
دیدار له‌گه‌ڵ حه‌کیم کاکه‌وه‌یس
نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌گه‌ر هه‌ندی گۆشه‌ی ڕوون بکاته‌وه هه‌ندێ هه‌ڵوێست ڕاست بکاته‌وه، ده‌شێ به‌هێزترین به‌رهه‌ڵستکاری سیاسی بێ و گۆڕانی گه‌وره ئه‌نجام بدا
دیداری: شه‌نكار عه‌بدوڵا
حه‌كیم كاكه‌وه‌یس ده‌ڵێت: ده‌مێکه له وڵاتی ئێمه‌دا نیشانه‌ی پرسیار لهسهرسستهمی سیاسی دروست بووه و ساڵانێکی دوور و درێژه خه‌مخۆران هاوار ده‌که‌ن. به‌ڵام به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی و بنه‌ماڵه و داروده‌سته، به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییان سڕیوه‌ته‌وه. ده‌سه‌ڵاتداران نه گوێیان گرت نه سوودێکیان له‌و ههمووهاوار و ڕه‌خنه‌یه وه‌رگرت. ناوبراو ئه‌وه‌شی وت: لیستی داخراو، میراتی به‌عسه و ماوه‌ته‌وه. لستی داخراو هه‌مبانه‌یه‌که مشتوویهکی قورسی تێدایه و هه‌رگیز پێویستمان پێی نییه. چما پیاو قاته وا نا‌وێرن ناویان به‌رن؟! من ئه‌وه‌م به لاوه ئههوهنه ئه‌و دوو حیزبه لستی ئاشکرایان هه‌بێ و ڕێ به که‌سی تر نه‌ده‌ن بچێته هه‌ڵبژاردنه‌وه نه‌ک ڕێ به لایه‌نی تر بده‌ن و خه‌ڵک ناچار بکه‌ن ده‌نگ به نه‌زاندراو بده‌ن حه‌كیم كاكه‌وه‌یس نوسه‌رو روناكبیر به‌م له‌دیدارێكدا به‌م شێوه وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی داینه‌وه.شه‌نكار/ ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه هه‌ڵبژاردن دوابكه‌وێت له‌واده‌ی خۆی، ئایا دواكه‌وتنی ئه‌م پرۆسه‌یه چ كاریگه‌ریه‌كی هه‌یه له‌سه‌ر سیسته‌می سیاسی؟ ئایا ئه‌مه نیشانه‌ی پرسیار دروست ناكات له‌سه‌ر سیته‌می سیاسی كوردستان؟
حه‌كیم كاكه‌وه‌یس: دواکه‌وتنی هه‌ڵبژاردن بۆ یه‌ک سه‌عاتیش بێ، له به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای کوردستاندایه چونکه کوردستان، به خاک وخه‌ڵکه‌وه، مانگایه‌کی شیرده‌ره و چه‌ندین ساڵه ده‌یدۆشن و دایده‌دۆشن. له لایه‌کی تریشه‌وه، ئه‌و دواکه‌وتنه ناوی کورد، به خه‌ڵک وحکوومه‌ت و په‌رله‌مانه‌وه ده‌زڕێنێ و هه‌رچی ناحهزێکیش هه‌یه، خواخوای ئه‌و ناوزڕاندنهیه تا بیانووی تێکدانیان به ده‌سته‌وه بێ. کورد دوژمنی زۆره و خۆشی سه‌ربار! به‌داخێکی گرانه‌وه، به‌رپرسانی ئێستای کوردستان هه‌ست به‌و مه‌ترسییه گه‌ورانه ناکه‌ن، یا خۆیانیان لێ گێل ده‌که‌ن… خۆ ڕه‌نگیشه که لێی تێر بوون، به‌خۆیان نه‌یانه‌وێ ئه‌و نیمچه ئازادی و خۆبه‌ڕێوه‌بردنه‌ی کورد به‌رده‌وام بێ! ئه‌دی ئه‌و هه‌موو فایله ڕه‌شانه بۆ کارێکی وا نه‌بێ به که‌ڵکی چی دێن؟!
