و چاره‌نووسی نه‌ته‌وه بئافرێنێ. ده‌بێ به‌شێکی زۆری تاکه‌کان له خۆشی و ناخۆشی نه‌ته‌وه‌که‌یاندا به‌شدار بن. ته‌نانه‌ت پێشکه‌وتنی دیمۆکراتی له هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌نده به‌و کۆمه‌ڵه بنهمابههایانهی که گه‌ل له ده‌وری کۆده‌بێته‌وه. چونکه دیمۆکراتی ڕیکخستنی ماڵه له چوارچێوه‌ی کۆمه‌ڵێ پرنسیپ و بنه‌مادا نه‌ک به‌ڕه‌ڵڵایی و په‌رش و بڵاوی که به داخه‌وه ئاکامی پرۆسه‌ی دێمۆکراتی له زۆر شوێنی جیهانی دواکه‌وتوودا ده‌بێته مایه‌ی ئاژاوه و شه‌ڕی ناوخۆ.
له باکووری کوردستان هه‌ندێ بنهمابههای نه‌ته‌وه‌یی تاکه‌کانی به کۆمه‌ڵگه و به یه‌کتره‌وه گرێ داوه. ئه‌م بنهمابههایانه جۆره ساختکارێکی ده‌سه‌ڵاتیی نه‌ته‌وه‌یی ئافراندوه که ده‌سه‌ڵاتی تاک و گروپ و ناوچه‌ویی په‌راێز یاخود که‌م کاریگه‌ر کردوه. مرۆڤ گه‌ر بڕوانێته ئۆرگانێکی وه‌ک پارتی کۆمه‌ڵگه‌ی دیمۆکراتی هه‌ست به‌و ڕاستییه ده‌کات که ئه‌و ئۆرگانه له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێ بنه‌ما و پرنسیپ سیاسه‌ت ده‌که‌ن و مۆرکی تاک که‌سیی و ناوچه‌گه‌رێتی پێوه نییه هه‌ر بۆیه کاتێک له ناوجه‌رگه‌ی دوژمن کار ده‌که‌ن، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و فشارانه‌ی له‌سه‌ریانه دوو که‌رت و سێ که‌رت نابن به پێچه‌وانه‌ی پارته‌کانی باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان که ڕۆژ له دوای ڕۆژ په‌تای که‌رت بوون پتر هه‌ڵوێستی خۆیان و کوردانی ئه‌و به‌شانه‌ی کوردستانی له به‌رانبه‌ر داگیرکه‌ران لاواز کردوه.
هه‌ڵبه‌ت پاراستنی نه‌ته‌وه له هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌کی پێش دیمۆکراتیی و ئازادیی تاکه که‌س دێت چونکه که نه‌ته‌وه نه‌بوو یاخود ژێر ده‌ست بوو ئیتر چۆن ده‌کرێ باس له دیمۆکراتی و ئازادی تاک بکرێت له کاتێکدا هه‌موو نه‌ته‌وه نائازاده. به بیانووی پاراستنی نه‌ته‌وه‌ش نابێ چه‌ند ده‌سه‌ڵاتدارێک ببن به خوێن‌ڕێژ، پاراستنی نه‌ته‌وه بکه‌ن به بیانوویه‌ک بۆ کوشتن و بڕین و له دونیای گه‌نده‌ڵیدا خنکا بن. زۆر به دیه‌ی و ئاشکرایه به خوێنڕشتن، گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی هه‌رگیز ناتوانرێ نه‌ته‌وه بپارێزرێ، زۆر جار له مێژوودا بینراوه کاتێک ده‌سه‌ڵاتێکی دیکتاتۆر ده‌که‌وێته به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌کی ئه‌وا به‌شێکی زۆری میلله‌ت یان خۆشحاڵن به‌و هه‌ڕه‌شه ده‌ره‌کییه یاخود بێخه‌م و پاسیڤن.
خاڵێکی زۆر سه‌رنجڕاکێشی دی له هه‌ڵبژاردنه شاره‌وانییه‌کانی باکوری کوردستان ئه‌و ژماره زۆره‌ی ژنانی کورده که بوون به سه‌رۆک شاره‌وانی، کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی باوکسالاری خێڵه‌کی چه‌ند ساڵێک لهمهوپێش چۆن ده‌نگ ده‌دا به ژنان ببن به سه‌رۆک شاره‌وانی گه‌ر گۆڕانکارییه‌ک له هه‌ڵوێستی کۆمه‌ڵگه‌ی باکوری کوردستان ڕووی نه‌دابێ به‌رانبه‌ر به به‌شداریی سیاسیی ژنان، ئه‌مه له کاتێکدا له هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی حکومه‌ته‌کان و پارته دژبه‌ره‌کانی ده‌سه‌ڵات ده‌رگاکانی ژیانی سیاسی و چالاکی کۆمه‌ڵایه‌تی له به‌رده‌م ژناندا داده‌خه‌ن و به بیانوی ڕێساگه‌لی ئاسمانی ژنان به‌ره‌و ڕۆژگاره تاریکه‌کانی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست ڕه‌وانه ده‌که‌ن.
سه‌رکه‌وتنی پارتی کۆمه‌ڵگه‌ی دیمۆکراتی له زۆربه‌ی شاره‌کانی کوردستاندا ده‌رئه‌نجامی گرنگی ده‌بێ له چاره‌سه‌رکردنی ئاشتیانه‌ی دۆزی کورد له باکوری کوردستان و ئه‌و بۆچوونه تورکی – ئه‌وروپی – ئه‌مه‌ریکییه‌ی که کێشه‌ی کورد وه‌ک کێشه‌ی تێرۆریزم وه‌سف ده‌کات دهپوچێنێتهوه. گه‌ر خه‌باتی کوردانی باکور به‌م شێوه چالاک و ڕێکخراوه‌ی ئێستای به‌رده‌وام بێت و ستراتیجی بزاڤی کوردی سوور بێت له‌سه‌ر ئاشتی و چاره‌سه‌رکردنی دیمۆکراتی ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه سه‌رانی که‌مالیزم و هاوپه‌یمانه‌کانی ناچار ده‌بن چاو به هه‌ڵوێسته‌کانیان بخشێننه‌وه ده‌رباره‌ی دۆزی کورد و واز له سیاسه‌تی نکوڵی و له‌ناوبردنی کورد بهێنن. بێگومان چاره‌سه‌رکردنی دۆزی کورد له باکوری کوردستان ده‌بێت به ڕێخۆشکه‌ر بۆ ناساندنی مافی کورد له هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و خۆ ئه‌گه‌ر کورد به هه‌موو مافه‌کانیشی نه‌گات ئه‌وا پێگه‌ی کورد له ناوچه‌که‌دا تا ڕاده‌یه‌کی زۆر به‌هێز ده‌کات.وریا مامڵێسی
ستۆکهۆڵم
02-06-2009