کوردستانییان چه‌مکێکی کوێرانه‌ی پانکوردیزم!
" کوردستانییان" چه‌مکێکی کوێرانه‌ی پانکوردیزم!
کامیار سابیر
به‌شی یهکهمئاخۆ کوردستانی گه‌وره( له‌ڕووی سیاسیی و جیوپۆڵیتیکه‌وه نه‌ک له ڕووی جیۆگرافییه‌وه ) ، بۆ رۆژێ له‌رۆژان له هه‌موو مێژووی مرۆڤایه‌تییدا بوونی نه‌بووبێ، هه‌نووکه شێتیی نییه دوای ئه‌م دروشمه کۆلکه زێڕینه‌ییه بکه‌وین!
ئایا وڕێنه‌ی کوردستانی گه‌وره دروستترو ژیرانه‌تره یاخود کوردستانه‌کان به‌جیا و کوردستانی عێراق له‌پێش هه‌موویانه‌وه( به‌ڵام به‌که‌رکوکه‌وه)؟
ئه‌م نووسینه جه‌خت له‌سه‌ر که‌موکوڕیی و ناته‌واویی و سه‌رلێشێواویی وشه‌ی داتاشراو و جه‌ڕێنراوی " کوردستانییان " ده‌کاته‌وه، که هه‌ندێ پانکوردیست ، ئه‌ویش زێتر له‌و کوردانه‌ی ئه‌ورووپا به‌کاری ده‌هێنن و به ئه‌جێندای کوردایه‌تییه‌کی زۆر نه‌ته‌وه‌په‌رستانه نه‌ک نیشتمانییانه به‌کاری ده‌هێنن. چه‌مکی هه‌ڵه‌ی کوردستانییان هه‌ندێ پێیانوایه کۆی وشه و چه‌مکی " کوردستانیی" یه، به‌ڵام مه‌رج نییه له زمانی کوردییدا هه‌موو کردارێکی کۆ به خستنه سه‌ری " ان" به کۆ ببێت. سه‌دان وشه‌مان هه‌یه له‌زمانی کوردییدا به خستنه‌سه‌ری " ان " بۆ کۆ ناگۆڕێن (وه‌ک ئاواره‌کان، هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان، چیرۆکه‌کان…تاد). هه‌ندێکی تر وه‌ک لاساییکردنه‌وه‌ی هه‌ندێ وشه و زاراوه‌ی تر و به‌که‌ڵکوه‌رگرتن له‌زمانی ئینگلیزیی ، هاتوونه له‌سه‌ر ریتمی هه‌ندێ وشه، بۆ نموونه، له‌چه‌شنی ( ئێرانییه‌کان ) ئیرانییان Iranian ، ( ئه‌رمه‌نییه‌کان ) ئارمێنیان Armenian و ( ئاشوورییه‌کان) ئاسیریان Assyrian ، هاتوونه "کوردستانییان"یان به‌تۆبزیی داتاشیوه.