ده‌مێکه له وڵاتی ئێمه‌دا نیشانه‌ی پرسیار لهسهرسستهمی سیاسی دروست بووه و ساڵانێکی دوور و درێژه خه‌مخۆران هاوار ده‌که‌ن. به‌ڵام به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی و بنه‌ماڵه و داروده‌سته، به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییان سڕیوه‌ته‌وه. ده‌سه‌ڵاتداران نه گوێیان گرت نه سوودێکیان له‌و ههمووهاوار و ڕه‌خنه‌یه وه‌رگرت. هه‌ردوو لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتدار له کوردستاندا گوێیان به‌وه نه‌دا ئاخۆ ئه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌ریان چ رابردویهکیان بووه، به‌ڵکو ته‌نها گوێیان به‌وه داوه ئاخۆ تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ک لایه‌نگری خۆیانن و به‌رژه‌وه‌ندییان ده‌پارێزن. ئێستا ئه‌و خه‌مساردییه بۆته مه‌ترسییه‌کی گه‌وره و کاتی پاشگه‌زبوونه‌وه و به‌خۆداچوونه‌وه‌ش به سه‌ر چووه.شه‌نكار/ گرنگیی به‌شداریكردن له‌هه‌ڵبژاردندا چییه؟ ئایا هاووڵاتییان ده‌توانن هه‌ڵبژاردن بكه‌نه سه‌كۆیه‌ك بۆ گۆڕانكاری؟ ئه‌گه‌ر هاووڵاتییان به‌شداربن گۆڕانكاری دروست ده‌بێت؟
حه‌كیم كاكه‌وه‌یس: هه‌ڵبژاردن دووڕێیانه بۆ گۆڕانکاری. مه‌ودایه‌که خه‌ڵکی وڵات بڕیاری خۆی تێدا ده‌دا. هاوڵاتیان ده‌توانن گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی ئه‌نجامبده‌ن و ده‌شتوانن به‌و ده‌قه‌ی خۆیانه‌وه بمێننه‌وه و بتلێنه‌وه. ده‌توانن ده‌سه‌ڵاتدار له لووتکه‌وه داگرنه خواره‌وه و که‌سانی شیاو بگه‌یه‌ننه لووتکه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئه‌مانه‌تی نه‌ته‌وه‌یی بخه‌نه ئه‌ستۆیان. سیاسه‌ت له وڵاتی ئێمه‌دا ـ تا ئێستا ـ بازرگانییه و هه‌قه وا نه‌مێنێ. سیاسه‌ت بۆته کۆمپانیای نه‌وت. هاوڵاتیان به یه‌کده‌نگی و یه‌کهه‌ڵوێستی ده‌توانن هه‌موو شتێک ژێر و ژوور بکه‌ن. به‌شداریکردن و ده‌نگدان به لایه‌نی تر گۆڕانکاری ده‌کا و ده‌نگنه‌دان هه‌موو شتێک وه‌ک خۆی ده‌هێڵێته‌وه. کێن ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ هه‌موو شتێ وه‌کی خۆی بێ؟ هه‌ر سوودمه‌نده گه‌وره‌کان نین؟! له‌و باوه‌ڕه‌دام پاشماوه‌کانی ئه‌نفال گۆڕانکارییان ده‌وێ و کۆنه به‌عسی و فایلدار و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له هه‌موو تاوانێک به‌خشراون، دژی گۆڕانکارین و پێم وایه هه‌موو کارێک بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
