ئێواره‌یه‌ک بمخوێنه‌وه …. کۆیار ڕه‌ووف
له‌ناو لاپه‌ڕه‌کانی مناڵیمدا
ئێواره‌یه‌ک شک نابه‌م به‌سه‌ر گوناهێکی سپی‌دا
تێپه‌ڕیبم ……………
ئێواره‌یه‌ک شک نابه‌م
به‌ده‌م یاریه‌وه پێکه‌نیبم
له‌نێو گۆرانیه‌کاندا
هه‌میشه نامۆ بووم …..
مناڵیم به‌سه‌ر ئه‌و دارانه‌وه به‌جێما
له‌سایه‌یاندا وه‌کوو گه‌وره‌یه‌ک
چیرۆکی مه‌رگم به‌سه‌ر گه‌ڵاکانیاندا وه‌راند …
منی مناڵ … منی بچوک منی گه‌وره
نه‌حه‌زم به چیرۆکی مه‌رگ کردوه‌و
نه ئاره‌زوی دابڕانم کردوه ….
نه به کوشتنی چۆله‌که‌یه‌ک دڵخۆش بووم
نه به وه‌رینی گه‌ڵایه‌ک بزه‌م گرتوه
نه به سزادانی مناڵێک خۆشنود بووم
نه حه‌زم کردوه لاسایی ڕاوچیه‌ک بکه‌مه‌وه ….
هه‌میشه هه‌موو رۆحێکم
وه‌کوو یه‌ک وێنا کردوه …
ته‌نانه‌ت ڕۆحی هه‌نگێک و
ڕۆحی گه‌وره‌ترین گیانله‌به‌رم وه‌کوو
رۆحی خودا بینیوه …………..
ئه‌وه‌ی به‌ناو پاکێتیدا گوزه‌ر ئه‌کات
ئه‌وه‌ی دڵنیایه له مه‌رگی خۆی
ئه‌وه‌ی ته‌نها له‌رینه‌وه‌ی گوڵێک خۆشنودی ئه‌کات
ئه‌وه‌ی به‌شه‌رمه‌وه ژیان ئه‌گوزه‌رێنێت
ئه‌وه‌ی به درۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌کان ئه‌داته‌وه
منم !!!!!!
من به‌ناو پاکێتیدا گوزه‌رم کرد‌و
که‌چی داوی گومان به‌سه‌ر حه‌وشه‌که‌مانه‌وه ڕوابووو !!
دڵنیا بووم له‌مه‌رگی خۆم
که‌چی خه‌ونێک پێی ووتم :
ته‌مه‌نت درێژه ئه‌ی خۆشه‌ویستی مه‌رگ !!
من به‌سه‌ر هه‌موو جه‌نگه‌کاندا ڕۆشتم و
هه‌رگیز خۆم له‌مه‌رگ نه‌پاراستوه
که‌چی مه‌رگ خۆی له‌من پاراستوه‌و ئێسته‌ش
خۆیم لێ دوووووووووووور ده‌خاته‌وه!!!!!
دوور وه‌کوو ئه‌و خه‌ونه‌ی هه‌رگیز نایبینم
…………………………………
به‌شه‌رمه‌وه ژیان به‌سه‌ر ئه‌به‌م
چونکه ژیان ئه‌و ئه‌و مه‌رگه‌یه من به‌شوێنیدا وێڵم
مه‌رگ ئه‌و ژیانه‌یه له‌دێڕه شیعرێکمدا ئه‌یبینم
مه‌رگ ئه‌و کۆتاییه جوانه‌یه
هه‌موو هه‌ناسه‌کانم و
هه‌موو ڕازه‌کانم و
هه‌موو نهینیه‌کانم و
هه‌موو جوانیه‌کانم و
هه‌موو فرمێسکه‌کانم و
هه‌موو ژوانه‌کانم
به پاکی ئه‌داته ده‌ست گڵ
………………………
به درۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌کانم دایه‌وه
به‌درۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌کان ئه‌ده‌مه‌وه
ئه‌وی ئازارم ئه‌دات
وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌یه
هه‌رگیز ته‌مه‌ننای ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌یان ناکه‌م !!
ئه‌وی به‌ره‌و خۆکوشتنم ئه‌بات
وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌یه به‌درۆ وه‌ڵامیان ئه‌ده‌مه‌وه !!!!
پرسیاری بێ وه‌ڵام هه‌میشه له‌ده‌رگاکانی مه‌رگ ئه‌ده‌ن
پرسیاری بێ وه‌ڵام هه‌میشه هه‌میشه
گومانی خۆکوشتن بۆ ئه‌و ڕۆحانه دروست ئه‌که‌ن
له ڕۆحی خودا ئه‌چن ………..
پرسیار له‌بێبه‌رگی دره‌خت له‌پایزا
بێئاگایی ئه‌و موسافیرانه‌یه
ڕێیان ناکه‌وێته ئه‌و دارستانانه‌ی
به‌ته‌رمی گه‌ڵاکان داپۆشراون ………….
پێکه‌نین به خۆکوشتنی من
بێئاگایی ئه‌و ڕێبوارانه‌یه
له‌ژواندا ڕوتن و
له سۆزدا ڕوتن و
له‌مه‌رگ دا ڕوتن و
له گریاندا ڕوتن و
له‌پیکه‌نیندا ڕوتن و
له‌وه‌ڵامی هه‌موو پرسیارێکدا ڕوتن !!!
من ته‌نها له له‌ساتی مه‌رگدا ڕوتم !!
ته‌نها ئیواره‌یه‌ک ڕوتم که
مه‌رگی خۆم له‌مه‌رگی گه‌ڵایه‌کدا ئه‌بینم
ته‌نها ئێواره‌یه‌ک ڕوتم
که ماڵئاوایی خۆر به مه‌رگی خۆم ئه‌بینم
تۆش ئه‌و ئێواره‌یه بمخوێنه‌وه ….
به‌ڕوتی بمخوێنه‌وه
من ناتوانم ئێسته خۆم بخوێنمه‌وه
چوونکه ڕووتم له‌هه‌موو شتێک
چوونکه ئه‌و پرسیاره ئاشکرائه‌بێت که‌به درۆ وه‌ڵامم داوه‌ته‌وه!!
کاتێک ئاشکراش بوو ئه‌بێت بمکوژن
که‌واته پاش ڕوتبونه‌وه‌م له‌ژیان
ئێواره‌یه‌ک بۆ هه‌موو خه‌ڵکم بخوینه‌وه
ئێواره‌یه‌ک بمخوێنه‌وه …..
نیسانی 2009 له‌نده‌ن