له‌ڕووی سیاسییه‌وه، کورد پێویستی به پانکوردیزم و نه‌ته‌وه‌په‌رستیی و به‌رچاوته‌نگیی و شۆڤینیزم نییه. کورد پێویستی به مۆتیڤی نیشتمانیی هه‌یه. ئه‌گه‌ر گریمان کوردستانیی Kurdistani وشه‌یه‌کی راست و دروست بێت، ئه‌وه هێشتا " کوردستانییان" هه‌ر راست نییه، چونکه لای که‌م ده‌بێ بنووسین " کوردستانییه‌کان، یان خه‌ڵکانی یاخود که‌سانی کوردستانیی، حیزبه کوردستانییه‌کان" . وێڕای ئه‌وه‌ی چه‌مکی کوردستانییان له‌ڕووی تیۆری سیاسیی و یاسای نێوده‌وڵه‌تیی و پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کانه‌وه، جگه له‌مێنتاڵیتییه‌کی ناسیۆنالیستی توندڕۆیانه شتێکی تر ناگه‌یه‌نێت. زۆر له‌وانه‌ی کوردستانییان به‌کار ده‌هێنن، کوردبوونیان پێ له‌هه‌موو شت پیرۆزتره، وه‌ک پاسۆک و ژێکاف بیر ده‌که‌نه‌وه‌و له ده‌یه‌ی یه‌که‌می هه‌زاره‌ی سێهه‌میشدا ده‌ژین. هاوکات به‌کارهێنانی وشه‌ی کوردستانیی ، بۆ هه‌ندێک که‌س ته‌نها خۆجیاکردنه‌وه‌یه‌کی سایکۆلۆژییه له ده‌رده‌سه‌ریی عێراقییبوون یان ئێرانییبوون….تاد. له‌کاتێکدا ئه‌گه‌ر کوردستانییبوون به چه‌مکه نیشتمانییه‌که‌ی بێت نه‌ک به‌چه‌مکه ناسیۆنالیستییه‌که‌ی، تاڕاده‌یه‌ک گونجاوه.هه‌ندێک پاساو بۆ ئه‌وه ده‌هێننه‌وه که چه‌مکی کوردستانیی Kurdistani هه‌ندێ له سکۆلاره‌کانی رۆژئاواش به‌کاری ده‌هێنن، بێ‌ئاگا له‌وه‌ی زۆرینه‌ی سکۆلاره‌کانی رۆژئاوا، ده‌یانه‌وێ تێرم و ده‌قه‌کان وه‌ک خۆیان بگوازنه‌وه. بۆ نموونه ده‌یان وشه‌ی عه‌ره‌بیی په‌ڕیوه‌ته زمانه رۆژئاواییه‌کانه‌وه ،ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی چه‌مکه‌کان وه‌ک خۆیان بگه‌یه‌نرێن. نه‌ک وه‌ک هه‌ندێ نووسه‌ری کورد له زمانی ئینگلیزییه‌وه ده‌یانه‌وێ کورداندن له‌سه‌ر چه‌مکی کوردستانییان بکه‌ن. به‌واتایه‌کی تر کاتێ نووسه‌رێکی بیانیی له‌سه‌ر دیرۆک و سیاسه‌تی ناوچه‌یه‌ک، جوڵانه‌وه‌یه‌ک ده‌نووسێ، وه‌ک خۆی تێرمۆنۆڵۆجییه‌کانی ناو ئه‌و ئه‌ده‌بیاته ده‌گوازێته‌وه. له‌زمانیی ئینگلیزییشدا. ئه‌گه‌ر که‌سانێکی وه‌ک Aaron Bloch و Sergey Minasian و Ofra Bengio و Yona Sabar و پیته‌ر گالبرێس و چه‌ندینی تر به‌کاریان هێنابێ، ئیتر نیشاندانی به‌ردی ئه‌لحه‌د به بێباوه‌ڕان نییه، ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێ ئه‌مانه زۆریان تێرمه‌کانیان گواستووه‌ته‌وه، به‌شێک له‌مانه نووسه‌ره‌کانیان جووله‌که‌ن و هه‌ستێکی نه‌ته‌وه‌په‌رستیی و ئایینزاده‌یی توندیان به‌رامبه‌ر به عه‌ره‌ب و ئیسلام هه‌یه و زۆرجار کورد وه‌ک زه‌خیره‌ی نووسینه‌کانیان دژ به پانعه‌ره‌بیزم و پانئیسلامیزم به‌کار ده‌هێنن. راسته ئۆفرا دۆستێکی مه‌سه‌له‌ی کورده شاره‌زایه‌کی به‌رچاوڕۆشنه له کاروباری عێراقدا، به‌ڵام ئۆفرا کوردستانییانی دانه‌هێناوه، ئه‌وه پانکوردیزم و ناسیۆنالیزمی توندڕۆی کوردیی وئه‌کادیمیسته نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌کانی کوردن ئه‌م چه‌مکه‌یان گه‌شاندووه‌ته‌وه. به‌ڵێ زۆر جووله‌که هه‌ن لایه‌نگریی له کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی کورد ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌وه چه‌ندین حکومه‌تی ئیسرائیلیی و سه‌دان ته‌کنۆکرات و سیاسیی و ئه‌کادیمیستی جووله‌که‌شمان بینی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی تورکیادا خه‌ریکی قه‌ڵاچۆکردن و تواندنه‌وه‌ی هه‌ستی نیشتمانیی گه‌لی کوردن له‌کوردستانی باکووردا.
