
له ده‌ستنووسه‌وه بۆ ئازاره‌كانی مرۆڤ
له ده‌ستنووسه‌وه بۆ ئازاره‌كانی مرۆڤ
له رۆمانی (خه‌ونی پیاوه ئێرانییه‌كان)ی ماردین ئیبراهیم
ئارام سدیق
سه‌ره‌تا
ئه‌گه‌رچی تا ئێستا ژماره‌ی رۆمانی كوردی كه‌مه، به‌ڵام له‌و ژماره كه‌مه‌دا ده‌نگی جوان‌و رۆمانی جوانی تێدایه، كه شایسته‌ی خوێندنه‌وه و رامان‌و له‌سه‌روه‌ستان بێت. به‌ڵام كێشه‌یه‌كی رۆمانی كوردی تا ئێستاش ئه‌وه‌یه كه "به‌شێك" له‌و رۆماننوسانه توانای گرێچنیان هێنده لاوازه، كه له كۆی تێكسته‌كه‌دا نازانین نووسه‌ر مه‌به‌ستی له‌چی بووه‌و ئه‌م هه‌موو رووداوه بۆچی خولقاون، یان له‌پێناو چیدا روویاندا. واته خوێنه‌ر ناتوانێت له‌خاڵێكدا كۆیان بكاته‌وه. نامه‌وێت لێره‌دا نموونه بهێنمه‌وه، چونكه ئه‌وه باسێكی تایبه‌تی ده‌وێت‌و لێره‌دا ناتوانین جێی بكه‌ینه‌وه، به‌ڵام ئه‌م كێشه‌یه، كێشه‌ی به‌شێكی به‌رچاوی ئێستای رۆمانی كوردییه. رۆمان ته‌نها هه‌ڵڕشتنی رووداو و خولقاندنی كه‌سایه‌تی نییه، واته زۆری رووداو و كه‌سایه‌تی، تێكستێك ناكاته رۆمان، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر رووداو و كه‌سایه‌تی دوو بناغه‌ی گرنگبن بۆ خولقاندنی رۆمان، ئه‌وا چۆنێتی كارپێكردنی ئه‌م دووه‌و خستنه خزمه‌تی ئه‌و په‌یامه‌ی نووسه‌ر گه‌ره‌كییه‌تی له‌ڕێی ئه‌و تێكسته‌وه بیگه‌یه‌نێت یه‌كێكی تره له خاڵه بناغه‌ییه‌كانی رۆمان‌و له‌پاش ئه‌مه‌ش ئه‌و ئایدیایه گرنگه، كه نووسه‌ر كاری له‌سه‌ر كردووه. ئایا ئایدیایه‌كی مرۆدۆستانه‌یه‌و خزمه‌تی فره‌ڕه‌نگی و فره‌ده‌نگی مرۆڤه‌كان ده‌كات، یان داوا ده‌كات هه‌موو یه‌ك ره‌نگ بپۆشن‌و له‌ژێرسایه‌ی یه‌ك سیستمدا كاربكه‌ن. یان وه‌كو (1984)ی جۆرج ئۆروێل هه‌وڵی یاخیبوون له سیستمه تۆتالیتارییه‌كانی تێدا ده‌خرێته‌ڕوو.
تا ئێستاش به‌شێك له رۆمانی كوردی كێشه‌ی گرێچن‌و ئه‌و ئایدیایانه‌ی هه‌یه كه له‌پشت تێكسته‌كه‌وه وه‌ستاون‌و به‌شێكیان نه‌ك خزمه‌تی چه‌مكه مرۆدۆستییه‌كان ناكه‌ن، به‌ڵكو فیكرێكی مۆنۆپۆلخواز له پشتیانه‌وه ئاماده‌یه، كه تا ئاستێكی زۆر ترسناكه كاتێك نووسه‌رێك ده‌یه‌وێت كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی فاشی بخولقێنێت.