کورد میلله‌تێکه هه‌تا ئێستا چاره‌نووسی له ده‌ستی خۆیدا نییه و بڕیارده‌ری سبه‌ینێی خۆی نییه. هه‌میشه بڕیاری به‌سه‌ردا دراوه. ئێستا کاتی ئه‌وه‌یه به ده‌نگی بڵند بڵێ: نا!!. ئه‌م (نا)یه‌ش باجی خۆی ده‌وێ و پێم وایه ده‌سه‌ڵاتداران ده‌سته‌وه‌ستان نابن و به هه‌موو شێوه‌یه‌ک هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئه‌و خێروبێره به (نا)یه‌کی خه‌ڵکی له ده‌ست نه‌ده‌ن. ته‌نها چاوه‌ڕوانی فێڵ و گزی له هه‌ڵبژاردندا ناکرێ، به‌ڵکو چاوه‌ڕوانی خوێنڕشتنیش ده‌کرێ چونکه دیموکراسی و هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان یه‌ک مهکۆتکهن و له هه‌ناوی ڕۆژاوا به‌ربۆته‌وه و زه‌حمه‌ته به ئاسانی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینی کاولکراوی ئێمه‌دا هه‌ڵبکا. به‌ڵام دیموکراسی ئه‌وه‌نده دێنێ ئه‌و باجهشی بۆ بدرێ. به لای منه‌وه گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌م سیاسه‌ته به‌سته‌ڵه‌که دهقگرتووه بگۆڕێ، ئه‌وجا ئه‌م قه‌تاره چاره‌نووسسازه ده‌جمێ و خه‌ڵکی کوردستان له‌وه ده‌گه‌ن به بێ ئه‌و دوو حیزبه وڵات به‌ڕێوه ده‌چێ و دنیا کاول نابێ.شه‌نكار/زیانه‌كانی به‌شدارینه‌كردنی خه‌ڵك له هه‌ڵبژاردندا چۆن ده‌بینیت، ئایا به‌شدارینه‌كردنی خه‌ڵك له‌هه‌ڵبژاردندا درێژه‌دان نییه به‌و دۆخه‌ی ئێستای كوردستان؟ كاریگه‌ریی هۆشیاریی هاووڵاتییان له‌ئاست گرنگیی ده‌نگدان و به‌كار هێنانی سندوقی هه‌ڵبژاردن بۆ گۆڕانكاری چۆن ده‌بینیت؟
حه‌كیم كاكه‌وه‌یس : به‌شدارینه‌کردن، به بڕوای من، خۆی له خۆیدا به‌شداریکردنه بۆ به‌رده‌وامبوونی ئه‌و دوو حیزبه له سه‌ر ده‌سه‌ڵات و به‌رده‌وامبوونی گه‌نده‌ڵه له سه‌ر گه‌نده‌ڵی خۆی و دز له سه‌ر دزێتی و برسی له سه‌ر برسێتی. به بڕوای من، به‌شداریکردن ئه‌رکێکی نه‌ته‌وه‌ییه له سه‌ر شانمان ئه‌وه‌ش له پێناوی شکاندنی ئه‌و سه‌هۆڵبه‌ندانه‌ی که ئێستا هه‌یه. بوونی لسته‌ی جیاوازی جددی له په‌رله‌ماندا ئه‌گه‌ر به ژماره‌ی که‌میش بێ، بوونی ده‌نگی به‌رهه‌ڵستکار و ناڕه‌زاییه. ئه‌وا چه‌ندین ساڵه په‌رله‌مانی کوردستان نووزه‌ی لێ بڕاوه و هه‌رچی ده‌کرێ، دیزه به دهرخۆنهیه، چونکه به‌رهه‌ڵستکاران ڕازیی ده‌کرێن… یا چاویان لێ سوور ده‌کرێته‌وه. ده‌نگی به‌رهه‌ڵستکار و ناڕه‌زایانیش له په‌رله‌ماندا، به ڕه‌زامه‌ندی ده‌سه‌ڵات ده‌نگیان لێوه دێ. وای بۆ ده‌چم بوونی لستی به‌رهه‌ڵستکاری ته‌ندروست له په‌رله‌ماندا ده‌بێته هۆی به‌خۆداچوونه‌وه و ته‌ندروستی ده‌سه‌ڵات ئه‌گه‌رچی هه‌ر ئه‌و دوو حیزبه هاوپهیمانهش بن که ئێستا ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه.