که‌سانێکی تر به پرۆکورد ناسراون ، ئه‌وانیش که‌متر بابه‌ته‌کانیان بێلایه‌نیی و ئه‌کادیمییبوونی پێوه‌دیاره له‌چه‌شنی گالبرێس، که پێده‌چێ وه‌ک قۆنته‌رات له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی‌دا کاربکه‌ن. نووسه‌رانی نه‌ته‌وه‌په‌رستی کورد پێویسته له‌وه بگه‌ن که توندڕۆیی ناسیۆنالیزم ، گه‌لی کورد ماڵوێرانتر ده‌کات. هه‌روه‌ک چۆن به‌هۆی بۆچوونی نه‌ته‌وه‌په‌رستانه‌ی ئێدوارد سه‌عیده‌وه نووسینه‌کانی ئه‌و قورساییه‌یان نییه له ئاستی ئه‌ده‌بیاتی دنیادا وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ندێک له شۆڤینیسته عه‌ره‌به‌کان خۆیانی پێوه راده‌ده‌ن. نزیکترین نموونه‌ش بۆ ئێدوارد سه‌عید، ئه‌و نامۆڕاڵییه سیاسییه بوو، که چاوی له‌ئاست تاوانه‌کانی سه‌رکرده‌یه‌کی عه‌ره‌بیی وه‌ک سه‌دام حوسێن‌دا دژ به‌کورد توند نووقاندبوو، تا مردیش چاوی به تاوانه‌کانی دژ به‌کورد ئه‌نجامدراوه هه‌ڵنه‌هات. هاوکاتیش به‌ردێک له‌و ئاسمانه‌وه به‌سه‌ر فه‌له‌ستیندا به‌ربووایه‌ته‌وه به‌ده‌ستی ئه‌مێریکاو ئیسرائیلی ده‌زانی. راسته ئێدوار سه‌عید رۆشنبیرێکی زۆر به‌توانا بوو، به‌ڵام سه‌رئه‌نجام له‌و مۆڕاڵه سیاسییه‌ی عه‌ره‌ب و کولتووری ئیسلام دوورنه‌که‌وته‌وه، که تا هه‌نووکه‌ش گه‌وره‌ترین زیانی به دۆزی گه‌لی فه‌له‌ستین گه‌یاندووه.
وێڕای ئه‌وه‌ی که چه‌مکی کوردستانیی له کۆنیشدا به‌کارهێنراوه، بۆ ده‌ستنیشانکردنی ناوچه‌ی که‌سایه‌تییه‌ک یان به‌رووبوومی ناوچه‌یه‌ک، بۆ نموونه عه‌لی ئه‌سغه‌ری کوردستانیی، یان هه‌ندێ له سکۆلاره ئیسرائیلییه‌کان بۆ جووله‌که‌کانی کوردستان تێرمی Kurdistani Jews به‌کارده‌هێنن. لێره‌دا ئه‌گه‌ر تێرمی جووه کورده‌کان به‌کاربهێنرێ، ناوه‌ڕۆکێکی ئێسنیکیی پیشان ده‌دات، بۆیه دروستتره بنووسرێ جووه‌کانی کوردستان ، به‌ڵام جووله‌که کوردستانییه‌کان تێرمێکی سیاسیی و ئایدیۆلۆژییه‌و له ئه‌رکی کۆنتێکسته‌که ده‌چێته ده‌ره‌وه. به‌ڵام دروستتر و لۆژیکتر ئه‌وه‌یه ئایا کورد بۆ زۆربه‌ی شته‌کان به‌فانته‌سیی و وێنه‌ی شیعرییه‌وه ده‌بینێ؟ ئایا ئه‌م خۆجیاکردنه‌وه سایکۆلۆژییه بۆچیی به‌که‌ڵک دێت ؟ له کاتێکدا خه‌باتی خه‌ڵکی کوردستانه‌کان ناکرێ به‌ته‌واویی پێکه‌وه گرێ بدرێن. تاکه‌ی ئێمه له‌م هاوکێشه ساده‌یه نه‌گه‌ین، که کوردی کوردستانی عێراق ده‌بێ پێش هه‌موو شتێ مافی هاوڵاتییبوون و هاونیشتمانیی و مافی زه‌وییه ته‌عریبکراوه‌کانی وه‌ربگرێته‌وه، ئه‌وسا بپه‌رژێته سه‌ر ره‌هه‌ندی تر که خۆی له یارمه‌تییدانی ئه‌و هێزه کوردستانییانه‌دا ببینێته‌وه که به ئاشتیی و رێگه‌ی دێمۆکراسیی و خه‌باتی مۆدێرن و سیاسیی درێژه به‌خه‌بات ده‌ده‌ن. کورد هه‌میشه خه‌ریکی هه‌ڵگرتنی به‌ردی گه‌وره‌یه‌و هه‌رگیزیش نه‌یتوانیوه بیهاوێژێ. له‌ملاوه که‌رکوک و خانه‌قین و زۆر ناوچه‌ی تری لێ زه‌وت ده‌که‌ن، له‌ولاشه‌وه ده‌ڵێن کوردستانی گه‌وره‌ی ئه‌فسووناویی ئازاد ده‌که‌ین!
لێره‌دا قسه له‌سه‌ر چه‌مکی هه‌ڵه‌ی " کوردستانییان" ه نه‌ک چه‌مکی " کوردستانیی" ، چونکه چه‌مکی کوردستانییان چه‌مکێکی گشتگیر ه‌و ناوچه‌یه‌کی جیۆگرافیی به‌ربڵاو ده‌گرێته‌وه که ته‌نها له نه‌خشه‌ی سه‌ر كاغه‌زدا هه‌یه. به‌ڵام چه‌مکی کوردستانیی ده‌کرێ بۆ هه‌ر ناوچه‌یه‌کی کوردستانه دابه‌شکراوه‌کان به‌کاربهێنرێ بۆ کێشمه‌کێشه سیاسیی و کولتوورییه‌کانی کورده‌کانی هه‌ریه‌ک له کوردستانه‌کانی ئێران، عێراق، تورکیا و سووریا به‌کارببرێن.. بۆ نموونه کاتێ باسی به‌ره‌یه‌کی یه‌کگرتووی هێزه سیاسییه‌کانی کوردستانی عێراق له هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابردوودا ده‌کرێ، به‌ره‌ی کوردستانیی، بوونی هه‌بوو. به‌ڵام له‌کوێ ؟ له چوارچێوه‌ی جیۆگرافیای سیاسیی عێراقدا. بۆ نموونه ده‌کرێ بنووسرێ هێزه کوردستانییه‌کانی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان به نیازی به‌ستنی کۆنگره‌یه‌کی سه‌رتاسه‌ریین. ئه‌م ده‌ربڕینه له‌ڕووی سیاسیی و جیۆگرافیی و جیۆسیاسییشه‌وه دروسته. به‌ڵام کاتێ بنووسرێ کوردستانییانی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان………. ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌یه‌کی زمانه‌وانیی زۆر زه‌قه، له‌ڕووی سیاسییشه‌وه لۆژیک له‌ده‌ست ده‌دات، ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزم و نه‌ته‌وه‌په‌رستیی و کوردپه‌روه‌ریی به‌سه‌ر ناسیۆنالیزمی سیڤیل و بۆچوونی نیشتمانییدا زاڵ ده‌بێت.