له‌نێو ئه‌و رۆمانانه‌ی له‌م ساڵانه‌ی دوایدا بڵاوبوونه‌ته‌وه رۆمانی(خه‌ونی پیاوه ئێرانییه‌كان)ی ماردین ئیبراهیم، رۆمانێكه كه شایسته‌ی له‌سه‌ر وه‌ستانه، چونكه هه‌م ئاستی گێڕانه‌وه‌و گرێچن تێیدا به‌رزه‌و هه‌م زمانی نووسینیشی زمانێكه كه تێیدا هه‌ست به ساده‌ییه‌كی جوان ده‌كرێت، ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی رووداو و كاراكته‌ری زیاده‌ی تێدا نییه و نووسه‌ر هه‌وڵی چڕكردنه‌وه‌ی رووداوه‌كانی داوه. له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ن قسه له‌سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی ئه‌م رۆمانه بكه‌ین، چونكه تێكسته‌كه له ئاستێكدایه، كه هیچ كام له‌و خاڵه لاوازانه‌ی له‌سه‌ره‌وه خستمانه‌ڕوو، كه رۆمانی كوردی هه‌ڵگریه‌تی له‌م رۆمانه‌دا به‌دی ناكرێت، به‌ڵكو ئه‌م رۆمانه سه‌فه‌رێكی جوانه به‌ناو مێژوویه‌كی نه‌بینراو، یان خولقێنراودا، كه نووسه‌ر خولقاندوویه‌تی.له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆك‌و ناونیشانه‌وه
بێگومان دووباره گێڕانه‌وه‌ی رۆمان له نووسینێكی ئاوهادا كارێكی ئه‌سته‌مه‌و من لێره‌دا ناتوام رۆمانه‌كه بگێڕمه‌وه، ته‌نها ده‌توانم ئه‌وه بڵێم كه رۆمانه‌كه كچێك به‌ناوی "ئۆفیلیا" ده‌یگێڕێته‌وه كه له‌پاش روداوی كوشتنی باوكییه‌وه توانای قسه‌كردنی له‌ده‌ستداوه‌و له خانه‌یه‌كی تایبه‌تی نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌كان رووداوه‌كان ده‌نوسێت، كه تا هه‌ناوی مێژوویه‌كی دوور ده‌گه‌ڕێنه‌وه، چونكه ئه‌و رووداوه ئێستایانه‌ی له رۆمانه‌كه‌دا كاری له‌سه‌ر كراوه ره‌گه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مێژوویه‌ك كه ده‌گاته‌وه به ده‌ستنووسی مه‌م‌وزینی ئه‌حمه‌دی خانی.
ناونیشانی رۆمانه‌كه، ناونیشانێكه خوێنه‌ر تا رۆمانه‌كه ته‌واو نه‌كات نازانێ بۆ نووسه‌ر ئه‌و ناونیشانه‌ی بۆ تێكسته‌كه‌ی هه‌ڵبژاردووه. (خه‌ونی پیاوه ئێرانییه‌كان) ته‌نها ناونیشانێكی ساده نییه، به‌ڵكو له‌و ناونیشانه‌وه قوڵایی رۆمانه‌كه هه‌ست پێده‌كه‌ین، كاتێك سێ پیاو ده‌یانه‌وێت ده‌ستنووسێك له زه‌مه‌نێكی دووردا بفه‌وتێنن‌و دواجار گرنگی ده‌ستنووسه‌كه په‌شیمانیان ده‌كاته‌وه له فه‌وتاندن، به‌ڵام چه‌ند نه‌وه‌یه‌كی ئه‌وان دوای چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك بۆ پاراستنی ئه‌و ده‌ستنووسه سه‌ری خۆیان ده‌كه‌نه قوربانی بۆ پاراستنی ده‌ستنوسه‌كه. واته خه‌ونی پیاوه ئێرانییه‌كان، خه‌ونی پاراستنی ده‌ستنوسێك بووه، نه‌ك فه‌وتاندنی وه‌ك پیاوه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی به‌نیازبوون له‌ناوی به‌رن. بۆیه ده‌بینین قورسایی ناونیشانه‌كه له‌به‌شی دووه‌میدا (پیاوه ئێرانییه‌كان) ده‌رده‌كه‌وێت ، كه خه‌ونی ئه‌وان بۆ پاراستنی ده‌ستنوسێك بووه‌و سه‌ری خۆیان كردۆته قوربانی ئه‌و خه‌ونه.
