چیرۆکی سه‌رسامبوونی عه‌ره‌ب و مسوڵمانه‌کان به ئۆباماوه
چیرۆکی سه‌رسامبوونی عه‌ره‌ب و مسوڵمانه‌کان به ئۆباماوه
ئیبراهیم مهلازادهتهها جابر عه‌لوانی له کتێبه‌که‌یدا "قه‌یرانی فیکری هاوچه‌رخ" له لاپه‌ڕه 39 ی کۆپیه وه‌رگێردراوه‌که‌یدا بۆ کوردی که له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کاندا خۆم وه‌رمگێڕاوه، قسه‌یه‌کی "جاحظ"ی، گواستۆته‌وه و له‌سه‌ده‌ی سێیه‌مدا، کاتێک که مسوڵمانه عه‌ره‌به‌کان ده‌سته‌ڵاتدار بوون و ڕووبه‌رێکی زۆری ئه‌مڕۆی دونیای گه‌لانی موسوڵمانانیان له‌ده‌ستدا بووه، گوتوویه‌تی "ئوممه‌تی ئیسلام ئومه‌تێکه ئه‌قڵیه‌تی عه‌وام و نه‌فسیه‌تی کۆیله و ڕه‌فتار و سروشتی مێگه‌لی هه‌یه". ئێمه‌ش بۆمان هه‌یه بپرسین داخۆ له زه‌مه‌نێکی ئاوا زوودا بۆچی جاحظ ئه‌و سیفه‌تانه ده‌داته پاڵ ئوممه‌ته‌که‌ی؟ ئه‌ی ده‌بێت دوای زیاتر له هه‌زارساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر ئه‌وکاتدا ده‌بێ ئوممه‌ته‌که‌ی جاحیظ له‌کوێی ڕووداوه‌کاندا بێت؟
ئه‌م چوارچێوه‌یه‌ی که جاحظ له سه‌رده‌مێکی زووی ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی ئیسلامی‌دا وێنای ده‌کات، ده‌توانین بڵێین ئه‌مرۆ له چڵه‌پۆپه‌یدا گینگڵ ده‌دات و ئه‌وه‌ی که له کایه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری دونیای موسوڵمانه‌کاندا ده‌یبینین باشترین به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و دواکه‌وتن و مێگه‌ل بوونه‌دا. له‌وانه‌یه جاحظ له‌و سه‌رده‌مه زووه‌دا چه‌ند هۆکارێکی بینیبن بۆ ئه‌وه‌ی که عه‌ره‌به‌کان و مسوڵمانه‌کان به گشتی نه‌فسیه‌تی کۆیله‌یان بۆ دروست بووه، له‌وانه‌یه قسه زۆر له‌سه‌ر ئه‌و هۆکارانه کرابن، به‌ڵام تا ئێستا وه‌ڵامی زانستی مه‌عریفی وه‌کو پێویست نه‌دراونه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت "ئه‌بولحه‌سه‌نی نه‌ده‌وی"ش له کتێبه‌که‌یدا که به‌ناوی "جیهان به شه‌پڕێوبوونی موسوڵمانان چی له‌ده‌ستداوه؟" نه‌یتوانیوه له چوارچێوه ئایدیۆلۆژیه‌کاندا ده‌ربچێت و به‌شێوه‌یه‌کی مه‌عریفیانه‌ی ڕووت وه‌ڵامی هۆکاره‌کانی شه‌پڕێوبوون بداته‌وه. تا ئێستاش تۆقاندن به‌شێکه له‌و ڕه‌فتاره‌ی که ده‌سته‌ڵاتی سیاسی به‌درێژایی ئه‌و مێژووه پێڕه‌وی لێکردووه بێجگه له هه‌ندێ وێستگه‌ی کورت نه‌بووبێت، بۆیه توێژینه‌وه‌ی سه‌ریا (جیددی) په‌یوه‌سته به‌و که‌ش و هه‌وایه‌ی که ئازادی تێدا سه‌روه‌ر و شکۆمه‌نده. فشارخستنه سه‌ر فیکر، یا سنووردارکردنی له هه‌ندێک بازنه‌دا و تابووکردنی هه‌ندێک بازنه، سنووردارکردنی به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه‌یه و له‌ئاکامیشدا گۆڕه‌وشارکردنیه‌تی.
