Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
ئایا لیستی گۆڕان، به‌شێكه‌ له‌ خواستی گۆڕان؟

ئایا لیستی گۆڕان، به‌شێكه‌ له‌ خواستی گۆڕان؟

Closed
by June 15, 2009 گشتی

 

گومان له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ خواستی گۆران، خواستی خه‌ڵكی كوردستانه‌. خواستێكه‌ نه‌ك تازه‌ به‌ڵكه‌ چه‌ندین ساڵه‌ خه‌ڵك بۆی تێده‌كۆشێت. كه‌ ده‌توانین بڵێین خواستی گۆڕان و به‌ دوای نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس له‌ كوردستاندا و له‌گه‌ڵ خرۆشانی جه‌ماوه‌ریدا بۆ ئازادی و گۆرانی ڕیشه‌یی ده‌ستی پێكردووه‌.  
حزبه‌ قه‌ومیه‌كانی كوردستان به‌تایبه‌تی یه‌كیتی و پارتی سه‌ره‌تا له‌ ژێرناوی هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌رانه‌وه‌ی به‌عس بۆ كوردستان، هه‌ڕه‌شه‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێم، پاشانیش به‌هۆی شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتی ناوخۆیی حزبه‌كان داواو خواستی خه‌لكی كوردستانیان بۆ گۆڕان خسته‌ دواوه‌ ده‌ستیان له‌هیچ شێوازێك بۆ پاشه‌كشه‌پێكردن به‌بزوتنه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كان‌وخواسته‌كانی خه‌ڵك نه‌پاراست. ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه‌ تاڕاده‌یه‌ك پاشه‌كشه‌یه‌كی به‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری و ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكی كوردستاندا سه‌پاند، به‌ڵام له‌به‌ین نه‌براو هه‌میشه‌ ناڕه‌زایه‌تی خه‌لك و بزوتنه‌وه‌ كۆمه‌لایه‌تیه‌كان له‌ مه‌یداندا مایه‌وه‌.
به‌لام به‌دوای كه‌وتنی به‌عسدا هه‌لومه‌رج گۆردرا، بیانوی هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌عس بۆ كوردستان له‌ده‌ستی ئه‌حزابی قه‌ومیدا ده‌رهات. كه‌ تا به‌ر له‌كه‌وتنی رژیم، هه‌میشه‌ ئه‌حزابی قه‌ومی كورد، به‌عسی دڕنده‌یان پیشانی خه‌ڵك ئه‌دا، بۆ ناچاركردنی خه‌ڵك به‌پاشه‌كشه‌و ده‌ستهه‌ڵگرتن له‌ خواست و ناڕه‌زایه‌تیه‌كانیان.  به‌كه‌وتنی ڕژێم ئه‌و بیانووه‌  نه‌ما. و هاوكات بێمافی و گوێنه‌دان به‌ خواستی خه‌ڵك و به‌رده‌وامیدان به‌ فه‌رهودی كۆمه‌ڵگا، لوشدانی داهاته‌كان به‌ئاشكرا، له‌پاڵ سه‌ركوت و بێمافیدا، بڕستی له‌خه‌ڵك بڕیی. به‌جۆریك ئیتر خه‌ڵك ئاماده‌نه‌بوو ته‌حه‌مولی ئه‌م وه‌زعیه‌ته‌ بكات. هاوكات به‌دوای كه‌وتنی به‌عسدا، ئیمكانیه‌تێك كه‌ له‌ژێرناوی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان له‌لایه‌ك و به‌شه‌ داهاتی ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌ داهاتی مه‌ركه‌ز له‌لایه‌كی تره‌وه‌ كه‌ ده‌هێنرایه‌ كوردستان بێ وێنه‌ بوو، ئه‌و هه‌موو داهاته‌ش دیسان له‌لایه‌ن ئه‌حزابی قه‌ومی كورده‌وه‌ لوش ئه‌درا، له‌بری ئه‌وه‌ی بدرێت به‌خه‌ڵك و سه‌رفی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و خزمه‌تگوزاری پێویست …  بكرێت.
هه‌موو ئه‌مانه‌ وایان كرد، كه‌ خه‌ڵك دوباره‌ بێنه‌وه‌ مه‌یدان، به‌مه‌به‌ستی سنوردانان بۆ ئه‌م دزی و تالانی و بێمافی و ڕێگه‌گرتن له‌ ئازادی سیاسی و ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری ، وه‌ هاوكات بۆ ئه‌وه‌ی به‌هره‌مه‌ندبن له‌به‌شێك له‌و داهاته‌ی كه‌ هی خۆیانه‌.