ژنه نووسه‌ری به‌ریتانی "پی.دی. جێمز" له‌باره‌ی گرنگی ناونیبشانی كتێبه‌وه ده‌ڵێت: ناونیشانی كتێب زۆر گرنگی هه‌یه‌و دۆزینه‌وه‌ی ناوی گونجاو كارێكی سه‌خته. من ناونیشانی كتێب، یان زۆر زوو بێ هیچ گرفتێك ده‌دۆزمه‌وه، یان زۆر درێژه ده‌كێشێت‌و به زه‌حمه‌ت ده‌یدۆزیمه‌وه. له‌م قسه‌یه‌ی "پی.دی. جێمز"ه‌وه ئه‌وه روونده‌بێته‌وه كه هه‌ڵبژاردنی ناونیشانی گونجاو و سه‌رنجڕاكێش كارێكی ئاسان نییه‌و هاوكات خاوه‌نی گرنگییه‌كی تایبه‌تییه بۆ ده‌ق.
ئه‌گه‌ر له رووی بونیاده‌وه سه‌یری ناونیشانی ئه‌م رۆمانه بكه‌ین وشه‌ی "خه‌ون" له ناونیشانه‌كه‌دا قورساییه‌كی زۆرتری هه‌یه له "پیاوه ئێرانییه‌كان" چونكه پیاوه ئێرانییه‌كان جێبه‌جێكه‌ری وه‌سێتی ده‌ستنووس دزه‌كانن، واته ده‌كرێت وشه‌ی "خه‌ون" دوو لێكدانه‌وه‌ی بۆ بكرێت یه‌كه‌میان خه‌ونی ده‌ستنووس دزه‌كانه و دووه‌میشیان خه‌ونی رزگاركه‌رانی ده‌ستنوسه‌كه‌یه، كه پیاوه ئێرانییه‌كانن. كه‌واته ناونیشان له‌م تێكسته‌دا وه‌كو لوسییه‌ن گۆڵدمان ده‌ڵێت: سووره‌یای ده‌قه. وه‌ك سوره‌یا ده‌دره‌وشێته‌وه‌و بۆته خاڵێكی به‌هێزی تێكسته‌كه‌و ده‌كرێت بڵێین نووسه‌ر به وشیارییه‌وه ئه‌و ناونیشانه‌ی به‌كاربردووه‌و هه‌ر له ناونیشانه‌كه‌وه گرێیه‌كی لای خوێنه‌ر به‌جێهێشتووه، تا به‌دوایدا بچێت.فره‌گێڕانه‌وه، تێكشكاندنی تاكده‌نگی
به‌رای میخائیل باختین، رۆمان پیشانده‌ری ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه "فره ده‌نگی"، یان "فره مانایی"یه‌یه، كه سه‌رومڕ مانا به‌رده‌سته‌كانی نێو زمان ئاشكرا ده‌كات. به‌باوه‌ڕی باختین، رۆمان له چه‌ندین توێژی گوتار پێكهاتووه كه به‌شێوازی جۆراوجۆر له‌په‌نا یه‌كتر ریز ده‌بن، هه‌ندێكیان به‌شێوه‌یه‌كی هاوئاهه‌نگ‌و رێكوپێك‌و هه‌ندێكیشیان به‌شێوه‌یه‌كی دژواز به‌رانبه‌ر به‌یه‌ك.
یه‌كێك له جوانییه‌كانی ئه‌م رۆمانه بوونی فره گێڕانه‌وه‌و تێكشكاندنی ئه‌و تاكده‌نگییه‌یه كه به‌شێكی زۆری رۆمانی كوردی به‌خۆیه‌وه بینیوه. له‌م رۆمانه‌دا پاڵه‌وانه‌كان خۆیان چیرۆكی خۆیان ده‌گێڕینه‌وه‌و (ئۆفیلیا، خانی ، میلیاس، لاس‌و بكوژه‌كانی) كه كاراكته‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی نێو ئه‌م رۆمانه‌ی ماردینن هه‌موو ژیانی خۆیان ده‌گێڕنه‌وه. ئه‌م فره‌ده‌نگییه له گێڕانه‌وه له رۆمانی "من ناوم سووره"ی ئۆرهان پامۆكیشدا ده‌بینرێت، كه نیگاركێشه‌كان خۆیان چیرۆكی خۆیان ده‌گێڕنه‌وه. یه‌كێك له خاڵه جیاوازه‌كانی نێوان ئه‌م رۆمانه‌ی ماردین‌و ئه‌وه‌ی پامۆك، كه ئێمه ده‌مانه‌وێت له‌رووی بونیادی كاركردنی گێڕانه‌وه‌وه قسه‌ی له‌باره‌وه بكه‌ین له‌و خاڵه‌دایه كه به‌شێك له‌به‌شه‌كانی "من ناوم سووره"ی پامۆك به‌ناوی "ئێمه دوو عه‌وداڵین"ه، له‌وێدا مامۆستا عوسمان‌و قه‌ره (كه دوو كاراكته‌ری سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه‌ی پامۆكن) به‌دوای بكوژێكدا عه‌وداڵن‌و پێكه‌وه حیكایه‌تی ئه‌و به‌شه ده‌گێڕنه‌وه، به‌ڵام له رۆمانه‌كه‌ی ماردیندا به‌شی كۆتایی ته‌نها لێی نووسراوه "كۆتایی"و گێڕه‌ره‌وه دیاری نه‌كراوه‌و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و به‌شه (ئۆفیلیا‌و میلیاس) پێكه‌وه ده‌یگێڕنه‌وه. واته خاڵی لاوازی رۆمانه‌كه‌ی ماردین له‌وه‌دایه، كه ته‌نها به نووسینی وشه‌ی "كۆتایی" گرنگترین به‌شی رۆمانه‌كه خستۆته‌ڕوو، كه راموایه به‌شێكی زۆر له جوانی فره‌گێڕانه‌وه‌ی له‌م به‌شه‌دا به‌هۆی نه‌بوونی ناونیشانێك بۆ به‌شه‌كه كه وه‌ك رۆمانه‌كه‌ی پامۆك ئاماژه به گێڕانه‌وه هاوبه‌شه‌كه بدات، تا ئه‌و جوانییه‌ی له‌و به‌شه‌دایه ون نه‌بێت، به‌ڵام وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م بۆ كرد پامۆك له‌و به‌شه‌دا به دانانی "ئێمه دوو عه‌وداڵین" ئه‌و خاڵه‌ی چاره‌سه‌ر كردووه، كه لای ماردین بۆته هۆی دروستبوونی بۆشایی.
خاڵێكی تر كه له‌مرۆمانه‌دا چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌و ده‌كرا چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌و به‌شی كۆتاییه‌ی رۆمانه‌كه‌یه كه " میلیاس" حیكایه‌تی كۆتایی خۆی (پاش مردن) ده‌گێڕێته‌وه. له‌كاتێكدا له‌ده‌ستپێكی رۆمانه‌كه‌دا نووسه‌ر ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو كه ئه‌و رۆمانه له‌لایه‌ن كچێكه‌وه به‌ناوی "ئۆفیلیا" نووسراوه، به‌ڵام هاتنه ناوه‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌ی " میلیاس پاش مردن" تا ئاستێكی زۆر توانای قه‌ناعه‌تپێكردنی به‌خوێنه‌ر لاوازه و من پاش چه‌ندجار خوێندنه‌وه نه‌متوانی قه‌ناعه‌ت به خولقان‌و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و به‌شه بكه‌م. ده‌كرا چیرۆكی میلیاس هه‌ر نه‌گێڕدرێته‌وه، واته گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌تی پاش مردنی میلیاس زه‌مینه‌سازییه‌كی ئیستاتیكی بۆ نه‌كراوه، بۆیه به‌ره‌چاو نه‌كردنی ئه‌و زه‌مینه‌سازییه گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی پاش مردنی میلیاس به‌شێك له جوانی تێكسته‌كه‌ی ونكردووه.
خاڵێكی تری جوان ئه‌وه‌یه كه بكوژه‌كه‌ش حیكایه‌تی ژیانی خۆی ده‌گێڕێته‌وه، ئه‌مه‌ش ئه‌و خاڵه‌یه كه رۆمان له زاڵكردنی تاكده‌نگی‌و هه‌یمه‌نه‌ی ده‌پارێزێت، یان ده‌توانین به دژوازییه ناوی به‌رین كه وته‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌دا باختین ئاماژه‌ی بۆ كرد. بۆیه بوونی فره‌گێڕانه‌وه له رۆمان‌دا توانای گرێچی رۆمانوس ده‌خاته‌ڕوو. چونكه له‌م رۆمانه‌ی ماردیندا ئه‌و فره ده‌نگییه به‌شێوه‌یه‌ك گرێچن كراوه، كه هه‌ست به بوونی بۆشایی ناكرێت له گێڕانه‌وه‌كه‌دا.
راجێر وێبستێر رای وایه گێڕانه‌وه‌و زمان ده‌كرێت وه‌ك لایه‌نی شایانی یه‌كگرتنه‌وه‌ی ده‌ق، یان گوتاره ئه‌ده‌بییه‌كان ئه‌ژمار بكرێت. هه‌روه‌ها وێبستێر زیاتر باس له گرنگی گێڕانه‌وه ده‌كات‌و ده‌نوسێت: گێڕانه‌وه رێگایه‌كه بۆ ئاوێته‌كردنی یه‌كه‌كانی زمان‌و دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵێك پێكهاته‌ی گه‌وره‌تر. كاركردنی ماردینیش له‌م رۆمانه‌دا هه‌وڵدانه بۆ ئاوێته‌كردنی ئه‌و زمانه شیعرییه له‌گه‌ڵ گوتارێكی تۆكمه‌ی گێڕانه‌وه، كه فره‌ده‌نگ بێت
له‌ده‌ستنووسه‌وه بۆ ئازاره‌كانی مرۆڤ
میلان كۆندێرا له كتێبی هونه‌ری رۆمان‌دا ده‌نوسێت: كاری مێژوونووس له‌گه‌ڵ مێژووی كۆمه‌ڵگادایه نه‌وه‌كو مێژووی مرۆڤ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و پێشهاته مێژووییانه‌ی رۆمانه‌كاندا ده‌رده‌كه‌ون زۆرجار له‌لایه‌ن مێژوونووسانه‌وه نابینرێن.
خولقاندنی مێژوویه‌كی تر بۆ مه‌م‌وزینی خانی له‌م رۆمانه‌ی ماردین ئیبراهیمدا بۆ خستنه‌ڕووی ئه‌و مێژووه نه‌بینراوه‌یه كه مێژوونووسه‌كان نه‌یان بینیوه، كه ئه‌ویش مێژوویه‌كی ئه‌ندێشه‌كراوه. بۆیه كاری رۆمانووسه‌كان نووسینه‌وه‌ی مێژوو نییه، هه‌ر رۆماننوسێك كاری نووسینه‌وه‌ی مێژوو بكات، سنووری بۆ ئه‌و ئه‌ندێشه‌كردنانه داناوه كه دنیای رۆمان ده‌یخوازێت، چونكه رۆمان ئه‌و ده‌روازه‌یه‌یه كه نووسه‌ر بۆ بینین‌و خولقاندنی دنیایه‌كی ئه‌ندێشه‌كراو بنیاتی ده‌نێت. مه‌به‌ستمه ئه‌وه بڵێم ئه‌و مێژوه‌ی رۆماننوس له نێو تێكستێكدا ته‌وزیفی ده‌كات، هه‌م مێژوویه‌كی ئه‌ندێشه‌كراوه‌و هه‌م مێژووی مرۆڤه په‌راوێزخراوه‌كانی نێو ئه‌و زه‌مه‌نه‌یه‌و هاوكات حوكمدانی نووسه‌ریشه له‌سه‌ر رووداوه‌كان.
ئه‌گه‌ر بۆ رونكردنه‌وه‌ی ئه‌م مه‌به‌ست بگه‌ڕێینه‌وه لای رۆمانه‌كانی عه‌تا محه‌مه‌د‌و به‌تایبه‌ت رۆمانی "گێلاسی خوێن" وه‌ك نمونه وه‌ربگرین. ئه‌و رۆمانه باس له مێژوویه‌كی ئه‌ندێشه‌كراوی میری بابان ده‌كات له‌شاری سلێمانی، مێژویه‌ك كه میری بابان هه‌موو خه‌م‌و خه‌ونی بۆته ئه‌وه‌ی نه‌مری به‌ده‌ست بهێنێت، ئیتر گرنگ نییه ئه‌و نه‌مرییه چۆن به‌ده‌ست دێت، تا دواجار به‌وه‌ش رازی ده‌بێت كه ته‌نها له‌نێو نه‌خشه‌كاندا نه‌مری خۆی به‌رجه‌سته بكات. هه‌روه‌ها دوو كاراكته‌ری سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه‌ش (مردن‌و هاوڕێكه‌ی) ئه‌وانیش دوو كاره‌كته‌ری تاسه‌رئێسقان ئه‌ندێشه‌كراون. بۆیه ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ی ماردین له رۆمانی خه‌ونی پیاوه ئێرانییه‌كاندا بۆ لای خانی و ده‌ستنووسه‌كانی ئه‌وه‌نده‌ی بۆ نووسینه‌وه‌و ئه‌ندێشه‌كردنی مێژوویه‌كی په‌راوێزخراو و نه‌نوسراوه‌یه، هاوكات ئه‌وه‌نده بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی ئه‌بستراكی نێو ئه‌و مێژووه نییه. وه‌ك چۆن عه‌تا محه‌مه‌دیش له رۆمانی ناوبراودا خه‌می نه‌بووه. ماردین له‌م تێكسته‌دا هه‌وڵیداوه له‌ڕێی ده‌ستنووسه‌وه بۆ ئازاره‌كانی مرۆڤ دابكشێت‌و ئاماژه‌دان به بوونی ده‌سته‌ی "خه‌نجه‌ره‌كانی نیوه‌شه‌و" وه‌ك ده‌سته‌یه‌كی "ده‌ستنووس دز" ئه‌وه‌نده‌ی تر ئه‌م گه‌مه ئیستاتیكییه‌ی نێو ئه‌م رۆمانه‌ی جوانتر كردووه، چونكه دواجار ئه‌حمه‌دی خانی به‌ئازاری دزرانی ده‌ستنووسه‌كانییه‌وه سه‌رده‌نێـته‌وه.
