کهمپینی پشتگیریی لە ئاشتی و پاکیی هەڵبژاردنەکانی کوردستان
کهمپینی پشتگیریی لە ئاشتی و پاکیی هەڵبژاردنەکانی کوردستان
لە داهاتووی نزیکدا کوردستان دووبارە دەچێتەوە بەردەم ئەزموونێکی نوێی هەڵبژاردن، هەڵبژاردنی ئەمجارە بەهۆی بوونی لیستی جیاوازەوە بایەخێکی زۆر تایبەتی بۆ خەڵکی کوردستان هەیە. ڕاگرتنی پاکی لەم هەڵبژاردنەدا مەرجێکی گرنگی دابینکردنی ئاشتی و هێمنییە لە کوردستاندا، چونکە بەبێ ڕاگرتنی پاکی و هاوسەنگی، دەشێت دووبارە وڵاتی ئێمە تووشی نەهامەتی و ماڵوێرانی ببێتەوە. شەفافییەت یەکێکە لە بنەما و پرەنسیپە سەرەکییەکانی دیموکراسی، پێشمان وایە لە ساتێکی وەهادا جەغتکردنەوە لەسەر بنەما و پرەنسیپە سەرەکییەکانی دیموکراسی، ئەرکی هەموو خەڵکی دیموکراس و خەڵکانی داکۆکیکار لە ئاشتی و دڵسۆزانی نەتەوەکەمانە. لەم کەمپینەدا ئێمە نیازمانه بەرگری لە شەفافییەتی تەواو بکەین، تا هەموو دڵنیابین دەرەنجامی سندوقەکانی دەنگدان، ئیرادەی خەڵکی دەردەخات و نەخشەی راستەقینەی واقیعی سیاسی نیشاندەداتەوە، تا پێکڕا دڵنیابین کە ئەو هێزانەی هەڵدەبژێردرێن، پاڵاواتەی گەلن و ئیرادەیان نوێنەرایەتی ئیرادەی میللەتە.
بۆ گەیشتن بەو ڕاستیانە داوا لە هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین، بەتایبەت هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کە خاوەنی دوو گەورەترین هێزی چەکدارن کە بەرپرسیاریی مێژوویی خۆیان هەڵبگرن و ئاشتی و شەفافییەت زامنبکەن و زەمینەی دەستێوەردان و تێکدان نەهێڵن. هەروەها دەشمانەوێت بەم داوایە هانی سیاسەتمەداران و چاودێران و ڕۆژنامەنوسان و کەناڵە گەورەکانی میدیا لە خۆرئاوادا بدەین ڕووبکەنە کوردستان و لە نزیکەوە وێنەکەمان بۆ بگوازنەوە و ڕاستییەکانمان پیشانبدهن. بەداخەوە ئێمە لەمڕوەوە کەمتەرخەمییەکی زۆر لەلای کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و لایەنە ڕێکخەرەکان دەبینین، بۆیە بەم نوسراوە داوا لە حکومەتی هەرێم و هێز و لایەنە بەرپرسەکان دەکەین دەرگا بۆ هەموو چاودێرییەک بکەنەوە کە ئەم پاکی و شەفافییەتە دەسەلمێنێت. دیارە بەبڕوای ئێمە پاکی و شەفافییەت لەوەدا بەرجەستە دەبن کە لە کاتی هەڵمەتەکاندا: ههڕهشهی ئهزیهتدان و نانبڕین لهکهس نهکرێت؛ فرسەتی یەکسان بۆ هەموو لیست و لایەنەکان هەبێت؛ کەس فشار و ڕێگری ناقانونی نەخاتە بەردەم هیچ هێزێک؛ هەمووان لەسەر گەیاندن و ڕوونکردنەوەی بەرنامەکانی خۆیان کاربکەن و سامانی گشتی دەوڵەت و شوێنی گشتی بەکارنەهێنرێن بۆ پڕوپاگهنده بۆ هیچ لیستێک.
بەرگریکردن لە پرەنسیپەکانی دیموکراسی لە ئەستۆی هەموومانە، بەڵام پاراستنی ئەم پرەنسیپانە بە کردەوە، پێش هەڵبژاردن و لە کاتی هەڵبژاردندا دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی هەرێم و دەزگاکانی، بۆیە زۆر گرنگە ئەم ئەرکە ئەخلاقییە هەستیارە لە بیرنەکرێت.
تکامان وایە دەنگتان بخەنە سەر ئەو دەنگانەی لە پێناوی شەفافییەت و ئارامیدا هەوڵدەدەن، بەوەش بەرگری لە هێمنی نیشتیمان دەکەن و دەشبن بە پارێزەری پرەنسیپەکانی دیموکراسی.
ناوهکان:
ناوی تهواو پیشه شوێنی ژیان
1-بۆ پشتیوانیکردن لهم کهمپینه پهیوهندی بکهن بهم ئیمێڵهوه:
hajarmaroof@hotmail.com