
دیمانه له‌گه‌ڵ ره‌زا که‌عبی …ئا:ستیڤان ئه‌حمه‌د
ره‌زا كه‌عبی – جێگری سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان:
سكرتێری كۆمه‌ڵه تووشی گه‌نده‌ڵی وخه‌ونی سه‌رۆك كۆماریی ببوو
دیمانه:ستیڤان ئه‌حمه‌د "شه‌مزینانی"حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌چه‌ندین لاوه تووشی قه‌یران بوون وهێشتاش رژێمی ئێران له‌وه به‌هێزتره كورد به‌ته‌نیا بتوانێ مافه‌كانی له‌بنده‌ست ده‌ربهێنێ، له‌هه‌مان كاتدا ئه‌و پارتانه تووشی كێشه‌و لێكترازانی كاریگه‌ر بوونه‌ته‌وه. "ره‌زای كه‌عبی" جێگه‌ری سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان له‌رێی ئه‌م دیمانه‌یه‌وه تیشكی زیاتر ده‌خاته سه‌ر ئه‌م پرسه.
ستیڤان :وه‌ك ده‌زانین له‌ماوه‌ی دووتا سێ ساڵی رابردوو زۆرینه‌ی پارته سیاسیه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئینشقاق ولێكترازانیان تێدا دروستبوو، به‌ڵام پرسیاری سه‌ره‌كی له‌وه‌دایه: ئایا ئه‌م هه‌موو لێكترازانه كه‌كۆمه‌ڵه پشكی شێری به‌ركه‌وتووه به‌مانایه‌ك له‌ماناكان ناگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی پارته سیاسیه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌رووی سیاسیه‌وه به‌بنبه‌ست گه‌یشتوون وبه‌رنامه وخوێندنه‌وه‌كانیان بۆ دۆخی نوێ ستۆك بووه؟.ره‌زا كه‌عبی:ئینشقاق ولێكترازانه‌كانی زۆرینه یا هه‌موو پارته سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ئه‌گه‌رچی له‌ماوه‌ی دووسێ ساڵی رابردوو زۆر به‌رچاو بووه‌و په‌ره‌یسه‌ندووه، به‌ڵام به‌هیچ جۆرێك دیارده‌یه‌كی نوێ ونامۆ نییه. حیزی دیموكراتی كوردستانی ئێران له‌سه‌رتاسه‌ری مێژووی خۆیدا شاهیدی ناكۆكی، ناته‌بایی، لێكترازان وئینشقاق بووه كه‌به‌داخه‌وه زۆرجار به‌كاره‌سات كۆتایی پێهاتووه. كۆمه‌ڵه كه‌پاش رووخاندنی رژێمی پاشایه‌تی له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسیی وله‌جه‌رگه‌ی بزووتنه‌وه‌یه‌كی نوێ له‌رۆژهه‌ڵاـی كوردستان به‌خێراییه‌كی به‌رچاو گه‌شه‌یكردو په‌ره‌یسه‌ند، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه به‌ناكۆكی فیكریی وسیاسیی له‌رابه‌رییه‌كه‌یدا رووبه‌روو بووه. حیزبی دیموكراتی كوردستان له‌كۆنگره‌كانی 2و3 و4و8 و13، له‌گه‌ڵ ناكۆكی ولێكترازانی گه‌وره‌ی باڵه‌كانی رووبه‌روو بووه‌و كۆمه‌ڵه‌ش له‌زۆرێك له‌كۆنگره‌كانی بێ كێشه‌و بێ ناكۆكی نه‌بووه. كۆمه‌ڵه له دووه‌مین كۆنگره‌ی خۆیدا، ره‌وتی دووركه‌وتنه‌وه له‌حیزبێكی كوردستانی هه‌ڵبژارد وبه‌ره‌و پێكهێنانی حیزبی كۆمۆنیست هه‌نگاوی هه‌ڵگرت كه2ساڵ پاش ئه‌م كۆنگره به‌پێكهێنانی حیزبی كۆمۆنیست، به‌ته‌واوی رێگایه‌كی دیكه‌ی گرته‌به‌ر. به‌ڵام زۆری نه‌خایاندو پاش كه‌متر له 6ساڵ ره‌وتی كۆمۆنیستی كرێكاریی ئینشقاق ولێكترازانێكی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌و حیزبی كۆمۆنیستدا داسه‌پاندو له‌هاوینی ساڵی 1991به‌جودایی ره‌وتی كرێكاریی، ئینشقاقێكی گه‌وره كه‌وته ناو حیزبی كۆمۆنیست. به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ره‌وتی كۆمۆنیستی كرێكاریی زۆر زۆر