ئه‌وه‌ی له قاهیره‌دا له سه‌ردانی ئۆبامادا بۆ زانستگای قاهیره، له چواری مانگی شه‌شدا ڕوویدا و له زۆر جێگای دیکه‌ش به‌شێوه‌ی جیاواز ڕوویداوه و ڕووده‌داته‌وه، کاردانه‌وه‌یه‌کی ئاسایی ئه‌مڕۆی ئه‌قڵی مێگه‌لی و نه‌فسێکی کۆیله‌یه که ته‌نها له‌سه‌ر دوو ئاستدا کاردانه‌وه‌ی له‌وجۆره‌ی ده‌بێت، یه‌که‌میان له‌ژێر فشاردا ده‌جوڵێت و ره‌فتار ده‌کات، دووه‌میشیان له‌کاتی وڕوژاندنی سۆزداردا. ئه‌وه‌ش مانای وایه که ئه‌قڵ له بازنه‌ی بیرلێنه‌کراوه‌دایه و ته‌نها شتێکه که نه‌ک هه‌ر له ده‌روازه‌ی جموجۆڵدا نیه به‌ڵکو زۆربه‌ی جاران سیمبۆڵێکی ئه‌هریمه‌نییه له‌ئاسته عه‌قیدی و بیراباوه‌ڕه‌کاندا، ئه‌قڵ وه‌کو به‌رهه‌مهێنه‌ری مه‌عریفه، ڕوانگه‌یه‌کی ستراتیژ بۆ ئاینده، ڕه‌فتاری ڕۆژانه و کاره‌کته‌ره‌کانی، ته‌نانه‌ت ڕق و حه‌زه‌کانیش.
گلۆبالیزه، وای کردووه که جیهان ببێته لادێیه‌کی بچوک و ئه‌وه‌ی که له هه‌ر پانتاییه‌کی ئه‌و دونیایه‌دا ڕووده‌دات کاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر هه‌موو پانتاییه‌کانی تری جیهاندا هه‌بێت و به‌خۆشیه‌کانی یه‌کدی دڵخۆش بن و به ناخۆشیه‌کانیش هه‌راسان، به‌ڵام ئه‌مه مانای وانیه که گه‌لانی زیندوو پلان و به‌رنامه‌ی تایبه‌ت به‌خۆیان نه‌بێت و کاریگه‌ری دروست نه‌که‌ن. ئه‌و گه‌له‌ی له‌پێش ڕووداوه‌کاندا ناجوڵیت و به‌ر له نه‌هامه‌تیه‌کان ناگرێت، زۆر ئاساییه بکه‌وێته ژێر کاریگه‌ری گه‌لانی دیکه و کولتور و خواسته‌کانیان. ئه‌وه‌ش که له ئه‌مریکا و له ڕۆژئاوادا ده‌گوزه‌رێ هه‌مان ئه‌و حاڵه‌ته‌یه که جموجۆڵ و خواسته‌کانیان هه‌ره‌مه‌کی نین و له پانتاییه‌کی ئه‌قڵانی و وریاییدا جموجۆڵ ده‌که‌ن. هه‌ر ئه‌م کاریگه‌ریه‌شه که پیرۆزاندن توڕ ده‌دات و سه‌روه‌ری بۆ ئه‌قڵ ده‌گێڕێته‌وه. هه‌ربۆیه‌شه ئه‌وه‌ی له قاهیره‌مان بینی له ئه‌ڵمانیا و له فه‌ره‌نسا و له هیچ کوێیه‌کی دی نابینین، ئه‌گه‌ر بشبینن هۆکار و ده‌ره‌نجامه‌کانی جیاواز ده‌بن.
عه‌ره‌به‌کان که خۆیان به میراتگری ده‌سته‌ڵاتی ئیسلامی و ته‌نانه‌ت پاوان‌کردنی هه‌ر توێژینه‌وه‌یه‌کیش له‌سه‌ر ئیسلامدا داده‌نێن، تا ئه‌مرۆ ئه‌مریکایان به سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ئێشوئازاره‌کان داده‌نا، کاتێک که‌سێکی وه‌کو سه‌رۆک بوش ڕاشکاوانه پێڕه‌وی له سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مریکا ده‌کرد و زمانلوسی و خۆشاردنه‌وه‌ی له‌په‌نا وشه ڕازاوه‌کاندا نه‌ده‌زانی. دوای ئه‌وه‌ی دامه‌زراوه ئه‌مریکیه‌کان زانیان ڕێزیان له دونیای ده‌ره‌وه‌دا له‌سه‌ر مه‌حه‌که و ده‌بێت وه‌رچه‌رخانێک دروست بێت بۆ خاوکردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و ڕق و قینانه‌ی که له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مریکادا دروست بوون، نه‌ک هه‌ر دیموکراته‌کانیان هێنایه پێش، به‌ڵکو که‌سێکی به‌ڕه‌گه‌ز ئه‌فریقیشیان گه‌یانده تروپکی ده‌سته‌ڵاتی ئه‌و وڵاته به‌مه‌به‌ستی بینینی ئه‌و دیمه‌نانه‌ی که چواری مانگ له قاهیره و له‌ناو یه‌کێک له کۆنترین زانستگاکانی جیهانی عه‌ه‌ره‌بی و ئیسلامی‌دا بینران. ئه‌مه ڕێکه‌وت نیه، به‌ڵکو ده‌ره‌نجامی ماندووبوون و شه‌ونخونیێکی زۆری ناوه‌نده مه‌عریفیه‌کانی ئه‌مریکایه بۆ گه‌یشتن به‌و ڕۆژه، بێ ئه‌وه‌ی هیچ شتێک یا ڕه‌فتارێک یا هه‌ڵوێستێک له‌سه‌ر زه‌ویدا گۆڕابێت یا بگۆڕێت. هه‌روه‌کو ده‌سنیشانکردنیشیان بۆ وتاره‌که‌ی ئۆباما له قاهیره و له زانستگای قاهیره‌ش هه‌ر کارێکی هه‌ڕه‌مکی نه‌بوو و خودی نوسینه‌وه‌ی وتاره‌که‌ش له‌لایه‌ن چه‌ندین که‌سی شاره‌زا له سایکۆلۆژیای عه‌ره‌به‌کان و موسوڵمانه‌کانه‌وه داڕێژراوه.
