A.2 ئه‌نارکیزم له پێناو چییه؟
ئه‌م واژانه‌ی پێرسی بایشی شیلی Percy Bysshe Shelley، به پوختی ئه‌وه ده‌خه‌نه ڕوو که ئه‌نارکیزم به کرده‌وه له پێناو چییه و به‌ره‌و چ ئایدیالێك مل ده‌نێت:
مرۆڤ
نه به ده‌ستووردان ئاسووده‌یه و نه گوێڕایه‌ڵی ده‌کا:
ده‌سه‌ڵات، وه‌ك تاعون له‌ناوبه‌ره
هه‌رچی به‌ر چنگ که‌وێت، ملکه‌چی ده‌کا؛
هه‌رچییه‌ك توانا، چاکه، ئازادی و ڕاستییه له‌نێوی ده‌با
مرۆڤ و ده‌وره‌به‌ره‌که‌ی ده‌کاته کۆیله و
ده‌زگه‌یه‌کی بێ‌گیانی لێ چێ دهکاههروهك دێره‌کانی شیلی ده‌ستنیشانی ده‌که‌ن، ئه‌نارکیسته‌کان ئازادی له به‌رزترین و سه‌ره‌کیترین پله‌دا داده‌نێن و هه‌م بۆ خۆیان ده‌یخوازن و هه‌م بۆ که‌سانی تریش. ئه‌وان ئاوا ده‌ڕواننه تاکگه‌رای — که‌سه‌کان ده‌کاته تاكی پوخت و بێوێنه — ، که به گرنگترین لایه‌نی جۆری مرۆیی ده‌زانن. له‌ته‌ك ئه‌وه‌شدا، دان به‌وه‌دا ده‌نێنن، که تاکایه‌تی ناتوانێت له بۆشاییدا بوونی هه‌بێت، چونکه تاکایه‌تی دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییه. له‌وێدا که مرۆڤ بۆ گه‌شه، په‌ره‌سه‌ندن و پێشکه‌وتن پێویستی به که‌سانی تره، تاکایه‌تی له ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵ بوونی نابێت.
سه‌ره‌رای ئه‌وه، له نێوان پێشکه‌وتنی تاك و کۆمه‌ڵدا کاراییه‌کی ئاڵووێریی (تبادل) هه‌یه: تاکه‌کان له ناو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا گه‌شه ده‌که‌ن و له‌لایه‌ن ئه‌وه‌وه پێدهگهیێنردرێن، له هه‌مان کاتدا تاکه‌کان به‌هۆی کرده‌وه و بیرکردنه‌وه‌یانه‌وه کۆمه‌ك به گۆڕان و پێکهاتنی لایه‌نه‌کانی کۆمه‌ڵگه (هه‌روه‌ها خۆیان و که‌سانی تر) ده‌که‌ن. کۆمه‌ڵگه‌یه‌ك که له‌سه‌ر بنه‌مای تاکه ئازاده‌کان پێك نه‌هاتبێت، هیوا، ئاره‌زوو و بۆچوونی تاکه‌کانی ده‌سته‌مۆ ده‌بن و ده‌مرن. به‌و جۆره "ئافه‌راندنی مرۆڤ … پرۆسه‌یه‌کی کۆمه‌ڵی و هه‌مووانییه، پرۆسه‌یه‌ك که تێیدا هه‌م کۆمه‌ڵ و هه‌م تاك تێیدا به‌شدار ده‌بن" [Murray Bookchin, The Modern Crisis, p. 79] دواجار، هه‌ر تیئۆرییه‌كی ڕامیاری که ته‌نیا له‌سه‌ر کۆمه‌ڵ یا تاك پایه‌ڕێژی کرابێت، نادروست ده‌بێت.