دژی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی ودژی كار له‌كوردستان بوو ومێژووی كۆمه‌ڵه‌ی به‌ته‌واوی وه‌ك هێزێكی چه‌پ حاشا لێده‌كردو پاشان به‌جێهێشتنی كوردستان، نه‌یتوانی پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵه له‌كوردستان، توشی شێواندن بكات. به‌ڵام له‌هاوینی ساڵی 2000 كاتێك ره‌وتێك به‌ناوی "جودایی كۆمه‌ڵه له‌حیزبی كۆمۆنیست" جودایی خۆی راگه‌یاند، راسته ده‌چێته خانه‌ی "ئینشقاق ولێكترازانی پارته سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵات" به‌ڵام به‌راستی ئه‌م جوداییه توانی كۆمه‌ڵه زۆر زۆر گه‌شه پێبدات. كۆمه‌ڵه به‌چالاكی به‌رچاو گه‌ڕایه‌وه سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسیی وخه‌باتی رزگاریخوازیی كوردستان وجارێكی دیكه وه‌ك یه‌كێك له‌هێزه سه‌ره‌كییه‌كانی كوردستان خۆی ناسانده‌وه. به‌ڵام ئه‌م جوداییه نه‌یتوانی كۆمه‌ڵه له‌باری پێكهاته‌ی رێكخراوه‌یی وحیزبییه‌وه، توشی ئاڵوگۆڕێ به‌رچاو بكات، له‌لایه‌كی تره‌وه له‌ناو ره‌هبه‌ری كۆمه‌ڵه به‌تایبه‌ت ده‌فته‌ری سیاسیی هێشتا له‌باری سیاسییه‌وه هاوده‌نگی ویه‌ك هه‌ڵوێستی بنه‌ڕه‌تی له‌سه‌ر خه‌باتی سیاسیی له‌كوردستان وهه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئه‌ركه‌كانی حیزبێكی سوسیالیستی وچه‌پ له‌كوردستان، نه‌هاته ئاراوه‌و ناكۆكی به‌رده‌وام هه‌بوو. هۆیه‌كه‌شی ئه‌وه‌بوو كۆمه‌ڵه 17ساڵ له‌حیزبی كۆمۆنیستدا مایه‌وه. فه‌رهه‌نگ وسیاسه‌تی حیزبی كۆمۆنیست هێشتا مقاومه‌تی ده‌كرد. له‌لایه‌كی دیكه‌وه لایه‌نی حیزبی كۆمۆنیست وكۆمۆنیستی كرێكاریی كه‌هێشتا زۆرێك له‌كادره ناسراوه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی له‌خۆ گرتبوو، گوشاری ده‌خسته سه‌ر به‌شێك له‌ده‌فته‌ری سیاسیی كۆمه‌ڵه كه‌تازه له‌حیزبی كۆمۆنیست جودابووه‌وه. پاشان به‌هۆی هێرشی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر عێراق، به‌شێك له‌ده‌فته‌ری سیاسیی كۆمه‌ڵه‌و به‌تایبه‌ت سكرتێری ئه‌وكات، هه‌موو ژیانی سیاسیی خۆی له‌سه‌ر هێرشی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر ئێران دانا وكه‌وته حسابات وخه‌ونی خۆش خۆش كه‌به‌هێرشی ئه‌مه‌ریكا، ده‌بێته سه‌رۆك كۆماری ئێران وله‌م هاوینه‌هه‌وار به‌ره‌و ئه‌و هاوینه‌هه‌وار ده‌ڕواو ده‌یان مۆنیكا ئه‌ركی پاراستنی به‌ئه‌ستۆ ده‌گرێ. كاتێك ئه‌م گه‌نده‌ڵی وفه‌ساده كه‌هێشتا به‌راستی هیچی بۆ جێبه‌جێ نه‌كرابوو، به‌ڵام وه‌ك بیرۆكه، به‌رنامه‌و پلانی فیكریی وخه‌باتكارانه له‌بیر ده‌چێته‌وه وجێگای خۆی ده‌دا به‌دژایه‌تی زۆر زۆر بێڕه‌حمانه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت له‌سه‌ر جودایی ولێكترازانی پارته سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، بنه‌ڕه‌تیتر بدوێین وقسه بكه‌ین، ده‌بێ بڵێم سه‌رچاوه‌ی ئه‌م ئاڵوگۆڕانه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاڵوگۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردستان. كۆمه‌ڵگای كوردستان، كۆمه‌ڵگای ساده، ساوه‌و ساكاری 50، 40 ساڵی رابردوو نییه. گه‌لێك ئاڵوگۆڕی قووڵ وگه‌وره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسیی، فه‌رهه‌نگی وئابووری هاتۆته ئاراوه كه‌ئه‌م كۆمه‌ڵگایه به‌ته‌واوی له‌رابردووی خۆی جودا كردووته‌وه. شۆڕشی ساڵی 57 (1979) گه‌لانی ئێران دژی رژێمی پاشایه‌تی، ئه‌گه‌رچی به‌هاتنه سه‌ركاری كۆماری ئیسلامی كۆتایی پێهات، به‌ڵام كۆمه‌ڵگای ئێرانی به‌ره‌و ئاڵوگۆڕ برد‌و هێزه كۆمه‌ڵایه‌تی وسیاسییه‌كانی توشی ئاڵوگۆڕی گه‌وره كرد. پاش رووخاندنی رژێمی پاشایه‌تی بۆ گه‌لی كورد له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، هه‌لێكی مێژوویی هه‌ڵكه‌وت. بزووتنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره، سه‌راسه‌ریی ونوێ كوردستانی داگرت. سه‌ره‌ڕای هێرشی گه‌وه‌ری رژێمی ئیسلامی بۆسه‌ر كوردستان، به‌ڵام گه‌لی كورد‌و هێزه سیاسییه‌كانی ده‌ستیان دایه خۆڕاگرییه‌كی به‌هێز.
له‌ماوه‌ی ئه‌م سی ساڵه‌دا، كۆمه‌ڵگای كوردستان هه‌م توشی ئاڵوگۆڕی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی وسیاسیی وئابووری بووه‌و هه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌كی به‌هێزی نه‌ته‌وایه‌تی جه‌ماوه‌ری به‌رێوه بردووه.ئه‌م ئاڵوگۆڕانه به‌بێ شك كاریگه‌ریی كردووته سه‌ر پارته سیاسییه‌كانی. له‌چاو سی ساڵی رابردوو، كۆمه‌ڵگای كوردستان زۆر زۆر خوێنده‌وارتره، رۆڵی ژنان له‌هه‌موو بواره‌كانی كار وژیان وخوێندن وبنه‌ماڵه ئاڵوگۆڕی گه‌وه‌ر وقووڵی به‌سه‌ردا هاتووه، كۆمه‌ڵگای كوردستان سه‌ره‌ڕای داگیركردنی له‌لایه‌ن سوپای كۆماری ئیسلامی، رێكخراوتره، سه‌دان رێكخراوی خۆڕستی پیشه‌یی، جه‌ماوه‌ریی، ئه‌ده‌بی، وه‌رزشی كوردستانی داگرتووه كه‌كاریگه‌ریی خۆیانیان هه‌یه. په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵگای كوردستان له‌گه‌ڵ دونیای ده‌ره‌وه نه‌ته‌نیا به‌هۆی سه‌ته‌لایت وئینتێرنێت به‌ڵكو به‌هاتوچۆی به‌رفراوان زۆر زۆر زیاتر له‌رابردوو. هه‌موو ئه‌مانه كۆمه‌ڵگای كوردستانی به‌ته‌واوی تووشی گۆڕان كردووه‌و زۆرتر‌و زیاتر به‌ره‌و دنیای مودێرن وئه‌مڕۆیی هه‌نگاوی هه‌ڵگرتووه. به‌م هۆیانه‌وه‌و زۆر هۆی دیكه، پارته سیاسییه‌كان ناتوانن وه‌ك خۆیان بمێننه‌وه. ئه‌م هێزانه، پارت وحیزبی سه‌رده‌می شه‌ڕی ساردن. سه‌رده‌می كۆمه‌ڵگایه‌كی ساكار‌و ساده‌ن كه‌ده‌یهه‌وێ به‌خه‌باتی چه‌كداریی ودیپلۆماسییه‌كی زۆر كۆن به‌ره‌و رزگاری هه‌نگاو هه‌ڵبگرێ. كۆڵگای ئێمه به‌راستی گۆڕاوه. هێزه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان تێدا حزووری به‌رچاویان هه‌یه. بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وه‌كوو بزووتنه‌وه‌ی ژنان، كرێكاران، خوێندكاران وبزووتنه‌وه‌ی رووناكبیریی وبزووتنه‌وه‌ی گشتیی مه‌ده‌نی وسیاسیی له‌كوردستان هه‌رساڵ به‌ره‌و پێش ده‌ڕوات. خه‌باتی چه‌كداریی ته‌نیا شێوازی خه‌باتی ئێمه نییه. یه‌كێك له‌شێوازه‌كانه كه‌ئه‌ویش هه‌لومه‌رجی تایبه‌ت به‌خۆی ده‌وێت. به‌ڵام گه‌شه‌ی خه‌باتی سیاسیی ومه‌ده‌نی له‌كاتێكدا كه‌سه‌رتاسه‌ری كوردستان له‌لایه‌ن سوپای گه‌وه‌ری رژێم گه‌مارۆدراوه، به‌رچاوترین ئاڵوگۆڕی كۆمه‌ڵگای كوردستانه. هه‌ربۆیه زۆر زۆر ئاساییه