ئۆباما، که‌سێکی په‌روه‌رده‌کراوی به‌وه‌فای ئه‌مریکییه و له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی باڵای وڵاته‌که‌یدا ده‌جوڵێته‌وه و له‌و پێناوه‌شدا کارده‌کات. له کات و ساتی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مریکادا، ڕاگه‌یاندن و ناوه‌نده وڕوژێنه‌ره‌کان له‌سه‌ر هه‌موو بواره‌کانه‌وه شتیان له دژی ئۆباما وروژاند، بۆ ئه‌وه‌ی ئاستی سایکۆلۆژی و نه‌فه‌سدرێژی ئه‌و که‌سه بزانن و تێبگه‌ن داخۆ حه‌زی شاردراوه‌ی هه‌ن یان نا، چونکه ئه‌گه‌ر حه‌زێکی ئاوا که‌میش بێت زیان به داهاتووی وڵاته‌که‌یان ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام سه‌رکه‌وتوانه له هه‌موو تاقیکردنه‌وه‌کان ڕزگاری بوو و ئه‌وانه‌ی که قسه‌شیان له‌دژ ده‌کرد له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و تاقیکردنه‌وه‌دا بوونه ده‌سته‌ڕاستی و ئێستا به‌یه‌که‌وه وه‌کو یه‌ک تیم له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریکادا کار ده‌که‌ن. ئه‌وان ده‌زانن بۆچی کار ده‌که‌ن و ده‌یانه‌وێت بگه‌نه کوێ. به‌ڵام لێره‌دا قسه‌کردن له‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو کاردانه‌وه پڕ سۆز و چه‌پله‌ڕێزان و حه‌په‌سانه‌دایه که گه‌لانی عه‌ره‌ب و مسوڵمان تێی که‌وتوون، به خوێندنه‌وه‌ی ئایه‌تێک یا چه‌ند ئایه‌تێک له‌لایه‌ن سه‌رۆکی ئه‌مریکاوه ئیتر ئۆباما توانی هه‌موو گوناهه‌کانی ئه‌مریکا "ئه‌گه‌ر هه‌یبن" ڕه‌شیان بکاته‌وه و ببێته که‌سی یه‌که‌می دونیای مسوڵمانه‌کان به شێوه‌یه‌کی نایاب.
مه‌به‌ستی من لێره‌دا ئه‌وه نیه داخۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مریکا ده‌یکا ڕاسته یان هه‌ڵه، له‌وه‌شدا نیه که ئه‌وه‌ی مسوڵمانه‌کان له ئاست ئه‌مریکادا ده‌یکه‌ن ڕاسته یان هه‌ڵه، خوێنه‌ر ئه‌و بڕیاره ده‌دات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌مانه‌وێت بیزانین، خودی باکگراوندی کاردانه‌وه‌کانه، ئایا ئه‌و کاردانه‌وانه له ئه‌قڵه‌وه سه‌رده‌گرن، یاخود یه‌کێکه له‌و دوو بژاردانه‌ی که له‌پێشه‌وه باسم کردن، ئه‌وانیش "فشاردانان" و "سۆزداری" ن. هه‌ردووک بژارده‌ش ده‌ره‌نجامی سایکۆلۆژیای کۆیله‌تی و مێگه‌لین. له‌سه‌ر هیچ ئاستێکه‌وه نازانرێت ولاته عه‌ره‌بی و مسوڵمانه‌کان ده‌یانه‌وێت بگه‌نه کوێ؟ نازانرێت چیان له ئه‌مریکا و خۆرئاوا ده‌وێت، مه‌گه‌ر هه‌ر هێنده نه‌بێت که ده‌سته‌ڵاتداره‌کان درێژه به "ده‌سته‌ڵاتی خۆیان" بده‌ن له‌ئاست گه‌له‌کانیانه‌وه.