هۆشیاری هاوڵاتیان له‌وه‌دا گرنگه بتوانن نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان هه‌ڵبژێرن. کوردی هه‌نده‌ران، زۆربه‌یان له‌و بارودۆخه‌ی کوردستان ناڕازین بۆیه به لای ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌شدارینه‌کردنیان له هه‌ڵبژاردن گرنگ نییه… نا، به‌ڵکو دهسکهوتیشه. هه‌قه هه‌وڵ بۆ ئه‌وه بدرێ کوردی هه‌نده‌رانیش به‌شدار بن تا گۆڕانکارییه‌کی بنه‌ڕه‌تی بێته دی، ئه‌گه‌رچی باوه‌ڕ ناکه‌م ده‌سه‌ڵاتداران ڕێ بده‌ن گۆڕانکاری به سه‌لامه‌تی تێپه‌ڕێ. با لێنه‌گه‌ڕێن! خۆ بۆ کورد و ناکورد ده‌رده‌که‌وێ له کوردستاندا چ سسته‌مێک فه‌رمانڕه‌وایه!شه‌نكار/رۆڵی رێكخراوه مه‌ده‌نیه‌كان بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و دواجاریش پرۆسه‌ی گۆڕانی بڕیار چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟ هه‌ندیكجار رێكخراوه مه‌ده‌نیه‌كان په‌نا ده‌به‌نه به‌ر بایكۆتكردن، ئایا له‌م قۆناغه‌دا په‌نا بردنه به‌ر بایكۆت كاریگه‌ریی ده‌بێت بۆ گۆڕانكاریی سیاسی؟
حه‌كیم كاكه‌وه‌یس: رێکخراوه مه‌ده‌نییه‌کان کامانه‌ن؟ یه‌کێتی و ساندیکا و نقابه، وه‌ک سه‌رده‌می به‌عس سه‌ر به حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانن. ته‌نانه‌ت یه‌کێتی نووسه‌رانیش که قه‌ت نه‌ده‌بوو وا بێ و حه‌یفه وا بێ، ده‌زگای حیزبییه. له به‌ر ئه‌وه، ئه‌گه‌ر ڕۆڵیشیان هه‌بێ ئه‌وه نابێ که به‌رهه‌ڵستکاران چاوه‌ڕوانی ده‌که‌ن. ده‌مێنێته‌وه ڕێکخراوێکی وه‌کو (چاک) که زیاتر به ڕێکخراوێکی خێرخواز ده‌چێ. به هه‌ر حاڵ، بایکۆتکردن نه‌ک هه‌ر چاره‌سه‌ر نییه، به‌ڵکو خۆی له خۆیدا پشتگیری ده‌سه‌ڵاته. خۆ هه‌موومان ده‌زانین هه‌ڵبژاردنه‌کانی تر چۆن به‌ڕێوه چوون! که‌سی وا هه‌بووه، نۆزده ده‌نگی داوه. جا تۆ هه‌ر بایکۆتی بکه! که‌سانی تر له بری تۆ ده‌نگ به خۆیان ده‌ده‌ن!
وای ده‌بینم ئه‌م بارودۆخه هه‌تا تێکنه‌چێ چاره‌سه‌ر ناکرێ. ئه‌و حیزبه ده‌سه‌ڵاتدارانه چی لابه‌رن و چی بگۆڕن؟ یه‌کێ، دوان یا هه‌زار. سه‌رتاپایان فایلداری و دزی و گه‌نده‌ڵییه. من به‌ش به حاڵ، هه‌ڵوێستی نانه‌ته‌وه‌ییانه‌ی ئه‌و حیزبانه‌م زیاتر به لاوه مه‌ترسییه. ئه‌وه‌نده‌ی (خه‌ونی شاعیر) و ڕازیبوون به هه‌ندێ بڕیاری په‌رله‌مان و حکوومه‌تی عیراق ده‌مترسێنێ، گه‌نده‌ڵی نامترسێنێ. ئه‌وان، به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێکی دنیاوه، ڕاستی له خه‌ڵکی وڵاتی خۆیان ده‌شارنه‌وه و به‌رانبه‌ر دوژمن چ نهێنییه‌کیان نییه. ده‌ستبه‌رداری که‌رکووک بوون و له بیری خۆیانیان بردۆته‌وه و بڕاوه‌ته‌وه، به‌ڵام به ئێمه ده‌ڵێن ده‌ستبه‌ردار نابین. ئه‌مانه کوێ‌یان ساغه تا ناساغیان تیمار بکرێ؟! پیاوی لووتکه‌ی ده‌سه‌ڵات، له بری ئه‌وه‌ی خه‌می نه‌ته‌وه و وڵاتی بێ، خه‌می کرێی خانووه‌که‌یه‌تی به شه‌ش هه‌زار دۆلار به کرێی بدا یا که‌متر. ئه‌ندامی په‌رله‌مان، به خێرێ نوێنه‌ری خه‌ڵکه، خه‌می ئه‌وه‌یه‌تی مانگانه‌که‌ی خۆی زیاد بکا. ده‌بێ تێبگه‌یه‌ندرێن که ئه‌وانه نوێنه‌ری خه‌ڵک نین. چۆن ده‌نگی من و تۆ ئه‌ندام په‌رله‌مانێک ده‌گه‌یه‌نێته په‌رله‌مان، ده‌بێ هه‌ر ده‌نگی من و تۆش بیباته‌وه ماڵی خۆی.شه‌نكار/بوونی لیستی داخراو پێویسته؟ ئایا لیستی داخراو گه‌مه‌یه‌كی سیاسیی داخراو نییه كه هاووڵاتیان نازانن كام كه‌س به‌چ پرۆژه‌یه‌كه، چ باكگراوندێكی سیاسی، به چ ئاستێكی خوێندهواریو هۆشیاری له‌پاش ته‌واوبوونی پرۆسه‌كه ده‌بێت بهنوێنهریان؟
حه‌كیم كاكه‌وه‌یس: لستی داخراو له‌وه‌وه دێ که دوو که‌سی پاک و بێگه‌رد له ناو خۆیاندا شک نابه‌ن شانازییان پێوه بکه‌ن و ئاشکرایان بکه‌ن، له هه‌مان کاتیش‌دا جێی باوه‌ڕیان بن. مرۆڤی پاک و دڵسۆز ده‌ستی پێ ههڵنابڕدرێ، به‌ڵکو ده‌ست هه‌ڵده‌بڕێ. یه‌کێ تا ئێستا له وه‌زاره‌تێکدا خواردوویه‌تی، ده‌یخه‌نه په‌رله‌مانه‌وه. یه‌کێکی تر له لق یا مه‌ڵبه‌ندێکدا دزیویه‌تی، ئێستا ده‌یخه‌نه په‌رله‌مانه‌وه و ده‌یکه‌نه نوێنه‌ری خه‌ڵک. لستی داخراو خۆی له خۆیدا نیشانه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌که که شه‌رعیه‌تی پێ دراوه. لست، بۆچی ده‌بێ داخراو بێ؟! بۆچی ده‌نگده‌ر بۆی نه‌بێ نوێنه‌ری خۆی بناسێ و بزانێ ده‌نگ به کێ ده‌دا؟! ئه‌مانه له دوژمن ناترسێن به‌ڵکو له میلله‌تی خۆیان ده‌ترسێن و جیگۆڕکێیان به دۆست و دوژمن کردووه… واته: ده‌سه‌ڵاتی وڵاتانی ده‌وروبه‌رن به سه‌ر کورده‌وه و له بری ئه‌و ده‌وڵه‌تانه کورد به‌ڕێوه ده‌به‌ن و ده‌یچه‌وسێننه‌وه. به داخه‌وه، ئێمه‌ی کورد به هۆی خه‌سڵه‌تی خۆ به بچووکزانینهوه، نه‌ک جاشایه‌تی، به‌ڵکو شۆڕشیشمان به فه‌رمانی خه‌ڵک کردووه!