بۆ ئه‌وه‌ی بوونی تاكایه‌تی بتوانێت تا دوا پله‌ی لوا‌و گه‌شه بکا و په‌ره بسێنێت، ئه‌نارکیسته‌کان پێکهێنانی کۆمه‌ڵگه له‌سه‌ر سێ بنچینه‌ی: ئازادی، یه‌کسانی و هاوپشتی، به پێویست ده‌زانن. ئه‌مانه بنچینه‌ی هاوبه‌شی نێوان هه‌موو ئهنارکیستهکانن. به‌م جۆره ده‌بینین، پیته‌ر کرۆپۆتکین ئه‌نارکیستی کۆمونیست له‌مه‌ڕ شۆڕشێك ده‌دوێت، که سروش له "وشه جوانه‌کان، ئازادی، یه‌کسانی و هاوپشتی"یه‌وه وه‌رده‌گرێت. [The Conquest of Bread, p. 128] ئه‌نارکیستی تاکگه‌را به‌نیامین توکهر یش به ڕوانگه‌یه‌کی وێکچووهوه ده‌نووسێت و ده‌سه‌لمێنێت که ئه‌نارکیزم " له‌سه‌ر سۆشیالیزم پێ داگرێت … له‌سه‌ر سۆشیالیزمی ڕاستینه، سۆشیالیزمی ئه‌نارکیستی: پهرهپێدهراو له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی ئازادی، یه‌کسانی و هاوپشتی." [Instead of a Book, p. 363] ئه‌م سێ بنچینه‌یه گرێدراوی یه‌کترن.
ئازادی بۆ پشکوتنی سه‌راپای هۆش، داهێنان و که‌سایه‌تی مرۆڤ پێویسته. ژێرده‌سته‌بوون له‌لایه‌ن که‌سانی تره، واته به‌رگرتن له هه‌لی به‌خۆ بیرکردنه‌وه و هه‌نگاونان، که ته‌نیا ڕێگه‌ی گه‌شه و په‌رسه‌ندنی بوونی تاکایه‌تی مرۆڤه. هه‌روا زاڵێتی داهێنان و لێپرسراوه‌تی که‌سی داده‌مرکێنێته‌وه، به‌ره‌و ملکه‌چی و له‌ناوچوون پاڵی پێوه ده‌نێت. به‌و جۆره، کۆمه‌ڵگه‌یه‌ك که گه‌شه‌ی تاکایه‌تی به لوتکه بگه‌یێنێت، به‌پێی پێویست ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای به‌شداری خۆبه‌خشانه‌ی تاکه‌کان پێكهاتبێت، نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای ناچارکردن و ده‌سه‌ڵاتگه‌ری. هه‌روه‌ك پرۆدۆ‌ن ده‌ڵێت " هه‌مووان په‌یوه‌ست و یه‌کگرتوو و هه‌مووان ئازاد." یا به ده‌ربڕینی گاڵیانی Galleani، ئه‌نارکیزم "خۆموختاری تاکه له نێو کۆمه‌ڵی ئازاد‌دا." [The End of Anarchism?, p. 35] (سه‌رنج بده‌نه به‌شی داهاتووWhy do anarchists emphasise liberty ? A.2.2 )
ئه‌گه‌ر ئازادی بۆ گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندی ته‌واوه‌تی تاكایه‌تی شتێکی بنچینه‌یی بێت، که‌واته یه‌کسانیش بۆ بوونی ئازادی ڕاسته‌قینه بنچینه‌ییه. ئازادی راسته‌قینه ناتوانرێت له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی چینایه‌تی و قوچکه‌ییدا، که له‌ژێر باری سه‌نگینی نایه‌کسانییه‌کانی ده‌سه‌ڵات، سامان و بهرتهریدا گیرۆده‌یه، بوونی هه‌بێت. له وه‌ها کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا ته‌نیا هه‌ژمارێکی که‌م — ئه‌وانه‌ی که له لووتکه‌ی قوچکه‌یی ده‌سه‌ڵاتدان– به‌ڕاده‌یه‌ك ئازادن، له کاتێکدا که ئه‌وانی تر شێوه-کۆیله‌ن. دواجار، ئازادی له نه‌بوونی یه‌کسانیدا ده‌بێت به گاڵته‌جاری — له باشترین باردا، هه‌روه‌ك له سه‌رمایه‌داریدا تاك هێنده "ئازاد"ه، که خاوه‌نێك (سه‌رۆکێك) بۆ خۆی هه‌ڵبژێرێت. سهرهررای ئه‌وه، ته‌نانه‌ت ده‌سته‌بژێریش له وه‌ها بارودۆخێکدا به ڕاستی ئازاد