مۆنۆدرامای گیتار
مۆنۆدرامای گیتار
نیهاد جامی
پێشكه‌شه به هونه‌رمه‌ند شه‌هیدی عه‌شق كاروان عوسمان"پیاوێك له‌ناو سرووتی گۆشه‌گیریی به‌دیار سووتانی مۆمێكه‌وه دانیشتووه، ده‌نگی گیتار به‌ره‌و قووڵایی مۆمه‌كه‌ی ده‌بات، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌دوێت كه‌تووشی بێهۆشی هاتبێت، نازانێ ئاراسته‌ی قسه‌كانی بۆ كوێیه"
گه‌ڕان به‌دوای زه‌ویه‌كی ئارام خه‌ونێكه له‌ئه‌زه‌له‌وه به‌خۆیه‌وه خه‌ریكم ده‌كات "له‌قووڵایی ژووره‌كه ده‌ڕوانێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌سێك له‌وێ هه‌بێت" كێشوه‌رێك هه‌یه له‌هه‌ساره‌یه‌كی دوور "به‌سه‌ر پشت پاڵ ده‌كه‌وێت، تۆنی ده‌نگی هێمن ده‌بێته‌وه تابتوانێ تێكه‌ڵی ده‌نگی گیتاره‌كه‌ی بكات" خانوویه‌كی دارینه وكێڵگه‌یه‌ك وگیتارێك ته‌له‌كانی له‌چاوه‌ڕوانی ژه‌نینی گۆرانیه‌كی ته‌واو نه‌كراو دایه ، له‌وێ كیلۆنی ئاوه‌كه ده‌كه‌مه‌وه، ڕووخساری ژنێك له‌ئاوه‌كه‌دایه "ده‌بێته ژنی ناو ئاوه‌كه، به‌ده‌نگێكی ئه‌فسووناوی ده‌دوێت" ئێره كێشوه‌ری ئارامیه، هه‌وڵده ئارامبی "شێوه‌ی جوله‌كردنی ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه بۆ كه‌سێتی خۆی" ئه‌و خولیایه گه‌وره ده‌بێ وشكسته‌كانم ژماره‌یان زیاد ده‌كات، ده‌بم به‌سه‌مازانی بالێ وجه‌سته‌م شكسته‌كان به‌سه‌ما ده‌خات، ده‌نگی گیتاری خانووه دارینه‌كه په‌نجه‌كانم ده‌جولێنێ، له‌سه‌ر نووكی قاچه‌كانم بیر له‌تفه‌نگ به‌ده‌سته‌كان ده‌كه‌مه‌وه، جه‌سته‌م له‌سه‌ر ئاوازی "ئه‌و مرۆڤه وه‌ك تۆ ژیانی پێخۆشه" (1) تفه‌نگ ده‌خاته ژێر قاچم وته‌لی گیتاره‌كه ده‌كه‌وێته گه‌ردنی تفه‌نگ به‌ده‌سته‌كه‌و كچی ناو ئاوه‌كه به‌جووتێك پێڵاوی بۆربه‌ڕینه‌وه خێرا به‌به‌رده‌مم تێده‌په‌ڕێت "ده‌یه‌وێ دوای بكه‌وێ .. دواتر له‌پڕ له‌شوێنی خۆی ده‌وه‌ستێ" چه‌پڵه‌ی بینه‌ران له‌شوێنی خۆی ده‌مهێلنه‌وه، چاو به‌هۆڵه‌كه ده‌گێڕم تا بزانم كێن ئه‌وانه‌ی بۆ سه‌یركردنی هونه‌ره‌كه‌م هاتوون "واده‌نوێنێ كه‌ده‌یه‌وێ بینه‌ره‌كانی بناسێته‌وه" ڕووخساری ئاماده‌بووان ڕامده‌چڵه‌كێنێ "ماوه‌یه‌ك بێده‌نگ ده‌بێت تاوه‌كو بینه‌رێك ده‌ناسێته‌وه" باوكم! باوه! ئه‌و چه‌ندین ساڵه مردووه! ئه‌ی ئه‌وانیتر كێن؟ من قه‌ت چاوه‌ڕوانی ئه‌وانه نه‌بووم جه‌لیل قه‌یسی، سه‌روه‌ت سه‌وز، ئیبراهیم چێوار "باری ده‌روونی ته‌واو شڵه‌ژاوه" ئێوه چه‌ندین ساڵه مردوون، چی ئێوه‌ی هێنایه ئێره "جه‌لیل قه‌یسی لێی هاتۆته پێشه‌وه" زۆر سوپاس مامۆستا جه‌لیل قه‌یسی، سووپاس بۆ ئه‌و دیاریه‌ش، یه‌ك ده‌قه به‌یارمه‌تیت با ئه‌و چه‌پكه گوڵه له‌باوكم وه‌رگرم. ده‌ستت ماچ ئه‌كه‌م باوكه.. سوپاس خوا بۆ ئێمه‌ت بێلێ.. باشه له‌ماڵه‌وه یه‌ك ئه‌بینین "ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لای جه‌لیل قه‌یسی" به‌ڵێ‌ً مامۆستا جه‌لیل ئه‌و كتێبه كۆمه‌ڵه چیرۆكی جه‌نابته‌و كراوه به‌سویدی دڵنیام "به‌ته‌نیا ماوه‌ته‌وه وهه‌ست ده‌كات بینه‌ران له‌هۆڵه‌كه ڕۆیشتوون" من هیچ زمانێكی بیانی نازانم، نه‌مده‌زانی ئه‌و دیاریه مانای چی بوو، تا لاپه‌ڕه‌كانیم هه‌ڵدایه‌وه وده‌ستنووسێكی كۆنی له‌ناو بوو، به‌خه‌تی فارسی نووسرابوو "له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ی نامه‌كه له‌ڕێگه‌ی مۆمه‌كانه‌وه بینراوی گۆڕستان درووست ده‌كات" گۆڕستان ئارامترین شوێنه، داهێنه‌ران له‌وێ ئارامن، گرفتیان له‌گه‌ڵ قێزه‌ونیه‌كانی ئه‌م دنیایه نیه، كاتێ ئه‌م نامه‌یه ده‌گاته تۆ، من چه‌ندین قه‌ڕنه خۆم كوشتووه، ئه‌گه‌ر له‌نهێنی ئه‌م نامه‌یه گه‌یشتی یاخۆت ئه‌كووژیت یائه‌وه‌ته شارێكی خه‌یاڵی ژیانت ئه‌شێوێنێ.. ئیمزا ژیل دۆڵۆز "دوای نامه‌كه به‌دوای پاكانه ئه‌گه‌ڕێت تا به‌قسه‌ی نامه‌كه نه‌كات" خه‌ون.. خه‌ون نایه‌ڵێ بیر له‌خۆكووشتن بكه‌مه‌وه، خه‌ون پێم ئه‌ڵێ: تاچه‌ند ساڵی‌تر خه‌ون دواخه، ئه‌وه وای كرد تائێستا سێ جار ژن بێنم، هیچ یه‌ك له‌ژنه‌كان نه‌یده‌توانی له‌گه‌ڵمدا به‌رده‌وام بن، ژنه‌كان به‌پیاوێكی تاریكیان ده‌بینیم، ئه‌و شه‌وه‌ی ژنی سێیه‌مم هه‌ڵهات، به‌ر له‌خه‌وتن له‌ناو نوێنه‌كه پێی ووتم: له‌حزه‌یه‌ك نیه قسه بكه‌یت و له‌قسه‌كانت نه‌ترسم، من لێت ئه‌ترسم، تۆ دڕنده‌ی، به‌ڵام گوناهیشی "ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كه‌سێتی خۆی" كاتێ له‌ناو نوێنه‌كه‌م به‌ئاگا هاتم بینیم ژنه‌كه‌م له‌ناو نوێن نه‌ماوه، سووپاسی خوام كرد كه‌ئه‌ویش به‌جێی هێشتم. "بێتاقه‌ت دیاره‌و ده‌یه‌وێ بخه‌وێت، ده‌نگی گیتاره‌كه به‌رزبۆته‌وه، به‌ئاگا هاتۆته‌وه، به‌ڵام