شه‌نكار/ئایا لیستی داخراو ده‌توانێت نوێنه‌ری راسته‌وخۆی خه‌ڵك بێت، ئه‌وه له كاتێكدایه كه دواجار حیزب نوێنه‌ره‌كان دیاری ده‌كات، واته حیزب كێی پێ خۆش بێت ئه‌وه داده‌نێت به‌ناوی خه‌ڵكه‌وه؟ ویست و ئیراده‌ی كه‌سانی ده‌ستنیشانكراو كه له‌لایه‌ن لیستی داخراوه‌وه ده‌نێردرێنه په‌رله‌مان تا چه‌ند ویست و ئیراده‌ی خه‌ڵكی خۆیه‌تی؟
حه‌كیم كاكه‌وه‌یس: پێشتر ئاماژه‌م به‌م لایه‌نه کرد. ئه‌وه هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ر نییه، به‌ڵکو دانانی نوێنه‌ری خه‌ڵکه. جا هه‌ڵبژاردن بۆ چییه؟! پێیان باشه ناوی کۆنه به‌عسی و کۆنه موسته‌شار به شاردراوه‌یی بمێنێ. ئه‌گه‌ر وا نییه بۆ ناوه‌کان ئاشکرا ناکه‌ن. به داخه‌وه، کورد ڕزگار نه‌بوو، به‌ڵکو بهراویژه بوو و بهراویژهبوونیش ژیانی به دوادا نایێ. ئه‌و بارودۆخه‌ش که ئێستا هه‌یه، کۆمپانیایه‌که و بۆ ده‌وڵه‌ته ئیقلیمیه‌کان سوودی هه‌یه. بۆ کوردیش، هه‌رچی ئه‌خلاق و بنه‌مای مرۆڤایه‌تی و کوردبوون و نیشتمانپهروهرییهک که پێشتر هه‌بوو، پشتهشار بووه‌وه. ئه‌وه‌ی چوو، له خۆی چوو و بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆی کورد چو.
شه‌نكار/ ئایا له‌ئێستادا لیستی كراوه‌مان پێویسته یان لیستی داخراو؟ ئێوه له‌و بڕوایه‌دان بوونی لیستی كراوه ده‌توانێت قۆناغێكی دیكه بێت له‌و گۆڕانه كه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت؟
حه‌كیم كاكه‌وه‌یس: لیستی داخراو، میراتی به‌عسه و ماوه‌ته‌وه. لستی داخراو هه‌مبانه‌یه‌که مشتوویهکی قورسی تێدایه و هه‌رگیز پێویستمان پێی نییه. چما پیاو قاته وا نا‌وێرن ناویان به‌رن؟! من ئه‌وه‌م به لاوه ئههوهنه ئه‌و دوو حیزبه لستی ئاشکرایان هه‌بێ و ڕێ به که‌سی تر نه‌ده‌ن بچێته هه‌ڵبژاردنه‌وه نه‌ک ڕێ به لایه‌نی تر بده‌ن و خه‌ڵک ناچار بکه‌ن ده‌نگ به نه‌زاندراو بده‌ن! ئه‌وا گریمان من ده‌نگم به یه‌کێتی دا. ده‌نگ به کێی ناو یه‌کێتی بده‌م؟! کام سه‌روسه‌کوت و کام ئه‌خلاق و کام پله‌ی خوێنده‌واری و خاوه‌نی کام ڕابردوو؟! کێ ده‌ڵێ ده‌نگی من بۆ فایلدارێک یا که‌سێک نابێ که خودی خۆمی چه‌وساندۆته‌وه؟! ئه‌گه‌ر ده‌نگم به هه‌وا پێ بده‌ن، کوانێ مرۆڤبوونم؟! ئه‌م گۆتره‌کارییه له‌گه‌ڵ حهیوانیشدا ناکرێ نه‌ک نرۆڤ. کار وا بڕوا، ده‌نگ به دووپشکه بده‌ی باشتره چونکه ده‌زانی ئه‌وه دووپشکهیه به‌ڵام نازانی ئه‌وه‌ی ناو لستی داخراو چ حهزیایهکه! لستی داخراو له غروور و لووتبه‌رزی سه‌رانی کورده‌وه دێ، جگه له‌وه‌ی که‌سی وایان نییه ڕووی مه‌جلیسی هه‌بێ. ده‌یانه‌وێ له‌گه‌ڵ قه‌لی نێردا بقیڕێنین و ته‌واو!