له هه‌مان ئه‌و كتێبه‌ی له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان بۆ كرد كۆندێرا ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو كه ده‌بێ پاساوی بوونی رۆمان له‌وه‌دا به‌رجه‌سته‌بێ هه‌میشه‌و دووباره "دنیای ژیان" روناكی بخرێتـه سه‌رو ئێمه له "له‌بیرچوونه‌وه‌ی بوون" بپارێزێ. ئه‌وه‌ی نوسه‌ر له‌م رۆمانه‌دا كردوویه‌تی هه‌م به‌رجه‌سته‌كردنی دۆزینه‌وه‌ی ژیانی نوێیه له‌نێو مێژوودا‌و هه‌م پاراستنی مێژوویه‌كه له له‌بیرچوونه‌وه، چونكه ئه‌حمه‌دی خانی، كه وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی مێژوویی له‌م تێكسته‌دا ئاماده‌یی هه‌یه، ته‌نها وه‌كو شاعیرێك به‌رجه‌سته نه‌بووه، به‌ڵكو وه‌كو كاراكته‌رێكی ئه‌كتیڤی نێو مێژوویه‌كی له‌بیركراوی ئێمه‌ش به‌رجه‌سته‌یه.دیدی تاك‌و دیدی جیهانی
یه‌كێك له‌و كێشانه‌ی تر كه ئه‌م رۆمانه‌ی ماردین لێی به‌ده‌ره كێشه‌ی به رۆمانكردنه، ئه‌مه‌ش به‌شێكی زۆری ئه‌و تێكستانه‌ی كه به‌ناوی رۆمانه‌وه بڵاوده‌بنه‌وه رۆمان نین، یان سه‌رگوزه‌شته‌ن، یان یاداشتن، یان نووسینه‌وه‌ی مێژوویه‌كن كه هه‌موو ده‌یزانین‌و مێژوویه‌كی شاراوه نییه. به‌شێك له‌و تێكستانه سكاڵای ده‌روونین، یان دروستتر بڵێم "ده‌رده‌دڵن"و به‌ناوی رۆمانه‌وه بڵاوكراونه‌ته‌وه، بۆیه ره‌نگه لای ئه‌و نووسه‌رو ئه‌و كه‌سانه‌ی هه‌مان موعاناتیان هه‌یه رۆمان بێت، به‌ڵام له سیاقێكی گشتیدا نابنه رۆمان. وه‌ك له‌سه‌ره‌تاشدا ئاماژه‌یه‌كی خێرام پێدا ئه‌وه‌ی تێكستێك ده‌كاته رۆمان ته‌نها درێژنووسی خولقاندنی رووداو نییه، به‌ڵكو چۆنێتی گرێچن‌و توانایی گێڕانه‌وه‌و فره‌ده‌نگی‌و تێكستێك ده‌كاته رۆمان. هه‌روه‌ها ئێمه‌ش بڕوامان به‌و پێناسه‌یه هه‌یه كه ده‌ڵێت: هیچ یاسایه‌ك نییه سنوور به‌ندی بۆ رۆمانی نوێ بكێشێت‌و ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌كانی ئاوه‌ڵان بۆ هه‌موو جۆره رووداو و ململانێیه‌ك كه نووسه‌ر توانای به‌سه‌ریدا بشكێت‌و بتوانێت بیان خولقێنێت پێی ده‌وترێت رۆمان. یان ئه‌گه‌ر خۆمان له‌و سنوور به‌ندییه قوتار بكه‌ین، ده‌كرێت به‌و تێكستانه بڵێن رۆمان كه ته‌نها گوزارشتكه‌رنین له ناخی تاكێك، یان چه‌ند تاكێك، به‌ڵكو گوزارشتكه‌رن له ئازاره‌كانی به‌شێكی زۆری مرۆڤ، یان ئازاره وجودییه‌كان.