نییه، چونکه ئه‌ویش ناچار ده‌بێت له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دواکه‌وتووی بێکه‌ڵك و ناپهسهنددا، له‌پاڵ سه‌رکوت و ئه‌شکه‌نجه‌ی زۆرینه‌دا بژی. هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندنی تاکایه‌تی، ته‌نیا له سایه‌ی په‌یوه‌ندی بی‌سنوور له‌ته‌ك که‌سانی ئازاد تردا، به لوتکه ده‌گات، ئه‌ندامانی ده‌سته‌بژێر له‌به‌ر نه‌بوونی که‌سانی ئازاد بۆ په‌یوه‌ندیگرتن و کارلێكکردن له‌ته‌کیان، توانای په‌ره‌دان به‌خۆ و خۆپێگه‌یاندنیان به‌ربه‌سته. (سه‌رنجی به‌شی Why are anarchists in favour of equality? A.2.5 بده‌ن)
دواجار، هاوپشتی واته یارمه‌تی و هاریکاری ئاڵووێرانه: کارکردن به شێوه‌ی خۆبه‌خشانه و هاریکاری و به‌شداری له‌ته‌ك ئه‌وانه‌ی که هه‌مان ئامانج، به‌رژه‌وه‌ندییان هه‌یه. به‌ڵام به‌بێ ئازادی و یه‌کسانی، کۆمه‌ڵگه ده‌بێته قوچکهی چێنه کێبرکێگهرهکان له‌سه‌ر بنه‌مای زاڵبوونی چینه‌کانی سه‌ره‌وه به‌سه‌ر چینه‌کانی خواره‌وه. له وه‌ها کۆمهڵگهیهكدا، به‌و جۆره‌ی که به‌خۆمان ده‌زانین، که "پاوان ده‌که‌ی یا پاوان ده‌کرێی" ، “سه‌گ، سه‌گ ده‌خوات” و "هه‌رکه‌سه‌و بۆ خۆی"ه. به‌و جۆره، “ تاکگه‌رایی چه‌قبه‌ستوو rugged individualism” به نرخی له‌نێوبردنی هه‌ستی گشتی په‌ره‌ی پێ ده‌درێت، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی، ئه‌وانه‌ی که سه‌ر به چینه گیرۆده‌کانی خواره‌وه‌ن، ڕکیان له چینه‌کانی سه‌ره‌وه ده‌بێته‌وه و ئه‌وانه‌ی له چینی سه‌ره‌وه‌ن سڵ له چینه‌کانی خواره‌وه ده‌که‌نه‌وه. له وه‌ها هه‌لومه‌رجێکدا، هاوپشتی گشتی کۆمه‌ڵایه‌تی ناتوانێت بوونی هه‌بێت، به‌ڵام ته‌نیا هاوپشتییه‌کی که‌م له‌نێو ئه‌و چینانه‌دا که به‌رژه‌وه‌ندییان له‌ته‌ك زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگه وه‌ك گشتێك ناکۆکه، له ئارادا ده‌بێت. (سه‌رنجی به‌شی Why is solidarity important to anarchists? A.2.6 بده‌ن)
هه‌ڵبه‌ته ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین، که هاوپشتی به واتای قوربانیدان و نکۆڵی له‌خۆکردن نییه. به‌و جۆره‌ی که ئێریکۆ مالا‌تێستا Errico Malatesta ڕوونی ده‌کاته‌وه :
"هه‌مووان خۆپه‌رستین. هه‌مووان به دوای خۆڕازیکردنهوهین. به‌ڵام که‌سی ئه‌نارکیست گه‌وره‌ترین کامه‌رانی خۆی له خه‌بات بۆ به‌خته‌وه‌ری هه‌موواندا ده‌بینێته‌وه، له پێناو به‌ده‌یهێنانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ك که تێیدا [وه‌ها] هاوهڵێتییهك له ناوکۆی هاوه‌ڵان، مرۆڤه تهندرستهکان، هۆشمه‌ند و خوێنده‌وار و خه‌ڵکانی کامهراندایه. به‌ڵام که‌سی خۆ گونجێنه‌ر، که‌سێك که له‌نێو کۆیلان و سوودوه‌رگرتن له ڕه‌نجی کۆیلاندا به‌خته‌وه‌ر بێت، ئه‌نارکیست نییه و ناشتوانێت ببێت" [Errico Malatesta: His Life and Ideas, p. 23]بۆ ئه‌نارکیسته‌کان، سامانی ڕاستینه، مرۆڤه‌کان و سه‌رزه‌مینێکه که له‌سه‌ری ده‌ژین. یا به‌و جۆره‌ی که ئێما گۆڵدمان Emma