پارته‌كانی رۆژهه‌ڵات تووشی ناكۆكیی، لێكترازان وئینشقاق ده‌بن. من پێموایه ئه‌م ئاڵوگۆڕه درێژه‌ی ده‌بێ. له‌كۆتایی ئه‌م پرسیاره ده‌بێ بڵێم نه‌ته‌نیا ئه‌م لێكترازانانه تایبه‌ت به‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستان نییه به‌ڵكوو له‌باشووری كوردستان وله‌زۆرێك له وڵاتانی جیهان، ناكۆكی هێز وپارته سیاسییه‌كان بوونی بووه‌و درێژه‌ی ده‌بێ. پێموایه فره‌حیزبیی دیاره‌یه‌كی سه‌رده‌می ئه‌مڕۆ ومودێڕنه وده‌بێ پۆزه‌تیڤ چاوی لێبكرێ.
ستیڤان :باروودۆخی باشووری كوردستان ماوه‌ی 18 ساڵه كاریگه‌ریی وكارتێكه‌ریی هه‌بووه له‌سه‌ر پارته سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، روونتر بڵێین پارتی ویه‌كێتی زۆرترین كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات هه‌بووه تا ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی لێكترازانه‌كانی نێوان هێزه كوردییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌بێ رۆڵ وده‌ستێوه‌ردانی ئه‌و دوو پارته‌ی باشووری كوردستان نه‌بووه. پرسیارده‌كه‌م ئایا زۆرینه‌ی لێكترازانه‌كانی ریزه‌كانی كۆمه‌ڵه جیا هۆكاره‌كانی تر به‌هۆی ده‌ستێوه‌ردانی یه‌كێك یان هه‌ردوو حیزبی باڵاده‌ستی باشووری كورستانه‌وه رووینه‌داوه؟.ره‌زا كه‌عبی:په‌یوه‌ندیی نێوان بزووتنه‌وه‌ی كوردستان له‌رۆژهه‌ڵات وله‌باشوور، په‌یوه‌ندییه‌كی ده‌یان ساڵه‌یه. هه‌رپێش كۆماری كوردستان له‌مهاباد، حیزبه‌كانی"كۆمه‌ڵه‌ی ژ.ك" و"حیزبی هیوا" و"حیزبی خۆیبوون" پێكه‌وه په‌یوه‌ندیی زۆریان هه‌بوو. له‌كۆماری كوردستان، تێكۆشه‌رانی كورد له‌باشوور به‌هه‌موو شێوازێك پاڵپشتی كۆماریان كرد‌و له‌راگه‌یاندن ودامه‌زراندنی رۆڵی گه‌وره‌یان هه‌بوو. له‌هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕشی كوردستانی عێراق تێكۆشه‌رانی كوردستانی ئێران وبه‌تایبه‌ت كۆمه‌ڵه پاڵپشتی یه‌كێتی بووه. پاشان له‌به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانی رژیمی ئیسلامی، هێزه‌كانی یه‌كێتی به‌ناوی هێزی پشتیوان هاتنه رۆژهه‌ڵات. راپه‌ڕینی ساڵی 1991 كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی كوردستان وهێزه سیاسییه‌كانی داناوه. كه‌وابوو، ده‌یان ساڵه كه بزووتنه‌وه‌كانی كوردستانی ئێران وعێراق وهه‌روه‌ها پارته سیاسییه‌كانی پێكه‌وه په‌یوه‌ندیی زۆر نزیكیان هه‌یه. به‌ڵام تا ئه‌و جێگه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌لێكترازانه‌كانی كۆمه‌ڵه‌وه‌یه، هه‌رچه‌شنه ده‌ستێوه‌ردانی پارتی ویه‌كێتی ره‌ت ده‌كه‌مه‌وه. پێموایه ئه‌گه‌ر حیزبێكی سیاسیی له‌ناوخۆیدا تووشی ناكۆكی وناته‌بایی نه‌بێ،هیچ هێزێكی ده‌ره‌كی ناتوانێ لێكترازان وئینشقاقی پێ ته‌حمیل بكات. هه‌روه‌ك پێشتر باسمكرد ئه‌م لێكترازانانه‌ی كه‌ته‌نانه‌ت هه‌موو هێزه سیاسییه‌كانی له‌كوردستانی ئێران وعێراق داگرتووه، سه‌رچاوه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاڵوگۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌حیزبه‌كان ده‌بێ خۆیان له‌گه‌ڵ دنیای نوێ ومودێڕن وئه‌م ئاڵوگۆڕانه كۆمه‌ڵایه‌تییه رێكبخه‌ن.