بۆ روونكردنه‌وه‌ی زیاتری مه‌به‌ستم ده‌مه‌وێت له‌ڕێی "ئیان وات"ه‌وه بگه‌ڕێمه‌وه لای كاره‌كانی دانیال دیفۆ. ئیان وات پێی وایه دیفۆ یه‌كه‌م كه‌سه كه له رۆمانه‌كانیدا وێنه‌ی ژیانی تاكه‌كه‌سی له‌چوارچێوه فراوانه‌كه‌یدا پێشكه‌ش ده‌كات. ئه‌و وێنه‌یه ده‌كاته كارگێڕییه‌كی مێژووی كه له‌پشت كۆمه‌ڵێك كار‌و بیری رۆژانه‌ی كورته‌وه سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. له‌رۆمانه‌كانی دیفۆدا هه‌ندێكجار هاوسه‌نگی كات تووشی دژایه‌تی دێت‌و له‌گه‌ڵ چوارچێوه مێژووییه‌كه‌یدا ناگونجێت. به‌ڵام ته‌نها ئه‌م به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه خۆی له خۆیدا به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه كه دیفۆ توانیویه‌تی ئه‌و شێوازه‌ی كه خوێنه‌ر هه‌ست به‌وه بكات كه پاڵه‌وانه‌كان په‌یوه‌ندییه‌كی بنه‌ڕه‌تیان به مه‌ودای كاته‌وه هه‌یه چاكی به‌كارهێناوه.
له‌م رۆمانه‌شدا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی وێنه‌ی ژیانی تاكه‌كه‌سه‌كان له‌چوارچێوه فراوانه‌كه‌یدا پێشكه‌ش ده‌كات. هاوكات پاڵه‌وانه‌كان په‌یوه‌ندییه‌كی بنه‌ڕه‌تیان به مه‌ودای كاته‌وه هه‌یه‌و ئه‌و رێكه‌وتانه‌ی نووسه‌ر بۆ گه‌یاندنی ده‌ستنووسی "مه‌م‌وزین" به‌لاس خولقاندوویه‌تی كاركردن له‌و دوو زه‌مه‌نه جیاوازه‌دا، یان ده‌توانین بڵێن له زه‌مه‌نه جیاوازه‌كاندا خاڵێكی تری سه‌ركه‌وتنی ئه‌م رۆمانه‌یه.
لوسیه‌ن گۆڵدمه‌ن رای وایه ئه‌ده‌ب پتر له هه‌ر بابه‌تێكی تر ، توانایی ده‌ربڕین‌و گوتنی ئه‌و شته‌ی هه‌یه كه پێی ده‌وترێت "دیدی جیهانی" كه سه‌رله‌به‌ری ئه‌و بیرۆكه‌و هه‌ست‌و خوستانه‌یه كه گروپێكی كۆمه‌ڵایه‌تی پێكه‌وه كۆده‌كاته‌وه. له‌م رۆمانه‌ی مادینیشدا هه‌ست به بوونی ئه‌و دیده جیهانییه ده‌كه‌ین كه بۆ كێشه‌كان هه‌یه‌و ئه‌ویش به به‌ستنه‌وه‌ی چیرۆكی ئه‌و دوو كاراكته‌ره بۆسنه‌ییه به رووداوه سه‌ره‌كییه‌كانی رۆمانه‌كه‌وه. پێویسته ئه‌وه‌ش روون بكه‌ینه‌وه كه باسكردنی چیرۆكی هه‌ریه‌ك له "ئیشماعیلۆڤ‌و ئییان" ئه‌م تێكسته‌ی ماردین ناكاته خاوه‌نی دیدێكی جیهانی، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه ده‌كاته خاوه‌نی دیدێكی جیهانی به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی "بۆسنه"یه، به‌و كاره‌ساتانه‌ی كه له ئه‌ربائیلۆی نێو رۆمانه‌كه‌ی ماریندا رووده‌ده‌ن، كه خوێنه‌ر زیاتر هه‌ست به‌بوونی دوو كۆمه‌ڵگه‌ی پڕ له بكوژ‌و