هێشتا هه‌ڵنه‌ستاوه له‌گه‌ڵ مۆمێك ده‌دوێت" ئه‌ی مۆمه‌كه تۆ له‌دواین ساته‌كانی ته‌مه‌نتدا ده‌سووتێی، سووتانی ماڵئاوایی "هه‌ر به‌پاڵ كه‌وتنه‌وه مۆمه‌كه به‌رز ده‌كاته‌وه، ئاوی گه‌رمی مۆمه‌كه ده‌رژێته سه‌ر زه‌وی، له‌ئاوی مۆمه‌كه‌وه وێنه‌یه‌ك ده‌بینێ، خێرا دایده‌نێته سه‌ر زه‌وی، به‌دیاریه‌وه هه‌ڵئه‌كورمێ، هه‌ر ده‌په‌نجه‌ی به‌ره‌و هه‌ردوو چاوی ده‌بات بۆ دڵنیابوون له‌وێنه‌كه" ئه‌وه خۆمم.. له‌وێ چی ئه‌كه‌م، ئه‌وه چیه من ژنی چواره‌مم هێناوه، بوومه‌ته ده‌رهێنه‌ری شانۆیی، ئه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵه چه‌كداره چیه له‌به‌رده‌رگای ماڵمان، شانۆكار وحیمایه ووتراوه؟ ژنه‌كه‌م ده‌ڵێی چی؟ "ده‌نگی ژنه‌كه له‌ناو مۆمه‌كه‌كه‌دایه" ئه‌وانه بۆ كووشتنی من هاتوون. ژنه‌كه‌م هه‌میشه خه‌ریكی گۆزه درووست كردنی په‌یكه‌ری دوو عاشقه له‌باخچه‌یه‌كدا، ده‌ست له‌دوو عاشقی باخچه‌كه هه‌ڵده‌گرێت وپێم ده‌ڵێ: ئه‌وه ڕۆیشتن، باڕاكه‌ین به‌رله‌وه‌ی ئه‌وان بگه‌ڕێنه‌وه ئه‌وان ده‌یانه‌وێ تۆ بكووژن. ڕامانكرده سه‌ر شه‌قام، له‌شه‌قامێكی تاریكدا ژنه‌كه‌م لێ وون بوو، له‌ناو تاریكی‌دا ده‌ڕۆیشتم.. یادی ماڵه‌كه‌مانم ده‌كرده‌وه.. یادی هاوڕێ ئه‌كته‌ره‌كانم.. یادی ئێوارانی سفره‌ی حیكایه‌ت، ئه‌و ڕۆژه‌ی فری (2) به‌سه‌رخۆشی خۆی كرد به‌ماڵه‌وه، دره‌ختێكی جه‌ژنی له‌دایكبوونی پڕ له‌سێوی سووری بۆ هێناین. كه‌چی ئه‌م ئێواره‌یه كۆڵان ڕه‌نگه‌كانی ووشكی كرد، ڕه‌نگی ڕه‌ش هات.. ڕه‌نگی تاریكی، له‌ناو ماشێنێكی جام تاریك تفه‌نگێك هات تاگۆزه‌یه‌كی ماڵه‌كه‌مان بشكێنێ، هاتبون به‌به‌رچاوی ئۆڤیلیاوه هاملێت (3) له‌سه‌ر قه‌ڵا بسووتێنن.. نه‌یه‌ڵن یوسف له‌ناو قه‌یسه‌ری به زولێخا بگات (4) ئه‌وان هه‌میشه ده‌یانه‌وێ ئۆدیب به‌كوێری بمێنێته‌وه، تا كوڕه‌كانم له‌ناو قشڵه هه‌ر چاوه‌ڕوانی گۆدۆ بن. ئه‌و شه‌وه جل وبه‌رگێكی كوردی ڕاومانی ده‌نا.. جامانه‌ی سیخورێكی ناو بیابانه لماویه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ی تكانی ئابرووی ژنێكی ده‌كرد، تفه‌نگێكی جه‌للاد نیشانه‌ی ده‌گرته كتێبخانه‌كه‌مان، ده‌ستی خوێناوی شوفێری زیلێك له‌و شه‌قامه من وتۆی له‌یه‌ك وون كرد، ڕۆژ نه‌ده‌بۆوه ژیان هه‌ر تاریك