ستیڤان :هاتنی ئۆباما ده‌رگا له‌سه‌رده‌مێكی تازه ده‌كاته‌وه له‌په‌یوه‌ندیی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهان، پێتوایه هه‌ڵوێست وتاكتیكی سیاسیی كابینه‌كه‌ی باراك ئۆباما ده‌رهه‌ق به‌رامبه‌ر به‌كۆماری ئیسلامی ئێران چۆن ده‌بێت؟ پێتوایه هه‌نگاوه سیاسییه‌كانی كابینه‌ی ئۆباما به‌رژوه‌ندیی كورد له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بڕواته پێشه‌وه؟.ره‌زا كه‌عبی:به‌بڕوای من هاتنی ئۆباما، شكست وهه‌ره‌سهێنانی جۆرێك له‌سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكایه له20-15 ساڵی رابردوودا، باڵی هه‌ره كونسرواتیو نوێنه‌رایه‌تی ده‌كرد. ئه‌ویش ئه‌و سیاسه‌ته بوو پاش كۆتایی شه‌ڕی سارد، ده‌یه‌هویست به‌تاك، به‌شه‌ڕو به‌هێرشی نیزامی ته‌نیا زلهێزی خۆی به‌سه‌ر جیهان وناوچه ئاڵۆزه‌كانی جیهان داسه‌پێنێ. هاتنی ئۆباما به‌تایبه‌ت شكستی كابینه‌ی بووشه كه‌ویستی به‌هێرشی نیزامی وبه‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی موخالیفتی گه‌وره‌رترین وڵاتانی جیهان، رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وه‌ك گرنگترین وئاڵۆزترین ناوچه‌ی جیهان جێبه‌جێ بكات، به‌ڵام هه‌ره‌سی هێناوه. هاتنی ئۆباما ئیعتراف به‌وه‌یه چیدی ئه‌مه‌ریكا ته‌نیا زلهێزی جیهان نییه (یا لانیكه‌م به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چێَ رۆڵی ته‌نیا زلهێزیی خۆی له‌ده‌ستبدات) به‌ڵكو ته‌نیا یه‌كێك له‌هێزه گه‌وره‌كانی جیهانه. گه‌لی كورد له‌كوردستانی ئێران وبزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی به‌بێ پشتیوانی ئه‌مه‌ریكاو زۆرجار له‌نێوان بێده‌نگی دنیای ده‌ره‌وه، توانیوویه‌تی درێژه به‌خه‌باتی خۆیان بده‌ن. پێموایه له‌سی ساڵی رابردوو ئه‌وه كۆماری ئیسلامی ئێران بووه له‌ناكۆكی نێوان خۆی وئه‌مه‌ریكا زۆرترین كه‌ڵكی وه‌رگرتووه به‌تایبه‌ت له‌ده‌ره‌وه‌ی كوردستان. به بیانووی دوژمنی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا، كۆماری ئیسلامی له‌ناوخۆی ئێران زۆرترین گوشاری خستۆته سه‌رخه‌ڵك، رووناكبیران، نه‌یارانی سیاسیی وهێزه سیاسییه‌كانی. له‌سه‌ره‌تاوه بزووتنه‌وه‌ی تازه هه‌ڵگیرساوی كوردستانی ئێران به‌بیانووی بوونی سیخوڕانی ئه‌مه‌ریكا له‌سنووره‌كانی هێرشی كرایه سه‌ر. بۆیه به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه زۆر كه‌س پێیانوایه وتووێژی ئه‌مه‌ریكاو كۆماری ئیسلامی گوشار ده‌خاته‌سه‌ر خه‌ڵك، من پێموایه یه‌كێك له‌كاریگه‌رترین چه‌كه‌كانی فریووكاریی له‌ده‌س رژێمی ئێران دێنێته ده‌ر. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ر تاكتیك وشێوازێك ئۆباما یان كۆماری ئیسلامی ره‌چاویبكه‌ن، ناكۆكی گه‌وره‌یان هه‌یه‌و به‌رژه‌وه‌ندیی زۆر زۆر جیاوازیان به‌تایبه‌ت له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌یه. من پێموایه ئه‌مه‌ریكاو ئه‌وروپا زۆر زیاتر له‌رابردوودا له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی هێمنی بۆ سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست سوورن. به‌ڵام به‌بڕوای من به‌رادده‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن به‌بێ گۆڕینی