له‌دوای ساڵی 2003 ه‌وه و به وردیش له دوای رووخاندنی رژێمی سه‌دام حوسێنه‌وه، ره‌وتێکی پانوپۆڕ له پانکوردیزم سه‌ری هه‌ڵدا، وه‌ک ئه‌وه‌ی عێراقییبوون پیس بێت، عێراقییه‌کان دواکه‌وتوون و خه‌ڵکانی کوردستانیی له‌پێشترن! عێراقییبوون بۆ کورد به‌واتای کاره‌ساتی مرۆیی و ئه‌نفال و کیمیاویی دێت، کوردستانییبوونیش ئه‌و به‌هه‌شته خۆشه‌یه که کورد تێیدا سه‌ربه‌خۆیی و سه‌رفرازیی ده‌چێژێ. به‌ڵام له‌دیفاکتۆدا شته‌کان هه‌مووی پێچه‌وانه‌ی ئه‌م حیکایه‌تانه‌یه. وێڕای ئه‌وه‌ی له‌مێژووی دروستکردنی ده‌وڵه‌تی مۆدێرنی عێراقه‌وه که ته‌مه‌نی نزیک به 90 ساڵ ده‌گات ، خاوه‌نی ئایدێنتیتییه‌کی نیشتمانیی نه‌بووه. که‌چیی به‌و باره خواره‌یشه‌وه، له شه‌ش ساڵی رابردوودا عه‌ره‌بی عێراق و زۆرینه‌ی عێراقییه‌کان سه‌لماندیان له‌هه‌ڵبژاردنه‌کاندا له کورد دێمۆکراسییترن ، سه‌لماندیان دادگاکانیان له‌دادگاکانی کوردستان ئازادتر و سه‌ربه‌خۆترن ، سه‌لماندیان پله‌ی هاوڵاتییبوونیان به‌رزترو شکۆدارتره تا به پله‌ی هاوڵاتییبوونی کورد له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه ده‌گات.
له‌هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌وه‌یه که رێژه‌ی ژنکوشتن به‌پێی خودی ئاماره‌کانی له‌به‌رده‌ستدایه له کوردستان له‌چاو پارچه‌کانی تری عێراق زۆر زێتره. ژنکوشتن به‌هه‌ر پێوه‌رێکی کو‌لتووریی و مۆراڵیی و مرۆیی بپێورێ، رێژه‌ی کۆنه‌پارێزیی یان پێشکه‌وتن و کراوه‌بوونی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه ده‌رده‌خات. کورد له هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا سه‌لماندی ئه‌گه‌ر به‌ئه‌ندازه‌ی هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب ژنی نه‌کوشتبێ، گومانی تێدا نییه چه‌ندین بار له‌ته‌واوی عه‌ره‌بی عێراق زێتر ژنکوژیی ئه‌نجام داوه. که‌واته له‌م شه‌ش ساڵه‌دا ئه‌و هه‌ڵایه‌ی که عێراقییبوون، شه‌رم و شوره‌ییه، یاخود شۆڤینیزمی عه‌ره‌بیی لێ ده‌چۆڕێ و کوردخۆره، به‌رامبه‌ر ئه‌و ره‌شه‌کوژییه‌ی ژنان که پیاوی کورد و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی کورد کردوویانه هه‌ر به‌راوردیش ناکرێ.
راسته عێراق له قه‌یرانێکی قووڵی بێ ئایدێنتیتییدا گێژه‌نییه‌تی ، یاخود ئایدێنتیتییه‌کی نیشتمانیی دروست و ساغڵه‌می نییه، راسته وڵاتێکی ده‌ستکرده و له رۆنانییه‌وه تا هه‌نووکه پێکهاته ئێسنیکیی و تایه‌فیی و مه‌زهه‌بییه‌کانی نه‌یانتوانیوه وه‌ک یه‌ک پله‌ی هاوڵاتییبوون به‌ده‌ست بهێنن. ئه‌وه به‌ده‌ر له‌وه‌ی زۆرینه‌ی وڵاتانی دنیا ده‌ستکردن و به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه ستراتیژیی و ئابوورییه‌کانی زلهێزه‌کان داڕێژراون. راسته عێراق وڵاتێکه بڕیاری جینۆسایدکردنی گه‌لی کوردی تێدا درا. به‌ڵام کاتێک بمانه‌وێ عێراق بنکۆڵ بکه‌ین و داری به‌سه‌ر په‌ردوویه‌وه نه‌هێڵێن، ئه‌گه‌ر به‌مۆتیڤی نیشتمانیی نه‌یکه‌ین و به‌مۆتیڤی ناسیۆنالیزمیی و پانکوردیزمی ئه‌مه بکه‌ین، ئه‌و به‌شه کوردستانه‌ی له کوردستانی عێراقیشدا به ده‌ست حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کورده‌وه‌یه، ده‌که‌وێته قومارێکی سیاسییه‌وه. به واتایه‌کی تر خه‌باتی کوردستانیی- عێراق و خه‌ڵکی کوردستانی عێراق بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانیان تا به سه‌ربه‌خۆییش ده‌گات مافێکی سروشتییه. به‌ڵام تێکه‌ڵکردنی ئه‌م بابه‌ته به خه‌باتی پارچه‌کانی تری کوردستانه‌وه، وێڕای ئه‌وه‌ی نه‌خوێندنه‌وه‌ی پێشهات و رووداوه‌کانه، تێنه‌گه‌یشتنه له چه‌مکه سیاسیی وکولتووریی و نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، خۆدزینه‌وه‌شه له پرسه نیشتمانییه‌کان و له ریالیزمی سیاسیی.