له‌لایه‌ک ئه‌و هێزانه‌ی که ده‌یانه‌وێت کۆمه‌ڵگا بگێڕنه‌وه سه‌ر مۆدێلی ئیسلامی به‌ر له هه‌زار و ئه‌وه‌نده ساڵه، بێ له‌به‌رچاوگرتنی زه‌مه‌ن و ئاستی پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگا و خواسته هه‌نووکه‌ییه‌کانی مرۆڤ و پێشکه‌وتنی ئه‌قڵ، ده‌مانه‌وێت بپرسین، ئه‌و ئامرازانه چین که تا ئێستا په‌نایان بۆبردووه بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌کانیان؟ ئایا ئه‌قڵ و مه‌عریفه و دایه‌لۆگ و توانا ژیریه‌کانی مرۆڤ بوون یا ئامرازی دی که تا ئێستا بێجگه له خوێن و فرمێسک و ماڵوێرانی، شتێکی دیان به‌دوای خۆیانه‌وه نه‌هێناوه؟ ئایا له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی چه‌ند ئه‌زموونێکیشیان، ئه‌و ده‌ره‌نجامانه چین که سه‌روه‌ری و ڕێز بۆ مرۆڤ بگێڕنه‌وه؟، ئه‌مه‌ی که ڕووده‌دات ده‌ره‌نجامی بڕوابه‌خۆبوونیانه، یان خۆکوشتن؟ ئه‌کوان ئه‌و چاره‌سه‌رانه‌ی که ژیانی ئه‌مڕۆ پێویستیه‌تی له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌قانه‌ی که ئه‌وان ده‌یانه‌وێت کۆمه‌ڵگای پێ دابڕێژنه‌وه؟.
له‌لایه‌کی تره‌وه ئه‌و هێزانه‌ی که ده‌یانه‌وێت کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و ڕۆژئاوابوون ببه‌ن و خۆیان به عه‌لمانی ناوزه‌د ده‌که‌ن و ئیسلامیه‌کانیش بۆ ناشیرین‌کردنی عه‌لمانیه‌ت پێیان ده‌ڵێن عه‌لمانی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که ده‌سته‌ڵاتیشیان له‌ده‌سته، ئه‌کوا ئه‌و ئه‌زموونه عه‌لمانیه ڕاسته‌قینه‌یه‌ی که ئه‌وان هێناویانه، به‌عه‌لمانیه‌تی تورکیاشه‌وه؟ ئایا تا ئێستا بچوکترین شێوازی به‌یه‌که‌وه ژیان و دادوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی ڕۆژئاوایان بۆ کۆمه‌ڵگاکانی خۆیان هێناوه؟ ئایا نه‌خوێنده‌واری له وڵاته عه‌ره‌بی و ئیسلامیه‌کاندا له به‌رزترین ڕێژه‌کانی دانیه به به‌راورد له‌گه‌ڵ وڵاته تازه گه‌شه‌سه‌ندوه‌کانی دیکه‌دا؟ ئه‌و خزمه‌تگوزاریانه چین که ئه‌وان بۆ گه‌له‌کانیان ده‌سته‌به‌ر کردوون؟ ئه‌و ڕه‌هه‌نده پیشه‌سازیانه چین بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له تاکسه‌رچاوه‌ی نه‌وت ڕزگار بکه‌ن؟ له‌کوێی بارودۆخی ڕێزگرتندان له بواری مافی مرۆڤه‌وه؟
مالیک بن نه‌بی بیریاری جه‌زائیری ئه‌م گینگلخواردن و به‌بنبه‌ست گه‌یشتنه به "ژیان له په‌راوێزی شارستانیه‌تدا" ناو ده‌بات. له هه‌ڵ ومه‌رجێکی ئاوای په‌راوێزی شارستانیه‌تیشدا، ئایا کێشه‌که له‌وه‌دایه داخۆ ئه‌و هێزانه‌ی که ئه‌مڕۆ ولاته عه‌ره‌بی و ئیسلامیه‌کان به‌ڕێوه ده‌به‌ن عه‌لمانین یا ئیسلامی یا چه‌پ یا میانه‌ڕه‌و؟ ئایا ئه‌م ناوانه له ئاکامدا هه‌ر ناوی بێ ناوه‌رۆک نین؟ ئه‌کوا ئه‌و پڕۆژه سه‌ریایه (جیددیه)ی که بتوانێت سه‌روه‌ری بۆ مرۆڤ بگێڕێته‌وه و له سایکۆلۆژیای کۆیله‌تی ڕزگاریان بکات؟ ئایا کوردیش به‌شیوه‌یه‌ک له شێوه‌کان به‌شێک نین له‌و واقیعه؟.
• ئه‌م بابه‌ته له ژماره (4891)ی کوردستانی نوێ بڵاو بۆته‌وه.