Goldman ده‌ڵێت " له نێو هه‌موو شته جوان و به‌سووده‌کان پێكدێت، له ته‌واوی ئه‌و شتانه‌دا که کۆمه‌ك به پێكهاتنی جه‌سته به‌هێز و جوانه‌کان و ژینگه‌یه‌ك بۆ ژیان تێیدا… ئامانجی [ئێمه] ده‌سته‌به‌رکردنی ئه‌وپه‌ڕی ڕاده‌ی ئازادییه بۆ هه‌موو توانا په‌رده‌پۆشکراوه‌کانی تاك… له‌وانه نواندنی ئازادانه‌ی وزه‌ی مرۆیی که ته‌نیا له سایه‌ی ئازادی ته‌واوی تاك و ئازادی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌لوێت، به واتایه‌کی تر، یه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تی." [Red Emma Speaks, pp. 67-8
هه‌روا، ڕێزدانان بۆ تاكایه‌تی به‌و واتایه نییه، که ئه‌نارکیسته‌کان ئایدیالیستن و وا بیرده‌که‌نه‌وه، که مرۆڤه‌کان یا بۆچوونه‌کان له ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه گه‌شه ده‌که‌ن. گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندنی تاكایه‌تی و بۆچوونه‌کان له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌دا، له وه‌ڵام به کاردانه‌وه ماددی و هزری و ئه‌زموونییه‌کان، ئه‌وانه‌ی که که‌سه‌کان چالاکانه لێکیان ده‌ده‌نه‌وه و شییان دهکهوهو مامه‌ڵه‌یان له‌ته‌کدا ده‌که‌ن، دێنه بوون. له‌به‌ر ئه‌وه، ئه‌نارکیزم، تیئۆرییه‌کی ماتریالیستییه، به په‌یبردن به‌وه‌ی که بۆچوونه‌کان له ئه‌نجامی کارلێکردنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و چالاکییه هۆشییه‌کانی تاكدا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و گه‌شه ده‌که‌ن ( بۆ زانیاری فره‌تر له‌سه‌ر باسه کلاسیکه‌کان له‌مه‌ڕ ماتریالیزم له‌به‌رامبه‌ر ئایدیالیزم دا سه‌رنجی خوا و ده‌وڵه‌ت God and the State نووسینی میخایل باکونین بده‌ن)
که‌واته کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌نارکیستی دروستکراوی زانیاری مرۆڤ ده‌بێت، نه‌ك خوا و ڕووداوه سه‌ره‌تاییه‌کانی تر، چونکه “هیچ شتێك له خۆوه چێ نه‌بووه، لانیکه‌م ئه‌مه له په‌یوه‌ندییه مرۆییه‌کاندا ئاوایه. ئه‌وانه‌ی که ئه‌رکی چێکردن و ڕێکوپیکردنیان له ئه‌ستۆیه، به‌پێی حه‌ز و ده‌رکی خۆی له شته‌کان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. “ [Alexander Berkman, What is Anarchism?, p. 185]
له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌نارکیزم خۆی له‌سه‌ر پایه‌ی لێهاتوویی بۆچوون و تواناییه‌کانی خه‌ڵك بۆ کار و گۆڕینی ژیانی خۆی به‌و جۆره‌ی پێی دروسته، بنیات ده‌نێت. به واتایه‌کی تر، ئازادی.
په‌راوێـز:
* له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له وه‌رگێرانه فارسییه‌که‌دا زۆر شت پهڕێنراون یا ده‌قاوده‌ق واتای خۆیان وه‌ر نه‌گرتووه، ناچار وه‌رگێرانه کوردییه‌که له‌ته‌ك وه‌رگێرانه ئینگلیزییه‌که به‌راورد کراوه. (و.ك)
سه‌رچاوه‌ی وه‌رگێڕانه فارسییه‌که‌ی: http://no-compromise.blogfa.com/post-9.aspxسه‌رچاوه‌ی ئینگلیزی: http://www.infoshop.org/faq/index.html