رژێمی كۆماری ئیسلامی له‌ئێران، مومكین نییه رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست رووی ئاسایش به‌خۆوه ببینێ. هه‌ڵوێستی ئۆباما تاكتیكێكی دیكه‌یه بۆ هه‌مان مه‌به‌ست وسیاسه‌ت وبه‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا. تائه‌و جێگایه‌ی به‌ئێمه وه‌ك حیزبێكی سیاسی وبه‌بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه، ده‌بێ له‌سه‌ر هێزو توانایی وبزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریی یه‌كگرتووانه حساب بكرێته‌وه. په‌یوه‌ندیی دیپلۆماسی ولێكدانه‌وه‌ی ئاڵوگۆڕه سیاسییه‌كان وجمووجۆڵی هێزه‌كان وده‌وڵه‌ته‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ده‌بێ كاری سه‌ره‌كیی ئێمه بێ وبتوانین هه‌ڵوێستی دروستی به‌رامبه‌ر وه‌ربگرین.
ستیڤان :ئۆپۆزیسیۆنی كوردی ئێران جیا له‌وه‌ی په‌رش وبڵاو و نایه‌كگرتوون به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا، له‌هه‌مان كاتدا زۆر له‌وه لاوازترن بتوانن سه‌باره‌ت به‌ژیانی سیاسی ئه‌مڕۆیی ئێران ونه‌خشاندنی پاشه‌ڕۆژێكی نوێ رۆڵ بگێڕن، به‌بڕوای ئێوه ئه‌م لاوازییه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی كوردی ئێران بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و چۆن وبه‌چ رێگایه‌ك ئه‌م هێزه سیاسییانه ده‌توانرێت به‌هێز بكه‌ین؟.
ره‌زا كه‌عبی:ئۆپۆزیسیۆنی كوردی ئێران، هه‌رله‌كاتی هاتنه سه‌ركاری رژێمی كۆماری ئیسلامی له‌ئێران، رۆڵێكی به‌رچاوی له‌خۆڕاگریی خه‌ڵك له‌دژی ئه‌م رژیمه ته‌نانه‌ت له‌ده‌ره‌وه‌ی كوردستان بووه. هه‌روه‌ها ئۆپۆزیسیۆنی كوردی ئێران وكۆمه‌ڵه ودیموكرات هه‌ركام به‌ش به‌حاڵی خۆیان په‌یوه‌ندیی زۆر نزیكیان هه‌بووه له‌گه‌ڵ هێزه سیاسییه‌كانی ئێران. ئۆپۆزیسیۆنی ئێران به‌گشتی خۆی لاوازه‌و ئێمه شاهیدی جمووجۆڵێكی به‌هێزی هێزه سیاسییه‌كانی ئێران نین. به‌ڵام له‌ناوخۆی ئێران، بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پێشكه‌وتنی به‌رچاویان كردووه. بزووتنه‌وه‌ی كرێكاران، ژنان، خوێندكاران وبزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری وسیاسیی ومه‌ده‌نی كه‌تێكۆشه‌رانی كورد تێیدا رۆڵیان هه‌یه. ئه‌گه‌ر بمه‌وێ وه‌ڵامی دیاریكراو به‌پرسیاره‌كه‌ی ئێوه بده‌مه‌وه، به‌بڕوای من هه‌رچه‌نده هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان به‌هۆی تێكۆشانی 30 ساڵه‌و رۆڵی ئێستایان هێشتا له‌ئێعتباری باش له‌نێوان هێزه سیاسییه‌كانی ئێران به‌رخوردارن، به‌ڵام به‌هۆی لاوازبوونی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانه‌وه، ئه¬م په‌یوه‌ندییانه به‌ره‌و لاوازبوون چووه. به‌بڕوای من به‌هێزبوونی ئۆپۆزیسیۆنی كوردی ئێران له‌ژیانی سیاسیی ئه‌مڕۆی ئێران ونه‌خشاندنی پاشه‌ڕۆژێكی نوێ، ته‌نیاو ته‌نیا به‌پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتووی كوردستانی ده‌كرێ. دیاره هه‌ر هێزێك ده‌توانێ په‌یوه‌ندیی خۆی باشتر‌و به‌هێزتری بكات، به‌ڵام بۆ كاریگه‌ریی گه‌وره له‌سه‌ر ژیانی سیاسیی له‌دواڕۆژی ئاڵوگۆڕی سیاسیی له‌ئێران به‌ره‌ی كوردستانی ده‌توانێ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كورد باشتر بپارێزێ.