تێرمی" کوردستانیی" یش ئه‌و کاته راسته به مه‌غزایه‌کی نیشتمانیی و هاوڵاتییبوونی هه‌رێمێکی جیۆگرافیی باسی لێبکه‌یت. نیشتمانی ئێسنیکیی رووت و قووت سه‌رده‌می به‌سه‌رچووه. کوردستانی عێراق کۆمه‌ڵێ نه‌ته‌وه‌ی جیاواز له‌کوردی تێدا ده‌ژین. چ عه‌ره‌ب و چ تورکمان و ئه‌رمه‌ن و که‌لدۆئاشوورییه‌کان، هه‌ندێک له‌و هه‌ورامیی و ئێزیدیی و شه‌به‌کانه‌ی خۆیشیان به‌کورد نازانن و ئه‌و جووله‌کانه‌ی کاتی خۆی ده‌ریشکران مافی خۆیانه له‌و کوردستانه‌دا بژین. له جێۆگرافیایه‌کی سیاسیی به‌مشێوه‌یه‌دا که ده‌ڵێین هێزه کوردستانییه‌کان، مه‌رج نییه ئینیتمای سیاسیی کوردبوون وه‌ک ئێسنیک رایه‌ڵی نیشتمانییبوونی ئه‌و لایه‌ن و هێزانه بێت. لێره‌دا کوردستانییبوون، ئایدێنتیتیی نیشتمانیی ده‌گه‌یه‌نێت نه‌ک نه‌ته‌وه‌په‌رستیی و ئایدێنتیتیی ئێسنکبوونی گرووپه کۆمه‌ڵایه‌تییه جیاوازه‌کان.
زۆر نووسراوی پانکوردیسته‌کان، ته‌نانه‌ت ناوی ناوه توێژینه‌وه‌ی زانستیی و ئه‌کادیمیی له‌ڕشته‌ی سیاسیی و کو‌لتووریی و سایکۆلۆژییدا، ناوی له‌خۆی ناوه پرۆفێسه‌ری فڵان زانکۆ، دۆکته‌ری فیسار رشته، خوێندکاری دۆکترا له بابه‌تێکی هیومانییدا، به‌ڵام تێزی نووسینه‌کانی بۆ خۆخاڵییکردنه‌وه‌و تۆخکردنه‌وه‌ی کوردایه‌تییه، له نووسینه‌کانیدا په‌نا بۆ ده‌سته‌واژه‌ی جوێن و قسه‌ی بازاڕیی ده‌بات. بۆ نموونه کاتێ بیه‌وێ له‌ده‌قێکی ئه‌کادیمییدا باسی سه‌دام حوسێن بکات، ده‌نووسێ رژێمی دیکتاتۆری سه‌دام حوسێن. رژێمێ دڕنده‌و کوردکوژی به‌عس، عه‌لی کیمیاویی خوێنخۆر، عیزه‌ت دوریی دڕنده، عه‌ره‌بی دواکه‌وتوو……تاد. بێ‌ئاگا له‌وه‌ی ئه‌مانه له نووسینی ئه‌کادیمییدا نه‌ک هه‌ر به‌کارناهێنرێن به‌ڵکوو مایه‌ی که‌موکوڕیی و نه‌زانیی نووسه‌ره‌که‌ش ده‌گه‌یه‌نێت. هه‌ندێکیان زۆر به‌ئاگاییه‌وه به‌کاری ده‌هێنن، چونکه ناسیۆنالیزمێکی زۆر تۆخ له ده‌روونیاندا که‌فوکوڵیه‌تی و پێیانوایه به‌م ده‌سته‌واژانه دڵسۆزیی و سۆزی نیشتمانیی خۆیان ده‌رده‌خه‌ن و مانیفێستۆی بۆچوونه‌کانیان راده‌گه‌یه‌نن و سه‌رنجی شه‌قامی کوردیی وکوردایه‌تیی! و نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌کان راده‌کێشن.