ئه‌م جاره‌ خه‌ڵك به‌ گوڕوتینێكی زیاتره‌وه‌ هاتنه‌ مه‌یدان  و مه‌سه‌له‌ی گۆران و چاكسازی بوو به‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگا. بوو به‌ به‌ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری، به‌دژی تاڵانی و دزی، به‌دژی گه‌نده‌ڵی ئیداری و فه‌سادی ئابوریدا، به‌دژی تیرۆری ئابوری كۆمه‌ڵگادا، به‌دژی نه‌بونی خزمه‌تگوزاریه‌كان، به‌دژی گرانی بازارو بێكاریدا، به‌دژی سه‌ركوتی سیاسی و ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری و….تاد.
 خۆپیشاندانه‌كانی خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی، مانگرتن‌و خۆپیشاندانی مامۆستایان، خوپیشاندانی خه‌ڵكی ڕانیه‌ و پاشان كه‌لار، سلیمانی و ئاكری وهه‌له‌بجه‌ و … هه‌ڵچونی ئه‌و قوڵپی ناره‌زایه‌تیه‌ بوو. پێكهاتنی چه‌ندین ڕێكخراوی جۆراوجۆر‌و هه‌ڵسورانیان له‌ ژێرناوی "كۆمه‌ڵه‌ی گۆڕان""لیژنه‌ی هاریكاری""كۆمه‌ڵه‌ی به‌مه‌ده‌نیكردن""ده‌سته‌ی داكۆكیكردن له‌ خواسته‌كانی خه‌ڵك"."په‌رله‌مانی سه‌ر شه‌قام" لیژنه‌ی هاریكاری"…….تاد، هه‌مویان به‌مه‌به‌ستی سازدانی خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری‌و رابه‌ریكردنی ئه‌م ناره‌زایه‌تیه‌ جه‌ماوه‌ریانه‌، به‌دژی ئه‌و دزی و ڕاو ڕوته‌ ئاشكرایه‌ی ئه‌وسه‌ره‌كه‌ی دیارنییه‌، پێكهاتن و هه‌میشه‌ش له‌لایه‌ن ده‌سه‌لاته‌وه‌ روبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌و چاوسوركردنه‌وه‌ بوون. به‌ تابوری پێنجه‌م و هاندانی ده‌ستی ده‌ره‌كی و تاوانبار كراون وهه‌ڵسوڕاوانیان ڕه‌وانه‌ی زیندان كران، ته‌قه‌یان لێكراو به‌ گولله‌ وه‌لامی خواسته‌ زۆر ساده‌كانیان درایه‌وه‌.
له‌هه‌موو ئه‌و ماوه‌ درێژه‌دا، له‌ نێو ئه‌م هه‌موو هه‌ڵچون و داچونه‌دا، له‌ناو دڵی ئه‌م هه‌موو ئیتهامه‌ بۆش به‌تاڵانه‌دا كه‌ به‌خه‌ڵكی ناڕازی و ڕابه‌رانیان ده‌وت، كاراكته‌ره‌ سه‌ره‌كی و هه‌ڵسوراوانی به‌رجه‌سته‌ی ئێستای لیستی گۆڕان، له‌هه‌موو ئه‌و بڕگانه‌دا به‌شێكی كارا له‌ده‌سه‌ڵات بوون، به‌شێكی كارابوون له‌وه‌ستانه‌وه‌ به‌ڕووی هه‌ڵسوڕاوان و ڕابه‌رانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌ ناره‌زایه‌تییه‌ جه‌ماوه‌ریانه‌دا، ته‌نانه‌ت به‌شێكی كارابوون له‌دژی هه‌ر ده‌نگێگ له‌ناوخۆشیاندا به‌رزبووبیته‌وه‌ به‌دژی ئه‌م ناحه‌قیه‌ی ده‌رهه‌ق به‌خه‌ڵكی كوردستان ده‌كرا.