شه‌نكار/بوونی لیستی سه‌ربه‌خۆ چ گرنگییه‌كی هه‌یه له‌پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا؟ ئایا لیستی سه‌ربه‌خۆ ده‌توانێت ده‌نگه نارازییه‌كان له‌خۆی كۆبكاته‌وه‌و ببێته هێزێك ركه‌به‌ری لیسته‌كانی تر بكات؟ به‌تایبه‌تی له‌م بارودۆخه‌دا ناڕه‌زایی گه‌شتووه‌ته لوتكه؟
حه‌كیم كاكه‌وه‌یس: لستی سه‌ربه‌خۆ ده‌نگی به‌رهه‌ڵستکاران و ناره‌زایان گرد ده‌کاته‌وه، چونکه ده‌سه‌ڵات هه‌تا ئێستا زوخاوی به قوڕگی خه‌ڵکی کوردستاندا کردووه و کارێکی نه‌کردووه سبه‌ینێی خۆی لێوه دیار بێ. من له‌و باوه‌ڕه‌دام ئه‌گه‌ر عیززه‌ت دووری خۆی بپاڵێوێ، بایی ئه‌وه ده‌نگ دێنێ بگاته په‌رله‌مانی کوردستان! ئه‌مه چ کاره‌ساتێکه؟! ئه‌م بۆچوونه‌ی من خۆی له خۆیدا کاره‌ساته! به لای منه‌وه گرنگ نییه لستی سه‌ربه‌خۆ ڕکه‌به‌رایه‌تی ده‌سه‌ڵات بکا یا جێیان بگرێته‌وه، به‌ڵکو ئه‌وه گرنگه چاودێرێکی دڵسۆزی خه‌ڵک بێ به سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌وه و ناچاریان بکا، هیچ نه‌بێ کرێی کۆشکه‌کانیان و ژماره‌ی بازاڕ و کۆمپانیه‌کانیان ئاشکرا بکه‌ن و ڕێ نه‌دا خۆراکی ژه‌هراوی و که‌ره‌سه‌ی کوشنده بازاڕی کوردستان سیخناخ بکا. هیچ نه‌بێ ناچاریان بکا واز له‌و فه‌لسه‌فه‌یه بێنن که له سه‌ری ده‌ڕۆن: چی ده‌ڵێن بیڵێن و ئێمه‌ش چی ده‌که‌ین ده‌یکه‌ین!
شه‌نكار/چۆن ده‌ڕوانیته پێویستی بوونی لیستێكی ئۆپۆزسیۆن؟ لیستی ئۆپۆزسیۆن چۆن ده‌بێته ده‌نگی ده‌نگه جیاوازه‌كانی دره‌وه‌ی لیستی ده‌سه‌ڵات؟
حه‌كیم كاكه‌وه‌یس: سسته‌می دیموکراسی به فه‌لسه‌فه ده‌چێ. ئه‌گه‌ر که‌س نه‌بێ به‌رپه‌رچت بداته‌وه، ده‌بێ خۆت به‌رپه‌رچی خۆت بده‌یته‌وه. کاتێ ده‌ته‌وێ بیسه‌لمێنی چوار و چوار ده‌کاته هه‌شت، ده‌بێ که‌سێک هه‌بێ پێت بڵێ ناکاته هه‌شت تا بیسه‌لمێنی که چوار و چوار ناکرێ له هه‌شت که‌متر یا زیاتر بێ. ئه‌گه‌ر که‌سیشت ده‌ست نه‌که‌وت، ده‌بێ خۆت ئه‌و گریمانهیهت هه‌بێ. سسته‌می دیموکراتیش پێویستی به به‌رهه‌ڵستکاره تا وا دانێ ئه‌و کاره‌ی ده‌سه‌ڵات ئه‌نجامی ده‌دا، هه‌ڵه‌یه تا بیسه‌لمێنێ که هه‌ڵه نییه. خۆ هیچ نه‌بێ له‌و خه‌ونه وه‌ئاگای دێنێ که تا مردن و پشتاوپشت مفاوهزاتچی بێ! سیاسه‌تمه‌دارانی کورد جگه له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ داگیرکه‌رانی کوردستاندا موعامه‌له‌چی و مفاوهزاتچی بن، هیچی تر نین. ئه‌گه‌ر من به‌رهه‌ڵستکاریان نه‌بم، کێ ئه‌م ڕاستییه بورووژێنێ؟! خۆیان؟! نا، خۆیان شتی وا ناکه‌ن چونکه له‌زه‌ت له‌وه ده‌بینن پێشوازی خه‌ڵک بکه‌ن و پێشوازییان لێ بکرێ و دوای کۆبوونه‌وه‌کانیش، یه‌ک ئه‌نجام ده‌بیستین: هه‌نگاوی باشمان ناوه و کێشه‌کان به‌ره‌و چاره‌سه‌ر ده‌چن… هتد! که‌چی ده‌بینین له‌م جیهانه پان و به‌رینه‌دا که‌س نییه هێنده‌ی مفاوهزاتچییهکانی کورد فه‌شه‌لیان هێنابێ.
