Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024

چه‌ند وشه‌یه‌ک له‌جیاتی سه‌ره‌خۆشی بۆ بنه‌ماڵه‌ی (کاک موحسین بایز)

Closed
by June 15, 2009 گشتی

چه‌ند وشه‌یه‌ک له‌جیاتی سه‌ره‌خۆشی بۆ بنه‌ماڵه‌ی (کاک موحسین بایز)ی تێکۆشه‌ر و پێشمه‌رگه‌ی دێرینی کوردستان

فه‌ریق فوئاد چه‌له‌بی

وا جارێکی دیکه‌ مه‌رگ ده‌ستی ده‌گاته‌ هه‌ڤاڵێکی تیکۆشه‌ری دیکه‌مان و به‌دیار یادگارییه‌کانیه‌وه‌ سڕمان ده‌کات. (کاک موحسین بایز)ی پێشمه‌رگه‌ی دێرین، که‌ دواجار پۆستی یاریده‌ده‌ری وه‌زیری له‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هه‌بوو، مێژووییه‌کی پڕ له‌ سه‌روه‌ری و فیداکاریی تۆمار کردووه‌. (کاک موحسین بایز) ناوێکی دیاری شۆڕشی نوێی گه‌له‌که‌مانه‌، که‌ به‌ ئازایه‌تی و دڵسۆزییه‌کی گه‌وره‌وه‌ شار جێده‌هێڵێت و وه‌کو پێشمه‌رگه‌یه‌کی سه‌ره‌تایی ده‌گاته‌ ڕیزی هه‌ڤاله‌کانی، که‌ ئه‌وسا ژماره‌یان که‌م، به‌لآم وره‌یان پۆلآیین بوو و دڵیان هیوا و خه‌ونی لێ ده‌ڕژا. (کاک موحسین بایز)ی تێکۆشه‌ر هه‌ر له‌و کاته‌وه‌، که‌ یاریده‌ده‌‌ری (شه‌هید عه‌ولآ سوور)ی جه‌ربه‌زه‌ بوو، توانی بۆ جه‌ماوه‌ری چه‌وساوه‌ی کوردستان دۆستێکی باش و بۆ دوژمنی داگیرکه‌ر ئاگرێکی نه‌کوژاوه‌ بێت. هه‌ر کاتێ گوێمان له‌ ناوی ئه‌و تێکۆشه‌ره‌ ده‌بێت، خێرا خۆپیشاندانه‌کانی سه‌ره‌تای هه‌شتاکانمان بیر ده‌که‌وێته‌وه‌، چونکه‌ ئه‌و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه له‌پاڵ هاوڕێ نه‌به‌زه‌کانی دیکه‌یدا‌ ڕۆڵێکی ئێجگار کاریگه‌ری هه‌بوو له‌وه‌ی ببێته‌ پاڵپشتێکی پۆلآیین بۆ جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیوی کوردستان. ته‌نانه‌ت ئه‌نفالیش نه‌یتوانی سنوور بۆ چالاکیی ئه‌و قاره‌مانه‌ دابنێت و وه‌کو یه‌کێک له‌ پێشمه‌رگه‌ هه‌ره‌ ئازاکان درێژه‌ی به‌ خه‌بات داوه‌. له‌ راپه‌ڕینیشدا (کاک موحسین بایز) یه‌کێکه‌ له‌و پێشه‌نگانه‌ی، که‌ سه‌ره‌تای ئازاری 1991 ده‌گه‌نه‌ شاری رانیه‌ی ده‌روازه‌ی راپه‌ڕین و مژده‌ی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌ به‌ گوێی جه‌ماوه‌ری کوردستاندا ده‌ده‌ن.
داخێکی گه‌وره‌یه‌، که‌ ئه‌مڕۆ هه‌واڵی کۆچی دوایی ئه‌و تێکۆشه‌ره‌ ده‌بیستین. سه‌ره‌خۆشیی له‌ بنه‌ماڵکه‌ی ده‌که‌ین. چاکترین وه‌فاش بۆ ئه‌و پێشمه‌رگه‌ دڵسۆزه‌، هه‌وڵدانه‌ بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌‌ی کوردستان و ڕزگارکردنی به‌شه‌کانی دیکه‌ی‌، که‌ ئه‌و تیکۆشه‌ره‌ له‌و پێناوه‌دا ساتێک هه‌ستی به‌ ماندوێتی نه‌کردووه‌.
فه‌ریق فوئاد چه‌له‌بی هاوڕێی دێرینی (کاک موحسین بایز)ی نه‌مر

 

Previous
Next