به‌شێکی به‌رچاو له توندڕۆکانی عه‌ره‌ب به‌و هه‌موو فانه‌تیکبوون و شۆڤینیزمبوونه‌ی له به‌رامبه‌ر ئیسرائیل‌دا هه‌یانه، وازیان له‌عرووبه هێنا. زۆر به‌ده‌گمه‌ن له نووسینی سه‌رڕه‌قترین نووسه‌رانی ناسیۆنالیستی عه‌ره‌بییدا چه‌مکی عرووبه ده‌بینیته‌وه، که‌چیی لای کوردی ئاواره‌ی وڵاتانی رۆژئاوا، لای هه‌ندێ ئه‌کادیمستی کوردی ناسیۆنالیست، تازه به‌هاری کوردایه‌تیی له قه‌فکردندایه. ئاخر عرووبه و پانعه‌ره‌بیزم، جگه له ماڵوێرانیی و نه‌فره‌ت و بێزاریی خه‌ڵکی وڵاته‌کانیان له‌سه‌رکرده ناسیۆنالیسته‌کانی رابردوو و هه‌نووکه‌یان، چیی بۆ عه‌ره‌ب به‌دیهێنا؟ زۆرینه‌ی ئه‌و نووسه‌رو رۆشنبیره کوردانه‌ی له ده‌وری تێزی کوردایه‌تیی و نه‌ته‌وه‌په‌رستیی و کوردستانییان چه‌قیان به‌ستووه، به‌رهه‌مه‌کانیان له سایته کوردییه بێ مه‌عریفه‌کان و هه‌ندێ رۆژنامه‌ی به‌ناو سه‌ربه‌خۆ به‌ڵام له‌بنه‌وه سه‌ر به‌حیزب، له‌هه‌ولێر بڵاو ده‌که‌نه‌وه. ئه‌مانه جگه له له‌شکرێکی بێکارو بێبه‌رهه‌م، جگه له دروشمی کوردایه‌تیی و پانکوردیستیی، خاوه‌نی چوار وتاری ئه‌جێندا روون و ئه‌کادیمیی و خاوه‌ن مه‌عریفه نین. ته‌نانه‌ت ئه‌کادیمیسته‌کانیشیان جگه له تێکه‌ڵکردنی کارته‌کان، هه‌رگیز ناتوانن ئارگیومێنتێکی ئینتێکچووه‌ڵایزانه به‌رهه‌م بهێنن.