ئێستا ئه‌مانه‌ به‌ پاڵپشتی هه‌ندێك قه‌ڵه‌می به‌ ڕوكه‌ش روناكبیرو له‌ واقیعدا گرگن و خۆشخزمه‌ت وفریوئامیز، ده‌یانه‌وێت خۆیان به‌ په‌رچه‌می ناڕه‌زایه‌تی به‌رهه‌قی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌ هه‌ڵبواسن و بانگه‌شه‌ی چاكسازی و گۆڕان بكه‌ن.  له‌كاتێكدا كاراكته‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی لیستی گۆران، له‌ ده‌وره‌ی هاتنه‌ مه‌یدانی خه‌لك بۆ گۆران و چاكسازیدا، له‌ده‌وره‌ی هینانه‌ مه‌یدانی ده‌یان داخوازی و داواكاری ڕه‌وادا، له‌ده‌وره‌ی پێكهاتنی ده‌یان كۆروكۆمه‌ڵ و ریكخراوه‌ی جه‌ماوه‌ری و رادیكال بۆ سه‌رپه‌رشتی خۆپیشاندان و مانگرتنه‌كاندا، نه‌ك له‌پاڵ خه‌ڵك و خواستی گۆاندا نه‌بوون، به‌ڵكه‌ وه‌كو به‌شكێك له‌ ده‌سه‌لاتی ئه‌و حزبانه‌ی سه‌نگه‌ری هه‌مه‌لایه‌نه‌یان له‌ ڕه‌وتی گۆران ده‌گرت، ئه‌مانیش به‌شێك بوون له‌و هێزه‌و له‌و حزبه‌.
ئێستا كێ ده‌توانێ باوه‌ر به‌وه‌ بكات، كه‌ لیستی گۆران، گۆڕانی ده‌وێت؟ كێ ده‌توانێ باوه‌ڕ به‌وه‌ بهێنێ كه‌ لیستی گۆڕان به‌شێكه‌ له‌ڕه‌وت و بزوتنه‌وه‌ی چاكسازی له‌ كۆمه‌ڵگای كوردستاندا؟ وه‌ چ شتێك جیایان ده‌كاته‌وه‌ له‌ ڕوانینی ده‌سه‌لات و حزبی دایكیان؟ كریكار، ژن و لاو، ئازادی سیاسی و ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری، تاده‌گات به‌وه‌ستانه‌وه‌ی به‌رووی كۆنه‌په‌رستی دینی وره‌وته‌ ئیسلامیه‌ سیاسیه‌كان، تا ده‌گات به‌ ڕێگاچاره‌ بۆ كێشه‌ زۆر و زه‌به‌نده‌كانی خه‌ڵك و له‌ پێشیانه‌وه‌ وه‌زعی هه‌ڵواسراو و ئاینده‌ی سیاسی كوردستان. ئه‌مانه‌ هه‌ڵگری كام په‌یام و ڕوانین و ڕێگاچاره‌ی تازه‌ن بۆیان؟ بێگومان چ ئه‌وكاته‌ی له‌ناو یه‌كێتی بوون و خاوه‌نی ده‌سه‌لات و جێگاورێگای به‌هێز بوون و چ ئه‌و دوو سێ ساڵه‌ش كه‌دوركه‌وتنه‌وه‌یان له‌ یه‌كێتی ده‌ستپێكردووه‌، هیچ كام له‌ ڕوانین و نه‌هج و سیسته‌می بیركردنه‌وه‌یان و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسییان گۆڕانی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌.
 باسی لێكجیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌لاتی یاسادانان و جێبه‌جیكردن و دادوه‌ری، باسی به‌دامه‌زراوه‌یی كردنی ده‌سه‌لات ، باسی چاكسازی… ئه‌م دروشمانه‌، دروشمی حزب و لایه‌نه‌كانی تریشه‌. كه‌واته‌ جیاوازی چییه‌؟ 
جیاوازی بنه‌ڕه‌تی و كێشه‌ی كۆمپانیای وشه‌و لیستی گۆرانی هه‌ڵبژاردنه‌كانیان، ناكۆكی نییه‌ له‌سه‌ر سیسته‌می بیركردنه‌وه‌و ڕوانینیان، هه‌راو كیشه‌ نییه‌ له‌سه‌ر خواسته‌كانی خه‌ڵك، كیشه‌ نییه‌ له‌سه‌ر چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری گه‌نده‌ڵی و تالانی، له‌سه‌ر بێمافی كرێكاران و كرێی كه‌میان، له‌سه‌ر گرانی بازار و هه‌ژاری و بێخانه‌و لانه‌یی، له‌سه‌ر سیسته‌می په‌روه‌رده‌و یاساو رێسا ژه‌نگ هه‌ڵگرتوه‌كانی سه‌رده‌می به‌عس، له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری ته‌ندروستی كێشه‌ی كه‌ركوك، له‌سه‌ر تێكشكاندنی ئاینده‌ی نه‌سڵی لاوان، له‌سه‌ر بێماف ژنان و كوشتاریان، له‌سه‌ر ده‌ستێوه‌ردانی ولاتانی ناوچه‌كه‌ له‌وه‌زعی هه‌ریم، له‌سه‌ر وه‌ستانه‌وه‌ به‌رووی كۆنه‌په‌رستی دینی و ئیسلامی سیاسی، له‌سه‌ر ئازادی سیاسی و ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری، ….تاد. به‌ڵكه‌ كێشه‌یه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌لات و كێشه‌یه‌ له‌سه‌ر ئیحتیواكردنی خواسته‌كانی خه‌ڵك و ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری بۆ چاكسازی و گۆران.