كوژراودا ده‌كات، یان دوو كۆمه‌ڵگه كه خوێنڕشتن بۆته كولتووریان تا ئاستێكی ترسناك ئاسایی بۆته‌وه لایان. واته بوونی دنیابینییه‌كی قوڵ بۆ كێشه‌كان، یان ئه‌و دیده جیهانییه‌ی كه گۆڵدمه‌ن باسی ده‌كات ئه‌م رۆمانه له سه‌رگوزه‌شته‌یه‌كی تاكه‌كه‌سییه‌وه ده‌كاته رۆمانێك كه دیدێكی قوڵی بۆ كێشه‌كان له‌پشته‌وه‌یه‌و نوسه‌ر له‌هه‌وڵی گێڕانه‌وه‌و خولقاندنی چیرۆكی بێبنه‌مادا نه‌بووه.ئه‌نجام
راجێر وێبستێر پێیوایه هه‌ندێك ده‌ق، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی به ده‌قی مۆدێرن ناوده‌برێن، بۆیان هه‌یه سه‌ربه‌خۆیانه‌تر بخوێنرێنه‌وه‌و پێویستناكات له تاقه سیستمێكی نه‌گۆڕاوی مانایدا بمێننه‌وه. ئه‌م تێكسته‌ی ماردینیش ناكرێت ته‌نها له تاقه سیستمێكی مانایی نه‌گۆڕاودا بمێنێته‌وه‌و ده‌كرێت له‌روانگه‌ی تر‌و به‌پێی تیۆره ره‌خنه‌ییه‌كانی خوێندنه‌وه هه‌مه‌لایه‌نه‌ی بۆ بكرێت، بۆیه ناكرێت ئه‌م نووسینه‌ی ئێمه وه‌كو دوا خوێندنه‌وه ته‌ماشا بكرێت. هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش بخه‌مه‌ڕوو كه چه‌ندین لایه‌نی تر هه‌یه له‌م تێكسته‌دا ئێمه نه‌مانوستووه باسی لێوه بكه‌ین‌و ئێمه ته‌نها مه‌به‌ستمان بوو قسه له‌سه‌ر ئه‌م لایه‌نانه‌ی رۆمانه‌كه بكه‌ین، ئه‌مه‌ش به بڕوابوونی ته‌واومان به‌و قسه‌یه‌ی رۆلان بارت كه ده‌ڵێت: ده‌ق رووبه‌رێكه خوێنه‌ر بۆی هه‌یه له‌و ئاراسته جۆربه‌جۆرانه‌ی كه ده‌ق رێگای پێده‌دات تێیدا بگه‌ڕێت. ئێمه ته‌نها ویستوومانه له‌و رووبه‌رانه‌دا به‌نێو ئه‌و ده‌قه‌دا بگه‌ڕێین.په‌راوێزه‌كان:
*ماردین ئیبراهیم، خه‌ونی پیاوه ئێرانییه‌كان-رۆمان، بڵاوكراوه‌ی ئاینده، ده‌زگای چاپ‌و په‌خشی سه‌رده‌م، سلێمانی )2009)
*راجێر وێبستێر، توێژینه‌وه‌ی تیۆری ئه‌ده‌بی، وه‌رگێڕانی: عه‌بدولخالق یه‌عقوب، ده‌زگای توێژینه‌وه‌وبڵاوكردنه‌وه‌ی موكریانی، هه‌ولێر(2006).
*چارلز برێسلێر، ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی‌و قوتابخانه‌كانی، وه‌رگێڕانی: عه‌بدولخالق یه‌عقوب، ده‌زگای چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، هه‌ولێر(2007).
*میلان كۆندێرا، هونه‌ری رۆمان، وه‌رگێڕانی: كه‌ریم په‌ڕه‌نگ ده‌زگای چاپ‌و په‌خشی سه‌رده‌م، سلێمانی (2008).
* ئیان وات، سه‌رهه‌ڵدانی رۆمانی ئینگلیزی، وه‌رگێڕانی ره‌ووف بێگه‌رد، ده‌زگای رۆشنبیری‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی كوردی، به‌غداد (1986).