بوو، له‌هۆڵی سینه‌ما ده‌چوو، هه‌موومان به‌پلیته‌وه به‌ره‌و تاریكی ده‌چین.. كه گلۆپێكیش دابگیرسێت هاوارمان لێ به‌رز ده‌بێته‌وه بۆ كووژانه‌وه‌ی.. له‌قاوه‌خانه‌یه‌ك دانیشتبووم، له‌كه‌ناڵێكی تی ڤی مه‌سجه‌كانی خواره‌وه‌م ده‌خوێنده‌وه، دڵنیابووم له‌وه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌م ماوه، له‌مه‌سجه‌كه نووسیبووی: له‌گۆزه‌یه‌كی سیرامیكه‌وه بۆ شانۆیه‌كی ئه‌زموونگه‌ری، هه‌ر ئه‌مشه‌و چی جوله‌و ده‌نگ وئاگر هه‌یه به‌جێی بێله، ئێمه قووڕه چینیه‌كانمان له‌خانووه‌كه‌ی ڕه‌حیماوه به‌جێ هێشت. بیرم ئه‌كه‌وێته‌وه چۆن دڵی شه‌قامێك له‌یه‌كی وون كردین "له‌مۆمه‌كه وورد ئه‌بێته‌وه" به‌باشی بۆم نابینرێ هه‌ر له‌جامی ماشێنێك ده‌چێت كه‌باران به‌خوڕ لێی ئه‌دات "هه‌ر به‌دانیشتنه‌وه سه‌ر بۆ ئاسمان به‌رز ده‌كاته‌وه" خوایه كوا كۆبوونه‌وه‌ی سفره‌ی ئێواران، ئێوارانی هێشتا تفه‌نگه‌كان نه‌هاتبوون "مۆمه‌كه ده‌كوژێته‌وه" به‌كوژانه‌وه‌ی مۆمه‌كه.. ژیانی ناو مۆمه‌كه تاریك داهات.. ده‌بێ له‌و تاریكیه بێمه ده‌ره‌وه "هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌و ده‌ڕوات وا نیشان ده‌دات ژنی ناو ئاوه‌كه‌ی بینیووه" ئه‌وه‌ته ژنی خانووه دارینه‌كه با‌نگم ده‌كات.. مه‌ڕۆ وون مه‌به لێم "خه‌ون ئه‌بینێت" سه‌ما بكه ئه‌و ده‌مه‌ی له‌به‌ر باران گیتارت بۆ ئه‌ژه‌نم "هه‌موو شتێك تاریكه ماوه‌یه‌ك بێده‌نگ ئه‌بێت" زه‌وی سووتاوه.. ئاسمان بۆته پارچه‌یه‌ك ڕه‌شایی.. نه‌خانوو بوونی هه‌یه.. نه‌ژن.. نه‌من.. نه‌گیتار "له‌ناو ئه‌و تاریكیه‌دا مۆمێك داده‌گیرسێنێ، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س نه‌یناسێته‌وه خۆی له‌ناو قووماشی سپی شاردۆته‌وه به‌ناو بینه‌ران تێده‌په‌ڕێ وئه‌و دێره ده‌ڵێته‌وه: له‌پاش ئێمه هیچ نه‌ماوه جگه له ئێسقانه‌كانمان، پێكه‌نینه‌كان لاڵ ئه‌بن، گه‌نجه‌كان ده‌بنه گاڵته‌جار (5)په‌راوێزه‌كان
(1) ئاماژه‌یه بۆ گۆرانیه‌كی كاروان عوسمان
(2) مه‌به‌ست هاوڕێی شانۆكار فریاد ئه‌حمه‌د
(3) ئاماژه‌یه بۆ شانۆگه‌ری هاملێتی كه‌ركوك
(4) ئاماژه‌یه بۆ شانۆگه‌ری زولێخا له‌خه‌ونی یوسف‌دا
(5) ئه‌وه ڕسته‌یه‌كی نووسه‌ری پۆڵه‌ندی تاداووش بۆرسكی3-8-2008 سلێمانی
30-10-2008 كه‌ركوك