ئه‌گه‌ر هه‌ڵگرانی بانگه‌شه‌ی چاكسازی و لیستی گۆران، به‌شێك بونایه‌ له‌ خواستی گۆران و چاكسازی شه‌قام، به‌درێژایی كێشه‌ ناوخۆیه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، دیكۆمینتێكی ئه‌م به‌ڕێزانه‌مان ئه‌بینی بۆ به‌رگری له‌خواستی خه‌ڵك و بزوتنه‌وه‌ كۆمه‌لایه‌تیه‌كانی وه‌كو بزوتنه‌وه‌ی كریكاری و لاوان و ژنان و خوێندكاران…تاد ، وه‌ بۆ چاكسازی، بۆ وه‌ستانه‌وه‌ به‌ڕووی ره‌وتی دژی ئازادی سیاسی و خۆپیشاندان و ناره‌زاییه‌تیه‌كان. بۆ جیاكردنه‌وه‌ی دین له‌ ده‌سه‌لات، بۆ یه‌كسانی ژن وپیاو…تاد 
به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌وری ئه‌وان به‌رجه‌سته‌تره‌ له‌ سه‌ركوتی خواسته‌كانی خه‌ڵك، له‌ ئینكاركردنی بزوتنه‌وه‌كان، له‌ ڕێزگرنه‌گرتن و پیشێلكردنی ئازادی سیاسی  و ئازادی بیروراو به‌یان و رۆژنامه‌گه‌ری و له‌ وه‌ستانه‌وه‌ به‌رووی مافه‌ فه‌ردی و مه‌ده‌نیه‌كان.
ئێستا كه‌ده‌یانه‌وێ خۆڵ بكه‌نه‌ چاوی خه‌ڵك و كۆمه‌لگاوه‌، كه‌ به‌ بانگه‌شه‌ی گۆرانه‌وه‌ هاتوون و لیستی گۆرانیان دروست كردووه‌، جگه‌ له‌وه‌ی هه‌وڵی بزوتنه‌وه‌ واقعیه‌كانی چاكسازی و گۆران له‌خشته‌ ئه‌به‌ن و پاشه‌كشه‌ی پێده‌كه‌ن، هاوكات ده‌یانه‌وێ  خواسته‌كانی خه‌ڵك و ناره‌زایه‌تیه‌كانیان بكه‌نه‌ پرده‌بازی گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌لات به‌هه‌مان ناوه‌ڕۆكی پێشووی حزبه‌ ته‌قلیدیه‌كان و له‌ ڕێگایه‌شه‌وه‌ بچن به‌گژ هێزو حزبه‌ سیاسیه‌كانی تری ده‌سه‌لاتدا.
 بۆیه‌ لیستی گۆران، نه‌ك به‌شێك نییه‌ له‌ خواستی گۆران و چاكسازی كۆمه‌ڵگا كه‌ ده‌یه‌و نیوێك زیاتره‌ خه‌ڵك بۆی له‌مه‌یداندایه‌، به‌ڵكه‌ دژیه‌تی و بۆ ئیحتیواكردنی ئه‌م بزوتنه‌وه‌و خواستانه‌ی خه‌ڵكه‌. خه‌ڵكی كوردستان و ڕوناكبیرانیك كه‌ به‌واقعی له‌ پاڵ خواستی گۆڕان و چاكسازیدان، كه‌ خوازیاری ئاینده‌یه‌كی مه‌ده‌نی و دره‌وشاوه‌ن، ئه‌ركیانه‌ مه‌ترسی ئه‌م ڕه‌وته‌ به‌ناو گۆڕان و لیستی گۆرانه‌ له‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان ڕۆشن بكه‌نه‌وه‌. به‌تایبه‌ت له‌ ئێستادا كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ پێشن و ده‌وره‌ ده‌وره‌ی داباراندنی به‌ڵێن و واده‌ی درۆو چاوبه‌سته‌كییه‌ بۆ وه‌رگرتنی په‌نجه‌ مۆری خه‌ڵك.

30-5-2009

 abdulla.mahmud@gmail.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.