شه‌نكار/ ئه‌وه‌ی تائێستا دیاره چوار حیزبه‌كه به‌یه‌كه‌وه داده‌به‌زن ونه‌وشیروان مسته‌فاش لیستی ده‌بێت، به‌بۆچونی جه‌نابت هه‌ریه‌كه له‌م دوو لیسته چ ڕۆڵێكیان ده‌بێت؟ ئایا ئه‌م دوو لیسته ده‌توانن هاوكێشه سیاسیه‌كان بگۆڕن؟
حه‌كیم كاكه‌وه‌یس: به داخه‌وه چوار حیزبه‌که، هه‌م به‌رهه‌ڵستکارن و هه‌م ده‌سه‌ڵاتدار. من ناتوانم وه‌ک به‌رهه‌ڵستکار لێیان بڕوانم، وه‌ک ناتوانم وه‌ک ده‌سه‌ڵاتداریش ده‌ستنیشانیان بکه‌م. ئه‌وان له هه‌ردوو دین بوونه… نه ئه‌وه‌تا باوه‌ڕی خه‌ڵکیان به‌ده‌ست هێنابێ نه ئه‌وه‌تا باوه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتیان به ده‌ست هێنابێ. به‌ڵام نه‌وشیروان مسته‌فا، ئه‌گه‌ر هه‌ندی گۆشه‌ی ناڕوون ڕوون بکاته‌وه هه‌ندێ هه‌ڵوێست ڕاست بکاته‌وه، ده‌شێ به‌هێزترین به‌رهه‌ڵستکاری سیاسی بێ و گۆڕانی گه‌وره ئه‌نجام بدا. ئه‌و گۆشه و هه‌ڵوێستانه‌ش له‌وه‌دا چڕ ده‌بنه‌وه که به ڕاستی خۆی له‌گه‌ڵ یه‌کێتی نیشتمانیدا یه‌کلایی نه‌کردۆته‌وه. تۆ بڵێی دوای هه‌ڵبژاردن خۆی به سه‌نگه‌ره دێرینه‌که‌دا نه‌کاته‌وه و له بری ئه‌وه‌ی به‌رانبه‌ر یه‌کێتی و پارتی به‌رهه‌ڵستکار بێ له‌گه‌ڵ یه‌کێتیدا نه‌بێته ده‌سه‌ڵات!
کاک نه‌وشیروان مسته‌فا پێی ده‌کرێ به‌رهه‌ڵستکار بێ و کاریگه‌ری زۆریشی هه‌بێ. ئه‌وه‌ش، له‌گه‌ڵ خۆیهگلاکردنهوهدا ده‌بێته مه‌ترسی پێکدادان چونکه دیموکراسی هه‌تا ئێستا له بواری حیزبایه‌تیدا دراوێکی نه‌ناسراوه و که‌س پێی ناپێوێ.شه‌نكار/پێت وایه ئه‌م هه‌ڵبژاردنه گۆران ده‌كات؟
و: به دڵنیاییه‌وه ئه‌م هه‌ڵبژاردنه گۆڕانی به دوادا دێ، به‌ڵام دیار نییه چ گۆڕانێک. ئه‌گه‌ر لسته‌ی به‌رهه‌ڵستکار سه‌رکه‌وتنی گه‌وره به ده‌ست بێنێ، پارتی و یه‌کێتی ده‌که‌ونه به‌ر مهحهکێکهوه ناتوانن خۆیانی لێ لا بده‌ن. ده‌ست له ده‌سه‌ڵات هه‌ڵده‌گرن یا به ددان و چڕنۆک خۆیان به ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌گرن. هه‌ر بوونی به‌رهه‌ڵستکاری ئه‌کتیڤ له په‌رله‌ماندا خۆی له خۆیدا گۆڕانکارییه‌کی گه‌وره‌یه و به لای منه‌وه ئه‌و ڕۆژه‌یه که دیموکراسی له دایک ده‌بێ.
*ئه‌م دیداره له‌گۆڤاری شه‌قامدا بڵاوبووه‌ته‌وه