کوردستانیی ئه‌گه‌ر سنووری کارکردنه‌که‌ی دیاریی نه‌کرێت، له‌رووی سیاسیی و جیۆسیاییه‌وه بۆچیی هه‌ڵه‌یه؟ ئه‌گه‌ر گریمان له‌ڕووی جیۆگرافییه‌وه دروستیش بێت. کوردستان ئه‌گه‌ر وڵاتێکی ددانپێنراو بووایه له‌رووی سیاسییه‌وه، ئه‌وه زۆر دروست و راست بوو ئه‌گه‌ر هه‌رکه‌س بیگوتایه من کوردستانییم وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێستا دروسته بڵێی من عێراقییم، ئێرانییم، ئه‌مێریکییم………..تاد. دواتر ئه‌م سنووری کوردستانه نه‌ک هه‌ر دیاریی نه‌کراوه، به‌ڵکو هه‌ر له ئه‌ندێشه‌ی سه‌ر ئه‌و په‌ڕانه‌دا ده‌بینرێ که کوردستانی گه‌وره‌یان به کۆڵیاندا داوه . ئه‌وه چه‌ندین جوڵانه‌وه له‌ناو زازاییه‌کان، هه‌ورامییه‌کان، شه‌به‌کییه‌کان و ئێزیدییه‌کاندا په‌یدا بوونه نکۆڵیی له‌کوردبوون ده‌که‌ن و خۆیان به‌نه‌ته‌وه‌و ئێسنیکی جیاواز ده‌زانن. خۆ به‌زه‌بری تۆتالیتاریی و به باسکی پڕ ماسوولکه‌ی میلیشیا قاره‌مانه‌کان ناکرێ به‌کورد ئه‌ژمارد بکرێن. ئه‌و به‌شانه‌ی له خاکی کوردستانیش ده‌مێنێته‌وه به دروشم و شیعر‌و خۆزگه، ئازاد و سه‌ربه‌خۆ و یه‌کگرتوو نابن. دیاره پێشموایه به تاقمبه‌ستن و تفه‌نگ له‌شانکردن و شه‌ڕو تێرۆریش هه‌ر رزگاریان نابێ. به‌ڵکوو به‌خه‌باتی مۆدێرن، به‌خه‌باتی سیاسیی و جه‌ماوه‌ریی له ئاستی ناوخۆ‌و نێوده‌وڵه‌تییدا، کورد ده‌بێ بیر له ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بکاته‌وه. به‌ڵام کام کوردستان، ئایا وڕێنه‌ی کوردستانی گه‌وره دروستترو ژیرانه‌تره یاخود کوردستانه‌کان به‌جیا و کوردستانی عێراق له‌پێش هه‌موویانه‌وه( به‌ڵام به‌که‌رکوکه‌وه)؟
لێره‌شدا جارێکی تر هاوکێشه‌کان تێکه‌ڵ ده‌بنه‌وه، ئایا کوردستانی گه‌وره، ئازاد و سه‌ربه‌خۆ ده‌بێت؟ بێگومان ئه‌گه‌ر به‌سۆزو که‌فوکوڵی کوردایه‌تییه‌وه سه‌یری ئه‌م مه‌سه‌له‌یه نه‌که‌ین، ئه‌مه بابه‌تێکی زۆر قووڵی سیاسیی و کولتوورییه‌و ده‌یان هێزی ناوچه‌یی و جیهانیی رۆڵی تێدا ده‌بینن . خه‌ون بینین به‌م کوردستانه گه‌وره‌یه زۆر خۆشه، به‌ڵام خه‌باتکردن بۆی له ئینێرژی به‌فیڕۆدان زێتر، له خۆکوشتنی سیاسیی و واته‌واتی پاڵه‌وانبازیی زێتر هیچ ده‌سکه‌وتێکی بۆ کورد تێدا نییه. ئاخۆ کوردستانی گه‌وره( له‌ڕووی سیاسیی و جیوپۆڵیتیکه‌وه نه‌ک له ڕووی جیۆگرافییه‌وه ) ، بۆ رۆژێ له‌رۆژان له هه‌موو مێژووی مرۆڤایه‌تییدا بوونی نه‌بووبێ، هه‌نووکه شێتیی نییه دوای ئه‌م دروشمه کۆلکه زێڕینه‌ییه بکه‌وین! ته‌نانه‌ت له ترۆپکی ده‌سه‌ڵاتی عوسمانییه‌کانیشدا که زۆرترین به‌شی کوردستانی تێدا بووه، هێشتا چه‌مکی کوردستانییبوون هه‌ر دروست نییه. چونکه ده‌وڵه‌تی عوسمانییه‌کان رووبه‌رێکی زۆری جیۆگرافیی له ناوچه عه‌ره‌بیی و کوردیی و نه‌ته‌وه‌کانی تر له‌ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وییدا بووه. وێڕای ئه‌وه‌ش هه‌موو کوردستان له‌ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وییه‌که‌یدا هه‌ر نه‌بووه.ئه‌م بابه‌ته له هه‌فته‌نامه‌ی " هاوڵاتی"، ژماره 530 رۆژی 3/6/2003 بڵاو بووه‌ته‌وه.