ستیڤان :له‌دوا پرسیاردا پرسیاری ئه‌وه ده‌كه‌م، كۆمه‌ڵه‌كه‌ی ئێوه بۆچی جیابووه‌وه؟ ئایا بیرتان له‌وه كردووه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ هێز ولایه‌نی تری چه‌پ وپێشكه‌وتووخواز لێك نزیك ببنه‌وه تا ئه‌وه‌ی چه‌په‌كان بتوانن به‌هێزو گڕوتینی زیاتره‌وه به‌ره‌ورووی دۆخی سیاسیی ئێران ببنه‌وه؟ ئایا كاتی ئه‌و هه‌موو لێكترازانه بوو چه‌په‌كانی گرته‌وه یاخود سه‌روه‌ختی یه‌كگرتن ویه‌كڕیزیی بوو؟.
ره‌زا كه‌عبی:كۆمه‌ڵه پاش هاتنه‌ده‌ر له‌حیزبی كۆمۆنیستی ئێران له‌هاوینی 2000 به‌خێرایه‌كی به‌رچاو گه‌شه‌ی كرد‌و ئه‌مه نیشانی‌دا كۆمه‌ڵگای كوردستان تینووی هێزی چه‌پی كوردستانییه كه‌هه‌م له‌بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی ورزگاریخوازیی وهه‌م وه‌ك هێزێكی عه‌داڵه‌تخواز بتوانێ رۆڵی خۆی بگێڕێ. به‌ڵام به‌م حاڵه‌شه‌وه كۆمه‌ڵه پێویستیی به‌گۆڕان، به‌ریفۆرم، به‌پێداچوونه‌وه‌ی ره‌خنه‌گرانه‌و به‌داڕشتنی سه‌رله‌نوێی ستراتیژی سیاسیی خۆی له‌كوردستان بوو. كۆمه‌ڵه وه‌ك حیزبێكی كوردستانی وبه‌شدار له‌بزووتنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره له‌قه‌یراندا بوو وهه‌م وه‌ك هێزێكی چه‌پ وسوسیالیست. راسته ئێمه رۆژ له‌گه‌ڵ رۆژ گه‌شه‌مان ده‌كرد، به‌ڵام هێشتا پێویستی زۆرمان به‌ئاڵوگۆڕی سیاسیی وپێكهاته‌ی حیزبی خۆمان هه‌بوو. هێشتا له‌كۆمه‌ڵه‌دا سوننه‌تی حیزبی كۆمۆنیست وكۆمۆنیستی كرێكاریی مابوو. هێشتا بزووتنه‌وه‌ی كوردستان، ئاڵای كوردستان وحیزبێكی كوردستانی بۆ به‌شێك له‌رابه‌رییه‌كه‌ی موشكڵ بوو. ئه‌مه له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی دیكه ئاڵوگوڕه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ورووخانی رژێمی سه‌ددام وئه‌گه‌ری هێرش بۆسه‌ر ئێران، به‌شێك له‌ده‌فته‌ری سیاسیی كۆمه‌ڵه‌و به‌تایبه‌ت سكرتێره‌كه‌ی كه‌وته سه‌ر بارودۆخێكی دیكه. ویستی حیزبی ئێمه بكات به‌كۆمپانیایه‌كی شه‌خسی بۆ مه‌به‌سته‌كانی خۆی. دیپلۆماسی ودارایی زۆر به‌توندی به‌ده‌ست خۆیه‌وه ده‌گرت وله‌هه‌مانكاتدا له‌باری سیاسییه‌وه هیچ پرنسیپێكی نه‌مابوو. ئێمه پڕۆژه‌ی چاكسازییمان هه‌بوو. له‌سێ ساڵ پێش جودابوونه‌وه له‌زۆرێك له‌كۆبوونه‌وه‌كان پێویستی ریفۆرم وگۆڕانكاریمان باس ده‌كرد. به‌ڵام ئه‌و لایه‌نه به‌تایبه‌ت سكرتێری ئه‌وكات كه‌تووشی گه‌نده‌ڵی وخه‌ونی سه‌رۆك كۆماری ده‌بینی وهیوا به‌سوپای بێگانه تا كوردستانی بۆ رزگار بكات. حیزبی پێشڕه‌و وچه‌پ وكادرو فداكاریی وسه‌داقه‌ت هه‌موو بوو به‌وه‌ی كێ وچۆن خزمه‌ت به‌خۆی وته‌نانه‌ت بنه‌ماڵه‌كه‌ی ده‌كا تا به‌ده‌سه‌ڵات بگات. به‌هه‌موو ئه‌مانه‌وه ئێمه خوازیاری جودایی نه‌بووین. ئێمه هه‌موو پێشنیاره‌كانی لایه‌نی سێیه‌م بۆ قسه‌و باس له‌نێوانماندا هاتبوو كه‌كۆمه‌ڵه توشی لێكترازان نه‌بێ په‌سندكردو قه‌بووڵكرد. به‌رپرساێتی ئه‌م لێكترازانه به‌ته‌واویی له‌سه‌رشانی ئه‌وانه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی هێزه چه‌په‌كان بتوانن یه‌كبگرنه‌وه، به‌بڕوای من هێزی چه‌پ له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستان پێویستی به‌پێداچوونێكی ره‌خنه‌گرانه‌ی شه‌فاف هه‌یه. پێویستی به‌پلاتفۆرمێكی سیاسیی روون هه‌یه. من پێموایه داهاتووی ره‌وتی كۆمه‌ڵه له‌كوردستان به‌رادده‌یه‌كی زۆر به‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه تا چ رادده‌یه‌ك بتوانێ ببێته هه‌وێنی چه‌پ له‌كوردستان. ئێستا زۆر زیاتر له‌ساڵی 1979 كه‌كۆمه‌ڵه به‌خێرایی گه‌شه‌ی كرد، كۆمه‌ڵگای كوردستان پێویستی به‌هێزێكی چه‌پ وسۆسیالیستی هه‌یه.
ره‌زا كه‌عبی*ساڵی 1959 له‌سه‌قز له‌دایكبووه. هونه‌ره جوانه‌كانی (دانش سرای هنر) له‌سنه ته‌واوكردووه.
ساڵی 1975 به‌شداری كۆڕ‌و كۆمه‌ڵه چه‌په‌كان بووه. ساڵی 1979 چۆته ریزی كۆمه‌ڵه‌وه.
* 1980-1985 به‌رپرسی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه بووه له‌سه‌قزو موكریان وورمێ وبۆكان وسه‌رده‌شت.
*هاوینی1991چووه بۆ فه‌رانسه‌و پاشان له‌كۆتایی ئه‌و ساڵ گه‌راوه‌ته‌وه كوردستان.
*له‌كۆنفرانسی"ساغكردنه‌وه‌ی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران" به‌ئه‌ندامی كۆمیته ناوه‌ندیی ئه‌و حیزبه هه‌ڵبژێردرا.
*ساڵی 1995 له‌كۆنگره‌ی هه‌شتی كۆمه‌ڵه‌دا بوو¬ به‌ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه.
*به‌سه‌رهه‌ڵدانی ناكوكی له‌كۆمه‌ڵه و پێكهێنانی باڵی ریفۆرم، جێگای دیاری هه‌بوو ویه‌كێك بووه له‌رابه‌رانی باڵی ریفۆرمی كۆمه‌ڵه. له‌كۆنگره‌ی ریفۆرم له‌هاوینی رابردوو بووه به‌ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسیی وجێگری سكرتێری كۆمه‌ڵه.